Carolee Schneemann, Interior Scroll, 1975, Taken from a Suite of 13 gelatin silver prints, Edition of 7. Available to buy on fineartmultiple, Courtesy: Carolina Nitsch Contemporary Art, New York

هونەری فێمێنیستی چییە؟


Loading

هونەری فێمێنیستی فۆڕمێکی هونەری هاوچەرخە، کە پتر لەتەک هونەری پۆستمۆدێرندا یەکدەگرێتەوە. ئەم هونەرە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ئازادی ژنان لە کۆتایی ١٩٦٠کان لە ئەمریکا و بەریتانیا دەرکەوت. هونەری فێمێنیستی دەیەوێ شوێنێکی شایستە و بەداد لەنێو جیهاندا بۆ ژنان دابین بکات. لە واتایەکی فراواندا، دەیەوێ هەڵوێستە کولتورییەکان و ستریۆتایپەکان بگۆڕێت. بۆ نموونە، هونەری فێمێنیستی دەیەوێ وەها لە لێڕوانەر بکات کە سەروەری پیاوان لەنێو کۆمەڵگە و کولتور بخاتە ژێر پرسیار و لێرەوە بۆ یەکسانی زیاتر لە نێوان جێندەرەکاندا هانی بدات.

هونەرمەندە فێمێنیستەکان، زۆر بەتایبەتی دەیانەوێ دەرفەتی ڕاڤەکردنێکی پتر ژندۆستانە لەنێو مێژووی هونەردا فراوانتر بکەن. بۆیە ژنە هونەرمەندەکان بەمەبەستەوە لە جۆرە ترادیسیۆنییەکانی هونەر بۆ نموونە وێنەکێشان و پەیکەرسازی کە پیاوان تێیدا زاڵن دووردەکەونەوە، هەرچەندە هەندێ لە ژنە هونەرمەندەکان ئەنجامی چاکیان لەم ڕووبەرانەش بەدەستهێناوە. لەبری ئەوە هونەرمەندە فێمێنیستەکان پتر فۆڕمە تازەکانی هونەری هاوچەرخ پەرەپێدەدەن بۆ نموونە؛ هونەری کۆنسێپت، ڤیدیۆ، جەستە، پێرفۆرمانس، فۆتۆگرافی، ئینستەلەیشن، دیزاین، گرافیک، وشە. هونەری فێمێنیستی وەک بزوتنەوەیەکی ڕەخنەیی و پڕۆتێستکردن سەری هەڵدا، داواکاری بۆ یەکسانی جێندەری لەنێو هونەردا بەرزکردەوە و توانی دەرفەتی زیاتر بە ژنە هونەرمەندەکان و ئەو هونەرمەندانەی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و نەژادییەکان بوون، بدات. بزوتنەوەکە ژمارەیەک هونەری ئەڵتەرناتیڤی دامەزراند و هەروەها هانی چەندین دامەزراوەی هونەری و مۆزەخانەی دا، تاکو پرۆفایلی هونەرمەندە ژنەکان بەرزبکەنەوە. ئەمەش بووە ڕێگەخۆشکەر بۆ نەوەی دواتری هونەرمەندە ژنەکانی هونەری هاوچەرخ لە سەرانسەری جیهان. لە ئەنجامدا، لە ١٩٩٠ەکانەوە هونەرمەندە ژنە پێشەنگەکان لەنێو ئیشەکانیاندا جەختێکی زۆریان خستە سەر ئەجێندای فێمێنیستی. وەک هونەرمەندی ئیتاڵی لیۆنۆر فینی (١٩٠٨-١٩٩٦) دەبێژێ: ”من شێوەسازم، نەک شێوەسازی ژن” (“I am a painter, not a woman painter.”).

 

مێژوو

Frida Kahlo Self-Portrait with Monkey 1938

یەکەم شەپۆلی فێمێنیستی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم لەتەک بزووتنەوەی سەفرەجێت (Suffragette ) دەستی پێکرد. لەو کاتەوە هەندێ هونەرمەندی ژن چالاکبوون، بە هەندێ کێشەی پەیوەست بە جێندەرەوە خەریکبوون بەبێ ئەوەی بەزەروورە ئەوان فێمێنیست بن. ئەم هونەرمەندە پێشەنگانە ئەمانە بوون: ماری کاسۆت (١٨٤٤-١٩٢٦) ئێمپرێشنیست؛ هانا هۆچ (١٨٨٩-١٩٧٨) و فریدا کالۆ (١٩٠٧-١٩٥٤). ئەم هونەرمەندانە زیاتر لەبارەی کێشەی دەسەڵات و وێناکردن لەنێو جێندەردا ئیشیان دەکرد. ئیڤا هێسی ئەڵمانی، لویس نێڤڵسنی ڕووسی و لویس بۆرژوای فەڕەنسی هەموویان لەنێو ئیشە هونەرییەکانیاندا لەتەک تێمای جەستەی ژن و ماڵێتی دا خەریکبوون.

لویس بۆرژوا (Louise Bourgeois-1911-2010)هونەرمەندێکی فێمێنیستە، ئەو زۆر کۆمەکی هونەری فێمێنیستی کردووە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە گۆڕینی کانوونی پیاوسالاری مۆدێرنیستدا هەبووە. بۆرژوا و هونەرمەندە فێمێنیستەکان ”خۆ-ژیننامە، مەتڕیاڵی نەرم، گێڕانەوە، ناڕوونێتی، ئەویدیێتی، … هتد”یان هێنایە نێو مێژووی هونەری هەنووکەوە.

لویس بۆرژوا ئیشی لەسەر سێکسوالێتی ژن کردووە، ئیشەکانی ئەو لە جەختکردنەوە لە فۆڕمەوە ڕووەو ناوەڕۆک دەگۆڕێن. ئەو ڕایدەگەیەنێت فێمێنیستە، فێمێنیستبوونەکەی هەر لە زووەوە دەستپێدەکات و ڕەگی لەنێو ئەزموونەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیدایە وەک ژنێک لەگەڵ پیاوان. باوکی لویس بۆرژوا خیانەت لە دایکی دەکات، ژنێکی دیکەی خۆش دەوێ، بۆ ماوەی  ده‌ ساڵ پەیوەندی لەگەڵ ئەو ژنەدا دەبێت. بۆرژوا و دایکی بەئاشکرا بەمە دەزانن، ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیان و هونەرەکەی دەبێت. ئەم بابەتە بۆ بۆرژوا بە ئازارە، دەبێتە هۆی ئیرەیی، ترس، سام، نیگەرانی، … هتد ئەم هەستانە دێنە نێو ئیشەکانییەوە. بۆرژوا دەڵێ ”من دەروونشرۆڤەییەکانی خۆم لەنێو ئیشە هونەرییەکانمدا هەڵگرتووە. هەموو ڕۆژێک ئەوە دەکەمە ئیش کە بێزارم دەکات، هەموو ڕەخنەکانم دەکەم بە ئیش.” من ئەوەم کە دەیکەم.

 

 

هونەری فێمێنیستی لە ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا

هونەری فێمێنیستی بەتەواوی لە کۆتایی ١٩٦٠ لە ماوەی دووەم شەپۆلی فێمێنیزم لە ئەمریکا و بەریتانیادەستی پێکرد. یەکێک لە ئەدگارەکانی ئەم قۆناغە ئەوە بوو پێیان وابوو هونەر لە بنەڕەتەوە هەوڵێکی کۆیەکییە لەبری ئەوەی تاکەکەسی بێت. لەسەر ئاستی پراکتیک سێ ئامانجیان هەبوو؛

 

١. ئاسانکاری بۆ هونەرمەندانی ژن تاکو ئیشەکانیان نمایش بکەن.

٢. دانانی کۆرس سەبارەت بە هونەری ژنان.

٣. دامەزراندنی ژمارەیەک ڕێکخراو و گۆڤاری هونەری بۆ ژنان.

 

بۆ ئەم ئامانجە ژمارەیەک گروپی ژنانە بۆ بایەخدان بە هونەرمەندە فێمێنیستەکان لەنێو جیهانی هونەردا دروست بوون، لەوانە ئایەر گەلەری و (WomenArtistsinRevolution (WAR)) ئەم گروپانە فشاریان خستە سەر مۆزەخانە بەناوبانگەکانی نیۆڕک لەوانە (Museum of Modern Art) و (Whitney Museum of American Art) بۆ ئەوەی پێشانگەی هونەرمەندانی ژن زیاد بکەن. لە هەمان کاتدا، بزووتنەوەکە ژمارەیەک دامەزراوەی تایبەت بە هونەری ژنانی دامەزراند وەک (Women’s Interart Center ) لە نیۆڕک ساڵی ١٩٧٠ و (Woman’s Building ) لە لۆس ئەنجلۆس کە هاوکاری (Feminist Studio Workshop) بوو کە لەلایەن جودی شیکاگۆ، شێلا لێڤرانت و ئارن راڤێنەوە دامەزرێندرا بوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٧٠ لە (Fresno State College)، جودی شیکاگۆ بۆ یەکەم جار لە ئەمریکا یەکەم وانەی هونەری ژنانی وتەوە. دواتر ساڵی ١٩٧١ شیکاگۆ و مریەم شاپیرۆ پرۆگرامی هونەری فێمێنیستییان لە پەیمانگەی هونەری کالیفۆڕنیا دامەزراند. فێمێنیستەکان ساڵی ١٩٧٢ لە نیۆڕک (Feminist Art Journal )، ساڵی ١٩٨٠ (Women’sArtJournal ) ساڵی ١٩٨٦ لە لەندەن (Women’sArtMagazine ) یان دەرکرد. هەروەها چەندین کۆنفڕانس و چالاکی دیکەیان ڕێکخست.

 

لە ١٩٧٠کاندا هەندێ هونەرمەندی ژن ئایدیایەکی تازەیان دۆزییەوە کە جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان ئەزموونی ژنان و پیاواندا هەیە، ئەمەش دەشێ لەنێو ئیشە هونەرییەکانیاندا دیاربدات. لە شەپۆلی یەکەمی فێمێنیزمدا، ژنە هونەرمەندەکان بەتەواوی خۆیان بە ئەزموونی ژنانەوە پەیوەست دەکەن، ناوچە قەدەغە و تابووەکان، وێنەی زێ، خوێنی سووڕی مانگانە، خۆیان بە ڕووتی وەک فیگوری ماخواکان پێشان دەدەن. هەروەها ژنان گەلەری هەروەزی ژنانەیان پێکهێنا، پێکەوە پێشانگەیان بۆ ئیشی ژنان دەکردەوە، بەگشتی ئیشەکانی خۆیان وەک فۆڕمێکی هونەری بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری فێمێنیستانە دەبینی.

لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک ڕەخنەگری هونەری ژن یارمەتی بزووتنەوەی فێمێنیستییان دا تاکو کێشە جێندەرییەکان لەناو هونەردا و ستریۆتایپی ”هونەرمەندی پیاو” ڕەخنە بکەن. ئامانجیان ئەوەبوو پرنسیپەکانی ئێستێتیک و بەهای هونەر کە لەلایەن هونەرمەندە پیاوەکانەوە دانراون جارێکی دی بەشێوەیەکی بێلایەنانە لە ڕووی جێندەرییەوە بنووسرێنەوە.

تا کۆتایی ١٩٦٠ەکان زۆرینەی ژنە هونەرمەندەکان بەدوای ئەوەدا دەگەڕان هونەرەکەیان لە جێندەر بخەن (de-gender)، بۆ ئەوەی لەنێو جیهانی هونەری زاڵی پیاوانەدا هاڤڕکێی هونەرمەندە پیاوەکان بکەن. لە دوای ١٩٦٠ەکان فێمێنیستەکان ڕەخنەی ئەوەیان دەکرد کە سیستەمی هونەر و مێژووی هونەر سێکسیزمیان بەدامەزراوەیی کردووە. هونەرمەندە فێمێنیستەکان، ئەو هونەرمەندە ژنانەی کە لە ڕابوردوودا ”لە مێژووی هونەردا” فەرامۆشکرابوون، زیندووکردەوە. فێمێنیستە مێژووناسەکانی هونەر دەستیانکرد بە نووسینی ”پێداچوونەوە”ی مێژووی هونەر بۆئەوەی ئەو ژنە هونەرمەندانەی کە لە ڕابوردوودا لەبیرکراون بهێننەوە نێو مێژووی هونەر.

پێشەنگەکانی ئەم ڕەوتە مێژووناسی هونەر لیندا نۆکلین (Linda Nochlin) (١٩٣١-٢٠١٧) کە ساڵی ١٩٧١یەکێک لە هەرە گۆتارە بەناوبانگەکانی خۆی بەناوی ‘بۆچی هونەرمەندانی مەزنی ژن بوونیان نییە؟”  نووسیوە، هەروەها جێرماین گرێیەر (١٩٣٩-)وتارێكی نوسی به‌ناوی – پێشبركێی ڕێگریكردن  (The Obstacle Race”)  ساڵی ١٩٧٩ نووسی.

 نۆکلین لە وتارە کاریگەرەکەیدا ‘بۆچی هونەرمەندانی مەزنی ژن بوونیان نییە؟”   پرسیاری ئەوە دەکات: ”بۆچی هونەرمەندانی مەزنی ژن بوونیان نییە؟” وەڵامەکەی بەکورتی ئەمەیە: هۆکارە دامەزراوەیییەکان، پەروەردەییەکان و ئابوورییەکان ڕێگر و ئاستەنگن لەبەردەم گەشەکردن و بەرەوپێشڤەچوونی هونەرمەندانی ژن، ئاخر جیهانی هونەر بەتەواوی لەلایەن پیاوانەوە داگیرکراوە.

Carolee Schneemann, Interior Scroll, 1975, Taken from a Suite of 13 gelatin silver prints, Edition of 7. Available to buy on fineartmultiple, Courtesy: Carolina Nitsch Contemporary Art, New York

گریسێڵدا پۆڵۆک (Griselds Pollock) و دێبۆرا چێری (Debora Cherry) دوو مێژووناسی هونەری فێمێنیستین سەبارەت بە پێگەی ژن لەنێو هونەرە جوانەکاندا دەبێژن ”ئەفراندن وەک پیاویێتی پێشاندراوە، ژن وەک وێنەیەکی جوان بۆ چێژ و خۆشی و سەیرکردنی پیاوانە پێشاندراوە، بەم ڕێیەوە کولتووری باڵا بەشێوەیەکی سیستەماتیکی زانینی ژنانی وەک بەرهەمهێنەری کولتوور و واتا ڕەتکردۆتەوە.” بۆیە نۆکلین ئارگومێنتی ئەوە دەکات فێمێنستانی مێژووناسی هونەر گەرەکە پرسیاری نوێ بکەن و فۆرمولەی نوێ لەبارەی زانینی مێژووی هونەر بهێننەگۆڕێ.

جۆن بێرجەر (John Berger) لە کتێبە بچووکە کاریگەرەکەیدا بەناوی ”Ways of Seeing” (ڕێگەکانی بینین) ساڵی ١٩٧٢ بڵاوکرایەوە، ئەم کتێبە لەسەر بنەمای زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی سەبارەت بە هونەر کە لە BBC پەخشکرا، نووسراوە. ڕەخنەگری مارکسیستی بەریتانی جۆن بێرجەر ئارگومێنتی ئەوە دەکات لە هونەر و لە ڕیکلامدا ”پیاوان کرداردەنوێنن و ژنان دیار دەخرێن، پیاوان سەیری ژنان دەکەن، ژنان خۆیان دەبینن کە سەیر دەکرێن.” بێرجەر ئەمە بە ”سەیرکردنی پیاوان-The Male Gaze” پێناسە دەکات.

بێرجەر له‌و بڕوایه‌دایه‌ لەنێو هونەری خۆرئاواییدا زۆر تابلۆی ڕووتی ژنان تەنیا بۆ چێژ و خۆشی پیاوان ئافرێندراون. ژنان وەک ناچالاک و بەردەست پێشکەش دەکرێن، پیاو هەمیشە وەک لێڕوانەری ئیدیال گریمانە دەکرێت، بۆیە ژن بۆ ئۆبژێکتێکی ئێستێتیکی و حەزێکی سێکسوالی کورت دەکرێتەوە، سەرەنجام ژنان لە مرۆڤبوون دەخرێن. جۆن بێرجەر جەخت لەوە دەکاتەوە ژن لە زۆرینەی تابلۆ زەیتییە (oil paintings) بەناوبانگەکانی خۆرئاوا، لە حەزی نێرانەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ ڕەوایەتیدان بە سەیرکردنی ژنان لەلایەن بینەر، پاترۆنەکان (patrons) و شێوەسازەکەوە. بێرجەر دەنووسێ ”تۆ وێنەی ژنێکی ڕووت دەکێشی چونکە تۆ چێژ لە سەیرکردنی ژنە ڕووتەکە وەردەگریت، تۆ بۆ چێژی خۆت ڕووتێتییەکەیت پێشان داوە.” پاشان سیندی شێرمان (Cindy Sherman) و کیکی سمیس(Kiki Smith) لە ئیشە هونەرییەکانیاندا ڕەخنەی سەیرکردنی پیاوانەیان کردووە.

دوای سەرهەڵدانی هونەری فێمێنیستی لە ئەمریکا و بەریتانیا، بزووتنەوەی هونەری فێمێنیستی لە وڵاتانی دیکەش لە کەنەدا، لە ئەوروپا (دانیمارک، نەرویج، ڕووسیا، ئیسپانیا، سوید)، ئوسترالیا، ژاپۆن و ئەمریکای لاتین سەریان هەڵدا.

 

هونەری فێمێنیستی لە ١٩٨٠کاندا

هونەری فێمێنیستی لە گەشەکردن و بەرەڤپێشچوون بەردەوام بوو، بەڵام نەک وەک بەشێک لە بزوتنەوەیەکی فراوانتر. لەبری ئەوە، هونەرمەندە ژنەکان هەوڵیان دا زاراوەکانی وەک ژنێتی، ژنایەتی دووبارە ڕوون بکەنەوە وەک کۆمەڵێک ڕەفتار کە ژنان بۆ قبوڵکردنی چاوەڕوانییە جڤاکییەکانی ژنایەتی دەیگونجێنن.

 

The Guerrilla Girls كچانی گورێلا ؛ ئایا پێویسته‌ ڕووت بین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌مان پێبده‌ن بچینه‌ ناو مۆزه‌خانه‌ی میترۆپۆلیتان؟!
پۆسته‌رێك له‌دژی نه‌بوونی تابلۆی ژنه‌ نیگاركێشه‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها تابلۆی ژنی ڕووته‌ كه‌پیاو نیگاركێشی كردووه‌!

لە ١٩٨٠کاندا سێ شتی جوداواز شایەنی ئاماژە پێدانن. یەکەم، گروپی (“The Guerrilla Girls”) لە چەندین شوێن لەبری هونەرمەندە فێمێنیستەکان پرۆتێستیان کردووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ئەوان ماسکی گۆریلا دەپۆشن، زنجیرەیەک کەمپەینی پۆستەریان کرد. دووەم، بەکارهێنانی وێنە و دروشمی ڕیکلام بۆ گەشەپێدانی ئەو پرنسیپە جڤاکییانەی کە تێیدا ژنان لەلایەن هونەرمەندە فێمێنیستەکانەوە دیاردەهێنن. سێیەم، سەرکەوتنی گەورەی هونەرمەندە ژنەکان لەنێو بزووتنەوەی (Young British Artists) لە ماوەی کۆتایی ١٩٨٠کان و سەرەتای ١٩٩٠کاندا.

 

هونەری فێمێنیستی لە سەدەی ٢١

گەشەکردنی تاکێتی لەنێو هونەردا بۆ گەیاندنی پەیامی فێمێنیستی لە سەدەی ٢١دا بەردەوام بوو. سەرەڕای ئەوە، ئەمریکای باکور و لەسەر ئاستی جیهانیش یەکسانی ژنان پتر گەشەی کرد. ئەمە لەلایەن چەندین ئیش و پێشانگەی هونەرمەندانی فێمێنیستەوە یارمەتی درا، لەوانە (“WACK! Art and the Feminist Revolution”) ساڵی ٢٠٠٧ کە ١٢٠ هونەرمەند لە ئەمریکا و شوێنانی دیکە بەشدارییان تێدا کرد، وێبسایتی (FeministArtProject ) ساڵی ٢٠٠٦ لە نیوجێرسی دامەزرێنرا. ساڵی ٢٠١١ فیلمی دۆکیومێنتەری (“!WomenArtRevolution”,) لە لایەن لین هێرشمان لیسن دەرهێنرا و لە ئەمریکا بڵاوبۆوە. ئەم فیلمە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و ئەرشیفی هونەرمەند، مێژووناس، ڕێکخەر (curators) و ڕەخنەگرە ژنەکان دروستکراوە، باس لە بزووتنەوەی هونەری فێمێنیستی لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا دەکات.

بەکورتی، هونەری فێمێنیستی ڕەخنەی سێکسیزم، جیاکاری و هەڵەواردنی ژنان لەنێو جیهانی هونەردا دەکات. هونەرمەندە فێمێنیستەکان بۆ هێنانەگۆڕێی یەکسانی لە نێوان جێندەرەکاندا، داواکاری بۆ کۆتاییهێنان بە زاڵێتی پیاو لەنێو هونەردا بەرز دەکاتەوە. هونەری فێمێنیستی دەیەوێ سەرلەنوێ مێژووی هونەر بنووسرێتەوە و دابڕێژرێتەوە بەشێوەیەک کە ڕوانگە، ڕۆڵ و پێگەی هونەرمەندانی ژن تێیدا فەرامۆش نەکرا بێت.

 

بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود لەم دوو سەرچاوەیە وەرگیراوە:

1. Barret, Terry (2008) Why is that art? Oxford University Press, Oxford

.2.https://www.theartstory.org/movement-feminist-art.htm

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.