سلڤادۆر دالی؛ پێكهاته‌یه‌كی نه‌رمی قه‌ده‌غه‌كراوێكی كوڵاو - پێشبینی شه‌ڕی ناوخۆ - ١٩٣٦

Loading

فه‌رهاد چۆمانی

کە بێداربوومەوە، پۆلیسێکی ئێشکگری شەو تووند قۆڵی گرتبووم. لەنێو ڕووناکییەکی کزدا وەک ئەوەی لە بوونەوەری هەسارەیەکی تر ڕابمێنێ، لێم ڕامابوو. دواتر کە منی بردە بنکەی پۆلیس، نەمزانی چۆن و بۆچی، بینیم چەند پیاوێکی گەڕەک بەم بەیانییە زووە لە بنکەن و بە قەهرەوە لێم ڕادەمێنن؟… جار جار یەکێک لەوان –کە پیاوێکی ڕیشپان بوو- سەری بۆلای ئەفسەری ئێشکگر لار دەکردەوە و دووپاتی دەکردەوە، “خۆیەتی، بەڵێ خۆیەتی جەنابی ئەفسەر”.

بەڵام ئەم چیرۆکە لەشوێنێکی دیکەوە دەستیپێکرد.  لەوێوە کە شەوی ڕابوردوو خەوم زڕابوو، دەمی بەرەبەیان چاوەکانم گران بوون و دەبۆرژام، هەستمدەکرد دونیاش لەگەڵ من سەنگین دەبێت… دەتگووت ئاسمان بەسەر زەمیندا دەکەوێتە خوارەوە…

لەنێوان خەو و بێداریدا بووم، کە دەستێکی سەنگین سێ جار بە پەنجەرەی ژوورەکەمیدا کێشا… خەون بوو یان بێداربوومەوە؟ نازانم! ڕاچڵەکیم. قەیرێ بێدەنگ هەستی خۆم ڕاگرت… دیسانەوە، ئەمجارە تارماییەکی زەبەلاحیشم دی وەک هەورێک بێت و هاتبێتە ئەودیوی پەنجەرەکە و تەرزە ببارێنێ، پەنجەرەکەی دەکوتا…خۆی بوو، هاتبووە خوارەوە.

تەقینەوەی دوێنێی بەردەم بازاڕی کوتاڵفرۆشان تەواو کاس و ماندووی کردبووم؛ بینینی خوێن، پارچەی لێوەبووی جەستەی مرۆڤەکان، دووکەڵ و ئاگر و خوێنی تێکەڵبووی سەدان کەس و هاوار و ناڵەی برینداران…هێشتا خەریکە هێڵنج دەدەم و وەختە بڕشێمەوە.

 لە پەنجەرەدانی کەسێک، دواین ویستم بوو لەم شەوەدا، ئەویش  لە کاتێکدا کە تازە خەریک بوو چاوم دەچووە خەو. بە لەشێکی سەنگینەوە لەنێو جێگاکەم گینگڵمدا، دیسان: تەق تەق تەق…ویستم خۆمی لێ نەبان بکەم… دیسان تەق… تەق… تەق… ئەمجارە لەوەدابوو شووشەی پەنجەرەکە بشکێنی.. لام سەیربوو چۆن نەشکا! پەردەکەم لادا؛ لە تاریکییەکی ڕەها زیاتر هیچم بەدی نەکرد.

چوومەوە سەر جێگاکەم و پەردەکەم هەروا بەجێهێشت… دیسانەوە، ئەمجارە تەنیا شووشەی پەنجەرەکە ڕادەتەکا، بێئەوەی تارمایی هیچ کەسێک دیار بێت. زاتی ئەوەم کرد دووبارە لەسەر جێگاکەم ڕاپەریم، پەنجەرەکەم کردەوە و هاتمەوە نێو جێگاکەم، بە دیار پەنجەرەکەمەوە چاوەڕێ مامەوە. ئەمجارە بەڕاستی هیچ شتێک ڕووینەدا… دوای قەیرێ دەنگی کەسێک لەنێو تاریکیی ئەودیوی پەنجەرەکەوە هات… دەتگووت لەودیوی بەرگەهەواوە قسە دەکات… لەگەڵ ئەوەشدا نزیک هەستم بەسەرچاوەی دەنگەکە دەکرد.

