دەیڤد هیوم؛ کارە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە كولتور مهگهزین وهرگێڕانی فەلسەفی - فیكری 10/08/2022 11 min read5
ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم، یان خوێنەرە حیزبییە کارتۆنیەکان ئیسماعیل حهمهئهمین پرسی ئێستا! 26/03/2023 6 min read0
لە تەلارسازیی شارستانییانەوە بۆ “هەیكەلسازی”ی بێ كولتور ڕێبوار سیوەیلی فۆلیتۆن 17/01/2024 18 min read0
دیوانی `بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم` ی شاعیر `نەژاد عەزیز سورمێ` بڵاوبۆوە كولتور مهگهزین شیعر 02/12/2023 1 min read2
هارۆڵد پینتهر، شانۆیهكی سیاسی و گهمهی دهسهڵات لای هارۆڵد پینتهر دانا ڕهووف کتێب 13/09/2015 1 min read0
کورد و مەسەلەی فەلەستین، دوای پەنجاو چوار ساڵ لە گۆڤاری ڕزگاری كولتور مهگهزین پۆڵهتیک -كولتوری سیاسی 09/12/2023 5 min read0
ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم، یان خوێنەرە حیزبییە کارتۆنیەکان ئیسماعیل حهمهئهمین پرسی ئێستا! 26/03/2023 6 min read0
لە شکستەوە بۆ شانازییکردن بە شکست، لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بنەماکانی گوتاری کوردایەتی و عێڕاقچێتیی پێشڕەو موحەمەد پۆڵهتیک -كولتوری سیاسی 28/05/2022 31 min read28
کەرکوک لەنێوان بەهەرێمکردنو گەڕانەوە بۆ سەر هەرێم د. شێرکۆ کرمانج پرسی ئێستا! 15/06/2016 19 min read0
گەمەی هونەری و زمانی لە [ئەی یار]ی بەختیار عەلیدا وەک موعجیزە پێشەوا کاکەیی ڕۆژمێری ئەدەبی 15/04/2024 8 min read0
پێویستی شیعر و نرخزانی و ختووکەدانی چات جی پی تی پێشەوا کاکەیی ڕۆژمێری ئەدەبی 20/03/2024 9 min read0
`ژن، ژیان، ئازادی` بەرەنگاربوونەوەی باری باو ئازاد حاجی ئاقایی گوتاری فەلسەفی-فیکری 08/10/2022 15 min read6
فۆکۆ، مێینەیی و بەمۆدێرنکردنی دەسەڵاتی پاتریارکی كولتور مهگهزین سندوقی فەلسەفی 21/07/2022 45 min read23
نهزهند بهگیخانی: پیاوسالاری و هاوكێشەی دهسهڵات 1 كولتور مهگهزین گوتاری فیمینستی 21/11/2016 7 min read0
هیوا قادر من شارەکان بەجێدێڵم بەڵام ئەوان من بەجێناهێڵن، هیوا قادر باکانیان لە ناو مندا هەڵئەکەن … بۆنیان لە جلەکانم دێن … ڕووناکی گڵۆپەکانیان لەناو مندا ناکوژێنەوە، وێنەی شارەکان منیان کردووە بە ئەلبوومی خۆیان، شارەکان بوون بە پەیکەرە نەمرەکانی چوارڕیانی دڵی من و کۆترە سپییەکانی خەیاڵم هەمیشە بەسەریانەوە نیشتوونەتەوە. قاقای سۆزانییە غەمبارەکانم لەبیرە، حەزی قسەکردنی پیرێژنەکان لەگەڵ غەریبەیەکدا، نیگای سادەدڵی منداڵەکانی هیندستان، ماڵی لە کارتۆن دروستکراوی سواڵکەرەکان، زڕەی پێکدادانی پێکە