1
ئێواره دێمه ده‌رێ، دنیا ساردی سارده،
هه‌وای پایزان هه‌میشه دڵته‌نگییه‌كی له‌گه‌ڵدایه
كه‌من خۆشمده‌وێت!
ئێستاش هه‌روایه،
بێده‌نگییه‌كی ترسناك له كوچه و كۆڵانه‌كاندا هاژه‌یان دێت،
گڤه‌ی بایه‌كان مۆسیقایه‌كه وێنانه‌كراو،
هه‌میشه كه به‌ته‌نیا پیاسه‌ده‌كه‌م،
زیاتر له‌ناو خۆمدام،
ڕۆچوونێكی زۆر قووڵ ده‌بینم له خه‌یاڵه‌كانمدا
وه‌ك تێكه‌ڵبوونی پایز به هه‌نگاوه‌كانمه‌وه!
پایزان ئاسمان زیاتر له ئاسمان ده‌چێت،
منیش زیاتر له‌خۆم ده‌چم!
گۆرانییه‌ك له نێو گوێچكه‌كانمدا ده‌نگده‌داته‌وه،
باسی پایز ده‌كات…
وه‌ك ئه‌وه‌وایه باسی ڕۆحی من بكات!
ڕۆحێكی بریندار،
كه سه‌رده‌مانێكی كۆن، زۆر كۆن،
نه‌یزه‌كێك ده‌دات له قوڵترین جێگای،
مه‌به‌ستم ڕۆحمه!
گۆرانیبێژه‌كه ده‌ڵێی هاوارده‌كات
وه‌ك دڵی من.
هه‌میشه ده‌مه‌وێت بیسه‌لمێنم دڵ هاواری نییه،
به‌ڵام ئێوارانی پایز خۆم گوێم له هاواره‌كانییه‌تی
مه‌به‌ستم دڵمه!
ئێواره دێمه ده‌ره‌وه، خه‌یاڵم لای شتێكه!
جۆرێك مه‌ستی هه‌ستپێده‌م كه به‌ری خه‌یاڵه‌كانمی گرتووه…
بیرم ده‌چێت به‌لای شه‌وی یه‌كه‌می ته‌نیاییه‌وه!
ئه‌و شه‌وه‌ی كه بۆ یه‌كه‌مجار
مرۆڤێك هه‌ست ده‌كات ته‌نیایه.
بۆنی گوڵی دار په‌رته‌قاڵ دێت،
تێكه‌ڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه له شه‌وی یه‌كه‌می ته‌نیایی.
حه‌زده‌كه‌م هاوارێك بكه‌م!
من پێویستیم به جه‌نجاڵی نییه،
به‌ڵام ته‌نیایشم خۆشناوێت!
ماوه‌یه‌كه زۆر له‌خۆمده‌كه‌م ده‌خه‌وم،
زۆر له‌خۆمده‌كه‌م له‌خه‌و هه‌ڵده‌سم،
هه‌ر به‌زۆر ده‌رۆم به‌رێدا، نانخواردن سه‌خترین شته.
ده‌مه‌وێت هاوارێك بكه‌م!
من حه‌زم له ژیان نییه، به‌ڵام مردنیشم خۆشناوێت!
2
كه به‌ته‌نیشت ئێواره‌دا داده‌نیشم،
گوێ ڕاده‌دێرم بۆ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی شیله‌ی شكسته‌كانم..
تك،
تك،
ده‌كه‌ونه خواره‌وه!
دڵۆپ،
دڵۆپ،
وه‌ك ڕژانی ئابڕوی بیره‌وه‌رییه‌كانم.
بیر له گه‌رمای هاوین ده‌كه‌مه‌وه؟!
تێده‌گه‌م مرۆڤ به‌بێ شكستیش هه‌ر نیگه‌رانه.
تا ئێستا دوو جار له مردنه‌وه،
خۆم هه‌ڵداوه بۆ گرتنه‌وه‌ی شكسته‌كانم
تا وه‌ك پاڵتۆیه‌كی درێژ و گه‌رم
جه‌سته‌ی به‌ستوومی پێ داپۆشم.
چاو له شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌م
وه‌ك داڕمانی چیا سه‌هۆڵییه‌كان دێن به‌ره‌و دڵمان،
بیر له‌و شه‌ڕوانه ماندووه ده‌كه‌مه‌وه،
كه خوێن له برینه‌كانی ده‌تكێ و
ده‌ڕوا، ده‌ڕوا..
ئه‌و شه‌ڕوانه‌ی گوللـه و شمشێری
ترسه ئه‌به‌دییه‌كانی له شه‌ڕ، به‌دوایه‌وه‌ن.
ده‌مه‌وێت هه‌ردو ده‌ستم به چوارده‌وری ده‌ممدا بگرم و
هاواربكه‌م و بڵێم:
هاوڕێ ئیتر به‌سه،
ئه‌ها له خوێندا ونبویت!؟
ده‌نگی به‌جێهێشتنی شكسته‌كانم ناهێڵێت
گوێی له ده‌نگم بێت!
تێده‌گه‌م مرۆڤ به‌بێ شكسته‌كانیشی، هه‌ر گوناهه!
ئێواره‌یه‌ك، ئێواره به ته‌نیشتمدا تێده‌په‌ڕێت،
بۆنی خاكی ته‌ڕبوی ڕێگا، دور دور ده‌مبات..
بۆنی ته‌ربونی خاك یانی چی؟!
بیرم ده‌چێت به‌لای ژیانه‌كه‌ی جارانه‌وه،
به بۆنی ته‌ڕبوی خاك ده‌ڵێم:
ده‌مه‌وێت ببم به‌ژیر ژیانه‌كه‌ی جارانه‌وه..
ده‌مه‌وێت ژیانه‌كه‌ی جاران، به‌سه‌ر سه‌رمدا تیپه‌ڕیت…
ده‌مه‌وێت ژیانه‌كه‌ی جاران وه‌ك ماشینیك،
فه‌رته‌ناش له‌سه‌ر سه‌رم بكات!
ده‌مه‌وێت ژیانه‌كه‌ی جاران،
خوین له سه‌ر دڵم فیچقه پێبكات!
ده‌مه‌وێت ژیانه‌كه‌ی جاران وه‌ك به‌سته‌ڵه‌كه‌كان،
خه‌یاڵه‌كانم ببه‌ستیت!
ده‌مه‌وێت كۆیله‌ی ژیانه‌كه‌ی جاران بم…
ده‌مه‌وێت وه‌ك به‌ندكراویك،
له تاریكاییه‌كانی ژیانه‌كه‌ی جاراندابم…
من ڕقم له ئازادی ده‌ره‌وه‌ی ژیانه‌كه‌ی جارانه،
من ده‌مه‌وێت له ژیانه‌كه‌ی جارانه‌وه دووباره بژییه‌مه‌وه،
من ده‌مه‌وێت له په‌نجه‌ره‌یه‌كی ژیانه‌كه‌ی جارانه‌وه، ژیان ببینم،
من ده‌مه‌وێت كۆیله‌ی ژیانه‌كه‌ی جاران بم.
بۆنی ته‌ڕبوونی خاك یانی چی؟!
تێده‌گه‌م مرۆڤ به‌رده‌وام له ژیان هه‌ڵدێت!