مرۆڤ ئازار دەخوات، بەناوى بەردەوامییەوە
برین دەهۆنێتەوە، بە بیانوى بەرگەگرتنەوە
دەرگاکان لەسەر خۆی دادەخات و
مەشقی ئازارێکى نەبڕاوە دەکات
بەناوى ژیانەوە تاڵاو دەچێژێت
بێدادییە ئەمە ناوى ژیانە.
درۆیە پێکەنین و
پیاسەى ناو مارکێتەکان
درۆیە سەفەر و
گەڕانەوەى ناو میترۆکان
ئەوەى لە بوون گەورەترە
برینە.
ئەوەى لە خەونەکانمان بەرینترە
کابوسە.

Presented by J. Sainsbury
Ltd 1961
من تارمایی شێرپەنجەم لەگەڵدایە
خەونەکانم دەشکێنێت
سەرم پڕ لە نەفرەت دەکات
گیانم بە ترس دەئاژنێت
بچوکم دەکاتەوە
پیرم دەکات
ژیانم بەکاردەهێنێت
دەستکارى خەونەکانم دەکات
ڕامدەکێشێت بۆ ناو قەرەباڵغی بازاڕەکان
ئاراستەى بیرکردنەوەم دەگۆڕێت
برینەکانم دەخاتە هەڵقوڵین
پیتەکانم بە دڵی خۆی پێکەوە دەلکێنێت
وشەکانم بە ئارەزووى خۆی ڕیز دەکات
قەلەقم دەکات لە ناوى ئەم شیعرە
دەست لەم لاپەڕەیە وەردەدات.
من برین لە جەستەم هەڵدەسێت
لەم شیعرەدا مردنم دەدۆزنەوە
خوێنێکى ڕەش لە پێشمەوە هێڵ دەکێشێت
لەم شیعرەدا مردنم دەدۆزنەوە
ئازارێکى سپی لەسەرى پەنجەکانمەوە دەرژێت
لەم شیعرەدا مردنم دەدۆزنەوە.
من نەوەى برین و
خوێن و
مەستیم
بە ڕەقی ژیان
سەرما دەچێتە بوونمەوە
ڕۆژێکیش وەک سەگێکى بریندار
لە پەنا دیوارێکدا دەکەوم
لەم شیعرەدا مردنم دەدۆزنەوە.
کە دونیا بە برین تەنرا
من واز لە تۆ دەهێنم
کە دەروازەکان بە ئاگر گیران
من دەسبەرداری خەونەکانم دەبم.
وشە قوڵایی برینى من نادۆزێتەوە
خەون بە هاناى دڵ تەنگیمەوە نایەت
ئەم ڕۆژانە قورسن بە ژیانم
ئەم ژیانە کاڵ و کرچە بە بەرم.
من خەونم بوو باشتر بژیم
بەڵام نەبوو
مەبەستم بوو دوورتر بنۆڕم
بەڵام نەبوو
کە وایلیهات
پشت لە هەموو شتێک دەکەم.
تاکو ڕێگا هەبێت من دەڕۆم
تاکو خەون هەبێت من بەردەوامم
دەزانم لە پاداشتى خەیاڵەکانیشمدا
تەنیا برینى ڕەنگا و ڕەنگ دەچنمەوە
بەڵام وەک بێقەرارێک هەر دەڕۆم
تاکو ئەو شوێنەى ڕێگا تەواو دەبێت
تاکو ئەو جێگایەى خەون دەیبەستێت
تاکو خەیاڵ لەم شیعرەدا وشک دەبێت.

باوکە… هاوڕێکەم… باوکە
دەمەوێت قسەت لەگەڵ بکەم
تەلەفۆنت بۆ دەکەم
نامەت بۆ دەنێرم
وەڵامم بدەروە باوکە
وەڵامى هاوارەکانى ناوەوەم
وەڵامى بێخەوى و
فرمێسکە شینەکانم
وەڵامم بدەرەوە باوکە
تەلەفۆنت بۆ دەکەم
باوکە شکاوەکەم
باوکە وەریوەکەم
باوکە تەنیاکەم
وەڵامى ئازار
وەڵامى خەمى قوڵ
وەڵامى بێزاریی
وەڵامى تەنیایی
کە خۆت دەزانى لێم دەڕژێن.
وەڵام بدەرەوە باوکە
وەڵامى تەلەفۆنەکەم
نامەکانم
هاوارەکانى ناوەوەم
بێخەویی و
ڕاکردنەکانم
توڕەبوون و
مردنەکانم
وەڵام بدەرەوە باوکە.. وەڵام.
بەڕاست باوکە
تۆ قەت نایەیتەوە بۆ ژیان؟!
لێرەدا ئەم شیعرە تەواونابێت
وەکو برینەکانم
کە درێژترن.
2015-2014
