ڕۆمان ؛ (گۆشەگیری) - ئیسماعیل حەمەئەمین - چاپی دەزگای کەپر و کەڵچەڕ پڕۆجێکت ٢٠٢٠

ڕۆمانی گۆشەگیری، لە جەنجاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە تا تەنهاییە ساردەکانی رۆژئاوا


Loading

 

حه‌سه‌ن حسێن – چیرۆكنوس

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گۆشەگیری

لە جەنجاڵییەکانی رۆژهەڵاتەوە، تا تەنهاییە ساردەکانی رۆژئاوا

حەسەن حوسێن

لە ئەدەبیات و هونەری باو و تەنانەت لە ئەفسانەیشدا، پاڵەوان جەنگاوەرێکە لە پێناو رێگرتن لە شتانێک کە روو دەدەن یا گۆڕینی ئاراستەی زەمەنی ئێستا بۆ گەییشتن بە ئاییندەیەکی جیاواز. واتای پاڵەوان چ لە رووی ئەرک و چ لە رووی وەزیفەوە پەیوەستە بە کرداری (verb) هاتن یا گەڕانەوە (لە فۆرمە میتۆلۆلۆژی و ئایینییەکەیدا) بۆ ئەنجامدانی ئەکتێک. بۆیە زەمەنی ئێستا لە پەیوەند بە ئاییندەوە مانا پەیدا دەکات. پاڵەوانەکانی رۆمانی (گۆشەگیری) جەنگاوەری پێناو شتانێک بوون کە لە ڕابوردوودا هەبوون. واتە ئەکتەکەی ئەوان دەکەوێتە رابردووەوە نەک ئێستا و ئاییندە. بۆیە زەمەنی هەنووکە لەم رۆمانەدا لە پەیوەند بە ڕابردووەوە مانای هەیە. لێرەوە (گەڕانەوە)یش مانا و مەفهوومە  ئاییندەخوازی و ئەکتگەراییە کۆمەڵایەتییەکەی لە دەست دەدات و فۆرمێکی تەواو زاتی بەرەو یادەوەری وەردەگرێت. پاڵەوان یان چاوەڕێی هاتنی پیاوێکە وەکو مەسیح ڕزگاری بکات، وەکو سوزی، یا لە نێو کۆڵانێکی خواردا چەقیووە و خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی یادەورەییەکانییەتی وەکو ڤێسنا و مامە عەزەی یەک قاچ، یا لە بازنەی یادەوەرییەکانیدا دەخوولێتەوە.

 

لەگەڵ ئەوەی ڕۆمانی ( گۆشەگیری ) لە نووسینی نووسەر( ئیسماعیل حەمەئەمین)، تژییە لە ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی نزیک بە نیو سەدەی کوردستان، ناوچەکە وجیهان؛ بەڵام جیهانبینی و ژیانی پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە تا تخوبەکانی بێهوودەیی وجودییانەیە. ئەم ئیگزینتیاڵیزمە Existentialism ی پاڵەوان، ئەنجامگیرییەکی فەلسەفی و فیکری نییە  کە لە خوێندنەوەی هایدیگەر و سارتەر یا کامۆ و کیەرکیگاردەوە پێی گەیشتبێت، سەرباری هەبوونی پاشخانێکی مەعریفیش. بەڵکو ئەزموونکردنی شکست، گەیاندوویەتی بەو فەلسەفەیەی ژیان. ئەو نەهامەتییەکانی ژیان قۆشمەڵەی نەکردووەتەوە و نەیبردۆتەوە ناو زاتی خۆی. بەپێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە سادەیەی کە لای زۆرینەی مرۆڤی کورد لەسەر وجودیەت ‏و عەبەسیەت هەیە، بەوەی نەهامەتی و خەم و ناخۆشی ژیان مرۆڤ دەکەن بە وجودی و ‏عەبەسی. بەڵکو هەندێکجار تێکشکانی هیواکانی مرۆڤ( وەک خەونبینەرێک)، کەسەکە ڕائەچڵەکێنێت و دووچاری تێڕامان و هەڵوەستە و ‏گۆشەگیری دەکات و ناچاری بە گەڕانەوە بۆ زاتی خۆی دەکات. وەک گەڕانەوەی پاڵەوانی بەشی سێیەمی ڕۆمانەکە{ کە گێڕەڕەوە هەر بە کەسی سێیەمی تاك واتە ئەو باسی دەکات و ناوی نازانین} بۆ ناو زاتی خۆی، پاش قۆناغێک لە شۆڕگێڕبوون، کە هاوکاتی گەڕانێکی ئۆدیسیۆسیشە بە ناو دونیادا. بەڵام پێچەوانەی ئۆدیسیۆس، ئەم گەڕانە بۆ نەگەڕانەوەیە بۆ وڵاتی خۆ، کە دواجار لە نێو ژیانە دیۆنیزیۆسیسیەکەی دوورگەی (کۆپری)دا بە تەواوی وندەبێت. لێرەدا دەگاتە خاڵێک کە دەتوانین بە پۆلی پێچەوانەی ئاڕاستەکەی ئۆدیسیۆس ناوی ببەین، واتە سەفەرەکەی ئۆدیسیۆس هەر بە تەنها گەڕانەوەیەکی ئاسایی نییە بۆ ماڵەوە، بەڵکو گۆڕانێکە لە کەسێکی ناپەسەندەوە بۆ قارەمان و پاڵەوانێک (١). بەڵام سەفەری (ئەو) و تا ڕادەیەیەکیش مامە عەزە، لە ڕوانگەی باوی کۆمەڵگەی پێشوویاندا گۆڕانیانە لە شۆڕشگێربوونەوە بۆ بەدی و  ناپەسەندی. هەڵهاتن و ونبوونە لە ناو ژیانێکی تەواو بێ ئامانج، هەستەکی و غەریزی  ئەوروپا (کۆپری) دا. هەر بۆیە پاڵەوان یان سەری پیا ناکاتەوە، یا وەکو نامۆیەك پیایدا تێپەڕ دەبێ. نامۆیەك تازە زمانی پەیوەندیگرتنی بە کۆمەڵگەکەی خۆی لە دەستداوە و چیدی نە ئەوان لەو تێدەگەن، نە ئەو لەوان تێدەگات، چونکە ئەوان دۆزەخەکەن و( خۆی هەر بوونیان برینێکی نێرسیسییە کە بەرگەگرتنی زۆر سەختە) (٢).

 

ئاخر دوای نزیک بە یەک سەدە بەیت و بالۆرەی شۆڕش لە کوردستاندا، دواجار شۆڕش سوزییەکانی خستەوە( چونکە داگرتنی گوندەکان بە گوندەکەی نازداریشەوە بەرەنجامی ململانێی چەکداریی حزبێکی کوردی لەگەڵ حکومەتی ئێراقیدا بوو کە بە ناڕەوا ناوی ململانێی کورد و دەوڵەتی عێراقی لێ نرا بوو. ئەم ڕۆژانەی ئەمڕۆش دەری ئەخەن کە ململانێکە حزبی بووە هیچی تر) مامە عەزەی یەك قاچ و جیاکۆمۆ کازانۆڤای خستەوە. ئەمانەن ڕۆڵە ناپەسەندەکانی شۆڕشی کوردین.

 

پاڵەوان و ڕووداو لەم ڕۆمانەدا

سوزی و (ئەو) دوو کارەکتەرەی سەرەکین؛ سوزی یاخود نازدار، ژنێکی هەڵهاتووی دەستی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار و لەشفرۆشێکی قوربانی دەستی سیستمی نێرسالارییە. لە کاتێکدا (ئەو) کۆنەچەپێکی شۆڕشگێڕی شکستخواردوو و هەڵهاتووی دەستی سیاسییە باوکسالارەکانە. پاشخانی ئەم دوو کارەکتەرە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت هەم لە کارەکتەرایزبوونیاندا و هەم لەو هەڵچوون و داچوونە دەروونییانەی کە بەسەریاندا دێت. لە ڕێگەی کارەکتەری سوزییەوە بە وردی بەو جیهانە دڵڕەق و تاڵەی ژیانی لەشفرۆشەکان ئاشنا دەبین. لە ڕێگەی کارەکتەری (ئەو)یشەوە بەو ژیانە بۆهیمییەی کۆنە شۆڕشگێڕێک ئاشنا دەبین کە ئیدی هیچی نەماوەتەوە بۆ وتن.

 

لە پاڵ ئەم دوو کارەکتەرەشدا، دوو کارەکتەری ترمان هەیە (ڤێسنا) و ( مامەعەزەی یەک قاچ) کە لە هەردوو نیوەی ڕۆمانەکەدا لە دوای ئەم دوو پاڵەوانەوە پانتاییەکی دیاریان داگیر کردووە. کارەکتەری مامە عەزەی یەک قاچ و خوولە لوتخواری هاوڕێی لە بەشی (کۆڵانی قەیسەر) و بگرە ئەو بەشە، چیرۆکێکە لە پرۆژەی کانەبی و هەر بەو ناوەوە(کۆڵانی قەیسەر). ئەوەی کە گۆڕدراوە تەنها ناوی (مام کانەبی) هاوڕێی مامە عەزەیە بە خوولە لووتخوار. ئەوەی جێی پرسیارە ئاماژە نەکردنی نووسەرە بە هۆکاری گۆڕینی ناوی مام کانەبی.   ‏

 

ئەگەرچی مام عەزە و ڤێسنا ڕۆڵی پاڵەوانی یارمەتیدەر دەبینن لە نێوان هەر دوو پاڵەوانەکەدا و دەبنە هۆی جۆرێک لە نزیکبوونەوە لە نێوان سوزی و ( ئەو) دا. بەڵام دواجار هەردوو پاڵەوانە سەرەکییەکە، سەرەڕای ئەوەی دووجار سێکسیش دەکەن، لەسەر دوو هێڵی تەریب دەڕۆن و یەکتر نابڕن. لەگەڵ ئەوەی کە سوزی بۆ ڕزگارکەرێک دەگەڕێت تا لەو ژیانە دەربازی کات و لەگەڵ ئەوەیش (ئەو) سوور دەزانێت کە سوزی کوردە. لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان لەو دوو جارە سێکسەی کە کردوویانە لەزەتیان لە یەکتر بینیووە. بەڵام لە جاری دووەمدا سوزی بۆ یەکجاری (ئەو) ئیزن دەدات و ئامادەنییە جارێکی تر سێکسی لەگەڵدا بکات. لێرەدا جگە لەوەی سایەی نووسەر لە پەیوەند بە ئازادی پاڵەوانەکانەوە هەست پێ دەکەین، هەروەها دەتوانین هۆکاری بەریەک نەکەوتنی هەقیقی ئەم دوو پاڵەوانە بۆ گرێچن و تان و پۆی رووداوەکان بگەڕێنینەوە.

 

 

لەم ڕۆمانەدا ڕووداو یا گرێی سەرەکی بوونی نییە کە پاڵەوانەکان و کارەکتەرەکان لە دەوری خۆیان کۆبکاتەوە. لەم ڕووەوە ئەگەرچی ئەم ڕۆمانە پڕە لە ڕووداوی گەورە و بچووکی جیهانی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی وتەنانەت کەسیش، بەڵام هێشتا خاڵییە لە ڕووداوێکی سەرەکی، کە هێڵی درامی ڕۆمانەکەی لەسەر هەڵکشێت و پاشان داکشێتە خوارەوە. دەتوانین بڵێین سەردانکردنی پاڵەوان بۆ خانەی لەشفرۆشییەکە و سێکسکردنی ‏لەگەڵ سوزی و ڤێسنا و ئەو چەند بەریەککەوتنەی لەگەڵ مامەعەزە و سێرجێی دەیوس، زیادەن و ترنجێنراونەتە ‏ئەم ڕۆمانەوە، ئەگینا هەر دوو بەشی (دوو مێینەکە و کۆڵانی قەیسەر) دەکرێت بکرێنە نۆڤلیتێکی سەربەخۆ. وەک چۆن دەکرێت بەشی ( ئیگۆیەکی دوور: جاکۆمۆ کازانۆڤا) ببێتە ڕۆمانێکی سەربەخۆ، کە لەم بەشەیاندا زیاتر تەمی ئەزموونە شەخسییەکانی نووسەر دەبینرێت. جۆرج تەرابیشی لە کتێبی (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا – پیاوەتی و ژنێتی) لە باسکردنی ئەو ڕۆمانانەی کە کێشەی پەیوەندی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەخەنە ڕوو ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم پاڵەوانەکانی ئەو ڕۆمانانە ڕۆشنبیرن و هەموو ڕۆمانەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەزموونی کەسی دەگێڕنەوە، تەنانەت ئەگەر بە جێناوی یەکەمیش قسە نەکەن. ئەوەی هونەری گێڕانەوە ( چیرۆک و ڕۆمان) لە گێڕانەوەی هەواڵی( السرد الخبري)، دیکۆمینتەری مێژوویی جیادەکاتەوە جگە لە خۆ بەدوور گرتنی نووسەر لە ڕاستەوخۆیی و ڕا دەربڕین لەسەر شتەکان، هەروەها ڕەمزییەت و خەیاڵ یا فەنتازیایە لە دروستکردنی ڕووداو و کارەکتەردا (خەیاڵ بە شێوەیەکی گشتی لایەنێکی جیاکەرەوەی تێکستی رۆمانە، جا ئەم دەقە لاسایی واقیع بکاتەوە یا دابڕاو بێت لێی. لێرەدا رەخنەگران خەیاڵ Fiction لە ناخەیاڵ No Fiction  جیا دەکەنەوە. نا-خەیاڵ هەموو ئەو گێڕانەوە هەقیقییانە دەگرێتەوە کە خەیاڵیان تێدا نییە لە وتار و بیرەوەرەییەوە بیگرە تا نووسینە جۆراوجۆرەکانی کایە مەعریفییە جیاوازەکانی وەکو زانست، رەخنە، مێژوو و… هتد )(٣).

 

لە ڕۆمانی (گۆشەگیری)دا لە باسی هەندێک ڕووداو و کارەکتەردا گەلێک جار بەر ئەم شێوازی گێڕانەوەیی (النمط السردي) دەکەوین کە وێڕای شێوازە ڕاپۆرتە هەواڵییەکەی (الأسلوب الخبري التقریري) هەروەها دید و تێڕوانینەکانی نووسەریشیان بەسەردا زاڵە، وەکو ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٧ (لا ٦٤)، باسی سکرتێری حیزب (لا٣٥٠)، مێژووی (ژێرزەمینی شین) لە کاتی نازییەکاندا (لا٣٩٤)، جاکۆمۆ کازانۆڤا (لا ١٤٢).

 

نووسەر توانیوێتی کارەکتەرەکانی تا ئەندازەی نزیك لە ڕیاڵێتیبوون بخوڵقێنێت و قووڵ ڕۆچووەتە ناو ناخیان و گرێی دەروونی و پاڵنەری جووڵەی پاڵەوان و کارەکتەرەکانی دیکەی سەرکەوتووانە نیشان داوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک ڕووداو و شت هەن کە دەشێت بە لای خوێنەرەوە پرسیار بێت بۆ نموونە، مناڵ لەباربردنەکانی نازدار بۆ ئەو زەمەنە کە خەڵکی گوندەکان لە ئاستێکی ‏نزمی وشیاری تەندروستیدا بوون، مەسەلەی لەباربردن ئاسان نەبوو، بە تایبەت بۆ کچۆڵەیەکی ‏‏١٤ ساڵی، وەکو ئەڵێن؛ دنیا نەدیدە، کە شارەزایی لە ڕێگەکانی مناڵ لەباربردن نییە، سەرەڕای ‏ماک و دەرهاویشتەکانی مناڵ لەباربردن لەو جێیە چەپەکانە، کە خودی کارەکە ئاڵۆزکاری (‏مضاعفات) ی زۆری هەیە و ڕەنگە خوێنبەربوونی مەترسیدار نیشانە هەرە باوەکەی بێت.

 

ڕۆمان ؛ (گۆشەگیری) – ئیسماعیل حەمەئەمین – چاپی دەزگای کەپر و کەڵچەڕ پڕۆجێکت ٢٠٢٠

هەروەها ڕوون نەبوونی کارەکتەری ژنەکەی (ئەو) و چیرۆکی ژنهێنانەکەی. ئەوێک کە خۆی گوتەنی جاکۆمۆ گازانۆفایەک بێت و لە ئەوروپا بژی. لە ڕووی لۆژیکییەوە دەبێت لەگەڵ کەسێکدا هاوسەرگیری بکات کە جگە لە هەست و سۆز هەروەها لە ڕووی جەستە و سێکسیشەوە یەکتری بناسن و لایەنی کەم لە سەرەتادا و تاماوەیەکیش سێکسێکی چێژبەخش بکەن. چونکە دواجار(ئەو) بەو هەموو پەیوەندییە سێکسییە زۆرانەوە کە هەیەتی ئەو فشارەی لەسەر نییە کە کوردێک لە کوردستان یا کەسێکی ڕۆژهەڵاتی هەیەتی، بەوەی هەتا هاوسەرگیری نەکات تامی سێکس ناکات. بۆیە ئەگەر پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ هاوسەرگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێگومان لە کوردستاندا دەستکەوتنی گانێکی شەرعی بێت، شەرعی بەو مانایەی مۆری پەسەندێتی کۆمەڵگەی لێ بدرێت. ئەوا ئەو فشارە لەسەر پاڵەوان نییە هەتا مل بە هاوسەرگیرییەکی لەو بابەتە بدات. جیاوازیش لە هەموو پەیوەندییە سێکسی و سۆزدارییەکانی و تەنانەت سێکسە سەرپێیەکانیشی، کە زۆریان لەسەر دەڕوات بەوەی چۆن یەکتریان ناسیووە و بۆچی لە یەکتر دوورکەوتوونەتەوە و… هتد ئاماژەیەکی وا بە چۆنێتی یەکترناسین و هۆکاری زەواج و هۆکاری جیابوونەوەکەیان نەکراوە. تەنها هێندە نەبێت کە دوای دڵی کەوتووە. ‏لە کاتێکدا ئەوان سیانزە ساڵ پێکەوە ژن و مێرد بوون و جیابوونەوەکەی و دابڕانی لە دوو مناڵەکەی کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر داناوە بە جۆرێك کە جارێک لە کاتی ئاژۆتنی ئۆتۆمبیلەکەیدا و کاتێک پۆلیس لەسەر سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ ڕای دەگرن، پاش ئەوەی دەزانن کێشەی منداڵەکانی هەیە، دەیبوورن. ئەمەش قورسایی ئەو کاریگەرییە نیشان دەدات کە دابڕانی لە مناڵەکانی بە تایبەتی و پرۆسەی زەواجەکەی بە گشتی لەسەری دایناوە.

 

‏لە چیرۆکی پەیوەندی نێوان نازدار و خالیدی پۆلیسی هاتوچۆدا، کە بە بێ هیچ پاساوێکی ڕوون بەرەو ئێران  هەڵدێن، ڕووداوەکە لە پرەنسیپە لۆژیکییەکانی هۆکار و ئەنجام خاڵی دەکاتەوە. ( خالید، لە هەندێک کاتی سەرخۆشیدا وەک پێشمەرگەیەکی دێرین باسی ئەو مەمکگرتنانەی بۆ نازدار گێڕابۆوە… ) لا ٦٥. لێرەدا ڕوون نییە کە خالید چ کاتێک پێشمەرگە بووە؟ بەوەدا نازدار و خالید لە سەرەتای هەشتاکاندا بەرەو ئێران هەڵدێن، ناشێت ئەو پێشمەرگەی جووڵانەوە نوێیەکەی دوای ئاشبەتاڵ بێت، چونکە لەم کاتەدا پێشمەرگایەتییەکە سیفەتی دێرینی لە دەست دەدات، ئەمە لە لایەکەوە. لە لایەکی ترەوە لە کاتی هەڵهاتنەکەیاندا خالید پۆلیسی هاتوچۆیە. کەوایە دەبێت پێش ئاشبەتاڵ پێشمەرگە بوو بێت، لەم حاڵەتەشیاندا و بە پێی ئەو بار و دۆخەی لە دوای ئاشبەتاڵ هاتە ئاراوە، هەموو ئەوانەی وەزیفەی حکومییان هەبوو و پەیوەندییان بە جووڵانەوەکەی ١٩٧٤ی بارزانییەوە کردبوو یان لە کار دوورخرانەوە، یاخود وەکو مامە عەزە بەرەو شارەکانی باشووری عێراق نەفی کران. بەڵام خالید ( وەک پێشمەرگەیەکی دێرین) کە پۆلیسی هاتوچۆیە، واتە کارمەندێکی سەربە وەزارەتێکی ناوخۆیە، کە دەوڵەتی عێراق هەمیشە بە هەستیارییەوە خەڵکی تیا دامەزراندووە، لەسەر کارەکەی خۆی ماوەتەوە و نەفیش نەکراوە؟! هەردەربارەی کارەکتەری خالید، لە لاپەڕە ٥٣ سێرژێی دەڵێت: من و تۆ خالید گیان ‏ وەکو دوو کۆمۆنیستی کورد و ڕووس ..

 

لە جێیەکی تری هەمان لاپەڕەدا دەڵێت ئەم دوو شۆڕشگێڕە… بەڵام ڕەفتارەکانی خالید و گێڕانەوەکانی گێڕەڕەوەش ئەوە دەرناخەن کە خالید لە ژیانیدا سیاسەتی کردبێت یا شۆڕشگێڕ بووبێت. چ جای ئەوەی لە هەفتاکاندا کۆمۆنیست بووبێت، ئەو کاتانەی کۆمۆنیست بوون یا چەپ بوون و مارکسی بوون جگە لەوەی وەکو ئاستێکی ڕۆشنبیری تاک سەیر دەکرا و خوێندنەوە جۆرێک بوو لە پۆز!! تاک بە هۆی سەرقاڵبوونی بە خوێندنەوەوە و لە ڕووی ئایدیاییشەوە خەریکی قومار نەدەبوو. خۆ ئەگەر سەر بە حزبێک یا رێکخراوێکی سیاسی بووایە، ئەوا حزبەکەی هەرگیز ئەوەی لێ قبوڵ نەدەکرد و لەمەشدا نووسەر ئاگاداری ئەو دیسپلینە رێکخراوەییەیە. بەڵام دەبینین هەر بە گەیشتنیان بۆ ئێران یەکەم کاری ئەوە دەبێت  نازدار بدات بە گان و پاشان خەریکی قومار بێت. ئەمەش زۆر دوورە لە ئەخلاقی کەسانێکەوە کە لەو سەردەمانەدا وەکو شۆڕشگێر یا چەپ ناسرابوون. دەکرێت غوربەت مۆراڵی مرۆڤەکان بگۆڕێت، وەک چۆن پەنابەران وکۆچبەران لە کۆمەڵگە نوێیەکاندا رەفتاریان دەگۆڕێت. بەڵام ئەمەش پرۆسەیەکی خێرا و هەڵگەڕانەوەیەکی کتوپڕ نییە، بەڵکو بە چەندین شۆک، هەڵکشان و داکشان، سترێس، رەتکردنەوەی شتی تازە و باری دەروونی ناهەمواردا تێ دەپەڕێت. بۆیە دەشێت هەر بە گەیشتنیان بۆ تاران، خالید نازداری دابێت بە گان و قوماری کردبێت و تلیاکیشی کێشا بێت. بەڵام ناشێت خالید لەم حاڵەتەدا چەپ یا شۆڕشگێڕێک بوو بێت.

 

(باوکی ڤێسنا لە تاو بێکاری دەهریبوونی لە دونیادا)لا ٧٥ . ڤێسنا خەڵکی کرواتیایە، کە لەگەڵ چەند وڵاتێکیتری ئێستادا، یۆگۆسلاڤیای پێشوویان پێک دەهێنا. ئەم وڵاتە وەکو سیستمی سیاسی سەر بە بلۆکی روژهەڵات، واتە ئۆردوگای یەکێتی سۆڤییەت بوو. ڕێژەی بێکاری لە وڵاتانی بە ناو سۆسیالیستیدا نزیک بوو لە سفرەوە. جگەلەوەی ژیانی تاکەکان لەو وڵاتانەدا دابین کرابوو. هەڵبەتە من لێرەدا باسی دیکتاتۆریەت و توتاڵیتاریزم و ئەوانە ناکەم بەڵکو مەبەستم ژیانی ئابوورییە. بۆیە بێکاری لەو وڵاتانەدا هێشتا ئەو دەردە ترسناکە نەبوو کە مرۆڤ دەهری بکات.

هەندێک ڕووداو یا دیمەنی دووبارەبۆوە هەن، وەکو یەکتر بینینی سوزی و پاڵەوان لە لاپەڕە ٢٦٣ دا، کە لە لاپەڕە ٣٠٩ هەمان دیمەن هەیە. بەبێ ئەوەی لە دووبارەکردنەوەی ئەو دۆخە یا رووداوەدا دیوێکی شاردراوەمان بۆ کەشف بکات .

 

هەروەها دیمەنی سێکسی باوک و دایکی ڕیتا لە لاپەڕە ٣٢٣ لە هەمان دیمەنی سێکسکردنی باوک و دایکی ڤیسنا دەچێت لە لاپەڕە ٧٥، دووبارەبوونەوەی دیمەنی دەستبردنی باوکی ڕیتا  بۆ ناوگەڵی ڕیتا ( لا ٣٢٢) لە حاڵەتی ئۆرسۆلاشدا هەمان وەسفی دەستە زبرەکانە (لا ١٨١).  تەنانەت دیمەنی حاڵەتی مردنی هەر سێ باوکەکە زۆر لەیەکەوە نزیکن. رووداوی کۆندووم قوتدانەکەی مامە عەزەیش چەند جارێک باس دەکرێت، بە بێ ئەوەی هیچمان بۆ ئیزافە بکات.

 

 

ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین ٢٠٢٠

سێکس لەم ڕۆمانەدا

لەم ڕۆمانەدا سێکس پانتاییەکی زۆری داگیر کردووە، کە بە گشتی لە هەر دوو فۆرمە باوەکەیدا مومارەسەر دەکرێت. فۆرمی لەشفرۆشی، کە لە ڕێیەوە وردەکارییەکانی ژیانی دژواری لەشفرۆشەکان، خەم و حەزەکانیان دەگێڕێتەوە. بەوەشدا کە بابەتی کاری لەشفرۆشەکان جەستەیانە، بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرامبەر بە جەستەیان وەکو بابەتی کار نامۆ بوون. ئەمەش وا دەکات لە چوونە دەرەوە و بازاڕکردنیاندا پانتۆڵی کابۆ یا عەزی درێژ لەبەر بکەن، بۆ ئەوەی وا هەست نەکەن لە کەشوهەوای کاردان. بە دیوەکەی تریشدا ئەمان نایانەوێت بابەتی کارەکەیان واتە کاڵاکەیان کە جەستەیانە، بخەنە بەر چاوی ڕێبوارانی سەر جادە (چونکە ئەوان فێربوون کە ڕووتبوونەوە بۆ تەماشای پیاو دەبێت نرخی هەبێت) و نابێت هەرزانفرۆشی بکەن. تا ئەو جێیەی هەردوو سوزی و ڤێسنا (ئافرەتە باڵاپۆشە ئیسلامییەکانیان بە هاوبیری خۆیان تێ دەگەیشتن. تەنانەت وەکو هاوپیشەی خۆیان سەیریان دەکردن) ل ٢١. وێڕای جوانی وێناکە، ئەم تێگەیشتنە پێمان دەڵێت؛ وێڕای ئەوەی کاری لەشفرۆشی لە ڕواڵەتدا لەگەڵ پرەنسیپپە ئاینییەکاندا ناکۆکە، بەڵام تێگەیشتنی لەشفرۆشەکان بۆ جەستە و ئازادکردنی جەستە سنووری بیرکردنەوەی ئاینیی بە گشتی و ئیسلام بە تایبەتی تێناپەڕێنێت.

 

فۆرمی دووەمی خستنە ڕووی سێکس، وەك حاڵەتێک لە نێوان ئیرۆتیکا و نێرۆسیزمدا، کە لەو شێوە ژیانە دیۆنیزۆسییەی پاڵەوانەکەوە دەیبینین. لەم فۆرمەشیاندا وێڕای ئەوەی بە وردەکارییەکانی ئەزموون، خەون و خووە سێکسییەکانی پاڵەوان و کارەکتەرەکان ئاشنا دەبین، هەروەها بە شێوەیەکی جوان پاڵنەر و گرێ دەروونییەکانی کارەکتەرەکان لەگەڵ ڕەفتارە سێکسییەکانیاندا گرێ دراوەتەوە؛ (سێکس جۆرێک بوو لە ڕاکردن لە جیهانی ناوەوە، لە نیگەرانی، لە ئازار، لە کەوتنە نێوە گێژاوی دونیای ریاڵ، لە لەبیرکردنی دونیای هەبوو. ڕاکردن بوو لە گریانی ناوەوە لە خەمۆکی لە مەنفابوونی بە نێو دونیادا)

 

ئەمە نیرۆسیزمێکە کە فرۆید وتەنی بۆ ئەوەی خۆی لە واقیع بکێشێتەوە و لە جیهانی دەرەکی گۆشەگیر بێت، پێویستی بە گومان و نایەقینییە. نایەقینی لە عەشق و پەیوەندی سێکسیدا بۆ ئەوەی بیانوویەکی هەبێت بۆ درێژەدان بەو خودئیرۆتیزمەی کە دەستپەڕکردنی بە هۆ و بێ هۆ ترۆپکی گەڕانەوەکەیەتی بەرەو ڕەفتارە سێکسییە مناڵانەکان(خۆ دەیتوانی شەو بچێتە دەرەوە و سێکس بکات لەگەڵ کیژێکی میسریدا، بێگومان پارەیەکی زۆر کەمی تێدەچوو، بەڵام ئەو وازی لە خووەکانی تەنهایی نەدەهێنا، کە وەک پەرستگایەک وەها بوون بۆ ئەو… دەستپەڕ لێدان ئەو پەرستگایە بوو کە دەیتوانی جەستەی لەگەڵ خەیاڵدا ئاشت بکاتەوە…)

 

ئەمە نیشانەی کشانەوەیەکی( نکوص) عوسابییانەیە لە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەروونی و جەستەیی لە مەعریفییەوە بۆ سێکسواڵێتی. کە نیشانە و دەرهاویشتەکانی شکستی پرۆژەی شۆڕش و بیری شۆڕشگێڕین. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە جوڵانەوە چەکدارییەکانی حزبی کوردی بە شێوەیەکی چەواشەکارانە ناوی شۆڕشیان لێنراوە، ئەمەیش سەری کێشاوە بۆ بنجداکوتانی (هۆشیارییەکی ساختە) دەربارەی چەمکی شۆڕش لە ناو هۆشمەندی کۆمەڵایەتیدا. بۆیە ئەو ئەنجامە سیاسییانەی کە حزبی کوردی پێی گەییشتن و ئەو کارەساتەی کە لەو ئاکامانەوە لە کۆمەڵگەدا دروست بووە، مرۆڤی کوردی بەو دەرەنجامە گەیاندووە کە ئەوەی شکستی خواردووە شۆڕش و گیانی شۆڕشگێڕێتی بووە. لێرەوەیە پاڵەوان و مامە عەزەیش لە پرۆسەیەکی بەردەوامی کشانەوەدان بەرەو قاوغی خۆی؛ ( هەموو گەڕانەوەیەك بۆ ڕابردوو پاساو وپاڵنەرەکانی لە نائومێدییەکانی ئێستادا دەبینێتەوە. ) (٤)

 

بگرە گیرخواردنی ڤێسنایش لە کۆڵانێکی خواردا ئاماژەیەکی ڕەمزییە بۆ هیچ نەکردن و بەتاڵبوونەوە لە هەر جۆرە ئەکتێک. هەڵبەتە نابێت بیرمان بچێت، داڕمانی یەکیەتی سۆڤییەت و وڵاتە بە ناو سۆسیالیستییەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات، کە یۆگۆسڵاڤیای وڵاتەکەی ڤێسناش لەو بەرەیەدا بوو، رەمزە بۆ داڕمانی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی کە لە ڕێگەی شۆڕشەوە دێتە دی. داڕمانێکە نەک تەنیا لە بونیادی ماددی و کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو لە بونیادی ئەقڵی و دەروونی مرۆڤەکانیشدا. ئەوە بۆیە سێرگێی رووسی قینێکی لە سەرمایەداری رۆژئاوا هەڵگرتووە، کە دەخوازێت لە رێگەی هاوردەکردنی لەشفرۆشی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە رووبەرەکانی لەشفرۆشی لە ئەڵمانیای سەرمایەداری بە جۆرێک فراوانتر بکاتەوە کە ئەو وڵاتە وەکو قەحبەخانەیەکی گەورەی لێ بکات، بەمەش تۆڵەی شکستی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم لە سەرمایەداری بکاتەوە. مۆدیلێک کە لە سیاسەتا شکستی خواردووە ئەم دەیەوێت لە سێکسدا تۆڵەی بۆ بکاتەوە. چەکی ئەم تۆڵەکردنەوەیەش بۆ گەوادێک، کە پێداویستییەکی بازرگانی لەشفرۆشییە، تەنیا فالووسە(ئەندامی نێرینەی پیاو)، بەڵام لەم ڕۆمانەدا یەک وێنە و دیمەن نابینین کە پەیوەندییە سێکسواڵیتییەکانی سێرگێی لەگەڵ ‏ژناندا نیشان بدات. بۆیە ئەوەی کە بە کێری خۆی ( بە مانا نێرینەییەکەی) تۆڵە ناکاتەوە، دەشێت ئاماژەیەک بێت بۆ گرێی خەساندن کە لە لایەن سیستمە توتالیتارییەکەی یەکیەتی سۆڤییەتەوە، هەمان گرێیش دەکرێت لە حاڵەتەکەی (هێڕ شرۆدەر) دا ببینینەوە کاتێک بەخیلی بە مامە عەزە دەبات، کە ئەویش قوربانییەکی ستەمکاری دەوڵەتی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتە. ئەمەیش دیوێکی تری کۆژانەکانی مرۆڤە کە لە ناو سیستمە توتاڵیتارەکاندا دەخەسێنرێت و لە ناو سەرمایەداریشدا دەهاڕدرێت و لە مرۆڤ دەخرێت.

 

لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەتمۆسفێری گشتی رۆمانەکە وێنای بە مێینەکردنی ڕۆژئاوا (تأنیث الغرب) لای خوێنەر تۆخ دەکاتەوە. قاڵب وکڵێشەیەک (stereotype) کە بە قووڵی لە ئەندێشەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا چەسپاوە بەوەی سێکس لە ڕۆژئاوا هەڵڕژاوە و تا ئەوەی ناوی ڕۆژئاوا بووەتە هاو واتای سێکس و وروژاندن، یان بە دەربڕینە باوەکەی لای خۆمان ژنەکانیان هەمیشە لنگیان کراوەیە بۆ سێکسکردن و لە چاوەڕوانی ئێمەی رۆژهەڵاتیدان تا هەڵکوتینە سەریان. ئاخر ئەوان یا مرۆگەلێکن کە هێند لە ئەقڵانییەتدا نوقمبوون کە تەنانەت ناتوانن لە ناو نوێنەکانیشیان و لە کاتی سەرجێیکردنا دەستبەرداری ببن، بۆیە ژنەکانیان بێزارن لێیان و ژیانی تەنیایی هەڵ دەبژێرن. یاخود سایکۆسن و لە کاتی سێکسکردندا وەکو دڕندەیەکیان لێیەت.

 

ئەم ڕۆمانە، لە ڕێگەی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ، فلاشباک، یادەورەی و تەوژمی هۆشەوە بە ناو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەمانگێڕێت. لە چەپی تەوروەشێنی کوردستانەوە هەتا چەپی ناو باڕەکانی ئەڵمانیا. لە شەڕە چەقۆی قەیسەرییە تاریکەکانی کارێزەوشکەوە هەتا شەڕی ناو گۆڕەپانی پۆشکینسکایای مۆسکۆ تا شەڕی فتوەی  بازاڕە میللییەکانی میسر. لە جەنگە جیهانییەکان و ڕووداوە گەورەکانی سەدەی بیستەوە هەتا شتە وردەکانی ژیانی رۆژانەی لە چەشنی مڵچەمڵچی سەر سفرە و خوانەکان تا شێوەی ژیانی پیاوێکی تەریک و ڕەبەنی شارۆچکەیەکی کوردستان. لە کۆڵانە هەژارنشینەکانی سلێمانییەوە تا کۆڵانەکانی دونیا.

 

سەرەڕای ئەوەیش، گەلێک پرسیاری پڕۆبلۆماتیک دەوروژێنێت. هەندێک لە پرسیارەکان ‏لەناو ڕووداوەکاندا دەدۆزینەوە کە بە شێوەیەکی ژێرەوانکێ دەکرێن، وەکو؛ چییەتی ‏مەفهومی شۆڕش؟ یا ئایا کۆتایی هەموو شۆڕشێک خوێنڕشتن و ‏هەڵگەڕانەوەیە لە ‏ئایدیاکانی شۆڕش؟ ئایا ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە ناوی ‏شۆڕشەوە کراون، ‏شۆڕش بوون؟  بەڵام هەندێکیان پرسیاری ڕاستەوخۆن وەک ئەوەی لە مەسەلەی ‏پەیوەندی سێکس بە عەشقەوە  دەپرسێت‏؛ (ئەگەر پیاو کێری نەبێت دەتوانێت ‏ڕۆمانسی بێت؟) پاشان سەبارەت بە لەشفرۆشی ئایا لەشفرۆشی و ئازادی ‏جەستە پیکەوە دەگونجێن یاخود نا؟

بەرلین

6.12.2020

پەراوێزەکان:

  • أوديسيوس من وغد إلى بطل .. قراءة جديدة لإوديسة هوميروس / احمد فاضل

http://www.almothaqaf.com

  • جورج طرابیشی، المرض بالغرب التحلیل النفسي لعصاب جماعي عربي. ل ٩١

  • روایة الخیال المفهوم والنظریة و الأجناس، د. رامي عبدالحي محمد قابیل، مجلة کلیة ‏الأداب جامعة سوهاج العدد ٤١، ٢٠١٦.‏

  • ‎جورج طرابیشی، المرض بالغرب التحلیل النفسي لعصاب جماعي عربي، ل ١٢. ‏

سەرچاوە:

البطل بألف وجه، جوزیف کامبل، ترجمة حسن صقر، دار الکلمة للنشر و التوزیع ، ٢٠٠٣.

شرق و غرب رجولة و أنوثة، جورج طرابیشی   دار الطلیعة للطباعة و النشر.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