پەنجەرەیهکی سووتاوم هەیە
هەموو شەوێک هەرچەند لێی دەڕوانم
کوندەپەپوویهک دەبینم خوێنی لێ دەتکێت
دارستانێک دەبینم تووڕەیه
هەرچەند دەڕوانمە ئاسمان
شەڕی ئەستێرەکان دەبینم
غیرەی ڕۆژ و مانگ
هەورێک دەبینم وشک هەڵگەڕاو
نەوڕەسێک دەبینم باڵ شکاو
پەردەیهکی چڵکنم هەیە
هەربەیانیهک کە لایدەدەم
شارێکی خاپوور
ئاسکێک دەبینم بە پەتی سێدارەوە
دەریاچەیهکی بۆگەنکردوو دەبینم
پڕ لە پەپوولەی تیرۆرکراو
کۆبوونەوەی مێش و مەگەزێک دەبینم
بەسەر گوڵێکەوە
دەرگایهکی ڕزیوم هەیە
هەر ئێوارەیهک کە دەیکەمەوە
لەبەر دەرگا سەگێکی تۆپیو
پشیلەیهکی نوستوو دەبینم
هەرشەوێک کە زەنگی دەرگاکەم لێدەدات
کەس نابینم لەبەر دەرگا
کۆڵانێک دەبینم تاریک
شەقامێک دەبینم چۆڵ
پیرەدراوسێیەکم هەیە
هەر بەیانیهک کە زوو هەڵدەستم
گوێم لەدەنگی ئۆكۆردیۆنەکەیەتی
کۆکەیهک دەکۆکێت
کۆترەکان هەڵدەفڕن
پێکەنینێک پێدەکەنێت
بنمیچەکە دەلەرێنێتەوە
باخچەیهکم هەیە
پڕ لە بۆمبی نەتەقیو
پڕ لە سێوی گەنیو و ترێی ڕزیو
کە گوڵێک بۆندەکەم
خەوێک دەخەوم کە هەڵنەستم
تابلۆیهکم هەیە
پڕ لە ئەشکەوتی ڕووخاو
بۆنی دارسنەوبەرێکی توندی لێدێت
هەموو شەوێک گوێم لێیە
قەڵەڕەشێک درۆ بۆ گورگێک دەکات
شاخێک باڵەخانەیهک بەردباران
قەڵەمێکم هەیە
پڕ لە دەنگی بەندکراو
هەرکاتێک کاغەزێک دەبینێت دەگریێت
فرمێسکەکانی ڕەش ڕەش
کاغەزەکانم لێ تەڕ دەکات
پێڵاوێکم هەیە
دڕاو
زمانی کووچە و کۆڵانەکان فێربوە
حەزی بە چاخانەکانە
داوای پیاسەی کۆڵانە تاریکەکانی
منداڵیم لێدەکات
منیش بە جانتایهک بیرەوەریەوە
ئێوارەیهکی سارد
کووخەکەم بەجێدێڵم
چیدی ناگەڕێمەوە …