كێشه‌ی من ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام له ژیان ترساوم
ڕه‌نگه به‌ته‌نیا ئه‌م دێڕه نه‌بێته بابه‌ت!
به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه..
هه‌میشه پشته‌وه‌ی دێڕه‌كان
بابه‌تی ڕاسته‌قینه‌بوون.
وه‌ك چۆن ژیان سڵاوی له من كرد،
له‌كاتێكدا من ده‌مزانی
كه هه‌موو سڵاوه‌كان هێمای دۆستایه‌تین
به‌ڵام كێ ده‌زانێ، له پشته‌وه‌ی سڵاوهكانهوه
چی ده‌گوزه‌رێ؟
من به ده‌سته نه‌رمه‌كانی باوكمدا
ژیانم ناسییه‌وه
كاتێك فێریكردم
كه له پێشته‌وه‌ی نه‌رمی ده‌سته‌كانی ئه‌وه‌وه
ژیان زۆر زبره
ئه‌و كاته‌ی ژیان سڵاوی كرد
من شاعیر نه‌بووم
به‌ڵام ترسام!
له‌و كاته‌وه تێگه‌یشتم
كه ترسنۆكترین مرۆڤ
شاعیره
ترسی من له ئاست ژیاندا
ترسێكی زۆر ساده‌یه..
ترسێك،
تا ڕاده‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ژیان،
نائومێدم ده‌كات.
یه‌كه‌مین سڵاوی ژیان
برسێتی بوو..
له‌گه‌ڵ باوكمدا بۆ ئه‌وه‌ی برسی نه‌بین
له‌بری نان
گۆرانیمان ده‌چڕی
بۆئه‌وه‌ی برسێتی ببێته له‌بیرچوونه‌وه
باوكم هاواری ده‌كرد و
ده‌یگووت: ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم مه‌قامه…
دووه‌مین سڵاوی ژیان
ئه‌شقێكی ئاگرین بوو كه
سه‌ره‌تا دڵمی كوڵاند
ئێوه كوڵانی دڵتان بینیووه؟
من باوكمم دیووه،
كاتێك به‌بێ فرمێسك ده‌گریا و
دڵی ده‌كوڵا
ئێوه واز له سووتان و برینی جه‌سته‌م بێنن
كه هه‌ركاتێك خوێنه‌كه‌ی ده‌سڕن
دڵم ده‌كوڵێته‌وه.
له‌و كاته‌وه، كه بۆیه‌كه‌مین جار دڵم كوڵا
ئیتر دایكم
نۆك ده‌برژێنێت
فاسۆلیا سورده‌كاته‌وه
برنج ده‌كاته زه‌ڵاته…
تا ئازاری كوڵانی دڵم بیرچێته‌وه.
سێیه‌مین سڵاوی ژیان
شكانم بوو
كاتێك شكێنرام و
پارچه وردبووهكانم كه‌وته ژێر پێتان…
ده‌ستێك دروستیكردمهوه و
من بوومه شاعیر
شاعیره‌كان، شكێنراوهكانن
شاعیره‌كان، ئه‌و جه‌ستانه‌ن
كه ئۆرگیناڵبوونیان له‌ده‌ستداوه
ده‌نوسن، تا شكانیان بیرچێته‌وه
ده‌نوسن، تا ببنه‌وه به مرۆڤ…
چواره‌مین سڵاوی ژیان
بینینه‌وه‌ی خۆم بوو له‌گه‌ڵ ژنێكدا و
له خانوویه‌كدا كه به برسێتی و
قه‌رزێكی زۆر، دروستمانكردبوو..
شه‌وان پارچه شكاوه ناڕێكه‌كانی جه‌سته‌می
ده‌خسته‌وه شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان
به ڕۆژیشدا باسی گه‌وره‌یی شكانمی ده‌كرد و
ده‌ستی ده‌گرتم تا هه‌ستمه‌وه
ئێواران گۆرانی سووردهكردهوه و
ده‌ترسا دڵم ده‌ستكاته‌وه به كوڵان.
من كه به‌سه‌ر شه‌قامه گه‌رم و دۆزه‌خییه‌كاندا ده‌ڕۆیشتم
دیسانه‌وه ئاوێكی ساردم ده‌ردا و
دڵم ده‌كوڵا ، ده‌كوڵا
بیری دایكمم ده‌كه‌وته‌وه
به‌و پیرییه‌وه، چۆن بتوانێت گه‌رمی زه‌وی
ساردكاته‌وه،
تا چیتر دڵی كوڕه‌كه‌ی نه‌كوڵێت.
پێنجه‌مین سڵاوی ژیان
ئاخ له سڵاوی پێنجه‌م!
ڕشانه‌وه‌ی ئه‌و ژنه بوو
كه پارچه شكاوه ناڕێكه‌كانی جه‌سته‌می
ده‌خسته‌وه شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان،
به‌یانییه‌كی زستان بوو
ئه‌و ژنه زۆر ده‌ڕشایه‌وه…
هاواری ده‌كرد و من له ترساندا
شیعرم ده‌نوسی،
گۆرانیم ده‌گووت،
به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مین جار
هه‌ستمكرد ئیتر دڵم له كوڵان كه‌وت!
له‌و ڕۆژه‌دا كه باران نه‌ده‌باری و دنیا گه‌رمبوو
ئێمه بووینه سییان و
هه‌موو پارچه ناڕێكه‌كانی جه‌سته‌م
ڕۆیشتنه‌وه شوێنی خۆیان…
ئه‌م شيعره لە ژمارە [٥۸۹] ی پاشکۆی ڕەخنەی چاودێردا بڵاوبۆتەوە.