شیوا میره‌كی

زمانی دایکی و مەترسییەکانی بەردەمی


Loading

زمان کۆڵەکە و بنەڕەتی مانەوەی هەر نەتەوەیێک بەئەژمار دێ. سەرەكیترین جیاوازی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ توانای قسەکردنە کە بۆ مرۆڤ گرینگترین و پێشکەوتووترین شێوەیه‌ بۆ په‌یوەندیگرتن لەگەڵ یەکتر واتا کەڵک‌ وەرگرتن لە زمان بۆ ئاڵۆگۆڕی بیروڕای بە کارهێناوە. فێربوونی هەر زمانێ چەند قۆناغی بیستن، ئاخاوتن، خوێندن و نوسینی هەیە. ئەگەرچی زمان وەکوو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان بەکار دەهێنرێ، بەڵام هاوکات لە زۆربەی شوێنەکان وەکو ئامرازێک بۆ تواندنەوەی شوناسی کەمینەکان لە لایەن دەسەڵاتە پاوانخوازەکان کەڵکی لێ وەردەگیردرێ.

 

 

بە وتەی جون ستیوارت میل؛ کاتێ داگیرکەر بیهەوێ نەتەوەیێک بکاتە کۆیلە و بە دوای خۆیدا ڕایبکێشێ سەرەتا زمان و شوناسەکەی دەکاتە ئامانج. نەتەوەیه‌کیش کە زمان و کولتووری لە دەست دا دەتوێتەوە. کاتێ تەواوی کەڵک وەرگرتنی مرۆڤ لە زمانی دایکی تەنیا قسەکردن بێت و پاڵپشتی نوسینی لە گەڵدا نەبێ، وشەکان وردە وردە لە بەین دەچێ و ئەو زمانە لاواز دەکرێ. کاتێ زمانی نەتەوەیێک لاواز بکرێ سڕینەوەی مێژووی زۆر ئاسانە .

 

 

لە سەرانسەری جیهان نزیک بە 6800 زمان هەیە کە 3800 لەو زمانانە لە مەترسی لە ناوچوونن . له ڕوانگەی یۆنسکۆ هەموو زمانە دایکییەکان شایانی ئەوەن کە بناسرێن، شەرعیەتییان پێ بدرێت و لە هەموو بوارەکانی ژیان و بازنەی گشتیی، بایەخیان پێ ببەخشرێت؛ بەڵام ئەوه شتێک نییە کە بەکردەوە ڕووی دابێت! زمانە دایکییەکان زۆربەیان بەپێی پێویست پێگەی زمانی نەتەوەییان نییە، نەبوونەتە زمانی فەرمی و تەنانەت پێگەی زمانی پەروەردەشیان نییه و ئەوەش دەتۆانێ ببێتە هۆی کەم کردنەوەی بایەخی خۆرسکی زمانی دایکی و مەرگی یەکجارەیی ئەو زمانە لە درێژخایەن. لە ساڵوەگەڕی رۆژیی جیهانی زمانی دایکی، ئێمە دەبێ وەبیرمان بێتەوە کە “هەموو زمانە دایکییەکان جێگەی بایەخن و هەمووان بۆ سەقامگیری گشتی و گەشەی بەردەوام پێویستن”.

 

 

زمانی دایکی بۆ خوێندەواری پێویستی سەرەکییە لە بەر ئەوەی کە لە ساڵەکانی سەرەتایی خوێندن بەهرەکانی بنەڕەتی، خوێندن، نوسین و هەروەها پڕۆسەی فێربوون ئاسان دەکات. بەهرەیێک کە بنەما و بنەڕەتی گەشەی کەسایەتی مندالان درووست دەکات. زمانی دایکی هەروەها دەرخستنێکی تایبەتە لە شوناس و توانای داهێنەریی و سەرچاوەیەکە بۆ زانست و داهێنان . بەڵام بەوەشەوە زمانی پەروەردە لە ساڵەکانی سەرەتای خۆێندن بەدەگمەن زمانی دایکی منداڵانی قۆتابیيە. بەگۆتەی یۆنسکۆ، نزیکەی لە سەدا چلی دانیشتووانی جیهان دەستیان بە سیستەمی پەروەردە بە زمانی دایکی ڕاناگات. لە کاتێکدا زۆربەی لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە کە زمانی دایک پرۆسەی فێربوونی گشتی و فێربوونی زمانەکانی‌تر ئاسانتر دەکات. بە گوێرەی ڕاگەیاندنی یۆنسکۆ هەر کەس بە زمانی خۆی نەخوێنێ و نەنووسێ نەخوێندەوار دێتە ژمار.

 

منداڵ پاش لە دایک‌بوونی و بۆ په‌یوەندیگرتن لە گەڵ دەوروبەری خۆی فێری زمان دەبێت و زمان دەبێتە کەرەستەیێک بۆ فێربوون و ناسین و ناساندنی شوناسی تاکەکەسی و بە کۆمەڵی خۆی لە کۆمەڵگا . زمان کاتی دووگیان‌بوونی دایک لە سێ مانگان‌دا ئاشنای ڕۆح و مێشکی منداڵ دەبێ و دەبێتە هۆی ئەوەی بنەڕەتی کۆدی ژنتیکی بە شێوازی زمانی دایکی دابنرێت. بەڵام ئەگەر کاتی بەدنیاهاتنی منداڵ بە زمانی دایکی قسەی لەگەڵدا نەکرێ، ئەو کۆدە بە یەکجاری دەشێوێ.

