فردیكۆ گارسیا لۆركا شاعیری ئیسپانی له‌ June 1898 له دایكبووه‌ و له‌ ‌ دژی ڕژێمی فرانكۆ له‌ئیسپانیا له‌ڕیزی شۆڕشگێڕ و چه‌په‌كان بوو، له‌ ١٨ ی ئاوگوستی ١٩٣٦ ده‌ستگیركراو ڕه‌میكرا.

چەند شیعرێکی لۆرکا

Loading

شاعیری ئیسپانی فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا (١٨٩٨-١٩٣٦) بە یەکێک لە گەورەترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێ. ئەو خۆی کە لە غەرناتە لەدایک بووبوو، عاشقی شارەکەی و عاشقی ئازادی و شکۆی مرۆیی بوو و تا سەر ئێسقان ئینساندۆست بوو. یەکێک بوو لە شاعیرە چالاکەکانی نەوەی ٢٧. هەڵبەتە لۆرکا لەگەڵ ئەوەدا کە شاعیر بوو، شانۆنووسێکی مەزن و نیگارکێش و هەروەها پیانۆژەن و گیتارژەنێکی کارامەش بوو. لۆرکا لە ساڵی ١٩١٦ ەوە دەستی بە نووسینی شیعر کرد و تا ئەو شەوەی لە شەڕی ناوخۆدا و لەسەر دەستی فاشیستە فرانکۆییەکان کوژرا، هەر شیعری چڕی و لەو تەمەنە کورتەیدا خاوەنی چەندان دیوانە شیعرە. ئەوە بوو لە مانگی ئۆگەستی ١٩٣٦ دا کە لە مەدریدەوە گەڕایەوە بۆ غەرناتە، کودەتاچییەکانی سەر بە جەنەراڵ فرانکۆ چوون و لە ماڵی هاوڕێیەکیدا کە شاعیر لویس ڕۆزالیس بوو دەسگیریان کرد و پاشان بە تۆمەتی ئەوەی لایەنگری کۆمارییەکانە، شەوی ١٨ ی ئۆگەست بردیان بۆ شوێنێکی نزیک لە “ڤیزنار”ەوە و لەوێ گوللەبارانیان کرد.

شایانی باسە چیرۆکنووس و شانۆنووسی داهێنەر “جەلیل قەیسی” (کە دایکی کورد بوو و هەر لە کەرکوکیش دەژیا و ساڵی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کرد، دەقێکی شانۆیی سەبارەت بە کوشتنەکەی لۆرکا نووسیوە بە ناوی”دواشەوی لۆرکا لە ڤیزنار”، ئێمە ئەو دەقەشمان کردووە بە کوردی و لە دەرفەتێکدا چاپ و بڵاوی دەکەینەوە.
ئەمەش وەرگێڕانی چەند شیعرێکێتی، پێشکەشە بە ئێوە و بە هەموو شیعردۆست و ئینساندۆستێک.

 

 

“ماڵئاوایی”

ئەگەر مردم

با تارمەکە لەسەر پشت بێ
مناڵێ پڕتەقاڵ ئەخوا
( لە تارمەکەوە چاوم لێی ئەبێ)
پاڵەیەک دروێنە ئەکا
( لە تارمەکەوە گوێم لێی ئەبێ)
ئەگەر مردم
با تارمەکە لەسەر پشت بێ
“گوناه”
ئای چەند خۆشە
کە گوناهەکانمان دیار نین
دەنا ناچار بووین گشت ڕۆژێ
پاک پاک بە ئاو خۆمان بشۆین
یان ئەبووایە
لەبەر بارانا .. بژیاینایە
دیسانەوە .. ئای چەند خۆشە
کە درۆکانمان ڕوخسارمان ناشێوێنن
دەنا بۆ تاقە ساتێکیش
کەس کەسی نەئەناسییەوە
سوپاس بۆ ئەو میهرەبانییەت.. خودایا!

“خۆشیی پڕخەم”

خەمناکترین خۆشی ئەوەیە
کە شاعیر بی
ئیدی
بەهای نییە.. خەمی دی
تەنانەت مەرگیش.

“گوڵ”
درەختەکە لەتاو باران
ڕاکشا و دەستی کرد بە گریان
وای.. لە سیحری تریفەی مانگ
چۆن خەوتووە لەسەر ڕووی لق و گەڵاکان!

 

لۆركا و دالی ؛ دووگه‌نج ئه‌شقێكی هۆمۆیی له‌نیوانیاندا هه‌بوو.