 بە چاکی نەمبیست چی دەڵێت، دەتگووت ئایەتێک یان وێردێک دەخوێنێت. من هەروا، بەبێ هیچ هەستێک کە بتوانم ئێستا گوزارشتی لێ بکەم دانیشتبووم، نە دەترسام نە جاڕز بووبووم… نە هی ئەوەش بوو بەم شەوە بە دەنگ و زەنایەکی ئاوا کەیفخۆش ببم. پاشان وەک ئەوەی دڵنیابێت هیچ کاردانەوەیەکم نابێ هەستمکرد نزیکتر بووەوە، وەها دەهاتە بەرچاوم ئانیشکەکانی دابنێتە سەر لێواری پەنجەرە کراوەکە؛

 گووتی: “بریندارم!”

 گووتم: “چۆن بزانم؟ خۆ من نەک هەر برینەکانت، بگرە خۆشت نابینم!”

بە دەنگێکەوە کە خەمێکی قووڵ بیدا بەگوێمدا گووتی: “ئەمەش دیسان برینێکیترە کە نامبینیت… من هەر لێرەم هەمیشە لە نزیکتانم. لە حەبلی وەرید نزیکترم لێتەوە.”

هیچم نەگووت…

 لەبەر خۆمەوە گوتم؛ ڕەنگبێ یەکێک بێ لە مەستەکانی شەو و وێڵی بەر پەنجەرەی من بووبێت..

دواتر: “دەتوانم چیت  بۆ بکەم؟ شتێکم لەدەست دێت؟” وەهام گووت، بەڵام بەو هیوایەی کە: “نا.. سوپاس، دەبێ بڕۆم و زیاتر کاتی پشوودانت نەگرم..” وابڵێت و بڕوات بەڵام نەیگووت، لەباتی ئەمە گووتی “کەشوهەوای شەو شتێکیترە، وەرە لەگەڵ من… پیاسەیەک بکەین.”

گووتم؛ “ئاهـ! نا، بەم نیوەشەوە هاتنە دەرەوە ترسناکە، هەر دوێنێ تەقینەوەیەک…”

نەیهێشت قسەکەم تەواو بکەم، گووتی “من خۆشم هەر لەو تەقینەوەیەدا بریندار بووم…”

 لەسەر جێگاکەم ڕاپەڕیم؛ “لەوێ بریندار بوویت؟، ئەدی لای من و بەم شەوە بەدوای چ بەڵایەکدا دەگەڕێیت؟” بە پەشۆکاویەوە ئەمەم پێگووت.

 لەدوورەوە دەنگی وەڕینی سەگێک هاتە گوێم، لەپڕ و بەشێوەیەکی تەواو ناسرووشتی کڕ و کپ بوو. ئەمجا تارماییەکە، میوانە ناوەختەکەی من گووتی؛ “نا! من بەدوای هیچ شتێک و هیچ کەسێکدا ناگەڕێم، ئەوە ئێوەی مرۆڤەکانن بەدوای مندا دەگەڕێن و بانگتان کردووم، بێ ئەوەی بزانن من بەبێ بانگکردنیش هەر لەلاتانم، ئەوەتا بەسای بەدەنگەوەهاتنی ئێوە برینداریشم.. تەنیا دەمەوێ لەگەڵم بێیتە دەرەوە پیاسەیەک بکەین.”

بە سەرسامییەوە گووتم: هاهـ! وادیارە تۆ مرۆڤیش نیت؟

 بە دەنگێکی کپ وەک ئەوەی دیسانەوە وێردێک بخوێنێ ورتەیەکی لێوەهات. گووتم؛ چی؟ ببورە تێنەگەیشتم” دووپاتی کردەوە، دیسان تێنەگەیشتم… هۆشم بەلای ڕستەیەکدا چوو ”خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدی هێنا” لەکوێ خوێندبوومەوە! سەرم لەوە قاڵتر بوو بتوانم بێتەوە بیرم.

