مەسعوود محەمەد
مەسعوود محەمەد

ئازادی لای مەسعوود محەمەد


ژیار فاخیر

Loading

ئازادی لای مەسعوود محەمەد

ژیار فاخیر

 

پێشەکی

لە هەموو کات و شوێنێکدا گرفتی ئازادی و ناچاری وەک کێشەیەکی سەرەکی بۆتە جێگەی بایەخی هزری مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ژیر و هۆشمەند بە ئەنجامدانی هەندێ ئەرکی تایبەت، لێرەوە پرسیارەکانی ئەم توێژینەوەیە بریتین لە:

  • ئایا مرۆڤ لە هەڵبژاردندا خاوەن ویستێکی ئازادە؟
  • ئایا مرۆڤ لە بەرانبەر ڕووداوەکان بێدەسەڵات و بێویستە و خاوەن هیچ بڕیارێک نییە؟
  • یان وەک ماتریالیستەکان دەڵێن مرۆڤ ئازاد نییە لە پەیوەندییەکانی بە جیهانی ماددەوە؟

 

هەڵبژاردنی بابەتەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەمترین توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە مەسعوود محەمەد و دید و بۆچون و بەرهەمەکانی لە کتێبخانەی کوردیدا. هاوکات سەنگینی و بەپێزی ئەم بەرهەمانە بوونە هاندەر بۆ ئەم توێژینەوەیە. ئەو میتۆدەی لەم توێژینەوەیەدا بەکارهاتووە پارادایمێکی ڕەخنەیی و میتۆدی مێژوویی بەراوردکارییە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و شرۆڤەکردنی دەقەکانی مامۆستا دەربارەی مرۆڤ لە نێوان ئازادی و بێچارەییدا، ئایا مرۆڤ ئازادە یان نا؟

 

ئەم توێژینەوەیە پێکهاتووە لە پێشەکی، دوو بەش و دەرئەنجام، هەرچی بەشەکانیشە بەسەر چەند تەوەرەیەک دابەشکراون. بەشی یەکەم لە دوو تەوەر پێکهاتووە کە،

  • تەوەری یەکەم شیکردنەوەی تێگەی «ئازادی»
  • تەوەری دووەم شیکردنەوەی تێگەی «ناچاری»ـیە.

هەرچی بەشی دووەمیشە دابەشکراوە بە سەر چوار تەوەردا،

  • تەوەری یەکەم دیدی مەسعوود محەمەد بۆ مرۆڤناسی
  • تەوەری دووەم کە دوو کەرت لەخۆ دەگرێت،
    • دیدی مەسعوود محەمەد بۆ ئازادی
    • مرۆڤ لە نێوان ئازادی و ناچاریدا
  • تەوەرەی سێیەمیش، ڕەخنە لە فەلسەفەی مارکسیزم دەگرێت بەوەی بنەڕەتی هەموو شتێک دەگێرنەوە بۆ ماددە.

 

 

تەوەرەی یەکەم

مرۆڤ لە دیدی مسعوود محەمەد

 مەسعوود محەمەد پێی وایە لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی فەلسەفەکان ئاڕاستەی مرۆڤ کراون و مرۆڤ لە ناوەڕۆکی هەموو فەلسەفەیەک جێگەی کراوەتەوە، بەهای مرۆڤ بەرز نرخێندراوە کەواتە ناتوانین دیارەدەی کۆمەڵایەتی مرۆ بە مرۆ خۆی لێک بدرێتەوە. جوداوازییەکی زۆر لەوەدایە بمانەوێت لە فەلسەفەکەدا سوود یان زیان بە مرۆ بگەیەنین و هەوڵ بدرێت ئەو ڕەفتارەی دەیکات و ئەو مێژووەی کە بۆ خۆی تۆماری کردووە، لە ڕێی هۆکارە ڕاستینەکانەوە لێک بدرێتەوە. جوداوازییەکی دیکە ئەوەیە ناتوانرێت وا لە مرۆڤ بڕواندرێت وەکو بابەتێک شیکردنەوەی بۆ بکرێت، کە بە هۆکاری دەرەوەی خۆی هاتبێتە بوون یان وەکو بابەتێک سەیری بکەین کە جیهانی دەوری خۆی شی دەکاتەوە. ئەم خاڵە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان کە لێکدانەوە مێژوویییەکان گرنگییان پێداوە و پێی دەدەن، چونکە مرۆڤ خۆی هۆکاری هۆکارەکانە و هەموو ئەو شتانەی کە مێژوو، فەلسەفە و زانست لە هەوڵی دۆزینەوەی دان، ئامێر، دارایی، سوود، قازانج، لە یەک سەرچاوە هەڵدەقوڵین و چلوپۆی یەک سەرچاوەن، ئەویش: مرۆڤە. (محەمەد، بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەیی مرۆیی بۆ مێژوو، ٢٠١٢، ٢٢)                                                                  

دوای خوێندنەوەمان بۆ نووسینەکانی مەسعوود محەمەد دەربارەی مرۆڤ، بۆمان دەرکەوت کە بە چەند جۆرێک باسی لە مرۆڤ کردووە، لەوانە:

 

١- مرۆڤ بوونەوەرێکی خودییە (زاتییە)

مرۆڤ بوونەوەرێکی خودییە، هەر ئەوەی کە هەموو شتەکان لە زادەی هۆشی مرۆ دێنەکایەوە هەر ئەوەشە جودای کردۆتەوە لە هەموو بوونەوەرەکانی دیکە و سەنگی پایەی خۆی هەیە لەناو بوونەوەرەکانی دیکەدا.

