خەوزڕانمان هەڵە بوو.
بە ئاگا هاتین، بێ ئەوەى نووستبێتین.
هەستاین و سەرینە گوڵاوییەکانمان جێهێشت،
بەدەم ڕێگاوە شەقمان لە گومانەکانمان دەدا،
دەستمان خستە ناو دەستى دڵنیاییەوە و
بازمان دا بەسەر تەڵەزگە بریقەدارەکانى گیرۆدەیى.
چەند گەمژە بووین باوێشکمان تۆراند!
تاوانمان ئەنجامداوە؛ وەنەوزمان لەبیرچووەوە،
ستەممان لە پێڵووەکانمان کرد،
لێگەڕاین چاومان بۆ هەمیشە کراوە بێت.
***
هەستاین و ڕۆشتین
قاچەکانمان بە ڕێگا سکەییەکاندا داکوتین.
گەیشتین بە دەروازەى هەموو شتێک و هیچشتێکیش؛
خزاینە ناو کۆشکى هیچ کام لەو دووانەش: هەموو شتێک و هیچشتێک.
چووینە بەردەم ئەو دەرگایانەى کە کلیلەکانیانمان
لەناو جلە شۆراوەکانى خەودا لێ بەجێمابوو.
دەرگاى ئەو ژوورە زۆرانەمان شکاند و
نەگەڕاینەوە بۆ کلیلەکانیان.
***
تەنکە قرتێلەى پێشانگاکانى نووستن
بە مقەستەکانى بێدارى ناقرتێنرێن،
هەرچەندێک تیژیش بن.
چاوەکانمان کردنەوە و قاچمان هەڵێنا؛
هێشتا هەر بەخەبەر نەهاتین.
دەستى زیادەمان
بۆ سەوڵلێدان درووستکرد،
لەناو بەلەمەکاندا دانیشتین و
بەژێر تاڤگە نەخشاوەکاندا گوزەرمان کرد.
پەنجەکانمان لە پەنجەکانى گیاوە ئاڵاند.
دڵمان لەناو خەونەکانماندا بزر کرد.
بەڵام بەدەم خەوەوە گۆرانیمان نەچڕى و
وڕێنەمان نەکرد.
پەپوولە پاییزییەکان بەرەو ڕووم دێن،
پێم دەڵێن: “هۆشیارى لەناو جێخەودایە.”
با فیشەک بە تاریکییەوە بنێین،
باشترە لەوەى نیشانەکان لە ڕووناکیدا نەپێکین.
بەئاگایى، چاوى کراوەى ناوێت؛
ئاى چ چاوێکى کراوەیە پێڵووى نووستوو!
***
پەپوولەکان دەچن و دێنەوە:
“خەوتن لەژێر ڕووناکیدا خۆشترە
لە پاسەوانیى بن تریفەى مانگ.”
هێندە لە جوانیى میوەکانى ئەم باخە ڕامام
هەتا تامکردنم لەکیس چوو.
بینینەکانم لە سەیرکردنى ئێوارەدا بەهەدەر دا و
چێژ بەشى سێبەرەکانى شەوى پێ نەما.
فریوى پەیمانە پەمەییەکانى ڕۆژم خوارد.
لەوانەیە لە خەونەکانماندا
فریاى پەلاماردنى تیشکەکان بکەوین.
ژیان لە بەئاگاییدا نادرەوشێتەوە؛
درۆم ووت: “خەوتن، مردنێکى کاتییە.”
***
هەنگاوەکانى نەمانم بەرەو مەرگ دەژمێرم،
بەدەم ئەو نەفرەتەوە کە لە خەوم کرد.
“بەهەڵەداوان مل بنێ بەرەو وێ.”
پەپوولە پاییزییەکان دەڕۆن و نایەنەوە.
***
خەو، ئەى هۆشیاریى جوان و بەخشندە!
شەیداى بینینى خەونى زۆرم، دووبارە.
نەمرى،
لەناو دڵى خەودا پیاسە دەکات.
نەخەوتن مردنە.
خەو دەکەم بە خووم.
مانەوە،
لە مندا چرۆ ناکات.
خەوتن و بەئاگایى…
تهواو