سێكس و خوێندنه‌وه و گۆشه‌گیری
چەند سەرنجێک لەمەڕ ڕۆمانی (گۆشەگیری) – ئیسماعیل حەمەئەمین
ئاری خەیات
(1)
ئه‌م دێڕه‌ی لێره‌دا تۆماری ده‌كه‌م، ده‌بێت به هه‌وێنی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی كه ده‌مه‌وێ دواتر له‌باره‌ی ڕۆمانی (گۆشه‌گیر)ییه‌وه، ئاماده‌ی بكه‌م: ((تێمه‌ی سێكس له ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌بێت به جۆرێك له كه‌وتن، كه ته‌ماهیی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، به‌رامبه‌ر به‌و گۆشه‌گیرییه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تێیدا ده‌ژی.))
(2)
كه ده‌ستم دایه خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (گۆشه‌گیری)، هیچ پێشه‌كی و ده‌ستپێك و سه‌ره‌تایه‌كی نه‌بوو، تا بتوانم دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك دایبنێمه‌وه و جارێكی تر ده‌ستی پێ بكه‌مه‌وه… ئاخر هه‌ر له لاپه‌ڕه یه‌كه‌می تێكسته‌كه‌وه، تۆی خوێنه‌ر، وه‌ك من، ده‌كه‌ویته ناوه‌ڕاستی ڕووداوه‌كانه‌وه: له شه‌قامه گشتییه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ دوو لەشفرۆشەکەدا (سوزی و ڤێسنا)، خۆت ده‌كه‌ی به كۆڵانه خواروخێچه‌كه‌دا. ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كۆڵانه ئاڕاسته‌یه‌كی ڕێكی نییه، هه‌روه‌ك (ڤێسنا) یش پێی وایه كۆڵانه‌كه خواره و هه‌موو جارێكیش له‌گه‌ڵ سوزی یان نازدار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌بێ به شه‌ڕیان…
جا منیش ئاوام به‌سه‌رهات، هه‌رئه‌وه‌نده‌ی پێم خسته كۆڵانی ژنانه‌وه، ئیدی خۆمم له خانه‌ی چلوحه‌وتی گه‌واد و سۆزانییه‌كاندا دیته‌وه، بۆیه یه‌كه‌ندوو تێگه‌شتم ئه‌مه له‌و ڕۆمانانه‌یه، كه نابێ زوو له خوێندنه‌وه‌ی ببمه‌وه، بۆچی؟ یه‌عنی تۆ بڵێی حه‌زم لێ بێ، له‌و كۆڵان و خان و زوقاقه‌دا بمێنمه‌وه؟
كێشه مانه‌وه یان نه‌مانه‌وه نه‌بوو، هاوڕێیان، نەخێر، به‌ڵكوو كێشه چێژی گێڕانه‌وه بوو، ئه‌گه‌ر زوو له‌وێ بێیته ده‌رێ، له چێژی گێڕانه‌وه بێبه‌ش ده‌بیت، چونكه له‌و چركه‌ساتانه‌ی به‌ناو دێڕه‌كاندا گوزه‌رو به‌سه‌ر وشه‌كاندا بازبازین ده‌كه‌یت، زوو لێ ده‌بیته‌وه: ئه‌مه‌یه كه تۆ ناته‌وێ، له‌كاتی گانكردندا زوو لێ بیته‌وه!
به‌مشێوه‌یه، ڕۆمانه‌كه وێڕای قه‌باره‌كه‌ی ٤٦٥ لاپەڕە، وێڕای جه‌نجاڵیی ژیانی تایبه‌تی خودی خۆشم له‌م ڕۆژانه‌دا. وێڕای نه‌خۆشییه زۆر و زیاده‌كانم، وێڕای بێ ڕه‌حمی هه‌مووتان، كه هه‌ستده‌كه‌م ده‌تانه‌وێ بمكوژن! ده‌بوو به دوو-سێ ڕۆژ ڕۆمانه‌كه بخوێنمه‌وه، وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕۆمانێكی تردا پێشتر وام كردووه، كه‌چی (گۆشه‌گیری)م به پانزه ڕۆژ خوێنده‌وه! ئه‌مجاره‌یش بۆچی؟!
ڕاستییه‌كه‌ی له‌به‌ر دوو خاڵ:
یەکەم: له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ده‌ستمكرد به خوێندنه‌وه‌ی، یه‌كسه‌ر ئه‌و وتاره‌ی خۆمم بیركه‌وته‌وه، كه له گۆڤاری (نه‌وشه‌فه‌ق، ژماره 87 شوباتی 2012) به‌ناونیشانی (سێكس له ده‌قی ڕۆماندا) بڵاوبۆ‌ته‌وه. من له‌و وتاره‌ی ئه‌وێ، ئاواتم به‌وه خواستووه، كه بریا له ڕۆمانی كوردیدا وه‌ك پێویست لا به‌لای پرسی سێكسدا بكرێته‌وه… هەربۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وكات ڕۆمانی(گۆشه‌گیری)مان له‌به‌رده‌ستدا بووایه، بێگومان ده‌بوو به ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی وتاره‌كه و هه‌ڵبه‌ت ناوكۆی بۆچوونه‌كانی ئه‌وكاتی منیش ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بوون، وه‌ك له‌وه‌ی ئێستا پاش ئه‌و چه‌ند ساڵه كه‌مه، وتاره‌كه -ئه‌گه‌ر- بخوێنینه‌وه هه‌ست به جۆرێك له هه‌ژاریی ده‌كه‌ن… به‌ڵام ئه‌وه تاوانی من نییه، تاوانی ئه‌وه‌یه، كه ڕۆمانێكی وه‌ك (گۆشه‌گیری) له ئه‌ده‌بی كوردیدا هێند له ده‌ركه‌وتن دواكه‌وتووه!
دووهەم: ئه‌م خاڵه‌یان تایبه‌ته به‌و دۆخه‌ی كه ئه‌م ماوه‌یه من بۆ خۆم تێیدا ده‌ژیم، دۆخێكه هیچ كه‌سێكی ئاسایی ئاواتی پێ ناخوازێت. ئه‌وانه‌ی كه بۆ ڕووكه‌شكارییه‌كانی ژیان ده‌ژین، پێویستیان به‌وه نییه تێبگه‌ن من باسی چ ده‌كه‌م و ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر كاتی خۆمیش بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌وه به‌هه‌ده‌ر بده‌م، هێشتا هه‌ر له‌وه‌ش تێناگه‌ن بۆچی ده‌بێ من شانازیی به‌و هه‌موو نه‌خۆشییه ده‌روونییانه‌ی خۆمه‌وه بكه‌م و ده‌ستیشیان لێ به‌رنه‌ده‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شی خۆم نه‌كه‌ن، ئاوا…
كه‌واته له‌به‌ر ئه‌وه حه‌زم نه‌ده‌كرد زوو له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه ببمه‌وه، چونكه هه‌ركات ده‌ستمده‌دایه‌وه خوێندنه‌وه‌ی به‌شێكی تری، من هه‌ستمده‌كرد یه‌ك جورعه داوده‌رمانی هێوركه‌ره‌وه ده‌كه‌م به‌ودیوی گه‌رووما و له‌وێشه‌وه ده‌ماره ڕه‌پ و ڕه‌ق و وشكبووه‌كانمی خاو و خاوتر ده‌كرده‌وه…
ئه‌دی باشه، نهێنییه‌كه له‌كوێدایه؟
نهێنییه‌كه له‌وێدایه، كه فه‌زای گشتیی گێڕانه‌وه له ڕۆمانه‌كه‌دا و ته‌نانه‌ت هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌یه‌وه (گۆشه‌گیری)، ئه‌وه‌مان بۆ به‌یان ده‌كات، كه تۆ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كدا به‌رخورد ده‌كه‌یت، كه‌چی بۆ نه‌خۆشێكی وه‌ك من، یان بۆ تۆیش ئه‌گه‌ر له‌هه‌مان دۆخی مندای و هه‌مان ئه‌زموونی خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن و دنیابینیت هه‌یه، ده‌بێت به چاره‌سه‌ر!
مادام له سه‌رده‌می كۆرۆناداین و هه‌مووان چاوه‌ڕوانی ڤاكسینێكن بۆ ئه‌و ڤایرۆسه، ئه‌وا پێم خۆشه بڵێم: ڕۆمانه‌كه ڤاكسینی ئه‌و نه‌خۆشییه بوو، كه من ئێستا بۆ خۆم پێوه‌ی گیرۆده‌م!
كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی گۆشه‌گیریی، وێڕای ئه‌و هه‌موو په‌یوه‌ندییه سێكسیه‌ی جاكۆمۆ كازانۆفاییه‌ی خۆی، وێڕای ئه‌و هه‌موو قه‌ره‌باڵغیه‌ی نێو خانه‌ی چل و حه‌وت، وێڕای ئه‌و هه‌موو ده‌نگه‌ده‌نگه‌ی ناو سه‌ری خۆی، وێڕای ئه‌و هه‌موو هاوڕێیه‌تییه له‌گه‌ڵ گۆرانییه شێواز ڕۆك و بلوانه‌ی وەک موحسین نامجوو و جاز... وه‌لێ له ئه‌وجی گۆشه‌گیریدا ده‌ژی و به‌نێو هه‌ر ڕووداوێكدا ده‌ڕوات، غوباری كپییه‌كی عه‌نتیكه به‌دوای خۆیدا كێش ده‌كات. هه‌نووكه، ئه‌وه چوار-پێنج ڕۆژیشه له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه بوومه‌ته‌وه، كه‌چی هێشتا ده‌نگی ئه‌و له‌ده‌رگادانه‌ی یه‌كێك له فرایه‌ره‌كانی (گانکەرەکانی) قاتی سەرەوەم هه‌ر له گوێدایه، كه به هه‌ڵه له‌بری ده‌رگاكوتانی سوزانییه‌ك، له ده‌رگای كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌مان ده‌دات و ئه‌ویش له‌ودیوه‌وه بێ ئه‌وه‌ی ده‌رگای لێ بكاته‌وه، شتێكی پێی ده‌ڵێت، كه ئیتر منیش ئه‌وه‌تا لێره‌دا بۆ ئێوه‌ی دووباره ناكه‌مه‌وه!
(3)
ئێستا كه ئه‌م دێڕانه ده‌نوسم، هه‌ستده‌كه‌م غه‌در له خۆم و له ڕۆمانی گۆشه‌گیری و له (ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین)ی ڕۆماننووسیش ده‌كه‌م، چونكه بۆ من، كه نازانم به‌كورتی هیچ باسێك ببڕێنمه‌وه، بۆ ڕۆمانه‌كه‌یش كه سێكس و گۆشه‌گیری فه‌زای گشتییه‌كه‌ی پێكده‌هێنن و بۆ ڕۆماننووسه‌كه‌یش، كه بۆخۆی پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی فیكریی قووڵی هه‌یه، ئاسان نییه ئاوا بێم له‌باره‌یه‌وه به‌و كورتییه بدوێم.
هه‌ربۆیه له‌وه دڵنیام، ئه‌مه‌ی نووسیومه به‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می منه بۆ ئه‌و تێكسته و ده‌بێ جارێكی تر و جاری سێیه‌میش بیخوێنمه‌وه… ئیدی به‌مشێوه‌یه، هه‌ر كه تێكسته‌كه‌م خسته به‌ر ئه‌م سێ خوێندنه‌وه‌یه، ئه‌وكات خۆبه‌خۆیی ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م، ده‌بێت به هه‌وێنی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی كه چۆن سێكس ده‌بێت به جۆرێك له كه‌وتن و ته‌ماهی خۆیشی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیدا له‌ده‌ست ده‌دات… كه له‌وانه‌یه پاش ته‌واوبوونی توێژینه‌وه‌كه، له دڵم نه‌یه‌ت، بیخه‌مه به‌رده‌ستی هیچ لیژنه‌یه‌كی پله‌به‌زركردنه‌وه (ته‌رقیات)ی زانكۆییه‌وه!
تێبینی/ ئاخر دوایی ده‌ترسێم، لیژنه‌كه تێ نه‌گه‌ن باسی چ ده‌كه‌ین؟