مرۆڤ لە سەرەتای ژیانییەوە لەو کاتەی کە شتەکانی دەوروبەری دەرک دەکات، بەپێی گرنگی بابەتێک و بە ڕێژەی پەسەندکردنی لەلایەن هەست و هۆشەوە، پێیەوە خەریک دەبێت و بەپێی ئەو بارودۆخەی کە تێیدا دەبێت گرنگی بە شتەکان دەدات. هەموو ئەو شتانەی کە بوونیان هەیە لەگەڵ فراوانبوونی بیری مرۆڤدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. چەندە بیری مرۆ فراوانتر بێت، ئەوەندە تەوەرەکان فراوانتر دەبن و پێشکەوتن دێتە کایەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە مەسعوود محەمەد پێی وایە کە هەموو شتەکان لە خزمەت مرۆ هاتوونەتە کایەوە و مرۆڤ لەپێناو خزمەتکردن بە خۆی داهێنان دەکات. تا شتێک لە هۆشیەوە نەسەلمێنێت و پەسەندی نەکات هەوڵی بەدیهێنانی نادات و ئیشی بۆ ناکات کەواتە ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر ئەوە بکەین. لێرەدا دەپرسین ئاخۆ هەموو ئەو چەک و ئامێرانەی کە بۆ کوشتنی هەزاران و ملیۆنان خەڵک سوودیان لێ وەرگیراوە دیسان هەر بۆ خزمەتی مرۆڤ خۆی دروستکراون؟ نازانم دەتوانین بەو شێوەیە بیر بکەینەوە یان نا کە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ بەرهەمی هێناون زادەی هۆش نەبوون و بۆ سوودی مرۆڤ نەبووە، بەڵکو زیانێکی گەورەشی لە تەواوی مرۆڤ و مرۆڤایەتیش داوە. ئەمەش دەرخستەی کەماسیی مرۆڤیش بووە لە بەرهەمهێنانی ئامرازی جەنگ و … بەڵام دیسانیش دەکرێت لەسەر ئەوە کۆک بین هەر شتێک کە هەیە لە مێژوو یان لە کۆمەڵایەتی یان لەناو مرۆڤدا مرۆ دەیکات و کردوویەتی. هەر شتێک کە هەبێ لە ئەنجامی تێکەڵبوونی مرۆڤ لەگەڵ دەوروبەردا هاتۆتە کایەوە. (محەمەد، مرۆڤ و دەوروبەر، ٢٠١٠، ب١، ١٣٣)

 

٢– مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە

مرۆڤ بونەوەرێکی خاوەن هۆشە، ڕادەمێنێت و بیر دەکاتەوە، دەئافرینێت و داهێنان دەکات. هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی شتی نوێدایە لە هەوڵی کەشفکردنی داهێنانی تازەدایە. لەم مژارەشدا پێویستی بە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤانی دیکەدا هەیە، لەوەشەوە دەتوانین بڵێین کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. چونکە هیچ کەس بە تەنیا ناتوانێت هیچ بکات، لانی کەم ناتوانێ داهێنانێکی گەورە بکات، شوێنێک ئاوەدان بکاتەوە. ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی لە بۆچوونەکانی مەسعوود محەمەد بڕوانین کە مرۆڤ چەندە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، ئەوا هەموو ئەوەی کە باسی دەکات کە مرۆڤ خاڵقی هەموو شتێکە، کاریگەرە و هەموو شتێک کارتێکراوە لەلایەن مرۆڤەوە. مرۆڤێک بە تەنیا ناتوانێت ئەوە بکات، بەڵکو مرۆڤەکان هەموویان لە هەوڵدان و خۆماندووکردن لەگەڵ یەک توانیویانە ئەوەی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی خاوەنیەتی بێننەدی. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجیشە ئەوەیە لە کاتێکدا ئێمە دەڵێین مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام ئەو هەموو خراپەکارییە کە هەیە لە نێوان مرۆڤەکاندا هەمیشە و هەمیشە بۆ زیاتر هەڵدەکشێ، کوشتن و لەناوبردن زیاتر دەبێت؟ جا ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە نەک تەنیا مەسعوود محەمەد بەڵکو زۆر لە نوسەران، بیرمەندان، زانایان و فەیلەسوفانیش ئەوەیان زانیوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام تا ئێستا بەجوانی وەڵامی ئەوەیان نەداوەتەوە کە بۆچی خۆیشی بۆتە هۆکارێک بۆ لەناوبردن و خستنەمەترسی مرۆڤایەتی؟! (“مرۆڤ و دەوروبەر” ٢٠١٠، “کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی لە شێتخانە دەچێت ؟” ٢٠١٢).

٣- مرۆڤ بونەوەرێکی ئاوەزمەندە

لە مرۆڤدا هێزی ئاوەز کە بوونی هەیە واتایەکی بەرفرەوانی گرتووە و هۆکارێکە بۆ زانینەکانی مرۆڤ و ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن و لە دایکبوونی چالاکییە فکرییەکان و پێشکەوتنەکانی جیهانی مرۆڤایەتی. تەنیا هۆکارێک کە دەبێتە هاندەر بۆ بەرەو پێشەوەچوونی مرۆڤ و ئەمەش هەر هەمان ئەو ئامرازەیە کە زۆر بەسەیری هەر خۆی دەبێتە هۆکارێک و سەرچاوەیەک بۆ بەهەڵەداچوونی مرۆڤ و گومڕابوونی و زۆر شتی دیکە کە تەنیا لە مرۆڤدا بەدی دەکرێن (محەمەد ، مرۆڤ و دەوروبەر ، ٢٠١٠، ب٢، ٥)

لە ڕەفتاری مرۆڤدا حوکمی یەکەمایەتی بەسەر ئاوەزدا دەدرێت جا لە ڕەفتاری خۆیدا ئازاد بێت یان فێڵبازێک فریوی دابێت، یان لەلایەن قۆڵبڕێکەوە ئیرادەی لێ سەندرابێت یان بەهۆی تەمای پارە و شتی ترەوە بەرەو خراپە پاڵنرابێت (محەمەد ، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی… بۆچی لە شێتخانە دەچێ؟،٢٠١٢ ، ٢١١)                                         

ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە ئاوەز خەسڵەتێکی جیاکەرەوەیە، مرۆڤی لە هەموو بوونەوەرەکانی دیکە جیاکردۆتەوە و هۆکاری بەرەو پێشەوەچوون و پێدانی پلەی یەکەمە بە مرۆڤ. ئاوەزیش هاوشێوەی هەموو شتەکان لە سەرەتادا زۆر دواکەوتوو بووە، بەڵام وردە وردە لەگەڵ تێپەڕینی کات و ئەزموونکردنی شتەکان بیری مرۆڤیش بەرە بەرە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بیری مرۆ فراوان بووە و ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی تەواوی مرۆڤایەتی گۆڕانکاری بەسەردا بێت و پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێ. (محەمەد، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ لە شێتخانە دەچێ؟، ٢٠١٢، ٣٧)

ئاوەز وەک تایبەتمەندییەکی نایاب مرۆڤی لە هەموو بوونەوەرەکانی دیکەی جیاکردۆتەوە، مرۆڤ بوونەوەریکی تەواو ئاوەزمەندە بە واتای ئەوەی توانای جوداوازیکردنی هەیە لە نێوان هەموو شتێك. کەواتە دەتوانین بڵێن ئاوەز وەکو پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانی مرۆڤ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیان و بەرەو پێشچوونی مرۆڤ و گۆڕانکاریکردن لە مرۆڤایەتی و لە دیاریکردنی لایەنی ئایەتی و نایەتی ژیان خۆی.

ئاوەزیش هەم لایەنی ئایەتی[1] و هەم لایەنی نایەتی هەیە. ئاوەز بەرهەمێکی ڕوون و ئایەتی هەیە و دەرک بە حەقیقەت دەکات. لە هاوسەنگکردن و هاوکێشەکاندا مرۆ بەرەو ڕاستێتی دەبات، گەشەی کردووە و لەو ساتەوە بگرە کە هۆش چەکەرەی کردووە لە هەستی سنوورداری خاو خلیچک جیابۆتەوە، پلە بە پلە گەیشتۆتە ئەنجامی سەرسوڕهێنەر و چۆتە ناو نەزاندراوەکانی کەون و دۆزینەوەی شاراوەکانی ناو کەون و بەرهەمهێنانی ئامرازی جودا جودا بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی. بەڵام هۆش چالاکی نایەتیشی هەیە کە گومڕابوون و تاریکییە و وەختە هێندەی لایەنە ئایەتییەکەی بێت کە ڕووناکە و هۆکاری جۆرەها زانیاری و پێشکەوتن و ئاسوودەییە. ئاوەز حوکمی ڕاست بەسەر ئەو شتانەدا دەدا کە تێیان دەگات و چالاکییە نایەتییەکانیشی بە ئەندازەی ئایەتییەکانی کە سوودی هەبووە لە زۆر شوێندا بە شێوەیەک بووە کە گومڕا بووە و چەندین داستان، ئەفسانە و خورافیاتی هێناوەتە کایەوە. مەسعوود محەمەد هەموو ئەو خوارافیات، ئەفسانە و باسانەی کە لە دەوری ئەو تەوەرەدا دەخولێنەوە وەکو ڕۆڵەی ناشەرعی ئاوەز ناو دەنێت و پێی وایە هۆشی مرۆڤ ڕووناکی و پێشکەوتن بەرهەم دەهێنێت و نابێت لەو شتانە بچووک بکرێتەوە.

هەروەها دەبێت لێرە ئاماژە بەوە بدەین کە هەر شتێک بکەیتە باسێک و شیکردنەوەی لەسەر بکەیت و لێی قووڵ ببیتەوە ئەوا هەم لایەنی باش هەم لایەنی خراپی هەیە، هەم لایەنی ئایەتی هەم لایەنی نایەتی هەیە. مرۆڤیش لەمە بێبەش نییە وەکو چۆن لایەنی باشی هەیە لایەنی خراپیشی هەیە. مەسعوود محەمەد لەگەڵ ئەوەی کە ویستویەتی بەهای مرۆڤ دەربخات و پێشانی بدات کە مرۆڤ چەندە بوونەوەرێکی بەرزە و بوونەوەرێکە کە بنەڕەتی هەموو شتێکە لەوە خۆی لا نەداوە کە لایەنی نەرێنی مرۆڤیش بخاتەڕوو.

 

تەوەری دووەم

تێگەی ئازادی و مرۆڤ لە نێوان ئازادیی و ناچاریدا

 تەوەری یەکەم : ئازادی لە دیدی مەسعوود محەمەد

 ئازادی بەشێکە لە جەوهەری مرۆڤ نەک بەشێک بێت لە سیفەتە وەرگیراوەکان، بەڵکو مافێکی سروشتییە، کەواتە ئێمە ناکرێت ئازادی زەوت بکەین بە پاساوی جۆراوجۆر. ئایا کاتێ مرۆڤ ئازادی لێ زەوت دەکرێت، بۆچی دەکەوێتە دۆخێکی نالەبارەوە؟ بۆچی بەردەوام هەوڵ دەدات ئازادییەکانی بگەڕێنێتەوە یان ئازادییەکانی بستێنێتەوە جا بە هەر پاساوێک لێی زەوت کرابێت؟

دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە ئازادی پێکهاتەیەک بێت لە مرۆڤ، بە واتای ئەوە، ئازادیش یەکێکە لە جیناتەکانی مرۆڤ. جیناتەکان خاوەن تایبەتمەندی و ڕێسای خۆیانن، بۆیە هەر کاتێک مافەکانی پێشڵکرا یان ئازادی لێ زەوتکرا ئەوا مرۆڤەکە دەکەوێتە دۆخێکی ناجێگرەوە.

