فۆتۆی مایرهۆڵد كاته‌ك له‌لایه‌ن پۆلیسی سۆڤێته‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت، Meyerhold's mugshot, taken at the time of his arrest by Soviet police

چێخەف و ٣٣ جار بوورانەوەکەی مایرهۆڵد


Loading

هەر لەسەرەتاوە بە چ شێوەیەک دەتوانین، ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە شانۆنامە ڤۆدڤێل١ و یه‌کپه‌رده‌ییه‌کانی چێخەف هه‌نگاوێکن به‌ره‌و درامایاکی نوێ؟ ئەم دەقانە لە سەرەتادا زۆر بە ئاسانی، وەک نمایشێکی سەرکەوتووی (شانۆی گاڵتەئامێز) ناوزەد دەکران، کە بە خێرایی جێگه‌یه‌کیان بۆ خۆیان لەسەر شانۆ پیشەیی و ئەماتۆرەکانیشدا کردەوە و تا ئاستێکیش دارایی و پارەیەکی باشیان بۆ چێخەف دابین کردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم دەقە یەکپەردەییانەی چێخەف دوو پەیامیان هەبووە؛ بە لاسایی کردنەوەیەکی مەسخەرەئامێز و هەروەها ئاماژە بە تەنز و گاڵتەجاڕییە گەورەکان کراوە، وەک دەستنیشانکردنی بوارێک و دوورکەوتنەوەیەک لە داب و نەریتە کۆنەکانی شانۆ. چێخەف فۆرمەکەی دژی مەبەستەکەی خۆی بەکاردەهێنا. ئەو ژانرێکی لە نوسیندا بەکار دەهێنا، کە لە کۆتایدا کردارەکان بە تەواوی و بە ویستی خۆی دەبنە دیکۆر و شتگەلێکی ڕازاندنەوە، بەمە دەیتوانی خۆی لە بنەما داب و نەریتییە باوەکان، وەک ناوەڕۆک و کارەکتەر ڕزگار بکات و توخمە ناڕاستەوخۆ و نێگەتیڤە دراماتۆرگییەکانی خۆی گەشە پێبدات.

شانۆنامە یەک پەردەییەکانی چێخەف سەرنجی بینەران لە هێڵی ناوەڕۆکەوە دەگوێزێتەوە- ئه‌وه‌ ته‌نیا شانۆنامەی “ورچه‌”ە‌، که‌ ساتە چاوەڕوانەکراوەکان لەخۆ دەگرێت- تا دەگاتە دووباره‌کردنه‌وه‌ تەواو کۆمیدییەکان. بەپێی لێکۆڵینەوە کلاسیکییەکەی بێرگسۆنی فەیلەسوف، سەبارەت بە پێکەنین، دووبارەبوونەوەیەکی میکانیکی مەرجی کۆمیدیایە. جەستەی مرۆڤ، ئاماژه‌ جه‌سته‌ییه‌کانی مرۆڤ یان زمان، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی- میکانیکی دووبارە ده‌بنه‌وه‌، ئامێرئاسا یان لە ماریۆنێت چوو – پێکەنین دروست دەکات، بەمەیش توانای چوونە ناو ڕۆڵەکانمان نامێنێت. کەسێک لەسەر شەقامێک سەرسم لێ بدات و بکەوێت هیچ کۆمیدیایەکی تیا نییە، بەڵام چەندان جار سەرسم لێ بدات و بکەوێت و بکەوێتەوە، ئەوە ئێمەیش دەکەوینە پێکەنین و خودی ڕەوشەکە دەبێتە جێگای پێکەنین. فیگورێکی کۆمیدی وەک دۆنکیخۆته‌ لەنێو ئۆتۆماتیزمی خۆیدا بەندبووە یان وەک بێرگسۆن دەڵێت “بیربڵاوی”: بەبێ ئاگا لەخۆنەبوون ئەو شتە دووبارە دەکاتەوە (کە لە ڕابردودا یان لە ڕەوشێکی خۆ خەڵەتاندن و به‌ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتندا، لە بری ئەوەی خۆی لە واقیع و ئەو ساتەوەختەدا بگونجێنێت).

 

به‌شێکی زۆر لە کارەکتەرەکانی چێخەف هەڵگری لەم جۆرە کۆمیدیایەن، کە بێرگسۆن باسیان دەکات، بەڵام لە شانۆنامە یەکپەردەییەکانیدا زیاتر لە جەستە ئۆتۆماتیزمییەکاندا چەقیان بەستووە، نەک لە دیدە دروستکراوە دۆنکیخۆتییەکەدا. بەمەیش لە داب و نەریتێکی بەدەر لە ڕیالیزمەوە نزیک دەبنەوە، بۆ نمونە فۆرمە گاڵتەئامێزەکانی چاخەکانی ناوەڕاست و شانۆی بووکەڵە، هەروەها لە درامای ئەبسورد و بە تایبەتیش لە گرۆتیسکە دژە پاڵەوانەکانەوە، کە لای بێکێت بە ئاشکرا دەردەکەوێت، نزیکمان دەخاتەوە.

زۆرجار، لە دەقە گەورەکانیشیدا، کارەکتەرە کۆمیدییە لاوەکییەکان، هەمان نیشانەیان پێوە دیارە و لە ڕووی فیزیکییەوە که‌مئه‌ندامن. بەردەستە کەڕەکەی سێ خوشک (فێڕاپۆنت)، یان (یچیخۆدەف) چارەڕەشەکەی باخی گێلاس، چارەڕەشەکانی دەقە یەکپەردەییەکانمان دەهێنێتەوە یاد، بەڵام- وەک گوزارشتێک، کارەکتەرە سەرەکییەکان- دووپاتی هێستریایەکی کۆمیدی بوون.

 

ڕەوش و مامەڵە و هەل و مەرجی جەستە لای چێخەف دەبێتە جێگای سەرنجی (ڤیسیڤۆڵد مایرهۆڵد)  گەورە ریژیسۆری مۆدێرنی ڕووسیا، ئەو دژە گەورەیەی ڕووبەڕووی ڕیالیزمی سایکۆلۆژی ستانیسلاڤسکی بووەوە. ئەم ریژیسۆرە، ئەو چڕی و دابەستنە توندەی لەنێوان وشە و کردار، ڕۆح و جەستە، هۆش و فیسیۆلۆگی و شیکارییه‌ کۆمیدییەکەی چێخەفدا هەبوون، سەرنجی ڕاکێشاوە.

 

ڤێسڤۆلۆد مایرهۆلد؛1874 – 1940

مایرهۆڵد لە ساڵی ١٨٩٨ دا ڕۆڵی (کستەنتین)  لە نمایشی (نەوڕەس)ی شانۆی هونەری مۆسکۆ دەبینێت، هەروەها لە ساڵی ١٩٠١ لە نمایشی (سێ خوشک)دا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. مایرهۆڵد لەم ماڵە باوکەی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە و واز لە شانۆی هونەری مۆسکۆ دەهێنێت، گەشە بە دیدێکی مۆدێرنی ڕادیکاڵتری هونەری ڕیژی دەدات. دواتر مایرهۆڵد، هەرگیز وەک ڕیژیسۆرێکی پێگەیشتوو کاری لە دەقەکانی چێخەف-دا نەکردوە، ئەمەیش پەرچەکردار و پرۆتێستێک بووە دژ بەو مۆنۆپۆلەی شانۆی هونەری مۆسکۆ، سەبارەت بە چۆنییەتی نمایشکردن و خوێندنەوەی دەقەکانی چێخەف، هەیان بووە. مایرهۆڵد لە ساڵی ١٩٣٥ – بە یادی ٧٥ ساڵەی نوسەرەوە – لەم بڕیارەی خۆی لادەدات و نمایشی ٣٣ جار هێستریای لە هۆشخۆچوون/بوورانەوە، کە لە دەقە یەکپەردەییە کورتەکانی؛ ساڵئاهەنگ، ورچ، خوازبێنی-ەوە ئامادەیکردبوو، پێشکەشدەکات.

مایرهۆڵد لە ڕاڤەکردنی ئەم دەقە ڤۆدڤێلە کورتە یەک پەردەییانەدا، دیقەتی خستۆتە سەر ئەو بابەت و چەمکە کۆمیدییە میللیی و داب و نەریتانەی، کە هەر لە (کۆمیدیای دیلارتییەوە )مامەڵەی لەگەڵ کراوە – هۆشیاری لە بەرامبەر هێزە بنچینەییەکانی جەستەدا کورتی هێناوە. مایرهۆڵد ئەوەمان بیر دەخاتەوە، کە چێخەف پزیشک بووە و نەخۆشییە بڵاوەکانی ئەو دەمە، جێگای سەرنجی ئەو بوون، بۆ نمونە جۆرەکانی هێستریا، ئەمەش لە بوورانەوە و لە هۆشچوونی زۆر و بەردەوامەکانی کارەکتەرەکاندا دەردەکەوێت (مایرهۆڵد هەژماری ٣٣ جار هیستریای بوورانەوەی کارەکتەرەکانی لەو سێ دەقە کورتانەدا کردووە).

(لێرەدا لە ڤۆدڤێلەکاندا* هێستریا باڵدەکێشێت، مەسەلە تەنها شاڵاوی هێستریای ژنانە نییە، بەڵکو “سمیرنۆڤ”یش، بۆئەوەی بەو ژنە بگات و وای پێشان بدات، کە تەندروستی باش نییە، تووشی هێستریا دەبێت. لۆمۆڤ شەڕ دەکات و گێچەڵ دەنێتەوە – ئەمە بۆ ئه‌کته‌ر له‌ کاری شانۆییدا، هێستریایه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه‌، بۆیه‌، لۆمۆڤ،  وەک هەموو ئەکتەرێک پێویستە ژێستی خۆی ڕابگرێت: ئەوە شتێکی خۆش و ئاسووده‌به‌خشتره‌، کە لە سەر باسکێکی گۆشتن و نەرم و شل ڕاکشێیت، لە بری ئەوەی بە دانیشتنەوە ڕووەو دیوارەکە گیر بووبیت. ئەم جۆرە لە هۆشخۆچوونانە دەبێتە جێگەی سەرنجی بینەرانیش. لە زۆر ڕووەوە هێستریا بەشێکە لە ئیرۆتیک. ئەمەش دەبێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، لەبەر ئەوەی بینەران حەزی پێ دەکەن!)

نیشانەکانی هێستریا لە ڕوودانی لەپری بوورانەوە، گریان، پێکەنین و ڕەگگیران، لە کۆتایی ساڵانی ١٨٠٠ دەکان تەنها، وەک گەشەی زانستەکانی پزیشکی باسی لێوە نەدەکرا، بەڵکو بووە باسێک بۆ تێکه‌ڵکردنی میتۆلۆژیا له‌گه‌ڵ ئەدەب، هەروەها بۆ میدیای تەنزئامێز و گاڵتە و گەپیش. ئەو جۆرە ماشێنئاسا و بووکەڵەییەی لە ڕەفتاری کەسایەتییە هێسترییەکاندا هەبوون، سنووری نێوان مرۆڤ و ماشینی سڕییەوە. لە ڕۆمانە ترسناک و ستایلی میلۆدراماکاندا، بە شێوەیەکی دڵەڕاوکێ و ترسناک بەرجەستە بووبوون، بەڵام لە کۆمیدیادا، بەپێی پرنسیپەکانی بە ئۆتۆماتیک کردنەوە، پێکەنینی دروستدەکرد. بە شێکی زۆری کۆمیدیا دوودڵییەکەی چاپلن، بە تایبەتی لە فیلمە بەراییەکانیدا، لەسەر بەکارهێنانی جۆرەکانی هێستریا و نیشانەکانی ڕۆنراوە، ئەمەش بە ئاوێته‌بوونێکی زێدە ناسک و تەژی لە هەست و سۆز. لای چێخەف، ئافرەت هەڵگری نیشانەکانی هێستریایە و ئەمەیش شتێکی دیار و ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کە بەهەمان شێوە، لای پیاویش دیار و ئاساییە، ئەمەیش هەمیشە لە کۆنتێکستی ڕەوشە کۆمیدییەکاندان بەرجەستە بوون. کاره‌کته‌رێکی وەک (سمیرنۆڤ) لە شانۆنامەی (ورچ) و لۆمۆڤ-ی خوازبێنیکار و ناتالیا لە (خوازبێنی) و (چیرین و خاتوو مارتیوتێنکانیا) لە (ساڵئاهەنگ) دا، کارەکتەری “هێستریا و کۆمیدین”.

