تابلۆ نیگاركێش پاوڵ رۆبنس؛ ساتورن منداڵه‌كه‌ی ده‌خوات –زه‌یت له‌سه‌ر كه‌نڤاس ١٦٣٦ Saturn or Saturn Devouring His Son is a 1636 painting by the Flemish artist Peter Paul Rubens, now in the Museo del Prado.

هیومانیزم و چەشەى وەحشەكان


Loading

نوسه‌ر؛ هاوار موحه‌مه‌د

هیومانیزم و چەشەى وەحشەكان

هاوار محەمەد

 

 

( 1 )

ئەو هێڵە فەلسەفییانەى كە جیهانى مرۆیى لە جیهانى ئاژەڵى جودا دەكەنەوە، بنچینەى هەمەجۆر بۆ ئەم جیاكارییە گریمانە دەكەن. باوترین بنەڕەتى جیاكردنەوەى مرۆڤ لە گیانەوەران لە ئەرستۆوە، لەنێو فەلسەفەدا پرسى لۆگۆس [عەقڵ/زمان]ـە. ئەم بنچینەیە بۆ شتى دیكەى وەكو “تواناى قسەكردن”، “تواناى تێگەیشتن”، “تواناى كۆمەڵایەتیبوون”، “تواناى سیاسیبوون” [مرۆڤ گیانەوەرێكى سیاسییە] ورد كراوەتەوە. مرۆڤ توانستێكى تایبەتى هەیە كە سەرجەم گیانەوەرانى تر نییانە و ئەمەیش بۆتە جیامەندی[1]ى بۆ مرۆڤ كە پێگەیەكى “سەرووتر”ى پێ بەخشووە؛ دواجار ئەمە واتە باڵایەتى سوبێكت بەسەر ئوبێكتدا. ئەم باڵایەتییە لە بێ شومار سیفەتى مرۆڤدا قابیلى پاساودانە، قابیلى ئەوەیە لە سەرجەم ڕەگەزە كولتوورییەكانیشدا ئەرگومێنتى بۆ ببینینەوە. شێوازى پۆشین، ئەتەكێت، سێكسكردن و شێوازى خواردن و هیتر. دەربارەى ئەمەى كۆتاییان، دەكرێت ئەوە بسەلمێنین كە بە پێشكەوتنى شارستانییەت مرۆڤ شێوازى خواردنى ئاژەڵیى بەجێهێشتووە بۆ شێوازى خواردنى مرۆیى. مرۆڤ چیتر تەنیا لەسەر چینینەوەى بەروبووم ناژى، هەروەها وەك ئاژەڵ گۆشتى كاڵوكرچ بە خوێنەوە ناخوات، بەڵكو ئامرازى هەمەجۆرى داهێناوە كە شێوازى خواردنى خۆی پێ گۆڕیووە. لەم پەرەسەندنەدا گرنگترین گۆڕان ئەوەیە كە مرۆڤ ئاگرى ماڵى كردووە و بەهۆیەوە هونەرى “چێشتلێنان” فێربووە. لەبەرئەمە جەیمس بۆسوێلى ئەنترۆپۆلۆژیست پێیوایە “مرۆڤ گیاندارێكى چێشلێنەرە”[2]. بە بڕواى ڕیچارد ڕانگهام ساتى گۆڕان لە ڕەگەزى مرۆییدا لەگەڵ بەكارهێنانى ئاگردا بۆ دروستكردنى خواردن دەست پێ دەكات، لێرەوە یەكێك لە گەورەترین لابەلابوونەوەكان لە مێژووى پەرەسەندنى مرۆڤدا ڕوو دەدات. مرۆڤ لە ڕێگەى ئاگرەوە گۆشتى خاوى بە لێنان، برژاندن، كوڵاندن گۆڕیووە، ئەمەیش بۆتە هۆى پەرەسەندنى چەشەى خواردن و هاوكات زیادبوونى وزەى لەشى، ئەم زێدە-وزەیەش گۆڕانى لەسەرجەم ئۆرگانەكانى جەستەدا پێك هێناوە. سیستەمى هەرسكردنى مرۆڤ بەشێوەیەكى چالاكانەتر لەگەڵ خواردنى برژراو و كوڵاودا خۆى گونجاندووە[3]؛ دواى ئەم پەرەسەندنە مرۆڤایەتى لە ڕاوكەرى ئاژەڵانەوە دەبێتە ماڵیكەرى ئاژەڵان.

 

 

 

( 2 )

