ماركێز- به‌یادی سۆزانیه‌ غه‌مباره‌كانم - و. ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین - بڵاوكراوه‌ی خانه‌ی وه‌فایی ٢٠١٧

ئه‌شق، ئه‌ڤینداری و مردن به‌ته‌نهایی


Loading

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس؛ محه‌مه‌د چاوشین

گابرێل گارسیا مارکیز (١٩٢٨ – ٢٠١٤)، لەناو دنیای ئەدەبیاتی جیهانیدا ناوێکی درەوشاوەیە، لەلای ئێمەی کوردیش ناوێکی ناسراوە. لەم چەند ساڵەی دوایشدا چەند بەرهەمێکی ئەو نووسەرەی ئه‌مریکای لاتینمان بۆ کراوەتە کوردی کە (سەد ساڵ تەنیایی) هەرە بەناوبانگترینەکەیانە.

من هەوڵدەدەم لێرەدا بە کورتی باسی ڕۆمانی( بەیادی سۆزانییە غەمبارەکانم) بکەم کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٤ بە زمانی ئێسپانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە و سێهه‌مین جار  چاپی   لە ساڵی ٢٠١٧ له‌لایه‌ن  ( ماڵی وەفایی )  بڵایکردۆتەوە، کە نوسەر و وەرگێر  (ئیسماعیل حەمەئەمین)، لە زمانی ئه‌ڵمانییەوە کردوویەتی بە کوردی. یه‌كه‌مین چاپی ئه‌م ڕۆمانه‌ ساڵی  ٢٠٠٧ بوو كه‌ ده‌زگای په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ی (ڕه‌نج ) له‌چاپی دابوو و دووهه‌مین چاپیشت ساڵی ٢٠١٣ بوو، له‌لایه‌ن خانه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.

 

ڕۆمانەکە لێرەوە دەستپێدەکات: ڕۆژنامەنوسێکی پیری بەساڵاچوو، تەواوی ژیانی بە ڕه‌به‌نی و بە تەنیایی بەسەربردووە.. ئەگەرچی لە  نه‌وه‌د ساڵەی تەمەنی نزیکبۆتەوە، بەڵام هیچ هاوڕێیەکی نەبووە، قەت تێکەڵی دنیای ئەڤینداری و خۆشەویستیی نەبووە.لەتەمەنی ١٣ ساڵییەوە تێکەڵی دنیای ژنە لەشفرۆشەکان دەبێت. بەشێوەیەک کە تا تەمەنی په‌نجا  ساڵی، لەگەڵ ٥١٤ ژنی لەشفرۆشدا خەوتووە. پیرە ڕۆژنامەنووس کە هاوکات حیکایەتخوانی ڕۆمانەکەیشە و سەربووردەی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە، لە شوێنێکدا دەڵێت:

“هەرکەسێک پرسیاری ئەوەم لێ بکات بۆچی ژنم نەهێناوە؟ تاکە وەڵامی ڕاستگۆیانە ئەوەیە: سۆزانیەکان بواریان نەدام، ئەو ڕاستییەشم لە تەمەنی نه‌وه‌د ساڵیدا بۆ دەرکەوت”.

لە بیرەوەری نه‌وه‌د  ساڵەی تەمەنیدا، ئەو ڕۆژنامەنووسە دەیەوێت شەوێکی سووری پڕ لە ڕۆمانسی و ئەڤیندارانە لەگەڵ کیژۆڵەیەکی ناسک، کیژۆڵەیەکی دەست لێ نەدراو و پەردە پەمەیی بەسەر ببات. دەیەوێ وەکوو دیارییەک بۆ یادی نه‌وه‌د  ساڵەی تەمەنی، پەردەی کچێنی کیژێکی ناسکۆڵە بدڕێنێت. بۆ ئەو مەبەستە پەنا بۆ ژنێکی سۆزانی دەبات کە پێشتر ناسیویەتی و لە لاچەپەکێکی شاردا خاوەنی قەحبەخانەیەکە. ئەو ژنە ناوی (ڕۆزا کاباراکاس)ه‌.  ڕۆزا بێ دودڵی بەڵێنی هاوکاری پێ دەدات. لەماوەیەکی کورتدا، کچێکی جوانی تەمەن چوارده‌ ساڵی بۆ دەدۆزێتەوە. ئەو کچە ناوی(دێلگادینا)یە و لە کارگەیەکی جل و بەرگدا قۆپچە دەدورێتەوە. خەمی ژیانی دایکێکی پیر و کۆمەڵێک خوشک و برای لەبەرە و ڕۆژانە خەریکی کارە.

 

لە شەوی جه‌ژنی  ساڵەی لەدایک بوونیدا، خاوەنی قەحپەخانەکە، بانگهێشتی پیرە ڕۆژنامەنووس دەکات بۆ شوێنی دیاریکراو کە هەموو شتێک ئامادەیە. (ڕۆزا) خاوەنی قەحپەخانەکە، جۆرە دەرمانێکی هێور کەرەوەی داوە بەو کچە بۆئەوەی لەکاتی سەرجێیدا نەترسێت لە خوێن لەبەر ڕۆیشتن. بەڵام لەژێر کاریگەری ئەو دەرمانەدا، کیژۆڵەکە خەبەری نابێتەوە و دەچێتە خەوێکی قوڵەوە. پیرەی ڕۆژنامەنووس، هەرکە چاوی بەو کێژە ناسکۆڵە و ڕووتە دەکەوێت کە لەسەر قەرەوێڵەیەک ڕاکشاوە، دەکەوێتە داوی ئەڤینداریی ئەو کچەوە. ئەگەرچی هەندێک دەستی بە سەر و جەستەیدا دێنێت، بەڵام دڵی نایەت کیژەکە لەخەو هەستێنێت و …. ئیتر بەو شێوەیە.

پیرە ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەیەکدا گۆشەیەکی ڕۆژنامەنوسی هەیە و هەموو ڕۆژانی یەکشەمەیەک سەبارەت بە هوونەر و مۆسیقا دەنوسێت. لەم ڕێگەیەشەوە خەرجی ژیانی خۆی دابین دەکات. بەڵام کاتێک دەکەوێتە داوی ئەو کیژە ناسکۆڵەیەوە، ناوەرۆکی نووسینەکانی خۆی دەگۆڕێت بۆ نوسینی نامەی خۆشەویستی و ئەڤیندارانە.

بەمشێوەیە ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات، تەنانەت لە رادیۆکانیشەوە نوسینەکانی دەخۆێندرێنەوە. بەشێوەیەکی گشتی، ئەو ڕۆمانە ڕوانگە و تێڕوانینی (مارکیز ) ە بۆ چەمکی پیری، ژیان و ئەڤینداری لە سەردەمی هەڵکشانی تەمەندا.

مارکیز لەم ڕۆمانەیدا دەیەوێت هێڵێکی گەورە لە نیوان چێژی سێکسی و چێژی ئەڤینداری و خۆشەویستیدا بکێشێت. پیرە ڕۆژنامەنووس ئەگەرچی لەگەڵ سەدان ژن خەوتووە و سێکسی لەگەڵ کردوون، بەڵام هیچ کامیان تامی ئەو چرکاساتەی نەبووە کە پیرەی نه‌وه‌د ساڵان بەچاوی خۆشەویستی و ئەڤینداری لەو کیژە ناسکەی ڕوانیوە و شەیدای بووە. دیەوێت بڵێت: مرۆڤ دەتوانێ لە تەمەنی پیریشدا بکەوێتە داوی ئەڤیندارییەوە،

ئەڤینداری ڕوانگەیەکی دیکەت بۆ ژیان و بۆ دەوروبەر پێ نیشان دەدات، ئەڤینداری هەستی نوێبوونەوەت پێ دەبەخشی و لە داڕوخانی دەروونی و هەستکردن بە پیری و تەنیایی دوورتدەخاتەوە.

مارکیز لە چەند شوێنێکی ئەو ڕۆمانەدا بەوردی باسی ئەو بابەتە دەکات، دەیەوێ بڵێ” پیربوونی جەستەیی جیاوازە لە پیربوونی ناخ و دەروون”. بۆیە لە لاپەڕە ١٥٨ ئەم ڕۆمانەدا دەڵێت:

“بە ئازایەتییەک کە خۆیشم چاوەڕوانم نەدەکرد گوتم: من پیر دەبم کاسێلدا، پیر دەبم…. کاسێلدا ئاهێکی هەڵکێشا و گوتی: نەخێر…. ئێمە تازە پیر بووین، لە ناوەوە هەست بە پیربوون ناکەین، بەڵام لە دەرەوە هەموو دنیا بە پیری دەمانبینن”.. یان دەڵێت: “هیچ شتێک لەوە نەگبەت تر نییە مرۆڤ بە تەنیا بمرێت”. (لاپەڕە ١٥٩)

ڕۆمانێکی چێژ بەخشە، بۆ ئەوە دەشێ چەند کاتژمێرێک لەکاتی خۆتی بۆ تەرخان بکەی و بیخوێنیتەوە. چونکە یەکیکە لە ڕۆمانە جوانەکانی ئه‌مریکای لاتین و هەموو جیهانیش.

سوپاس بو ماڵی وەفایی، سپاس بۆ نوسەر و وەرگێڕ”ئیسماعیل حەمەئەمین ” کە بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە، کتێبخانەی کوردییان دەوڵەمەندتر کرد.

قەڵادزێ ٨/ ٥/ ٢٠١٩

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.