لای چەپەوە: دڵشاد مەریوانی، حەمەڕەشید هەرەس، ئەحمەد سالار، نەزانراو، نەزانراو، کەمال سابیر، نەزانراو.
لای چەپەوە: دڵشاد مەریوانی، حەمەڕەشید هەرەس، ئەحمەد سالار، نەزانراو، نەزانراو، کەمال سابیر، نەزانراو.

یادەوەرییەکی بڵاونەکراوەی چیرۆکنووس مامۆستا ڕەئوف حەسەن


Loading

یادەوەرییەکی بڵاونەکراوەی چیرۆکنووس مامۆستا ڕەئوف حەسەن

(تەمەنێک پێکەوە)

من ودڵشاد مەريوانى و کەی.کەی.کەی – K.K.K 

ڕەئوف حەسەن
ڕەئوف حەسەن
ڕەئوف حەسەن

دڵشاد هەميشە شكۆمەنديی (هەيبەت)ێكى سەیری هەبوو. زۆر سيفاتى سەركردەيى و تەنانەت كاريزماييشى تێدابوو. خۆيشى لە هەڕەتى لاوێتيێوە هەستى بەمە كردبوو. ئێمەى برادەرانيشى لەو ڕۆژگارەدا بڕوا و متمانەيێكى زۆرمان پێيبوو.

ساڵی ١٩٧٦ بوو، هەردوكمان لە شوێنی کارکردنمان لە بەغدا دەركرابوين و بڕیارماندا بەسەردان بێينەوە سلێمانى. لە پياسەيێكى عەسرانى دەورى باخچەى گشتيدا و لەپڕ دڵشاد کاغەزێکی لە گیرفانی دەرهێنا وتی رەوف با ئەمەت بۆ بخوێنمەوە. گوێم لێگرت، سەیری کاغەزەکەی دەستیمکرد بینیم بەياننامەى دامەزراندنى (كۆمەڵەى كۆمۆنيستانى كورد KKK)یم بۆ دەخوێنێتەوە. دوای مشتومڕێکی جدی هاوڕێیانە لە تەک دڵشاد، گەرچى من بەگشتى لە هيچ شتێكى حزبەكەی (ناوەكەى KKK نەبێت) ڕازى نەبووم، كەچى منى بە سكرتێرى گشتى حيزبەكەى دانابوو. ڕاستی ناوەكەى لای من زۆر سەرنجڕاكيش بوو. بەتايبەتى بۆ چەپخوازان و گەنجان و ڕۆشنبيران. بۆ ئەو شيوعيانەش کە وەك موزايەدەيێكى نيشتمانپەروەرانە، بەهۆى چونە نێو بەرەى نيشتمانى و نەتەوەييى پێشكەوتنخوازى حيزبەكەيانەوە دووركەوتبونەوە.. تەنانەت بۆ ئەوانەى لەوەوبەريش لێيدابڕابون، ئەمە شتێكى باش بوو.

دواى ئاشكراكردنى ئەم حيزبەى دڵشاد مەريوانى لای هەندێک لە هاوڕێیانی نزیکی خۆمان، دەمەو ئێوارەيێكى پێنجشەمە، كاكە مەم بۆتانى هاوڕێمان لە هەولێرەوە بە تۆيۆتايەكى جوتيارانە بۆ پەيوەنديكردن بەم حيزبەوە گەيشتە بەغدا و هاتە لام. پەرۆشيى بە ڕوخساريێوە بۆ كارێكى نهێنى و جدى ديار بوو.

(ڕەئوف بەتایبەتی بۆلاى تۆ هاتوم. دەبێت ئەمشەو پێكەوە دانيشين، سبەى زويش دەگەڕێمەوە هەولێر. شوێنێكى ئەمين و باشيش بۆ گفتوگۆ هەيە). ئەمەى وت و بە سوعبەتێكى دۆستانەوە بەردەوامبوو (ئوفە هەزار ئيش و مەوعيدت هەبێت دەبێت فەرامۆشيانكەيت).

لە ڕاستيدا هيچ ئيش و گفتێكى ئەوتۆم نەبوو، پێكەوە چوينە (كەڕادە) و كاكە مەم بە جۆش و خرۆشێكى گەنجانەوە وتى

(من بەدواى ئەمەى ئێوەدا دەگەڕێم، ئاواتى چەند ساڵەى من هەر ئەوەيە كۆمەڵەيێكى كۆمۆنيستى كورديى بێتە ئاراوە).
وتم (ئەى باشە بۆ ناچيتە لايان بتكەنە ئەندام و وەك كاديرێكى چالاك لەگەڵياندا کاربکەیت!)
پرسيارەكەمى بەلاوە سەير بوو.
(ئەى تۆ کوڕی …….. سكرتێرى KKK نيت؟)

بەسەرسوڕمان و جوێنێكى دۆستانەوە واى وت. لەو بارەيەوە هەندێ شتم بۆ ڕونكردەوە. بەتايبەتى سەبارەت بەوەى چۆن دڵشاد سەربەخۆيانە پەيڕەو و پرۆگرامى ناوخۆ و بەياننامەى دامەزراندنى بۆ KKK نوسيوە و لەخۆيەوە منيشى وەك سكرتێرى گشتى حيزبەكە داناوە.

بە كاكە مەمم وت: (كاكە دڵشاد مەريوانى چەند سيفاتى سەركردەيى تێدايە، بەڵام هێندەش هەڵەشانە ڕەفتار دەكات. من هەركە بەياننامەى دامەزراندنەكەيم بينی پێموت (KKK) نە نەتەوايەتى تەواوە و نە كۆمۆنيستيى تەواوە!!)

لە ڕاستيدا با ئەمەش بڵێم گەرچی خۆیشم من وەک رەئوف ئەوەندە عالوسال نیم، لێ، سڵم لەو هەڵەشەييەى (مەريوانى) دەكردەوە. لەلايێكى ديشەوە لەو ڕۆژگار و هەلومەرجە نالەبارەدا لەگەڵ چەند هاوڕێيەكی دیکەی ترماندا خەريكى دروستكردنى حيزبێكى ماركسى تر بووین. تێكەڵەيێک بوو لە ترۆتسكی بۆ گيڤارایی گراميشيانەى ئۆرۆشيوعيانە!! ئەمانە و زۆر شتى ديكەم بۆ (كاكە مەم) ڕونكردەوە.

نيگەرانى سيماى كاكە مەمى داپۆشى. ئەو ئومێدێكى زۆرى بە KKK هەبوو. وايدەزانى ئەمە ئەڵتەرناتيڤى نسكۆى شۆڕشەكەمان دەبێت. لێ نە KKK و نە كۆمۆنيزمە ترۆتسكيانەكەى ئێمەيش هيچيان مايەى ئومێد نەبوون. نەياندەتوانى ئەو بۆشاييەى دواى نسكۆى شۆڕش پڕ بكەنەوە و نە ئەو زامە قوڵەى كرابووە نێو دڵى هەموو كورد و جەستەى هەموو كوردستانەوە ساڕێژبكەن. هەردوكيان لە هۆشبەرێكى ئارام و سەبوريبەخش (مۆرفین) زیاتر نەبون. بێگومانيش بوم هەر يێكەيان سەرلەنوێ دەبوونە مايەى بەفەتارەتدانى سەرى سەدان گەنجى ڕۆشنبير و چالاك و سەرگەردانگردنى سەدان خێزان. بێئەوەى تۆزقاڵێ چارەسەرى برينەكانمان بكەن. هەروەك نەمدەويست تاوانى قوربانيێكانى دوايى لەئەستۆ بگرم. لەبەر ئەوەش بوو کە من نەشمئەويست سەركردايەتى ئەوەكەى دڵشادیش بكەم.

هەمو ئەمانەم بۆ (كاكە مەم بۆتانی) ڕونكردەوە.

بۆ بەيانى يێكسەر گەڕابۆوە هەولێر. ئيدى نازانم دواتر (دڵشاد مەريوانى) بينی، يان نا …

لای چەپەوە: دڵشاد مەریوانی، حەمەڕەشید هەرەس، ئەحمەد سالار، نەزانراو، نەزانراو، کەمال سابیر، نەزانراو.
لای چەپەوە: دڵشاد مەریوانی، حەمەڕەشید هەرەس، ئەحمەد سالار، نەزانراو، نەزانراو، کەمال سابیر، نەزانراو.
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.