چالاكی هه‌شتی مارسی ٢٠١٨ له‌سلێمانی - كولتور مه‌گه‌زین - پرۆژه‌ی كولتوری

چالاكی كولتور مه‌گه‌زین – Culture Project له‌سلێمانی


Loading

پڕۆژەی کولتور ڕۆژی هەینی ٩ی ئازاری ٢٠١٨ بەشداری کرد لە ئیڤێنتی ڕێکخراوەکان لە کارگەی جگەرەی سلێمانی. ئیڤێنتەکە لەلایەن ئێکس لاین (X-line)ەوە بۆ ناساندن، کار و پڕۆژەی ڕێکخراوەکان سازکرا بوو. پڕۆژەی کولتور – كه‌ڵچه‌ڕ پڕۆجێكت  Culture Project وەک ڕێکخراوێکی کولتوری ئامادەی ئەم ئیڤێنتە بوو.

خەندە حەمید ڕێکخەری پڕۆژەی کولتور لە کوردستان پڕۆژەی کولتوری بە ئامادەبووان ناساند و باسی لە کار و پڕۆژە و چالاکییەکان کرد. خەندە حەمید زیاتر تیشکی خستە سەر پڕۆژەی خود-نوسینەوەی ژنان و هەوڵەکانی پڕۆژەی کولتور بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری جێندەری لە کۆمەڵگەی کوردی. باسی لەوە کرد کە پڕۆژەی کولتور گرنگییەکی تایبەت بە جێندەر و فێمێنیزم دەدات، بۆیە جێندەر و فێمێنیزم دڵی پڕۆژەی کولتورە.

پاشان خەندە حەمید باسی لە دامەزراندنی کۆمەڵەی پڕۆژەی کولتور لە زانکۆی سلێمانی کرد، کە بە هاوکاری نەبەز سەمەد مامۆستا لە کۆلێژی هونەر و چەند فێرخوازێکی کۆلێژی هونەر ئەم کۆمەڵەیە دامەزراوە. کۆمەڵەکە ئیش لەسەر هونەر و جێندەر (فێمێنیزم) دەکات، دەیەوێت لە ڕێگەی هونەرەوە هەوڵی بەرزکردنەوەی هۆشیاری جێندەری بدات.

 

نەبەز سەمەد ئەندامی بۆردی ئیدیتۆریالی کولتور مەگەزین باسی لەوە کرد کە پڕۆژەی کولتور پێکهاتووە لە وێبسایتێکی ئینگلیزی و گۆڤاری کولتور-مەگەزین (ئۆنلاین و پرنت)، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت کولتوری کوردی بە دەرەوە بناسێنێت و کولتورەکانی دیکەش بە خوێنەری کورد بناسێنێت تاکو ئاڵوگۆڕی کولتوری دروست ببێت و کولتوری کوردی بەرەوە پێشەوە بچێت.

نەبەز سەمەد باسی لە گۆڤاری (کولتور مەگەزین) کرد کە گۆڤارێکی وەرزییە گرنگی بە هزر و فەلسەفە، جێندەر و فێمێنیزم، هونەر و ئەدەب دەدات، تاکو ئێستا دوو ژمارەی لێ چاپ کراوە و بڵاوبۆتەوە، لە ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ژمارە سێین بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوە.

لە ڕێگەی داتاشۆوە ماڵپەری پڕۆژەی کولتور بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی پیشاندرا و هەروەها لە چالاکییەکەدا ژمارە یەک و دووی گۆڤاری کولتور مەگەزین دابەشکرا.

 

كولتور مه‌گه‌زین – ژماره‌ یه‌ك ٢٠١٧