شەرابەکان، مۆسیقای شاد … مۆسیقای غەمباری قەرەجێکی عاشق لەسەر شۆستەیەکی تەڕ، مێزەری سۆفییەکی لەناو دوکەڵی حەشیشدا نوقمبوو، تەیپی چاویلکەی شکاوی شاعیرێکی گەڕۆک، تاتووی سەر درزی سمتی کچێکی هەرزەکار. خوێنی خۆکوژێکی ژێر هێڵی شەمەندەفەرێک لە مانگی نۆڤەمبەردا لەتاو تەنهایی … هەموویانم لەبیرە. سێبەری ئاپارتمانە گەورەکان گەچی کەوتووی سەرسوچی کۆڵانە تەنگەکان، بەردی سواوی شۆستەکان بەپێ و پیڵاوی ڕێبواران، شووتی کەشتییە گەورەکانی ناو دەریا. پاسکیلسواری لەناو دارستاندا و پیاسەی ناو تەمی خەستی بەیانیان، ساتی پاس بەجێهێشتن و چاوەڕوانی لەژێر باراندا، من هەموو وێنەی شارەکانم لەبیرە، بەڵام ئەوان لەگەڵ بینینی کەسێکی تردا منیان لەبیر ئەچێتەوە. شارەکان یادەوەریان نییە … من یادەوەری شارەکانم. شارەکان داگیریان کردووم نەک من شارەکانم داگیرکردبێت. تەنهایم بیرە، قوڕگ پڕبوونی لەپڕم بیرە زەردەی چاوەڕوان نەکراو و نیگای چاوی پڕ خۆشەویستیم بیرە لۆچی توڕەبوونی ناوچەوان و دەستی لەرزۆک و لێوی ماچکراو و گەستووم بیرە. وێنەی خۆم لەناو چاوی ئەوانی تردا … وێنەی ئەوان لە ناو چاوی مندا… شان خشانی بەڕێکەوت لە گۆی مەمکی کچێک لەناو ئاپوورەیەکدا ئاوڕدانەوەی نەناسێک کەسێکی تری بیرهێناویتەوە کە دەمێکە مردووە، بانگکردنی منداڵێک کە وتوێتی بابە و ئاوڕت داوەتەوە و کەس لەوێ نەبووە، تێکەڵبوونی دوو عاشق لە ژێر دارێکدا، دواکەوتنی نیگات لەسەر ئەو پارچە کاغەزانەی جۆگەلەیەک لەگەڵ خۆی بردوونی، پیاسە بەسەر دەریای بەستوودا و سەیرکردنی مانگ لەناو ئاسمانێکی ساردا، وەستان بە سەعات لەبەردەم کلووپێکی شەوانەدا، ژماردنی ئەو فلتەری جگەرانەی سوراویان پێوە بەجێماوە، خواربوونەوەی عەمودی سەر جادەکان لەو دیو شوشەی هەڵمینی پاسێکەوە، گوێ هەڵخستن بۆ دەنگی باران لەناو شەمەندەفەرێکی شەودا، سەماکردن تا بەیانی لەناو کەشتییەکی سەرخۆشدا، وتنی نا بۆ سێکسکردن لەگەڵ ژنێکدا لەداخی مێردە خیانەتکارەکەی، گەڕان بەدوای جێپێی کچێکدا لەناو قوڕاویی بەردەم دەرگایەکی ژەنگکردودا کە پێیوتوویت خۆشم ناوێیت. جیڕەی کردنەوەی دەرگای ماڵە سارد و سڕەکان. ڕاکردن بەناو لمی کەنارێکدا کە شەپۆلەکانی توڕەبوونتیان غەرقکردووە لە خۆیاندا. بەرەبەیان گەڕانەوە لە مەیخانە بە سواری پاس و بە هەڵە چەند ویستگەیەک لەولای ماڵەوە دابەزین. بوون بە هاوڕێ لەگەڵ تاقە درەختی سەر گردێک و قسەکردن بۆ شارەمێروولەیەک بێ ئەوەی کەسیان گوێت لێ بگرن. سەیرکردنی پاکەتی جگەرە بەبەتاڵی لە نیوەشەودا، داگیرسانی مۆم لە کڵێسا و گریان بۆ خۆتێک کە دەمێکە مردووە و نەوتوانیوە بینێژیت، تۆمارکردنی دەنگی کچێکی چینی لەسەر ئامێری ئانسەر مەشینەکەت بوون بە ئایاکریشنا لەبەر خاتری ئەو، دڵخۆشبوونی مامۆستای زمان کاتێک پێیوتوویت تۆ لە منداڵ ئەچیت کە قسەئەکەیت، خۆشویستنی سێبەری درەختی شارەکان زیاتر لە خۆیان، ڕاتەکانی سنەوبەر دوای باران و بۆنکردنی، پێوەدانی مێشوولە و لەداخا جنێودان، دەهریبوون لە جانتاکانی سەفەر، خەوتنی چەند سەعاتی ترانزێتی شەوانە لە فڕۆکەخانەکان، هەموو ئەمانەم لە شارەکاندا بینیوە. دیمەنی شارەکان، وەک ڕێگا دوورەکان لە مندا درێژئەبنەوە، من درێژئەبمەوە بەناو خەیاڵی شارەکاندا، بەسواری مۆسیقاکان ئەگەڕێمەوە بۆ شارەکان، سەدان ڕەنگی کاڵبوەوە و تۆخبوەوەی زەردیی گەڵای پایزم بینیوە، بۆنی بنچکە گیام کردووە و بەغیلیم بە کەروێشک بردووە، باوەشم بە قەدی درەختا کردووە و سوێندم خواردووە، بەردی بریقەداری ژێر خوڕەی ئاوم ماچکردووە و خستوومەتەوە جێی خۆی، زەڕنەقوتەی مردووم لەژێر دارکاژدا هەڵگرتۆتەوە و بە ئومێدی زیندووبوونەوە خسوومەتەوە هێلانەکەی، ئومێدم هەمیشە وەک خاشخاش لە ترسی بێ ئومێدان لە خۆمدا چاندووە. هێندە ڕاستگۆبووم، بەخودام وتووە من بۆیە تۆ ئەکەم بە دۆستی خۆم چونکە ئەمرم ئەگەر نەمردمایە دۆستم ئەوەندە زۆر ئەبوو تۆم هەر لەبیر نەئەبوو. شارەکان بەو گەورەییەیانەوە هێندە بچکۆلەبوونەتەوە ئەڵێی تەڵی دانەگیرساوی ناو پەکەتە شقارتەکەی گرفانمن، بەڵام من ئەوەندە گەورەبووم شارەکان بەشم ناکەن، گەڕان بەشم ناکات، بینینی وێنەی نوێ ئەلبوومە پەنجا ساڵییەکەم پڕ ناکاتەوە. ژنە فاڵچییەکانی ناو کۆڵانە تەسکەکانی شارەکانم ناسیوە، ڕۆژمێری چینیم خوێندۆتەوە و بە پەندی ڕۆژانەیان هێندە پێکەنیووم، وام زانیوە فێری زمانەکەیان بووم. لەگەڵ سەمای سامبادا تامی ڕووتبوونەوەم چەشتووە، چەلۆم ژەندووە و تێر گریاوم. خواردنم لەگەڵ سەگەکاندا بەشکردووە، چەتری خۆمم داوە بەو ڕێبوارانەی کە زمانی منیان نەزانیوە، پارەی خواردنم پێ نەبووە و دانم بۆ کۆترەکان کڕیوە، دەستم ئەوەندە بەسەر بەچکە بەرازدا هێناوە لەبری هەموو موسوڵمانەکان داوای لێبووردنم لێ کردوون. ئاوی شارەکانم خواردۆتەوە، لەناو ئاوی شارەکاندا مەلەم کردووە، لەژێر باراناوی ئاسمانی شارەکاندا هێشتوومە خەیاڵ بۆ کوێی بوێت بمبات، گرفانەکانم پڕکردووە لە لمی سارا بۆ ئەوەی پیشانی پەرداخێک ئاوی بدەم، مۆسیقای شارەکان کوشتومیان و لە شارێکی تر زیندووبوومەتەوە، کە چاو ئەنووقێنم ڕوخسارەکانی ناو شارە جیاوازەکان وەک شەپۆل دام ئەپۆشن و ئەمکەن بە وردە ماسی ناو یادەوەریی، لە سەرقەبرانی ئاژەڵان، دڵی پیرەمێردێکم داوەتەوە بۆ مەرگی سەگەکەی، کە بەکوڵ بۆی گریاوە و پێیوتووە، بۆ بەتەنها بەجێتهێشتم. لەگەڵ منداڵێکدا چاڵم هەڵکەندووە بۆ شاردنەوەی بولبولێکی مردوو، جگەرەم بۆ ڕێبوارەکان داگیرساندووە و چرای چاویان ڕووناکیان کردوومەتەوە، هێلکەشەیتانۆکەکانم لەسەر ڕێگاکان لابردووە و پێمووتوون هێندە سەرکێش مەبن، لەگەڵ ئەلکهولستەکاندا پێکەکانم لە چاوی یارە غەدارەکانیان هەڵداوە، هەندێک جار دزیم لە خەیاڵی شاعیرەکان کردووە بۆ سەیرکردنی گوڵێک، تێر لەگەڵ ئەو دەستانەدا فرمێسکم سڕیوە کە بۆ دواهەمین جار بۆ یەکتریان هەڵبڕیوە، هەمیشە لە ناو هەموو شارەکاندا ڕقم لەتەنها شتێک بووە، لە ماڵئاوایی، ترسێک تۆقاندوومی، ترسی یەکتر نەبینینەوە … شارەکان گەورەتر ئەبن، شارەکان پڕئەبن لە مرۆڤەکان، پڕ ئەبن لە خەمەکانیان شارەکان، مرۆڤەکان و ئاپارتمانەکان و کۆڵانەکان بەجێیان دێڵن و مرۆڤ و ئاپارتمان و کۆڵانی نوێی تر دێنە جێیان. شارەکان یادەوەریان لە یادەوەریی ماسییە ئاڵتوونییەکان ئەچێت، زوو هەمووشتێک فەرامۆش ئەکەن و لە ناو حەوزی شینی زەویدا بەردەوام مەلە ئەکەن. بەفری هەموو شارەکان سپی بوون، بەڵام خودایان ڕەنگاوڕەنگ، ئاسمانی هەموو شارەکان شینن. مانگ بەسەر هەموو شارەکاندا ئەڕوات بەڵام مانگی هەندێک شار ئەوەندە نزیکە لە پەنجەرەوە دێتە ژوورەوە، هەشە ئەوەندە دوورە لەسەر ڕووی پەنجەرە ئەڵێی دوکەڵی شەمەندەفەرێکە خەریکە لە چاو ون ئەبێت. تینی خۆر لە هەموو شارێک بەقەدەر یەک گەرم نییە، بەڵام ئەوەی لە سنگی مرۆڤەکاندا هەمیشە گەرمە، دڵە. ئەوەی بێ جیاوازی لە عەشقا ئەشکێ هەر ئەوە، نەک لوت. نیگای سواڵکەرێک کە لە بەردەم ویستگەی شەمەندەفەرێکدا لە خۆت ئەچێت و تۆ لە دوای خۆت بێ خەیاڵ بەجێی دێڵیت، بەشێکی خۆتت تا ئەبەد لێ ون ئەبێت. کە پیرەمێردێک بەلاتا تێئەپەڕێت و بەتەقەی گۆچانەکەی پێت ئەڵێت، تۆش پیرئەبیت و تۆ گوێی لێ ناگریت، لەویادا شۆڕەبییەک لەبری تۆ کوڕئەبێتەوە. گوڵی هەموو شارەکان جوانن، جوانی لە هەموو شارەکاندا بەیەک زمان قسەئەکات، من شارەکانم لەخۆمدا هەڵگرتووە بەڵام ئەوان من لە خۆیاندا هەڵناگرن، من پێش شارەکان لەبیرئەچمەوە، شەڕ وائەکات شارەکان منیان بیرنەکەوێتەوە، بەڵام من لە ناوڕەزمی گۆرانییەکی کۆندا وەک قۆزاخەیەکی قەت نەتروکاو هەناسەی قوڕگەکان ئەملەرێننەوە … وەک کاڵبوونەوەی ڕەنگی سووراوی سەرلێوێک دوای ماچێکی عاشقانە، وەک فرمێسکێکی بەجێماوی سەر دەسڕی ناو جانتایەک.. ئەمێنمەوە.. شارەکان یادەوەریان لە یادەوەریی ماسییە ئاڵتوونییەکان ئەچێت، زوو هەمووشتێک فەرامۆش ئەکەن و لە ناو حەوزی شینی زەویدا بەردەوام مەلە ئەکەن. شارەکان … ئای شارەکان لە ئێوە … كولتور مهگهزین. ژماره ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئهم بابهته لهم ژمارهیهدا بڵاوبۆتهوه.