ڕامانێک لە واتاکانی یاسا و یاساشکێنیی 


Loading

ڕامانێک لە واتاکانی یاسا و یاساشکێنیی 

جواد خەلیل


١
لە بنەڕەتدا (یاسا بۆ ڕێکخستنی ژیانی گشتییە) و (یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە) دوو ڕستەی تا ڕادەیەکی زۆر مەتاتی و کێشەدارن. لە یەکەم بەرکەوتنماندا بەم دوو ڕستەیە، وا دەزانین لە هەمبەر ڕاستییەکی نەگۆڕدا وەستاوین و لە ناوەڕۆکیشدا پڕ مفا و بێ زیانن، کەچیی هەر ئەوەندەی لێیان وردبووینەوە و ڕاڤەکارییمان بۆ کردن، دەبینین ئەم دوو ڕستەیە دوور و نزیک پەیوەندییان بە کرۆک و واتا بنەڕەتییەکانی یاساوە نیە و بە ژێستێکی تا بڵێی ڕۆمانتیکیانە دیزاین و ڕووپۆشکراون و پیشانی ئێمە دەدرێن. ڕاستە لە ڕووکەشدا وەها دەردەکەوێت کە ڕێکخستنی ژیانی گشتی ئەرکی یاسایە، لێ ئەمە دەرکەوتنێکی ئێجگار فریودەرانەیە، دەرکەوتنێکە لە سەر ئەساسی شاردنەوەی کۆمەڵێک ڕاستی دیکە بنیاتنراوە.

بە چاوخشاندنەوەیەک بە مێژووی دێرینی جیهاندا، لەوە تێدەگەین کە داڕێژەرانی یاساکان ئەوەندەی زیانیان لە ژیانی گشتی داوە، نیو هێندە لە ڕێکخستنیدا ڕۆڵیان نەگێڕاوە. ڕێکخستن بەو شێوەیەی کە جێی هەموو ئایدیا و ڕوانگە جیاوازەکانی کردبێتەوە و هەڵاواردنی تیا نەبووبێت و هیچ توێژێکی ناڕازی بەهۆیەوە سەرکوت نەکرابێت. سەرباری ئەوەی دەوترێت لەم سەرکوتکردنە یاساییانەدا مەبەست هەبووە؛ مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی فەوزا و پشێوی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی. بەڵام ئایا ئەمە بۆ خۆی بەڵگە نیە بۆ ئەوەی بڵێین یاساکان بە درێژایی ئەو مێژووە ملکەچیی پێودانگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بوون و دەسکەلای بەهێزەکان بوون بۆ کرمۆڵەکردنی لاوازەکان؟ داخۆ لە دۆخێکی وەهادا یاسا  دەتوانێت لە سەرووی هەمووانەوە بێت؟! لە کاتێکدا ئەو “هەمووان”ە بۆ خۆی دەستەواژەیەکی موزەیەفە؛ چونکە دەیەوێت وای دەربخات کە لاواز و بەهێز لە چاوی یاساوە بە یەک ئاست تەماشا دەکرێن و دەخرێنە تای یەک تەرازووەوە! ئەم یەکسانکردنەی “هەمووان” شتێکە لە واقیعدا کەمترین کاری بۆ کراوە و زیاتر وەک وەسیلەیەکی ڕەونەقدار بۆ ماکیاژکردنی خودی یاسا بەکارهێنراوە. یاساش لە دوو ڕووەوە پێویستی بەم ماکیاژکردنە بووە، لە ڕوویەکەوە بۆ گشتگیرکردنی هەژموونی خۆی تا لە لای هەمووان پەسەندکراو و جێ متمانە بێت، لە ڕوویەکی تریشەوە بۆ نەهێشتنی پەڵە و لەکەکان لە سەر مەبەستە شاراوەکانی و پێدانی مۆرکی پاکێتیی و پیرۆزی بەو هەژموونخوازیەی.