کاتێک مەسعوود محەمەد دەڵێت ئازادی وەکو بەهار یان وەکو ئاو ئاشکرایە ئیدی ڕێگایەک ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بۆشایەک بکرێتەوە کە پرسیار دەربارەی ئازادی بکەن. پێی وایە کە شتێکی ئەوەندە ئاشکرایە کە لەکاتی ئاماژەپێکردنی پێویستی بە شیکردنەوە و ڕوونکردنەوە نییە. بەڵام دەکرێت هەڵوەستەیەک لەسەر ئەوە بکەین کە پێی وایە ئازادی ئەوەندە ڕوون ئاشكرایە، کەواتە بۆچی خەڵکانێک هەن هەرگیز نە لە واتای ئازادی تێدەگەن و نە تێی گەیشتوون، تۆ بڵێی مەسعوود محەمەد چۆن بیری کردبێتەوە لە میللەتێک کە هیچ کات ئازادی بە خۆیەوە نەبینیوە چۆن ئاوا بە ئاسانی لە واتای ئەوە تێدەگات کە ئازادی وەکو بەهار و ئاو ئاشکرایە؟ یان هەر تاکێکی کە بە ئاواتی شتێکەوەیە ئازادی بە بۆچوونی خۆی و لەهەمبەر ژیان، ویست و داخوازی خۆی لێکبداتەوە؟ (بەرزنجی ، ٢٠١٣ ، ٢٧٧).

بۆ قسەکردنی زیاتر لەسەر تێگەی ئازادی لەگەڵ ئەوەی مەسعوود محەمەد زۆر بە قووڵی لەم باسە ڕۆدەچێت و بە زۆر لادا شیمانەی لێ وەردەگرێت. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەم تێگەیە لە جیهانی سێیەم وەدەر دەنێت. چونکە ئازادی واتایەکی فراوانی هەیە و لەم زەمانەی کە وەڵاتانی دواکەوتوو خەریکی یەکتر بڕینەوەن هێشتا زۆری ماوە ئەم تێگەیە لەم ژینگەیەدا ڕەگ دابکوتێت. بەڵام بەناچاری لە سێ ڕووەوە ئاماژە بە واتای ئازادی دەکات، ئەوانیش:

 

ئازادی دژی کۆیلەیەتی

ئەم جۆرەی ئازادی  بە ڕادەیەکی زۆر کەم بۆتەوە، ئێستا ئیدی باوی ئەوە نەماوە کە لە کۆندا ئەم جۆرە زۆر بڵاوبووە و کۆیلەیەکی زۆر بوونی هەبووە. جا پاساوی زۆریان هەبوو کە دەهاتن خەڵکیان دەکردە کۆیلەی خۆیان. بە هەر شێوەیەک کە ویستیان لەسەر بوایە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد، و خزمەتی خۆیانیان پێ دەکرد.

ئازادی گەل لە حوکمی بێگانە

ئەم جۆرە هەوڵدانی گەل (تاک تاکی گەل) لە هەوڵی ڕزگارکردنی خۆیدایە لەژێر دەسەڵاتی بێگانەیەک کە بەهەر هۆیەکەوە بێت هێرش دەکاتە سەر شوێنێک و ئیدی دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەلەکەدا دەسەپێنێت. لێرەدا بێگانەیەک حوکم دەکات، کە ئەمەش بەتەواوی مێژووی کورد لە هەوڵی خۆڕزگارکردندا بووە لەژێر دەستی داگیرکەران. هەمیشە هێزێکی بێگانە پەیدا بووە و گەلی کردۆتە کۆیلەی خۆی و حوکمی خۆی بەسەردا سەپاندووە، بەو شێوەیەی کە لە بەرژەوەندی خۆی دابووە.

 

ئازادی تاکی گەل لە سێبەری ڕژێمەکەیدا

ئەم باسە لە زۆر نووسینەکانی مامۆستادا چەندبارە دەبنەوە، چونکە ئەو مۆدێلەی تێگەی ئازادی تێیدا چەسپا بێت، هەلومەرجی زۆر تایبەت و ناسکی هەن. بێگومان ژینگەیەکی دێموکرات تاڕادەیەک دەکرێت ئازادی تێدا پیادە بکرێت، بەڵام کە بادەداتەوە سەر ژینگەی نادێموکرات، ئەوا جیهانی سێیەم و وەڵاتە دواکەوتووەکان دەبنە نموونەی زیندوو. ئیدی دەرفەت بۆ ئەم باسە (ئازادی) نامێنێت جگە لە  سەرکوتکاری و پێشڵکردنی مافی تاکە کەس و لێسەندنەوەی ئازادی لە مرۆڤ، هەر بۆیە مامۆستا لە هەموو نووسینێکدا داکۆکی لە مرۆڤ دەکات! (بەرزنجی ، ٢٠١٣ ، ٢٧٨).

تەوەری دووەم : مرۆڤ لە نێوان ئازادی و ناچاریدا

ئەگەر پلەی یەکەمایەتی نەدەین بە مرۆڤ و نەیکەین بە خاڵقی دەوروبەر، کۆمەڵایەتی، شارستانییەت و مێژوو، بەڵکو خاڵقێکی تری وەکو سروشت، ئاین، هۆی بەرهەم و ئابووری شتی تر بەسەر مرۆڤدا بسەپێنین، ئەوا دەبوو سەرجەم مرۆڤایەتی لەیەکچووبن و وەکو ئەوەی کە بنەڕەتی ئاژەڵ لەیەکچووە. کەواتە تاکە هۆیەک کە خاڵقی دەوروبەر، مێژوو و کۆمەڵایەتییە تەنیا مرۆڤ خۆیەتی و بەس (محەمەد ، مرۆڤ و دەوروبەر، ٢٠١٣ ، ب٣، ١٨).

دەوروبەر و هەموو ئامرازەکانی بەرهەمێنان و ئەوەی کە لە مرۆڤایەتییدا بوونی هەیە وەکو سێبەر بەدوای مرۆڤەوەن.  مرۆ هۆکاری بەرهەمهێنانیانە نەک ئەوەی کە دەوروبەر و ئامرازەکان جڵەوی مرۆڤ بەدوای خۆیاندا ڕابکێشن. کەواتە هەموو هەموو هۆیەکی بەرهەمهێنان، دەوروبەر و مادە خوڵقێنەرەکەی مرۆیە و لە دوای مرۆڤەوەن ئەوەش بەهۆی بەرەوپێشچوونی مرۆڤ و هێنانەکایەی شتی نوێ، هۆی بەرهەمی نوێ و شتە کۆنەکان لە دوای خۆی بە جێدێڵێ و وەکو سێبەری مرۆ دەبینرێن، نەک ئەوەی کە دەوروبەر و هۆی بەرهەم یان هەر ئامرازێکی دیکە بکەین بە خوڵقێنەر و ئەو توانایە لە مرۆڤدا بستێنینەوە کە خاڵقە نەک هۆیەکانی بەرهەمهێنان و دەوروبەر و ئەوەی کە هەیە جڵەوی مرۆڤ ڕابکێشن. چونکە ئەگەر مرۆڤ نەبوایە بەدرێژایی سەدەکان و ڕۆژگارەکان ئاوەزی گەشەی نەکردبایە و بەرەو پێشەوە نەچووبایە هیچ هێزێک نەبوو ئەو بوونەی کە هەیە بهێنێتە کایەوە (محەمەد ، مرۆڤ و دەوروبەر، ٢٠١٣ ، ب٣ ، ٢٩).

مەسعوود محەمەد پێی وایە ئەوە ویست و ئیرادەیە لەگەڵ ئاوەز یەکدەگرن و دەبنە خەسڵەتێکی مەزن لە مرۆڤدا کە جودای بکاتەوە لە هەموو گیاندارەکانی دیکە و بیکاتە خاڵق و کارتێکەر بە سەر ماددە و سروشت و هەموو ئەوەی کە بوونی هەیە. بۆیە دەڵێت: ”ئەگەر بتەوێت کۆمەڵگەیەک دروست بکەیت بڕیاری دەوروبەری بەسەردا جێبەجێ بکەیت ئەوا وەرە ئیرادە لە تاکەکانی بستێنەوە بیانکە بە «شت» دەشێ بە سەندنەوەی ئیرادە لە تاکەکانی زۆرێک لە پێشبینییەکانت لەگەڵ کردەوەیان ڕێک بخەیت!” (محەمەد ،بۆ ئەمیری حەسەن پور لە هەر کوێیەک ، ٢٠١٠ ، ٥١)

لێرەوە مرۆ هەتا ئەگەر کەم دەسەڵاتیش بێت یان هەتا ئەگەر دەسەڵاتیشی بەسەر شتان نەشکێت و توانای نەبێت، هەر تاکە حوکمڕانێکی کۆمەڵایەتییە. ئەو حوکمڕانییەش کە دەیکات لە ئەنجامی بوونی ئەو خەسڵەتانە دێت کە تەنیا خودی مرۆڤ خاوەنیەتی، لە پێشتر ئاماژەمان بە خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی مرۆڤ داوە لەگەڵ هەموو گیاندارەکانی تر کە بە پلەی یەکەم «ئاوەز» دێت و دوای ئەویش ئیرادە (محەمەد ، مرۆڤ و دەوروبەر ،٢٠١٠ ، ب١، ٦٧).

لە هەڵوەستەکردن لەسەر تەوەری ئازادی پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا ڕاستە لە معادلەی ”سروشت – مرۆڤ”دا مرۆڤ لایەنە کارتێکراوەکەیە و سروشت کاریگەرەکەیە؟ ئایا دەوروبەر ئاغایە و مرۆڤەکەش نۆکەر؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئایا لە نێوان مرۆڤ و سروشت کە مرۆڤ لایەنە کارتێکراوەکە و سروشت کاریگەرەکەیە؟

بەلای مەسعوود محەمەد ئەگەر تەنها یەک کارتێکەر بوونی هەبێت ئەویش مرۆڤە هەمووی ئەوەی کە بوونی هەیە بە مادە و سروشت و دەوروبەر کارتێکراوە لەلایەن مرۆڤ کە  کاریگەرەکەیە، جا ئەو کارتێکەرە بەهێز بێت یان بێهێز. سروشت بێلایەنە و توانای ئەوەی نییە خۆی بکات بە کارتێکەر ئەوە مرۆڤە کە کارتێکەرە و گۆڕان دەکات، داهێنان دەکات و تاکە فاکتەری ئەرێنییە (عامل ایجابی).

هەموو ئەوەی کە مەسعوود محەمەد مەبەستییەتی ئەگەر لە چەند دێڕێکدا کورتی بکەینەوە ئەوەیە کە مرۆڤ کاریگەرە و سروشت بە هەموو بوونییەوە کارتێکراوە لەلایەن مرۆڤەوە. تەنیا مرۆڤە کە سەروەرە وەکو چەترێک وایە کە هەموو سروشت و ئەوەی لە سروشتدا بوونی هەیە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی مرۆڤ خۆی و مرۆڤە دەتوانێت کاری تێ بکات، بۆیە کارتێکراو نییە لەلایەن هیچ شتێک. ئەمەش دیسان خەسڵەتێکی دیکەیە کە لە مرۆڤدا هەیە و جودای دەکاتەوە لە گیانلەبەرەکانی دیکە (محەمەد ، حاجی قادر کۆیی،٢٠١٠ ،  ب١، ١٠٢-١٠٣).

لە کۆتاییدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئایا مرۆڤ لە دیدی مەسعوود محەمەد ئازادە یان نا؟  مەسعوود محەمەد دەبێژێت: ”تەنیا یەک کات ئازاد نییە لەوەی کە دەیکات و نایکات، ئەویش لە هەندێ کاتدا ئیرادەی لێ دەسەندرێتەوە چیدی ئیرادەی ئەو مرۆڤە ئازاد نییە، ئەمەش تەنیا لە حاڵەتی هەڕەشەلێکردن یان بە کڕینی دڵ و دەروونی مرۆڤ بە پارە، سەروەت و سامان ئازادیی ئیرادە لە مرۆڤ دەسەنێتەوە. لێرەشدا خودیەتی مرۆڤ کز دەبێتەوە، بەڵام بەو مانایە نییە کە نەمێنی. ئەوە خودی مرۆڤەکە خۆیەتی بڕیار بدات سەردانەنەوێنێ یان ئەوەتا خۆی بفرۆشێ و ئازادی ئیرادەی خۆی بداتە دەست کەسێکی دیکە؛ لەتەک ئەو مرۆڤەشدا هەندێ مرۆڤ هەیە کە هەتا هەڕەشەی کوشتن، هاندەری وەک پارە، دەسەڵات و هێز ناتوانێت ئازادی و ئیرادەی لێ بستێنێتەوە. جا هەیە ڕوو دەدات کەس هەیە لە ئەنجامی خۆڕاگری و مانەوە لەسەر بیر و باوەڕی دەکوژرێت کە لەوانەیە هەڵەش بێت، بەڵام هەتا ئەگەر بزانێت هەڵەیە و نادروستی بیر و باوەڕەکەشی بزانێت دیسان هەر بەردەوام دەبێت شەرم دایدەگرێت واز بێنێ. لێرەدا خود دەگاتە ئەوپەڕی زاڵبوون لەسەر بابەتەکە. ئەوەی دەمێنێتەوە لێرەدا بیڵێین تەنیا ئەو هۆکارانەی لێرە باسمان کردن دەبنە هۆکارێک بۆ کزبوونی خودیەتی مرۆڤ ئازادنەبوونی مرۆڤ  ئەگەر نا مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی ئازادە” (محەمەد ، مرۆڤ و  دەورەبەر ،٢٠١٠ ، ب١، ٥٥-٥٦).

 

تەوەری سێیەم

ڕەخنەی مەسعوود محەمەد لە فەلسەفەی ماتریالیزم

 

ئەو پرسیارەی کە لێرەدا سەرهەڵدەدات و پێویستە قسەی لەسەر بکرێت ئەوەیە: ئایا ئەوەی کاریگەری لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت و کاریگەری بەسەر سروشت و تەواوی شتەکاندا هەیە ماددەیە یان خودی مرۆڤ خۆیەتی؟ بۆچی مەسعوود محەمەد ڕەخنەی لە ماتریالیزم گرتووە؟

مەسعوود محەمەد ئەو بۆچوونەی ماتریالیزمەکانی بەلاوە پەسەند نییە کە پلەی یەکەمایەتی و هەموو داهێنان و کاریگەرییەک لە مرۆڤ دەستێننەوە بەڕادەیەک دەیگەیەنێتە حاڵەتی کەوڵکردن. ئەمەش تەنیا بۆ بەزرڕاگرتنی ڕۆڵی ماددەی مردوو لە ئاست مرۆڤدا لە کاتێکدا ئەوە خودی مرۆڤەکەشە کە مادەکە دروست دەکات.

زاناکانی مادی ڕزگارکردنی مرۆڤ لە دەردەکانی دەبەستنەوە بە ئامادەیی دۆخی ماددی بۆ ڕزگارکردنەکە. پێیان وایە هۆی ڕزگارکردنی مرۆڤ لە دەردەکانی ماددەیە و بەس، بەڵام ڕزگارکەری مرۆڤ لە دەردەکانی، تەنیا مرۆڤ خۆیەتی و خۆی دەتوانی خۆی لە دەردەکانی ڕزگار بکات، هەموو مادە کۆبکەیتەوە جووڵەیەک نابینی ئەگەر مرۆڤ ئەو ماددەیە نەجوڵێنێت.

لای مادییەکان هەموو شتێک بۆ مادە دەگەڕێتەوە بە واتای ئەوەی کە ئەوە جیهانی ماددییە کە کار دەکاتە سەر سروشت و تەواوی شتەکان و مرۆڤ و هۆشی دەجوڵێنێ، نەک ئەوەی کە مرۆڤ بۆ خۆی بوونەوەرێكی داهێنەر و ئاوەزمەند بێت. بەڵام ئەوەی کە لێرەدا جێگەی سەرنج، تێڕامان و لێوردبوونەوەیە ئەوەیە: مەسعوود محەمەد بەتەواوی ئەمە ڕەتدەکاتەوە و دژی ئەو بۆچوونەیە بەئەندازەیەک کە لە زۆر شوێن لەناو باس و نووسینەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات و ڕەخنە لە ماتریالیزم دەگرێت. (محەمەد ، مرۆڤ و دەوروبەر،٢٠١٠ ، ب٢، ٧٧)

کەواتە ئەوە مرۆڤە کە خاوەنی هەموو داهێنانەکانە، ئەوە مرۆڤە کە گونجاو و نەگونجاوەکان، باش و خراپەکان کۆدەکاتەوە. ئەوە مرۆڤە لە هەموو کات و شوێنێک هەوڵ دەدات بەرەو پێشەوە بچێت. هەمیشە لە داهێناندا لەبەرەو پێشچووندایە، بە پێچەوانەی ماددەی مردوو کە لە سروشتدا تەنیا کاری تێدەکرێت لەلایەن مرۆڤەوە، یەک ئاڕاستەی هەیە ئەویش بەکارهێنانیەتی لەلایەن مرۆڤ. ناتوانێت بۆ غەیری خۆی هیچ بکات و واز لە پێویستی بوونی خۆی بهێنێت. ئەوە مادەیە کە بەبێ مرۆڤ ناتوانێ هیچ داهێنانێک بکات، بەبێ مرۆڤ هیچ هەڵبژاردنێکی نییە، هەموو ئەوەی کە ماددە بایەخی هەبێت ئەوەیە کە مرۆڤ بایەخی پێدەدات و بەس (محەمەد ، بۆچونێک لە سەرلێکدانەوەی مرۆیی بۆ مێژوو، ٢٠١٢ ، ١٠٦).

دەبێت ئەوەی کە لە ڕێبازی ماتریاڵیزمدا ڕۆڵی یەکەم دراوە بە ماددە، ڕۆڵی ئامێر یەکەمایەتی پێدراوە لە پەرەسەندندا لابدرێت. چونکە ئامێر جگە لە بەرهەمێک کە لە ئەنجامی هەوڵ و تەقەڵایی مرۆڤی هۆشمەند هاتۆتەدی شتێکی دیکە نییە. ئەوە مرۆڤە کە هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی پارچە پارچەی ماددە کە هەندێکیان لەوانەیە بایەخێکی واشیان نەبێت یان زۆر بچووک بن بەیەکیانەوە دەنوسێنێت ئامێرێکیان لێ ساز دەکات. جا ئەو ئامێرەش کە مرۆڤ لە شێوەی بەرهەمێک بۆ خزمەتی خۆی و پڕکردنەوەی پێداویستی خۆی و بەرگریکردن لە خۆی یان خزمەتکردنی خۆی یان بۆ لەناوبردنی خەڵک… هتد، بەرهەمی دێنێت (محەمەد ، بۆچونێک لە سەرلێکدانەوەی مرۆیی بۆ مێژوو ، ٢٠١٢ ، ٢٠).

لە دیدی مەسعوود محەمەد، ماددە زۆر لەوە دەستەپاچە و کەمترە کە توانای بزووتن و جووڵەپێکردنی شتەکانی هەبێت. بۆیە یەکەمیدان بە ماددە لە بەرانبەر مرۆڤ ڕەتدەکاتەوە و وەکو هەڵەیەکی بنەڕەتی سەیری دەکات. ئەو پێی وایە کە ئەوە هەموو هەژمارەکانی پەیوەست بە مرۆڤ تێکدەدات. نموونەی ئەسپ و عارەبانە دەهێنێتەوە لەوەی کە ئەگەر یەکەمایەتی بدەین بە ماددە وەکو ئەوە وایە کە عارەبانە بخەیتە پێش ئەسپەوە لە کاتێکدا ماددە ناتوانێت هیچ شتێک بجووڵێنێت چۆن چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکەین کە ئەسپێک بەدوای خۆیدا ڕابکێشێ؟ ئەگەریش وابێت کە ماددە پلەی یەکەمایەتی پێ بدرێت و ئەسپ بە دوای خۆیدا ڕابکێشێت هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ئەمە حەسانەوەی ئەسپی تێدایە (محەمەد،بۆچونێک لە سەرلێکدانەوەی مرۆیی بۆ مێژوو،٢٠١٢ ، ٤٣).

کەرەسەی بەهەرمهێن کە هەیە نە لە زەوی هەڵدەقوڵێت نە لە ئاسمان بۆ مرۆڤ دادەبەزێت لە خۆیەوە پەرەی نەسەندووە وە پەرەش ناسەنێت بەڵکو لە تێگەیشتن و لێهاتووی مرۆڤ پەیدا دەبێت و پەرە دەسەنێت هەر شتێک کە بەرهەم دێت ئەوا بەدڵنیایەوە ویستی مرۆڤی لەسەرە، جا ئەوەی کە بەرهەم دێت سوودبەخش بێت یان زیانبەخش بێت ئەوە مرۆڤە کە بە ئازادی ئیرادەی خۆیەوە بڕیار دەدات. کەواتە چۆن دەتوانرێت خاڵقیەت و هۆشمەندی و ئیرادەی مرۆڤ بە بەرهەمێک بەند بکرێت کە زادەی بیر و هۆشی مرۆڤ خۆیەتی؟ (محەمەد، بۆچونێک لە سەرلێکدانەوەی مرۆیی بۆ مێژوو، ٢٠١٢ ، ٦١)

لە دوای ئەوەی کە مەسعوود محەمەد بۆچوونەکانی خۆی دەخاتەڕوو لەسەر تەوەری ئازادی مرۆڤ و تەوەری یەکەمایەتیدان بە ماددە لە بەرانبەر مرۆڤ، پێی وایە لە هەر شوێنێک پلەی یەکەمایەتی نەدرابێت بە مرۆڤ و خالقێتی لێ سەندرابێتەوە و مرۆڤ وەکو بنەمای هەموو شتەکان دانەنرابێت هەڵەیەکە و دەبێت ڕاستبکرێتەوە و شکۆ بۆ مرۆڤ بگەڕێندرێتەوە و گرنگی خۆی پی بدرێتەوە (محەمەد، بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی بۆ مێژوو ، ٢٠١٢ ، ١٠٥).                

 

 

دەرئەنجام

لەم توێژینەوەیەدا گەیشتین بە چەند دەرئەنجامێک کە بریتین لە:

  • مەسعوود محەمەد ئەو بیرمەند و فەیلەسوفە کەم مانەندەیە کە دید و بۆچونەکانی خۆی ئازادانە لە سەردەمانێکدا بە نووسین دەربڕیوە کە دەرفەتی دەربڕین ئاستەم بووە. بێگومان سەنگینی و ڕاستگۆیی نووسینەکانی بنەمای ئەم دەروازەیەن.
  • مەسعوود محەمەد گرنگییەکی زۆری بە ئازادی داوە و بە مافی تاکەکەسی داناوە؛ نابێت ئەو مافە زەوت بکرێت بە هەر هۆکار و بیانویەک بێت.
  • مەسعوود محەمەد هەموو ئازادییەکان کە هەن مرۆڤ دەکاتە خاوەنی و پێی وایە مرۆڤ لە ژیانیدا ئازادە خۆی بڕیاردەری ژیانی خۆیەتی هەتا ئەگەر کەم دەسەڵاتیش بێت. مرۆڤ خاڵقە و تاکە کاریگەرێکە بەسەر سروشت و هەمووی ئەوەی کە بوونی هەیە.
  • مەسعوود محەمەد ڕەخنەی فەلسەفەی ماتریالیزمی کردووە. بۆچوونی ماتریالیستەکانی ڕەتکردۆتەوە کە بوونی هەموو شتێک دەگەڕێننەوە بۆ ماددە و بە کاریگەری دەزانن، هەموو شت بە کارتێکەر لە هەمبەر ماددە دەبینن؛ پلەی یەکەمایەتی دەدەن بە ماددە و مرۆڤ دەخەنە پلەی دووەم.

 

 

لیستی سەرچاوەکان

سەرچاوە سەرەکییەکان

١- محەمەد، مەسعوود: مرۆڤ و دەوروبەر، ب١، ٢٠١٠، چاپخانەی ئاراس-هەولێر ، چاپی دووەم.

٢- محەمەد، مەسعوود: مرۆڤ و دەوروبەر، ب٢، ٢٠١٠، چاپخانەی ئاراس-هەولێر ، چاپی دووەم.

٣- محەمەد، مەسعوود: مرۆڤ و دەوروبەر، ب٣، ٢٠١٠، چاپخانەی ئاراس-هەولێر ، چاپی دووەم.

٤- محەمەد، مەسعوود: بۆ ئەمیری حەسەن پور لە هەر کوێیەک بێت، ٢٠١٠، چاپخانەی ئاراس-هەولێر، چاپی دووەم.

٥- محەمەد، مەسعوود: زاراوەسازیی پێوانە، ٢٠١١، چاپخانەی ئاراس-هەولێر، چاپی دووەم.

٦- محەمەد، مەسعوود: حاجی قادریی کۆیی، ب١، ٢٠١٠، چاپخانەی ئاراس-هەولێر، چاپی دووەم.

٧- محەمەد، مەسعوود: بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی بۆ مێژوو، ٢٠١٢، و: حەکیم کاکەوەیس، چاپخانەی شەهاب-هەولێر.

٨- محەمەد، مەسعوود: کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی لە شێتخانە دەچێ؟ ٢٠١٢، و: حەکیم کاکەوەیس، چاپخانەی شەهاب-هەولێر.

٩- محەمەد، مەسعوود: نوسەر، نوسین، ئازادی (بریتیە لە دوو دیمانەی مامۆستا)، ٢٠١٣، و: سایتی مامۆستا www.mamosta.net ، ستۆکهۆڵم.

١٠- بەرزنجی، هەڵۆ: ژیان و جیهانبینی مەسعوود محەمەد، ٢٠١٣، چاپخانەی ئاراس-هەولێر.

١٢- صدیق، حسن حسین: فەلسەفە و زانست لە سەدەی بیست، ٢٠١٣،  چاپخانەی نارین-هەولێر، چاپی یەکەم.

١١-  مەنتک، کامەران: ئازادی لە نێوان فەلسەفە و یاسادا، ٢٠٠٥، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

[1]  ڕەوادیتنی «نەزۆکاندن» گەلێک سێنایی ترە لە ڕەوا دیتنی «ئەرێ و نەرێ» بۆ «موجب و منفی» چونکە لە زۆر باردا «ئەرێ» بۆ نەفییە وەک کە یەکێک بڵێ: حەمە بەڵایێکی گەورە بەسەر گەڕەکی خۆیاندا دێنێ، لە وەڵامدا پێی بڵێنەوە، ئەرێ؟ واتەکەی: وەهای پێ دەکرێ؟ لەگەڵ ئەمەشدا ئەرێتی و نەرێتی کەلێنی بۆ گرتووین. خۆ ئەگەر «ئایەتی و نایەتی» بوونایە لەبارتر دەبوون ئەوسا «ئایاندن و نایاندن» بۆ «ایجاب و ‌منفي» لە گەرداندا سوودیان لێ وەردەگیرا. دەستووری «نفي النفي» کە لە ئینگلیزیدا Negation of negation ی پێ دەڵێن لە کوردیدا «نایاندنی نایاندن»‌‌ی پێ دەگوترا. بۆ «مثبت ونفي» بە پێی دەستووری زمانەکەمان لە تێنەپەڕەکەی ئایاندن و نایاندن وە‌ردەگرین و دەڵێین: «ئایاو نایاو» هەر وەک کە لە «سووتاندی» «سووتاو» وەردەگرین نەک سووتاندراو. کتێبی (محەمەد ، ٢٠١١ ، ٤١)

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