سەفەرێکی گشتێنراو، بە ناو ئەفریقانامە و ئەمریکانەمەی “پیشەوا کاکەیی”دا


Loading

پڕۆژەی یەکەم: ئەفریقانامە، بە تامی شیعر

 

ئیسماعیل حەمەئەمین: له باره‌ی ئه‌مریکانامه‌وه، ده‌ڵێت: ئەمریکانامە، بە تامی شیعر؛ قەسیدە- ڕۆمانێکی قووڵە، قووڵ بە قەد سەفەرکردن بەسەر ڕێگەی ئاوریشمی مارکۆ پۆلۆدا. ئەمریکانامە، گەڕانە بە دووی سوبێکتێک، خودێک، لەسەر ئەم زەویە ونبووەدا. ون بووە لە ناو خۆیدا، بە جۆرێک «خودی شیعریی» لە ناو کایەی خۆیدا، بە دووی کایەی گەورەتردا دەگەڕێت. لە ناو لۆکاڵدا بە دووی شیعرییەتێکدا دەگەڕێت، پڕ بکات بە جیهاندا.

 

 

بەر لەوەی باس لە دەق بکەین، هاوکات جۆری دیاریکردنی دەقیش گرنگە و، سوودمان پێدەگەیەنێت بۆ شیکردنەوە و دەستنیشانکردن.

پڕۆژەی یەکەم، لەو ژانرەیە کە بە تەواوی سرکە و دیاری ناکرێت. جۆرە دەقێکە، زۆرتر لە ژانرێک بەشداری پێکراوە.  بەر جۆر و شێوەیەک لە فەزای شیعر، گێڕانەوەی یاداشتی و چیرۆکی دەکەوین، بەڵام هاوزەمان بیرمان نەچێت لە دواییدا دەگەینە پنتێک، یەک لەو تێبینییەی زەروورە باسبکرێت، ئەوەیە کە، کەمتر بەر شیعرییەت دەکەوین.  دوا خاڵیش بۆ خوێنەر ئەوەیە، بە هۆی زۆر هاتنی ناوی شوێنەکان، کەم تا زۆر ڕۆحی دەقەکەی بارگران کردووە، هاوڕێ لە گەڵیدا، نوسینی پەراوێز لە دەرەنجام بنووسرابا باشتر بوو، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی شیرازەی تەرکیزی خوێنەر تێکنەچێت.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بنووسم: بەر جۆرێک لە دەقی ناباو، تازە، خودان فۆرمی سەربەخۆ دەکەوین.

 

 

پڕۆژەی دووەم: زەمیننامە، بە تامی شیعر

 

 

د. ڕەفیق سابیر، لە بارەی ئەفریقانامەوە، دەڵێت:
ئەفریقانامە، بە تامی شیعر… مرۆڤ لە خوێندنەوەی ماندوو نابێت، چوونکە تێکستێکی پڕ فانتازیا و تایبەتە و، بە زمانێکی پاراو و شاعیرانە و ستایلێکی تایبەت نووسراوە…

 

لێرەدا پڕۆژەی دووەم، لە توێی بەرگێکدا لەگەڵ پڕۆژەی یەکەمە.

“زەمیننامە، بە تامی شیعر،” کە شاعیر ئاماژەی بەوە داوە “قەسیدە ـ شیعر.”درووست وابوو “قەسیدە ـ پەخشان” نوسرابا؛  چونکە ئەوەی هەیە قەسیدەیە، بەڵام بە چەژەی پەخشانییەوە. لێرەدا ڕیتمی پەخشانیی زاڵترە، وەک لەوەی شیعرگەرایی بێت.  لەم پرۆژەدا، کە پرۆسەیەکی فیکری قووڵە لە زەمین، بە گشت دیاردەکانەوە.   شاعیر، گەشتدەکات، گەشتیکی هزریی و ڕۆحی، بەر دەیان پرسیاری لێ ڕامێنراوی بیر لێکەرەوە دەکەوین.ئەم دەقە، دەقێکی پەخشانییە، بە فۆرمێکی تێپەڕیو لە زمانی لیریک.

زەمیننامە، خاوەن زمانێکی تۆکمەی پاراوی کوردییە، لەم دەقەدا: ڕۆحییەتی شیعر فەرامۆش نەکراوە؛ دەقێکە هاوشێوەی فاوست، بەرەو قووڵاییمان دەبات.

 

پڕۆژەی سێیەم و چوارەم: ئەمریکانامە، بە تام شیعر “ڕۆمانە شیعر/ قەسیدە.”

پێشه‌وا كاكه‌یی

ئەم دەقەیە، لە دوو پڕۆژە پێکدێت، دوو سەفەر، بە ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکووردا.

شاعیر، بە جۆری گەڕیدەیەکی شیعریی بە نێو شار و دێهاتەکان، بە دەشت و سەوزاییەکاندا تێدەپەڕێت و، وێنە شیعرییەکان ڕاو دەکات.لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، چرکە شیعرییەکان لە پێناو شیعر خۆیدانین، بەڵکوو لە پێناو گەیاندنی مانادان. شاعیر ڕۆمانسانە، بەڵام ڕۆمانسێکی فیکریی و ڕۆحیی؛ ڕه‌خنه‌گرانه‌ی مۆدێرن دەکات و لە گرفتەکان دەڕوانێت.

دەقی ئەمریکانامە، دەقێکی دیموکراسە؛ دیموکراس بەو مانایەی زیاتر لە ژانرێک بەشداری پێکراوە. دەقێکی دەوڵەمەندە بە کۆمەڵێک کانزای ئەدەبیی و دەرە وێژەیی و، زیاتر لە ڕەهەندێک هەڵدەگرێت و، دەقێکی کیمیاگەرە. ئەمریکانامە، مانیفێستێکە بۆ ڕۆحگەرایی و جوانیی و ئەڤین و، داوانامەیەکە بۆ ئاشتی جیهانی. شاعیر، لە خۆیدا بانگەشە دەکات بۆ تێکەڵکردنی کولتورەکان و نزیکبوونەوەی خزمایەتی لە نێوان مرۆڤایەتی.

خاڵێکی گرنگ كه‌ ئاماژه‌ی پێبده‌ین ئه‌وه‌یه‌ ؛ لەم دەقەدا لەگەڵ شیعردا، ناوی ڕۆمانیشی هەڵگرتووە؛ بەڵام ئەدای کارەکتەری بەرامبەر خەفەکراوە.  خاڵیکیتر ئەوەیە، لە هەردوو ئەفریقیانامە و ئامریکانامەدا، ناونیشان کەمتر هونەرین و، بە ئەدەبی کراون، بەڵام سواونین و، لە ڕووی ئەدەبییەوە فۆرمێکی تازە وەردەگرن.

لەم دەقی ڕۆمانە شیعرییەدا: زمان میتافیزیکانە گوزارشت لە زەوی و ژیان و دیاردەکان ناکات، ئەوەی هەیە زمانێکی ماتڕیاڵی، بەڵام بە هەناسەیەکی ڕۆمانس و عیرفانییەوە. شاعیر، زۆر وردکارانە دەچێتە زەینی خوێنەرەوە، لەو ڕووەوە کە پەسنی شوێنەکان دەکات.  کارامەیانە فۆرمێک لە وێنە، لە ڕیتمی خوێندنەوەدا، باڵادەست دەبێت.

 

ئەمریکانامە باس لەخود نییە، وەک ئیندیڤیدواڵ؛ بەڵکوو باس لە گشت لە ڕوانگەی خودێکەوە، کە بۆ جیهان و نادیارەکان دەگەڕێت و دەڕوانێت.  ئەم دەقە خاوەن تەرزێکی جودا و شێوە و ڕامانێکی ترە، کە دەکاتە ئەدەبێکی تایبەت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.