ژۆرژ باتاى لە كتێبى “تیۆرى ئایین“دا لە وەسفكردنى دۆخێكى ئیمانانسیى نا-مرۆیى ئاژەڵى ڕاوكەر و ئاژەڵى ڕاوكراوەوە دەست پێ دەكات. بە بڕواى ئەو بەر لە دروستبوونى قۆناغى مرۆیى، واتە بەرلەوەى جیهان بۆ سوبێكت-ئوبێكت دابەش ببێت، بوونەوەران لە دۆخێكى ناونشینییدا ژیاون كە نەیانتوانیووە خۆیان لە یەكتر و لە جیهان جودا بكەنەوە، هیچ مەودایەك لەنێوان گیانەوەران، سروشت، جیهاندا نەبووە؛ هەمووان لەنێو یەك ئاودا بوون كە هیچ كەسێك پاشاى دەریاكانى نەبووە: «ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵۆ مریشك ڕاوبكات و به‌ته‌واوی و به‌ڕوونی له‌خۆیی بۆ جیانه‌كرێته‌وه‌، به‌و جۆره‌ی كه‌ ئێمه‌ شتێك له‌ خۆمان جیاده‌كه‌ینه‌وه‌. جیاكردنه‌وه‌[4] پێویستی به‌ مه‌زه‌نده‌كردن[5]ی شت ]ئوبێكت[ هه‌یه‌ وه‌ك شت. به‌بێ مه‌زه‌نده‌كردنی شت/ئوبێكت جیاوازییه‌ك نییه‌ شایه‌نی لێتێگه‌یشتن[6] بێت. ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی كه‌ ئاژه‌ڵێكی تر ڕاوی ده‌كات، هێشتا شت/ئوبێكت نییه‌. له‌نێوان ئاژه‌ڵی ڕاوكه‌ر و ئاژه‌ڵی ڕاوكراودا هیچ په‌یوه‌ندیییه‌كی پاشكۆیه‌تی، له‌ جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ ئوبێكتێك یان شتێك به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، كه‌ خۆی  ڕه‌تى ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك شت بیری لێ بكاته‌وه‌، بوونی نییه‌»[7]. شێر پاشاى دارستان نییە، ئەم سیفەتە مرۆڤ بە گوێرەى نەریتى خۆى پێى بەخشیووە، دەنا لە سەتحە ئیمانانسەكەدا بۆ خودى شێر و گیاندارانى تر هیچ مانایەكى نییە. بێگومان بەورێك لە زێبرایەك بەهێزترە، بەڵام ئەم جیاوازییە هێزەكییە نەگۆڕاوە بۆ باڵایەتییەكى چۆنییەتى سوبێكتێك بەسەر ئوبێكتێكدا. بەور هەر كات برسى بووبێت زێبرایەك یان ئاسكێكى وەك پێدراوێك ڕاوكردووە، ئەم كارەى نە لە ڕقەوە بووە، نە لە خۆشەویستییەوە، نە بە بیرلێكردنەوە و ستراتیژ؛ لەبەرئەمە بەور هیچ “ئامرازێك”ـى نەبووە كە بۆ ئامانجێك بەكارى بهێنێت، هەر بە سادەیى شاڵاوى بۆ نێچیرەكەى بردووە و تا تێربووە دەمى خستۆتە لاكەكەى. بەڵام تەنیا هێندەیشى خواردووە تا سەرومڕ تێربووە؛ بەشێكى زۆر لە گۆشتى ئاژەڵە ڕاوكراوەكە گیانەوەرانى ترى وەكو كەمتیار و داڵ و كرمەكان خواردوویانە. هیچ یەكێكیش لەم گیانەوەرانە نەیانتوانیووە هونەرى كوڵاندن و چێشت لێنان فێر ببن؛ نەیانتوانیووە ئامرازگەلى وەكو قاپ و كەوچك و پەرداخ دابهێنن؛ ئەوان ڕاستەوخۆ دەمیان خستۆتە گۆشت و خوێنەكە. خواردنى ئەم گۆشتە كاڵە بە خوێنەوە، واتاى ئەو ئیمانانسەیە كە تێیدا نیگاى ئاژەڵى ڕاوكەر بۆ نێچیرەكەى باڵاڕوانانە و دەسەڵاتمەندانە نییە، بەڵكو هاوئاستە، بۆ تێربوونى سروشتییە نەك چێژ لێ وەرگرتن یان بۆ قوربانیكردن. مرۆڤ چیتر بەشێوەى ڕاووشكارى ڕاستەوخۆ ناژى، تەنانەت ئەو هۆزە سەرەتاییانەیشى بە ڕاوى گیانەوەران دەژین، پتر دواى برژاندن و كوڵاندن گۆشتى گیانەوەرەكە دەخۆن. بەم پێیە شێوازى بەدەستخستنى خواردن، لێنانى خواردن، ئەتەكێتى خواردن دەكرێت یەكێك لە سیماكانى ئەو خەرەندە مێتافیزیكییە بێت كە لە فەلسەفەدا لەنێوان دنیاى ئاژەڵان و دنیاى مرۆییدا هەڵكەنراوە.

 

تابلۆ نیگاركێش پاوڵ رۆبنس؛ ساتورن منداڵه‌كه‌ی ده‌خوات – زه‌یت له‌سه‌ر كه‌نڤاس ١٦٣٦

 

( 3 )

