Loading

ئێستا تەمەنت بیست و پێنج ساڵە، ئەوەی بتناسێت ئەوە دەزانێت. بەڵام ئەو کات تەمەنت تەنیا پێنج ساڵ بوو، لە گوندێک کە خەڵکی ناحیەی (سیدەکان)یش بەتەواوی نەیاندەزانی ئەم گوندە ناوی (بێمەسوران)ـە.

تەنیا ماڵی ئێوە و مامێکت، لەگەڵ سەپانێک کە لەسەر زەوەیەکەتان خەریکی شینایی بوو لەوێ دەژیان.

خۆر بەرەو ئاوابوون دەڕۆیشت، چەندین شێوەت بەو تۆپەڵە قوڕەی نێو دەستەکانت دەدا، ئەو ڕۆژانە کۆدێک بوون تۆ بۆت نەدەکرانەوە. برایەکت گەڕایەوە ماڵەوە بە جلێکی دڕاو و ڕووخسارێکی خوێناوی. ئەوەی بەبیرت دێتەوە، ئێستا تەنیا ئەوەیە کە دایکت خەریکی لێنانی چێشتی ئێوارە بوو، سەرسوڕماو لە بینینی برایەکەت بەمجۆرە و بە شڵەژاوییەوە لێی پرسی: کێ وە ل تە کرییە؟

براکەت ئەوکات تەمەنی چواردە ساڵ بوو، بە غەمگینی، وەک کەسێکی لەخۆبایی کە شکۆی شکابێت بێدەنگ دانیشت و سەری خستە سەر هەردووک ڕانی. دایکت ئەمجارە هەڵدەستێتە سەرپێ و لێی نزیک دەبێتەوە، لێی دەپرسێتەوە:

– کا بەرێخۆ بکە من، کێ توو وە لێ کری؟ ئەو بین؟ من نەگۆتەتە نێزیکی وان نەبی؟
براکەت سەری بەرزدەکاتەوە و بە دەنگێکی نزمەوە دەڵێت: نازانم بۆ وایانلێکردم!

ئەوکات تۆ تەنیا تەمەنت پێنج ساڵ بوو، کاتێک دەیانگووت شەڕی براکوژی، تاکە وێنە بەخەیاڵی تۆدا هاتبێت شەڕی چەند خولەکی دوو برا گەورەکەت بوو.

دایکت لەبەر خۆیەوە گووتی: بابێ تە بێتەوە، دێ بێژمێ کو ئەم پێدڤییە هندی زووە لێرە بارکەین.

هێشتان تیشکی خۆر بەسەر گردی پشت ماڵتانەوە بەتەواوی ئاوا نەبوو بوو، براکەت بە سیمایەکی تەواو نائومێدانە دەڵێت: گووتیان ئەمجارە بتبینینەوە دەتکوژین، تۆ و ماڵەوەتان، خانووەکەشتان دەتەقێنینەوە.

بابلۆ پیكاسۆ ؛ لاڕیڤ -١٩٣٢
Picasso, La Rêve, c. 1932

منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان نازانێت کوشتن چییە، تەقاندنەوە چییە. تۆ هەر خەریکی ئەو قوڕەی کە لەبەردەمت یاریت پێدەکرد، خانوو و مرۆڤ و ئەسپت لێی دروستدەکرد. هەرچه‌ندە تۆ هەرگیز هیچ کەسێکی (پەکەکە)ت نەبینیبوو، تەنیا لێیان دەترسایت، بەو وەسفانەی ئەوانیتر دەیانکرد و تۆش بێ مەبەست گوێت لێیان ببوو…هەمیشە وەک کەسانێک دەهاتنە پێش چاوت کە دوو قۆچ بەسەریانەوەبێت، بە دەستێکیان شمشێر و دەستەکەیتریش تفەنگیان هەڵگرتبێت. واتدەزانی ئەوان لە دونیایەکی تره‌وه‌ هاتوون و ئامانجیان لەناوبردنی خێزانەکەتە، بەڵام تۆ نەتدەزانی مرۆڤ لەناوبردن یانی چی. ئەوان باوکتیان کوشت، تۆش هێشتان تازە تەمەنت لە شەش ساڵی نزیک دەبێتەوە، بەهیچ جۆرێک ڕووخساری باوکت بیرناکەوێتەوە، دایکت دەڵێت ئەو هەمیشە لە شاخە، گەر بێتەوە ئێمە پارێزراو نابین، ئەو لەو سەرانەوە ئێمە دەپارێزێت.

گەورە بوویت، توانیت بخوێنی و بخوێنیتەوە. بووی بە قوتابی زانکۆ و بڕیارتدا بۆ چەند ساڵێک بە تەنیا بژیت لەو شارە گەورەیەی وڵاتەکەت. لەو شارەی تێیدا بەڕەڵا بوویت، برسی بوویت، ئاشق بوویت، دڵت شکا، پێکەنی و گیرفانیشت نیو هێندەی مێشکت پڕ نەبوو.

ئێستا تەمەنت بیست و پێنج ساڵانە و لە چایخانەیەک دانیشتووی. بۆتە خوی هەمیشەییت کە دوای تەواو بوونت لە کارەکەت، ئەو کاتانەی کە مەچکۆ چۆڵە، بە کتێبێکەوە لەوێ دابنیشی و شتێک بخوێنیتەوە. بەڵام ئەمجارە دەتەوێت هەموو شتێک بە ووردی بەبیرخۆت بێنیتەوە، تەڵەیەک بۆ یادەوەری دابنێیت و نەهێڵیت هیچ ڕۆژێک لێیەوە دەرباز بێت.

تۆ زۆر ئاشنای نەبوویت، تەنانەت لە نزیکیشەوە نەتبینیبوو. بەڵام دەیانگووت ئەو شاعیرە شیعر بۆ ڕووداوەکان دەنووسێت. تۆش تەنیا بە شیعرەکانی یادەوەریت لەگەڵ کچەکاندا هەیە، بەڵام هەرگیز شاعیری دڵخوازی تۆ نەبووە. ددانی پێدادەنێیت کە سوودت لە زمانەکەی بینیووە، بەڵام ساڵی دوو هەزار و دوازدەش کە گەڕایەوە هەولێر نەڕۆیشتی بۆ کۆڕە شیعریەکەی، گووتت: شاعیری دڵخوازی من نییە، کێ دەڵێ ئەو شیعرانە دەخوێنێتەوە کە من یادەوەریم لەگەڵیاندا هەیە؟

چونکی ئەوکات تەمەنت تەنیا پێنج ساڵانێک دەبوو، بۆیە ئاگاداری بڵاوبوونەوەی کتێبە شیعریەکەی (براکوژی) نەبوویت، بەخۆت دەڵێی:
گەر بمزانیبایه‌  چی دەبوو ئەوکات؟ من خوێندەواریم نەبوو، برا و خزمەکانیشم هیچیان ئەدەب دۆست نەبوون.
بەهیچ جۆرێک بۆت گرنگ نەبووە کە کەسێکی چۆنە، یان چۆن جارێکیان لەبری هێلکە گوێزانی خستۆتە نێو تاوەی ڕۆنەوە. هەرگیز نەتپرسی کە شیعری (لە دەستم دێ)ی بۆ کێ نوسیوە و چۆن لە ڕووسیا کچێکی کوردی ناسیووە. کچەکەش بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان بێ لە کۆتاییدا ئامادە نەبووە لەگەڵی بەردەوام بیت. بەڵام هەمیشە باسی هەڵوێستە نیشتیمانیەکانی دەکەن. جارێکیان کەسێک پێی گوتبووی: شیعرەکانی تەنیا دروشمن و شیعری حەماسی دەنووسێت.

بەڵام ئەو هەرگیز شاعیری دڵخوازی تۆ نەبووە، تۆش تەنیا بە شیعرەکانی یادەوەریت لەگەڵ کچەکاندا هەبووە.

ڕاستە ئێستا تۆ تەمەنت بیست و پێنج ساڵە، بەڵام هەر بەو جۆرەبوو کە لەوێنەکەیدا بینیبووت؛ “دەگمەنن ئەو کەسانەی لە وێنەکانیان دەچن” لەبەر خۆتەوە واتگووت.

قژێکی خاوی ڕەنگ کاڵ، بڕۆکانی لە دوورەوە دیار بوون کە لەسەر یەک تاڵ ڕاینەگرتوون، ئەمەش جوانیەکیتری بە ڕوخساری بەخشیبوو. سووراوێکی کەمی لەلێوەکانیدابوو، پێت سەیر بوو کچێک بێ بەکارهێنانی فاوندەیشن و ئەساس و کونتور و کۆنسیلەر و شادۆ و جۆرەها کەرەستەیتری خۆڕازاندنەوە، بەم ماکیاژە کەمەوە هێندە جوان دەرکەوێت(بەڵام جوانی شتێکی نوێ نییە).

ئەو کچەی کە دوای ئەم دیدارە تا نزیکەی ساڵێک هەموو ڕۆژانی شەممە لەو پارکە بچووکەی بەرامبەر کۆلێژی کشتوکاڵ دەتبینی و هەموو شەوێکیش گۆرانی (بەڵێن بدە)ی بۆ دەگووتی و تۆش شیعری (خاتوونەکەم)ت بۆ دەخوێندەوە، هەموو بەیانانیش یەکەم کەس گوێت لە دەنگی دەبوو؛چونکی درەنگ دەخەوتی و بۆ ئەوەی درەنگ نەکەویت هەموو بەیانیێک بە تەلەفۆن لە خەوی هەڵدەستاندی …

ئێستا وا بۆ یەکەمین جار لە نزیکەوە دەیبینی. لەسەر کورسیەکە هەستایە سەرپێ و ئەویش بەرە و ڕووت دەهات، دیوانی “گۆران”ی بەدەستەوە بوو. ئیتر شەممەکان بوون بە یادەوەریت، یادەوەریێک کە لە کۆڵت نابنەوە و هەموو هەفتەیەک دەبێت بەتەنیا بەرەنگاری ڕۆژی شەممە ببیەوە. ناشتوانیت بۆ ڕاونانی دێوی یادەوەری شەممەکان بگەڕێیتەوە نێو حیکایەکانی داپیرەت کە هەمیشە بە دەرزی و سووژن دێوەزمەکانی ڕاودەنا. گەر قورئانێکیش لەژێر سەرتەوە دابنێی، بەچکە دێوێک خۆی پەلکێش دەکاتە نێو مۆتەکەی نیوەشەوانت. ئێستاش کە بەرەبەیانی شەممەیەکی نوێییە، ئیتر تۆ تەمەنت بیست و دوو ساڵان نییە. تیشکی خۆر لە پشت پەڵە هەورە زستانیەکان وەک بڵێی ساتمە بکات دەردەکەوێ و دەرناکەوێت،  کۆتا جگەرەی نێو پاکەتەکەت دەکێشی و لەبەر خۆتەوە دەڵێی: بەڵام ئێستا من تەمەنم بیست و  پێنج ساڵە!

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – پڕۆژه‌ی كانه‌بی  – په‌شێو له‌گه‌ڵماندایه‌