مایرهۆڵد، جیاواز لە هەمووان، ڕیژیسۆرێک بووە، کە بە شێوەیەکی فیزیکی کاریکردووە. ئەو لە ساڵەکانی ١٩٢٠ دا سیستێمێکی تایبەت بەخۆی، بۆ پێگەیانی ئەکتەر گەشە پێدا، کە بە (بیۆ-میکانیک ) ناوزەردی کرد. ئەم سیستێمە لەسەر بنەماکانی ئەکرۆپاتیکی لێبوک، ڕیتمئامێز و توانای کاردانەوەیەکی ئێجگار خێرا، ڕۆنا. ئەو وەک ریژیسۆر پارسەنگی نێوان گرۆتیسک، پەشێوی و دڵەڕاوکێ و پێکەنینێکی گەورە، سەرنجی ڕادەکێشا. نەمایشی ٣٣ جار نۆبەی هێستریا بە تەواوی جیاواز بوو لە پرۆسە سایکۆلۆژیەکانەوە، هاوکات ووردەکاری ڕیالیزم و ئەو فۆرمە هونەرییەی شانۆی هونەری مۆسکۆ کاری پێدەکرد، لەبری ئەوە، دووپاتی چەمکە توندوتیژەکەی لە کۆمیدیای چێخەف-دا کردۆتەوە. مایرهۆڵد لە ٣٣ جار بوورانەوەدا، دووپاتی توندوتیژی ئۆتۆماتیزمی کۆمیدی دەکاتەوە؛ گرژییەکان بە مۆسیقا بەرز دەبنەوە، هەروەها بەکارهێنانی کەلوپەلێکی زۆری شانۆیی. گەمەی نمایشەکە باری سەرنجی بینەران بۆ ململانێ گرۆتیسکەی نێوان؛ وشە و کردار، ڕۆح و جەستە، هۆش و فیسیۆلۆگی ڕاکێشاوە: کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی بێدەسەڵات لە خۆڕاتەکاندندا بوون، بەندی ئازارەکانی جەستە دەبوون- سەکتەی دڵ، ئیفلیجی، بوورانەوە.

