چه‌ند مێژوو، چه‌ند ناوێكی تایبه‌تمه‌ند و جیاكار له نه‌خشه‌ى شیعری نوێى كوردیدا
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
له عه‌ره‌بییه‌وه: نه‌به‌ز گه‌رمیانى
١
پاش ئه‌و شۆڕشه شییعرییه‌ى (گۆران) ڕایگه‌یاند و پێشه‌نگایه‌تی كرد به به‌شدارى له‌گه‌ڵ شاعیری نوێخواز (شێخ نووری شێخ ساڵح)، زۆر له سه‌رچاوه‌كانی ڕۆشنبیریی كوردی به تیورداڕێژه‌رى ئه‌و شۆڕشه‌ى داده‌نێن و لاى خۆیه‌وه (گۆران)یش ئه‌و پێشه‌نگایه‌تییه‌ى (شێخ نووری شێخ ساڵح) له‌و شۆڕشه‌دا ناشارێته‌وه و ڕه‌تیشی ناكاته‌وه، كه له كۆتایی نیوه‌ى یه‌كه‌می سه‌ده‌ى بیسته‌مدا له جوگرافیای شیعری كوردیدا سه‌رى هه‌ڵدا و تا ڕادەیەک له لاساییكردنه‌وه‌ى چه‌ند باره و له‌و كێش و سه‌روایه‌ى ڕزگار كرد، كه به‌هۆى دووباره‌كردنه‌وه و جوینه‌وه‌وه سوابوون.
پاش ئه‌و شۆڕشه شیعری كوردی دووچارى سستی و دامركان هات و هیچ ناوێكی شیعری هاوچه‌رخی (گۆران) و (شێخ نووری شێخ ساڵح)، یان پاش ئه‌وان ده‌رنه‌كه‌وت تا كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ى ڕابوردوو نه‌بێت، له‌و ناوانه‌ى، كه سه‌رنج به‌لاى خۆیاندا ڕابكێشن ته‌نیا هه‌ر ئه‌و دوو شاعیره نه‌ته‌وه‌ییخوازه ناسراون (كامه‌ران موكری) و (محه‌مه‌د ساڵح دیلان)، به‌ڵام هه‌ر لاسایی شێوازى (گۆران) و ئامرازه شیعرییه‌كانی ئه‌ویان ده‌كرده‌وه و بیریان له‌وه نه‌كرده‌وه شێوازى (گۆران) و شێوه شییعرییه‌كانی تێپه‌ڕێنن. بۆیه، شیعری كوردی (وێڕاى زۆرى ژماره‌ى شاعیران و ئه‌وانه‌ى خۆیان هه‌ڵده‌كێشا و لافی شیعر و میعریان لێ ده‌دا)، هه‌ر له شوێنی خۆیدا چه‌قیبوون، یان با بڵێین؛ هه‌ندێك جار به هه‌نگاوى خێرا به‌ره‌و دواوه پاشه‌كشێى ده‌كرد. ئه‌وه‌یش شتێكی سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ر نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى شێوازى نوێخوازانه‌ى (گۆران) و چامه‌كانی، كه مۆركی نوێى شیعریان له خۆ گرتبوو، بوون به‌هۆى بێزارى زۆر له خوێنه‌ران و شاعیره هاوڕێبازه‌كان، ته‌نانه‌ت ڕەخنەگرێکی ناودارى ئه‌و قۆناغه (ڕه‌فیق حیلمی) جارێكیان سه‌باره‌ت به یه‌كێك له چامه‌كانی (گۆران) وتارێكی نووسی، تێیدا گوتبووى؛ “ئه‌گه‌ر ئه‌م چامه‌یه له نووسینى (گۆران) نه‌بووایه، ئه‌وه په‌سه‌ندمان نه‌ده‌كرد.“ ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه ڕووپۆشراوه جۆره پیرۆزكردنێكى هه‌موو شتێكى كۆن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو شتێكی نوێ لەخۆده‌گرێت. له ئاكامی ئه‌و مشت‌ومڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ده‌مه‌قاڵێ و ڕه‌خنه بازاڕییانه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا (گۆران) نامه‌یه‌كى تایبه‌تى بۆ شێخى شاعیران و نووسه‌ران، ڕ‌ۆشنبیرى گه‌وره‌ى ئاگادار له ئه‌ده‌بى تورك و فارس و عه‌ره‌ب و ئه‌وروپا (پیره‌مێرد) كرد، تێیدا تكاى لێ‌كرد لاى ئه‌وه‌وه ددان به چامه‌كان و به شێوازى نوێى شیعریدا بنرێت و ڕه‌گه‌زنامه‌ى شه‌رعی و یاسایی پێ ببه‌خشرێت، چونكه به‌بێ ددانپێدانانی ئه‌و شێوازه‌كه‌ى به (بیژى- زۆڵ) داده‌نرێت و كه‌س له جوگرافیای شیعری كوردیدا ددانی پێدا نانێت.
ئه‌وه‌بوو شێخی كۆنه‌پیشه‌گه‌ر و تێراو به ڕ‌ۆشنبیرى نوێى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى خۆى، ناسنامه‌ى كه‌سى و بڕوانامه‌ى شه‌رعی و یاسایی له‌دایكبوونی به چامه‌كانی (گۆران) به‌خشی. له‌م خاڵه‌یشه‌وه ناشێت ناوى شێخی شاعیران و ڕۆشنبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه (پیره‌مێرد) پشتگوێ بخرێت، بۆیه هه‌ر كاتێك ناوى (گۆران)، یان (شێخ نووری شێخ ساڵح) ببه‌ین، ئه‌وه ده‌بێت ناوى (پیره‌مێرد) ببه‌ین، چونكه ئه‌ویش به‌رده‌وام سێیه‌میانه له نوێخوازى شیعری كوردیدا. ئه‌گه‌ر ددان پێدانانی (پیره‌مێرد) نه‌بوایه، ڕه‌نگه ئه‌و شۆڕشه شیعرییه، له ترسى لایه‌نگران و پشتیوانانی كۆن، سه‌رى نه‌گرتایه، یان پاشه‌كشێی بكردایه. لەگەڵ ئه‌وه‌یشدا من نهێنییه‌ك ئاشكراناكه‌م، ئه‌گه‌ر بڵێم؛ (گۆران) زۆر له بڕگه‌كانی شۆڕشه شیعرییه نوێخوازییه‌كه‌ى جێبه‌جێ نه‌كرد و ته‌نیا تازه‌كردنه‌وه‌یه‌كی سنووردار و له چوارچێوه‌ى بازنه‌یه‌كی سنوورداردا ئه‌نجامدا، ئه‌ویش، خۆی له نێوان نوێ و كۆندا ده‌نوێنێت. هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندییه‌تیی نوێى خسته‌ڕوو و ده‌سته‌به‌ردارى جۆره مۆركێكی شیعری كۆن بوو، ئه‌ویش بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ى هه‌ندێك پردی دۆستایه‌تی له نێوانی و نێوان لایه‌نگرانی كۆندا.
ئاشكرایشه، كه له سه‌رده‌می (گۆران)دا ده‌یان شاعیری جۆره‌كی و هاوڕێباز و ئاسایی هه‌بوون، له‌وانه‌ى هیچ شتێكیان له‌باره‌ى `نوێخوازییه‌وه` نه‌ده‌زانی، یان هه‌رگیز به‌ر گوێیان نه‌كه‌وتبوو. بیریشیان له تێپه‌ڕاندنى شێوازه باوه‌كانی شیعر نه‌ده‌كرده‌وه، به‌ڵكو به چاوى ڕێز و پێرۆزییه‌وه لێیانده‌ڕوانی. له ناویشیاندا (گۆران) چوون (عیسا) له‌ناو (جووه‌كان) و (ساڵح) له‌ناو (سه‌موود)دا بوو، وه‌ك چۆن (موته‌نه‌بی) له هه‌ندێك له چامه نایابه‌كانیدا باسی خۆی ده‌كات… ئیدی تا ڕاده‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك له شاعیره‌كان به‌ره‌و كه‌نارى نوێخوازى كشان، به‌ڵام تا دواهه‌ناسه‌یش ته‌نیا هه‌ر به لاساییكه‌ره‌وه‌ى (گۆران) مانه‌وه.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌رسوڕهێنانه (گۆران) تا سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ى ڕابوردوو لاى زۆربه‌ى خوێنه‌رانی شیعری كوردی (نامۆ)، یان (نیوچه نه‌ناسراو) بوو. مه‌به‌ستم له خوێنه‌رانی شیعر، خوێنه‌رانی ئاساییه له‌وانه‌ى ڕۆشنبیرییه‌كی سنوورداریان هه‌یه، چونكه هه‌ندێك له شاعیره میللییه‌كانیان له (گۆران) به باشتر ده‌زانی، له‌وانه‌ى سه‌رقاڵى ڕازاندنه‌وه و هۆنینه‌وه‌ى دروشمه حزبی و چینایه‌تی و نیشتمانییه‌كان بوون. بۆیه ئه‌م شاعیره داهێنه‌ره ته‌نیا له‌ناو هه‌ندێك له ڕۆشنبیر و هۆشمه‌نده‌كاندا ده‌ناسرا، به تایبه‌تی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ى پابه‌ندی ئایدیۆلۆژیاى چینایه‌تی و ماركسی بوون، به‌ڵام پاش چاپبوونی سه‌رجه‌م شیعره‌كانی به زمانی كوردی، هه‌موو ئاره‌زوومه‌ند و عاشقانی شیعر و لایه‌نگرانی نوێخوازى ئاگادارى چامه‌كانی ئه‌م نوێخوازه پێشه‌نگه‌ى شیعری هاوچه‌رخی كوردی بوون و بوو به ناوێكی ده‌ركه‌وتووى دیار له مێژووى شیعری كوردی به گشتی و مێژووى شیعری نوێى كوردی به تایبه‌تی.
٢
له كۆتاییه‌كانی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ى ڕابوردوودا له ئه‌تڵه‌سی شیعری كوردیدا دوو گرووپى ئه‌ده‌بی سه‌ریان هه‌ڵدا؛
گروپی یەکەم: `گرووپی كفرى` لەمانە پێکهاتبوون؛ له‌تیف حامید، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، فه‌رهاد شاكه‌لى، ئه‌حمه‌د شاكه‌لى.
گروپی دووهەم: `گرووپی ڕوانگه` لەمانە پێکهاتبوون؛ شێركۆ بێكه‌س، جه‌لالى میرزا كه‌ریم، حوسێن عارف، جه‌مال شارباژێڕى، كاكه‌مه‌م بۆتانى.
یه‌كه‌مین گرووپ (كفرى) یاخیگه‌ری و سه‌ركێشیی ئه‌زموونگه‌رى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ته‌واوى هه‌موو شتێكی كۆنیان پێوه دیار بوو. له‌و ڕێبازه‌یشدا له‌ژێر كاریگه‌ری كولتوورى ڕۆشنبیری (دادایزم) و (سوریالیزم) و بیرۆكه و هه‌ڵویسته‌كانیاندا بوون، كه شێتایه‌تی و گێچەڵپێكردن و مشتومڕى ئه‌ده‌بییان له خۆ ده‌گرت، له‌وباره‌وه به‌یاننامه‌ی گرووپی (كفری)، كه له 14ى ته‌ممووزى ساڵى 1971دا بڵاوبووه‌وه، به‌یاننامه‌یه‌ك بوو هه‌موو كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی كوردی زاره‌كی و نووسراوی ڕه‌تده‌كرده‌وه و گاڵته‌ى به‌وه ده‌كرد كه (به كولتورى ڕ‌ۆشنبیرى، یان ئه‌ده‌بی) ناو ده‌برا و، شیعری كوردى به `مه‌یموون` ده‌چواند. بەوەی پێویست بوو ئه‌م `مه‌یموونه دواكه‌وتووه` له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ندامانی گرووپه‌كه ببێته مرۆڤێكی هۆشمه‌ند و هزره‌ڤان. واته، گرووپى (كفری) وه‌ك له به‌یاننامه‌ى ناوبراودا ئاماژه‌ى پێ كراوه. ئه‌م گرووپه به شێوه‌یه‌كی نوێخوازانه ده‌یاننووسی و شێتگیرانه به‌رگرییان لێ ده‌كرد و لەگەڵ ڕێڕە‌و و كاروانه‌كه‌یدا به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاویان ده‌هاوێشت، به شته نه‌رێنی و ئه‌رێنییه‌كانیشییه‌وه.
هه‌رچى گرووپى دووهەمە، گروپینوێخوازى (ڕوانگه)یه، ئه‌وه به‌یانامه‌كه‌ى خۆیان له 25/4/1970دا له شارى سلێمانی پایته‌ختی ڕ‌ۆشنبیرى كوردی و قه‌ڵاى نه‌به‌ردی و پاڵه‌وانیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌ركرد. به‌یاننامه‌كه‌یش به‌شێوه‌یه‌ك بوو هه‌ندێك لاوازی تێدا به دىده‌كرا، له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ندێك ڕێبازی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرابوو، كه بانگهێشتی بۆ یه‌كگرتن و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد و به‌رگریكردن له ئازادى گه‌ل و نیشتمان و به‌پیرۆززانینی كه‌له‌پوورى كوردى ده‌كرد، پاشان شۆڕشكردن و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له هه‌ندێك ڕێباز و جۆرى سواوى ئه‌ده‌بی و ده‌روازه كردنه‌وه له به‌رده‌م نوێخوازى ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری له جیهاندا. ئه‌ویش له‌پێناوى گه‌یاندنی ڕ‌ۆشنبیرى كورد به‌و لووتكانه‌ى رۆشنبیری جیهانی پێیان گه‌یشتووه. به كورتی ده‌توانین به‌یاننامه‌كه‌ى گرووپی (ڕوانگه) به به‌یاننامه‌یه‌كی (نه‌ته‌وه‌یی- ڕ‌ۆشنبیرى) نوێخوازى و نوێكردنه‌وه ناو ببه‌ین، كه هه‌موو شتێكی كۆن ڕەت ناكاته‌وه، ئه‌ویش له تێڕوانینێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه.
هه‌ردوو گرووپه‌كه له‌لایه‌ن سه‌له‌فییه‌كان (سەلەفی ئەدەبی نەک ئاینی – وەرگێڕ) و پابه‌ندبووانی ئایدۆلۆژییه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه جۆراوجۆره‌كانه‌وه دووچارى شه‌ڕ و گێچەڵپێكردنێكى دژوار بوونه‌وه و له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانى ناودار و نیوچه‌ڕه‌خنه‌گر و خوێنه‌رانی زیره‌ك و نیوچه‌خوێنه‌رانه‌وه ڕه‌خنه‌یه‌كی توندیان لێ گیرا. هه‌ردوو گرووپه‌كه ده‌مه‌قاڵێیه‌كی توندیان لەگەڵ نه‌یارانی نوێخوازى و لایه‌نگرانی كۆندا كرد، به‌ڵام ئاكام هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتن و هه‌ندێك له ئه‌ندامانی هه‌ردوو گرووپه‌كه چه‌ند ده‌قێكی نوێخوازانه‌ى نه‌مریان له جوگرافیاى ئه‌ده‌بی نوێى كوردیدا تۆماركرد.
جێى ئاماژه‌یشه، كه ده‌مه‌قاڵێیه‌كی دژواریش له‌نێوان هه‌ندێك له ئه‌ندامانی هه‌ردوو گرووپه‌كه، گرووپى (كفرى) و گرووپى (ڕوانگه)دا به‌رپابوو، كه تا ئێسته‌یش ئاگره‌كه‌ى لێره و له‌وێ دووكه‌ڵى لێ به‌رز ده‌بێته‌وه. ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر گرووپه له لایه‌ك و هه‌ندێك له ئه‌ندامانی هه‌ردوو گرووپه‌كه‌یش خۆیان له كرده‌ى نوێخوازى كوردی له رووى تیورداڕێژى و جێبه‌جێكردنه‌وه به پێشه‌نگ ده‌زانن.
له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و دوو گرووپه‌یش له‌و ساڵانه‌دا چه‌ند ناوێكى ده‌ركه‌وتووى شیعری په‌یدابوون، له گرنگترین ئه‌و ناوانه‌یش: (ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د)، (عه‌بدوڵڵا په‌شێو)، (سه‌ڵاح شوان)، (سه‌لام محه‌مه‌د)، (ڕه‌فیق سابیر)، (عه‌بدوڵڵا عه‌باس)، (سامى شۆڕش)، (دڵشاد مه‌ریوانى)، (محه‌مه‌د حه‌مه باقی)، (سه‌عدوڵڵا په‌رۆش)، (فه‌رید زامدار)، (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان)… تاد، هه‌ریه‌كه‌یان توانییان نوێخوازى خۆیان له بوارى شیعردا له‌و چامه و كۆشیعرییانه‌وه بسه‌لمێنن، كه له‌و ساڵانه و پاشتر بڵاویان كردنه‌وه. هه‌ر یه‌كه‌یشیان به شێوازى تایبه‌تی خۆی بوون به به‌شێك له جه‌سته‌ى نوێخوازى كوردی. ناشێت باسى شیعری نوێى كوردى و هه‌وڵه‌كانى نوێخوازى و نوێكردنه‌وه له سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاستى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابوردوو بكرێت بێ ئه‌وه‌ى ئاماژه به ڕۆڵ و هه‌وڵ و كۆششه‌كانى ئه‌و ناوانه نه‌كرێت له ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى شیعری نوێى كوردیدا.
شانبه‌شانى ئه‌و ناوه پرشنگدارانه له كۆتایی حه‌فتاكان و سه‌ره‌تاى هه‌شتاكاندا چه‌ند ناوێكى دیكه په‌یدا بوون، به‌م شێوه، یان به‌و شێوه، له سه‌رخستن و په‌ره‌پێدانى كرده‌ى نوێخوازیدا به‌شدارییان كرد، بۆیه داواى لێبووردنیان لێ ده‌كه‌م، كه له‌به‌ر كورتیی ئه‌م وتاره نه‌متوانی ناویان بهێنم و باسی ڕۆڵی هه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوه به‌هره‌دارانه‌ى میرنشینی نوێخوزاى شیعری كوردی له باشوورى كوردستان بكه‌م، كه له یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانییه‌وه به زۆر به ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه لكێنراوه، یان با به ڕوونی بڵێین له ئاكامی پیلانی به‌ریتانیا بۆ ڕازیكردنی ڕژێمه كۆنه‌په‌رسته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها `به‌ریتانیاى نامه‌زن` له‌وه‌یشدا درێغی نه‌كرد به بۆمبه ئاسمانی و زه‌مینییه‌كانی خاكی كوردستان به گشتی و شارى (سلێمانی) به تایبه‌تی بۆردوومان بكات، له‌پێناوى نه‌هێشتنی هه‌موو كۆسپه‌كان بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پیلانه ڕەشە.
٣
له هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابوردوودا له هه‌ولێر (گرووپى شیعریی پێشڕه‌و – تەلیعیەت-) دروست بوو، لەوانە: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، جه‌لال به‌رزنجى، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفى، هاشم سه‌ڕاج، محه‌مه‌د باوه‌كر. گرووپی شیعریی پێشڕەو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵه شاعیره دامه‌زرا، كه به‌هیوا بوون وه‌رزێكی باشتر بۆ شیعری كوردی بێننه كایه‌وه. هه‌ندێك له شاعیرانی ئه‌م گرووپه توانییان گۆڕانكاری نوێ له نه‌خشه‌ى شیعری نوێى كوردی به‌رپا بكه‌ن، ئه‌وه بوو (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) له ناوه‌ڕاست و له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ى ڕابوردوودا دوو كۆشیعری پڕ له ته‌كنیك و ته‌كتیكی نوێخوازانه‌ى بڵاوكرده‌وه، بریتی بوون له (ئاو: 1974) و (لم نیازمه: 1978)، هه‌ردوو كۆشیعره‌كه جێى په‌سه‌ندى لایه‌نگرانی نوێخوازى و گاڵته‌پێكردنى لایه‌نگرانی كۆن بوون. ئه‌و دوو كۆشیعره له ده‌رگه‌دانێكی نوێى ده‌روازه‌كانی نوێخوازى شیعری كوردی بوون له‌و ماوه‌یه‌دا.
له ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى ئه‌م گرووپه‌یش چه‌ند ناوێكی دیكه‌ی شیعری ده‌ركه‌وتن له‌وانه‌یش (سه‌باح ڕەنجدەر)، كه چامه درێژه نایابه‌كه‌ى: (زێوان) ناوه‌ندی شیعری كوردیی هه‌ژاند. (قوباد جه‌لی زاده)، (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ)، (نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت)، (كه‌ریم ده‌شتی) و ئه‌وانی دیكه، كه بوار نییه لێره‌دا ناویان بهێنین…
حه‌زم ده‌كرد به دوورودرێژى له‌باره‌ى هه‌ریه‌ك له‌و شاعیرانه‌وه بدوێم له‌م وتاره‌دا ناویان براوه، به‌ڵام ئاكام به باشم زانی لێره‌دا به كورتی له‌باره‌ى شاعیرى تایبه‌تمه‌ند و جیاكار (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) و چامه درێژه‌كه‌ى (زێوان) به تایبه‌تی و كۆشیعره‌كه‌ى به گشتی، كه له‌م ڕۆژانه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه، بدوێم.
(زێوان) له مانگی حوزه‌یرانی ساڵى 1988 بڵاوبووه‌وه و به بڵاوبوونه‌وه‌ى ناوه‌ندى ئه‌ده‌بى و شیعری كوردی هه‌ژاند و ناڕه‌زامه‌ندی و ره‌خنه‌لێگرتنی هه‌ندێكی لێ كه‌وته‌وه له ئاكامی زێده‌ڕۆیی و ئه‌وپه‌ڕگیری له به‌كارهێنانی زمانێكی ته‌جریدی و په‌لكوتانی به‌ره‌و كه‌ش و مه‌وداى ناواقیعییانه‌ى نامۆ له ڕۆشنبیری و بۆچوونی ئه‌و چه‌ند كه‌سه، چونكه ئه‌م جۆره زمانه و ئه‌م جۆره وێنه شیعرییانه و نغرۆبوونی ته‌مومژاوى له ئه‌ندێشه و وێناكردن و رامان و تێڕوانین جۆره شۆكێكی لاى خوێنه‌ران و رۆشنبیره ئاساییه‌كان دروستكرد:
منداڵیی هێشتان ناونه‌نراوم له‌سه‌ر ڕانی
ئه‌و ڕێیانه‌ى ده‌بنه حه‌كایه‌ت
خۆى ده‌گێڕێته‌وه
باوكه باڵنده بۆ سێبوورى باڵه ئاره‌قه كردووه‌كانت
