یادەوەرییەکانی گایشا 


Loading

ئەو فیلمەی زیاد لە چەند جارێک بینیومە و هەموو جارێک بۆ من شتێکی نوێی پێیە، لەلام زۆر پەسندە دەتوانم بڵێم فیلمی هەموو سەردەمەکانە. فیلمێک کە لات ڕوون نییە دیمەنەکانی بەرەو کوێت دەبەن؟ لە یادەورییەکانی گایشا دەچیتە نێو جیهانێک کە پڕە لە نهینی، فێڵ و پلان بۆ مانەوەی خۆت و لە ناوبردنی ئەویتر، هەروەها ئەو یادەوەری و نۆستالیژییانەی کە نمایش و گێڕانەوەکان دەیان کات بە یادەوەری. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەم فیلمە زۆر شتمان پێ دەڵێت سەبارەت بە کولتووری ژاپۆن. فیلمەکە لە ڕۆمانی ڕۆماننووس Arthur Golden وەرگیراوە بەناوی Memoirs of a Geisha)). ئارسەر نووسەرێکی ئەمریکییە، پسپۆڕی لە مێژووی هونەردا هەیە، هەروەها لە هونەری ژاپۆنیدا شارەزایە. دڵنیام هەستێکی ئەدەبی جوان لە ڕۆمانەکەدا هەیە، هەروەک چۆن پێم وایە ئەو فیلمە یەکێکە لەو فیلمانەی کە وەک ڕۆمانەکە جوان بەرجەستە کراوە، بە پێچەوانەی زۆرێک لەو فیلمانەی کە لە ڕۆمان وەرگیراون و بەم شێوەیە نین، واتا وەک ڕۆمانەکانیان جوان نین.  هەروەها لە لایەن دەرهێنەر Rob Marshall کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، نۆڤەمبەری ٢٠٠٥ بڵاوبۆتەوە.
فیلمی یادەوەرییەکانی گایشا بە دیمەنێکی ئازاراوی دەستپێ دەکات، دوو خوشک لە لایەن دایک و باوکە هەژارەکەیانەوە بە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ دەفرۆشرێن لە کیۆتۆ (Kyoto). خوشکە گەورەکە لە ڕووی جەستەییەوە تەواو ئامادەیە بۆ سێکسفرۆشتن، بۆیە ڕاستەوخۆ دەبردرێت بۆ سۆزانیخانە، لە کاتێکدا خوشکە بچوکە نۆ ساڵانەکە وەک خزمەتکار دەبرێت بۆ ماڵی گایشاکان و لەوێ ئیشی پێدەکرێت، بێ ئەوەی هیچ پاداشت و مانگانەیەکی هەبێت. تا ئەوکاتەی کە گەورە دەبێ بۆ ئەوەی بزانن لێهاتوو و گونجاوە بۆ بوون بە گایشا، ئەوجا پاداشت وەردەگرێت، چونکە گایشاکان بەرانبەر بەو خزمەتەی دەیکەن پاداشت وەردەگرن.
بوونی گایشا لە کولتووری ژاپۆنی زۆر باوبووە، تەنانەت ئێستاش گایشا بە شێوازی خۆی هەیە. لە کاتێکدا گایشا وەک هونەرمەند ناسێنراوە، چونکە ئەوان سۆزانی نین بەڵکو ئیشی سەرەکی گایشا ئەوەیە کە خزمەت یاخود میوانداری و هاودەمی پیاوەکان بکات، بەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بکات یاخود خواردن و خواردنەوەیان پێشکەش بکات، هەندێک جاریش سەما و میوزیک و گۆڕانی دەڵێن. هەر بۆیە لە کولتووری ژاپۆنیدا گایشاکان نایاسایی نەبوون. دەکرێ ئەوان وەک خزمەتکار یاخود هاودەمێک بۆ پیاوە باڵادەستەکان ببینرێ، کە وایان لێ بکات هەستێکی تایبەتیان هەبێت لە کۆبوونەوە و کات بەسەربردنەکانیاندا.
دوای فرۆشتنی Chiyo (کچە بچوکەکە) بە ماڵی گایشایەک، دوای گەورەبوونی لەلایەن گایشایەکی تری بە ئەزموونەوە دەکڕدرێت و پەروەردە دەکرێ تەنانەت ناوەکەشی دەگۆڕدرێ بۆ سایۆری. خانمەکە ناوی مامیایە، سایۆری پەروەردە دەکرێ و ڕاهێنانی پێدەکرێ، سکوڵی میوزیک و سەما و چۆنییەتی گفتوگۆی باڵا دەخوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا گایشا بە مانای هونەرمەند دێت؟ ”بەجەختی وشەی گایشا واتا هونەرمەند، بۆ ئەوەی ببی بە گایشا دەبێ وەک ئیشێکی هونەری جوڵاو بریارت بەسەردا بدرێ. ناتوانی بەخۆت بڵێی گایشای ڕاستەقینە، تاکو بە یەک نیگا پیاوێک لەنێو هەنگاوەکانیدا نەوەستێنی.” لێرەدا دەرک بەوە دەکرێ کە گایشا لەسەر ویست و حەزی پیاوانە پەروەردە و ڕاهێنانی پێدەکرێ. ئەوەی بەدیدەکرێ پیاوەکان ئەوان وەک بوکەڵەیەک بۆ کات بەسەربردن و چیژ وەرگرتنی خۆیان دەبینن، نەک وەک هونەرمەندێک. هەرچەندە هەمووان بە سەماکەی سایۆری سەرسامن، بەڵام لە ڕاستیدا سەرسامن بە جوانییەکەی نەک توانا جەستەیی و هونەرییەکەی. چونکە چاوەکانی سایۆری ڕەنگی دەریایان هەیە، بەڵام ئاگر لە دڵی هەر کەسێک بەردەدات کە دەیبینێ. ”گایشا ڕووخساری خۆی ڕەنگ دەکات بۆ ئەوەی ڕووخساری بشارێتەوە، چاوەکانی ئاوێکی مەنگ و قووڵن. بۆ گایشا نییە کە بیەوێت. بۆ گایشا نییە کە هەست بکا. ئەو هونەرمەندی جیهانێکی سەرئاوکەوتووە، کە سەما دەکات، گۆرانی دەڵیت، خۆشیت پێدەدات، هەرچییەک کە بتەوێ. ئەوەی دەمێنێتەوە سێبەر و نهێنییە.”
لە کولتووری ژاپۆنیدا، مرۆڤەکان دیسپلینکراون، سنوور و یاسای توند بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتارنواندنیان لەگەڵ یەکدی بۆ دانراوە، بەڵام گایشاکان دووجار دیسپلینکراون، هەم وەک تاکێکی ژاپۆنی و هەم وەک کچە گایشایەک کە دەبێ پابەند بێت بەو دەستوور، یاسا و ڕێسایانەی لەسەری ڕاهێنراوە، کە ئەو ڕێسایانەش لە خزمەت خواست و ویستەکانی پیاودان. واتا گایشاکان لە ئیرادە خراون وەک بووکەڵەیەکی سێکسی لەلایەن پیاوە سیاسی و دەوڵەمەندەکانەوە بۆ چێژ وەرگرتن و کات بەسەربردن بەکاردەهێنرێن، ئەوان بە ئۆبژێکت کراون هیچ ویست و ئازادییەکیان نییە. کەواتە گایشاکان بەحەز و ئیرادەی خۆیان نابنە گایشا، یاخود بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە، بەڵکو دەبن بە گایشا چونکە هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان نییە.
بەدرێژایی ئەم فیلمە هەوڵ و ڕووبەرووبوونەوەی ئەم کچە هەست پێدەکەی کە دەیەوێت خۆی قەدەری خۆی دیاری بکات و شەڕ بۆ مانەوە و بەردەوامبوون بکات، چونکە دەزانێ کە ئەو دەبێ لە شوێنێکی دیکە بێت، بەمەش تووشی نەهامەتی و کێشەی زۆر دەبێت.  کارەکتەری سەرەکیziyi)  (zhang کە ئەکتەرێکی چینییە، ڕۆڵێکی جوان بەرجەستە دەکات بەڕادەیەک هەست دەکەی ئەو بەڕاستی گایشایە نەک تەنیا ڕۆڵەکەی ببینێ.
سایۆری لە جیهانێکی پڕ خەون، تێکۆشان و کۆڵنەداندا دەژیت، ئەو دەیەوێت بە یادەوەرییەکانییەوە بمرێ نەك بە خەونەکانییەوە، بەو مانایەی هەوڵ دەدات بۆ بەدیهاتنی خەونەکانی. هەروەها ئەو جوانی خۆشدەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕوانگە و ڕوانین بەرانبەر بە گایشاکان دەگۆڕێ. چونکە خۆشویستنی جوانی چێژە، بەڵام خوڵقاندن و داهێنانی جوانی هونەرە. هەر بۆیە دەکرێ گایشاکان هونەرمەندبن، چونکە بە سەما و گۆڕانی جوانی دەخوڵقێنن. ئەمەش بەئارامییەکی قووڵ، هەروەها خۆتەرخانکردن بۆ ئەو کارەی کە بە ئەرکی خۆی دەزانێ. ئەم کچە دەکەوێتە خۆشەویستییەکی نهێنی و تاکلایەنانە لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسەکان (بەڕێوەبەر)، خۆشەویستییەک بە تین و هێزی منداڵانەوە. ئەو پیاوە کاتێ لەسەر پردەکە چیۆ دەبینێ، کچێکی بچوکەو دەگریا، هێمنی و بەخشندەیی ئەم پیاوە وا لە چیۆی بچوک دەکات کە ئاشقی ببێت و ئەم هەستە هەڵبگرێ تا گەورەبوونی. ئەو دەڵێ: ”نایبینی؟ هەر هەنگاوێک کە ناومە، لەوکاتەوەی ئەو منداڵە بووم لەسەر پردەکە، بۆ ئەوە بووە کە خۆم لە تۆ نزیک بکەمەوە.”
سایۆری بەرگری و هەوڵ بۆ ئەو خۆشەویستییەی دەدات کە بۆ بەڕێوەبەر هەیەتی. لێرەدا سەختە لە هەمان کاتدا دەستگرتن بە خۆشەویستییەکی نهێنی و کارەکەیدا، سایۆری هەمان شت دەکات، دواتر دەتوانێت بە لێهاتووی و سووڕبوون لەسەر ئەرکەکەی سەرکەوتوو بێت.
لەم فیلمەدا لێڕوانەر بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت، قۆناغی جەنگ و دوای جەنگ. هەموو شتێک دوای جەنگ دەگۆردرێ بەکاڵاکردن و بەئۆبژێکت کردنی ژن بەڕوونی دەبینرێ، سێکسفرۆشی زۆر زیاد دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئەوەی هەستی پێدەکرێ ئەوەیە، هەمیشە ئازایەتییەک بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان لە سایۆریدا هەیە. لەوەیە ئەو فیلمە لەسەر چۆنییەتی ژیانی ڕاستەقینەی گایشا نەبێت، بەقەد ئەوەی ویستوویەتی جوانی و هەستناسکی گایشا دەربخات، لە هەمان کاتدا دەڵێم ڕەنگە ئەرکی فیلمیش هەر ئەمە بێت کە جوانی لەنێو ئەرک و ڕۆژگارە سەختەکان، توێژە چەوساوە و بەکارهاتووەکان بدۆزێتەوە و لە کۆنتێکستێکی هونەریی جواندا نمایشی بکات.