ئاژەڵە دڕندەكان ڕاستەوخۆ دەم دەنێنە لاكى ئاژەڵە ڕاوكراوەكەى بەردەستیان، هیچ مەودایەك لەنێوان دەمى ئەوان و گۆشت و خوێنەكەدا نییە، لەبەرئەمە ئاژەڵ بە پچڕین و مڵچەمڵچ دەخوات. لە زمانى ئەڵمانیدا وشەى Fresse واتە لمۆز یان قەپۆز، بەم هۆیەوە فرمانى fressen كە بە واتاى لووشدان، هاڕین، ماشینەوەیە، بۆ شێوازى خواردنى ئاژەڵ بەكاردەهێنرێت. لەم شێوازە خواردنەدا دەست ڕۆڵێكى ئەوتۆى نییە؛ تاكە وەزیفەكەى ئەوەیە لاكەكەى بچەسپێنێت تاوەكو دەم بتوانێت گۆشتى لێ بپچڕێت. جا لەبەرئەوەى دەست ڕۆڵیكى سەرەكى نییە، ئامرازەكانى وەكو كەوچك و چەنگال و ڤاپیش دانەهێنراون. لە جیهانى مەیمونەكاندا دەست لە خواردندا بەكاردەهێنرێت، بەشێكى زۆرى خواردنەكانیان بە دەست بەدەم خۆیانیەوە دەدەن؛ لەگەڵ ئەوەیشدا ژاك دێریدا باس لەوە دەكات كە لاى هایدیگەر مەیمون “دەست”ى نییە، بەڵكو “ئامرازى گرتن” یان “پڕپێداكردن”ـى هەیە، ئەمەیش مانایەكى دیكەى وشەى fressenـە. تەنیا لە شێوازى خواردنى مرۆڤدایە كە دەست ڕۆڵى سەرەكى وەردەگرێت. مرۆڤ دەم نانێتە گۆشت، بەڵكو خواردنەكە كەمێك دوورتر دادەنێت و بە دەستى دەیدات بەدەم خۆیەوە، ئەمەیش بە واتاى مەودایە لەنێوان دەم و خواردندا. دەست لەم مەودایەدا كار دەكات. بەڵام دەتوانین لێرەدا جیاكارییەكى دیكەى كولتووریش ببینینەوە: خواردن بە خودى دەست و خواردن لەسەر خوانێكى ڕازاوە بە ئامرازەكانى وەكو كەوچك، چەنگال، چەقۆ. بۆ نموونەى یەكەمیان دوور ناڕۆین بۆ هۆزە سەرەتاییەكان، بەڵكو زۆرینەمان لە كۆمەڵگا عەرەبییەكانى هاوسێمان بینیوومانە كە نانخوادنیان بە دەستە. ئەمە بۆ هەندێ كولتوورى دیكەى وەك ڕۆژئاواییەكان و بگرە كولتوورى ئێمەیش تاڕادەیەك قێزەونە. هۆكارى ئەم نیگا نیمچەفاشیستییە هەر ئەوەیە كە بەراورد بە ئەتەكێتى خواردنى مۆدێرن لە ڕێگەى “ئامرازەكان”ـەوە، خواردن بە دەست هێشتا سەرەتاییتر دەنوێنێت. بۆ عەرەب دەست خۆى ئەندامى لەشە و ئامرازەكەیشە، نەك ئامرازێك بۆ بەكارهێنانى ئامرازێكى ئوبێكتیڤتر. لەبەرئەمە خواردن بەدەست زیاتر لە جیهانى مەیمونەكانەوە نزیكە تاوەكو لە دنیاى شارستانیى مرۆڤەوە. دنیاى مۆدێرن مەوداى دەم و خواردنەكەى فراوانتر كردووە، نەك تا ئەندازەى دەست لە خۆى دوورى خستۆتەوە، بەڵكو مەوداى لەنێوان دەست و خواردنیشدا دروست كردووە تاوەكو “ئامرازەكان” لەو مەودایەدا بەكاربهێنرێن. بەم مانایە كەوچك، مەودایە لەنێوان خواردن و دەستدا. كەوچك و دەستیش مەودان لەنێوان خواردن و دەمدا. لەبەرئەمە مرۆڤ لە خواردندا كەمتر مڵچەى دێت، پتر نەرمە جووینى هەیەessen. فرمانى essen بە واتاى جووین و وردكردن، ئینجا قووتدان. خواردن بە كەوچك لە ڕێگەى دەستەوە بەرەبەرە دەدرێت بەدەمەوە و بە هێواشى دەجوورێت، پاشان قووت دەدرێت. ئەم شێوازە خواردنە essen باڵاكردنەوە[8]ى خواردنى ئاژەڵییە fressen.

 

 

 

 

( 4 )

فۆڕمى خواردنى مرۆڤ، گەرچى نەرم و بێ مڵچەیە، بەڵام لە ئاژەڵەكانى دیكە زیاتر دەماشێتەوە. زۆرینەى گیانەوەران جۆرێك یان هەندێ جۆرى دیاریكراوى خواردن دەخۆن. یان لە دابەشكردنە باوەكاندا بۆ گۆشتخۆر، ڕووەكخۆر، گۆشت/ڕووەكخۆر دابەش دەكرێن، بەڵام تەنانەت لەمەیشدا سنووردارن. گۆشتخۆرەكان گۆشتى هەموو گیانەوەرێك ناخۆن، هەر ڕووەكخۆرێكیش چەند ڕووەكێكى دیاریكراو دەخوات؛ ئەوانەیش كە پێكەوە گۆشتخۆر و ڕووەكخۆرن بەهەمان شێوە. لە نێو هەموواندا مرۆڤ هەمەجۆرترین بەروبوومە ڕووەكییەكان و ئاژەڵییەكان و شلەمەنییەكان دەخوات؛ لە دەغڵ و دانەوێڵەوە بۆ میوەكان، لە پەلەوەر و باڵندەكانەوە بۆ گیانەوەرە وشكانى و دەریاییەكان و بۆ وشكاوەكییەكان، تەنانەت ئەمڕۆ لێكۆڵینەوەكان لە سەردەمانى دێرین یان لە هەندێ كۆمەڵگەى سەرەتایى باس لە نەریتى كانیباڵیزم دەكەن و ئەدەبیات و سینەماى نوێش پڕن لە فیگورى دراكۆلا و ڤامپایەر و زۆمبى؛ خۆخۆرییەك كە بە دەگمەن لەنێو ئاژەڵە هاوڕەگەزەكاندا ڕوو دەدات. بەم پێیە مرۆڤ زۆرینەى خۆراكەكان دەماشێتەوە و دەیاندات بەدەم خۆیەوە. ئەم هەمەجۆرخۆرییە لە مێژووى پەرەسەندندا تەنیا لە ڕێگەى ئامرازەكانى خواردن و لە ڕێگەى گۆڕینى خۆراكەوە بە ڕێگەى چێشلێنان [برژاندن، سوركردنەوە، كوڵاندن]ـەوە مومكین بووە. چێشلێنان واتە گۆڕینى خۆراكەكان بۆ مادەگەلێك كە زیانى گەورە لە جەستەى مرۆڤ نەدات؛ واتە تواندنەوە، نەرمكردنەوە، خۆشەكردن و خۆشكردن. بە كورتى سەردەمێكى درێژە مرۆڤ فێربووە لە ڕێگەى چێشلێنانەوە چێژ لە خواردن وەربگرێت. پەرەسەندنى هونەرى خواردنسازى وایكرد مرۆڤ چیتر لە ژەمەكانیدا سادەخۆر نەبێت، پتر فێرى تێكەڵكردنى خۆراكەكان بوو لەگەڵ یەكتریدا و سفرەى ڕەنگینى ڕازاندەوە، ئیدى دەكرا یەك چێشت لە چەند مادەى خۆراكى پێك هاتبێت. هەروەها فێربوو كە ئاوى میوەكان بگرێت و بیانگۆڕێت بۆ شەربەت، ئاوى جۆ بگۆڕێت بۆ بیرە، لە گوشراوى ترێ شەراب دروست بكات. ئەم لیستە ناكۆتایە و ڕۆژبەڕۆژ لە ڕێگەى هونەرى چێشلێنان و مەتبەخى مۆدێرنەوە درێژتر دەبێتەوە. هەتابێ مادەى زیاتر، ڕووەكى زیاتر، گیانەوەرى زیاتر لە خوارنلێناندا بەكار دەهێنرێن. مرۆڤ لە ڕێگەى خۆشخۆرییەوە بوو بە بوونەوەرێكى، نەك تەنیا زۆرخۆر، بەڵكو هەمەجۆرخۆر. لەم لۆژیكەدا ئەگەر هێشتا هەندێ ئاژەڵ و ڕووەك دەست بۆ نەبراو مابنەوە، ئەوا بە شێوەى ڕەمزى دەخورێن یان خوراون و ڕەنگە ڕۆژێكیش بە واقیعى ببنە بەشێك لە سفرە و خوانى مرۆڤ، تەنانەت تیمساحیش. مرۆڤى مۆدێرن [سەرمایەدارى] دنیا دەخوات، بەڵام بە ئەتەكێتەوە.

 

 

 

( 5 )

لە پەراوێزێكى پاژى سێیەمى بەشى بیست و چوارى بەرگى یەكەمى سەرمایەدا، كارل ماركس بڕگەیەك لە مارتن لۆتەر دەهێنێتەوە كە باس لە سووخۆرىدەكات. سوو گەرچى سەر بە نەزمى ئابووریى پێش سەرمایەدارییە، بەڵام

هێگڵ و نیو هێگڵیانیه‌ك له‌سه‌ر ته‌وقی سه‌ری (ماركس)

لەنێو سەرمایەدارییشدا خۆى نوێ كردۆتەوە، بۆ نموونە لە ڕێگەى سووى بانكییەوە سەرمایەدار دەرفەتى ئەوەى بۆ خۆى دەڕەخسێنێت كە ئەوانیتر بگۆڕێت بۆ “مرۆڤى قەرزار”[9]. مرۆڤى قەرزار ئەنتۆنیۆى شكسپیرە كە دەبێت لەبرى قەرزەكەى، بە بەهاترین بەشى جەستەى بدرێت بە شایلۆگ، لەبەرئەمە سوو دواجار جۆرێك خواردنە، كەواتە وشەى “خواردن” لە چەمكە كوردییەكەدا بە تەواوى لەجێى خۆیدایە. لۆتەر سووخۆرى وەك تاوان پێناسە دەكات: «هەركەسێك قووتى ئەویتر بخوات، تاڵانى بكات، بیدزێت ئەوا ئەم كەسە تاوانێكى گەورەى كوشتنى كردووە، وەك ئەوەى كەسێكى برسى كردبێت یان بە تەواوى لەپەلوپۆى خستبێت. […] لەبەرئەوە لەسەر ئەم زەوییە (جگە لە شەیتان) هیچ دوژمنێك لە قۆرخكارى پارە و سووخۆر گەورەتر نییە، چونكە دەیەوێت ببێت بە خوداى هەموو مرۆڤایەتى. […] بەڵام ئەم كەسە كە دەیەوێت بە درۆ و دەلەسەكانى، جیهان برسى و تینوو، بێ نەوا و هەژار بخات، دەیەوێت هەموو شتێك بۆ خۆى بێت و خەڵكى پەناى بۆ ببەن هەر بەو جۆرەى پەنا بۆ خودا دەبەن و بۆ هەمیشە ببن بە خزمەتكارى. […] سووخۆر وەحشێكى بێ ئەندازە گەورەیە، وەك مرۆگورگێكى تێرنەخۆرە were-wolfكە هەموو شتێك تەفروتونا دەكات»[10]. ئاخۆ ئەم گورگە تێرنەخۆرەى وا هەموو شتێك دەماشێتەوە، خودى سەرمایەدارى نییە؟ ماركس “زێدەبەها” نەك “سووخۆرى” وەك جەوهەرى كەڵەكەبوونى سەرمایە پێناسە دەكات، كەواتە ئەو دڕندە گەورەیەى لۆتەر وەك سووخۆر باسى كردووە گۆڕاوە بۆ وەحشێكى زەبەلاحتر كە سەرمایەدارێكە هەم سوو دەخوات و هەمیش زێدەبەهاى ڕەنجى كرێكار. شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى، شێوازێكى خواردنى بێكوتایە، وەك بڵێى تێرنەخۆرە بانگى كردووە؛ هەموو شتێك دەگۆڕێت بۆ كاڵا و پارەكەى لووش دەدات، بەڵام ئەم پرۆسەیە بەبێ مژینى خوێنى كرێكار سەرناگرێت، بەم پێیە سەرمایەدارى سیستەمێكى كانیباڵستییە، هەر بەو جۆرەى ماركس لە “دەستنووسە ئابوورى و فەلسەفییەكانى 1848″ـدا وەسفى كردووە. گرەوى بەشێك لە ماركسیستەكان بۆ كۆتایى سەرمایەدارییش هەر ئەمە بوو كە مادام سەرمایەدارى دەبێتە وەحشێكى تێرنەخۆرەى ئەوتۆ، بە خواردنى هەموو شتێك ڕادێت، كەواتە لە كۆنترۆڵى خۆى دەردەچێت تاوەكو دەگاتە پنتێكى مێژوویى كە خۆیشى حەپەلووش بكات. سەرمایەدارى بە خواردنى ئەوانى تر دواجار سەرى خۆى دەخوات، ئەمەیش لەو سنوورەدا ڕوودەدات كە چیتر شتێك بۆ خواردن نامێنێتەوە: «پرۆلیتاریا هیچى نییە جگە لە كۆتوبەندەكانى». لە كۆتایى سەدەى بیستەوە دوو شت گۆڕا: یەكەم، سەرمایەدارى پێویستییەكى گەورەى بە مژینى خوێنى كرێكار نەماوە و هێشتایش بەرەبەرە دەستى لێ هەڵدەگرێت بەو پێیەى دەتوانێت “زێدە بەها” بە ڕێگاى دیكە پێك بهێنێت. كەواتە شیفاى خۆى لە كانیباڵیزم داوە و تاڕادەیەك سەربەخۆیى خۆى لە لەشیان وەرگرتووە؛ ئێستا ئەوان ئیدى مرۆڤى زیادەن. دووەم هێشتا لە زەویدا شتانێك بۆ خواردن ماون، بەڵام سیستەمەكە لە هەوڵى ئەوەیشدایە لە سنوورى زەوى دەربچێت، گەر ئەمە سەر بگرێت و دەستى بە سەرچاوە دەرەكییەكان ڕابگات (كە بە ئەگەرى زۆر بەم نزیكانە ڕوودەدات)، بە واتاى ئەوەیە دراوسێكانى زەویش دەدات بە دەم خۆیەوە؛ كەواتە هێشتا خوادن لە دەرەوە بەشى هێندە هەیە كە ددان لە جەستەى خۆى گیر نەكات. بەم جۆرە چیتر گرەوى “خۆخۆرى”ـیەكەیش ئومێدبەخش نییە. سەرمایەدارى تووشى قەیران دێت، بەڵام هیچ بنبەستێكى ناچاریى مێژوویى نییە كە تێیدا لە ناوەوە بە جارێك دابڕمێت و پرۆلیتاریا بە پاڵێك بیڕوخێنێت. سەرمایەدارى ئێستا نەخۆشییە مەترسیدارەكانى خۆى تێپەڕاندووە و خۆى خەریكى بەرهەمهێنانى نەخۆشییە. ئاخۆ دەكرێت قەڵەوى بە ڕێگەى زۆرخۆرى بە یەكێك لەم نەخۆشییانە دابنێین؟

( 6 )

هونەرى چێشلێنان وەك تایبەتمەندییەكى تاقانەى مرۆڤ، دەكرێت دیسان وەك بنچینەى جوداكردنەوەى مرۆڤ لە ئاژەڵ وەربگیرێت. ئەم سنوورەى كە بەردەوام لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا ئەستوورتر دەكرێت، چەند سەدەیەكە وەك “هیومانیزم”ـێك پێناسە كراوە كە لە ناوەڕۆكدا فەزڵى مرۆڤ بەسەر گیانەوەراندا دەدات. بۆ ئەوەى مرۆڤ مرۆڤایەتى خۆى بسەلمێنێت، دەبێت پیشانى بدات كە دەتوانێت گیانەوەران بكاتە قوربانى. تەنانەت قوربانى بە واتا حەرفییەكەیشى، كە سەربڕین و خواردنى گۆشتى ئاژەڵە، هەر ئەم مانا هیومانیستییەى هەیە. لە چیرۆكەكەى ئیبراهیمدا فەزڵى ئیسماعیل [یان ئیسحاق] لەسەر مەڕى قۆچى قوربانى هیچ لێڵیەكى تێدا نییە. مرۆڤ بە پێى ئەو ڕەبتەى بە هێزێكى باڵاوە هەیەتى [خودا، ئەقڵ، زمان] سوبێكتى باڵادەستە بەسەر ئوبێكتەكاندا، لەبەرئەوە وەك سوبێكت دەتوانێت هەموو جیهان وەك ئوبێكت ببینێت یان بیانگۆڕێت بۆ ئوبێكت؛ دواى ئەم گۆڕانەیش قووتیان دەدات كە هەر خۆى لەپێناو ئەم قووتدانەدایە. ئاژەڵ قوربانییەكە بۆ پیشاندانى ڕەمزیى ئەم باڵایەتییە. دێریدا لە گفتوگۆكەیدا ئەم گۆشتخۆرى و گشتخۆرییەى مرۆڤ وەك مەجازێكى فەلسەفى بەكاردەهێنێت و ناوى دەنێت “بە-دەم-خۆوەدان”. لە فەلسەفەدا هەندێ شێوازى بیركردنەوە هەن كە هەموو شتێك دەدەنە دەم خۆیان، جیهان دەخۆن، قووتى دەدەن و لە خۆیاندا “هەرس”ى دەكەن. بۆ ئەمە پێویستیان بە گۆڕین و تواندنەوەى ئەو خواردنانە هەیە كە وەك ئوبێكت لە دەرەوە دەیانبینن. لە ڕێگەى ئەم گۆڕین و تواندنەوە و خواردنەوە، خۆراكەكە دەكرێت بە بەشێك لە خود و دەرەكێتییەكەى دەسڕرێتەوە. خۆراك دەجوورێت، قووت دەدرێت، دەخرێتە نێو گەدەوە، نێو خودەوە. دواجار هەرس دەكرێت و ئەوەى دەبێتە بەشێك لە جەستە لە ناوەوە شوێنێكى دەبێت، ئەوەى نابێتە بەشێك لە جەستە وەك پاشماوە و پاشەڕۆ، وەك زیادەى زیانبەخش، فڕێ دەدرێتە دەرێ و لەنێو دەبرێت. دێریدا، هەر وەك لێڤیناسى هاوڕێى، لایوایە فەلسەفەى هیگڵ سیستەمێكى گەورەى هەرسكاریى دادەمەزرێنێت كە جیهان دەخوات، بگرە ئایدیاڵیترین نموونەى ئەم تۆتاڵخۆرییەیە[11]. فەلسەفەى هیگڵ هەموو شتێك دەماشێتەوە و لووش دەدات. تەنانەت ئەو شتانەیشى كە هێشتا دەمى بۆ نەبردوون، لە پەرەسەندنى مێژوویى ڕۆحدا هەڵیاندەلووشێت.

( 7 )

ڕووەكخۆرى هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەى ئەو جیاوازییە باڵامەندەى كە مرۆڤ خۆى پێ لە ئاژەڵ جودا كردۆتەوە. لەبەرئەوەى ئاژەڵیش وەك مرۆڤ گیانەوەرە، كەواتە، گەرچى عەقڵ و هۆشیاریى نییە، گەرچى بەستەزمانـە، بە جۆرى خۆى هەست و ئازارى هەیە، كەواتە دەبێت مافى ئەوەیشى هەبێت لە ئازار و قڕكردن بپارێزرێت. ڕووەكەكان كەمتر گیانیان هەیە، جەستەیان كەمتر ئۆرگانیكییە، لەبەرئەوە ئاساییە بخورێن؛ بەڵام هەر ژەمێكى گۆشتخواردن لەسەر حیسابى كوشتن و ئازارى ئاژەڵێكى دیكەیە، لەبەرئەمە مرۆڤ مافى ئەوەى نییە بۆ خواردن و چێژى خۆى، مافى ژیان لە ئاژەڵێكى دیكە وەربگرێتەوە؛ ئیمە لە ڕێگەى هۆشیاریى و هاوسۆزییەوە دەرك بەم بەرپرسیارێتییە دەكەین. ئێستا گەر تێستى ئەرگومێنتەكەى ڕووەكخۆرى بكەین، بۆمان دەردەكەوێت خۆى وەك كەمكردنەوەى جیاوازى نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ بەتاڵ دەكاتەوە و هەڵدەگەڕێتەوە بۆ تۆخكردنەوەى سنوورەكەى نێوانیان. ئەرگومێنتەكە بەم جۆرەیە: ئێمەى مرۆڤ مافى ئەوەمان نییە گۆشتى ئاژەڵێكى دیكە بخۆین، چونكە نابێت ببینە دڕندە. دڕندەكان ئاژەڵانى تر ڕاو دەكەن و دەخۆن، مرۆڤ تەنیا غەریزەكانى نییە، بەڵكو هۆشیارى و هاوسۆزییشە كە دەرك بە ئازارى ئەوى تر دەبات، ئەم دەركبردنە بەرپرسیارێتیى ئەوە دەسەپێنێت كە ئێمە وەك مرۆڤ دەبێت خۆمان لە بەدڕندەبوون بپارێزین. گۆشتخۆرەكان دڕندەكانن، دڕندەیى بەشێكە لە جیهانى گیانداران و یاساى دارستان؛ مرۆڤ نابێت بە یاساى دارستان بڕوات. ئێستا ئەمە هەمان “هیومانیزم”[12]ـە. ئەوەى مرۆڤ شتێكى هەیە لە ئاژەڵ زیاتر كە تایبەتمەندى كردووە، ئەمەیش بۆتە بەرپرسیارێتیى بەرامبەر هەموو بوونەوەرانى تر. مرۆڤ مرۆڤە نەك پڵنگ و شێر و هەڵۆ. كەواتە دیسان ئەرگومێنتەكە مرۆڤ لە ئاژەڵان جودا دەكاتەوە و باڵایەتییە سوبێكتیڤەكەى، لە فۆڕمى خۆ جیاكردنەوەى لە دڕندەكان، دووپات دەكاتەوە. مرۆڤ تەنیا بەو جۆرە دەتوانێت ئەم وێنەیەى بۆ خۆى هەبێت كە وێنەى گیاندارە كێوى و گۆشتخۆرەكان، وێنەى دڕندەیى دڕەندەكان پیشان بدات؛ بەم جۆرە وێنەى ئاژەڵ دەبێتەوە قوربانى وێنەى مرۆڤ. مرۆڤ وێنەى ئاژەڵانى تر دەخوات، تا خۆى پێ قەڵەو بكات، تا جیاوازیى خۆى پێ پیشان بدات. ئەم خواردنەى وێنە وا دەكات دێریدا جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە كە بە جۆرێكى ڕەمزى ڕووەكخۆرەكانیش گۆشتخۆرن. مرۆڤ بە گشتى لە گۆشتخۆرییەوە گلاوە، كە ئەمەیش دیسان بە واتاى زۆرخۆرى و هەمەخۆرییە.

( 8 )

 دۆلۆز جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بەدخۆراكى وەك دۆخێكى پەڕگیرى كەمخۆرى، نەخۆشى نییە و هۆكارەكەیشى تێكچوونى ئۆرگانیكیى لەش نییە. بەدخۆراكى ئارەزووە، ئارەزووى خواردنى كەمتر؛ جەستە بە گوێرەى مومارەسەى ئەم ئارەزووە شێوە دەگرێتەوە، لەبەرئەوە گۆڕانە ئۆرگانیكییەكان لە ڕاستیدا بنەڕەتى ئارەزووەكە نین، بەڵكو لە میانەى چالاكیى ئارەزووەكەوە ڕوو دەدەن. كەمخۆراكى دەبێت بە ئارەزوو بۆ ئەوەى مرۆڤ نەتوانێت هەموو شتێك بخوات. كەمخۆراك وەك گریگۆرى سامسا دواى تێپەڕینى ماوەیەك بەسەر بەدگۆڕانەكەیدا، وەك بارتلبى ڕوونووسكار كە تا بێ كەمتر دەخوات، كەمتر دەڵێت، بەڵام كەمتریش دەكات[13]. لەبەرئەمە دەتوانین فەلسەفەى دۆلۆز بە پۆلى پێچەوانەى فەلسەفەى هیگڵ دابنێین، هەر بەو هۆیەى فەلسەفەى ئەمەى دووەمیان قەستییەتى هەموو شتێك هەڵلووشێت. فیكرى دۆلۆز دژ بە مەسرەفگەرى و زۆرێتییە و ستایشى “دەستپێوەرگرتن” دەكات. ئەو هەم كەسایەتى خۆى و هەم فەلسەفەكەیشى مەیلیان لە “كەمێتی”ـیـە: كەمنووسیی، كەمدوویى، كەمخۆراكى، كەمدەركەوتن، لەبەرئەمەیە بەشێكى بەرچاوى فەلسەفەكەى داكۆكیكردنە لە “كەمینەكان”. دێریدا لاى خۆیەوە جەخت لەم گرنگییەى “كەمخۆرى” دەكاتەوە؛ پێیوایە لە بەرامبەر فیكرى “زۆرخۆر” یان “گشتخۆر”ـى هیگڵدا، دەبێت فیكرێك گەشە پێ بدرێت كە سنوورێك بۆ خواردن دابنێت و ئەوە زەق بكاتەوە كە هەندێ شت بۆ خواردن نین. دەبێت هەموو شتێك لە سیستەمێكى زەبەلاحى هەرسكردنى وەك هیگڵیزمدا، كە لە سیاسەتدا نازیزم و فاشیزم هاوشێوەكەى دەنوێننەوە، نەجوورێت و نەتوێنرێتەوە. هاوڕێ بۆ خواردن نییە، مەعشوق بۆ خواردن نییە، دراوسێ بۆ خواردن نییە. عەشق یەكبوونێك نییە لەسەر بنەماى سڕینەوەى ئەویترێتیى مەعشوق؛ ئەمە كانیباڵیزمە كە دەیەوێت گۆشتى مەعشوق بخوات و خوێنەكەى تا دوا دڵۆپ هەڵقوڕێنێت. مەسیح خۆى دەكات بە قوربانى بۆ ئەم كۆمەڵگە كانیباڵیستییە، بەڵام هاوكات نەریتەكەیشى درێژە پێ دەدات. لە ئاستى ڕۆژانەیشدا ئێمە زۆرجار دەربڕینى “ئەو دڵەت بتخۆم.”، “قەستمە قووتت بدەم.”، “حەزەكەم هەڵتلووشم.” بۆ پیشاندانى هەستوسۆزمان بەرامبەر خۆشەویستەكەمان بەكاردەهێنین، بێگومان ئەمە هەستێكى ڕاستەقینەیە و قووڵپێكى بەرگەنەگیراوى عەشقە، بەڵام پتر لەو نەریتەیشەوە هاتووە كە عەشق وەك یەكبوون لە ڕێگەى قووتدانەوە بە ڕاستەقینە دەزانێت. بە گوێرەى نەریتى كەمخۆرى، عەشق صەیرورەیەكى دوولایەنەى شادییە بە یەكترى؛ ئەوە شایەنى ئەرێكردنە كە لە دەرەوە ئەویترێكى مەعشوق هەیە دەتوانێت ڕام بكێشێتە دەرەوەى خۆم، دەتوانێت من لە خۆپەرستییەكەم ڕزگار بكات. من دەكەومە عەشقى ئەویترەوە، لەم كەوتنەدا دەكەومە دەرەوەى خۆم. لەلایەكیتر، نەریتى كەمخۆرى فێرمان دەكات كە جگە لە هاوڕێ و مەعشوق و دراوسێ، گیانەوەرانێكى زۆرى دیكە بۆ خواردن و ڕاوكردن نین و بەهاكەیان لەوە زیاترە تەنیا بۆ بەكارهێنان بن لەپێناوى مرۆڤدا؛ پەیوەندیى سوبێكت-ئوبێكتى خواردن تاكە ئیمكانى پەیوەندیى مرۆڤ بە دەوروبەرەوە نییە؛ بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە پەیوەندییە ڕێى لە گەشەى هەموو پەیوەندییەكانى دیكە گرتووە. دیمەنى ئاسكێك بە كێوێكى كوردستانەوە بەهاكەى لەوە زیاترە ڕاوچییەك ڕاوى بكات و بە ژەمێك قووتى بدات، پڵنگێكى لە گەرمیان بەهاكەى لەوە زیاترە چەكدارێكى دەبەنگ بیكوژێت بۆ ئەوەى ناوى بە “پڵنگكوژ” بڕوات. كەمخۆرى ڕەنگە بانگەشەى ئەوە نەكات بە بنەبڕى خواردنى گۆشت ڕەت بكاتەوە، بەڵام بەرەنگارى زۆرخۆرى و ماشینەوەى هەموو شتێك دەبێتەوە. ئەوانەى لە دەرەوەن، ناسڕدرێنەوە، ئەویترەكان لە غەریبەیى خۆیاندا دەمێننەوە، ئەمەیش تەنیا كردەى هۆشیارى و بڕیاردانى عەقڵانیى نییە؛ بەڵكو سازدانى پەیوەندییەكە لەنێوان من-ئەویتردا كە خۆگرتنەوە تێیدا ئارەزوو كراوە. دەبێت جۆرێك ئارەزووى كەمخۆرى لەنێوان مرۆڤەكاندا فیچقە بكات كە گرەوەكەیان لەسەر ئەوە بێت دەتوانن بێ خواردنى یەكترى، بێ خواردنى هەموو شتێك، بێ خواردنى دەرەكێتیى دەرەوە بژین.

تێبینى: پێشتر ئەم وتارە بە ناوى “زۆرخۆرى و كەمخۆرى” لەگەڵ گفتوگۆیەكى “ژاك دێریدا”دا بە ناونیشانى “سنوورەكانى هەرسكردن”، كە هەر لەلایەن نووسەرى ئەم وتارەوە كراوە بە كوردى، لە سایتى “ناوەخت” بڵاو بووەتەوە.

 

 

 

پەراوێز و سەرچاوەكان:

[1] privilege  

[2] ریتشارد رانغهام: قدحة النار، دور الطهي في تطور الإنسان، ترجمة: فلاح رحيم، هيئة أبوظبي للثقافة و التراث، كلمة، الطبعة الأولى، أبوظبي،ص31.

[3] نفس المصدر، ص 64-65. بۆ درێژەى ئەم باسە دەربارەى گۆڕانەكانى لەشى مرۆڤ لەدواى دۆزینەوەى ئاگر، بڕوانە لە هەمان كتێب، بە تایبەتى پێشەكییەكەى و بەشى سێیەم.

[4] Distinction

[5] Positing

[6] Discernible

[7] ژۆرژ باتاى: تیۆرى ئایین، وەرگێڕانى هاوار محەمەد، چاپكراوى دەزگاى ئایدیاى بۆ فیكر و لێكۆڵینەوە، 2017، ل46.

[8] sublime

[9] دەربارەى جینالۆژیاى قەرز وەك پرسێكى فەلسەفى و پاشان وەك كارگەى بەرهەمهێنانى “مرۆڤى قەرزار” لە ئابووریى نوێدا، بڕوانە دوو كارى ئێمە:

  • ڕیپۆرتاژێك دەربارەى ئیعدام، سەرەتاكانى ساڵى 2019 لە سایتى “دیدى من” بڵاوكراوەتەوە.
  • فەیلەسوف و كاهین: ئایا نیچە دژەسامى بوو؟ لە سایتى “چەپى نوێ” بڵاوبۆتەوە.

[10] Karl Marx: Capital: A Critique of Political Economy, Vol. I, Translated by Ben Fowkes, Penguin Books in association with New Left Review, New York & London, 1982, p. 740.

[11] بڕوانە گفتوگۆكەى دێریدا لە سایتى ناوەخت:

ژاك دێریدا: سنوورەكانى هەرسكردن، وەرگێڕانى لە ئەڵمانییەوە: هاوار محەمەد: https://bit.ly/3vr9NEZ

[12] Humanism

[13] بۆ وتارەكەى دۆلۆز دەربارەى بارتلبى، بڕوانە:

Gilles Deleuze: Essays Critical and Clinical, Translated by Daniel W. Smith and Michael A. Greco, Verso, London & New York, 1998, p. 68-90.

“ئازادە ڕەحمانى”، وەرگێڕە كوردییەكەى ڕۆمانى “بارتلبیى ڕوونووسكار”ى مێلڤیل ئەم وتارەى دۆلۆزى دەربارەى بارتلبى كردووە بە كوردى و لەگەڵ ڕۆمانەكەدا بڵاوى كردۆتەوە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