 

فێرکاری بە زمانی دایکی هۆکاری دوورکەوتنەوە یان جیابوونەوەی نەتەوەکان نییە، بەڵکوو لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسییەکان دەریان خستووە کە سیاسەتی چەند زمانی لە کاروباری پەروەردەییدا کاریگەری زۆری لەسەر ڕاگرتن و پەرەسەندن و گەشەکردنی فەرهەنگە نەتەوەییەکان هەیە .

 

دوکتور کانگاس تیۆریسیەن لە بواری زمان دایکی لەوبارەیەوە دەڵێت: “زمانی دایکی زمانێکە کە مرۆڤ لە ڕێگای ئەوە بیر دەکاتەوە و خەون دەبینێت. لە ڕاستیدا زمانی دایکی وەکوو پێستی لەشە و زمانەکانی‌ تر ئاسەڕێ زیاتر نین”. هونەر سەرەکی‌ترین ئاستی بەرزی مرۆڤە کە لە ڕێگەی زانست و مەنتقەوە پێکنایە. زمانی دووهەم لە ڕێگەی ڕاهێنان و بە شێوەی خۆوشیارانە فێر دەبین، بەڵام ناوشیارانە فێری زمانی دایکی دەبین بۆیە لە نێوان زمانی دایکی و هونەر هاوئاهەنگی هەیە؛ لە نێوان دوو شت کە سەرچاوە لە دنیای ناوشیاری مرۆڤەکان دەگرن.

 

بە پەراوێزخستنی زمانی دایکی، توندوتیژی بەرانبەر بە مناڵانە و پێویستە بهزووترین کات چارەدۆزییەک بۆ ئەو شێوە توندوتیژیانە بکرێت. چونکە کاتێ لەگەڵ منداڵ بە زمانێ جگە لە زمانی دایکی قسە دەکرێ، دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە دایک و باوک و بنەماڵەکەی سووک بڕوانێ. منداڵ لەو کاتەدا بیردەکاتەوە بنەماڵەکەی باشترین شتیان بۆی دەوێ و ئەمە دەبێتە هۆی جۆرێک دژوازی لە دەروونیدا کە لە درێژەی زەمان تووشی هەستی پووچی دەکا و لە پرۆسەی فێربووندا تووشی کێشە دەبێ، متمانە بەخۆی لە کۆمەڵگا لە دەست دەدا و ناتوانێ بە باشی لە نیوان دەروونی خۆی و دنیای دەرەو پێوەندی ساز بکات.

 

دیارە گاڵتە و سووکایەتی کردن بە زمانی دایکی، دەبێتە هۆی هەستی خۆ بەکەم زانین و ئەو ڕەوتە تا ڕادەیەک ڕێخۆشکەر ده‌بێ بۆ هێژموونی دەسەڵاتی باڵادەس و دور کەوتنەوە و تەنانەت نکۆڵی تاک لە ناسنامە و شوناسی سەرەکی خۆی، کە ئەمیان ڕووی دووهەمی بە پەراوێزخرانی زمانی دایکه‌، واتە ئاسمیلاسیون یان تواندنەوەی گرووپێک بە شوناسی جیاواز لە نێو گرووپێکی دیکە، لە ڕێگەی باڵا دەستی و هێژموونیی فەرهەنگ و زمانی زاڵە. ئاسمیلاسیۆن دەبێتە هۆی لە ناوچوونی گروپێک بە شێوەیەک نەرم و نادیار.  بۆ وێنە کاتێک کە زمانی میللەتێک یاساغ بکرێت و بە کار نەبرێ، دیارە ئەو زمانە دەکەویتە بەر مەترسی کاڵ بوونەوەوە و بگرە لەناوچوون. ڕوونە کاتێ زمانی نەتەوەیەک لە ناو بچێ، سڕینەوەی مێژووی و یادەوەری ئەو نەتەوەیە زۆر ئاسانتر دەبێتەوە.

 

کەواتە کاتێ مرۆڤی کورد لە گەڵ منداڵی بە زمانێ جگە لە زمانی زگماکی قسە دەکات و زمانێ کە بیری پێدەکاتەوە، جیا لە زمانی خۆیەتی تووشی ئاسمیلەبوون هاتووە و شوناسی خۆی لە بیر چۆتەوە،یان کاتێ کە تەواوی کەڵک‌وەرگرتنی مرۆڤی کورد لە زمانی دایکی تەنیا لە قسەکردنی ڕۆژانەدا بێ و پاڵپشتی نووسین و پەروەردە و بیرکردنی لە گەڵ نەبێ، وشەکانی لە بیر دەچنەوە و ئەو زمانە وردە وردە بەرەو گۆڕانی نەرێنی و  تەنانەت لەناوچوون دەچێت. بەو هیوایە کە ئەم ڕۆژە ببێتە هۆی ڕاچڵەکاندنی کەمینەکان بۆ ڕێزگرتن لە خۆیان و زمانی دایکییان، چونکە پشت‌کردن لە زمانی دایکی وەکوو پشتکردن لە دایکە.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