ڕۆمانی ئەلف\یا - ڕەزای عەلیپوور

یاریی گۆشەنیگا لە (ئەلف/یا)ی ڕەزا عەلیپوور


Loading

یاریی گۆشەنیگا لە (ئەلف/یا)ی ڕەزا عەلیپوور

گۆران سەباح

بەرکوڵ

ڕەخنەی ئەدەبی واتە وردبوونەوە، هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە (هۆپکینس، ٢٠٠٥). لەگەڵ کاروان کاکەسوور نیم کە بۆ ژنەفتن دەڵێت، “ڕەخنە هەڵسەنگاندن نییە.” (ژنەفتن، ٢٠٢٠). نا. هەلسەنگاندن بەشێکە لە ڕەخنە. تیۆری ئەدەبی واتە بەکاربردنی تیۆر بۆ وردبوونەوە لە میتۆدەکانی شیکردنەوە (هۆپکینس، ٢٠٠٥). بێ شک، ڕەخنەگر پەنا دەباتە بەر قوتابخانە و تیۆری ئەدەبی. بۆیە هۆپکینس هەندێ جار ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبی لێک جیا ناکاتەوە.

قوتابخانەی جۆرەوجۆر هەن بۆ ڕەخنە (فۆرمالیزم، ستڕەکچوڕالیزم، دیکۆنستڕەکشن، دەروونشیکاری، لاکانی و پۆست ستڕەکچوڕالیزم)، بەڵام من تەکنیکی (خوێندنەوەی ورد) (Close reading) بەکار دەبەم بۆ ئەم باسە. ڕیچاردز (٢٠١٧) بەم تەکنیکە دەڵێت (ڕەخنەی کردەنی) (practical criticism)، واتە خوێندنەوەی دەق و مامەڵەکردن لەگەڵ خودی دەقەکە، نەک تێگەیشتنی پێشینە. خوێندنەوەی ورد تەکنیکێکە سەر بە قوتابخانەی (ڕەخنەی نوێ) (New criticism). ڕەخنەی نوێ لە دوای شەستەکان تەقییەوە، سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ دوای کارەکەی جۆن ڕانسەم بە ناوی (ڕەخنەی نوێ) لە ١٩٤١.

ڕەخنەگرانی نوێی ئەمەریکا لە ساڵانی سی و چلەکاندا هەمان بۆچوونیان گرتە بەر، پێیان وابوو خوێندنەوەی ورد ئامێرێکی کارایە بۆ تێگەیین لە دەقی ئەدەبی. خوێندنەوەی ورد دەپڕژێتە سەر زمان، مانا و ئاڵۆزییەکانی دەق. بە ڕای من ئامێرێکی باشە بۆ ڕەخنە. ڕەخنەگرانی وەک بڕووکس، ویمسات، ڕانسەم و تاتیش پێیان باشە..( ڤینسنت، ٢٠١٠).

 

 

تۆن و دەنگ

تۆن و دەنگ و ستایلی قسەکردنی کارەکتەرەکانی ئەلف/یا زۆر لێک نێزیکن. لەبەر هەندێ، زۆرجار خوێنەر نازانێت کێ قسە دەکات. نموونە: یاداشتەکانی ئامێدی و قسەکانی یوسف. یوسف ناسراوە بە ڕاڕایی و وەسواسی (گوتم، نەمگوت؛ کردم، نەمکرد، نووسیم، نەمنووسی) جار جار ئامێدیش وا قسە دەکات (لا٤١، ١٥٩). ئایسان و لەیلا. ئیمەیڵی لەیلا لە لاپەڕە ١٦ و ١٧، پاشان نامەی ئایسان لە لاپەڕە ١٤٨-١٥٢.

 

پڵۆت

لاپەڕە ٨: “حافز جارجار لاملی دەخوراند بێ خەم لە نێوان ئاوەڵناوی تاک و کۆدا بازبازێنی دەکرد، هەر ئەمە بێ متمانەی دەکردم.” ئێ خۆ پێشتر بازبازێنی نەکردووە. چۆن یوسفی خەفەتبار و سەر بە کێشە خەمی ئاوەڵناوی تاک و کۆیەتی؟ ئەوە خەمی نووسەرەکەیە لە ناو یوسف ڕەنگی داوەتەوە.

چۆن یاداشت لەسەر یاداشت دێتە نووسین؟ لاپەڕە ١٠ ، “چەند وتار و یاداشتی لەسەر نووسراوە.”

ئەلف/یا جوانتر دەبوو بێو دوو چتی تێدا نەبا. یەکەم، کورتیلە چیرۆکی سەرەتای هەر بەشێک. پێوەندییان بە تەواوی چیرۆکەکەوە نییە. ئەمەش کەلێنە لە پڵۆت. دووەم، ئامێدی و یاداشتەکانی. نێزیکەی نیوەی کتێبەکەی داگیر کردووە. ڕۆمانەکە تێرتر دەبوو بێو یەکێکیان با، یوسف یان ئامێدی. هەست دەکەم یەکیان هەقی ئەوی تری خواردووە. لەبەر هەندێ، پڵۆتەکە تێر نییە.

 

ڕەوانبێژی

ئەلف/یا ئەلیترەیشنی (alliteration) جوانی تێدایە. نموونە: زەرد و زار، خەتەر و خوێناوی (لا٨). ڕژد و ڕەقەن، دڕک و داڵ، چی چاکتر لە چنار، ڕێک و ڕەختە (لا١٢). شووڵ و تووڵ (لا٣٠)، نەفس و نەفەس (لا ٤٠)، هتد.

 

ڕۆمانی ئەلف\یا – ڕەزای عەلیپوور

گۆشەنیگا

ئەلف/یا یاریی نێوان گۆشەنیگا و دەمەکانە point of view and tenses)). کەسی یەکەمی تاک(یوسف)، کەسی سێیەمی تاک (کورتیلە چیرۆکی سەرەتای بەش)، کەسی دووەمی تاک (یاداشتەکان، ئیمەیڵ، نامە). خوێنەر زۆر ورد نەبێت، لێی تێک دەچێت کێ کێیە. بەشی دووەمی پاژی یەکەم دەبێتە ڕانەبردووی کەسی یەکەمی تاک. دواتر دەبێتەوە ڕابردوو. بەشی چوارەمی پاژی یەکەم (لا١٨-٢٣) دەبێتە کەسی دووەمی تاک، ڕابردوو و ڕانەبردوو. لە لاپەڕە ١٨ گۆشەنیگا لەپڕ لە کەسی سێیەمی تاکەوە دەبێتە کەسی دووەمی تاک.

کارەکتەر

یوسف کارەکتەرێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. باری دەروونی، کۆمەڵایەتی، دارایی، سیاسی و پیشەیی و خێزانی ناجێگیرە. لەبەر چیرۆکی ئامێدی و کورتیلە چیرۆکی بەرایی هەقی تەواوی پی نەدراوە. بێو ڕۆمانەکە هەر یوسف با، زێتر ئاشنا دەبووین بە لەیلا و ئایسان. نووسەر دەیتوانی قووڵتر بێتەوە لە ناخی تێکشکاوی یوسف.

 

دیالۆگ

لەبەر تەکنیکی شەپۆڵی هۆش، دیالۆگ ڕوون نییە. لە هەندێ شوێن پێویست ناکات قسەکە بخرێتە نێو کەوانە. نموونە: “دەی هەڵیگرە” (لا٦)؛ “کەسی برسی فەرمووی” (لا٨) “هەرچی ئافەت هەیە لێی داوە”.

 لاپەڕە ٨: گۆتم، ” . . . “، نەمگۆت. ئەم حاڵەتە زۆر دووبارە بووەتەوە. بە شێوازی ناڕاستەوخۆ بێت باشترە: ویستم بڵێم …، نەمگوت.

 ئاساییە دیالۆگ بکرێتە پەرەگراف، بەس لە لاپەڕە ١٠ دیالۆگەکە پچڕاوە، دوا پەرەگراف دێتەوە سەر قسەی هەمان کارەکتەر. هەندێ جار دیالۆگ نەخراوەتە نێو کەوانە، تەنێ خەتێکی بچووکی لە پێشە و هەندێ جاریش دیار نییە کێ قسە دەکات. بۆ نموونە: لاپەڕە –کام پارە؟ لاپەڕە دەی لە کوێ؟ -ئەدی لاپەڕە١ ، ٨، ٩، ٢٥.