   ٢
خاڵێک کە لە کۆنەستی میللییانەی ئێمەدا بە تەواوی ڕەگی داکوتاوە و بۆتە باوەڕێکی نەگۆڕ، بە پیرۆزبینینی یاسا و ڕێزلێگرتنێتی وەک هەقیقەتێک کە بە هیچ شێوەیەک شیاوی گەنگەشە و قسە لە سەرکردن نیە. هەڵبەتە لە پشت ئەم بە پیرۆزبینینەوە چەندین پاڵنەری سایکۆلۆژیی و سیاسیی و مێژوویی و ئاینیی هەن و هەریەک لەم پاڵنەرانەش بەش بە حاڵی خۆیان ڕۆڵی کارایان لەم ڕووەوە بینیوە.

یاساکان بۆ ئەوەی بە پاکی و شکۆداری بمێننەوە دەبێت پیرۆز بکرێن، پاکبوون و ئەستۆپاکیەک کە هیچ کەس زاتی لەکەدار کردنیانی نەبێت، لە ڕێی ئەم بە پاکی هێشتنەشەوە، ئیدی ئەوانەش بە پاکی دەهێڵرێنەوە کە دانەری ئەم یاسایانەن. واتا هەر ئەوەندەی تۆ باوەڕت بە پاکێتی یاسا هەبوو، مانای وایە تۆ باوەڕت بە دانەری یاساکه و جێبەجێکارەکانیشی هەیە و لاریت لە نیازپاکییان نیە. ئەم پاکهێشتنەوەیەش هەروا ئاسان نیە، بەڵکو پێویستی بە هەزاران پاسەوانە کە بەردەوام و لەهەموو ڕوویەکەوە هەوڵی پاراستنی بدەن و نەهێڵن لەکەدار بکرێت. لەم خاڵەشدا تەواوی یاساکان وەک یەکن و لەیەکدەچن، ئاخر وەک چۆن یاسا مەدەنییەکان پێویستیان بە کەسانێکە بەردەوام بیانپارێزن و داکۆکییان لێ بکەن و ببنە پاسەوانیان، ئاوهایش یاسا ئاینییەکان پێویستیان بە چەندین کەسایەتی ئاینیی گەورە هەیە کە پارێزگارییان لێ بکەن و پاسەوانی دەقەکان بن و نەهێڵن لە کار بخرێن. بە هەمان شێوەی یاسا مەدەنیی و ئاینییەکان، یاسا کۆمەڵایەتییەکانیش پێویستیان بە دەیان نەریتپارێز و کۆنەخواز و ڕەجعی هەیە کە بە بەردەوامی هەوڵی هێشتنەوەی نەریتەکان بدەن و ڕێ لە هەر چەشنە گۆڕانکارییەک بگرن، کە بۆی هەیە ببێتە مەترسیی بۆ سەر نەریت و بڕوا کۆنەکان.

                       
     
٣

سەرباری ئەو ڕێزە زۆرەی مرۆڤ کە هەمیشە بۆ یاسا هەیبووە؛ وێڕای ئەو بە پیرۆززانین و ڕێزلێگرتنە دەستەجەمعییە، کەچیی مێژووی مرۆڤایەتی تەژییە لەو هەوڵە زۆرانەی مرۆڤ کە بۆ بەگژداچوونەوە و سەرپێچیکردن لە یاساکان داویەتی. چەندە مرۆڤ ویستویەتی وای پیشان بدات کە ڕێزی بۆ یاساکان هەیە و هاوڕایە لەگەڵیان، دوو هێندەی ئەو ڕێزنواندنەش لە هەوڵی تێکشاندن و سەرپێچیکردنیاندا بووە. هەمیشە بە دوای دەرفەتێکدا؛ بە دوای شوێنێکدا گەڕاوە کە دووربێت لە چاوی یاسا و ئەوەی لێی قەدەغە و حەرام کراوە، ئەم بیکات و چێژ لەم قەدەغەشکێنیەیشی ببینێت.

ئەو چێژەی مرۆڤ لە دەرئەنجامی شکاندنی یاساکانەوە دەستی دەکەوێت، چێژێکی تەواو تایبەت و جیاوازە لە چێژەکانی دیکە. لە نێو ئەم چێژەدا مرۆڤ لەیەککاتدا دوو تامی جیاواز و دژبەیەک وەردەگرێت، تامێکی شیرین کە قەدەغەشکێنیی و دەستڕاگەیشتنە بە ئازادییەکی تەواو، تێیدا مرۆڤ هەست دەکات چاوی دەوڵەت و کۆمەڵگە و ئاین و خێزان بەسەریەوە نەماوە، هەربۆیە مومارەسەی دوایین پنتی ئازادییە فەردییەکانی خۆی دەکات و دڵخۆش دەبێت پێی. لێ ماوەی ئەم تامە شیرینە زۆر ناخایەنێت و بە هاتنی “تامی دووەم” گۆڕانی بەسەردا دێت. تامی دووەم تامێکی تەواو جیاوازە، تامێکی تاڵ و ئێجگار مەترسیدارە، تامی هەستکردنە بە گوناه و تاوان. ڕەگی ئەم تامکردنەش ڕەگێکی بە ئیمتیاز میتافیزیکییە، کە تێیدا مرۆڤ هەست دەکات ئەم قەدەغەشکێنییە بەرهەمی دوورکەوتنەوەی ئەوە لە سروشتە پاک و بێگەردەکەی خۆی و تێکەڵبوونێتی بە تاوان و خراپەکاریی. ئەوانەی خوێنەری “دۆستۆفسکی” بن  و (تاوان و سزا)یان خوێندبێتەوە، دەزانن کە چۆن و بۆچی “ڕاسکۆڵینکۆف” دوای ماوەیەکی زۆر لە کوشتنی پیرێژنەکە خۆی ڕادەستی یاسا دەکات، بە بێ ئەوەی هیچ کەسێک بە تاوانەکەی زانیبێت. خۆڕادەستکردنی ڕاسکۆلینکۆف بەرهەمی دادگاییکردنی نەفسی خۆیەتی، دادگاییکردنێک کە تێیدا دادوەر و تاوانبار هەر خۆین و ئازاری ویژدان زیندانەکەیەتی.

بۆ ئەوەی هەڵە تێگەیشتن ڕوونەدات و یاساکان نەبەسترێنە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆوە، ناچارین بڵێین تامی دووەم کە کەسی یاساشکێن دەیچێژێت، تامێکی تەواو سروشتی و خۆڕسک نیە، تامێک نیە لە خۆیەوە دروستبووبێت و هیچ پەیوەندییەکی بە دەرەوەی خۆیەوە نەبێت، بەڵکو ڕیشەی ئەم تامە لە چەندین لاوە بە قووڵی دەگەڕێتەوە سەر یاساکان. واتا ئەو پاڵنەرانەی وایانکردووە کەسێکی وەک ڕاسکۆڵینکۆف خۆی ڕادەستی یاسا بکات، بە تەنها فاکتەرە خودیی و دەروونییەکان نین؛ بەڵکو فاکتەرە دەرەکییەکانیشن. لەم نێوەندەشدا یاسا کۆمەڵایەتیی و ئاینیی و سیاسیی و کلتورییەکان  ڕۆڵی هەرە گەورە و کاریگەریان هەبووە. ئەوان ئەوەندە ڕۆچوونەتە نێو کۆنەستی کۆمەڵگەوە، تاکو بوون بە نەریتێکی گشتیی، نەریتێک کە دواجار لە ڕێی پەروەردە و سەپێنراوە دەرەکییەکانی دیکەوە لە تاکدا جێگیر کراون.  هەستکردن بە تاوان لەوانەیە بەشێکی پەیوەندی بە “ئازاری ویژدان”ەوە هەبێت، بەڵام ناکرێت ئەو هەموو کارکردە دەرەکییانەش نادیدە بگرین کە ڕۆڵیان لە شکڵگرتنی  “ویژدانی مرۆیی”دا هەیە؛ ناکرێت نەگەڕێینەوە بۆ کاریگەری ئەم  یاسایانە لە سەر ویژدان و ئیرادەی مرۆڤ و بڕیارە چارەنووسسازەکانی. هەر لێپرسینەوەیەکی ناوەکییانەی تاکی یاساشکێن، زۆر بە توندی بەستراوەتە کارکردە دەرەکییەکانەوە و ئەستەمە هێڵێکی جیاکەرەوە لەو نێوانەدا بکێشین و وەک دەرئەنجامی لێپرسینەوەیەکی ئازادانەی دەروون لێی بڕوانین.


   ٤ 
یاساپارێزیی و یاساشکێنیی دوو چەمکن کە بۆ مرۆڤ وەکو یەک پڕ کێشەن و لە هەمان کاتدا پێویستیشن. وەک چۆن مرۆڤ لە زۆر جێدا پێویستی بە گەڕانەوە بۆ یاسا هەیە، لە چەندین جێی دیشدا پێویستی بە دەرچوون لە یاسا هەیە. ئەوەی سەیرە هەمیشە کردە یاساپارێزییەکان بەوپەڕی ئاشکرایی و بانگەواز بۆ کردنەوە دەکرێن، کەچیی بە پێچەوانەوە کردە یاسا شکێنییەکان هەمیشە بەوپەڕی شاراوەیی و نهێنیپارێزییەوە دەکرێن. ئەم دۆخە وایکردووە کە نەک تاکەکان بە تەنها، بەڵکو کۆمەڵگەکانیش لە نێو دووڕووییەکی سەیر و گەورەدا بژین. دووڕووییەک؛ که مەحکوم کراون پێی و لە هەمان کاتیشدا خۆیان هەڵیان بژاردووە. کاتێک دەڕوانینە دۆخی تاکەکان بە جیا و دوور لە چاوی ئەوانی دی، زۆر بە ئاسانی درک بەوە دەکەین کە هەریەک لەوان بە شێوەیەک لە شێوەکان خەریکی ئەزموونکردنی یاساشکێنین و چێژی لێ دەبینن، کەچیی هەر ئەوەندەی خودی ئەم تاکانە گەیشتنە یەک، بانگەشەی یاساپارێزیی و گرنگی هەبوونی یاساکان دەدەن بە گوێی یەکدیدا!

ئەگەر شتێک هەبێت یاساپارێزیی و یاساشکێنیی تیایدا یەکبگرنەوە و وەک یەک کۆکبن تێیدا، هیچ نیە لە خودی “ترس” زیاتر. ترس ئەو خاڵە هاوبەشەیە کە لە هەردوو بارەکەدا دەگەڕێینەوە بۆی. نەک هەر ئەوەندە، بگرە دەتوانین بڵێین خودی یاسا خۆیشی بەرهەمی ترسە، ترس لە لە ناوچوونی بڕیارە جێگیرەکان، لە فەرامۆشکردنی پەیمانە کۆمەڵایەتییەکە ( بە تێگەیشتنە “هۆبز”ییەکە بۆ ژیانی سەرەتایی). بەڵام ئەوەی لێرەدا ئێمە مەبەستمانە گەڕانەوە نیە بۆ سەرەتای یاسادانان، ئێمە دەمانەوێت لە جۆر و شێوازی ئەم ترسە تێبگەین لە هەردوو حاڵەتەکەدا ( واتا حاڵەتی یاساپارێزیی و حاڵەتی یاساشکێنیی). ئەوەی کە کەسانێک سەری زمان و بنی زمانیان بۆتە سەروەری یاسا و پاراستنی تێگە هاوبەشەکان، زادەی ترسێکی مەزنە لە نائارامیی و شڵەقانی گۆمە مەنگەکەی ژیان، زادەی ترسە لە نەهێشتنی سنورگەلێک کە دەشێت بە شکاندنیان دەروازە بە ڕووی دونیای دیکە و هێزگەلیی چەپێنراوی دیکەدا بکەنەوە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی کەسانی یاساپارێز، ڕاهاتنە بە دۆخە جێگیرەکان و ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە دژایەتیکردن و دەرچوونێک لە یاساکان، چونکە لەو بڕوایەدان ئەم لادان و دەرچوونانە دۆخێکی شڵەژاو و ناسەقامگیر دێننە کایەوە، کە مامەڵەکردن لەگەڵی زۆر ئەستەم و مەترسیدار بێت. ترس لێرەدا زیاتر ترسە لە داهاتوو، بینینی داهاتووە لە چاوی ئێستاوە، ئاخۆ ئەگەر داهاتوو لە نەریتیی ئێستا لابدات چ جۆرە ژیانێک دێنێتە گۆڕێ؟ یاساپارێز وای بە باشتر دەزانێت  ئەم دەرچوونە ڕوونەدات، بۆ ئەوەی داهاتوویش کۆپییەکی ئێستا بێت و لێی جیا نەبێتەوە، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە لە  حاڵەتی یاساشکێنیدا ئەوەی لەدەست دەردەچێت گەڕاندنەوەی زۆر زەحمەت دەبێت. ئایا ئەمە ئەوپەڕی دونیابینیی یاساپارێزە بۆ ژیان؟ بێگومان نەخێر، یاساپارێز دەزانێت ژیان پێویستی بە گۆڕانکارییە و ڕەوتی گەشەسەندنی کۆمەڵگاکانیش زۆرجار پێویستی بە دەستکاریکردنی یاساکانە. یاساپارێز بۆ چارەسەرکردنی ئەمە بڕوای بە دەستکاریکردنە، بەڵام دەستکاریکردنێکی ڕادیکاڵانە و ڕیشەییانە نا، ئەو لە گەڵ گۆڕینی بەکاوەخۆدایە، وردە وردە و بێ زیانگەیاندن بە کرۆکی ڕاستەقینەی یاساکان، بێ ڕەتکردنەوەی ئەو سەرچاوانەی کە بوون بە پایەیەکی گرنگی یاسادانان. لە ئەدەبیاتی دینییدا، هەمیشە هەوڵ دراوە “ئیبراهیم” بخرێتە ڕیزی یاساشکێنانەوە، بەوەدا کە هەوڵیداوە بتەکان تێکبشکێنێت و دژ بە یاسا کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەکانی سەردەمی خۆی بوەستێتەوە، بەڵام ئەمە پێش هەموو شتێک بەرمەبنای بەدحاڵیبوونێکی گەورەیە لە ئیشی پەیامبەرەکان، دواتر ڕاڤەکردنێکی پڕ هەڵە و کێشەداری یاساشکێنیشە. ئیبراهیم وەک پەیامبەرێک ڕاستە بتەکان دەشکێنێت و کارێک ئەنجام دەدات کە دژ بە یاساکانی ئەو سەردەمەیە، لێ هەر زۆر زوو خۆی دەبێتەوە داڕێژەری یاساکان و یاسای نوێ دادەنێتەوە وبە جۆرێکی دیکە دەبێتەوە یاساپارێز. بۆچی؟ چونکە وەک یاساپارێزێک لە داهاتوویەکی بێ یاسا و هەراساز دەترسێت، ئەو ڕۆحی یاساکانی لە لا مەبەستە و نایەوێت بە هیچ شێوەیەک ئەم باڵادەستییە لە یاسا وەربگیرێتەوە.

بە پێچەوانەی ئەم بیرکردنەوەیەی یاساپارێزەوە، کەسی یاساشکێن لە بری ئەوەی لە داهاتوو بترسێت، ترس لای ئەم دەگۆڕێت بۆ ترس لە ڕابردوو؛ ترس لە لەدەستدانی هەموو ئەو باوەڕ و پیرۆزیی و خاڵە جێگیرانەی کە بە درێژایی ژیانی، ناچارکراوە ملکەچیان بێت و نەمانی هیچ هاوبەشییەک لەگەڵیاندا. ئەو هەرچەندە بە ویستی خۆی و بەوپەڕی ئیرادە و هۆشمەندییەوە لە یاساکان هەڵدەگەڕێتەوە، کەچیی هێشتا لە ناخییدا دەترسێت لەوەی پاکێتیی و باشبوون و مرۆڤبوونی خۆی لەدەستدابێت. ئەم ترسە زادەی باوەڕێکە کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە سەر ڕابردوویەکی دوور، ڕابردوویەک کە ئاین و کۆمەڵگە و نەریت و دەوڵەت ڕۆڵیان لە دروستکرنیدا هەبووە. یاساشکێن دەزانێت ئەوەی ئەو کردوویەتی شکاندنی پیرۆزییەکانە کە پێشتر وای دەردەخست وابەستەیە پێیانەوە، شکاندنیش بە واتای دروستکردنی درزێکی گەورە دێت لە نێوان خۆی و پیرۆزییەکانییدا، درزێک؛ کە ناهێڵێت هەرگیز ئەم پەیوەندییە وەک پێشتری لێ بێتەوە. لەگەڵ هەر شکاندنێکیشدا ئەم درزە گەورەتر دەبێت و ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی بەرایی خۆی ئەستەمتر دەکات.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