له‌ناو لكه‌كانى دره‌ختى نێوان
دوو شه‌قامى نیوه چۆڵ هه‌ڵخه
ئه‌و ئاوه‌م له‌گه‌ڵ زیاد و كه‌مكه
له گه‌شتێكى دووبه‌ختى هاوڕێم بوو
دایكه باڵنده تۆش ئه‌و ئاوێنه نووستووه‌م
بۆ بهاوێ ناو قه‌دى دووگرد
قیژه‌ى یه‌كه‌مین كتێب
له‌ناو چاڵه‌به‌فره‌كان گوێى زرینگاندمه‌وه
به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌م چامه‌یه سه‌رنجی زۆر ڕۆشنبیر و خوێنه‌رانی به لاى خۆیدا ڕاکێشا و ئه‌ندێشه و وێنه و تێڕوانین و ڕێتمه گۆكراوه نوێیه‌كان، كه شاعیر له (زێوان)دا به‌كارى هێناون، واقوڕماوى كردن. ژماره‌یه‌ك له شاعیر و ڕه‌خنه‌گر و خوێنه‌رانى شیعر به خراپی و به باشی له‌باره‌ى چامه‌كه‌یان نووسی. (من به خۆم ئه‌و چامه‌یه به یه‌كێك له دیارترین چامه‌كانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ى رابردوو و به یارییه‌كی ئەزموونگەریی جوان و هه‌وڵێكی شیعرییانه‌ى راسته‌قینه داده‌نێم بۆ ده‌رچوونێكی دیكه له بازنه‌ى لاساییكردنه‌وه و هه‌نگاوهاویشتنه ناو زه‌مینه‌یه‌كی نوێی دیكه‌وه شانبه‌شانی هه‌وڵه نوێخوازییه‌كانی دیكه له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ى بیسته‌م)، كه له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵێك له شاعیره لاوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌دا ڕوویان دا: (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف)، (هاشم سه‌ڕاج)، (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی)، (جه‌لال به‌رزنجی)، (قوباد جه‌لی زاده)، (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ)، (نه‌وزاد ره‌فعه‌ت)، (محه‌مه‌د باوه‌كر) و ئه‌وانی دیكه.
به‌بۆنه‌ى ده‌رچوونی ته‌واوى كۆشیعری شاعیری تایبه‌تمه‌ند و جیاكار (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، كه كۆشیعرێكه له دوو به‌شى گه‌وره پێكدێت به‌سه‌رناوى (سى ساڵ شیعر) ده‌ڵێم: خۆزگه (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ده‌یتوانی له‌و شێوازه شیعرییه‌ى خۆى تێپه‌ڕێنێت، كه له نۆبه‌ره شیعرییه تایبه‌تمه‌ند و جیاكاره‌كه‌ی (زێوان)دا تاقیكردووه‌ته‌وه و شێواز و قاڵب و جۆرى دیكه‌ى شیعریی تاقی ده‌كرده‌وه، تا له‌ناو یه‌ك جۆره شێوازى شیعریدا گیری نه‌ده‌خوارد، چونكه شیعر هێڵێكی ته‌ریب نییه، به‌ڵكو دره‌ختێكی پێگه‌یشتووه، ڕه‌گ و ڕیشه‌كانی چه‌سپاو و جێگر لكه‌كانی په‌رتوبڵاو و بێشومارن. پاش بڵاوبوونه‌وه‌ى ته‌واوى كۆشیعرییه‌كه‌ى. كاتی ئه‌وه هاتووه شێواز و جۆرى نوێى دیكه‌ى شیعری تاقی بكاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ى گوێى خوێنه‌رانی پێ بهه‌ژێنێت و پێپلكه‌ى ژێر پێ و هه‌ست و نه‌ستیان بله‌رزێنێت، به خۆى شیعر هه‌ژان و له‌رزین و له‌و جۆره شته‌یه.
كانوونی دووه‌می 2012 سلێمانی
سەرچاوە:
گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ – عەرەبی)، ژمارە (٣٢)، ساڵی ٢٠١٢، ل: ٧٤-٧٨