به‌یكه‌ن؛ سێینه‌ تابلۆ - ١٩٧٩-١٩٨٠ Francis Bacon- 1979–80 Medium:Oil on canvas Dimensions:Each: 14 3/4 x 12 1/2 in. (37.5 x 31.8 cm)

ژیان بۆ هەمووان


Loading

قەت وام نەزانیوە ژیان هی منە

بەوەدا هەرگیز عەسرانى ماڵەوەم نەدیووە

شەوانیش ناتوانم زوو بڕۆمەوە

بەیانیانیش بەر لە هەموو کەس

بە پڕتاو دەچمە دەرێ

لەسەر شەقام وەک سەگى پێسوتاو

دێم و دەچم و لەکەس ناپرسم

وەک چۆن کەسیش لێم ناپرسێت.

 

لە گەرمەى پیاسەدا

لەناکاو تووشی ژانە سەرێکى ناخۆش دەبم

دەبێت خۆم بگەێنمە ماڵەوە

ئەمەش هەر لەسەر ژیانم دەژمێردرێت

ئەوکاتانەى لە تەوالێتین

ئەوانەى خەوتووین

ئەوانەی نەخۆشین

ئەوانەی بێتاقەتین

ئەوانەى لە شەڕداین

هەمووى لەسەر ژیانمان دەژمێرێت

ئەم قسانە کۆنن

لێرەدا دەیانوسمەوە

بۆ ئەوەى ژیان هى تۆ بێت

پێویستە پەیوەندیت پێوەى هەبێت

من جەستەیەکم لە سەهۆڵ

لە ئازارى _با_

لە خەونى کۆتر

لە پەڕی شکاوى تاوس

لە بە تاڵایی

دێم و دەچم

پەیوەندیم بەهیچەوە نییە.

 

زۆرجارانیش دەڵێم: ژیان دەبێت بۆت بلوێت.

ژیان بۆ ئەوانەیە کە حەزیان بە خواردنەوەى _چا_و

یارى تۆپی پێ و

زوو نووستن و

نانى گەرمە.

 

حەزم لەوەیە لە بەر باران بنوم و

خەون بە هەتاوەوە ببینم

چنگم پڕ لە سێو بێت و

تامەزرۆییم بۆ گێلاس دەربڕم.

 

تاقەتم نییە ژەمە خواردنەکان لە کاتى خۆیدا بخۆم

تاقەتم نییە لە کاتى خۆیدا بنووم

تاقەتم نییە لە کاتى خۆیدا شت بکەم.

حەز دەکەم ئێواران کاتژمێر 6 بتڵێک عارەق

بە لیمۆ و زەیتوون و میترۆوە بخۆمەوە

کاتژمێر (7) گوێ لە گۆرانى (تۆرانج)* بگرم

کاتژمێر (8) بڕشێمەوە بە دەموچاوى خۆمدا

کاتژمێر (9) پۆلیسێک بەشەق بمباتە بەندیخانە

کاژمێر (10)و (11)و (12)نەزانم لە کوێم.

کاتژمێر(1) ئاو بە تەنیاییمدا بکەن

کاتژمێر(2) لەبەردەم ماڵەوە

لە تەنیشت عەلاگەیەک خاشاکدا فڕێمبدەن

کاتژمێر (3) دەرگام لێ نەکەنەوە و لە داخان هاوار بکەم:

بێتاقەتـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــم.

کاتژمێر(4)لەسەر شۆستەیەکى پۆخڵ خەوم لێ بکەوێت

کاتژمێر(5) کچێک بە پێڵاوی قوڕاوییەوە

خۆی بە خەیاڵمدا بکات

کاتژمێر(6)سەگێک دەم و چاوم بلێسێتەوە

جرجێک برژانگەکانم بکرتێنێت

کۆترێکى سوتاو بکەوێتە قاپەکەى بەردەممەوە

شەمشمە کوێرەیەک خۆی چاومدا بکات.

بە سەردا بەر ببمەوە بۆ ناو چاڵێکى بچوکى باراناو

کاتژمێر (7) لە دەنگى ڕووخانى دڵم خەبەرم بێتەوە

کاتژمێر (8) شەو لە خۆم بتەکێنم و

کاتەکانم لێ تێکەڵ بێت و

نەزانم چیم کردووە.

لە شیعرێکى دیکەدا نووسیوومە

“ژیان هى ئەوە نییە پرسیارى گەورەى تێدا بکەیت”

بە ڕاستى وەهایە

ئەم خێراییەى ژیان ناخۆشە

بوارت نادات لەسەر شتەکان بوەستیت.

ژیان تێدەپەڕێت و

لە خەوشی خۆیدا دەمانخنکێنێت.

تاقەتم نییە بچمە قوتابخانە

کە باسی سیستمم بۆ دەکەن گیانم دایەزرێت

ئەوانەى  خەڵکى حەزیان لێیە

ڕەقم لێیەتى و قێزم لێی دێتەوە.

ڕقم لە ژوورى بەڕێوەبەرەکانە

مێز و کورسییەکانیان بێزارمدەکەن

ڕقم لە کۆبوونەوەیە دەربارەى هەرشتێک

باشترین شوێن بۆ قسەکردن سەر شۆستەیە

حەزم لە چاکەت و پانتۆڵ نییە

ڕقم لە بیجامەى خەت خەتە

بە پێڵاو بۆیاخکردن پەست دەبم

قژ چاککردن هیلاکم دەکات

حەزم لە نینۆک قرتاندنە

کاتێک خەمۆکى زۆرم بۆ دێنێت.

ڕقم لە هاوڕێیەتى گەنجە شیک و بە ویقارەکانە

ئەوانەى لە بەردەم کۆمپیوتەرەکانیاندا ئەخلاق دادەکەنن

هاوسۆزیم بۆ گەنجە پەراوێز و بەدبەختەکانە

ئەوان بەدڵ گۆرانى دەڵێن و

بە ڕۆح تەنیایی دەلاوێننەوە.

نامەوێت بە پێیەکانى باوکم بڕۆم

نامەوێت سەروەرییەکانى باپیرم بکەمە گوتار

دەمەوێت خۆمبم، خۆم بە هیچ و پووچییەکانمەوە

بە ناڕێکى و قۆڕیی و گەوجییەکانمەوە

خۆمبم و خۆمبم و خۆمبم

لە ئێستا و ڕابوردوومدا کەس نەبێت

جگە لە خۆم.

نامەوێت خەڵکى تازە و درۆزنى تازە بناسم

دەمەوێت هیچ لە ژیانمدا ڕوونەدات

ئەوەى هەیە و بووە زۆرە

زۆر زۆرە…..

خوداش دەزانێت چەندی زیادە.

تاقەتى قەلەقی تاقیکردنەوەم نییە

شۆفێریم پێ خراپترین ئیشە

لەسەر پلیکانە کارەباییەکان سەرم گێژ دەخوات

ئەندەرپاس و پردەکان کارێکن بۆ کوشتنى ڕێگا

تەلەفریک و قیتارەکان بە هۆکارێکن بۆ خۆکوشتن

سەیرانگا و هۆڵەکانى ئاهەنگ شوێنێکن بۆ غەمگینى

سەرۆک عەشیرەت و مامۆستاکان گەڕانەوەن بۆ کۆیلایەتى

جامى جیهانى و شەڕى جیهانى و خەڵاتى جیهانى

هەوڵێکن بۆ لە ناوبردنى میللەتە کەمەکانى دونیا

بەخشینى پەناهەندەیی سڕینەوەى شوناسی مرۆیە لەوەى کە هەیە.

مەبەست لە دروستکردنى بازاڕە گەورەکان

بە سێوکردنى زەوییە بە کەڵبەى سەرمایەدارییەوە.

ئامانج لە گەورە کردنى ئەستێرەکانى سینەما و

پڕ و پاگەندە کردن بۆ مۆدێلەکانى جل و بەرگ

سڕینەوەى چێژى خودیی و

بە یەک بینین کردنى مرۆڤایەتییە.

پێم ناخۆش نییە ژیانم نییە

پێویستم بە تەنیاییەکى قووڵە

حەز ناکەم بچمەوە ماڵەوە و میوانمان هەبێت

میواندارى واتە پەیوەستبوون.

تاقەتى دڵداریم نەماوە

سەرم بە قسەى ڕۆمانیسییەوە قاڵ ناکەم

دەمەوێت خۆم لەگەڵ خۆم پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان ببەستم

حەزم زۆر لە یاپراخ و گۆرانى (نامجوو)ە**

بە بارانبارینیشدا کێزەر و شەرابم دێتەوە یاد

کە شیعریش دەخوێنمەوە حەزم لە خورمایە

جارى واش هەیە تۆڵەکە و تەرخون دەخۆم

بەدەم گوێگرتن لە خشەشی تەلەفزیۆنەوە.

 

خەڵکى شانازى بە سەرکەوتنەکانیانەوە دەکەن

من بە شکستەکانمەوە

ئەمە بۆتە کێشە بۆم

هاوڕێیەک پێم دەڵێت: تۆ ناتوانى ببیتە مرۆڤێکى چاک

پێم ناخۆش نییە

ئەو نازانى مرۆڤ، واتە شکستێکى گەورە.

 

خوایە تۆ گەورەیت

بە گەورەیی خۆت بمبورە کە بەم جۆرەم

خوایە نەمکەیتە کوڕێکى دەمدرێژ.

ژیان هەرچییەکە بۆ خۆی

منیش بۆ خۆم.

خوایە لە خوارى ئەم ڕستەیەوە پێت دەڵێم:

 ژیان بە دەردم ناخوات

تۆ و گەورەیی خۆت بە هەڵە لێم وەرمەگرە

لە ناخى دڵمەوە  ئەڵێم:

ژیان بۆ ئەوانەیە کە دەتوانن بەرامبەر جیهاندا چاو بنوقێنن

من ناتوانم ئازار نەبینم

خودایە ژیان بۆ ئەوانەى سوێیان بۆتەوە بۆی

بۆ ئەوانەى حەزیان لێیەتى و

لە خۆشی ژیان جێگە بە خۆیان ناگرن

نە من بە کەڵکى ژیان دێم

نە ژیانیش بە کەڵکى من.

……………….

تێبینی:

*ناوى گۆرانییەکى نامجووە.

**گۆرانیبێژێکى هاوچەرخى ئێرانییە.

ئەم شیعرە لە ژمارە(5)ى گۆڤارى کۆنسێپت دا بڵاوبۆتەوە.

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین