![]()
ئاوی ژێر زه‌وی
قەسیدە
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
مارف خه‌زنه‌دار
به ئه‌ندازه‌ی ده‌ست هاوێژێك دوور كه‌وته‌وه
چیرۆك ته‌مه‌نی په‌رشوبڵاوی ژمارد
حه‌وزێك له حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره
ته‌نیا باڵنده‌ی ئاویی مه‌له‌یان تێدا ده‌كرد
حه‌وزه‌كه ڕێك دڵی بوو
باڵنده ئاویان له به‌هه‌شته‌وه بۆ هێناوه
ده‌موچاوی به خوناوی سینگی هاوسه‌ره‌كه‌ی شووشت
چاوی تا كۆتایی بڕی كرد
به‌ڵام بیره‌وه‌ری هاوسه‌ره گوڵگرتووهكهی
له ئارامیی خۆی ڕوون ده‌بێته‌وه
وه‌ك مێشێك هه‌میشه له‌سه‌ر ئاگایی ده‌نیشته‌وه
ئازاری ده‌دا و ترسی لێ ده‌نیشێنێ
بیره‌وه‌ری بوونه برین و تاكه هاوڕێی جه‌سته‌ی
نیشانه‌كانی داپۆشی
مه‌رجان ده‌ركه‌وتن
خۆڵێكی نه‌رمی دۆزییه‌وه
به خوناوی سینگی هاوسه‌ره‌كه‌ی شێلای
ئاده‌می دروست كرد
به هێزی ئه‌و سۆزه‌ی نه‌بووه فرمێسك
زه‌وی هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕ كرد
سینگی گه‌ڕه‌كێكه له شاری ئه‌ده‌ب
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی به به‌رزاییی ئاسمانهوهشن هی ئه‌ون
1/3/2026 هه‌ولێر

كه‌مال غه‌مبار
له هه‌ولێر له شاری خانه‌دانان
له شه‌قامێك بۆ ناوی باڵنده‌یه‌كی گۆرانیبێژ ده‌گه‌ڕێم
له‌سه‌ر له‌پی خودا وێرد و نوێژ بكه‌م
گوێش له نهێنی دووگیانبوونی مریه‌م بگرم
ئایا په‌رده‌ی گوێم وه‌ك شاخی كه‌ڵه‌كێوی لوولی خواردووه و ته‌پ بووه
باڵنده‌یه‌كی گه‌وره‌ی پڕ ڕه‌نگی به ده‌سته‌وه‌یه
ترپه و ئاواز له سینگی ده‌چۆڕێ
شار نازانێ كه‌ی خانه‌دان هێز و سرووش و شكۆی
به ده‌رزی و دا‌و وهكردووه
بۆ دوورینی نه‌خشه‌یه‌ك
په‌لكه‌زێڕینه پۆپیته‌ی كهڵهشێرانه
شار ناوی له سێبه‌ره ڕووناكه‌كانی وه‌رگرتووه
چیاش له‌سه‌ر ناویان وه‌ستاوه
بیره‌وه‌ری ئارامیی زه‌مینه سڕ نابێ
بیری پڕ له یاده‌وه‌ریش له بیری ناچێت بۆچی ده‌گه‌ڕێ
باڵنده‌ی گۆرانیبێژ خۆی به ته‌نیا جیهانه
حه‌سره‌تم بۆ جیهان
3/3/2026 هه‌ولێر
مارف عومه‌ر گوڵ
گوڵی په‌لك سپی وه‌ك به‌ردێكی به ناوونیشان
كه بتوانین له‌سه‌ری بنووسین و بیكه‌ینه مێژوو و بێستان
له لووتكه‌یه‌كی زۆر ڕه‌سه‌ن له‌دایك بوو
ئاڵای شۆراوی له‌سه‌ر په‌نجه‌كانم هه‌ڵخست
ده‌نگی گۆرانییه‌ك هاته كۆڵان
له ده‌رگای ماڵانی دا
تینی گه‌رمی ئاڵاكه‌ی وشك كرده‌وه
ناتوانم نا ئه‌و تینه له‌بیربكه‌م ئاڵای وشك كرده‌وه
به‌ختیارم به تینی وشكبوونه‌وه‌ی ئاڵا له دایك بووم
دیده‌نییه‌كی كورت
هه‌موو شتێك بۆ لای لووتكه‌ی ڕه‌سه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه
ژیانیش له كونی كلیلهوه نابینن
ئه‌و هه‌ڵمه‌ی له لووتكه‌وه هه‌ڵده‌ستێ
تیینی ئه‌و ئاوه‌یه له هه‌ناویه‌وه كوڵاوه
7/3/2026 هه‌ولێر
ڕه‌فیق سابیر
زه‌نگوڵه به ملی به‌رده‌كانی سه‌نگه‌ره‌وه بوون
هاتنه زایه‌ڵه
كلیلی ڕووخۆشیی گرد به ده‌سته‌وه
چووه ڕۆشنایی شاخێكه‌وه
پێشمه‌رگه‌ی ئه‌ده‌بی چاوی به دووربینهكهیهوه نا
ته‌ماشای ئاهه‌نگی شیعری كرد
باوه‌ڕ به ده‌فته‌ری یاداشتت ده‌كه‌م
ئاوریشمی كه‌مه‌ری ههوریلارانی له‌شانه دا
گه‌رمی و تینی ئه‌و ڕۆژانه‌ی بۆ پاراست
كه بیری له په‌نجه درێژ و شووشه‌ییه‌كانی
كیژی سه‌نگه‌ران ده‌كرده‌وه
هێشتان هاتووچووی به‌یانیان ده‌ستی پێ نه‌كردبوو
ده‌نگێك له نزیكترین سه‌نگه‌ره‌وه هات
ته‌وری له‌سه‌ر لكی دره‌ختی هێلانه له‌سه‌ر لادا
هێنده‌ی زه‌ینی باڵنده ئاشق بوو
خۆر له پاراوی به‌ره‌به‌یانی و تاسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی
ناوكی ئه‌و هێزه‌ی بۆ بڕی
له‌سه‌ره‌تاوه وشه‌ی یه‌ك خست
خۆری ئێوارانیش لێی دا
10/3/2026 هه‌ولێر

محه‌مه‌د موكری
ئاره‌زووی ئه‌وه بوو
به هاوین ته‌ماشای ئاگر بكات
ئاوا دهدركێنین
هه‌ڵه‌مان كرد به ئاگرمان گوت سووتێنه‌ر
ته‌ماشا نهێنی و ڕازه
به شه‌رابی سوور ئاشكرا ده‌بێ
ئێستا یه‌ك خول به‌ده‌وری خاڵی ناخ بخولێوه
ده‌ست پڕ نامه‌ی نووسراو
له ئاگر و شه‌راب ڕوون ده‌بێته‌وه
ئاگر و شه‌راب خاك به‌پیت ده‌كه‌ن
ئاشق ده‌پاڵێون
هه‌موو ئاشقێك پێویسته خۆش بڕوا
به‌ره‌و
ئاسۆی ئاسووده‌یی و
گه‌وره‌بوونی په‌نجه‌ره و
ئه‌لبوومی گۆرانی و
كانی په‌رجوو
زه‌وی پڕ له ڕاز و ته‌واو ناڕوون له سووڕانه‌وه ماندووبووه
هێنده‌ی چاوترووكانێك پێویستی به پشوودانه
سه‌رسامم به پشوودانی
ته‌نیا و جێهێڵراوم
منی بانگهێشت كردووه
ته‌ماشای پشوودانی بكه‌م
وه‌ك میوانی ئاهه‌نگگێڕ
تا ڕاده‌ی مردن
له‌گه‌ڵ ماندووبوون و پشوودانی هه‌ڵده‌كه‌م
به چاوێكی گه‌رمیش ئاوێنه‌ی ساردی ماڵ گه‌رم ده‌كه‌مه‌وه
12/3/2026 هه‌ولێر

هێمن موكریانی
كۆئهستیرهی ئاسمان
ژیان چۆڵ و سارده
دنیاش سه‌رله‌به‌ری نیان و نوێ نییه
به ئه‌ندێشه‌ش ڕۆنه‌نراوه
وابكات ماڵ بدۆزینه‌وه
دزی سه‌د ئاگر له‌بیر مه‌كه
بهێڵه ناوچه‌وانی بخاته سه‌ر زه‌وی
گه‌شت به‌ناو چاوی خۆیدا ده‌كا و ده‌گه‌ڕێته‌وه
ژیان به ته‌نیا پێده‌گا
ژیانێكی درێژخایه‌ن ده‌ژی و دڵخۆشی ناشارێته‌وه
ڕه‌نگه جارێك له جاران
زه‌مین خامۆش بێ و به ده‌وری خۆر نه‌خولێته‌وه
به ده‌وری په‌پووله و چرا
چاوی پاراو پاراو و باڵی به‌هێز ده‌بن
به‌هار كتێبی كراوه‌ی سروشته
خودا پڕ وشه و ڕه‌نگی كردووه
ڕه‌ش و سپی وشه‌ن
ڕه‌نگ نین
برسی و ماندوون
ته‌رمی ئاوابوون و هه‌ڵاتن نابینن
ڕه‌ش و سپی و دزی سه‌د ئاگر سه‌ر به چ زهمینێكن
زه‌مین مه‌شخه‌ڵی چاره‌نووسی خۆی به‌رز ده‌كاته‌وه
به‌رده‌وام به‌دوای یه‌كدیدا ده‌گه‌ڕێن
په‌ریش به سواری ئه‌سپه‌وه
ڕه‌نگی چاوی گهڕاوانیان هه‌یه
له‌گه‌ڵ داروبه‌رد ده‌دوێن
12/3/2026 هه‌ولێر
حه‌مه‌ساڵح دیلان
شه‌قام هه‌ناسه‌ی ته‌نگ بووه
گوڵیش ئاخی له‌ده‌م مه‌ییوه
به‌بێ چرا نه‌كه‌وته ڕێ
په‌نجه‌ی به نه‌رمایی خاك داهێنا
نینۆكی ڕوان
دڵنه‌وایی ده‌ستی گرت و بووه میوانی باڵندان
ڕێگا ساتی سه‌رسامبوونی باڵنده و گه‌یشتنی میوانه
به‌ژێر دره‌ختی سه‌ر به جریوه و جووكه تێپه‌ڕی
تێكه‌ڵ به بۆنی تێكه‌ڵبوون بوو
هه‌ست بێلایه‌ن مایه‌وه
چووه سه‌نگه‌ری گۆرانی
ته‌پڵی ئاشتی لێ دا
په‌ڕی سیخوڕی تووڕهشی ده‌رهێنا
زه‌مین وه‌ك چاوی ئاسكی ئاوس ڕوونه
شوێنی زانی ده‌زانێ و دڕكوداڵی لێ لاده‌دا
13/3/2026 هه‌ولێر

قه‌ره‌نی جه‌میل
به ملیۆن ڕه‌نگی هه‌بوو
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ڕه‌نگی دڵخوازی خۆڵه‌مێشی بوو
هه‌موو ڕه‌نگه‌كان له خۆڵه‌مێشی له‌دایك ده‌بن
دوو هه‌زار كیژ له ڕۆژهه‌ڵاتن و ڕۆژئاوابوونن
كۆپله و ئاوازن له شیعر و گۆرانی
كیژێكی گوندیش له‌به‌ر كانییه‌كی پاراو و دامێن به جۆگه
بای واده بسكی ده‌بزوێنێ و باخچه‌ی بێ‌دار ده‌بێ
گوێم له یه‌كه‌مین گۆرانی گرتبوو
له دوامین گۆرانیشی ده‌گرم
سه‌یری به‌رده‌می خۆی كرد
به‌رده‌می وه‌ك شه‌قامێكی ته‌نگ نه‌بینی
له تێكه‌ڵ نه‌بوونی ڕه‌نگیشی پرسی
ده‌ستی كوتا و سه‌رسام ما
منیش له ماوه‌ی كه‌می ڕۆژهه‌ڵاتن و ڕۆژئاوابووندا
ڕه‌نگی
زستان و
به‌هار و
هاوین و
پاییزم بینی
به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه به‌رز بوونه‌وه
له ده‌فته‌ری ئاسمان بوونه شیعر
داوای كرد وه‌رنه لام دانیشن
به‌خته‌وه‌ریم بۆ بێنن
هه‌موو ڕه‌نگه‌كان له به‌ختیاری له‌دایك ده‌بن
15/3/2026 هه‌ولێر
ئەحمهد محه‌مه‌د ئیسماعیل
له‌ناو باخچه‌یه‌كی خه‌مڵیو
به مانه‌وه و پێشبینی چركه‌كان
دوو كه‌روێشك چوونه سه‌ر سه‌كۆی گۆرانی
ڕووناكی ڕژایه گه‌ڕه‌ك
له‌باره‌ی ژیانه‌وه دواین
مه‌رگ چووه سه‌ر سه‌كۆی گۆرانی و زۆر كه‌سی بینی
ئاوڕی له ڕێبواری دووره ڕێ دایه‌وه
هێشتان نه‌گه‌یشتووه‌ته ناو شار
ده‌یه‌وێ ده‌ستی بخوێنێته‌وه
ناشزانێ نیشانه‌كانی ناو ده‌ستی چین
به‌ڵام وێنه‌یه‌كی دایێ بیر بكاته‌وه
هه‌موو شتێك ڕاسته‌قینه و زیندوون
زۆر جیاوازیش نین بیركردنه‌وه‌یه‌كی ده‌وێ
تا ڕاسته‌قینه و زیندوو پێكه‌وه بپشكوێن
وا گلۆپی به‌ر په‌نجه‌ره پێ ده‌بێ
دڵه‌خورپه كه‌مێك له حه‌وشه‌وبان نزیك ده‌بێته‌وه
ده‌ست به‌سه‌ر مه‌وداكان داده‌هێنێ
19/3/2026 هه‌ولێر
محه‌مه‌د مه‌ولوود مهم
ڕه‌نگێك له نزیك
زۆر نزیكه‌وه له‌ناو ڕۆمانێكدا پاراو ده‌بێ
خۆی ده‌داته ده‌ست شۆڕشگێڕان بیروڕای خۆیان بنووسن
باران ته‌پونم به‌سه‌ر وڵاتی ئه‌فسانه‌یی باری
بارێك چڵكی هه‌ڵدایه ناو زێراب
دووگورد بۆ نوێژكردن با‌نگم ده‌كا
به‌رده پیرۆزهیهكی له‌ده‌ستچووم ده‌داته‌وه
كه نه‌مده‌توانی به‌بێ ئه‌و بژیم
ناوچه‌وانمی له‌سه‌ر دانێم
هێشتان خه‌ون ماون ببینرێن
له‌ناو ئاو به‌دوای شوێنپێ ناگه‌ڕێم
بێهووده‌ش ناچمه بهردهپیرۆزه وه‌رگرتنه‌وه
به‌رزایی چیاش تاقی بكه‌مه‌وه
چیا وه‌ك خه‌ونی منداڵ وایه
بچووك و گه‌وره ده‌بێته‌وه
دره‌خت خۆی داته‌كاند
له ته‌پوتۆزی ئه‌و هێلانانه‌ی هێلكه‌یان نهترووكاند
له هه‌زاران دڵه‌ڕاوكێم و ده‌توانم لێیان بدوێم
باڵنده به گه‌رمایی فڕین باڵی وشك ده‌بێته‌وه
20/3/2026 هه‌ولێر
ئیسماعیل خه‌یات
به‌سه‌ر هیچ برینێك ناپه‌ڕمه‌وه
به‌ڵام خۆم داوه‌ته به‌ر هاڵاوی برین
برین و هێڵی سپی شه‌قام
هێشتان ناوی ڕاسته‌قینه‌یان نییه
لانك ناوی تابلۆ بوو
گۆڕ كۆتره ههڵفڕیوهكانی خودا
دانیان بۆ ڕۆناكرێتهوه
ئه‌لوه‌نی هه‌ره نزیكم داوه‌ت كرده ناو تابلۆیه‌ك
داوه‌ت ئومێد و ڕووناكییه
به درێژیی و پانی ده‌یناسم
دووكه‌ڵی نییه
په‌لكه‌زێڕینه حه‌فت پرسیاری له تابلۆ هه‌یه
چۆن به دیوار ههڵدهواسرێم و كامه‌ران ده‌بم
ده‌موچاوم ده‌بێته ئاوێنه
دڵ بۆ دڵ نزا ده‌كا و بوون هه‌ستیار ده‌بێ
له نه‌رمی بارانی په‌ڵه هه‌ڵقوڵام
په‌ڵه پێكه‌نینی له‌پڕی خودایه
هه‌موو شه‌رابێكی تێدا ده‌خه‌مڵێ
گژوگیای ده‌ریاییش ده‌ست له ئاو ده‌رده‌هێنن
سڵاو ده‌گه‌یه‌نن و ناوچه‌وانمان ده‌خوێننه‌وه
20/3/2026 هه‌ولێر
نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د
وه‌ك بیره‌وه‌ری بۆنی ئاسۆی به‌ره‌به‌یانی
ده‌بێته گۆرانی هێمنایه‌تی زه‌وی
هه‌ور له دابارین ده‌ترسێ
تۆش به هه‌زار ده‌مار چوویتیهوه ناو دڵی بابه‌گوڕگوڕ
په‌پووله له‌سه‌ر داره ته‌رم
زه‌ینی له‌سه‌ر گفتوگۆیه
بۆنی بلووری چرا و شیله‌ی ناسی
تاوتووێی ئه‌زه‌ل و ئه‌به‌دی كرد
چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكانێكه تاسه‌ی دووركه‌وتنه‌وه له دڵیان ده‌كه‌ن
پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بنێن
هیچ سه‌یری خۆیان ناكه‌ن
هێزیان نییه
له هه‌موو شتێك ده‌ترسێن
ئاسمان ڕووناك نییه بۆیان
ده‌ستیان به‌سه‌ر قفڵی ده‌رگا ماوه‌ته‌وه
لێیان تێكچووه ده‌چنه كار
یان له كار ده‌گه‌ڕێنه‌وه
ده‌ست له‌ناو قفڵدا ڕواوه
زۆر له خه‌ونه‌كانی نزیك بووه‌ته‌وه
له سه‌ره‌مه‌رگ شیعری به خودا گه‌یشتنی نووسی
دڵۆپێكی به‌هێز له ژیانێكی دیكه ڕژا
23/3/2026 هه‌ولێر

گۆران
كه‌شێكی ڕووناك ده‌موچاوی شاری كردووه‌ته‌وه
به كراسێكی گوڵداره‌وه لە ماڵێكی ئەوبەر ئاودا هات
خێڵی دوژمنی لێ نەبوو
پێی شكۆی خستە سەر ئەرزێك
به ئه‌ندازه‌ی پێغه‌مبه‌ران به ئاو و ئاوێنه و سرووش
سەیری سروشت و دەفتەری تاكە كەسی كرد
چاوی پڕ نەبوون
چووە پێشبڕكێیەكی مەودا دوورودرێژ
بوو به ئاماژه‌ی ژیان
درەختی لاڕێ هەموویان لەگەڵی غاریان دا
هێلانەی ناو درەختەكان
دەفتەری فریشتان بوون
براوە و به‌هره‌ی ژیانیان تۆمار دەكرد
ئەو ڕێیەی زۆر بیری لێ دەكردەوە
گوڵ‌فرۆش گرێیان بڕیبوون
دەنگی سیاچەمانەیان بۆ بەرز دەكردەوە
شار ئەمڕۆ خەمبار و دوودڵ نییە
هەموو زانیان خۆشەویستی چۆن لە دایك بوو
میوە فرۆشان میوەی پاكیان فرۆشت
كڕیار گیرۆدەی پەڕەی دڵ بوون
هەردوو لایان بە شادییەوە سەیری یەكتریان كرد
1/4/2026 هەولێر
محەمەد عارف
میوە لە درەخت دەكرێتەوە
دوو جار مرۆڤ دەبینێ
یەكەم كە لێی دەكاتەوە و دەیخاتە سەبەتەوه
سەما دەكا و گۆرانی دەڵێ و پێدەكەنێ
بیر له لۆچی دڵ و ئاگردز ده‌كاته‌وه
ده‌می گه‌رمییان به نه‌رمی بۆ ده‌با
دنیای پڕ ده‌بێ له هاوڕێ
ڕێ ده‌بێته سپێده و مه‌ی ئه‌فسوون
دووەم كە دەستی بۆ دەبا و دەیشواتەوە و لە ناوی دەبا
پەلك و ناوكی لە نزیك درەختەكەوە فڕێ دەدا
ئەو گوڵەش گله‌یی ده‌كا و به‌ده‌م گله‌ییه‌وه دەگرى
لەسەر گۆڕی دادەنێن و جێی دەهێڵن
لەوە دڵنیایە مردووەكە بۆنی ناكا
سەمای كرد و گۆرانی گوت و پێكەنی
دڵخۆشی و دڵتەنگی لە گۆشەیەكی تابلۆ دانا
ئه‌فسانه ماڵی هه‌میشه‌یی ئه‌وه
پاشای ئێمە
ڕوخساری بە تابلۆی ئەفسانەوەیە
ژێی كه‌مانی ڕەنگ
خێراتر لە گۆی زەوی بە دەوری ئێمە سووڕایەوە
په‌ڕه‌مووچی ئاشتی لە دەموچاوی شەڕدا
زەنگی ئاگاداركردنەوەی پێش زریانیشی لێ دا
3/4/2026 هەولێر
سەدرەدین عارف
لە بەیانییەكی خۆڵەمێشی لە دەرگای درا
دەستی ئەو توانایەی نەمابوو بیكاتەوە
به‌ڵام هاوسه‌نگی تێك نه‌چوو
تارمایی خاوكردەوە و بەرەو ڕۆشنایی چوو
بەرەو ئاسمانیش
خه‌ون له خۆیه‌وه داڕژا
بە گەنجی خەونێكی بینی
شوێنپێی هەڵگرت و لێی دوورنەكەوتەوە
تا چوو بۆ ئاسمانیش هەر بینییەوە
ڕیشیشی شانە كرد
زەوی خۆشی ویست و بۆنی لای خۆی هێشتەوە
ئەستێرەی ئەدەبی هەر سەد ساڵ جارێك
بۆنی ناو خاك دەمێنێتەوە
بەلەمێك بۆ نووح دروست دەكا
سەكۆیەكیش سەرنشینان
گەنم و جۆی لەسەر بژاركەن
گەنم و جۆ وا دەكات ئاسوودە بین
ئەستێرە لەناو ئاو
باشتر لە ئاسمان دەبینرێ
ئاسمان به فریودانی زه‌وییه‌وه سه‌رقاڵه
3/4/2026 هەولێر


