ئالان بادیۆ

ئالان بادیۆ؛ شیعر و کۆمۆنیزم


Loading

لە سەدەی ڕابوردوودا، هەندێک لە گەورە شاعیران، به‌گشتی لە هەموو زمانەکانی جیهان، کۆمۆنیست بوون. بۆنموونە ئەم شاعیرانە، بە ئاشکرا یان بە فەرمی، بە کۆمۆنیزمەوە باپەندبوون: لە تورکیا نازم حیکمەت، لە چیلی پابلۆ نیرۆدا، لە ئیسپانیا رافائێل ئەلبێرتی، لە ئیتاڵیا ئیدواردۆ سانگۆنیتی، لە یۆنان یانیس ریتسوس، لە چین ئای چینگ، لە فەڵەستین مەحمود دەرویش، لە پیرۆ سیزار فایخۆ، لە ئەڵمانیاش، نموونەی درەوشاوە بیرتولت برێخت. ژمارەیەکی زۆر ناوی تر سەر بە زمانی تر لە سەرانسەری جیهاندا هەن کە دەتوانین وەک نموونە وەریانگرین.

ئایا دەکرێ ئەم بەستەرەی نێوان باپەندبوونی شیعری و پابەندبوونی کۆمۆنیستی وەک وەهمێکی سادە تەماشا بکەین؟ وەک هەڵەیەک؟ یان وەک سەرکێشییەک؟ وەک بێئاگاییەک بەرامبەر بە وەحشیگەریی ئەو دەوڵەتانەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان حوکمیان دەکردن؟ پێموانییە. بەپێچەوانە، من پێموایە بەستەرێکی جەوهەری لەنێوان شیعر و کۆمۆنیزمدا هەیە، ئەگەر بە ئەمانەتەوە لە مانای بنەڕەتیی “کۆمۆنیزم” تێبگەین: گرنگیدان بەو شتانەی لەنێوان هەمواندا هاوبەشن. خۆشەویستیی توندئاژۆ و لێکدژ و ترسێنەری ژیانی هاوبەش؛ ئارەزووی ڕێگەنەدان بە کۆنترۆڵکردنی ئەو شتانەی کە دەبێ بۆ هەموان هاوبەش وبەردەست بن، لەلایەن خزمەتکارانی سەرمایەوە. ئارەزووی شاعیرانە لەوەی شتەکانی ژیان وەک ئاسمان و زەوی بن، وەک ئاوی زەریاکان، وەک سوتانی دارستانەکان لە شەوێکی هاوینەدا – واتە بەڕاستی بۆ تەواوی جیهان بن.

 

 شاعیرەکان لەبەر هۆکارێکی سەرەکی، کە هۆکارێکی زۆر جەوهەرییە، کۆمۆنیستن: بواری ئەوان زمانە، کە ئەو زمانە زۆربەی کات زمانی دایکیانە. ئێستاش، زمان ئەو شتەیە کە لەگەڵ لەدایکبووندا وەک بەرژەوەندییەکی تەواو گشتی بە هەموان دەدرێت. شاعیرەکان ئەو کەسانەن کە هەوڵدەده‌ن وه‌ها لە زمان بکەن ئەو شتانە بڵێت کە وادەردەکەوێت توانای گووتنیانی نییە. شاعیرەکان ئەو کەسانەن کە هه‌وڵده‌دەن لە ناو زماندا ناوی نوێ بۆ ئەو شتانەی بدۆزنەوە کە پێش شیعرەکە ناویان نەبووە. دەبێ شیعر بۆ ئەم داهێنانانە، بۆ ئەم بونەوەرانە، کە ناوەکیین بۆ زمان، هەمان چارەنوسی زمانی دایکی هەبێت: دەبێت بەبێ جیاوازی بە هەموان ببەخشێت. شیعر دیاریی شاعیرە بۆ زمان. بەڵام ئەم دیارییە، وەک زمان خۆی، بۆ کۆمۆنە [بۆ هەموانە] – بۆ ئەو خاڵە نادیارەیە کە گرنگ تێیدا یەک کەس نییە بە تەنیا، گرنگ تێیدا هەموانە لەشێوەی تاکێکدا. بەمشێوە شاعیرە گەورەکانی سەدەی بیست، لە پرۆژەی شکۆداری شۆڕشگێڕیی کۆمۆنیزمدا، شتێکی ئاشنا بەخۆیان دۆزییەوە – کە بریتییە لەوەی مادام شیعر داهێنانەکانی خۆی پێشکەشی زمان دەکات، مادام زمانیش بۆ هەموانە، ئەوا دەبێ جیهانی مادی و جیهانی ئایدیاکان بەتەواوی بۆ هەمووان بێت و بە هەموان بدرێت، نابێ خاوەندارێتی بدرێت بە کەمینەیەک، بەڵکو دەبێت بەرژەوەندییەکی هاوبەش بێت و بۆ کۆی مرۆڤایەتی بێت.

 

لەبەر ئەمەیە شاعیرەکان بەر لە هەر شتێک فۆرمێکی نوێی چارەنوسی خەڵکیان لە کۆمۆنیزمدا بینیووەتەوە. لێرەشدا و بەر لە هەرشتێک مەبەست لە “خەڵک” خەڵکی هەژارە، کرێکارە، ژنە بێکەسەکانە، جوتیارە بێدەرامەتەکانە. بۆچی؟ چونکە ئەوانەی خاوەنی هیچ نین دەبێ لەپێش هەموانەوە هەموو شتێکیان پێ بدرێت. دەبێ شیعر بدرێت بە کەڕوڵاڵ، بە بیانی، نەک بە فرەڕێس، بە زمانناس، بە نەتەوەیی. دەبێ هەموو زەوی، هەموو کتێبەکان، هەموو مۆسیقاکان، هەموو تابلۆکان، هەموو زانستەکان بدەین بە پرۆلیتاریا – ئەوانەی کە مارکس وەها پێناسەی کردن ئەو کەسانەن کە خاوەنی هیچ نین جەستەیان نەبێت کە توانای کارکردنی هەیە. لەسەروو ئەمانەشەوە، دەبێ چامەی کۆمۆنیزم پێشکەشی هەموو شێوەکانی پرۆلیتاریا بکرێت. سەیر لەوەدایە هەموو ئەمانە بوونەهۆی دووبارە دۆزینەوەی فۆرمێکی شیعریی زۆر کۆن: داستان. چامەی کۆمۆنیزم لە پلەی یەکەمدا داستانی قارەمانێتیی پرۆلیتاریایە. هەر بۆیە شاعیری تورکی نازم حیکمەت شیعریی گۆرانی کە تایبەتە بە خۆشەویستی، جیاکردۆتەوە لە شیعریی داستانی کە تایبەتە بە کردەوەی جەماوەریی گەل. بەڵام تەنانەت شاعیرێکی دانا و بەجەرگی وەک سیزار فاێخۆ دوودڵ نەبووە لە نووسینی چامەیەک بەناونیشانی “سرودێک بۆ خۆبەخشەکانی کۆمار”. ناونیشانێکی وەها بەئاشکرا سەر بە نەزمی زیندوکردنەوەی یادی جەنگەکانە، سەر بە باپەندبوونی داستانییە.

 ئەم شاعیرە کۆمۆنیستانە دووبارە ئەو شتەیان دۆزییەوە کە پێشتر ڤیکتۆر هوگۆ لە فەرەنسا دۆزییەوە: ئەرکی شاعیر ئەوەیە لەناو زماندا بەشوێن سەرچاوەی نوێی داستاندا بگەڕێت، داستانێک کە چیدی لەبارەی ئەرستوکراتیەتی سوارچاکەکانەوە نییە، لەبارەی داستانی خەڵکەوەیە لەمیانی پرۆسەی دروستکردنی جیهانێکی دیکەدا. بەستەری بنەڕەتیی ڕێکخراوی ناو گۆرانیی شاعیر ئەمەیە: سیاسەتی نوێ، لەلایەک لەنێوان بێنەوایی و ئاستەنگییە زۆرەکانی ژیان و ترسی داپڵۆساندن و هەموو ئەو شتانەی جێی بەزەیی ئێمەن، لەلایەکی دی لەنێوان سوپاسازی و خەبات و فیکری دەستەجەمعی و جیهانی نوێ و هەموو ئەو شتانەی جێی ڕەزامەندیی ئێمەن، قابیلی دروستبوونە.

