مۆنالیزا كاریكاتور ١

لادیواره‌كه‌ی لەیلالیزا


Loading

جێگیر به‌ختیار
جێگیر به‌ختیار

چەند سەیری لادیوارەکە دەکات، پێی بێزار دەبێت، چونكه‌ تەنیا ئەو لادیوارەی بەرامبەری بە سپییەتی ماوەتەوە، لادیوارێکی دوو مەتر درێژی و سێ  مەتر بەرز.  حەزدەکات وێنەیەکی لەسەر بکێشێت، وێنەی پۆرتریەتی کەسایەتیەک بێت. ھەر چەندە حەز دەکا وێنەیەکی تر بەم بۆیە ڕەشە بکێشێ، بەس زۆر دڕدۆنگە و دەترسێ ھەر کە دەستی پێکرد دیسان لێی بشێوێنن، وەکوو وێنەکەی لەیلالیزا…به‌ڵێ، لەیلالیزا!  ئەم ناوەتان له‌لا سەیر نەبێت، چونكه‌  ئەمە وێنەی شۆرشگێرێکی کوردە کە کە (لویناردۆ داڤێنشی) وێنەکەی کێشاوە و ئەویش دووبارە لەو ڕۆژانە پێشوو لەسەر لادیوارێکی سپی وێنەکەی کێشایەوە…

 سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر کە ھاتە سەر کار، حەزیکرد وێنەی پۆرترەیتی ئافرەتێکیش لە پاڵ وێنەی پۆرترەیتی ئەم چەند پیاوانه‌ش نیگاركێش بكرێن کە خۆشیدەوێن ونیگاركێشی كردوون.  هه‌ر بۆیه‌ پێشتر لە گۆگڵه دەستی بەگەڕان کرد و دوو وێنەی دابەزاندە ناو مۆبایلەکەی. وێنەیەکی مۆنالیزا و وێنەیەکی لەیلا قاسم. سه‌ره‌تا دوودڵ بوو، وێنەی کامیان بکێشێت و  لەبەر خۆیه‌وه‌ گووتی؛ “مۆنالیزا دەکێشم. نا، نا، نایکێشم، باشه‌ دواتر یەکێک بپرسێت مۆنالیزا کێیە؟ ھەیھوو، ھەیھوو، جا وەرە لیناردۆ داڤێنشی پێ بناسێنە. خۆ نان و پیوازم لەگەڵی نەخواردووە! نا، لەیلا قاسم دەکێشم ھیچ نەبێت دەڵێم (لەیلای مام قاسم) کچە کوردە و  لە کۆڵی خۆمیان دەکەمەوە. کەس کاری بە کورد  نییە.

نەوەڵا، وا چاکە مۆنالیزا بکێشم خۆ ھیچ نەبێت ڕەنگی کوردان نادات و کەس گومانی ئەوەم لێناکا وێنەی خۆشەویستەکەمم کێشابێت، کەس پێم ناڵێت؛ ھا گەواد، ئەوە کەپڵتە؟!”

دەستی دایە بۆیە ڕەشەکە و دەستیکرد بەکێشانی كڵێشه‌یه‌كی خێرای وێنەکە، جارێک چاوی لەسەر وێنەکەی ناو مۆبایلەکەی بوو و جارێک چاوی لەسەر دیوارەکە بوو.  له‌و كاته‌دا ئۆتۆمبێلێک دووـ سێ ھۆڕنێ لێدا…

ـ بەڵێ، برا

ـ بەنزین ھەیە؟

ـ بەڵێ

ـ بە چەندە؟

ـ حەوت سەد و بیست و پێنج…

ـ جا بۆ وا گرانە؟

ـ بڵێم چی؟ کرێکارم…

ـ ھەرزانتر نابێت؟

ـ نا کاکە سیعرەکەی دیاریکراوە معامەلەی لەسەر ناکرێت، خۆ تەماتەت پێ نافرۆشم!

ـ تەماتەش گران بووە؟

ـ نازانم ئاگام لێی نییە …

ـ خوا ڕووی ئەم حکومەتە ڕەش بكات ، ھەمووشتێکیان گران کرد، نان نییە بیخۆین، ڕۆژ تا ئێوارە ڕاکە

ڕاکمانە و لە کۆتایی دەبێت پارەکە لە دەستی ئەوانی بکەینەوە…

مۆنالیزا كاریكاتور

ـ بۆ شیڕە شیڕم به‌سه‌ردا  دەکەی، خۆ حوکومەت باوکی من نییە؟ ھەر ئێوە دەنگتان پێیداوە…لەوە گەڕێ نەتگووت چەندی بەنزین تێکەم؟

ـ ئا، پێنج ھەزار، بەنزینم پێیە، بەس دەڵێم نەکا لێم ببڕێ،  ئەرێ ئەوە چیتدەکرد؟

ـ وێنەم دەکێشا…

ـ ئەو وێنانەش تۆ کێشاوتە؟

ـ بەڵێ..

ـ ھەموویان دەناسی؟

ـ ئم …

ـ ئەی بۆ وێنەیەکی فڵان سەرۆکت نەکێشاوە؟

ـ کاکە بەنزینەکەم تێکرد…

بەنزینەکەی بۆ تێکردوو چووەوە سەر وێنە کێشانەکەی، لە مۆبایلەکەی وێنەکەی لەیلا قاسمی دەھێنایە پێشەوە و وردە وردە دەیکێشا. کاتێک ھێندەی نەمابوو وێنەکەی تەواو بکات ، لێی ورد بووەوە، بینی ئەم وێنەی کە کێشاویەتی  بە لەیلا قاسم ناچێت، لەیلا قاسم دەموچاوی درێژە و ئەوەی ئەو کێشاویەتی گوپنە. وردە وردە لایەکانی باریک دەکردەوە و کەمێک دەستکاریکرد و لێی ورد بووەوە سەیریکرد، بە مینگە مینگ گووتی؛  ئۆی ئەوە من چیم کردووە؟

بیریکەوتەوە، کە سەرەتا نیازی وابوو وێنه‌ی (مۆنالیزا) بکێشێت و  دواتریش لەبیریچوو، کردی بە لەیلا قاسم. وێنەکەی ڕێک بووه‌ تێکەڵەیەک لەم دووانە، وێنەیەکی تێکەڵ لە مۆنالیزا و لەیلا قاسم بە ڕەنگی ڕەش لەسەر دیوارێکی سپی… دەستە و دامان بەدیاری نیگاره‌كه‌ی مایه‌وه‌  ھیچیتر نه‌یتوانی زیاتر ده‌ستكاری بكات، بەخۆی پێکەنی.

ئەمڕۆش حەزدەکات وێنەیەکی نوێ بکێشێت، ئەمجارە بەپێچەوانەوە وێنەکەی پێشووی، پێچەوانەی لەیلالیزا، مۆناقاسم دەکێشێت.

ئۆتۆمبێلێک ھۆڕن لێدەدات!

ـ کاکە ئەم ھەموو ھۆڕنەت لە چییە؟ یەک خولەک ئەوە ھاتم، خۆ بەنزین ڕاناكات…

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.