لاپەڕە ١٢: “من و دایکتان نەمێنین کەس ڕوو ناکاتە ئەم ماڵە.” – ئەرێ. کێ ئەمانە دەڵێ؟

“قسە بکە تا جگەرەت دەدەینێ” یان ” قسە بکە بەرت دەدەین” کێ ئەوانە دەڵێ؟ (لا ١٨)

دیالۆگی لاپەڕە ٤٧ لە نێو کەوانە نییە.

لاپەڕە ٨٠، یوسف لەگەڵ ئامۆزاکەی حافز لە سجن قسە دەکات. لێی دەپرسێت. گوتی: “نیو ئەوەندەی هەنگ، مرۆڤی بناسییایە لەوێ نەدەبوو.” دەبێ وا بێت: گوتی، “نیو ئەوەندەی هەنگ مرۆڤم بناسییایە لێرە نەدەبووم.”

قسەی ناڕاستەوخۆ پێویستی بە کەوانە نییە. لاپەڕە ١٤: “وەک سارا، دەیگوت ئەوەی دێتە دڵم نەیڵێم دەمرم، هەرچی دەبێ چش، قسەی دڵم دەکەم.” دەبێ بەم شێوەیە بێت: دەیگوت ئەوەی دێتە دڵی نەیڵێ دەمرێت.

ڕێزمان

لاپەڕە ٣٧: “لایەکی کتێبی کوردی پڕ لە هەڵەیە.” ڕۆمانەکەیش بەدەر نییە لە هەڵەی ڕێزمان و ڕێنووس.

یوسف بە دەمی ڕابوردوو دەست بە گێڕانەوە دەکات. جار جار لەپڕ دەبێتە دەمی ڕانەبوردوو. نموونە: “چاری ناچارییە” (لا٧)، دەبێ وا بێت: چاری ناچاری بوو، یان ناچار بووم. ئەمانەیش هەروا: “دەبێ ناڕاستەوخۆ داوای هەندێ پێشەکی بکەم؟”؛ “چەندین جارە دەخوازم بڵێم پارە، نەمگوتووە”.

دەمی ڕابوردووی دوور لە لاپەڕانە (٤٩، ٥٠، ٥١) دەبێ دەمی ڕابوردووی سادە بێت. لاپەڕە ٥٤: “گوتبوویان بنەماڵەی دەوڵەمەند و سوننەتییە.” دەبی بڵێی “دەیانگوت…”، چونکە لە ڕستەی پاشتر دەڵێ، “بە زۆر کچ هەروا دەگوترا.”

“ڕەنگە ئەمڕۆ کاتێکی باش نەبێت پێی بڵێم لەم ساڵانەدا بە دەگمەن بیرم لێت کردووەتەوە. نەموێرابوو بیرت لێ بکەمەوە، نا. هەمیشە بیرم لێت کردووەتەوە؛ سوێندی بۆ دەخۆم بە خوا بە گینای هەر کەس باوەڕ بکات.” (لا٥٤).

کۆتایی لاپەڕە ٩٢ دەبێتەوە ڕانەبردوو. لەم ڕستەیەدا: “هێشتا نەنووستووم، چاوم لە بنمیچەکە بڕیوە، دار بوو”، دەمی ڕابردوو و ڕابردوو تێکەڵ کراون.

 

دووبارەکردنەوەی چتی ڕوون

ئینگلیز دەڵێت، “don’t say the obvious”، واتە شتی ڕوون مەڵێ. لاپەڕە نۆ: “لە بەرانبەر بڕە پارەیەکدا داود حەمێدیی نەناسراو و مەهجور دەبێ بناسێنرێت.” پێش ئەم ڕستەیە، بە هەشت لاپەڕە باسی ئەوە کراوە، پێویست بە ڕوونکردنەوە و دووبارەکردنەوە ناکات.

 

خاڵبەندی

یەک لە سیفەتەکانی شەپۆڵی هۆش ئەوەیە زۆر حسێب بۆ خاڵبەندی ناکات. جەیمس جۆیس، پێشەنگی تەکنیکەکە، خاڵبەندی بەکار نەبردووە (سەیری یولیسێس، لاپەڕە ٦٤٢ بکە). خاڵبەندیی ئەلف/یا زۆر باشە، بەکاربردنی نیشانەی سەرسوڕمان نەبێ، لە زۆر شوێن هاتووەتە بەکاربردن، بەس پێویست ناکات. نموونە: لاپەڕە ٧، ٩، ١٠، ١٥، هتد. ئەگەر خاڵبەندی هەبێت، ئەوا دەبێتە مەنەلۆجی ناوخۆ (interior monologue) (فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بۆ زاراوەیلی ئەدەبی، کریس، ٢٠٠٩، لاپەڕە ٢١٢).

 

دەربڕین

هەندێ دەستەواژە و ڕستە هەن پێویستیان بە چاکردنە بۆ چاپی دادێ.

لاپەڕە ١١: “دەستی لە ناو دەستی سورەیادا بوو کە مردبوو.”  باشتر: “کە مرد (یان ئەو دەمەی کە مرد) دەستی لەناو دەستی سورەیادا بوو.”

لاپەڕە ٣٨: “بە هەرچی سوند بخۆی، ئیدی پێت بە باوەڕ نیم.” باشتر: “بە هەرچی سوند بخۆی باوەڕت پێ ناکەم.”

لاپەڕە ١١: “لێی دەگەڕان با لەوێدا بکەوێ، هەرکات پارە و دەرفەت هەبوو خانوویەکی تێدا دروست دەکەین.” باشتر: “لێی دەگەڕان لەوێ بکەوێ، هەرکات پارە و دەرفەت هەبوونایە خانوویەکیان تێدا دروست دەکرد.”

لاپەڕە : ١٣ “هاتینەوە بۆ ماڵ، نەگەڕایەوە بۆ ماڵ، نەیهێنایەوە بۆ ماڵ.” (بۆ)یەکانی ناوێت.

لاپەڕە ٧٤: “قەرارمان دانابوو”. باشتر: “بڕیارمان دابوو.”

لاپەڕە ٥٦: “بیزینێس”. ڕاست: “بزنس”. بزنس (Business) لە ئینگلیزی واتە بازرگانی، بەس بیزینێس (busyness) واتە سەرقاڵی. وشەی (فورواردی(یش لە ١٢٥ هەڵەیە.

وشەی (ئەدی) لە زۆر شوێن هاتووە. لە لاپەڕە ١٠٢ و ١٢٢ (ئادی) بەکار هاتووە.

تا وشەی کوردی هەبێت، پێویست بە وشەی عەرەبی ناکات. ئەلف/یا وشەی عەرەبی زۆر تێدایە، چەند نموونەیەک: تاجر، ئیجازە، لەحن، حەماسی، مەعەلیم، نەبز، ئیبداع، ئەرقام، هتد.

(دۆعا) و (کەپۆ) بکرێنە دوعا و کەپو. بۆ چاپی دووەم، هیوادارم هەڵەی چاپ و ڕێنووس و ڕێزمان بێنە چاکردن. چاوگ بە یەک وشە دێتە نووسین، بەس لە نێو ئەلف/یادا بە دوو وشە هاتووەتە نووسین. نموونە: “وەرزش کردن” (لا٥٤)؛ “جوودا بوونەوە” (لا٥٥)؛ “مەلە کردن” (لا٦٤)، هتد.

سەرچاوەکان

Chris, B. (2009), Oxford: Oxford U.P., p. 212

Graff, G. (1987). Professing literature: an institutional history. Chicago.

Hopkins, J. (2005). J Guide to Literary Theory and Criticism (2nd ed.). Baltimore: Johns Hopkins University Press.

Richards, I.A. (2017). Practical criticism: A study of literary judgement. Books.Google.com

Vincent, B. (2010). American literary criticism since the 1930s. Leitch, Vincent B., 1944- (2nd ed.). London: Routledge.

کاروان کاکەسوور (٢٠/٢١/٢٠٢٠). لە (ڕەخنەگر کێیە)ەوە بۆ (ڕەخنە چییە). ژنەفتن.

لینکەکەی:

https://jineftin.krd/2020/12/20

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