له‌م دیالکتیکەی نێوان بەزەیی و ڕەزامەندی، لەم لێکدژییە شیعرییە توندئاژۆیەی نێوان کەوتن و هەستانەوە، لەم ئاوەژۆبوونەوە لە ملکەچییەوە بۆ قارەمانێتی، شاعیرە کۆمۆنیستەکان میتافۆڕی زیندوو، وێنای ناواقیعی و هێزی ڕەمزی دەکەن بە سرود. بەشوێن وشەدا دەگەڕێن بۆ گوزارشتکردن لەو ساتەی سەبری هەتاهەتایی زوڵملێکراوە هەمیشەییەکان دەبێتە هێزێکی دەستەجەمعی، کە تێیدا جەستە شۆڕشگێڕەکان و ئایدیا هاوبەشەکان لەیەکدی جیانابنەوە. لەبەر ئەمەیە کە هەموو ئەو شاعیرە کۆمۆنیستانەی لەنێوان بیستەکان و چلەکانی سەدەی بیستدا دەیانووسی، یەک سات -ساتێکی مێژوویی دەگمەنیان- کرد بە سرود: ساتی شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیا، کە وەک دەزانن لەنێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٩ ڕوویدا.

دەبێ تێبینی ئەوە بکەین کە بێگومان شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا چڕترین ڕووداوی مێژووە لە موبیلیزەکردنی سەرجەم هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانی جیهاندا. لەلایەک، پابەندبوونی شەخسیی نووسەرمان هەیە، لەسەرجەم ئەو ئایدۆلۆژیایانەی پشتیوانی لە کۆمار دەکەن، بە کۆمۆنیستەکانیشەوە: چ کۆمۆنیستە ڕێکخراوەکان، یان سۆسیال دیموکراتەکان، یان هەرە لیبراڵەکان، یان تەنانەت کاتۆلیکە بەجۆشوخرۆشەکانی وەک نووسەری فەرەنسی جۆرج برنانۆس، لیستەکە لیستێکی ئاوارتەیە، ئەگەر بێین و هەموو ئەوانە سەرباربکەین کە بەئاشکرا [لەبارەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیاوە] قسەیان کرد، هەموو ئەوانەی لە سەروەختی شەڕدا سەردانی ئیسپانیایان کرد، تەنانەت شانبەشانی هێزەکانی کۆمار شەڕیان کرد. لەلایەکی دیکەوە، ژمارەی ئەو کارە هونەرییە مەزنانەی لەم بۆنەیەدا بەرهەمهاتن، تەواو نایابە. ئاماژەی زۆرم بە شیعر دا، بەڵام با بیرێک لەو تابلۆ ناوازەی پابلۆ بیکاسۆش بکەینەوە کە پێی دەوترێت جۆرنیکا؛ با بیرێک لە دوو ڕۆمانی مەزنیش بکەینەوە: “هیوا”ی ئەندرێ مالرۆ و “زەنگ بۆ کێ لێدەدرێت”ی ڕۆماننووسی ئەمریکی ئارنست هەمنگوای. شەڕی ناوخۆی ترسناک و خوێناویی ئیسپانیا بۆ چەندین ساڵ هونەری جیهانی ڕوناککردەوە.

 بەلایەنی کەمەوە چوار هۆکار دەبینم بۆ ئەم پابەندبوونە گەورە و جیهانییەی ڕۆشنبیران بە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیاوە.

یەکەم؛ لە سییەکاندا جیهان لە بەردەم قەیرانێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیی زەبەلاحدا بوو. ڕای گشتی تا دەهات لەوە تێدەگەشت کە ئەم قەیرانە کۆتاییەکی ئاشتیانەی نابێت، چارەسەرێکی تەوافوقی یان یاسایی نییە بۆی. ئاسۆکان بە شەڕی ناوخۆ و دەرەکی تاسابوو. نێوەندی ڕۆشنبیرییش، دەبوو لەنێوان دوو ئاراستەی تەواو جیاوازدا هەڵبژێرێت: ئاراستە فاشیەکان و ئاراستە کۆمۆنیستییەکان. لەسەروەختی شەڕی ئیسپانیادا، ئەم ململانێیە شێوەی شەڕێکی ناوخۆیی ڕووت و سادەی وەرگرت. ئیسپانیا بوو بە وێنەی ڕەمزیی توندئاژۆی ململانێی ئایدۆلۆژیی ناوەندیی سەردەم. ئەمە ئەو شتەیە کە دەتوانین ناوی بنێین ڕەمزی، ناوی بنێین بەهای جیهانیی ئەو شەڕە.

دووەم؛ لە سەروەختی شەڕی ئیسپانییدا، بۆنەیەک بۆ هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی سەرانسەری جیهان هاتەپێش، نەک تەنها بۆ نیشاندانی پاڵپشتی بۆ بەرەی گەل، بەڵکو بۆ بەشدارییکردنی ڕاستەوخۆش لە شەڕەکەدا. بەمەش هەرچی بۆچوونە بوو کردار؛ هەرچی فۆرمی هاوپشتییش هەیە بوو بە فۆرمێکی برایەتی.

سێهەم؛ شەڕی ئیسپانیا فۆرمێکی توندئاژۆی وەرگرت کە بووەهۆی شۆکبوونی خەڵک. بێنەوایی و وێرانی لە هەموو شوێنێک ئامادەبوو. سەربڕینی ڕێکخراوانەی زیندانییەکان، بۆمبارانی هەڕەمەکیانەی گوندەکان، دڵڕەقیی هەردوو بەرە: هەموو ئەمانە بیرۆکەیەکیان دا بە خەڵک لەبارەی واقیعی ئەو ململانێ جیهانییەی کە شەڕی ئیسپانیا پێشەکییەکەی بوو.

چوارەم؛ شەڕی ئیسپانیا بەهێزترین و لەوانەشە ناوازەترین سات بێت لە مێژووی جیهاندا، بۆ دەرککردنی پرۆژەی مەزنی مارکسیزم: کە لەبارەی سیاسەتی شۆڕشگێڕیی نێونەتەوەیی ڕاستەقینەوەیە. دەبێ لەبیرمان بێت و بزانین تەداخولی گروپە نێودەوڵەتییەکان چ مانایەکی هەبوو: نیشانیاندا

فردیكۆ گارسیا لۆركا شاعیری ئیسپانی له‌ June 1898 له دایكبووه‌ و له‌ ‌ دژی ڕژێمی فرانكۆ له‌ئیسپانیا له‌ڕیزی شۆڕشگێڕ و چه‌په‌كان بوو، له‌ ١٨ ی ئاوگوستی ١٩٣٦ ده‌ستگیركراو ڕه‌میكرا.

موبیلازیزەکردنی ئەقڵەکان لەلایەن دەوڵەتانەوە پێش هەموو شتێک موبیلیزەکردنی خودی خەڵکە. من بیر لە فەرەنسا دەکەمەوە وەک نموونە: هەزاران کرێکار، کە زۆرینەیان کۆمۆنیست بوون، وەکوو خۆبەخش چوون بەشداریی لە شەڕی ئیسپانیادا بکەن. ئەمە سەرباری بەشداریی ئەمریکییەکان، ئەڵمانییەکان، روسەکان، خەڵکانێک لە سەرانسەری جیهانەوە. ئەم لەخۆبووردەییە نێودەوڵەتییە نموونەییە، ئەم ئەنتەرناسیۆناڵە بابەتییە جەوهەرییە، ڕەنگە سەرنجڕاکێشترین دەستکەوتی چاوکردن بێت لەو شتەی مارکس بیری لێدەکردەوە، کە دەتوانرێت لە دوو دەستەواژەدا کورت بکرێتەوە: لەڕووی نەرێنییەوە، پرۆلیتاریا نیشتمانی نییە، نیشتمانی سیاسیی ئەوان جیهانی هەموو ژن و پیاوە زیندووەکانە؛ لەڕووی ئەرێنیشەوە، ڕێکخستنە نێودەوڵەتییەکان ئەو شتەن کە سەرئەنجام دەبنەهۆی سەرکەوتنی ڕاستەقینە بەسەر دوژمنی هەموواندا، کەبریتییە لە کەمپی سەرمایەداری، بە فۆرمە هەرە پەڕگیرەکەشیەوە کە فاشیزمە.

بەمشێوەیه‌، شاعیرە کۆمۆنیستەکان لە شەڕی ئیسپانیدا هۆکارێکی بابەتیانەی سەرەکییان بۆ نوێکردنەوەی شیعری داستانی بەئاقاری داستانی میللیدا دۆزییەوە – کە لەبارەی دەردیسەریی خەڵک و قارەمانێتیی نێونەتەوەییانە، لەبارەی ڕێکخستن و ئامادەییانە بۆ شەڕکردن.

 ته‌واو

سەرچاوە:

الشعر والشيوعية، آلان باديو، ترجمة: محمد جمال. مقتطف من الفصل التاسع من كتاب عصر الشعراء.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین