شانۆگه‌ری (مۆسیقای زستان) - لاش نۆرین

کۆڕاڵی مەرگ لە مۆسیقای زستاندا


Loading

 

شانۆنامەنووسی سوێدی (لاش نۆرێن) تەمەنی حەفتا ساڵی تێپەڕاندوە و هەست دەکات بەرەو دوا وێستگەکانی ژیان دەڕوات و لە یاداشت و دیدارەکانیشیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، کە بەرەو مەرگ دەڕوات. ئەم هەستەی خۆی لە دەقێکی تازەیدا ده‌ربڕیوه‌ و هەوڵی داوە، لە دوورەوە لە نزیکبوونه‌وه‌ی مەرگ بدوێت. مەرگ هەمیشە وەک تەنگەژەیەکی خودگەرا لە دەقەکانی نۆرێندا بوونی هەبووە و کاری لەسەر کراوە. ئەم کارە نوێیەشی هەنگاوێکە بۆ زیاتر نزیکبوونه‌وه‌ لە چەمکەکانی مەرگ لای مرۆڤ، مەرگ لە ژیاندا و مەرگ، وەک پێکهاتە و تەواوکەری ژیان.

(مۆسیقای زستان) کە دوا دەقی نۆرێن-ە ڕەوشی ژیانی کۆمەڵێک مرۆڤی پیر، کە بە ڕێگەوەن ژیان بەجێ بهێڵن، بەرجەستە دەکات. نۆرێن لەم دەقەیدا، کار لەسەر زمان دەکات، ئەو زمانەی لای پیرەکان جۆرە فۆرم و گوزارشتێکی تایبەت لەخۆ دەگرێت. خودی دەقەکە جۆرە کۆڕاڵێکە، کارەکتەرە پیرەکان، بە زمانێکی داماڵراو و چڕ و کورتکراوە، لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیاندا، بە کۆرس دوا گۆرانی بۆ ژیانی ڕابردووی خۆیان دەڵێن. لەم کۆرسەدا، کارەکتەرەکان هەست بە تەنیایی و ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن، تووڕە دەبن، پێدەکەنن، هەڵدەچن، دڵنەوایی یه‌کتر دەکەن و جاری وایش هەیە، سەرکۆنەی یەکتری دەکەن.

دەقەکە نەفەسێکی ئێکسپرۆشۆنیزم لەخۆ دەگرێت، باسی مەرگ لە ژیان و ژیان لە مەرگدا دەکات و کات دەبێتە ئامڕازێک، فۆرمێک ژیان و مەرگ پێکەوە دەبەستێتەوە و ئاوێزانی یەکترییان دەکات. نۆرێن دەیەوێت ئەوە دووپات بکاتەوە، کە مردن مانایەکی تایبەت بە ژیان دەبەخشێت.

 

دە کارەکتەری خانەنشین، لە گەشتێکی بە کۆمەڵدا، لە کەناری دەریایەکدا ڕووبەرووی ڕاستیەکان، خۆیان، یەکتری و ئەو دونیایەیش دەبنەوە، کە چاوەڕوانییان دەکات. ئەم کارەکتەرانە، لەم گەشتەدا، هێدی هێدی دەیانەوێت ماڵئاوایی لە ژیان و هەروەها لە زمانیش بکەن، ئەو زمانەی لە جەستە و تەمەنیاندا گەشەی کردووە و ئێستا ئەو گەشەیە، ڕێچکەیەکی پێچەوانەی گرتووە. وشە و ڕستەکان دەبڕسکێن، پەیڤەکان کورت بوونەتەوە، گوزارشتەکان ڕوویەکی تری ساکاری وەرگرتوە و زمان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخە سەرەتاییەکانی ژیان، بۆ دارە دار و بۆ سەرلەنوێ زمان پژان و فێربوونەوەی زمان.

لەم ڕەوشەدا، دیالۆگی کارەکتەرەکان پەیڕەوی لۆژیکی دراماتۆرگی دەقی شانۆیی ناکات، بەڵکو پابەندی لۆژیکێکی تایبەت بە خۆیەتی؛ لۆژیکی بیرچوونەوە و دووبارەبوونەوەیەکی بەردەوام. دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان لەم دووبارەبوونەوەیەدا فۆرمێکی تر لەخۆ دەگرێت و هەندێک جار دەبێتە ڕستە و دەستەواژەی ئامادە و پەیڤی بێ مانا. لەم ڕووەوە ئەم دەقە نوێیەی نۆرێن، کارکردنە لەسەر زمان لە مرۆڤدا؛ پیربوون چی لە زمانی ئاخافتن و ژیانی ڕۆژانە و پێوەندییەکانمان دەکات. زمان لەم دەقەدا، لە بێدەنگیدا گەشە دەکات، لە بێدەنگیدا دەدوێت و هەر لە بێدەنگیشدا دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان دروست دەبێت. لەم بێدەنگییەی زماندا، لە به‌دحاڵیبوون و لە قسه‌نه‌کردنی کارەکتەرەکاندا، ڕەوشێکی کۆمیدی دەخوڵقێنێت؛ لەم ڕەوشەدا، باسی کەش و هەوا و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و وشەڕی نێوان ژن و مێردێک دەبێتە ستراکتوری دیمەنەکان. لەم ڕەوشە کۆمیدی و لەم دیمەنە ساکار و پڕ لە به‌دحاڵیبوون و هەندێک جار قەرەباڵغەی نێوان کارەکتەرەکاندا، تەنیایی، دابڕان، یادکردنەوە و لەبیرچوونەوە، وەک نەخۆشییەک لای پیرەکان، دەبێتە ئەو تراجیدیایەی لەنێو دیمەنە کۆمیدییەکانەوە گەشە دەکەن.

ئەم کارەکتەرانە، کە لە لێواری مەرگدان، هیچ شتێک نییە باسی بکەن، لەگەڵ ئەوەیشدا بە بەردەوامی قسە دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ بڵێن، بۆ نموونە: خەریکە تاریک دادێت، کاتی نانی ئێوارەیە، چەند خۆشە لێرەدا دانیشتن، کاتی ئەوە هاتووە بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ماڵەوە، خەریکە دنیا سارد دەبێت… هتد. ئەم جۆرە پەیڤ و دیالۆگانە، لای نۆرێن و لە وێناکردنی ئەم کارەکتەرانەدا، بە تایبەتی لە چڕکردنەوە و کورتکردنەوە و داماڵینی زماندا، مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەم کارەکتەرانە هیچیان نییە قسەی لەسەر بکەن، بەڵکو سه‌رقاڵبوونی کارەکتەرەکانە بەو ژیانەوە، کە ئەوان هەست دەکەن گەیشتوونەتە دوا وێستگەکانی. دەقەکە لە ریتواڵێکی تایبەت بە ژیانی کارەکتەرەکاندا دەژی، ماناکانی خۆی لە بێمانایی دیالۆگ و بەتاڵبوونەوەی ژیان و نزیکبوونەوە لە مەرگەوە وەردەگرێت و بەهایەکی تر، قووڵ و هەندێک جار پڕ لە ئازار، لە ئەتمۆسفێرێکی کۆمیدیدا، دەبەخشێت بە دەقەکە.

ئەم کارەکتەرانە، لەم کەناری دەریایەدا ڕاوەستاون، یان لە ژووری هوتێلەکانییان دانیشتون، لە هەردوو بارودۆخەکەدا یان لە هەر ڕەوشێکی تردا، بەرەو نەمان دەڕۆن، جەستە و زمان، ئەو زمانەی پێی دەدوێن، پێکەوە لە پرۆسەیەکی گەشە سروشتییەکەی مرۆڤدا، بەرەو نەمان و لەناوچوون دەڕوات. جەستەی مرۆڤ لە منداڵێکی ساواوە گەشە دەکات بۆ مرۆڤێکی کامڵ، زمان لە گارەگارەوە دەبێتە زمانێکی گوزارشتئامێز و ئامڕازێکی گرینگی پێوەندییەکانمان. ئەو گەشەیە، ناوه‌ستێت و لە کۆتاییدا ئاڕاستەیەکی پێچەوانە وەردەگرێت، گەشەی جەستە بەرەو نەمان و زمانیش بەرەو بیرچوونەوە و داماڵینێکی تەواو، کە لە ئەنجامدا لای هەندێک تەنیا لە چەند وشەیەک زیاتر، هیچیتری لێ نامێنێتەوە.

دیمەنەکان، لەنێوان کەناری دەریا و بۆ نموونە ئەو هوتێلەی تیا دەژین، بە خێرایی و بە شێوە و لە فۆرمێکی شانۆیی و وێنەیدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؛ دێتە پێشەوە و دەچێتە دواوە و ئەو ژوورانە دروست دەکات، کە پڕە لە تەنیایی و ئەو بۆشاییە رۆحییەی، کارەکتەرەکان بەرەو مەرگ دەبات. لە پەردەی یەکەمدا، هەموو کارەکتەرەکان لە کەناری دەریا و لەناو خۆڵه‌مێشێکدا وەستاون (کەنار دەریاکە، وەک خۆڵەمێشێکی دوای ئاگر ڕەساسییەکی ڕەشە، وەک سمبۆلێک، بۆ خۆڵەمێشی سووتاندنی جەستەی مرۆڤ، دوای مردن) لە پەردەی دووەمدا، هەموویان بە ریز لەسەر کورسی و لە قووڵایی شانۆکەدا دانیشتوون، کە زۆر بە هێواشی دێتە پێشەوە بۆ بەردەمی شانۆکە، هەر بە هێواشی و وەک سمبۆلێک بۆ پیربوون، کورسییەکان بەبێ ئەوەی هەستی پێبکرێت پارچە پارچە دەبن و لێک دەترازێن، بۆ نموونە، قۆلێکی کورسییەک لێ دەبێتەوە، پشتی کورسییەکی تر بە دیوارەکەوە دەمێنێتەوە و کورسییەک بەبێ پشت دێتە پێشەوە یان تەنها شوێنی دانیشتنەکە، بە تەنیا دەمێنێتەوە.

هەندێک لە ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە مۆسیقای زستان جۆرێکە لە (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە)، گۆدۆ مەرگێکی ڕەهایە و هەر دێت، بەڵام لای ئەم کارەکتەرانە، گۆدۆ لەودیو دەرگاکەوەیە و هێندەی نەماوە بێتە ژوورەوە.

سوڕی ژیان لای ئەم دە کارەکتەرە بە تەمەنە، کۆتایی هاتووە و هێندەی نەماوە ببنە خۆڵەمێش، خۆڵەمێش بە مانا سمبۆلییەکەیی و هەروەها بە مانا فیزیکییەکەیش. لەنێو ئەم گروپەدا، ژن و مێردێک هەن، تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بوون، لەم بیرچوونەوەیەی ئێستایاندا، لە دوا وێستگەکانی تەمەندا، کاتە جوداکان لە تووڕەبوونێکی هەمیشەیدا دووبارە ده‌بنه‌وه‌. ئازار و ژانی ئەم دوو مرۆڤە، لە کارەسات و ژیانێکی جۆراوجۆری هاوسەرگیری و دووبارەبوونەوە و تووڕەبوون و سەرکۆنەکردندا، لەبیرچوونەوەیەکی بەردەوامدا، بەرجەستە دەبێتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی هەموو کارەکتەرەکان خەمێکی قورسییان هەیە، هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەشیمانن لەو ژیانەی ئێستا لە دوای خۆیانەوە بە جێیان هێشتوە، چۆن تێ پەڕیوە. هەموویان بە بەردەوامی قسە دەکەن، وەک ئەوەی بە دەنگی بەرز، سەبارەت بەو ژیانەی تێ پەڕیوە، هەروەها مەرگ، کە چاوەڕوانیانە، بۆ خۆیان بدوێن.

نۆرێن، ئەم دەقە تراجیدیایە دەکاتە کۆمیدیای ئازارەکانی مرۆڤ، کۆمیدیایەکی خواوەندی بۆ مەرگ و کۆڕاڵێکی تراجیدی بۆ دواڕۆژه‌کانی ئەو مرۆڤانەی بەرێی مەرگەوەن. ئەم کارەکتەرانە، چاوەڕوانی ئەوەن بە شێوەیەکی شایستە بمرن، هاوکات دەیانەوێت کەسانێکی زۆر ئامادەی بە خاک سپاردنەکەیان ببن. لەم تراجیدی کۆمیدیایەدا، هێدی هێدی هەموو شتەکان، وەک جەستەی مرۆڤ هه‌ڵده‌وه‌شێن، مرۆڤە پیرەکان سەرلەنوێ دەبنەوە بە منداڵ و یادەوەرییەکان، لە چاوتروکانێکدا دەبنە کۆمەڵێک وێنەی ڕەش و سپی. هەموو شتێک لە بێدەنگییەکی ڕەهادا دەمێنێتەوە. بێدەنگی دەبێتە ئەو زمانەی پیرەکان، لە دواجاردا بە منداڵی بەکاریان هێناوە و قسەیان پێکردووە، ئەو بێدەنگییە ترسناکەی دوا ساتەکانی ژیانی تیا بەرجەستە دەبێت.

 

ته‌واو

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین