چواردهههمین کتێبى سمکۆ محهمهد به ناونیشانى “ڕهخنه له ئایدیۆلۆژیا” لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى چاپ و پهخشی وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمەوە بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە خوێندنەوەیهكی فرەڕەهەندى چەمکەکانى دەسەڵات و ڕۆشنبیری و خواستى دەسەڵاتخوازییە لەلایەن خودى ڕۆشنبیرانەوە کە کۆمارێکیان بۆ خۆیان دروستکردووە و وەکوو فەزایەک چێژى سیاسى لێدەبینن.
کتێبەکە لە بهشی یەکەمدا باس لە چەمکى دەسەڵات و ئاکار و شێوازەکانى ئاکارناسى و دەق و گوتار و هێز دەکات کە چۆن یەکتر تەواو دەکەن و دەبن بە دەسەڵاتێکى هەمەگیر. هاوكات دهربارهی حەرام و حەیا دهدوێت كه دوو چەمکى دیکەى سۆسیۆلۆژین کە لەنێو کایەى دەسەڵات و ئایین و ڕۆشنبیریدا کاریان پێدەکرێت. ڕۆشنبیران بەشێکى ئەم بابەتەیان وەکوو هێڵێکى پۆزەتیڤ وەرگرتووە کە واقیعى کۆمەڵگاى پێدەخوێننەوە و خراپ کەڵکى لێوەدەگرن.
لە شوێنێکى دیکەدا باس لە دەستوپێ سپێتى ڕۆشنبیران دەکات کە چۆن دەستخەڕۆى دەسەڵاتەکان بوون و لەنێو فەزای بەناو مۆدێرنەدا ون بوون و کۆنتهراتى سیاسیان لە دونیاى ڕۆشنبیرى و فەرهەنگدا کۆکردۆتەوە و کەڵکیان لێوەرگرتووە. ئازادى و دژەکانى ئیشکالیاتى هەرە گەورەى ڕۆشنبیرن کە نە ئەمیان و نە ئەویانن لەنێوان ئەنارشیست و دەسەڵاتى قۆرغکراوى سیاسیدا. ئەم کتێبە گفتوگۆی ئەو هەلپەرستانە دەکات کە بە ناوى ئازادییەوە کۆمەڵگەیان کردووە بە ماتریالێک و مامەڵە و سەوداى پێوە دەکەن و ڕهگهزهكانی دەسەڵاتیان بەهێز کردووە، چونکە مرۆڤ لەم دونیاى کاپیتاڵیستییەدا کە ترۆپکێتى، بووە بە ماتریاڵێک و کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت و هەمیشەش کراوە بە بانگەشەى ئازادى و بۆ خۆشى دژى ئازادى ڕاوەستاوە، بەبێ ئەوەى ئاگاى لە فەزاکە بێت كه دژى خۆیەتى.
بهشێكی دیکەى کتێبەکە باسى ئەنتۆلۆژیایە و لەوێشەوە دهچێته سهر ئەنتۆلۆژیاى کوردى کە دیسان کراوە بە دژ بە بوونى خۆى، چونکە تاكی کورد كێشهی هەرە گەورەى ئەوەیە کە خودى خۆى نەناسیوە.