 وازم لێهێنا، گووتم؛ هەر چۆنێک بێت من دەتوانم کۆمەکت بکەم، دێیتە ژوورەوە، یان لە دەرەوە بتگەیەنمە نەخۆشخانەیەکی ئەم نزیکانە  تاوەکو تیمارت بکەن…

بە دەنگێک کە زۆرجار لەگەڵ گۆڵەی هەور و هەڵکردنی بایەکان بیستوومە گووتی؛ من پێویستم بە کۆمەکی هیچ کەسێک نییە، من دەمەوێ ئەو خوێنە بسڕمەوە کە سەر ڕووی زەوی پیسکردووە…

وەک ئەوەی دڵنیایی پێ بدەم گووتم؛ ئاهـ! دەی تۆ خەمی ئەوەت نەبێت هەر دوای تەقینەوەکە شەقام و بەردەم کوتاڵفرۆشەکانیان لە خوێن پاککردەوە…خەمێک لە خوێنی برینەکەی خۆت بخۆ…

وەک ئەوەی دەست بە دەممەوە بنێت دەنگم گیرا، گووتی؛ ئەی خوێنی ناخ و هەناوی مرۆڤەکان چی؟ خوێنی تکاوی نێو چاوی ئەو مرۆڤە چی کە فەسادی بڵاوکردەوە و دوێنێ سەدانی کوشت و منیشی بریندار کرد…

 هیچ وەڵامێکم پێ نەبوو، جلەکانم پۆشینەوە و دوای ساتێک لە دەرەوە بووم، نەمدەزانی ئەم بوێرییە لە کوێوە ترنجاوەتە ژێر پێستمەوە و وەک شادییەک بەنێو خوێنمدا دەگەڕێ.

بەڕاستی دڵنیانەبووم داخۆ لەو شەوەدا بەتەنیا بووم، یان کەسێک یاوەرم بوو…

 دڵنیابوونەوە سەخت بوو، بە دەنگێکی کپ کە لەگەڵ هێمنی شەوەکە دەگونجا گووتی: گومان… گومان سەری لە مرۆڤ شێواندووە، دەبوو مرۆڤ بزانێت کە هەرگیز لەسەر ئەم هەسارەیە تەنیا نییە…

 هیچم نەگووت، لە سەرنجێکی تژە لە پەشۆکان زیاتر، بێئەوەی هیچ کەسێک لەپاڵ خۆمەوە بەدی بکەم، لەگەڵ ئەوەشدا درێژەم بە شەقاو هەڵێنان دا. پرسیم:  ببوورە کە ناتوانم بتبینم… بە لاقرتێوە ئەمەشمبۆ زیاد کرد: وەک ئەوەی تاریکیت لەخۆت وەرپێچابێت هەرچەند ورد دەبمەوە زیاتر ون دەبیت!

بە دەنگی کەسێک کە لە سەرزەمینێکەوە هاتبێتەوە هێشتا مرۆڤ پێی تێنەخستبێت گوتی:سەرەتا لەخۆتدا بمدۆزەوە، دواتر من لە هەموو شوێنێک دا بەدیدەکەیت…

 لە دڵی خۆمدا گووتم: فێی برینداری لێیداوە! لە مەودای چەند هەنگاوێکدا لەپڕ گووتی: فێ نییە، من دەتوانم ئێستا برینەکانم وەک پۆشاکێکی دڕاو لەبەر خۆم دابکەنم!

شەرمم لەخۆم کرد، دواتر زارەترەک بووم، کە چۆن زانی لە باڵەخۆمدا چیم گووت. ویستم لەبەر خۆمەوە بڵێم؛ من بۆ ئەم قسانە لێرە نیم. خێرا گووتی: منیش تۆم بۆئەوە نەهێناوەتە دەرەوە… تۆ ئەرکێکت هەیە و دەبێ بەجێیبهێنی…

 تا دەهات زمانم لاڵتر دەبوو. بەدەم ئەم قسانەوە گەیشتبووینە  نزیک شوێنی تەقینەوەکەی دوێنێ، وەک ئەوەی بوەستێ – چونکە هەستمکرد دەنگەکە هەنگاوێک لە پشت منەوە هات، منیش وەستام- گووتی: ئەمڕۆ یەکێک لە قوربانییەکان ژنێکی دووگیان بوو، نەمرد، دەبوو کۆرپەلەکەی لەم سات و ڕۆژەدا لەدایک بێت، دەبوو منیش لێرە بم، لەم نزیکانە تا بزانم ڕۆحی تازەهاتووی ژیان سەلامەت دەبێت.

من بە خەمێکەوە گووتم؛ بەڵام نەتتوانی خۆت لە بیرینداربوون بەدوور بگریت، نەتتوانی سەدان گیانیتر لە چنگی مەرگ ڕزگار بکەیت؟!

 ئەو گووتی: “ئەرێ… قەسەم بە شەوی ئەم هەسارەیە، قەسەم بەو ئەستێرانەی ڕۆژ و شەو لە کۆڕی زیکردان دەمەوێ مرۆڤ لەوە تێبگات، کە برینەکانی من بەوای ئەوانەوەیە… ئەوانەی کە بانگمدەکەن و سەدان کەس دەکوژن، ئەوانەی بەناوی منەوە لەسەر زەوین، ناوی من تێکەڵ بە  ناپاکییەکانیان دەکەن، ئەوانەی لەنێو ئەم بازاڕە پڕ هەراو زەنایەدا من دەکەنە حیجابی درۆ و نیقابی کینە و پەچەی خراپەکارییەکانیان، ئەوانەی بە ڕیشێكەوە ملیان دادەپۆشن و سەدان مل بە پەلدان دەدەن. ئەوانەی کە سەرزەمین پڕ دەکەن لە فیتنە و لەگەڵ کوشتنی هەر نەفسێک وەک ئەوەیە تەواوی مرۆڤایەتیان کوشتبێ. بۆیە تۆ ئەرکێکت لەسەرە ئەنجامی بدەیت، تۆ دەبێ من لە هەر ناوێك دەربهێنیت، بمگەڕێنیتەوە شوێنی خۆم، من بەدوای خۆمدا هاتوومەتە ئەم شارە و پەنجەرەی تۆم کوتاوە،  بەڵێ بەڵێ هەر بەم شەوە، هەر لە ئێستاوە، ئەمە ساتێک و شەو و ڕۆژێک زیاتر دەخایەنێت. دەبێ من لەم لەکەیە، لەم قوڕە، لەم برینانە، لەم جەستەیەی بۆم وێنادەکەن، لەو درۆیانەی بەناومەوە دەیکەن دەربهێنیت و بمگەڕێنیتەوە شوێنی خۆم…دواتر بە دەنگێک مەگەر هەر لەگەڵ هەڵکردنی شنەبایەکەوە بیستبێتم گووتی: “تۆ جێنشینی منیت لەسەر زەوی، نەک هەر تۆ تەواوی مرۆڤایەتی.”

بێدەنگییەک هاتە ئاراوە، دوای قەیرێ بێ ئەوەی وەڵامی خواستەکەی بدەمەوە گوهوتم؛ ئێمە بۆچی لێرەین؟

 قۆڵی گرتم و گوتی؛ تۆ دەبێ خۆت درک بەمە بکەیت..

 گووتم؛ مەبەستم لە ئێستا و لەم شەوەدا نییە، دەڵێم بۆچی لێرەین لەم هەسارەیەداین؟ تۆ دەزانیت مرۆڤ بۆچی هێندە ماندووە؟ من دەترسم..ئیتر لە هیچ کونجێکی ئەم هەسارەیەدا ئۆقرە ناگرم، لە مرۆڤ دەترسم، ئەمڕۆ کە مرۆڤم بینی بە جەستەی دووکەرتبوو و دەستی پەڕیو و خەڵتانی خوێنەوە، کە مرۆڤم بینی تێکەڵ بە کاڵاو کەلوپەل بووە… یان وەک خۆت دەڵێی و ئێستا دەزانم کە تۆش بریندار بوویت و تێکەڵ بە قوڕ و زبڵی ئەم شەقامە بوویت ئیتر دەترسم… زۆر دەترسم….

