كافكا - كاریكاتور؛ به‌ده‌عبابوون

تێڕوانینێکی نوێ لە ژیان و ئەدەبی کافکا


Loading

 

لەم ماوەیەدا، ڕۆژنامە و گۆڤارە کولتوورییەکانی سوێد ڕانانی کتێبێکیان، کە بە سێ بەرگ لە ئەڵمانیا و بە زمانی ئەڵمانی لەسەر ژیان و بێوگرافیای فرانس کافکا ١٨٨٣ – ١٩٢٤ دەرچووە، بە تێر و تەسەلی کردووە. لەم کتێبەدا، جیا لە هەموو ئەو کتێبانەی تاکوو ئێستا لەسەر کافکا دەچوون؛ بە وردی باسی هەموو شتێک دەکات: ئەو خواردنانەی حەزی لێیبووە، ژیانی سێکسی و پێوەندییەکانی بە دونیای ئافرەت و کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەم نووسەرە ئەڵمانییە، رەینەر شتاخ Reiner Stach ژیانێکی تری بە کافکا بەخشیوە، کە زۆر نێزیکە لەم ژیانەی ئێمەوە؛ ئەم نووسەرە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە، کە دونیا ئەدەبییەکەی کافکا، ئەو گەردوونەی ئەو خوڵقاندوویەتی، بەشێوەیەکی ترسێنەر نزیکە لەم دونیایەی ئێمەوە. ئەم سێ بەرگە پێکەوە دوو هەزار لاپەرە دەبێت، بەرگی یەکەم (ساڵەکانی بڕیار) لە ساڵی ٢٠٠٢، بەرگی دووهەم (ساڵانی دوای ددان پیانان) لە ساڵی ٢٠٠٨ و بەرگی سێیەمیش (ساڵە بەراییەکان) لە ساڵی ٢٠١٤دا لە دەزگای فیشەرS Fischer Verlag  دەرچووە و هەر خێرایش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و وەرگێڕانیشی بۆ هەندێک زمانی تر، بۆ نموونە سوێدی، بەڕێوەیە.

 

kafka-1923-portraet-DW Kultur-Frankfurt-Main-

یەهودییەت جێگای سەرنجی کافکا بووە، بە تایبەتیش یەهودییە ڕۆژهەڵاتییەکان، کە ئەو لە پراگ و لە کاتی هەندێک نەمایشی شانۆییدا دەیانبینێت، دواتر لە کاتی جەنگدا ئەم یەهودیانە، وەک کۆمەڵێک پەناهەندەی هەژار دەبینێتەوە. هاوکات ئەو شەپۆلە دژە یەهودییەیش، کە لە کۆمەڵە مانیڤێستێکدا، لەبەر دەم دەرگای ماڵی خانەوادەکەیدا، چەند جارێک ڕوودەدات، کارێکی زۆری تێدەکات. لەوانەیە یەکێک لە تێکستەکانی دوا ساتەکانی ژیانی سەبارەت بە جوسفینای گۆرانیبێژ و هەروەها (کڵاوە نەرمەکەی گەل)، وەک جۆرە چیرۆکێکی هێماگەلی سەبارەت بە یەهودییەکان بخوێندرێتەوە. له‌وێدا ئاماژە بە خۆی، وەک گۆرانیبێژە بێدەنگەکە دەکات: نەخۆشی سیل هێندە کاری تێکردبوو، کە نەیدەتوانی چیتر گۆ بکات. جوسفینا-یش هێندە دوورنییە لە ناوێکی وەک (یوسف)ەوە، کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانی پرۆسێس، ئەمە جگە لەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە شەست ساڵ سیزەری نەمسا ناوی فرانس یوسف-بووە، هاوکات (یوسف) و فرانس نێزیک بوون لە یەکترییەوە، بەم شێوەیەیش (یوسف) ئاماژەیەک بووە بۆ (فرانس کافکا).

کافکا لە زۆر رووەوە خۆی دەکات بە ئەدەب: وشەی (کاڤکە) بە چێکۆسلاڤسکی مانای قەلەڕەشۆکە دەگەیەنێت، ئەم باڵندەیەیش بە شێوەیەکی زۆر لە تێکستەکانی کافکادا باڵەفڕێیانە. یەکێک لە دەقە زۆر ئەندێشەئامێزەکانیشی باسی ڕاوچییەک دەکات بە ناوی (گراسێوس)، کە نە زیندووە و هەروەها نە بە تەواویش مردووە. ئەم چیرۆکە لە ناوچەیەکی ئیتالیادا، بە ناوی ریڤا-وە، ڕوودەدات، کە کافکا چەندین جار سەردانی کردووە، وشەی گراسێۆ gracchio یش بە ئیتاڵی قەلەڕەشۆکەیە و چەندان نموونەی تر.

 

 

ئەم نووسەرە باسی ئەوە دەکات، کە کافکا لە زۆر ڕووەوە خۆی و دونیاکەی خۆی کردوە بە ئەدەب، هەروەها بۆ بەڵگە نامەیەکی کافکای هێناوەتەوە، کە ئەدەب زۆر جێگای سەرنجی کافکا نەبووە، بەڵکوو ئەو خۆی ئەدەب بووە. شتاخ ئەوە دوپات دەکاتەوە، کە کافکا هەر زوو ئەو بڕیارەی داوە، رێگا بۆ ژیانی خۆی خۆش بکات تا بە هەنگاوی گەورە بچێتە ناو ئەدەبەوە و بە هەموو شێوەیەکیش پەیڕەوی ئەم تێکه‌ڵابوونه‌ی ژیان و ئەدەبی کردووە. ئەم نووسەرە، لەم پرۆژە گەورەیەیدا، هەنگاو بە هەنگاو ئەوە بۆ خوێنەرەکانی روون دەکاتەوە، کە ئەو چۆن ئەو دونیایە دەگۆڕێت، هەروەها پرۆسەی گۆڕانکارییەکەیش چۆن دەڕوات و دەبێت بەو ئەدەبە. ڕەخنەگرە سوێدییەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە له‌م کتێبەدا هەموو شتێکت سەبارەت بە کافکا، کە پێویستە بزانرێت، بۆ روون دەبێتەوە، هاوکات ئەم کتێبە خوێنەرەکانی دەگەیەنێتە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر: ئەو دونیایەی کافکا بەجێیهێشتوە، بە هیچ شێوەیەک لەم دونیایەی ئێمە ناچێت، ئەو دونیا و سەردەمە بۆ هەتایە کۆتایی هاتووە. بەڵام دونیای ئەدەبەکەی کافکا بە شێوەیەکی ترسناک لە دونیاکەی ئێمە دەچێت و نێزیکە؛  لەوانەیە ئەم گۆڕانکارییەیش بۆ ئەو و بۆ ئێمەیش، کە دوای ئەو هەموو ساڵە ئەدەبی کافکا دەخوێندینەوە ئەوە بێت: ئەدەبێک، کە بە بەردەوامی دەژی.

خۆزگە هاوڕێ ئەڵمانی زانەکانمان، ئاوڕێکی جدییان لەم کتێبە سێ بەشییە دەدایەوە.

 

سەرچاوە:

Verkligheten har kommit ikapp Kafka, Arne Melberg, SvD, Under Strecket.