ڕەخنەگرە سۆڤێتییە هاوچەرخەکان لەوە نەگەیشتن، یان نەیان دەویست تێبگەن، کە مایرهۆڵد مەبەستی لە یارییە ئاگرینەکانی، کە لە فێڵی برووسکەئاسای نواندن و ئەکرۆباتی لە هۆشخۆچوون بوون، چییە. هەروەها بینەرانیش بە جیاوازی نێوان فیگورەکانی چێخەف، کە لە کاردانەوە هێستریاکاندا بەرجەستە دەبوون و کۆنترۆلی تەواوی ئەکتەرەکان بەسەر جەستە و دەنگی خۆیاندا، پێنەدەکەنین. بە پێی بۆچوونی ڕەخنەگر (ڤادیم گەیڤێسکی) کە لە ساڵی ١٩٣٠دا نمایشەکانی سەردەمی چێخەف-ی بەسەر کردۆتەوە، سەبارەت بەم کارەی مایرهۆڵد گوتویەتی میتافۆرێکی لە پشتەوە بووە، لە پشت یان بە تەنیشت دەقەکەوە: ئەو لەگەڵ کۆمەڵگەیەکدا قسەی دەکرد، کە پێشوەخت هەستیان بەو تیرۆرە دەکرد، کە بە ڕێگاوەیە (وڵاتێک لە ڕەوشی بوورانەوەدا، وڵاتێک بووراوەتەوە یان ئەوەتا خەو دەبینێت، کە بە شازادەی چیرۆکەکان بەخەبەر نایەتەوە، بەڵکو تەنها بەو ئەکتەرە ئەکرۆپاتە زۆر باش ڕاهێنراوەنە نەبێت). لەم گۆشەنیگایەوە، ٣٣ جار بوورانەوە، شاکارە گەورەکەی مایرهۆڵدمان دەهێنێتەوە یاد، (پشکنەر)ی گۆگۆل، کە لە ساڵی ١٩٢٦ دا نمایشی کردبوو.

 

فۆتۆی مایرهۆڵد كاته‌ك له‌لایه‌ن پۆلیسی سۆڤێته‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت، له‌پانزه‌ی جولای هه‌مان ساڵدا ژنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند نه‌ناسراوێكه‌وه‌ به‌چه‌قۆ ده‌كوژرێت
Meyerhold’s mugshot, taken at the time of his arrest by Soviet police

ئەوەی جێگای تێڕامانە، ڕیژیسۆرە گەورە مۆدێرنەکەی تریش (ێڤگێنی ڤاختانکۆڤ) کە لە شانۆکەی ستانیسلاڤسکی-یەوە دەستپێدەکات، هیچ یەکێک لە دەقە گەورەکانی چێخەف ناخاتە سەر شانۆ. ڤاختانکۆڤ وەک مایرهۆڵد زمانحاڵی تەکنیکی دەرەکی ئەکتەر نابێت، بەڵکو زیاتر لە میتودە سایکۆلۆژییەکەی ستانیسلاڤسکی-یەوە کاریدەکرد. بەڵام ڤاختانکۆڤ زیاتر لە مامۆستاکەی میتودەکەی بەکاردەهێنا، لە مەسەلەکانی نەستدا و تواناکانی نەستدا بۆ بەدەستهێنانی پەرچەکرداری نەستی بینەراندا قووڵ بووەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، توانی لە جێگای خۆیەوە، لە تەکنیکە گەمە ئامێزەکەی (کۆمیدیای دیلارتی) و گرۆتیسکی فیلمە بێدەنگەکان، کە لەوەوبەر مایرهۆڵد گەشەی پێدابوو، نزیک بێتەوە. “بینەران” ڤاختانکۆڤ دەیگوت، کە دواتر برێشت دووبارەی دەکردەوە، “نابێت هەرگیز تەنها بۆ چاوتروکانێکیش، ئەوەیان لە بیر بچێتەوە، کە ئەوان لە شانۆ دانیشتون”.

 

بەڵام ڤاختانکۆڤ ساڵی ١٩٢٠ لە مۆسکۆ، لەگەڵ ئەکتەرە گەنجەکانی کار لەسەر (هاوسەرگیری) دەقە یەک پەردەییە ڤۆدڤێلەکەی چێخەف دەکات، کە لە (٣٣ جار بوورانەوەکەی مایرهۆڵد) زیاتر گرۆتیسک بووە. ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆرژوا بچووکەکانی چێخەف، وەک بووکەڵە، بە هاوشانی مۆسیقای ئۆرکێسترایەکی تووڕە و شێلگیرانە جوڵاونەتەوە. نمایشەکە بە پێشەکییەک دەستی پێکردووە، کە ڤاختانکۆڤ بۆ دەقەکەی داناوە، لەوێدا سەمایەکی شەیداییانەی کەدریلی٢، کە پیانۆژەنێکی تەواو ماندووی ڕێستۆرانەکان پیانۆی بۆ دەژەنێت و لە کۆتایدا سەری دەکێشێت بە پیانۆکەدا و دەستدەکات بە گریان. سەمازانەکان، هەروەک بووکەڵە ڕەق دەبن. کە ئاوازە ناشازەکەی پیانۆژەنەکە بێدەنگ دەبێت، مۆسیقای سەمایەکی ڤالس، زۆر بە خاوی لێ دەدرێت، کە ڕیتمێکی گرینگ بە خودی دیالۆگەکە دەبەخشێت. هەر لە سەرەتاوە، وەک (لەوڕێنس سێنەلیک) کە پسپۆرێکی ئەمەریکییە لە بواری چێخەف لەسەر شانۆ، دەڵێت؛ بێگومان ئەمە ڕیالیزمی ژیانی ڕۆژانە نەبووە، بەڵکو ڕاستی و واقیع دەگۆڕێت بۆ بەندیخانەیەکی سەرسوڕهێنەر.

 

نمایشەکە، وەک ستایلێکی کاری ڤاختانکۆڤ هەموو شتێک هەر بە شێوازێکی گرۆتیسکئاسا نەبووە. کە کاپتنی دەریاوانە خانەنشینکراوەکە، وەک میوانێکی فەخری ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە دەردەکەوێت، “ژەنەراڵەکە”، هەست بەو سوکایەتی پێکردنە دەکات، کە ئەوان بەویان کردووە. به‌ سووربوونه‌وه‌، داوا لە بینەران دەکات هاوهەستی خۆیانی پیشان بدەن، و دوای پشوویەکی درێژ و بە ئازار بەرەو دەرگاکە دەڕوات. دوای پشوویەکی تری درێژتر، سەرلەنۆی مۆسیقاکە دەژەنرێتەوە، سەرەتا ڤاڵسێکی هێواش، دوای ئەوە هەمان سەمای کەدریلی، وەک ئەوەی پێشەکییەکە – بەڵام ئەمجارەیان بە ڕیتمێکی غەمگین و بە ئازار. ڤاختانکۆڤ ده‌یویست سەرەتا بینەران پێبکەنن، بەڵام دواتر ئەو پێکەنینە، بە هۆی جۆرە هەستێکی هاودەردیی تێکەڵاو بە ترس بکرێت.

ته‌واو

 

 

په‌رواێز

١ . ڤۆدڤێل، بریتییە لە شانۆنامەیەکی کورتی یەک پەردەیی کۆمیدی و وشەکە لە بنەڕەتدا، لە فەرەنسییەوە هاتووە

٢ . کەدریلی، جۆرە سەمایەکە، لە ساڵەکانی ١٦٠٠ەکاندا لە فەرەنسا دەرکەوتوە، ئەم سەمایە بە شێوەی دوو دوو، (دوو کەسی) دەکرێت.

تێبینی:

ئەم گوتارە، لە نووسینی ڕووسی زان و شارەزا لە ئەدەب و شانۆی چێخەف (لاش کلێنباری)یە، کە دوو جار و لە دوو کتێبدا بڵاوی کردۆتەوە: یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ و لە ساڵی ٢٠١٠یشدا، لە کتێبەکەیدا لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی چێخەف، گەراوەتەوە سەری و هەندێک قووڵتر بۆتەوە و زیاتریش پەلی هاویشتوە. من لە هەردوو کتێبەکەوە ئەم گوتارەم وەرگێڕاوە و چەند توانیبێتم هەردووکیانم تێکەڵاو کردوە. لە خوارەوە، هەردوو سەرچاوەکەم داناوە.

ئەم گوتارەم لەم دوو سەرچاوەیەوە وەرگێراوە:

 

1- Översättaren som skådespelare, Lars Kleberg, Dialoger, 2001

2- Tjechov och friheten. En litterär biografi, av Lars Kleberg, Natur & Kultur, 2010