لەو دەمەدا دەستێک بە تووندی پڕی دایە قۆڵم، بێداربوومەوە…بە تەنیا لەنێو تاریک و ڕوونی سپێدەدا بووم، لەو شوێنەی کە دوێنێ تەقینەوەکە لێی ڕوودابوو، دەوروبەرم هێشتا کاس بوو بە دەنگی تەقینەوە و سامی مردنی سەدان مرۆڤ. پۆلیسەکە لەنێو ڕووناکییەکی کزدا وەک ئەوەی لەبونەوەری هەسارەیەکی تر ڕابمێنێ، لێم ڕامابوو. بەدەستێک قۆڵی گرتم و بە هۆشیارییەوە دەستەکەی دی دانابووە سەر دەمانچەی کەلەکەی. من بێ هەست  و جوڵە لێی ڕامابووم، لەبەر خۆمەوە دەمگووت؛ مەگەر من قسەم لەگەڵ ئەم پۆلیسە دەکرد؟!

هەروا کە وەستابووین و زارەترەک و سەرسام لەیەک ڕامابووین پرسیم: فەرمووتان چی بکەم؟ ئەو ئەرکە چییە کە دەبێ بەجێی بێنم؟

 ئەویش ناحاڵی لەوەی چی دەڵێم گووتی؛ ئەوە چ دەڵێی؟ ئەها! ئەرێ ئێستا بێ دروستکردنی هیچ پشێوەیەک لەگەڵم دێیتە بنکەی پۆلیس…

ئەو تەنیا نەبوو، کە ئاوڕمدایەوە چەندی دی لە پەناوپەسێوان لە بۆسەی مندا بوون، تێگەیشتم ئەو نەبوو قسەم لەگەڵیدا کردووە.

دوای مەودا و ماوەیەک، لە بنکەی پۆلیس چەند پیاوێکی گەڕەک بەم بەیانیە زووە لە بنکەکە ئامادەبوون و بە قەهرەوە لێم ڕامابوون… جار جار یەکێک لەوان -پیاوێکی ڕیشپان بوو- سەری بۆلای ئەفسەری ئێشکگر لار دەکردەوە و دووپاتی دەکردەوە:خۆیەتی، بەڵێ خۆیەتی جەنابی ئەفسەر…

ئەو پۆلیسەی قۆڵی گرتبوو، و هێنامیە ئەم بنکەیە ئەویش بە هەمان شێوەی پیاوە ڕیشنەکە سەری بۆلای ئەفسەری ئێشکگر لار کردەوە. ئەفسەر پرسی: دواجار تاوانبار دەگەڕێتەوە شوێنی تاوانەکەی ڕاستە؟

من تەنیا وشەی “گەڕانەوە” بە هۆشمەوە نووسا و سەرم پڕدەبووەوە لەخواستی ئەو دەنگەی کە پێیگوتم: دەبێ من لەو درۆیانەی بەناومەوە دەیکەن دەربهێنیت و بمگەڕێنیتەوە شوێنی خۆم…هۆشم هاتەوە لای ئەفسەر و گووتم: دەی بەڵێ.. بەڵێ دەبێ بگەڕێتەوە!

دەتگووت سەرەداوی  تاوانێکی دەستکەوتووه‌. بزەیەکی کرد، ئەمجا پیاوە ڕیشنەکە دیسانەوە بۆ ئەفەسەرەکە چەماوە. دوای ئیستێک ئەفسەر گووتی؛ وادیارە پێشینەی دیکەشت هەن لە تاوان و خراپەکاری!… کە ئەمەی گووت سەرم پڕ بوو لە قسەی ئەو دەنگەی منی منی بۆ پیاسە بانگکرد دەیگوت: دەبێ لەو درۆیانەی بەناومەوە دەیکەن دەرمبهێنیت..” خێرا گووتم: “درۆ بەناوی ئەوەوە دەکەن!

 ئەفسەر کەمێک خۆی ڕاست کردەوە و بە گومانەوە سەرتاپا لێم ڕاما و گووتی: بە ناوی کێهاوە؟ کەوابێ کەسێکیتریش لەپشت تۆوەیە! کەسێکیتریش بەشدارە لەم تاوانەی تۆدا ها؟

 بە سەرێکی جەنجاڵ و پڕ لە دەنگەوە گووتم: ئەویش بەشدارە لەو خوێنەی لە جەستەی مرۆڤ دەڕژێت… ئەویش بریندارە!

 ئەفسەر هەستایەوە سەرپێ… فەرمانی بە پۆلیسەکان کرد بچنە نەخۆشخانە و لە ناسنامەی قوربانییەکان دڵنیا ببنەوە، پاشان ڕوویکردەوە من و گوتی: تۆ بەم کاتە کارت چی بوو لە شوێنی ڕووداوی تەقینەوەکەی دوێنێ؟

 گووتم: بانگیکردم، منیش جلەکانم کردەوە بەرم و  لەگەڵی هاتم، بەدەم ڕێگاوە هەر قسەمان کرد و کاتێک خۆم بینییەوە گەیشتبووینە ئەوێ…ئەرکێکی پێ سپاردم و دەبێ بەجێیبهێنم.. ئەو گووتی تۆ جێنشینی منیت لەسەر زەوی..

 پیاوە ڕیشنەکە بە تووڕەییەوە ورتەیەکی لێوەهات: “ئەستەغفیڕوڵڵا!” و سەرێکی بادا. ئەفسەرەکە بە تووڕەییەوە گووتی؛ مەگەر ناڵێی ئەویش بریندارە؟ کێ بریندارە، مەگەر هاوبەشی تاوانەکەت ناڵێیت؟

 بە هێمنی کەسێکەوە چاوەڕێی سرووش بێت گوتم: “تاوان؟ کام تاوان؟ نازانم باسی چی دەکەیت، ئێمە چووین تا ئەوێ باسی تاوان و خوێنڕێژیمان دەکرد، باسی ئەو کینەیەی ناخی مرۆڤەکانی تەنیوە، باسی ناوهێنانی ئەو وەک حیجابی خراپە…

 هاتە بەردەمم و زللـەیەکی سرەواندە پەنا گوێم ، گوێم زرینگایەوە، سەرم پڕ بوو لە ویزە و دەنگدانەوە، بە دەهریبوونەوە یەخەی گرتم گووتی؛ لەگەڵ کێ چوویت لەگەڵ کێ؟ ناو ناو…

بەهەمان ئارامی خۆمەوە گووتم: “ئەو نایەوێ  بخرێتە نێو هیچ ناوێکەوە، ئەو لەوە گەورەترە، کاتێک لەگەڵمدابوو داوای لێکردم دەبێ من لە هەر ناوێك دەریبهێنم. دەبێ من لە  زبڵ و لەکەی ئەم سەرزەمینە ڕزگاری بکەم!

 ئەفسەرەکە گووتی؛ ئاوا! باشە کەوایە با وابێت، خۆت داوای ئەشکەنجە دەکەیت، ناتەوێ ناوی بهێنی!

 پیاوە ڕیشنەکە لەودەمەدا بەدەم سەر بادانەوە گووتی؛ ئەستەغفیڕوڵڵا”

منیش  گووتم: “نازانم چی دەگوزەرێ، تەنیا دەمەوێ ئەو ئەرکە بەجێبهێنم کە پێی سپاردووم… تکادەکەم!

 لە کاتێکدا ئەم قسانەم دەکردن لە دواوەڕا دەستەکانمیان شەتەک دەدان، پەڕۆیەکی ڕەشیان خستە سەر چاوەکانم و دوای ئەوە هەموو شتێک لە تاریکیدا گوزەرا…

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین