حهسار
لە شوێنیکی ئەم دنیایە لە دایکبووم، لە چاوی منداڵێكی وهك مندا (حهسار) خۆشترین و جوانترین جێی زەوی بوو، بێگومان ئە گەر لە سنووری دێیەکە بەو لاوە نەچووبوومە دەرەوە. لە گەڵ ئەوەشدا دێیەکە زۆر گەورە بوو بۆ من. شیو و تەپۆڵکەکانی دەووروبەری، هەڵەتوو پەرێزەکانی، گۆڕستانی گەورە، شامە غەریبە، گۆلە سوورکە، هێڵی شهمهندهفهرهكه، قومساڵ، قەرەچکوڵ، کەندەڵانە سوور، عەمەرە شیت، خڕناوخران، خڕەکە، جۆگەی گۆلدەرە و زۆر شوێنی تر. لە دەووروبەری دێیەکە گەورەترین دنیای بۆ من دروستکردبوو.
ماڵی ئێمە لەوانە بوون کە ههموو سامانیان ئەوەندە بوو، كه لەوەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر پێی دەژیان. سامانه گەورەکەمان یەک دوو مانگا بوو لەگەڵ گۆلهکەکانیان. هەر یەکێك لەمانگاکان ناوی خۆی هەبوو. (مانگا زهردە) و (مانگا سوورە) و مانگاکان خۆشییان دەبەخشی بە هەموو خێزانەکە. که شیریان باش دەبوو سەرسفرەی بەیانیان خۆشترو ئاوەدانتر دەبوو، ئەو کاتانەشی یەکێك لە مانگاکان ئەزا، بەلامانەوە بەقهد ئەندازەی جەژن خۆش بوو. دایک و باوکم بە شانازییەوە باسیان لە گوێرەکە ساواکە دەکردو ئێمەش تێرمان لە (فرۆ) زەربادباوهکەی دەخوارد. تا وهكو سێ رۆژ لە گەڵ گۆلکەی تازە لە دایکبوو چێژمان لە فرۆ دەبینی، كه لهشیری مانگا تازه زاوهكه بهرههمدههات.
یەكێ لە شتە خۆشەکانی ئێمەی منداڵانی (حەسار) شایی و زەماوەمدی ناو گوندهكه بوو لە کاتی هاویندا. لەو شەوانەدا منداڵان ئازادتر بوون و تا درەنگانێ بۆمان هەبوو لەدەرەوە بین و یاریبکەین لەگەڵ منداڵانی تردا. یەکێك لەو شتانەی زۆرم پێخۆش بوو ئەوە بوو، کە فەقیانەی کچە شاییکارەکان بەیەکەوە ببەستیتەوە، ئیتر کاتێ دەستیان بهردەدا، یهكتریان ڕادهكێشا چونكه نهیاندهزانی فهقیانهكانیان پێكهوه گرێدراون! ههرچهنده ئهوان دەستیاندەکرد بە قاقای پێکەنین ، بهڵام ئێمەی منداڵانی بزێویش چەند جنیوێکمان دەخوارد.
یەکێك لە یارییەکانی تر چاوشارکێ بوو؛ کۆڵانەلانی (حەسار) مان دەکرد بە شوێنی یارییەکەمان و تاوهكو پێماندەکرا ڕاماندەکرد تاوهكو یەکتر بدۆزینەوە. لەو کاتەی من شەش حەوت ساڵان بووم، هیچ یارییەکم نەبوو کە کڕدرابێت، بەڵکو یارییەکانم پێکهاتبوو لەبەردی هەڵماقۆ، سۆتکە، کەرتە شوشەی ڕەنگاوڕەنگ، پارچە قوماشی ڕەنگدار لەگەڵ ئەو هەموو کەرەسانەی بە قووڕی سوور دروستماندەرکرد، لە قاپ و کەوچک و پەرداغ.
پێڵاوی بووكه پهمهییهكه
ههر لەو زهمهنهدا خوویەکی تایبەتیم هەبوو بە دوای شتدا دەگەڕام بەتایبەتی لەناو زبڵدانەکان! زۆرجار پارچە شووشەی ڕەنگاورەنگم دەدۆزیەوە. ڕۆژێکیان تاکە پێڵاوێکی پەمەیی زۆر بچوکم دۆزیەوە، تێگەیشتم کە پێڵاوی بووکێکە. ئەو پێڵاوەم ئەوەندە حەز لێبوو خەونم بەوەوە دەبینی، کە بووکەکەشی بۆ بدۆزمەوە. بەڵام ئەوە ڕووینەدا و داوام لە باوکم کرد “کەبە کاکە بانگمان دەکرد” کە دەچێتە شار “کەرکوک” ئەو بووکەم بۆ بکڕێت کە ئەو پێڵاوەی بۆ دهبێت. باوکێشم هەمیشە میهرەبان بوو لهگهڵمان، ئەگەر توانای شتکڕینیشی نەبوایە دڵی نەدەشکاندین و دەیگووت؛ باشە کە چوومە شار دەپرسم بۆت…
ئەو ڕۆژانەی باوکم دەچوو بۆ شار تا کاتی نیوەڕۆ لە ناو خۆڵ و ژێر سێبەری دیوارو دەووروبەری حەوزەکەو مزگەوتەکە چاوەڕوانیم دەکرد، من تاوهكو ئەو کاتە شارم نەبینیبوو. کاتێ باوکم لە یەکێك لەئۆتۆمبێلهكانی ناو حەسار دادەبەزی، ڕامدەکرد بۆ بهردهمی. ئەویش وەکو پیشەی خۆی سەری ماچدەکردم. پرسیاری یەکەمم ئەوە بوو:
-
کاکە بووکەکەت بۆم کڕی؟
باوکیشم زۆر لەسەرخۆ هەر جارەی وەڵامێکی ڕێکی دەدامەوەو قەناعەتی پێدەکردم وهڵامهكانی بهمجۆره بوو: ئەمڕۆ ئەو مام حاجیەی کە بووک دەفرۆشێت، دووکانەکەی قەپات بوو!
-مام حاجی نەخۆشبوو نەیتوانی دوکان بکاتەوە؟
-مام حاجی ژنەکەی نەخۆشە نەهاتببو بۆ دوکان!
-مام حاجی چووە بۆ بەغدا شت بێنێ بۆ دوکانەکەی!
-مام حاجی بووکەکانی تەواو بووبوو!
-مام حاجی سووژن ڕۆچووه دەستی، ناتوانێ بووک دروست بکات!
لە دواییدا من بووکەکەم بیرچۆوە و بیرم لە مام حاجی دەکردەوە و دڵ پێی دەسووتا. ئێستاش کە بووکی (باڕبی) دەبینم بەو پێلاوە بچووکانەوە، هزرم وەکو بروسکە دەمباتەوە ئەوسەردەمەی خاوەنی تاکە پێڵاوێکی بووکێک بووم.