پێرفۆرمانس - زانا ڕه‌سوڵ - هۆڵی تەوار لە 14.4.2017

گێرانەوە وەکو مەتریاڵ لای هونەرمەندی پێرفۆرمانس زانا  ڕەسوڵ


Loading

زانا ڕەسوڵ لە هونەری ڕەسمەوە هاتووە بۆ ناو هونەری پێرفۆرمانس، لە ساڵی2011  ەوە تاکو 2017  ژمارەێک لە کاری پێرفۆرمانسی ئەنجامداوە. یەکەمیان کارێک  بوو لە پێناوی ژینگەدا، کە لە ساڵی2011  بە ئەنجامی گەیاند تاکو کاتی نوسینی ئەم بابەتە،  ئەو دوا کاری لە هۆڵی تەوار لە 14.4.2017 بە ئەنجام گەیاندووە ، تیایدا بەسەرهاتی ونبوون و دووبارە دۆزینەوەی یەکێ لە تابلۆکانی خۆی گێراوەتەوە. ئیدی لە و ساڵەوە ( (2011زانا رەسوڵ  لە کوردستان زیاتر وەکو هونەرمەندی پێرفۆرمانس ناسراوە .

هونەری پێرفۆرمانس هونەرێکی نوێیە لە مێژووی هونەری شێوەکاری، تیایدا جەستە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ، ئیدی وەکو میدیوم  بێ یان وەکو مەتریاڵ، هونەرمەند لەکاتی پێرفۆرمانسەکەیدا زۆرجار مەتریاڵی دیکەیش بەکاردەهێنێ بۆ گەیاندنی مەبەستەکەی کە دەربرینێکی سوبێکتیڤە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە.  جگە لە جەستە مەتریاڵە بەکارهێنراوەکانی تر لە هونەری پێرفۆرمانسدا جۆراوجۆرن  و هونەرمەند خۆی بەپێی پێداویستی کارەکەی هەڵیاندەبژێرێ.

بەهۆی بەکارهێنانی جەستە لە هونەری پێرفۆرمانسدا ئەشێ ئەو هونەرە  بە ئازادترین شێوەی هونەری شێوەکاری ببینرێ. هونەرمەندەکە پاش تەواوبوونی کارەکەی هەست بە خۆتازەکردنەوە دەکات، لەبەرئەوەی هونەرمەند گشت بەشەکانی خودی خۆی ڕاستەوخۆ لە کارەکەدا  بەکاردەهێنی. ماریانا ئەبرامۆڤیچ[1] وەسفی خۆی دەکات لە پاش تەواوبوونی پێرفۆرمانسەکانی، وەکو ئەوەی تازە لە دایکبووبێ.

ئەم جۆرە کارکردنە گەیشتوەتە کوردستانیش، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردیش کاریان تیا کردووە، لەوانە ڕۆژگار مەحمود، ڕێبین مەجید، ئاڤان سدیق، ڕێزان نەجیب، ئەحمەد نەبەز، گەیلان عبداللە، ڕەنج حیکمەت و زانا ڕەسوڵ، کە ئەم نوسینەم بۆی تەرخان کردووە.

یەکێک لە خەسڵەتە تایبەتییەکانی پێرفۆرمانس لای زانا ڕەسوڵ، بەکارهێنانی گێڕانەوەیە وەکو مەتریاڵ بۆ کارە هونەرییەکەی ئەوەیش سوبێکتیڤێتی کارەکەی بەهێزتر دەکات، لەبەرئەوەی گێڕانەوەکانی بەشێکن لە یادەوەرییەکانی. بە واتایەکی دی جگە لەو دەربڕینە چرکەساتەی کە هونەرمەند بە جەستەی خۆی هەست و بوارە سایکۆلۆژی و فیزیکییەکانی خۆی دەردەبڕێ، مێژوو و یادەوەری خۆیشی دەکات بە بەشێ لە ناوەرۆکی کارە هونەرییەکەی لە شێوەی گێڕانەوە.

بۆ نزیکبوونەوە لە دونیای هونەریی زانا ڕەسوڵ، وەکو هەوڵدانێک بۆ تێگەیشتن لە دونیای پێرفۆرمانسی ئەو هونەرمەندە، من لەم نوسینەمدا ڕووناکایی دەخەمە سەر یەکێ لە کارەکانی کە تیایدا بەسەرهاتێکی گرینگ دەگێڕێتەوە، خۆی ناوی لێناوە (گێرانەوە بە تامی ڕاستی).

هونەرمەند ئەم کارەی لە ڕۆژی 25ی مانگی12ی 2016 لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی پێشکەش کردووە، تیایدا بە قاتێکی چاکەت و پانتۆڵ، بۆینباغ و پێلاو و قژی درێژەوە لەناو هۆڵەکە دەردەکەوێ، دێت و دەچێ بە مایکێکی بێوایەرەوە بەسەرهاتی تەقینەوەی تۆپێک دەگێڕێتەوە کە کێشاوێتی بە ماڵەکەیاندا لە دێی قەمچوغە.

هونەرمەند بۆ ئەم کارەی پێویستی بە چوار کەس دەبێ بۆ نوسینەوەی گێرانەوەکە، لەسەر چوار کۆمپیوتەر کە بە چوار داتاشۆوە بەسترابوون، هەرکەس بەپێی توانای زهنی خۆی بەردەوام  گێڕانەوەکە  تایپ دەکات، بۆ ئەم کەسانەیش بانگەوازێکی بڵاوکردبووەوە لەسەر دیواری فەیسبووکەکەی خۆی، ئەو بەم جۆرە ئەم چوار کەسەی لە ڕێگەی ئەو بانگەوازەوە پەیداکردبوو.

کەسەکانیش، سێ کوڕ و کچێک بوون، کچەکە ناوی پەرێزە خۆی لە ڕێکخراوێکی کوردی ئێش دەکات بۆ مافەکانی ژنان، سێ کوڕەکەیش یەکێکیان ناوی هێڤییە ڕۆژنامەنوسە، کوڕی دووەمیان ناوی ئارییە، دوکانی چاپی سکرین و خەڵاتی  ڕێزلێنان دروست دەکات، سێهەمیان ناوی ئاوارەیە، خوێندکاری ماستەرە لە کۆلیجی هونەرەجوانەکان لە سلێمانی و لە هەمان کاتدا دوکانی کۆمپیوتەر و چاپی هەیە هەر لە سلێمانی.

کەسەکان لەسەر یەک مێز دانیشتبوون، گشت وایەر و کێبڵەکان و ئەوکارتۆنەی کە کیبۆردەکەی تیابوو، گشت ئەو ئامرازانەیش کە گڵۆپەکانی پێ چاککراوە وەکو پلایس و دەرنەفیز لە ناو هۆڵەکە دەبینران، تەنانەت ئەو پەیژەیەش  کە کاری داتاشۆ و کارەبای پێ چاککراوە لەناو هۆڵەکەدا وەکو خۆی ماوەتەوە. مانەوەی ئەم شتانە لەناو هۆڵەکە جگە لەوەی لە لایەکەوە دەبن بە بەشێک لەو مەتریاڵانەی کە هونەرمەند بەکاری هێناوە بۆ پێرفۆرمانسەکەی، لە لاێکی دیکەوە بەلای هونەرمەندەوە گرینگن بۆ بەخشینی مانا بە کارە هونەرییەکەی.

جێگای پێرفۆرمانسەکە وەکو گوتمان هۆڵی پەیمانگا بوو، کە هونەرمەند خۆی یادەوەری ڵەگەڵیدا هەیە، پێکهاتووە لە چوار دیوار و یەک دەرگا، هۆڵەکە لە دیواری دەستەچەپەوە دیوارێکی تری تیایە کە درێژ ئەبێتەوە بۆ ناوەڕاست و دابڕانی تیا دروست ئەبێ و دیسانەوە بە کورتی بەردەوام دەبێت، هونەرمەند مێزەکەی لەناو ئەو دابڕانەدا داناوە، هەروەها مێزێکی تریشی لە نزیک دەرگای هۆڵەکە دانابوو، بە دەستی چەپدا کە خۆی دیسانەوە یادەوەری لەگەڵدا هەیە.

زانا ڕەسوڵ بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی 1987 لە دێی قەمچوغە ڕوویداوە دەڵێ: شەوێک تۆپێک ئەکێشێ بە ماڵەکەماندا، لەو کاتەدا ئێمە خۆمان جگە لە باوکم لە ئەشکەوتێکدا بووین، لەبەرئەوەی باوکم ئەو کاتە لە ماڵەوە دەبێ بەو تۆپە بریندار دەبێ، پاش سێ مانگ شەهید دەبێ. هونەمەند ئەم یادەوەرییانە دەگێڕێتەوە لەو چرکە ساتەی کە تۆپەکە دەکێشیت بە ماڵەکەیاندا تا ئەو کاتەی کە پێرفۆرمانسەکەی تیا ڕووئەدا و لە کۆتاییدا پرسیارێک ئاڕاستەی بینەرەکان دەکات: ئەگەر ئەو تۆپە نەتەقایە و نەیکێشایە بە ماڵی ئێمەدا، ئەو کات چی بەسەر ئەم چیرۆکەدا دەهات؟

زانا ڕەسوڵ داوا لە بینەرەکان دەکات بێنە لای تایپێستەکان و خۆیان ڕای خۆیانیان پێ بڵێن، یەکێک لە بینەرەکان دەڵێت: ئەگەر ئەو تۆپە نەیکێشایە بە ماڵی زانا ڕەسوڵدا ئەوان ئەنفال دەکران. یەکێکی تر دەڵێ: ئەگەر ئەو تۆپە نەیکێشایە بە ماڵی زانا ڕەسوڵدا، ئێستا ئەوان هەموویان لە ئەوروپا دەبوون.

هونەرمەند خۆی دەڵی: من لە گێڕانەوەکەمدا هیچ سانسۆرێکم نەخستە سەر خۆم بۆ ئەوەی باس لە خۆشی یان نا خۆشی بکەم. ئاڤان سدیق ئەم حاڵەتە بە “ئیرتیجالی“[2] وەسف دەکات.

پێرفۆرمانسەکە 34 دەقەی خایاندووە، هونەرمەند دەڵێ: من تەنیا لەسەر ئەو 34 دەقەیە نەوەستام و هەستام بە تۆمارکردنی گێڕانەوەکەی خۆم بە مۆبایل، دوای ئەوەی کە پێرفۆرمانسەکەم بەزیندوویی نمایشکرد و تەواو بوو. ئینجا دەنگەکەم لە ڕێگای دەنگ گەورەکەرەوەیەک دووبارە لەناو هۆڵەکە بڵاوکردەوە، لە هەمان کاتدا من هەر چوار شاشەی کۆمپیوتەرەکەم تۆمارکردبوو بە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەر، لەوکاتەی کە دەنگەکە لە هۆڵەکەدا بڵاودەبۆوە هەر چوار داتاشۆکە چوار گێڕانەوەکەیان دووبارە نمایشدەکردەوە، ئەمەیان ئەو گێڕانەوانەبوون کە چوار کەسەکە نوسیبوویان، ئەتوانین بڵێین ئەم چوار کەسە خۆیان چوار گێڕانەوەی دیکەیان لە گێڕانەوەکەی هونەرمەندەوە نوسیوەتەوە.

بە بەشداربوونی چوارکەسی تر و نوسینەوەیان بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی زانا ڕەسوڵ، بەکارهێنانی داتاشۆ و ئامرازی دەنگگەورەکەر، پرسیاری هونەرمەند لە بینەران و وەڵامی ئەوان، پەیوەندییەک لەناو کارەکەی خۆی دروست دەکات کە جوڵانەوە و دینامیکی پێ دەبەخشێ، کارەکە لە دەربڕینێکی تاکەکەسییەوە دەگوێزێتەوە بۆ کارێکی بە کۆمەڵ هەرچەندە زانا ڕەسوڵ خۆی ڕۆڵی سەرەکی تیا دەبەخشێ.

ئەم پێرفۆرمانسەی زانا ڕەسوڵ لە هەمان کاتدا پێرفۆرمانسی دەنگ و وشەیشە، واتا  هونەرمەند لەگەڵ بەکارهێنانی لەشی خۆی، ئەو دوای مەتریاڵەکان  دەنگ و وشەیشی بەکارهێناوە، کە ئاڤان سدیق ئەم حاڵەتە وەکو“وێنەی وشە“[3]وەسف دەکات.

 ئەمەی زانا ڕەسوڵ کردوێتی دوورە لە کولتووری گێڕانەوەی حیکایەت کە لە تەقالیدی کۆندا هەبووە، لەبەرئەوەی مەبەستی هونەرمەند تەنیا گێڕانەوەکە نییە، بەڵکو دەربڕینە بە جەستە و دەنگ و وشە، دروستکردنی چەند وێنەێکی جوڵاوی نوێیە بۆ بینین و هەستپێکردن و دەرککردن، بەواتاێکی دی هونەرمەند لەگەڵ هاتووجۆکەیدا لە ناو هۆڵەکە بەردەوام  شێوە و وێنەی نوێ دروست دەکات، کە دونیای هونەری شێوەکاری نوێ دەوڵەمەند دەکەن. مەتریاڵە بەکارهێنراوەکانیش لە مەتریاڵی ژیانی ڕۆژانەوە دەگۆڕدرێن بۆ مەتریاڵی هونەری، هونەرمەند  دەیانکات بە مەتریاڵێک بۆ بینین و دەرککردن، کە مانا دەبەخشن و دەبن بە بەشێ لە شێوە و ناوەرۆکی کارەهونەرییەکە .

ئەنگێلیکا نۆلەرت  Angelika Nollert لەسەر کارێکی هونەرمەند لیلی ڤان دێر شتۆکەرLily    van der stoker نوسیوییەتی و لە کتێبەکەی خۆیدا  پێرفۆرماتیف  انستەلەیشن Performative Installation بڵاوی کردووەتەوە : “گێرانەوە ئەتوانێ لەهەمانکاتدا سیفەتی نوسینی مێژوو و هونەری شێوەکاریش (فیگوراتیف) لە خۆ بگرێ.[4] “لێرەدا بە ڕای نۆلەرت: پێویستە چۆنێتی گێڕانەوەکە ڕەچاو بکرێ“. شایانی باسە ناوەرۆکی یەکێ لە پێرفۆرمانسەکانی (لیلی فان دێر شتۆکەر) گێڕانەوە و ئاگا‌ییە کە نۆلەرت بە ئنستەلاسیۆنێکی پێرفۆرماتیف وەسفی دەکات .[5] بۆیە ئەکرێ ئەم کارەی زانا ڕەسوڵیش بە ئنستەلاسیۆنێکی پێرفۆرماتیف وەسفبکەین، لەبەرئەوەی زانا ڕەسوڵ  چۆنێتی گێڕانەوەکەی بە ئاشکرا شێوەیەکە لە دەربڕینێکی پێرفۆرماتیف، لە هەمان کاتدا ئەو لەناو هۆڵەکە بە مێز، داتاشۆ، وایەر و کۆمپیوتەرەکانەوە ئنستەلاسیۆنێکی دروستکردووە، کە بە جەستەی خۆی وەکو میدیۆمێکی جوڵاوە پەیوەندییەک دروست ئەکات لە نێوان گشت، ئەو دوای مەتریاڵەکان و کەسەکانی دیکەدا. منیش بە پشتبەستن بە نوسینەکەی ئەنگیلا نۆلەرت  باسم لەو گێڕانەوەی زانا ڕەسوڵ کرد کە دەبێت بە مەتریاڵ و ناوەرۆک بۆ کارە هونەرێکە.

كارێكی Lily van der stoker

مەتریاڵی گێڕانەوەکە بەشێکە لە مێژووی سەخت و دژواری خودی هونەرمەند، بەشێکە لە یادەوەرییەکانی کە لەناو قوڵایی ڕوحیدا  ماونەتەوە، جێ پێی خۆیان لە قوڵایی دەروونیدا جێهێشتووە. لەبەر گرنگی یادەوەری لە هونەری شێوەکاریدا، ئەمرۆکە ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان کاری لێوەدەکەن، ئیدی چ هونەری ڕەسمکردن بێ یان پێرفۆرمانس یان هەر چ جۆرێکی دیکەی هونەری شێوەکاری.

ئەلفرێد ئەدلەر  Alfred Adlerلە نوسینەکانیدا گرینگی بە یادەوەری ئەدا وەکو بەشێکی گرینگی نائاگاهی و دەیبەستێتەوە بە توانای دەرککردن و هێزی وێنا کە بەشدارە لە دروستبوونی کارەکتەری مرۆڤ[6]. واتا وەکو بەشێکی گرینگی ژیانی مرۆڤەکە خۆی.  پرسیاری ئەدلەر ئەوەیە: بۆچی مرۆڤ هەندێ شت دێتەوە یادی و هەندێکی تر نا؟[7] ئەوەی کە زانا ڕەسوڵ دەیگێڕێتەوە شتێک نین  لەبیر بکرێن، جیاوازی لە نێوان زانا ڕەسوڵ و ئەو دوای کەسەکانی دیکەی قەمچوغە ئەوەیە، کە زانا ڕەسوڵ ئەم ڕووداوە دەکات بە کارێکی هونەری، واتا شێوەیەکی ئیستێتیکی دەداتێ، لە کاتێکدا کەسانی دیکەی قەمجوغە وەکو ژیانی ڕۆژانە دەیگێڕنەوە. زانا ڕەسوڵ  بە گێڕانەوەکەی ڕووداوەکە تازە ئەکاتەوە و لەم تازەکردنەوەیشدا ئەو خودی خۆیشی تازە ئەکاتەوە، ئەو هەستە تازەگەرییەش دەگەیێنی بە بینەر.

بەڕای ئەدلەر مرۆڤ ئەتوانێ لە یادەوەرییەکانی خۆیەوە پەیوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆی دروست بکا، ئەمە ئەگەر بە وشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکا. یەکێ لە گرنگییەکانی یادەوەری بە ڕای ئەدلەر لەوەدایە کە خاوەنەکەی ئاگادار ئەکاتەوە بۆ مشورخواردن بۆ داهاتووی خۆی[8]. کە ئەمەیش یەکێکە لە مەبەستەکانی ئەم پیرفۆرمانسە.

ئەلفرێد ئەدلەر لەڕووی زانستی دەروونناسیەوە باس لە یادەوەری دەکات، بەڵام ئەمە زمانی زانستی هونەرە کە ئەم زانستە دەروونناسییە دەهێنێتە ناو هونەر و وەکو سەچاوەیێکی گرینگ کاری لەسەر دەکات و دەیبەستێتەوە بە ناوەرۆکی کارەهونەرێکە، وەکو بەشێک لە ئیکۆنۆڵۆجی کارەهونەرێکە کاری لەسەر دەکات. لەو ڕوانگەیشەوە ئەکرێ بڵێم زانا ڕەسوڵ لەکاتی گێڕانەوەی ئەو یادەوەرییە سەخت و دژوارانەدا ناکروزێتەوە، ناپارێتەوە، ئەمەیش شێوە هونەرییەکەی کارەکە  نیشان ئەدا  و دووری دەخاتەوە لە  شێوە گێرانەوەکانی ژیانی ڕۆژانە. ئەو بە وشیارییەوە لە کاتی پێرفۆرمانسەکەی  قاتی لەبەرکردووە و پێڵاوی قاتی لە پێ کردووە و قژی دریژکردووە، ئەمانەیش دوورن لە تەقالیدی خەڵکی قەمچوغە و وێنەیەکی جیاواز بە بینەر دەبەخشێ لە نێوان خۆی و خەڵکی قەمچوغە، کە گرینگە بۆ گەیاندنی شێوە و ناوەرۆکی کارەکە، هەستی ئێستای بە بینەر بەخشیوە (کاتی پێرفۆرمانسە کە)، واتە مەبەستی سەرەکی هونەرمەند بە بۆچوونی من گێڕانەوەکە نییە، بەڵکو کارێکی هونەرییە، شێوەیەکە لە دەربڕین بە هونەری پێرفۆرمانس. بە بۆچوونی من ئەمە حیکایەت نییە کە زانا ڕەسوڵ  باسی دەکات، بەڵکو مەتریاڵی کارە هونەرییەکەیە، هاتووچۆکەیشی بە مایکێکی بێ وایەرەوە زیاتر ئازادی بە هونەرمەند و کارە هونەرییەکە بەخشیوە و دووری خستوەتەوە لە شێوەی موحازەرە گوتنەوە.

پێرفۆرمانس – زانا ڕه‌سوڵ – هۆڵی تەوار لە 14.4.2017

هونەرمەند خۆی دەڵێ: پێویستە بڵێم، من لە کاتی گێڕانەوەکەمدا مایکێکی بێ وایەرم بەکارهێناوە بۆ دەنگ گەورەکردنەوە، من لەم گێڕانەوەیەمدا پشتم بە یادەوەری خۆم بەستووە، بێ ئەوەی لەوەوپێش هیچ شتێک بنوسم. هەروەها ئەیشڵێت: من سەرەتا بە ڕستەیەک دەست پێی ئەکەم، ئەوەیش ئەوەیە: ڕێک بیستو دوو ساڵ پێش ئێستابوو، تۆپێک تەقی،  تۆپەکە نەمساوی بوو، بە پارەی عێراق کڕابوو، بە پارەی نەوتەکەی عێراق.

زانا ڕەسوڵ بەم پێرفۆرمانسەی ڕاومی هۆڵەکە دەگۆڕێ، لە ڕاومێکی وەستاو  و بێ جوڵە بۆ ڕاومێکی جوڵاوە، بە واتاێکی دی لە ڕاومێکەوە کە ئەشێ تەنیا مێژووی لەگەڵ تابلۆ و پەیکەردا هەبێ بۆ ڕاومێ کە مێژووی هونەرمەند زانا ڕەسوڵ لە خۆ دەگرێ، واتا ڕاومەکە ئیدی دەبێت بە خاوەنی یادەوەرییەکی نوێ.

کەسەکانێش لەم کارەدا فەرمانبەر نین کە تەنیا فەرمانی بەڕێوەبەرەکەیان جێبەجێ بکەن، بەڵکو بە ئامادەبوونی فیزیکی و ڕوحی و عەقڵی خۆیانەوە بەشێک لە کارە هونەرییە کە پێکدێنن، بە ئازادی و سەربەستی خۆیان گێرانەوەکە دەنوسنەوە و مەتریاڵی نوێ بەرهەم دەهێنن، ئەوان بەشێک نین لە سستمێک بەڵکو هەرکەس خاوەنی تاکەکەسێتی خۆیەتی، بێ ئەوان کارە هونەرییەکە نوقوستان دەبێت.

لە هونەری پێرفۆرمانس بەگشتی و لەم کارەی زانا رەسوڵ بەتایبەتی بینەرەکان تایبەتن، بینەری پێرفۆرمانس بینەری شانۆ یان سینەما نیە، بەڵکو بینەرێکن ڕاستەوخۆ لەگەڵ کارە هونەرییەکە ئەژیێن و دەرکی پێ ئەکەن، بینەری پێرفۆرمانس هەمیشە کەمن بەڵام تایبەتن. هونەرمەندەکە لە شوێنێکی بەرزەوە قسەیان بۆ ناکا بەڵکو نزیکە لێیانەوە، لەگەڵیاندایە، لەناویاندایە، ئەمەیش یەکێکە لەو هۆیانەی کە بە هونەری پێرفۆرمانس دەگوترێ هونەرێکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژیاندایە، هەرچەندە ماناکان ڕاستەوخۆ ناگەێنێ.

ئەم کارەی زانا ڕەسوڵ جگە لە ڕەهەندە ئێستێتیکییەکەی، چەندین مانا و ڕەهەندی نوێ و هەڵوێستی ئینسانی لەخۆدەگرێ، لەوانە ڕەهەندێکی سۆسیۆڵۆجی، لەوەی کە هونەرمەند هەرچەندە ئەو بەشەی ژیانی خۆی وەکو تاکەکەسێک دەردەبڕێ، بەڵام بێ دابڕان لە دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی. واتا بەشێک لە ژیانی هونەرمەند لە قەمچوغە وەکو بەشێک لە ژیانی خەڵکانی قەمچوغە لە کاتی تەقینەوەی تۆپەکە، وەک خۆی دەڵێ: من ناوی گشت ئەو کەسانەیشم هێناوە کە لە ڕووداوەکەدا بوون، ئەمەیش ئاڤان سدیق بەرەو پرسیاری تایبەت و گشتگیر دەبا “پرسیاری گشتگیر کە پەیوەندی ژیانی تایبەت بە ژیانی گشتییەوە یان (کۆمەڵەوە) گرێبدات؟“[9]. ڕەهەندیکی ئینسانی، لەوەی کە هونەرمەند ڕووداوێکی بۆ گێڕانەوەکەی هەڵبژاردووە، کە بەشێکە لە زاکیرەی ئینسانی میللەتەکەیشی و ناکرێت لەبیر بکرێ. هەڵوێستێکی ئینسانی، لەوەی کە هونەرمەند ئەوە ئەهێنێتەوە یاد کە ئەم تۆپە نەمساوی بووە و ڕژیمی ئەو کاتەی عێراق بە پارەی فرۆشتنی نەوتەکەی کڕیوێتی. ڕەهەندێکی تاریخی  لەوەی کە هونەرمەند بەشێک لە مێژووی میللەتەکەی خۆی دەکات بە ناوەرۆکی کارە هونەرییەکەی. ڕەهەندێکی ئێتیکی نوێ لەوەی کە هونەرمەند بەشێک لە مێژووی خودی خۆی دەکات بە بابەت  و مەتریاڵ بۆ “هونەری ژیان“، کە لەسەر بناغەی (خود ناسینەوە) دەست پێدەکات .[10]گشت ئەم ڕەهەندانە ناوەرۆکی کارەکەی زانا ڕەسوڵ پێکدێنن، کە ئەو بە شێوەی هونەری پێرفۆرمانس دەری بڕیوە.

 پێڕسته‌كان 

[1]ماریانا ئەبرامۆڤیچ یەکێکە لەهونەرمەندە بەناوبانگەکانی هونەری پێرفۆرمانس

[2]نوسراوێکی ئاڤان سدیق دەربارەی ئەم کارەی زانا ڕەسوڵ لە ژێر ناونیشانی ( وەرگێڕانی یادەوەری بۆ وێنە و وشە لەسەر سکرین )

[3]بروانە نوسینەکەی ئاڤان سدیق

[4]Angelika Nollert: Performative Installation. Köln 2003.

[5]هەمان سەرجاوە

[6]Alfred Adler: Menschenkenntnis.54

[7]هەمان سەرچاوە

[8]هەمان سەرچاوە

[9]بروانە نوسینەکەی ئاڤان سدیق.

[10]وەکو دامەزراوەیێک بۆ ئێتیکی نوێ لای میشیل فۆکۆ . بروانە بابەتی (هونەری ژیان )