“بێ چاوی من”

گیانەکەم تۆ بێ چاوی من

ناتوانی ئەو جوانییەی مانگ بەدی بکەی
بێ لێوی من
ناتوانی تامی شەراب و ماچیش بکەی
بێ دڵی من
تۆ مردوویەکی و هیچی تر
کاتێ وشەکان گیانیان دا
قووڵایی ئاوێنەکانت
بەهایان چی ئەبێ ئیتر؟
“کتوپڕییەک”
لەسەر ڕێگاکە کوژرابوو
چەقۆیێ لە سەرسنگی ڕۆچەقێنرابوو
کەسێکیش نەبوو بیناسێ.
گڵۆپەکە چۆن هەڵئەلەرزی
دایە..
چۆن هەڵئەلەرزی
گڵۆپی سەرشەقامەکە!
سپێدە بوو
کەس تەماشای چاوی نەکرد
کە بە ڕووی هەوا ساردەکە ئەیانڕوانی
لەسەر ڕێگاکە کوژرابوو
چەقۆیێ لە سەرسنگی ڕۆچەقێنرابوو
کەسێکیش نەبوو بیناسێ.

“گیتار”

کاتێ گیتارەکە ئەگری
جامی سپێدە وردوخاش ئەبێ
کاتێ گیتارەکە ئەگری
بێهوودەیە هەوڵ بدەین بێدەنگ ببێ
مەحاڵە کە هەوڵ بدەین بێدەنگ ببێ
پەی دەر پەی ئەگری
هەروەکو ئاو
هەروەکو با
کە لە کلووی بەفر ئەدا

زۆر ئەستەمە هەوڵ بدەین بێدەنگ ببێ
ئەو بۆ گەلێ شتی دوور ئەگری
بۆ لمە داخەکانی باشوور
کە تینووی گوڵەکامیلیای سپین
بۆ تیری بێ ئاکام دەرچوو
بۆ شەوانی بێ کازیوە
بۆ یەکەم چۆلەکەی مردووی سەر لقەکان
ئاه.. ئەی گیتارەکە
ئەی دڵی بە پێنج شمشێر تا مەرگ.. زامدارەکە

 

“کەڵکەڵە”

لەودیو هەر ئاوێنەیەکەوە
ئەستێرەیەکی مردوو هەیە
لەگەڵ پەلکەزێڕینەیەکی مناڵی خەوتوودا.
لەودیو هەر ئاوێنەیەکەوە
ئارامییەکی ئەبەدی هەیە
لەگەڵ هێلانەیەکی بێدەنگی
کە هێشتا باڵی نەگرتووە.
ئاوێنە کانییەکی مۆمیاکراوە
وەکو سەدەفی ڕووناکی
شەوان

ئازیزم لۆركا – دالی ١٩٢٧
Federico Garc’a Lorca
Casa Museo de los Tiros, Granada

بە ڕووی خۆیدا داخراوە.
ئاوێنە دایکی ئاونگە
ئەو کتێبەیە کە شەفەق ڕاڤە ئەکا
ئەو سەدایەیە کە بووە بە گۆشت.
“لەبارەی خۆشەویستیی بێ هیواوە”
شەو نایەوێ بێت
تا تۆ نەیەیت و
منیش نەتوانم بێم.
بەڵام من هەر دێم
تەنانەت گەر دووپشکی خۆریش
بە لاجانگەکانمەوە بدات.
بەڵام تۆ هەر دێی
بە زمانێکەوە کە ئەبرژێتەوە
بە دڵۆپەبارانی سوێر .
ڕۆژ نایەوێ بێت
تا تۆ نەیەیت و
منیش نەتوانم بێم.
بەڵام من هەر دێم
گوڵەمێخەکی پێوەدراوم ئەدەم بە بۆقەکان
بەڵام تۆ هەر دێی
بە ڕێچکە تاریکەکانا.
نە شەو و نە ڕۆژ نایانەوێ بێن
تا من لە تاو تۆ بمرم
تا تۆ لە تاو من بمری.
“گۆرانیی دارپرتەقاڵە زڕەکە”
داربڕەوە
سێبەرەکەم ببڕەوە
لەم ئازاری بێبەرییە ڕزگارم کە
بۆ لەناو ئەم هەموو ئاوێنەیا لەدایکبووم؟
ڕۆژ پشتی تێکردووم و
شەویش لە ئەستێرەکانا
من دووبارە ئەکاتەوە
ئەمەوێ بژیم وەلێ بێ ئەوەی خۆم ببینم
خەون ئەبینم
مێروولەکان و دڕکەکان
بوون بە گەڵا و بە باڵندەم.
داربڕەوە
سێبەرەکەم ببڕەوە
لەم ئازاری بێبەرییە ڕزگارم کە.

ته‌واو

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین