کودەتایەک لە مێژوو… راسانێک بۆ ئێستا

Loading

کودەتایەک لە مێژوو… راسانێک بۆ ئێستا

باسێکی سیاسی و فکری و مێژووییە دەربارەی رۆمانی “نیشتمانی سارا”ی میران ئەبراهام

ئیدریس مستەفا

خەرمانانی ٢٠٢١

“ئاخ شارەکەم سلێمانی هیچ جێگا و شوێنێک نیە لەم دونیایەدا بە قەد تۆ دڵگیر و خۆش بێت.” باپیرە خایم

وشەیەکی پێویست: ئەرستۆ دەڵێت “بیروباوەڕی مەزن کاتێ لە دایک دەبێ کە دەم بکوتێ لە بابەتە حەرامکراوەکان.” رچەشکێنی لە بیروباوەڕی باودا هەمیشە زەحمەت بووە بەڵام بەرهەمێکی هەبووە کە دواتر هەموان یان دوای کەوتوون یاخود کەوتوونەتە مینە کردنی. ئەمە بۆ هەر بیروباوەڕێکی نوێ یان دیدێکی جیا لەوەی کە هەیە هاتۆتە پێش. من لێرەدا تەواوی رەمزە رۆشنبیری و مێژوویی و ئاینی و سیاسی و خامە بەدەستەکانی نێزیک بە سەدەیەک لە رابردووی خۆمان، بەتایبەت ئەوانەی ناوچەی سلێمانی، دەخەمە ژێر پرسیار و رەخنەیەکی توندەوە لەمەڕ مەسەلەی کارەساتی نەنووسراوەی کوردە جووەکان. مەسەلەکە هەر کوردە جووەکان نین بەڵکو ئەو خوڵق و مۆراڵ و هەڵویست و ئەخلاقیات و شەهامەت و نمەکزادەیی و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و مرۆڤدۆستیەیە کە رەمزە مێژووییەکانی ئێمەی تێیدا بوون. رەنگە بێ بڵێن زیاد لە پیویست دەڕوات، بەڵام “ئێمە دەبێ زیاد لە پیویست بڕۆین گەر بمانەوێ راستیە ونبووەکان بدۆزینەوە.” ئەلبێر کامۆ.

وتەی باپیرە خایم بۆ حەکیمی کوڕی: “سلێمانی شاری ئێمەیە، وڵاتی کوردستان جێگەی باووباپیرانمانە نەک ئیسرائیل. ئێمە پێش دروستبوونی شاری سلێمانیش لە قەڵاچوالان بووین و بە رەنجی شانی خۆمان ژیاوین. ئەوە بۆ زیاتر لە سێ سەد ساڵ ئەچێت ئێمە رەنج دەدەین و شێخ و دەرەبەگ بە چاوی کەم و سوکایەتی پێکردنەوە تەماشای ئێمە دەکەن و سەرانەمان لێ ئەسێنن. باپیرە گەورەم لە قەڵاچوالان لە دایکبووە و لە دروستکردنی شاری سلێمانیدا راوێژکار بووە و خۆی یەکەم بەردی بناغەی گەڕەکی جولەکانی داناوە. بە پارە و بیری ئەو بازاڕ و ئابوریی شار دروستکراوە و بووژاوەتەوە. ئێستا ئەوان ئێمە بە دەرەکی و غەریب لە قەڵەم ئەدەن و بەرەو ئیسرائیل یەک یەک و بە کۆمەڵ دەرمان ئەپەڕێنن.” لا ٢٦٠

***

درێژەی بابەت…

ئایا جووەکانی کوردستان کورد نەبوون یان تەنها کەمینەیەکی ئاینی بوون و بێگانەبوون بە کوردستان؟ ئایا میوان بوون یان خانەخوێ خۆیان بوون؟ یاخود کوردی رەسەنی ئەو وڵاتە و شاری سلێمانی بوون؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە پرسی جووی لە کوردستان خستە بەردەم هەمووان و نە ئەو دەم نەیانزانی و نە ئەم دەمەش نازانن چۆن لێی تێبگەن و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. مێژووی جوو لە کوردستان لەگەڵ مێژووی هەزاران ساڵەی وڵاتەکەدایە. کوردبوون یان کوردستانی بوون هیچ ماکێکی زمانەوانی یاخود ئاینی پێوە نیە. هەر خەڵکانێک لە بنار و سەر و خوارووی ئەم وڵاتەدا ژیابێ کوردە. دەیان لەهجەی جیاواز و فرە رەگەزی و دوو زوبانی گەورە و جودای ئاخاوتن لە یەک و چەندان قەوم و هۆز و تیرە و ناوچە بە داب و نەریت و فەرهەنگی جیاوازی خۆیانەوە و هەبوونی چەندان ئاین و ئاینزا و شوێنەوارە مێژووەییەکانیان ئەوەمان پێدەڵێن کوردبوون و کوردستانی بوون بە تەنها ماڵ و موڵکی هیچ لەهجەیەک و زوبانێک و ئاینێک و رەگەزێک نیە. بە هەموو مانا و تێگەیشتنە دێرین و هاوچەرخەکان جووەکان هاوڵاتیەکی کوردی رەسەنی کوردستانن.

نیشتمانی سارا، ناوی رۆمانێکی کوردیە لە لایەن “میران ئەبراهام”ەوە نوسراوە و ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە. ئەم رۆمانە یادەوەریە نوسراوەکانی کوردێکی جووی شاری سلێمانیە بە ناوی باپیر خایم لەگەڵ یادەوەری هەندێ لە نەوەکانی کە تاکو سەرەتای هەڵگیرسانی جولانەوەی چەکداری نوێی کوردی لە کوردستان بوون و بەشداریکەرێکی سەرەکی و چالاکوان و هەستەی بیری نەتەوەیی نوێی کوردی بوون.  رۆمانەکە بە بیرەوەریە نوسراوەکانی باپیرە خایم و دواتر نەوەکانی دوای خۆی  دەستپێدەکات کە رووداوەکانی لە ساڵانی هەزار و نۆسەدەکانەوە تا دەگاتە سالانی حەفتاکان و دواتر بۆ نەوەدەکان درێژ دەبێتەوە. باپیرە خایم کە سلێمانی بە هیچ شوێنێکی تری دونیا ناگۆڕێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا. ئەو خۆی بە کوردێکی کوردستانی دادەنێ و بێ کوردستان و شاری سلێمانی کە لێی لە دایک بووە ناتوانێ بژی. لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا سەفەری هەموو وڵاتانی ئەوروپای کردووە و خانمە عاشقەکەی لە پاریس سۆزی پیداوە کە لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ ئەمریکا چونکە لە کۆتایی سیەکانی سەدەی رابردوودا بیروباوەڕی نازیزمی دژ بە جوو ئاسمانی ئەوروپای تەنی بوو بەڵام وەک خۆی دەلێ نەیتوانیوە بێ سلێمانی بژی، بۆیە بڕیار دەدات لە ناو دڵی ئەوروپا، لە پیاسەی شەقامەکانی پاریسەوە دەستبەرداری خانمە عاشقکەی بێت و بگەڕێتەوە سلێمانی. دوای ئەوەی کوردە جووەکان بەرەو ئیسرائیل دەربەدەر دەکرێن ئەم و نەوەکانی وەک دەیان جووی تری وڵات بۆ ئەوەی زێدی خۆیان بە جێنەهێڵن لە ناچاریدا ناو و رەگەزنامە و ئاینی خۆیان دەگۆڕن، کەچی لە شەوێکدا دەدەن بەسەریاندا و بەرەو ئیسرائیل دەریان دەکەن. خۆشەویستی کوردستان و شاری سلێمانی تێکەڵی خوێنی خایم بووە و لە دووی دەرفەتێک دەگەڕێ تاکو بگەڕێتەوە سلێمانی گەر بۆ دوا جاریش بێ. باپیرە خایم دەیویست لەو شوێنەی یەکەم جار چاوی بە ژیان هەڵهێناوە هەر لەوێ ژیانئاوایی بکات، بۆیە لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا بە رێگەیەکی قاچاغ و ترسناکەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و دوای چەند رۆژێک لە گەڕان بە ناو گەڕەکی جولەکان و تەواوی شاری سلێمانیدا کۆچی دوایی دەکات و هەر لە شارە شیرین و دڵگیرەکەی خۆی، ئەو شارەی دڵیان تێدا شکاند، دڵی  لە لیدان دەکەوێت هەر لەوێش دەنێژرێت لەسەر وەسیەتی خۆی.

بیروباوەڕی باپیرە خایم و نەوەکانی…

میراتە فکریەکانی باپیرە خایم لە دوو ئاستدا، بیری نەتەوەیی و عەلمانیەت، لەگەڵ دەستگرتن بە شەجەرەی بوونی خۆیانەوە دەچێتە خوێنی نەوەکانیەوە. سارا و سالار بە روحێکی کوردانە و بیرباوەڕی تازەگەریانەی باپیرە خایمەوە پەروەردە دەبن و بەشداری سەرهەڵدانی جوڵانەوەی نوێی سیاسی کوردی دەکەن سەرتا لە شار و دواتر لە شاخ.  لەو پێناوەدا ماڵ و حاڵ و گیانی خۆشیانی بۆ دەکەن بە قوربانی. بیروباوەڕی چەپگەرایی کە لەو سەردەمە جیهانیەدا ببووە هەستەی بیری نەتەوەیی بۆ میللەتە ژێردەستەکان یەکەم جار لە باپیر خایمەوە هات کاتێک لە بەغداد ئاشنا دەبێت بە ئەدەبیاتی مارکسی و لەگەل خۆیدا کتێبی سەرمایەی مارکس دەهێنێت بۆ سلێمانی؛ دواتر سالار و سارا دەبنە بەشێکی کارا لە بیر و جولانەوەی ی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان. خایم و نەوەکانی هێند پەرۆشی کوردستان و شەیدای شاری سلێمانی بوون ئەوەندە بە دوای ئاینزاییەکەیانەوە نەبوون چونکە خایم فێری کردبوون کە وەک ئاین جوون بەڵام وەک نەتەوە کوردن. یاداشتەکانی سارا کە بەشی سێیەمی رۆمانەکەیە، کرۆکی بیر و باوەڕەکانی خایم بۆ نەوەکانی بۆ ژیان، بۆ دونیا، بۆ ئاین، بۆ سیاسەت، بۆ کوردبوون، بۆ هاوڕییەتی، بۆ مرۆڤدۆستی، بۆ خەم و مەینەتی، بۆ مێژوو، بۆ کەلتور و فەرهەنگ و نوێگەری، عەلمانیەت لەوێدا نمایشکراون و من لێرەدا دووبارەی ناکەمەوە و خوێنەر خۆی دەتوانێ لە لاپەڕەکانی ٣٤٩-٣٦٦ بیانخوێنێتەوە. ئەوەی ئەم رۆمانە جیا دەکاتەوە لە سەرجەم ئەو رۆمانانەی بە زمانی کوردی بڵاوبۆتەوە تا ئێستا ئەوەیە کە میران ئەبراهام، دەبێ بە گۆدۆ و چوارچێوەی تێکستەکەی ساموئیل بێکیت دەشکێنێ و دەگەڕێتەوە بۆ لامان؛ و یاداشتنامەکانی باپیرە خایم کە لە لاپەڕەکانی بەردەستیدا نوسیویەتیەوە و چیرۆکی راستەرووداوی سارا و سالاریش وەک نەوە نوێیەکانی خایم لە کوردستان دەبنە سەرگوزەشتەی ژیانی کوردە جووەکانی شاری سلێمانی و لە رۆمانێکی دەوروبەر چوار سەد لاپەڕەییدا پێشکەشمان دەکات. بە رای من دەبوو رۆمانەکە درێژتر بوایە چونکە رووداوەکانی یەک سەدەی رابردوو کە کوردە جووەکانی شاری سلێمانی بەشێکی بنەڕەتی پێکدەهێنن، تێیدا رووداوگەلێکی ئیجگار گەورە و درێژخایەنە نەنوسراو و کپکراوەکانی مێژووی ئێمەن و خۆزگە زۆرتری لەسەر بڕۆیشتایە.

رۆمانێک بۆ شەرمێکی مێژوویی

“دواجار ئێمە نەک هەر قسە و کرداری دوژمنەکانمان لە یادناکەین، بەڵکو بیدەنگی هاوڕێکانیشمان.” مارتن لۆثەر کینگ.

ئەم رۆمانە مێژوویی نیە بەو مانایەی بچێتە خانەی رۆمانی مێژووییەوە بەڵکو بۆ شەرمێکی مێژوویی نوسراوە. نیشتمانی سارا هەر بە تەنها دەربارەی هەندێ رووداوی رابردوو نیە روویان دابێ و تەواو بەڵکو دەربارەی قۆناغێکی مێژوویی پرشەرمهێنەری وڵاتی ئێمەیە کە تەواوی بوونی نەک هەر ئەو دەورانەمان دەخاتە ژێر پرسیارگەلێکی مۆراڵی و مرۆیی و مێژووییەوە؛ بگرە ئێستاشمان گەر نەیەینە دەنگ لەسەری. ئەم  رۆمانە ویژدان و عەقڵمان دەخاتە بەردەم حوکمێک کە ئەستەمە هەڵویستەیەکی لەسەر نەکەی و پرسیارت لەلا دروست نەبن.  ئەم کتێبە لای من لەوەدەرچووە بە تەنها رۆمانێک بێ و جوان نوسرابێ و هەستێکی راستگۆیانە و خامەیەکی بوێرانە نوسیبێتی، بەڵکو ئەم کتێبە قاڵبی رۆمانی تێپەڕاندووە و کۆمەلی بابەت و چەمکی مێژوویی و فکری دەخاتە روو کە هزری مرۆی کورد دەخەنە جۆش و سەراپاکی مێژووی ئەدەبی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقیەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. رەمزە رۆشنبیری و سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتیکانی دەورانی سەدەی رابردوو ئێمەیان لە شەرمێکدا راگرتووە کاتی هاتووە دانی پێدابنێین ئەگەرنا هەر لەو شەرمەدا دەمێنینەوە کە تێیداین وەک شەرمی دەسەڵات، شەرمی نوخبە، شەرمی نوسەر و رۆشنبیر و نێوەندەکەی..هتد.

ئەم رۆمانە زەنگێکە لە نێوەندی ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی ئێمەدا دەنگ دەداتەوە تادەمێنێ. ئەوانەی نایانەوێ گوێ بیستی ئەو دەنگانە بن کە لە نیشتمانی سارادا هاواردەکەن و قیژەیان دێت ئەوانەن کە نایانەوێ راستیەکان بژنەڤتن، ئەوانەشی بە دوایی راستیە مێژژووییەکانی خۆماندا وێڵن ئەوا ئەم رۆمانە تینوویتیمان دەشکێنێ کە باس لە یەکێک لە قۆناغە مێژووییە ئازاراوی و پڕ شەرمهێنەرەکانی خۆمان دەکات بێ ئەوەی هیچ یەکێک لە رەمزەکانی ئیمە پەڕەکەیان لەسەر نووسی بێ یاخود زارە و زار بە ئەمانەتەوە باسێکیان کردبێ. ئێمە هەر بیستومانە کە کوردە جووەکان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتی خۆیان لە کاتێکدا دەرکراون و راونراون و تاڵان کراون و بۆ و نیشتمانی رەسەنی خۆیان چوونەتەوە لە کاتێکدا نیشتمانی رەسەنی هەزارساڵەی ئەوان کوردستان بووە!

  میران ئەبراهام راستیەکانی رۆژگارێکمان پێ دەڵێت کە لە هیچ قوژبن و سوچێکی ئەم وڵاتەی ئێمەدا نەنوسراوەتەوە چونکە نەک هەر بۆمان گرنگ نەبووە، بەڵکو خۆمان ئەو راستیانەمان خنکاندووە و شاردوومانەتەوە. مێژوو وەک بارە ئەبستراکتەکەی بەڵگە و شوێنەوارە کە نێشتمانی سارا ئێجگار دەوڵەمەندە پێی، بەڵام وەک گوفتی زارەکی و یادەوەری و ویژدان و مۆراڵ سەیری بکەین ئەوا راستگۆترین و زەنگین ترین مێژووە. مێژووی جووەکانی کوردستان جگە لە خەفەکردنی بابەتەکەی لە ئاستە رەسمی و نوخبەییەکەیدا، هەردەم زیندوو بووە و  تارماییەکەی هەمێشە بەسەر ئاسمانی شاردا هاتووە و چووە. هەموو کەسێکی ئەم وڵاتە، لە هەر کونج و قوژبنێکی شاردا، دەزانن جوو هەبوونە لێرە بەڵام کەس باسی ئەو کارەسات و مەینەتیانە ناکات کە بەسەریاندا هات و چۆن وڵاتیان بە جێهێشت. عەقڵی باو ئاوها بووە گوایە دەگەڕێنەوە “زیدی باوباپیرانی خۆیان”. کارەساتی دەرکردن و راگواستنی کوردە جووەکان لە کوردستان ئێجگار بە ئازارە نەک بۆ خۆیان بە تەنها بەڵکو بۆ هەموو ویژدانە زیندووەکانیش. لەو دەمەدا خەڵکانی ئاسایی هەبوون بۆ دراوسێ و دۆست و هاوڕێ جووەکانیان گریابوون و خەمیان بۆ خواردبوون بەڵام ئەوەی ویژدان و خەم و ئازار میوانی نەبووە رەمزە رۆشنبیری و ئەدەبی و ئەهلی قەڵەمەکانی ئێمە بووە کە یەک وشە چیە لەو بارەوە نەیان نوسیوە وبگرە لە کاتی گریان و فیغانەکانی راگواستنی منداڵ و کچ و ژن و پیاوە جووەکاندا شعریان بۆ دوو چاوی کاڵ و قژی زەرد و ….لەمەش خراپتر دەستێکەڵاوبوونی هەندی لەو نوخبانە لەگەڵ داگیرکەری تورک و ئینگلیزدا.

ژمارەی جولەکان ساڵ بە ساڵ بەرەو کەمی دەچوو، بەڵام هێشتاکە، بەپێی ژمێریاری عێراقی ساڵی ١٩٤٧، لە كوردستاندا نزیكەی 18هەزار جوو لە کوردستان نیشتەجێن. تەنها لە شاری سلێمانی، لەو دەورەیەدا، زیاتر لە سێ هەزار کوردی جوو هەبوون و دوای دوو سێ ساڵ قلبڕکران و وەک بڵقی سەر ئاو نەمان. کەچی، ئەو هەموو ئەدیب و شاعیر و مێژوونوس و “کەڵە پیاوانەی” دونیای رۆشنبیری ئێمە هەر هیچیان لەسەر نەنوسیوە، بگرە لەو دەمەدا هەردی و گۆران هۆنراوەیان بۆ پرچی فاتیمە و قژی زەرد و پەچەی ژێر عەبا نوسیوە و پیرەمێردیش لاپەڕەکانی ژین ی پێڕازاندۆتەوە لە کاتێکدا کوردە جووەکانی شاری سلێمانی کۆمەکی ماڵی رۆژنامەکەی بوون وەک پیرەمێرد خۆی دانی پێدادەنێ. سالار دەڵێ “باپیرە خایم بۆی گێڕامەوە کاتێک لەو گەرەکەدا جووەکان راگوێزران و سواری لۆری کران، ئەو رۆژە رۆژنامەی ژین لە یەکەم لاپەڕەیدا شعرێکی عەبدوڵڵا گۆرانی بڵاوکردبۆوە، شعرەکە باسی گوڵ و دڵ و تیر و شیری کردبوو. لاپەرەی دووەم ئەحمەد هەردی و ئیتر فڵان و فیسار نوسەر لەسەر عەشق و ئەوین نوسیبویان، خوانەکات ئەو رووداوانە کاریگەری لەسەر یەکێک لەو نوسەرانە کردبێت. ئیتر بڕوانە ئەوەیە ماڵوێرانی و کارەسات ئەگەر ئەوانە رێبەری و چاوساغی میللەتی کورد بکەن.” لا٢٣٥

میران ئەبراهام لە نیشتمانی سارادا بە کامێرایەکی رەنگارەنگەوە باسی رۆژە رەشەکانی ئەو رۆژگارەمان بۆ دەکات کە چۆن ئێمە زیندووترین بەشی بەدەنی خۆمان لێکردەوە و توڕمان هەڵدا و خستمانە بەردەم سەگەکانی مێژوو تا کەوڵی بکەن. کاتێکیش میللەتێک رێز لە بەشێکی جەستەی خۆی نەگرت ئەوا ئەو میللەتە دەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو وەک چۆن ئیمە یەکبینە بەری کەوتووین. هەڵدانەوەی کۆمەڵی لاپەڕە لە مێژووی ئێمەدا تەواوی ئەو رەمزە رۆشنبیری و خامە بەدەست و سیاسی و مێژوویی و پیاوماقوڵانەی بوونەتە سەرچاوەی بیری سیاسی و رۆشنبیری کوردایەتی و رەمزی کەرامەتی نەتەوەیی ئێمە چ لە سلێمانی و دەوربەری تا دەگاتە هەموو قوژبنێکی کوردستان دەچنە ژێر پرسیارێکی وەها قوڵەوە کە ئەستەمە لێی دەرباز بن. ئەوانەی ئێمە کە ئێستا لە سێبەریاندا دەست لەسەر سنگ بۆیان دەوەستین نەک هەر شایەنی ئەو هەموو رێزە مێژووییە نین، بگرە بوونەتە شەرمێک لە ژیان و رابردووی ئێمەدا.

لە نیشتمانی سارادا میران ئەبراهام بە کۆمەڵێ رووداو و بەڵگەی مێژووییەوە کە ئێمە ئێستا بەسەر شوێنەوارەکەیدا دەڕۆین و لێی دەژین دەمانخاتە بەردەم راستیگەلێک کە ئەستەمە ویژدانە زیندووەکان و هزرە مرۆڤدۆستەکان بتوانن خۆیانی لێ غافڵ بکەن. تێگەیشتن و هەڵوێست وەرگرتن لەو شەرمە مێژووییانە ئیمە دەخاتە دۆخێکەوە کە عەقڵێکی سالم و ویژدانێکی مرۆییانە ببێتە میوانی هەمیشەیی سەرخوانی بیرکردنەوە و مۆراڵ و ئاوەزمان. بۆیە ئیمە نەک هەر دەبێ بەسەر ئەو مێژووەدا بچینەوە کە دونیای عەقڵی و روحی ئێستای ئێمەی بەم دۆخە نالەبارە گەیاندووە، بەڵکو دەبێ کودەتایەک بەسەر ئەو مێژووەدا بکەین کە دەگمەنترین شەرمی بۆ دروست کردووین چونکە لە هیچ یەکێک لە ناو میللەتانی دونیادا نەبووە نوخبەکان لە هەموو ئاست و بوارێکدا بێدەنگی و پەلامار هەڵبژێرین لە بەرامبەر کەمینەکانداب بەتایبەت کەمینی کوردە جووەکان کە یەکێک لە دێرێنترین ئەو قەومانەن کە شانیان داوەتە بەر رەوڕەوەی مێژووی ئەم وڵاتەدا. مێژوو هەر بەتەنها رابردوویەک نیە و گوزەشت بووبێ بەڵکو رووداوگەلێکن کە ئێستامانی پێکهێناوە. پێناسەی ئیستا بە مێژوو دەنوسرێتەوە  بۆیە نابێ بهێڵین ئایندەمان وەک ئیستا بۆ بنوسرێتەوە. پێداچوونەوەیەک نەک هەر کودەتایەک بێت بەسەر مێژوویەکی پڕ شەرمهێنەر و نامرۆڤانەی ئێمەدا بەڵکو راسانێکیش بێت بۆ ئێستاکەمان. ئەمێستایەک کە هەموان لە ئێوارەیەکی درەنگی لیخندا دەژین کە ناتوانین بولێڵ ببینین چ جای کازیوەمان. هیچ کەس و میللەتێک رۆشنایی بیر و کرداری دروست و بەجێ بەخۆیەوە نابینێت گەر بێتوو تەواوی رابردووی خۆی نەخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقیەوە، ئەخلاقی بە مانا ئینسانی و ویژدانی و مۆراڵی و هزریەکەوە دەڵێم. رۆمانی نیشتمانی سارا هەنگاوێکی بوێرانە و راستەقینیانە لەم راستایەدا. میران ئەبراهام، تەنها بە نوسینەوەی ئەو رووداوانەی کە بە قەلەمی زوڵم لێکراوان نوسراون و بە هاوار و قیژەی دەربەدەری و کوشتن و سوکایەتی پێکردنیان و گۆڕی هەڵکەندراوی باووباپیانریان وشەکانیان نوسیوەتەوە تاکو بڵێن “ئێمەش لێرە بووین” چونکە ئەوانیش خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتە بوون.

کودەتا بەسەر مێژوودا

  “ئەو ئەشکەوتەی لێی دەترسی بچیتە ناوی، گەنجینەکان لەوێدا هەڵگیراون.” جۆزیف کامبڵ.

دیارە کودەتا وشەیەکە زیدەتر نێگەتیڤ دێتە بەرچاو و لە سیاسەتدا بەکاردێ کە مانای کەمینیەک ئینقلاب بەسەر دەسەڵاتێک، دەولەتێکدا یان دەزگایەکدا دەکەن و لەوێوە حوکمی زۆربە دەکەن. ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئەو کەمینیە لە نوخبە یان سیمبوڵەکانە کە شەرمێکیان دروست کردووە لە مێژوژویەکدا و ئەرکی نوخبە و رەمزی ئێستایە کودەتایەک بەسەر ئەو مێژووە پڕ شەرمهێنەرەدا بکات کە ئێستامانی پێکهێناوە؛ ئیستای ئاریشە و تێکشکا و وێرانە لە هەموو ئاست و بوارێکدا. ئەم ئێستایەمان پێوستی بە راسانێک هەیە هەر وەك چۆن میللەتانی تری دونیا پێی هەستان و زیندوو بوونەوە و رووسوری خۆیان لە لای خەڵکی خۆیان و جیهانیش نیشاندا. دەرفەتێکی مۆراڵی و مێژوویی لەبەردەم ئێمەی کورددا هەیە و دەتوانین مێژوویەکی تر جیا لەوەی کە هەیە بنوسینەوە.

میللەتەکان ئینقلاب بەسەر بەها مێژووییەکانی خۆیاندا دەکەن کاتێک بۆیان دەردەکەوێ چ پڕشەرمهێنەر بووە رابردووەکەیان. لەسەر ئاستی جیهانیدا و لەم چەند ساڵانەی دواییدا نەتەوەکانی وڵاتانی هەردوو کیشوەری باکور و باشور دەستپێشخەریەکی بێ وێنەیان دەستپێکردووە و زۆر بوێرانە پەلاماری ئەو رەمزە مێژووییانەیان دەدەن کە سەدان ساڵە جێگەی شانازیان بووە. کریستۆفەر کۆڵۆمبوس، ١٤٥١-١٥٠٦، کە بە دۆزەرەوەی هەردوو کێشوەری باکور و باشوری ئەمریکا دێت، پەیکەرەکانی لە زۆرێک لە وڵاتانی هەردوو کیشوەر رووخێنران و سووتێنران. بەڵگەنامە مێژوویەکان دەریان خست، کۆڵۆمبوس، کەسێکی تاڵانکەر و مرۆڤکوژ و ئیغتیسابچی بووە و قەتڵوعامی چەندان گروپی نەتەوە بوومیەکان، هندیە سوورەکان،ی کردووە. لە کەنەدا، باوکی دامەزرێنەری ولاتی فیدراڵی کەنەدا، جۆن ئەی ماکدۆناڵد ١٨١٥-١٨٩١، بە هەمان دەردی کۆڵۆمبوس چوو. لە هەندێ شوێنی کەنەدا بە تایبەت لە پایتەختی وڵات بە رۆژی نیوەڕۆ پەیکەرەکەیان شکاند و ئەو پرۆسە ئێستاش بەردەوامە لە شار و شارۆچکەکانی کەنەدا. بگرە ئێستا قسە لەسەر ئەوەدەکرێ کە چۆنێتی گێرانەوەی مێژوویی لە مەنهەجی خوێندنی کەنەدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت و چەندان هەوڵ هەن لەم بارەیەوە و لە ئیستادا کە من ئەم باسە دەنووسم خەریکی ئەو بابەتەن، ئەمە جگە لەوەی لە مێژووی کەنەدا کۆمەڵکوژی نەتەوە بومیەکان لە لایەن ئەروپیەکانەوە لە بەردەستی قوتابیدایە هەر لە دەمانی خویندنی منداڵیەوە تا دەگات بە زانکۆش. لەم مانگەدا لە شاری وینیپێگ ی سەربە هەرێمی مانیتۆبای کەنەدا پەیکەری شاژنی ڤیکتۆریای بەریتانیان هێنایە خوارەوە کە لەبەردەم تەلاری پەرلەمانی ئەو هەرێمەدا بۆ چەندەها ساڵ دانرابوو. سەردەمی شاژن ڤیکتۆریا، بە سەردەمی ئاڵتونی ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا دادەنرێت. هەموو ئەو رەمزانەی لە دەمانی کۆیەلایەتی ئەمریکادا دەوریان هەبووە بە سیاسی و جەنەرالەکانیانەوە پەیکەرەکانیان رووخێنران.

 مانگی رابردوو، وڵاتی ئەڵمانیا بە رەسمی داوای لێبوردنی لە وڵاتی نامیبیای لە کیشوەری ئەفریقیا کرد سەبارەی بەو کوشتوبڕ و وێرانکاری و کۆمەڵکوژیەی لە سەدی رابردوودا لەو وڵاتە ئەنجامی دابوو. وەک نیەت پاکیەکیش یەک ملیار ئیرۆ، کە دەکاتە یەک ملیار و سێ سەد ملیۆن دۆلاری ئەمریکی،  دەبەخشێتە بوارەکانی گەشەپیدان و ئاوەدانکردنەوەی نامیبیا. بەریتانیا، بە دیاریکراوی کڵێسای ئینگلتەرا، لەم هەفەتەیدا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند کە خەریکی گەڵاڵەکردنی قانونێکن بە ناوی “قانونی پەشیمانی” کە تێیدا بە رەسمی داوای لێبوردن لەو جووانەی وڵات بکەن کە لەسەدەی یازدەدا دەریان کردن، یان عەزیەتیان داون یاخود ماڵ و حاڵیان خواردوون. ژمارەی جووەکان خۆی لە سێ هەزار کەسێک دەدات، بەڵام وەک مۆراڵێک و گوناهێکی مێژوویی وا خەریکن گەڵاڵەی ئەو قانونە دەکەن هەرجەندە دەلێن زۆر درەنگ کەوتین.

 وانەیەک کە لێرەدا فێری ببین ئەوەیە کە گەر بێتو ئێمە بە ویژدان و راستگۆیانەوە باس لە رابردوومان نەکەین ناتوانین ئیستا و ئایندەیەکی باش و بەکەڵک بخەینە بەرجاوی نەوەکانمان. لە کیشوەری ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئەو ولاتانەی قەتڵ و عامی خەڵکانی وڵاتەکانی خۆیان کرد لە ژێر ناوی زمانی جیاواز و ئاینی جودا و ناسنامەی تردا گەر داوای لێبوردنیان لێ نەکردنایە و گەر راستیەکانیان وەک خۆی بۆ نەوەکانی ئێستایان باس نەکردایە هەرگیز نەیاندەتوانی وڵاتێکی بە دەستور و کۆمەڵگەیەکی ئینسانی تەندروست دروستبکەن کە قبوڵکردنی ئەوانی تر و لێبوردەیی و پێکەوەژیان یەکێک بن لە رەگەزەکانی؛ بگرە نەدەبوون بەو ولاتانەی کە مرۆڤەکان لەمسەری دوونیاوە بۆ ئەوسەری دونیا کۆچیان بۆ نەدەکرد بۆ ژیانێکی باشتر و هەمیشەیی. لە بەرامبەر ئەمەدا نمونەیەکی پێجوانەمان هەیە کە تورکیایە. تورکیا یەکێکە لەو ولاتانەی چونکێ دان بە رابردووە خراپەکانیدا نانێ و بگرە کردویەتی بە شانازیەکی نەتەوەیی و مێژوویی، کۆمەڵەگەیەکی تورکی دروست بووە کە تاسەر ئیسقان نەخۆشە کاتێک مەسەلەکە دیتە سەر بیرکردنەوەی مرۆیی و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی ئەوانی تر. ئەم دەرگا نەکردنەوەیە بەرەو رووی شەرمە مێژووییەکانی خۆیاندا یەکێکە لە رەگەزە سەرکیەکان کە ەئو وڵاتە یەکبینە لە قەیرانی سیاسی و ئابوری و نێودەوڵەتیدایە، بەو رادەیەی تورکیا لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیدا تەنها ولاتە کە بە وڵاتێکی دوژمنکارانە ناسراوە بەوەی هیچ کات پەیوەندیەکی ئاسایی و ئاشتیخوازی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و جیهاندا نیە.

ئێمە کورد لە هەر کاتێکی تر و لەەهر میللەتێکی تر زیاتر پێویستیمان بەوە هەیە زۆر راشکاوانە ئەو شەرمە مێژووییە باس بکەین و دانی پێدابنێین و داوای لێبوردنی بۆ بکەین و نەک تەنها پەرەیەک بەڵکو پەرتوکێکی تازە هەڵبدەینەوە لە ژیان و مێژووی خۆماندا؛ چونکە ئێمە خۆمان قوربانی شەرمی مێژوویی نەتەوە سەردەستەکانی تری وەک تورک و عەرەب و فارس، بێ ئەوەی دانیپیدابنێن. جا ئێمەیەک کە ئەو ئازارەمان لە ئاستێک باڵادا جەشتووە، وەک هەڵەبجە و ئەنفال، پاڵنەرێکی زۆر باش دەبێ ئازاری کوردە جووەکانی دراوسێ و هاوشار و هاوڵاتی و هاونیشتمانیمان لە ئامێز بگرینەوە نەک وەک بەزەییەک یاخو لە کۆڵکردنەوەیەکی مێژووییانە بەڵکو وەک یەکگرتنەوەیەکی روحی و مۆراڵی و ئینسانی و مێژوویی کە رێز و شایستەیی بۆ مرۆڤەکان بگەڕێنێتەوە.

لە ولاتی کەنەدا، لە مانگی رابردوەوە تاکو ئیستا گۆڕی زیاتر لە هەزار منداڵی نەتەوە بوومیەکانیان، هندیە سوورەکان، لە ژێر گڵی چەند قوتابخانەیەکی ئاینیدا دۆزیەوە کە کڵێسای کاسۆلیکی سەرپەرشتی دەکرد لە هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا و ساسکاچوان. ئەم رووداوە وڵاتی هەژاند. وێنە و پەیکەری ئەو پیاوە ئاینی و سیاسیانەی لەو دەمەدا بەرپرس بوون هەموو لە پرۆسەی لابردن و نابوتکران و داوای لادانی هەر ئەدگارێکیان دەکەن کە نابێ لە شار و جێگەکانی تردا بوونیان بمێنێ. یەکێک لەو کەسایەتیانەی ئەو سیستەمی خوێندنەوەی دانا بە ناوی “رەزیدەنشیاڵ سکوڵ” کە تایبەت بوو بە جیاکردنەوەی مندالانی نەتەوە بوومیەکان و بەزۆرە ملێ خزاندنیان لە قوتابخانەیەکدا کە جێگەی خەو و خواردنیشی هەبوو، ناوی “ئیگەرتۆن رایەرسن، ١٨٠٣-١٨٨٢” بوو. رایەرسن دەورێکی باڵای گێڕا لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەی وڵاتی کەنەدادا. وەک ریزێک بۆ ئیش و کارەکانی زانکۆ و چامەنی و تەنانەت نیمچە شارۆچکەیەکیان بە ناوی رایەرسنەوە ناونا. لە دوای ئەو رووداوەی مانگی رابردووەوە پەیکەرەکانی رایەرسن روخێنران و بگرە ناوی گۆڕینی زانکۆکەشی لە ئارادایە. لەمەش زیاتر ئیستا قسە لەسەر یادنەکردنەوەی رۆژی دروستبوونی کەنەدا دەکرێت کە هەموو ساڵی لە رۆژی یەکی حەوتدا یادی دەکریتەوە. هۆکارەکەش ئەوەیە ئایا بەم شەرمەوە باس لە کام یاد و کام دەوڵەت بکەینەوە، کودەتاکردن بەسەر مێژوووی پڕ شەرمهێنەردا لە هەموو ئاستەکانی وڵاتدا هەڵویستگیری و پشتیوانی لێکراوە هەر لە خەڵکانی ئاسایی خاوەن ویژدانەوە تادەگات بە توێژی رۆشنبیر و لێکۆڵەر و هەیکەلەی رامیاری وڵات لەوانە سەرۆک وەزیران کە بە ئاشکرا باس لەو شەرمە مێژووییە دەکات. هۆکاری ئەو شەرمە مێژووییە بریتیە لە رابردوویەک کە  خەڵکانی هەمان وڵاتە لە زیدی خۆیان هەڵکەندران و دەربەدەرکران، مێژووکەیان سڕایەوە، ئاین و فەرهەنگ و ناسنامەیان گۆڕین، ماڵ و حاڵیان لێ داگیرکردن و دواتر بە لێدان و کوشتوبڕ کردنیان کۆتایی هات. وەک وەڵامێک بەو شەرمە مێژووییە هەفتەی رابردوو حاکمداری گشتی وڵاتی کەنەدا کە پۆستێکی تەشریفاتیە وەک سەرۆک کۆماری لە هەندێ وڵاتدا، درا بە خانمێکی نەتەوە بومیەکان بەناوی ماری سیمۆن.

هەمان بارودۆخ، رۆمانی نیشتمانی سارا، باسی لێوەدەکات کە چۆن لە کوردستان و بە دیاریکراوی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری  لە دەمانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا تا ساڵانی حەفتاکانیش، چ مێژوویەکی پڕ شەرمهێن تۆمارکراوە دژ بە کوردە جووەکان بێ ئەوەی چ ئەوکات و چ ئێستاش یەک کتێب، یەک وتار، یەک دێڕی لەسەر نوسرابێت و بگرە کەس باسی بکات لە کاتێکدا بە بەرچاوی رەمزەکانی ئێمە: مێژووناسانی نەتەوەیی و ئەدیبان و شاعیران و هونەرمەندان و نوسەرانی کوردایەتیدا روویانداوە. لە نێشتمانی سارادا هەندێ رەمز ناویان هاتووە بەڵام من وەک خۆم سەرتاپای ئەو رەمزانە لەو دەمە و دوای ئەو دەمە و ئێستاش دەخەمە ژێر رەخنەیەکی جدیەوە. چونکە، ئەو رەمزانە نەک هەر بێدەنگ نەبوون بگرە بوونەتە بەشێک لەو مێژووە پڕشەرمهێنەرەی شار و وڵات. لە یەکێک لە پەلامارەکانی سەر ماڵ و دوکان و کەنێسەتەکانی جولەکانی شاری سلێمانیدا مەلا ئەحمەدی خانەقا پێشڕەوایەتیان دەکات. ئەوەی لە سلێمانی و ناوچەکانی تری کوردستان، من باسی عێراق ناکەم، بەسەر کوردە جووەکانی شار و وڵاتدا هات کارەسات و مەرگەسات و بگرە جینۆسایدێک بوو کە کەمینیەکی رەسەنی وڵات بە هەموو ماناکانیەوە سڕانەوە لە ژیان و مێژووی ئێمەدا. کوردە جووەکان تەنها خەڵکانێکن کە دەستیان سوور نەبووە بە خوێنی هیچ کەسێکی ئەو وڵاتە، جگە لە بەشداری کردن لە بونیادنانی هەیکەلەکانی وڵات وەک ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاینی هیچ تێکدانیكیان لە مێژووی ئێمەدا تۆمارنەکردووە. ئەمە زیادەڕۆییەک نیە بەڵکو خاسیەتی کەمینیەکی کوردستانە کە ئێمە تاوانی مێژووییەمان بەرامبەر کردن و کەچی بە داخەوە یەک وشە چ ئەوساو چ ئیستاش نەنووسرا لە بارەیانەوە.

ئای چەندە بێ رەحم و دڵرەقین ئێمە. ئەو “ئێمە”یەی لەسەر موسڵمان بوون مەحسومە.  هەراسان کردنی بەردەوامی کوردە جووەکان، ئیهانەکردنی ئاین و دابو نەریتیان، بە کەم تەماشاکردنیان، لێدان و هێرشکردنە سەر ماڵ و حاڵیان و داگیرکردنی موڵک و ماڵیان و کوشتن و بڕین و سەربڕینیان و سڕینەوەیان بوو لە مێژووی ئێمەدا. بەڵام چۆن سڕینەوەیەک؟ خەمەکە لێرەدایە چونکە هەموو ئەمانە بە بەرچاو و بە بەشداری رەمزە مێژوویی و رۆشنبیری و ئاینی و سیاسی و ئەشرافەکانی شار روویداوە وەک پیرەـێرد و تۆفیق وەهبی و گۆران و رەفیق چالاک و هەردی و رەفیق حلمی و مەلا ئەحمەدی خانەقا و محەمەد ئەمین زەکی بەگ و مەولانای خانەقا و بێخود و مەسعود محەمەد و عەلائەدین سوجادی و مەلا عبدولکەریم مودەڕیس و کوڕەکانی و حزبی هیوا …هتد تادەگات بە هەموو ئەو قەڵەمە بەدەست و رۆشنبیر و سیاسی و پیاوە ئاینیانەی تر کە لە شاروشارۆچکەکانی تری کوردستان بوون، ئەوانەی لەو سەردەمەدا ژیاون و بێدەنگبوون لە کارەساتی فەرهود و دەربەدەرکردنی جووە درواسێکانیان. ئەوانە لە بری ئەوەی سەرزەنشت بکرێن و بخرێنە بەر رەخنەی توند و تیژەوە کەچی ستایش دەکرێن و بە رەمزی نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو و رۆشنکەرەوەی بیری نەتەوەیی،یاخود تەمسیلکەری نەتەوەی ژێردەستی کورد لە قەڵەم دەدرێن. گرفتە سەرەکیەکە هەر لەو میژووەدا نیە بە تەنها بگرە لەو شەرمەدایە کە نەوەکانی ئێستا هەر باسی ناکەن بگرە ترسی لەوەیە کە نەهی کارەساتێکی مێژوویی بکەن کە بە گۆشت و خوێنەوە لەبەردەمماندا رووی داوە و بە دەستی خۆمان قەسابیەکەیمان کردووە، قەسابی کردنی کەمینەیەکی ئاینی مێژوویی کورد و کوردستانەکەی. ترسناکیەکە لەوەدا نەبووە کە خەڵکە رەش و رووتەکە گوشتی خێرەکەیان وەرگرتووە، ئەوەی قەسابیەکەی کردووە نوخبە دیار و رۆشنگەرەکەی کوردی ئەو دەم بوون و کە ئیستا کراون بە رەمزی نەتەوەیی و رۆشنبیری و مێژویی کورد. بێدەنگی بوونیان لە ئاست مەسەلەی کارەساتی کوردە جووەکان بە هەمان رادەی بەشداریکردنیان بووە لەو کارەساتەدا.

ئەو جووانەی لە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەرکران و بە بێ ویستی خۆیان کۆچیان پێکرا بەرەو وڵاتی ئیسرائیل دوای زیاتر لە حەفتا ساڵ لە وڵاتی ئیسرائیل ناسنامەی کوردبوون و فەرهەنگی کوردی خۆیان لە دەست نەداوە و نەوە دوای نەوە مندالەکانیان فێری زمان و کەلتوری کوردی کردووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کوردبوون و کوردستانی بوون بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەزانن و هەندێکیان بۆ مردنەکەیان گەڕانەوە تاکو لە کوردستان بمرن وەک باپیرە خایمی سارا. هەندێکی تریان کە لەوێ کۆچی دواییان کردووە بە نەوەکانیان گوتبوو گەر رۆژگارێک چوونەوە بۆ کوردستان مشتی خۆڵی کوردستانم بۆ بێنن و بیخەنە سەر گۆڕەکەم. ئێمە شەرمەزاری بەردەم کەمینەیەکی مێژوویی و گرنگی خۆمانین کەچی مێژوویەکی ئاوها پڕ شەرمهێن لە نێو ئێمەدا جێگەی باسوخواس هەر نیە. لە نیشتمانی ساراوە فێر دەبین  کە دەبێ کودەتایەک بەسەر ئەو رابردووە نابودەماندا بهێنین، ئەگەرنا، نابودی ئیستامان هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و بگرە قێزەوەنتر دەبێ.

کورد بون

ماندێلا دەڵێت گەر دەتەوێ تورک بناسیت ئەوا بۆ رۆژێک ببە بە کورد. منیش دەڵێم گەر دەتەوێ رەمزەکانی سەدەی رابردووی کورد بناسیت ئەوا بۆ رۆژیک ببە بە جوویەکی کورد.

کوردبوونی جوو کرۆکی مەسەلەکەیە… بەڵام ئایا چۆن؟ لێرەدا رەگەی مێژویی و پرۆسەی مێژوویی گرنگە. بۆچی باس لە مەسەلەی نەتەوەیی بوون دەکەم لەم بارەیەوە چونکە کوردبوون چەمکێکی ئێجگار ئاڵۆزی مێژوویی و ئاینی و سیاسی و هزریە کە تاکو ئێستاکانێ باس و خواسێکی روون و دیدێکی بابەتیی نیە لەو بارەوە بەتایبەت دوای خوێندنەوەی رۆمانی نیشتمانی سارا. ئەو رۆمانە پرسیارگەلێکی ئێجگار گرنگ و چارەنوسساز دێنە پێشێ:  ئایا کێ کوردە؟ ئایا دانیشتوانی رەسەنی کوردستان هەر کوردە موسڵمانەکانن؟ ئایا جووەکان کورد نەبوون؟ جیاوازیان چی بوو لەگەڵ موسڵمانە کوردەکان؟ بۆچی موسلـمانێک دەتوانێ خۆی بە کورد دابنێ بەلام جوویەک، یان مەسیحیەک، نەتوانن خۆیان بە کورد دابنێن یاخود بۆچی بە کورد حساب ناکرێن؟ ئایا کوردستان تەنها نیشتمانی موسڵمانە کوردەکانە بە تەنها و ئەوانی تر میوانن یاخود لە شوێنێکی ترەوە هاتوون و داڵدەدراون؟  ئایا چی شتێک هەیە کورد بوون لە جوویەک داببڕێ و بەڵام کورد بوون بکات بە بەرگی موسڵمانێکدا لە کاتێکدا هەردووک هەزاران سالە پێکەوە دەژین بەتایبەت بوونی جوو لە کوردستاندا پێش ئیسلام و مەسیحیەتیش دێت؟ ئەم پرسیارانە ئێمە دەبات بەرەو بابەتێکی گرنگی فکری-مێژوویی کە ئایا کورد کێیە و کوردبوون یانی چی و کەمینەی ئاینی وزوبان و فەرهەنگ و کەلتوری کوردی یانی چی.

تاکو ئیستا زۆر بابەت لەسەر وشەی کوردبوون یاخود رەچەلەکی کورد نوسراوە بەڵام لای من هیچیان هێندەی د. جەمال رەشید باسەکەیان جوان نەهێناوە. ئەو لە کتێبی ” دەرکەوتنی کورد لە مێژوودا” کە سێ بەرگە و بە زمانی عەرەبی ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوبۆتەوە باس لەوە دەکات کورد بوون بەوانە وتراوە کە لە بنار و دەوربەری ئەو شاخانەدا ژیاون کە ئێستا پیی دەوترێ کوردستان هەر لە باکوریەوە تا باشووری و هەر لە رۆژهەڵاتیەوە تا رۆژئاواکەی. (س ٢) ئەو خەڵکانەی بە هەر زمان و ئاین و رەگەزێکەوە لەوێدا ژیاون پێیان گوتراوە کارداێیەکان یان کەرداێێ واتە شاخ. دواتر ئەم وشەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت وەک هەر فۆرمۆڵەیەکی تری مێژوویی زمان دەبێ بە کورد و ستانەکەی پێوەدەلکێ کە بە مانای خاک و ولات دێت و دەبێ بە کوردستان. ئەو بارودۆخەی ئەمێستاکە کوردی تیدایە لە جیاوازی رەگەز و رەنگ و زمان و ئاین و کەلتور لەو پێکهاتە مێژووییەەوە دروست بووە کە هەر قەوم و خەڵکیک لێرە ژیابن پێێان وتاروە کارداییەکان ، کوردەکان. ئەم دیدە مێژووییە پیشانی دەدات کە هیچ مرۆڤێک و خەڵکێک و زمانێک بە تایبەت ئاینزاکان وەک ئیسلام و جوو و مەسیحی و یەزیدی و کاکەیی و ..هتد ناتوانێ مۆرکی رەسەنی بوونی کوردێتی لە نیوجەوانی خۆی بدات و ئەوانی تریش بە غەیرە کورد یاخود کوردی پلە دوو لە قەلەم بدات. لە باشترین حالەتدا ئەو نەو نەوە سیاسیە نوێیە تازەگەرەیە کە سالاری مێردی سارای تیدا گەورە دەبێ، کە دواتر بووە هەوێنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی و رەوتە چەپەکانی تر. لەگەڵ ئەوەی ئەوان “دەرکردنی جووەکان بە پیلان و دوژمنکاری ئەزانن، و ئەڵێن تاونێکە و بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە” کەچی لە هەمان کاتدا دەڵێن: ئێمەی کورد هەر دەم هاوخەمی جووین.” بۆیە سارا لێیان رادەپەڕێ و قسەکەی باوکی دەکاتەوە و دەڵێت: ئەم موسڵمانانە وادەزانن کوردبوون بەرگێکە و تەنها بە باڵای ئەواندا بڕاوە.” لا٣٦٢

 لێرەوە دەگەین بە باسێکی تر کە ئەوسا و ئێستاش هەمان تاس و هەمان حەمام لێ دەدرێتەوە چ لە نێو عامەی خەڵکی کورد و چ نێوەندە رۆشنبیری و سیاسیەکەشی کە  کوردی ئاینزای موسڵمان، یاخود وەک باپیرە خایمی میران ئەبراهام دەلێت کوردە موالیەکان، تەنها خۆیان بە کورد دەزانن و ئەوانی تر بە غەیرە کورد ناوزەد دەکەن. هەموو بەڵگە مێژوییەکان پێمان دەڵێت کە ئەمە وایە. ئەوەتا لە هەموو شەڕەکانی دژ بە ئاینزاکانی تری کوردستان هەر لە یەزیدی و ئەرمەن و ئاشوری و کاکەییەوە بگرە تاکو جوو، کوردی موسڵمان بەشداریکەری سەرەکی و هەمیشەیی بوون. دامەزرێنەری شاری سلێمانی ئیبراهیم پاشای بابان ” دوای دوانزە ساڵ لە دروستکردنی شارەکە، هێند پابەندی عوسمانیەکان بوو خۆی و لەشکرێک بەڕێکەوتن بۆ یارمەتی سوپای عوسمانلی لە قەتلوعامکردنی ئێزدیەکاندا لەناوچەی شەنگال، لەوێ هەندێک دەڵێن بەهۆی پیرییەوە و هەندێکی تر دەڵێن کوژراوە، تەنانەت گۆڕەکەشی لە موسڵە و لە مزگەوتی نەبی یونس نێژراوە.” (س٣)  کاتێک هاوڕێ و دۆست و دراوسێ و هاوشاری و هاووڵاتیەکی وەک جوو پەلامار دەدرێ، دوکان و ماڵ و پەرستگای بەردباران دەکرێ، دەردەکرێ لە وڵات، دەکوژرێ، خانوو و دوکان و موڵکیان لێ زەوت دەکرێ و دەدرێ بە کوردی موسڵمان،… ئەمانە هەمووی بە دەستی نوخبەی ئاینی و منەورینی نەتەوەیی کوردی و بە بەرچاوی مێژوونوسان و روناکبیران و شاعیران و ئەدیبانی ئەو سەردەمەی کوردەوە روودەدەن، وەک محەمەد ئەمین زەکی بەگ و تۆفیق وەهبی و رەفیق حلمی و پیرەمێرد و گۆران و هەردی و رەفیق چالاک و فایەق بێکەس و قانع و مەسعود محەمەد و هەموو ئەوانی تری لەو سەردەمەدا ژیاون بێ جیاوازی. دیارە لێرەدا کەمتر ناوی سیاسیە کوردیەکان دەهێنم لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان، من لێرەدا زۆرتر مەبەستم لە ئەهلی قەڵەم و کاغەز و ئەهلی فکر نەک سیاسی. دووهەم، جێگەی مێژوویی رەمزە سیاسیەکانی کورد لە ئاست هەموو بابەتێکدا هیندە ناشیرین و بێ کەڵکە پێویست بە باسکردنیان ناکات لێرەدا بە تایبەت لەو دەورانەدا دەوری شێخ و خێڵ ئێجگار خراپکار بوون. بەهەرحاڵ، ئەم ئەهلی فکر و قەلەمانە بە وشەیەکیش ویژدان و عەقڵ و ئەخلاقیان نابزوێ و وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە بۆران وەک بەرزەکی بانان خۆیان لە باسکردنی دەدزنەوە یاخود روونتر بڵێم بە هی خۆیانی نازانن باسی بکەن چونکە ئەمان کوردی موسڵمانن و ئەوانیش فەقەت جوو بوون. ئەم خالە ئێمە دەبات بۆ باسی کەمینە.

کەمینەی ئاینی و سوکایەتی پێکردن بەوانی تر

حەمەساڵەح دیلان لە شعرێکیدا بۆ خەیامی دەنوسێ، نەک هەر رەخنەی توند بەڵکو سوکایەتی پێدەکا و جنیویشی پێ دەدات کاتێک خەیام لەگەڵ خوادا کردویتە شەڕ بەوەی بایەکە شووشەی شەرابەکەی شکاندووە.

 ئای کێ بێ بانگ و هاوار و پەیام             بگەیەنێتە گوێی گۆڕی خەیام

بڵێ هەی سەرشێت، کوشتەی گڕی تەڕ      گەر تێتدا مابێ یەک تۆز نرخ و فەڕ

تۆ لەسەر با کەی شوشەکەی شکاند           لەگەڵ خودا دا کردت بە زۆران

هەڵسە بەرەو ئەم ناوە هەڵتووتێ                نەک شووشە شکا، وا ڕەز ئەسووتێ

دیلان، لە پای ئەو وێرانکاری و کارەسات و دەربەدەریەی بەسەر کورددا دێت ئەم شعرە بۆ خەیام دەنوسێ و گلەیی ئەوەی لێ دەکات شووشە چیە وا شکاوە، وەرە ئێمە وا رەزمان دەسوتێ. خۆزگە خودی دیلان و ئەوانەی لە دەورانی ئەو و دەورانی ئێستەش بە دیلانیان دەگوت ئەدی تۆ بۆ هیچت نەگوت و بۆ هیچ هەڵوویستێکت نەبوو لە بەرامبەر قات و قڕی رەز و باخ و موڵک و ماڵ و سەر و گیانی جووە دراوسێکانتدا. تۆ لە بێکەسکوژی و دەربەدەری کوردانی جوو نەهاتیتە دەنگ ئەوا ئێستاش کەس نایەتە دەنگ بۆ تۆ چەندە هاواریش بکەی. لە هەڵوێستێک و بارێکی ئاوهاوەیە کە شەرم دروست دەبێ. ئەو شەرمەی لە مێژوودا دروست دەبێ و مرۆڤەکان وانەی لی وەرناگرن. ئەو هەست و عەقلەی وای لەو و جەندانی وەک دیلان کرد ئەو دیدی کەمینە ئاینیە جیاوازەیە کە ئەوان جوو بوون کورد نەبوون و ئەمان موسڵمان بوون و کورد بوون.

کاتێک دەلێم کوردی موسڵمان ئەمە بە مانای ئەوەنیە ئیسلام بوون وەک ئاینێک گەلێک تۆخ بووبێ لای ئەو ئەهلی قەلەم و کاغەزانە بەڵکو مەسەلەکە زۆرایەتی و چینبەندی کۆمەڵایەتیە. ئێمەی موسڵمان زۆرینەین و چینی زاڵی کۆمەڵگەی کوردین و جوو کەمینیەکی ئاینین. هەر ئەم عەقڵەیە روحێکی کۆنەپەرستانەی لە بنی هەمانی هزری هەر نەتەوەپەرستێک و چەپێک و سیاسەیک و لیبراڵیک و رۆشنگەرێکی کورددا دروست کردووە کە دواجار ئاین دەکەن بە دوامەنزڵگای عەقڵ و هەڵویست و مۆراڵەکانیان و کوردی موسڵمان تەنها کوردی رەسەنن یان کوردی پلە یەکەمە و ئەوانی دی کوردی ئەسڵ نین گەر کوردیشبن ئەوا پلە دوون. لە نێو زۆرایەتی ئاینیدا کەمینە ئاینیەکان هەمیشە بە کەم تەماشاکراون، بەڵام لە نیو موسڵماناندا و کوردیش وەک میللەتێکی موسڵمان کەمینە ئاینیەکانی، کە مەبەستی سەرەکی لەم نوسینەدا کوردانی جوون، بە ئەهلی دۆزەخ و پیس و چڵکن و ناشرین و گڵاو و بێگانە بینراون. ئەم تەماشکردنە لە لایەن رەمزە مێژوویەکانی ئێمەوە لە هەموو ئاستەکاندا تییۆریزە کراون و دواتر بوونەتە عەقڵێک و ئەخلاقیاتێکی کۆمەڵایەتی. لێرەوە مەسەلەی کلاس یام چینبەندی خۆڕسکیانە رەنگ دەداتەوە و دەبێتە بەشێک لە خوڵقی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و تەنانەت ئینسانیشیان. لەو روانگە مێژووییە و ئەوەی لەەبردەستدایە و ئیستا دەیبین لە نێو کوردانی جووی ئیسرائیلدا، هیچ کەس ناتوانێ گومان لە کوردبوونی جووەکانی کوردستان بکات هەر لە دەمانی کۆنەوە لە نیو کوردا بە کەم یاخود بێگانە تەماشا کراون لە کاتێکدا مێژووی جوو لە کوردستان، هەروەها ناوجەکەش، بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ و بگرە سێ هەزار ساڵیش دەگەڕێتەوە و وەک ئاینەکەشیان بە جەندان سەدە سەدە پێش ئاینی ئیسلام لەو خاکە پەرستگا و تقوسی ئاینی و کەلتوری خۆیان هەبووە کە هیچ جودا نەبووە لە کەلتوری کوردی بگرە هێندەی ئەوان کوردبوون تییاندا رەنگی داوەتەوە کوردی موالی، کوردی موسڵمان، ئاوها نەبووە. لێرەدا کە دەڵێم کوردبوونی جوو واتە هەمیشە وڵاتەکەیان خۆشویستووە، ناپاکیان لێ نەکردووە و بەشداریکەری سەرەکی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی شار و گوندەکانی کوردستان بوونە.

وەک کەمینە، جووەکان بە پێی قانونی ئیسلامی باجی کەمینە-ئاینی خۆیانیان داوە بە دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی وڵات و کۆمەڵگە لە ئاستە جیاجیاکاندا. ىۆ نمونە، جگە لەوەی باجیان داوە بە حکومەت هەروەها باجیان داوە بە دەسەڵاتدارێتیە ئاینی و عەشایەریەکانی شار و وڵات وەک شێخ مەحمودی حەفید و شێخ سەعیدی حەفید، کەچی هەر ئەو دەم جووەکان پێێان وابووە باشترە پشتی شێخ مەحمود بگرن وەک لە دەسەڵاتە بێگانەییەکانی وەک تورک و ئینگلیز. زۆرێک لەوانەی ئێمە بە لوتکەی شکۆمەندی نەتەوەییان دادەنێین، وەک نموونە پاشاکانی بابانیەکان و بنەماڵەی حەفیدەکان وەک شێخ مەحمود و پاشای کۆرە و ئەوانی تر، ئەوانە نەک هەر شکۆمەند نەبوون بگرە مێژووەکەیان پرە لە شکاندنی شکۆی میللی نەتەوە و ولاتەکەیان. نەبەردی ئەوانە جگە لە پاشکۆیی و سەرشۆڕی بۆ بێگانە و پاشقولگرتن لە یەکتری و ستەمکردن و راوەدوونان و کوشتنی کەمینە ئاینیەکانی تری کورد وەک جوو و یەزیدی و کاکەیی و مەسیحیەکان شتێکی تر نەبوون. لە یەک وشەدا هەر رێک لەم دەسەڵاتەی ئیستای کوردستان دەچوون.

جووەکوردەکان ئامادە بوون باجی زیاتر بدەن بە دەسەڵات بەو مەرجەی مندالەکانیان نەنێرن بۆ قوتابخانە و سەربازگە تورکیە عوسمانلیەکان، ئەمە لە کاتێکدا کوردە موسڵمانەکان بە فەخرەوە دەچوون بۆ قوتابخانە سەربازیەکانی عوسمانلیەکان هەر بۆیە ژیاننامەی زۆرێک لەو ئەهلی قەڵەم و کاغەزانەی ئێمە پڕیەتی لە خزمەتکردن و پلەدارێتی سەربازی و رۆیشتن بۆ ئەستەنبوڵی پاتەختی سوڵتانەکانی موسڵمانان. جگە لەوەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دڵ و دەرونێکی باشیان هەبووە لە یارمەتیدانی خەڵکانی هەژار و نەداردا، لە ئاستی رۆشنبیری و سیاسیشدا هەمان دەورورۆلێان هەبووە و بگرە لەو دەمانەی جەنگی جیهانی دووەمدا کە خەڵک نانی نەبووە بیخوا، ئەمان کۆمەکیان بە پیرەمێرد کردووە لە دەرکردنی رۆژنامەی ژین. لە باری سیاسیشەوە، نەسیحەتەکانی باپیرە خایم بۆ شێخ مەحمود و قسەکانی لەیفی حاخام سەبارەت بە کورد و عوسمانی نیشانی دەدات کوردە جووەکان چ ئاوەزێکی دپلۆماسی و سیاسی قوڵیان هەیە کە خەمی ئەوەڵیان کوردبوون و کوردستابی بوونیانە. بە هەموو خراپەیەکی دەسەڵاتی کوردیەوە ئەمان پشتیوانی شێخ مەحمودیان پێ باشترە لە تورکی عوسمانلی.

جا بێ نمەکیەکە لەوەدایە کە هیچ کەس و لایەنێک باس لەم بەشداریکردنە ناکەن. لەوەش خراپتر کاتێک سوکایەتیان پێدەکرێ، هێرش دەکرێتە سەر ماڵ و حاڵ و شوێنی کاسبکاریان، دواتر دەربەدەر دەکرێن و هەموو شتێکیان لێ زەوت دەکرێ هیچ یەکێک لەم رەمزانەی دونیای رۆشنبیری و ئەهلی قەڵەمی ئێمە باسی ناکەن و بگرە هەندێکیان دەبن بە بەشێک لەو کارەساتە گەورەیە و شەرمهێنەرە وەک مەولانای خانەقا، توفیق وەهبی، رەفیق حلمی و …هتد. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ریژەیەکی زۆر لە جووەکان ئامادەنین شار بە جێ بهێڵن چونکە سلێمانی بە هی خۆیان دەزانن. بگرە باپیرە خایم کاتێک لە ئەروپا دەبێت لە ساڵانی سیەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و دەڵێ من بێ ئەم شارە ناژیم. هەر ئەم خۆشەویستیەیە وای لێدەکات موڵک و ماڵ لە دەست بدات و ناو و رەگەزنامە و ئاینی خۆشی بگۆڕێت بەس بە خاتری ئەوەی بمێنێتەوە و نەچی بۆ ئیسرائیل چونکە ولاتی ئەو و نەوەکانی ئەو کوردستانە نەک ئیسرائیل. کاتیکیش بە زۆر دەریاند ەکەن و کۆچیان پیدەکەن بەرەو ئیسرائیل، باپیرە خایم لە تەمەنی نەوەدوشەش ساڵیدا دەگەڕێتەوە کوردستان و لە سلێمانی دەمرێ و لەوێش دەنێژرێ. ئەمە روحی ئەو کەمینەیەیە کە باووباپیرانی ئێمە غەدری مێژوویی و ئینسانی و ئەخلاقیان لێکردن.

 مێژووی ئێمە دەبێ بە شەرمەوە لە هەمان کاتدا بە جورئەتەوە باس لەو سپڵەیی و بێ هەڵوێستی و عەقڵیەی رەمزەکانمان بکات کە تا چەندە بێ هەڵوێست و سپڵە و بێ ویژدان بوون. بۆ ئەوەی لە چەمکی کەمینە تیبگەی هیچ پەیوەندی بە زانست و زانیاریەکی فەلسەفی نەبووە بگرە تەنها بریتی بووە لە ویژدان و ئەخلاق و نمەکزادەیی و عەقڵێکی ئینسانی سادە کە دەبوو هەبوایە دەرهەق بە دەرودراوسێ و هاوڕێ و خەڵکی شار و خەڵکی مەملەکەتەکەی خۆت جا هەر رەنگێک بن. ئەو سیفەتی پیاوەتی و میوانداریەی لە نێو کورددا باس دەکرێ ئەوە تەنها بۆ میوان و یەکەیەکی دەسەڵاتدارێتی بووە، ئەگەرنا جەوهەری کەسێک و میللەتێک لەوەدا دەردەکەوێ چەندە بەرامبەر کەمینەکان و لاوازەکان و زوڵملێکراوان بە هەڵوێست و خاوەن کەرامەتە. مەسەلەکە هەر بەتەنها پەیوەندی بە بارودۆخێکی سیاسی دەمارگیریەوە وەک بیری نازیەت و ئاری و کێشەی فەلەستینەوە نەبووە گەر کەسێک بیەوێ ئەمە وەک تەنها هۆکارێک ببینێ، بەڵکو بنەرەتی بابەتەکە ئەوەیە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە. بەڵگەی ترن ئەوەن کە لە پێش دەمانی سەرهەڵدانی هیتلەر و مەسەلەی فەلەستین و هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمەوە، غەدر کردن و سوکایەتی پێکردنی کوردە جووەکان لە لایەن کوردە موالیەکانەوە، کوردە موسڵمانەکانەوە، مێژوویەکی شەرمهێنەرانەی هەیە. لە دەمانی دامەزراندانی شاری سلێمانیدا حاخامی لەبەردەم کنێستەکەی خۆدا سەردەبڕدرێت. بەردبارانکردنی گەڕەکی جولەکان و خودی جووەکان کاتێک بە شوێنێکدا بڕۆشتنایە لە لایەن مناڵ و توالەوە ببوو بە عادەتێک. مەلا و کەسە ئاینی و “پیاو ماقوڵەکانی” شار لە پشت ئەم کارە دزێوەوە بوون و بگرە زۆر جار نوقڵ و شیرینیان دەدا بەو مناڵانە تاکو ئەو کارە بکەن بە بیانووی ئەوەی ئەوانە پیس و گڵاون. لێرەوە بۆ چەمکی سوکایەتی دەڕۆین.

پیسکە، ترسنوک، پیس، پارەپەرست ئەو دەستەواژانەن کە لە نیو کۆمەڵگەی کوردیدا نەک ەهر زۆر جار گوێمان لێبووە بگرە بووە بە بەشێک لە کەلتوری ئاخاوتنمان بە تایبەت تا دەمانی پێش راپەڕین. ئەمانە ئەو سوکایەتی پێکردنی جوو و رسوایی پێکردنیان لە مێژە لە ناو کوردی موسڵماندا هەیە و خەتاکاری بنەڕەتیش لەم بارەیەوە نوخبەی ئاینی و رۆشنبیر و قەڵەم بەدەستەکان بوون نەک خەڵکی رەشۆک و عەوام. مەحوی، لە لاپەرە ٢٥ی دیوانەکەیدا، هێرشی ئەخلاقی ئینسانی و سەکسی دەکاتە سەر دوو کەمینەی نەتەوەیی کورد کە ئەوانیش کاکەیی و جوون:

وەک بولبول ئەو دڵە بە گوڵی ڕوو کە ڕوو دەکا          پەروانەیە زیارەتی شەمع ئارەزوو دەکا

 من وەسڵی ئەو بەرابەری جەننەت دەگرم و ئەو          دۆزەخ بە ئاھی سینەیی من ڕوو بە ڕوو دەکا

ڕیشێکی پان و تۆکی بناگوێ درێژ و لوول                سۆفی لە دینی لا دە بە دیمەن لە جوو دەکا

دنیا بە حیلە مەیلی بە ئەبنای ئەگەر ببێ                    ئەم دایە ڕێزبارە بە فرزەندەی شودەکا

مەحوی لێرەدا هێرش دەکاتە سەر دوو کەمینەی ئاینی کورد کە ئەوانیش کاکەیی و جوون. لەم چەند دێرەدا لەوەدەچێ مەحوی باسی عەشقی ئاینەکەی و بەهەشتەکەی بکات، نەک کچە دڵدارێک. دوو نیوەدێڕی ئەخیر پێمان دەڵێ کە بەهەشتی دڵداری مەحوی لێرەدا مەبەستی پەیامبەری ئیسلام و خوداکەی بووبێ، لەبەردوو هۆ: یەکەم، مەحوی زۆر دیندار بووە و هەر ئەم دیندارەیەشی رەنگیداوەتەوە لە زۆربەی شعرەکان و هەڵوێستە سیاسیەکانیشیدا؛ بۆ نموونە لە شعرێکدا خۆی بە سەگی بەردەرگای پەیامبەری ئیسلام وەسف دەکات، لە تێکستەکانی تریشیدا هەیە کە خۆی بە لایەنگر و ملکەچ و موتیعی عوسمانلیەکان دادەنێ و هێرش دەکاتە سەر شارستانیەت و فەلسەفەی یۆنانی بەوەی دژی عوسمانلیەکان دەجەنگن و ئەفلاتون و یۆنانیەکان بە سەگ ناوزەد دەکات. دیارە زۆربەی شاعرە کلاسیکیەکانی کورد لەوانە بێخود بە تایبەتی خۆیان بە سەگی بەردرگای پەیامبەری عەرەب شوبهاندووە و گەلێک موتشەوەق بوون گەر وەک سەگی بەردەرگای نەبی قبوڵ کراون. هۆی دووەم، ئاینەکەی مەحوی بەهەشتێکی لە دڵدا هەڵگرتووە بەڵام کاتێک ئەو غەیرە-موسڵمانانە (کاکەیی) دەبینێ کە ناشیرین و نابودن و ریشێکی پان و توکی بن گوێ درێژ و لوولە بە ئەهلی دۆزەخ ناویان دەبات و لەوێشەوە لە جوو دەدات و دەڵی هەر لە جوو دەچن. واتە بە یەک بەر لە دوو ئامانج دەدات یاخود بڵێم دەم پیسیەکەی لە یەک کاتدا هەردووکیانی گرتۆتەوە. لەمەش خراپتر دەڕوا و پێی وایە ئەمانە وەک لە سەروسیمایاندا ناشیرین کەواتە دەروونیشیان جوان و پاک نیە. لێرەدا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دەبێتە بەشێک لەو دید و بیرکردنەوە خراپ و نامرۆڤانەیەی مەحوی لە بەرامبەر مرۆڤگەلی ناموسڵماندا. لە دیوانی مەحوی دا شەرحەکەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە شعرەکەی مەحوی واوەتر دەچێ و دەڵێ: (مەحوی وەک لێرەدا و لە زۆر بەیتی تریشدا ئاوڕدەداتەوە بە لای ئەو بە دیمەن ئەهلی مەعنا و بە راستی بێ ناوکانەدا لەبەرئەوەی خۆیان لە بەهەشتی دڵداری راستەقینە بێ بەشن. چآولێگەڕێ و دیمەنکاریەکەیان هیچ دادیان نادا راستیەکەیان ناگۆڕێ. پێیان دەڵێ ئەمانە دیمەنیان نیشانەی دەروونیانە. بە ریشی پان و توکی درێژ و لولی بناگوێیانا-دوور لە دینەکەیان-لە جوو دەچن. بۆیە دیمەن کاریەکەیان نایانگەێنێتە مەبەست و ئەنجامێکیان لیوە دەستگیر نابێ.)لا ٢٥ و ٢٦. ئەمە هەر بە تەنها شەرحی شعرێک نیە بگرە بەیانی بیرکردنەوەیکی ترسناکە لەلایەن منەوەرینی ئەو دەمە و رەمزەکانی ئێستای ئیمەوە کە چۆن چەمکی سوکایەتی و رسوایی بە مرۆڤ دەکەن و دواتر ئەو بێ دەنگی و بێ هەڵویستیەی لیدەکەوێتەوە کە رەمزەکانی تریش پەیرەوی لێدەکەن. کاتێک مەلا ئەحمەدی خانەقا پێش خەڵک دەکەوێ و پەلاماری ماڵ و موڵکی جوو دەدەن یاخود تۆفیق وەهبی خانویەکی جوو لە بەغداد داگیر دەکات و دەیکات بە هی خۆی و حوکمەتیش دەیکات بە ناویەوە، یاخود رەفیق حلمی دەبێتە جاسوس و چاوساغی عوسمانلیەکان دژ کورد خۆی و کەمینەکانی تری غەیرە موسڵمانی وەک جوو و مەسیحەکان ئەوا لە پێشنەیەکی وەک مەحویەوە هاتووە.

لە دوو نیوە دێڕی تردا، لا٢٦، مەحوی بێ دەربەستانەتر سوکایەتیەکانی دژ بە کەمینەی  کاکەیی درێژە پێدەدا و جیرۆکی دروستکراوی موسڵمانە کوردەکان دژ بە لایەنی ئەخلاقی جنسی دەکاتە دەقێک. لە لاپەڕە ٢٦ دا هەر دوای ئەو چەند دێرەی سەرەوە دەڵێ:

دنیا بە حیلە مەیلی بە ئەبنای ئەگەر ببێ

 ئەم دایە ڕێزبارە بە فرزەندەی شوو دەکا

گەر لە دێرەکانی تردا پیاوەکانیان بە پیس و ناشیرین و دروون پیس تاونابار بکا ئەوا لێرەدا دایکێکی کاکەیی بەوە رسوا دەکات گوایە شووی بە کورەکەی خۆی کردووە. دایە رێزبار یەکێکە لەکەسایەتییە ڕوحیە پیرۆزەکانی یارستانی/کاکەیی و مەحوی وەک موسڵمانیک تەوهینی پێدەکات. شەرحی ئەو نیوە دێرە لە دیوانەکەی مەحویدا هەیە و خوێنەر دەتوانێ بچیت مینەی بکات چونکە هەر لەو شەرحەدا بۆت دەردەکەوێ رەمزە ئاینیە موسڵمانەکانی کورد چەندە خەریکی سوکایەتی پێکردن بوون بە کەمینە ئاینیەکانی تر. خاڵێکی تر کە دەمەوێ لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و حەمەی کوڕی دەڵێن کاکەیی تاقمێکی موسڵمانن. گەر ئەو رەمزانەی ئێمە ئاوها لە مێژوو تێبگەیشتبن ئاخۆ دەبێ مێژووی ئێمە چۆن نوسرابێ و چۆن متمانە بە یەک وشەش بکەین کە لە خاوەنی ئەو قەڵەم بەدەست و ئەدیبانەوە هاتبن.

دیارە زۆر رەمزی کلاسیکی کوردی بە کەم سەیری جوویان کردووە و بگرە وەک بێگانەیەک و هاوتایەک لە بەرەی روس و یونانیدا بوون دژ بە دەسەڵاتی باوکی موسڵمانان وەک عوسمانی و ئێرانی دابوون. سالم کە بە سێ کوچکەی شعری بابان لەگەڵ نالی و کوردی ناسراوە و بە یەکیکێش لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی شعری کلاسیکی کوردی دادەنرێت لە دیوانەکەیدا و لە لاپەڕە ٦٥٩ دا بە ئاشکرا سوکایەتی و تەڵفیسی بە میللەتان و خەڵکانی غەیرە موسڵمان دەکات وەک جوو. شێخ رەزای تاڵەبانی هێندە بە بێ ئەدەبی باسی جوو دەکات کە مرۆ ناتوانێ بە نوسینیش بیاننوسێت. بێ ئەدەبیەکەی شێخ رەزا لە هەجووکردنە شعریەکەیدا نیە وەک پێی بەناوبانگە بەڵکو لەو ئەخلاقیەتە دینیە موسڵمانیەی خۆیدایە کە سوکایەتی بەوانی تر دەکات. شێز رەزا هەجووی بە هەموو هاودەمە موسڵمانەکانی کردووە هەر لە شاعیرەکانەوە تا دەگات بە مەئولی شار و خەڵکی سادەش بەڵام هیچ کات نەیتوانیوە و نەیکردووە سوکایەتی بە ئیسلام و پەیامبەرەکەی بکات؛ کەچی لە باسی جووەکەدا ئیهانە بە ئاینەکەی و پەیامبەرەکەشی دەکات. لە هەجوو کردنیا بۆ جوویەک نەک هەر قسەیەکی ئاسایی دەکات بەڵکو باسی دیمەنێکی بێ رەوشتی خۆی دەکات گوایە سواری منداڵێکی جولەکە بووە و دەڵێت:

یەهودی بەچکەێیکم گرت و لێم برد و تیاخوسا

کە تێمنا چاوی نوسا، بانگی کرد یا حەزرەتی موسا

ئەم رەمزە کوردیانە لە کاتێکدا سوکایەتی بە جوو و ئەوانی تر دەکەن کە خۆیان ئەڵقە لەگوێ و ملکەچی ئیسلامی و دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانی وەک عوسمانی و ئێرانی و عەرەب بوون. رەمزی تر زۆرن و من لێرەدا هەر ئەوەندەیان دەهێنمەوە.

کۆمەڵی دەستەواژە و تێگەیشتن دروست کراوە سەبارەت بە جوو لە نیو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، کۆمەڵگەی کوردیش وەک بەشێک لەو، رەنگدانەوەی ئەو چینبەندیە کۆمەڵایەتیە ئاینیە زۆرایەتیەیە کە بۆخۆی بێ ویژدانی و ناراستی و بێ ئینسافی چینی ئاینی سەردەست نیشان دەدات. دەڵێن جوو پیسکەن، لە کاتێکدا بە راست و چەپدا باجیان داوە، یارمەتی دەرودراسێیان داوە. دەلێن جوو ترسنۆکن،لە کاتێکدا لەوەتەی هەن سوکایەتیان پێدەکرێ و پەلاماردەدرێن لە لایەن زۆرایەتی موسڵمانەوە و نەک هەر نەیان توانیوە وەلام بدەنەوە بەڵکو توانای بەرگری کردنیان لە خۆشیان کەم بووە و لە هەموو رووداوێکدا بەسەر ولاتدا هاتبێ ئەوان بەشی شێریان بەرکەوتووە لە میحنەت و ئازارەکاندا. یاخود دەڵێن جوو پیسن، پیس بەو پێوودانگە کۆمەڵایەتیە دەوترێت کە ئاینی سەردەست دایرشتووە دەنا باسکردنی بابەتێکی ئاوها جێگەی شەرمێکە کە ئەوپەڕی دیار نیە. ئەوەندەی کوردی موسڵمان ناپاکی و کاری پیسیان ئەنجام داوە دژ بە خۆیان و نیشتمان و خاکەکەیان هیچ کوردیکی جوو نەیکردووە. کاتێک ئەرخەوانی حەسەن موفتی کە نزیکترین هاوڕیی سارایە لە هەڵویستێکدا پێی دەڵێ جووی پیس، ئەوا لەو رەگەوە سەرچاوە دەگرێ کە مەحوی و ئەوانی تر غەیرە موسڵمانەکان بە پیس و نابود ناویان دەبات. مەحوی وەک نموونەیەک دەهێنمەوە ئەگەرنا رەمزی ترهەن کە ناماقوڵی ئاوهایان کردووە، کاتێک نوخبەی منەوەر تیئۆریزەی ئەم دەستەواژە و ناووناتۆرە پڕ لە راسیزم و سوکایەتیانە دەکات بە مرۆڤگەلی کەمینە پەرچەکردار لە ئاستە کۆمەڵایەتیەکەیدا بە کوێ دەگات کە ئەرخەوان بە سارای دەکات.

مەسەلەی گاڵتە پێکردن و سوکایەتی و پەلاماری هەمجۆرە بۆ سەر کەمینەکان لە نێو هەموو میللەتانی دنیادا بوونی هەبووە و هەیە و کۆمەڵگەی کوردیش بەشێکە لەو پێکهاتە کۆمەڵگەلە مرۆڤایەتیە بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نیە لە خۆمان خۆش بین بڵێین خۆ هەر ئێمە مەعسوم نین لە هەڵە و تاوان. بە پێچەوانەوە، زۆرن ئەو میللەت و وڵاتانەی بە راشکاواییەوە باس لەو مێژووی پڕ شەرمهێنەری خۆیان دەکەن و هەر ئەمەشە بۆتە هۆی گەشەسەندن و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بگرە ئابوریشیان. ئەوەی جێگەی داخە ئێمە تاکو ئیستا لەو شەرمەدا ماوینتەوە و تەنها میللەتین کە باسی کارەساتی جووەکانی خۆمان نەکردووە گەر نەهیمان لێ نەکردبێ.

نەک هەر مەحوی بەڵکو زۆرێک لە شاعیرە کلاسیەکانی ئێمە، بێخود وەک نموونە، خۆیان شوبهاندووە بە سەگی بەردەرگای نەبی شاهی عەرەب. نێوەندی رۆشنبیری ئێمە ئەو شعرەی بێخود کە بۆ پەیامبەری ئیسلامی نووسیوە بە ناوی ” لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من” کردوویانە بە گوڵەوانە و ترۆپکی شعری دڵداری کوردی و لە یادی بیخوددا لە سلێمانی ساڵی ٢٠١٣ ئەگەر هەڵەنەبم، بەشێوەیەک خوێندرایەوە وەک ئەوەی ئەو شعرەی بۆ کچێک نوسی بێت و نوسەران و ئەدیبانیش وەک نمونەی ئەدەبێکی دڵتەڕی عاشق باسی بکەن. دەزانن بۆ؟ چونکە شعرەکەیان دەستکاری کردبوو ئەو دێڕانەی باسی پێغەمبەری ئیسلام دەکا و خۆی بە سەگ دەچوێنی لادابوو، لەهەر دوو دێڕێک خۆیان شعرێکیان رازاندەوە و خوێندیانەوە و ئیستاش لە ئینتەرنێت و یوتیوب هەیە و بە دەنگ و رەنگ و دەقی دروستکراوەی ئەدیبان و رۆشنبیرانەوە دەخوێنرێتەوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشێ: باپیرە خایمێک بۆ سلێمانی و کوردبوونی چی دەکات، و سالار و سارای نەوەکەی چی بۆ کورد و کوردستان ناکەن. بەرواردێک لە نیوان شعری ئەو شاعیرە کلاسیکیانە و ملکەچیان بۆ تورک و عەرەب و فارس و، رەوتی ژیان و مردنی باپیرە خایم و نەوەکانی بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم کاتێک باس بێتە سەر کوردبوون و کوردستانی بوون.

عەلی مەردان و یادێک لەسەر کوردی جوو … 

وەتەنی من کوردستانە، ئەمە ناوی سرودی ژنە کوردێکی جووە بە ناوی دایکی جوانان.

ئەم بەشەی لێرەدا دەیڵێم لە یادگاریەکانی عەلی مەردان دا هاتووە. (س٤)  گەلیک خۆشحاڵ بووم کە رەمزێکی هونەری یەک دوو لاپەرەیەکی نووسیوە لەسەر کوردە جووەکانی باشوور. عەلی مەردان وەک رەمزێکی هونەری هێمن و ئارام باس دەکەم بەڵام لێرەدا بەهیچ شێووەیەک عەلی مەردان وەک مەحوی و ئەوانی دی بەتایبەت هاوزەمەنەکانی باپیرە خەیام وەک پیرەمیرد و گۆران و تۆفیق وەهبی و …هتد تەماشا ناکەم، بەڵام دەمەوێ ئاماژە بۆ بیرێک بکەم کە لە عەقڵی هەر رەمزێکی کۆنی ئێمەدا هەبووە هەر وەک چۆن لە هەر عەقڵێکی رەشۆکیدا هەبووە. وەک ئەوەی عەلی مەردان لە یاداشتەکانیدا دەیگێڕێتەوە: ئافرەتانی کوردی جوو یەکەمین ئافرەتی کوردبوون کە گۆرانی کوردیان تۆمارکردووە لە رادیۆی بەغداد لە ناوەراستی ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوودا. دایکی جەمال،  نازدار و ئەسمەر لەو ناوانەن. دایکی جەمال ژنە جوویەکی کوردە و لە هەڵەبجە ساڵی ١٩٠٨ لە دایک بووە و ساڵی ١٩٧٩ لە بەغداد ژیانئاوایی کردووە. نازدار و ئەسمەر دوو خوشکی جووی کوردی ناوچەی ئاکرێ بوون. لەناو جەرگەی هونەریشەوە جوو بە غەیرەکورد حساب دەکرێن. لەو دەمەدا، دوو خوشکی جوو دەچن بۆ رادیۆی بەغدا و نزیک بە دە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی تۆماردەکەن کە ئێستاش دەوترێنەوە. گۆرانیەکانی: دەمەگری مەگری چاوانت دێشێ، گەردوون من چیبکەم چیم دەسەڵاتە، جوانین ئێمە جوانین پەری ناوشاخانین، ئامینی نازانینێ وەی وەی لە زیڕەی پۆتینێ و…هتد. ئەم دوو کچە ناوی ئەسڵی خۆیان “خۆخە و ماری” بوون کەچی ناوەکانیان دەگۆڕن بە نازدار و ئەسمەر و ناوی باوکیان کە موسی یان موشێ یە دەکەن بە فەرهاد. دایکی ئەو دووکچە ناوی بەستێ دەبێ، بەستێ ناوێکی کوردی رەسەنی ناوچەکەیە و ئەو ناوە لە نێو جووی هیچ قەمێکی تردا نیە. عەلمی مەردان دەگێڕێتەوە، کامیل کاکەمین، بەرێوەبەری ئەو دەمی ئێزگەی رادیۆی کوردی بەغداد، پێشنیاری کرد کە دووناوی لەبار و جوانیان بۆ هەڵبژێرین. ئەوەبوو گەورەکە کە ناوی خۆخە بوو کردمان بە نازدار و بچوکەکەیان کە ناوی ماری بوو کردمان بە ئەسمەر و وەک نازانوێکی هونەری بۆ هەردووکیانمان دانا.  وەک دیارە بیانوو بۆ ناوگۆڕینیان ئەوەبووە گوایە نازناوی هونەریان و بگرە لەوەناچی ناوەکانی کجەکان خۆیان زۆر موحتەرەم هاتبێتە پێش چاو بۆیە بڕیار دەدەن دوو ناوی لەبار و گونجاویان بۆ هەڵبژێرن. ئەمە جگە لە کۆمیدیا تراجیدیا هیچ شتێکی تر نیە. ئەگەرنا، بە کام حوکم و عەقڵی هونەری ناوە کوردیەکان ناوی هونەرین و ناوی کچەکان خۆیان ناوی هونەری نین. ئایا ئەسمەر کوردیە؟ ئایا نازدار و فەرهادی ناوێکی فارسی ئەفغانیش نین؟ باشە بۆ ناوە عەرەبی و فارسی و ئەفغانیەکان هونەرین بەڵام ناوی جوو کوردەکان هونەری نین. پاشان، “ناوی لەبار و گونجاو” یانی چی؟ ئایا ناوەکانی خۆیان لەبار نین و گونجاو نین. لە بار و گونجاوەکە لەو کەلتوری ئاینزای موسڵمانبوونەوەیە کە زۆرینەی کورد موسڵمانن و ناوەکان دەبێ سەر بە چینی ئاینە زۆرایەتیەکەبێ و کوردیش واتە کوردە موسڵمان. ئەمە تێگەیشتنە بێ بنەما و جەوتەکەیە. ئاوەزی ئەو رەمزانە کە لە سلێمانی هەبوون لە بەغدادیش هەبوون و مەسەلەکە هەر ئەو عەقڵیەتەیە کە جوو بە کورد دانانێ بەڵام خۆی موسڵمان بە کورد دادەنێ. ئەم حاڵەتە بەرامبەر ژنە گۆرانیبێژ، دایکی جەمال،یش هەر ئاوها بووە. دایکی جەمال کە ئەویش سالانی بیستەکانی سەدەی رابردوو لە رادیۆی بەغداد گۆرانی کوردی تۆماردەکات کە ناوی ئەسڵی خۆی شیرین یان بەهیجەیە بەڵام دەیکەن بە دایکی جەمال، دایکی جوانان. “وەتەنی من کوردستانە” یەکێکە لەو سرودانەی لەو دەمەدا چڕیوێتی. ئایا کەس دەتوانێ گومان لە کوردبوونی خاتوو شیرین بکات. ئەو گۆرانیانەشی کە تۆماری کردوون ئەوانەن کە نەوە دوای نەوە گوتراوەتەوە، لەوانە: هەی ئاغا و ئاغا، هەی بەلار و بەلارەوە، ئامینێ و ئامین ، هەی بێنن بێنن، سەوزە مەڕۆ سەوزەکە، …هتد.

لەگەڵ ئەوەی عەلی مەردان ئەو دوو خوشکەی زۆر خۆشدەوێن و ریزی بۆیان هەیە و یادیان دەکات تا کۆتایی ژیانی، بەڵام لای ئەو ئەوان جوون نەک کورد یاخود کوردی رەسەن نەبوون بەڵکو ببوون بە کورد. عەلی مەردان کوردە چونکە موسڵمانە بەڵام ئەوان چونکە موسڵمان نین کورد نین. چونکە هەر ئەو ئاستە لە تێگەیشتنی کورتبینانە و عامیانە لە زهنی عەلی مەرداندا بەردەوامی دەبێت کاتێک پرۆسەی دەرکردن و راگواستنی جووەکان بۆ ئیسرائیل دەست پێدەکات هەمان ئەو تێگەیشتنە باوەیە کە خەڵکی عامی هەیانە. لە یادەکانیدا، عەلمی مەردان دەڵێ “تا ساڵی پەنجاکان ماڵی نازدار و ئەسمەر لە بەغداد بوون بەڵام دوایی کەوتنە خۆ ئامدەکردن بۆ کۆچکردن لەگەڵ هەزاران جووی تردا. ئامادەبوون بۆ ئیسرائیل بچن. زیدی رەسەنی باووباپیرانیان.” ئەم دێڕەی دوایی هێڵێکی کێشاوە کە هەموان هەر لە باووباپیرانمانەوە تاکو ئیستا لەسەری دەڕۆین گوایە جوو هاتونەتە کوردستان لەد ەوربەری دوو بۆ سێ هەزار ساڵ پێش ئیستاوە. یاخود، شوێنی رەسەنی جووەکان ئیسرائیلە چونکە ئاینەکەیان لەوێ سەریهەڵداوە. زانیاری نوێ و بەڵگەداری مێژوویی هەیە کە ئاینی جوو، جودایزم، یاخود یەکەم نوسراوی یاخ ئەسفاری تەورات بە ناوی الاشتراع لە میزۆپۆتامیاوە سەریهەڵداوە و ئەوەی تەوارتی نوسیوە ناوی عەزرا یاخود بە عەرەبی پێیدەڵێن نبی العوزیر بووە و گۆڕەکەی لە پارێزگای میسانە لە باشوری عێراق. خزعل الماجدی، مێژوونووس و بیریاری عێراقی لە کتێبی “ئاین و بیروباوەڕەکانی بەری مێژوو” و هەروەها لە چاوپێکەوتنێکیدا باس لەم بابەتە دەکات کە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە.

 پاشان پرسیار بۆ ئێمە دروست دەبێ: ئایا کێ دەڵێ دوو هەزار یا سێ هەزار ساڵ پێش ئێستە ئێمە لێرە بووین؟ هیچ دیدێک و بەڵەگەیەکی مێژوویی نیە بیسەلمێنێ کە ئێمە لەم کات و ساتەی بە خۆمان دەڵێین کورد بەری دوو هەزار ساڵ لێرە ژیابێتن. وەک لایەنی ئاینیش ئەوە موسڵمان هەر نەبووینە. دەشێ، هەر سەر بە ئاینی جوو بووبێتین چونکە یەکێک لە فراوانترین ناوچەی کوردستان لە دیاربەکرەوە تاکو هەولێر و موسڵیش پێش ئیسلام، سەر بە ئاینی جوو بوون. نەک هەر ئەو جووانەی گوایە لە هەڵاتنە مێژووییەکەی جوواندا خەڵکانی جوو هاتبێتنە کوردستان، بەڵکو دانیشتوانی ئەم وڵاتە هاتنە سەر ئاینی جوو بە تایبەت لەسەرد ەمی نەبی یونس دا. پرسیار: باشە ئەگەر نازدار و ئەسمەر ببونایە بە موسڵمان ئایا زێدی باووباپیرانی رەسەنیان کوێ دەبوو؟ ئایا هەر ئەوەندەی بیانگوتایە ئێمە بووینە ئیسلام ئیتر تەواو لە چرکەیەکدا هەموو شادەمار و بەدەن و ناسنامە و رەگەزێکیان دەبوو بە کورد؟ ئەو کوردەی حەقڵیەتی کوردی موالی پێوانەی کوردبوونی ئەوانی دی پێدەکات؟ ئەمە و چەندان پرسیاری تر.

 دیارە هەڵوێستی عەلی مەردان زۆر مەردانەتر و مرۆڤدۆستانەترە لە هەندیک لەوانی تر وەک  تۆفیق وەهبی و رەفیق حلمی بە نموونە. عەلی مەردان خەم و ئازارێکی هەر لە دڵدا ماوە بە کۆچی ئەوان و ئامادەش نیە پاسکیلی مندالەکەیان وەربگرێ کە بە دیاری بۆ کوڕەکەی دەیدەنێ بەڵام ئەو دەزانی ئەوە دیاری نیە و ناچاریە بۆیە رەتی دەکاتەوە. ئەم هەڵویستەی عەلی مەردان ئەمسەر و ئەوسەری دنیایە لەگەڵ تۆفیوق وەهبی و رەفیق حلمی. یەکەم: تۆفیق وەهبی خانووی جوویەک دەکات بەهی خۆی دەچێتە ناویەوە لە بەغداد لەگەڕەکی بەتاوین، هەر لەو گەرەکەی ماڵی خۆخە و ماری لێ دەبێ، دەبێ بە خانووی خۆی. دووەم، رەفیق حلمی خەریکی جاسوسی کردن بووە بۆ تورکە عوسمانلیەکان و دواتر ئینگلیزەکان.

شار… پیرەمێرد وەک نموونە

مانگی رابردوو، مانگی شەش، یەکێک لە نوسەرە ناودارەکانی دونیای ئیستای رۆشنبیری ئێمە لە فەیسبوکی خۆی کورتە بابەتێکی لەسەر پیرەمیرد نوسی بوو. لەوێدا وەک هەر کوردێک کە شتەکان زۆرتر لە دەماری سۆزەوە دێن وەک لە خانەکانی مێشکەوە، زیاد لە پێویست ستایشی پیرەمیرد دەکات بەوەی چەندە ئینسان دۆست و حەکیم و رۆشنبیرێکی گرنگ و بە ئاگای سەدەی رابردووی ئێمە بووە و چۆن ئەزمونی ژیانی ئیستانبوڵی کۆمەڵێ وانەی فیرکردووە کە دونیایەک خەون و روانین و بیرکردنەوەی نوێ بهێنێتە نێو شاری سلێمانیەوە. کەسێک لە کۆمێنت بۆی نوسی بوو “رۆڵی مرۆڤانەی ئەم رۆشنبیر و شاعیرە مەزنەی کورد و سلێمانی چی بووە کاتێک جووکان لە سلێمانی شار بەدەر دەکرێن لەسەرەتای دروست بوونی دەولەتی ئیسرائیلدا.” ئەمە ریکەوت یاخود نەزانین نیە بەڵکو ئەو عەقڵیەتە دواکەوتوو و مەترسیدارەیە کە لە پیرەمێردەوە بۆ حسێن عارف چووە و ئینجا گەیشتووە بەم نەوەیەی ئێستا. ئێمە و ئەو نەوەی ئیستا و خودی ئەو نوسەرە و ئەوانی تریش دەبێ بەسەر ئەو رابردووە شەرمهێنەرەدا بچینەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە بۆ ئەو رووداوانە و بێ دەنگی و بێ هەلویستی و تەدوین نەکردنی ئەو کارەساتە لە لایەن رەمزەکانی ئێمەوە بخەینە بەر رەخنە و دید و بۆچوونی بابەتیانەم هەبی لەسەریان نەک هەر ستایش کردنیان. ئێمە باس لە شار دەکەین، شارێک لەو دەمەوە تاکو ئیستا چاوگەی لە دایکبوون و دەرکەوتنی چەندان رەمزی رۆشنبیریە بەڵام شار بە مانای شار وەک ئەوەی هەبوو شار نیە.

 سێ تیئۆری دەربارەی شار و چەمکی شار هەن بەڵام هیچیان ئەوەندەی ئەو تیئۆریە واقعی و دەوڵەمەند دەرنەچوون کە شار لە فرەیی کەلتوور و ئاین و زمان و نەتەوەدا دەبینێتەوە نەک بە باڵەخانە و قەسروقسور و قورسایی ئئابوری یاخود چەقی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی. شارە گەورە و گەشە و پێشکەوتووەکانی دونیا چ لە رابردوو و ئیستادا ئەوەیان سەلماندووە کە فرەیی کەلتور و ئاین و زمان و نەتەوە سەنگی مەحەکە بۆ پێناسەی شار. (سەرچاوەی ٥) دەربەدەرکردنی کوردە جووەکان و بێدەنگیەیکی گشتگیری لە شاردا شاری خنکاند و کردی بە لادێیەکی گەورە. لادێیەک کە خەڵکانی شوێنەکانی تریش کەوتوونەتە بەر پلار و تانە و تەشەر و سوکایەتی کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون. کوردە جووەکان سەنعەتکاترین توێژی کۆمەڵگەی کوردی و شار بوون. کاتێک دەربەدەردەکرێن چەندان پیشە لە دەست دەچن یاخود زۆر درەنگ وەچنگ دەکەونەوە. شار شوێنی رەنگاڵەیی و جولەی رەنگەکان و سیما جیاوازەکانە.

رۆمانی شاری حسێن عارف، وەک نمونە دەیهێنمەوە، پێش ئەمە دەمەوێ باسی رووداوێکی هونەری بکەم.  ساڵی ٢٠١٥ یا ٢٠١٦ بوو لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا فستیڤاڵی ساڵانەی فیلم ساز دەکرێت. بەوپێیەی بەشێکی زۆری فیستیڤاڵەکە لە ناو زانکۆی تۆرۆنتۆ دابوو فیلمەکانی نمایش دەکرد و منیش بۆ نێزیک لە پێنچ ساڵ لەوێ دەمخوێند هەموو ساڵەکان ئامادەی زۆربەی فیلمەکان دەبووم. تەواوی ئەکتەر و دەرهێنەر و هونەرمەندە ناودار و بە توانا جیهانیەکان بەشدار دەبن تێیدا. کە دەلێم بە توانا هەر ئەوانە نین کە ناودارن بەڵکو خەڵکانێکی زۆر هەن بە توانان و بەڵام ناودار نین. ساڵی ٢٠١٦ بوو فیلمێک دەربارەی جینۆساید بوو کە ناوی فیلمەکەم لە یاد نەماوە. ئاستی هونەری فیلمەکە زۆر جوان بوو بەوەی کە کامێراکەی بەسەر گۆی زەویدا دەسوڕێتەوە و لەو جێگایانەی یان ئەو وڵات و خاکانەی کۆمەڵکوژی تیدا کراوە کامێراکەی رادەوەستا و کەمێک باسی ئەو شوێنە و کۆمەڵکوژیەکەی دەکرد. تەنها جێگە کە هەڵویستەی لەسەر نەکرد کوردستان بوو، هەڵەبجە بوو. ئەنفال دۆکیۆمێنتێکی بەردەستی وەک هەڵەبجەی نیە و قسەیەکمان نەبوو لەسەری. بەڵام کە فیلمەکە تەواو بوو. دەرهێنەر و ستافی بەرهەمەکە هاتنە سەر تەختەی شانۆ بۆ پرسیار و گفتوگۆ و وەڵام. پرسیاری ئێمە وەک دوو سێ کورد کە لەوێ بووین ئەمە بوو: چاوی کامێراکەی تۆ هەڵوێستەی لەسەر هەموو جینۆساید و قەتڵوعامەکانی جیهانی کرد تەنها کیمیابارانی هەڵەبجە نەبێ، واتە کامێراکەی لەو بەشەی کە پێی دەوترێت کوردستان و دەکەوێتە باکوری عێراقەوە بەسەریدا بازت دا لە کاتێکدا هەڵەبجە رووداوێکی جیهانیە و خەڵکانی وەک ئیوە و مانان کە فیلمەکەتان تایبەتە بە جینۆساید و کۆمەڵکوژیەکان بێگومان زانیاری تەواوتان هەیە لەسەری. وەڵامەکەی تەنها بروبیانوو بوو و جێگەی قەناعەتی هیچ یەکێک لە دانیشتونای ناو هۆلەکە نەبوو. جا لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم هەر وەک چۆن ئەو فیلمە یەکێک لە مەرگەستاتترین رووداوەکانی مرۆڤایەتی باس نەکرد و بەسەریدا بازیدا و فیلمەکەی هەر لەویدا دەرکەوت چەندە نوقستانە، رۆمانی شاری حوسێن عارفیش توشی هەمان دەرد بووە. چۆن؟

 کە باسی شارمان بۆ دەکات لە دەمانی ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا، هەر رێک لەو دەورەیەی کارەساتی کوردانی جووی تێدا تۆماردەکرا لە هەر کونج و کەلەبەرێکی شاردا، کەچی ئەو رۆمانە دوورونزیک بەلای ئەو بابەتەدا ناچێت لە کاتێکدا رۆمانەکە باسی خانوویەکمان دەکات وەک رەمزێک بۆ رەنگاڵەیی تەواوی شار، و کۆمەڵی خەڵک لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی شار تێیدا دەژین و هەروەها ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و چینایەتییەی ئەو دەم خەڵکی شاری تیدا ژیاوە. جووکان یەکێک لە بڕبڕەپشتە بەهیزەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و دیمۆگرافی شار بوون کەچی لەو رۆمانەدا بە وشەیەکیش چیە باس لەوان ناکرێت وەک ئەوەی هەر نەبووبن لە بنی. ئەم هەڵویستە هاوپێچە لەگەڵ رۆژنامەی ژینی پیرەمێرد کە بۆ وشەیەکێش باسی لەو کارەساتە نەکردووە لە کاتێکدا لە بەردەم و تەنیشتی و پشتی پیرەمێرد خۆیەوە روویان دەدا. ئەوەی جێگەی سەیروسەمەرەیە بە دانپیدانانی پیرەمێرد خۆی، جوو و مەسیحیەکانی سلێمانی پیتاکی باشیان داوە بە پیرەمێرد بۆ دەرکردنی رۆژنامەکەی، رۆژنامەی ژین. نەوەی یەکەم کە پیرەمێردە و نەوەی دووەم کە حوسێن عارفە نەوەی شارن و رۆشنبیری لە شاردا دروست دەکەن و باس لە شار و مەینەتی و بێ دادی و وەزع ناخۆشی شار دەکەن کەچی خۆیان نابینا و نەزان دەکەن لە حاست بێ دادی و مەینتیەکانی خەڵکانی تری رەسەنی شارەکەدا. ئەو هێڵە چەوتیە لە رابردووەوە تاکو ئیستا درێژبۆتەوە و نەوەی ئێستا هەمان چاویلکەی نابینایی رابردوو لە چاو دەکا و نازانێ ئەو شارە دەستی بە چ کارەساتێک سوورە. ئەو شارە لەو کاتەوە خەسلەتی شاری ون کرد و بوو بە لادێیەکی گەورە کە کەمینە جیاوازەکان و زمان و کەلتور و فەرهەنگە رەنگاڵەییەکانی تێدا سڕایەوە. تاکو سەرەتای سەدەی بیست تورکمانیش وەک کەمینەیەک لە تەک جوو و مەسیحیەکاندا لە سلێمانی بوونی هەبووە، بەڵام دیارە تورکمانەکان زووتر رۆیشتوون ئەو شارە نەیتوانیوە ببێ بە شار، شارێک کە جێگەی رەنگ و دەنگە جیاوازەکانی تیدا ببێتەوە. لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووە شارێک بە یەک رەنگ و دەنگەوە بکرێت بە شاری شاران و شارە حەیاتەکە و پایتەختی رۆشنبیری. کە ئەو یەک خەسڵەتیەش پڕیەتی لە عەیب وعاری دژە ئەوانی تر چ لە ناویدا بن یان لە دەرەوە. تەلفیسی پێکردن و بە کەم سەیرکردنی هەڵەبجەیی، پێنجوێنی، چەمچەماڵی، گەرمیانی و هەولێری و لادێیی… هتد ئەو خاسیەتانەن کە سلێمانی پێ دەناسرێتەوە چ لە کۆن و چ لە ئیستادا. ئەم خاسیەتە خراپ و چەوتە خەڵکانی سیاسی هاوجەرخ و رۆشنبیری ئیستا لە پشتیەوەن بۆیە ئێستاش لە ئاستە کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت هونەری رۆشنبیریەکەشیدا برەوی هەیە. ئەم شەرحەی من لێرەدا بە کەم تەماشاکردنی ئەو شارە نیە بەڵکو تەماشاکردنێتی وەک خۆی. وەک ئەو مێژووە پڕ شەرمهێنەرەی تێیدا روویداوە و دیزە بە دەرخۆنە کراوە.

بۆچی گەڕەکی جولەکان هەبوو؟

رەنگاڵەیی لە ژیان و فرەکەلتوری مرۆڤەکان یەکێک لە کۆڵەکانی پێکهاتەی شارە…

کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان هەمیشە ویستوویانە فەرهەنگ و داب و نەریتی خۆیان بپارێزن لە ناو زۆرایەتیەکی کۆمەڵایەتی و ئاینی و نەتەوەییەدا. شار لێرەوە مانای پەیداکرد کە کەمینە رەنگاڵەییەکان دەتوانن بەشێک بن لە شار و لە هەمان کاتدا پارێزگاری ناسنامەی خۆیان بکەن لە ناو شاردا و ئەمەش رەگەزێکی سەرەکی ئەوسا و ئیستای هەر شارێکە گەر پێناسەی خۆی بکات وەک شار. ئەم حاڵەتە تەنها بۆ جوو نەبووە بەڵکو لە هەر شوێنێی ئەم دونیایەدا کەمینەکان جا هەر ناسنامە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیان هەبووبی لە شاردا گەڕەکی خۆیان هەبووە و بگرە دوای ئەوەی سەدان ساڵ لە دروستکردنی شاریش ئەو ماهیەتی کەمینەیەتیە هەر هەبووە و هەیە. کام شاری کوردستان هەیە گەڕەکی تێدانەبێ بە ناوی ناوچەک یان دەشتێک و گوندێک یاخود هۆزێکەوە. عەنکاوە گەڕەکی مەسیحیەکان لە هەولێر، گەڕەکی کوردان لە دیمەشق، گەڕەکی کوردان لە قاهیرە و بەغداد و ….هتد.  جا بۆ کەمێنیەکی ئاینی وەک جوو دەبێ چۆن بێ بە تایبەت لەدوای داگیرکردنی ئسلام بۆ ئەو ناوچانەی ئێستا پێی دەوترێت کوردستان، بارودۆخی جوو بە تەواوی گۆڕا و ئەو ژمارە زۆرەش لە کوردان یاخود خەڵکانی ناوجەکە کە ببونە جوو دەستەبەرداری ئاینەکەیان بوون. بەشێوەیەکی گشتی، جووەکان لە کوردستان وەک هەر شوێنێکی تری کۆمەڵگە ئیسلامیەکان هەمیشە لەبەردەم پەلاماردان و سوکایەتی پێکردندن و بە کەم تەماشا کردندابوون.

کاتێک بۆ یەکەم جار شار دروست دەکرێ یاخود خەڵکانی گوند و دەشتەکان دێنە شارەوە، سلێمانی لێرەدا مەبەستی ئەم باسەیە چونکە رۆمانی نیشتمانی سارا تایبەتە بە جووەکانی ئەو شارە، جووەکان گەڕەکی تایبەت بە خۆیان دەبێ. وەک هەر پێکهاتەیەکی تری کۆمەڵایەتی کە تازە شار دروست دەکرێ و خزم و خوێش و نزیکەکان وەک سیفەتێکی سروشتی لە دەروی یەکتر کۆدەبنەوە. ئەم حالەتە لە هەموو کۆمەڵگە نوێیە جیهانیەکانێشدا هەیە، بۆ نموونە لە ولاتانی رۆژئاوایی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان نێزیکی یەکتر دەژین و کاردەکەن و هەڵدەسوڕێن. لە گەڕەکی جولەکاندا جگە لە پەرستگای ئاینیان هیچ شتێکی تریان جیا نەبوو لەگەڵ خەڵکانی تری ناو شار. ئیش و کار و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان وەک هەر خەڵکیکی تر وابوو، بگرە لە هەندێ بوار و کایەدا ئەوان زۆر شارەزا و دەستڕەنگین و ئیشکەریکی ماندوونەناس بوون. لە رووی ماڵیەوە، دوو باجیان دەدا هەم بە حکومەتەکان و هەم بە دەسەڵاتە عەشایەریەکانی وەک شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان. بگرە، شەکر و چای دیوەخانەکانیان بە پارەی جووەکان دابین دەکرا، لەبەرامبەر ئەوەدا گوایە گیانیان دەپارێزن، بەڵام خودی ئەم بیانووە مانایەکی قوڵ دەبەخشێ کە جووەکان هەمیشە لە لایەن زۆرایەتی موسڵمانەوە، چ هۆزەکان یا شێخەکان یا موسڵمانە ئاینیە نوخبەکانەوە، لەبەردەم هەڕەشەدابوون. بەڵام پرسیار ئەمەیە بۆچی جووەکان دەبوو ئەو هەموو باج و خەرجیە بدەن؟ وەڵامەکە روونە کە بنەمایەکی ئاینی هەیە. لە ئیسلامدا غەیرە ئیسلامیەکان دەبێ باجی دەسەدەڵات و باجی ئاینی خۆشیان بدەن. کوردە موسڵمانەکان رێک وەک ئیمارەتێکی ئیسلامی دەمانی کۆن و داعشی ئێستا بەرخوردیان لەگەڵ جووەکان دەکرد. کاتێک شار دروست دەکرێ ناخۆشترین شوێنیان لە جوگرافیای شاردا پێ دەدرێت کە دەکەوێت خوار سلێمانیەوە و هەرجی سیاناو و بۆگەنی شارە بە ناو گەڕەکی جولەکاندا تێدەپەڕێ. لەگەڵ ئەوەشدا باپیر خایم. وەک هەر جوویەکی تری هاوڕێی و نەوەکانی، بۆنی ئەو سیاناوە ناگۆڕنەوە بە باخ و گوڵ و شەقامە قیرتاو و رازاوەکانی ئەوروپا و ئیسرائیل و هەردەیانەوێ بمێننەوە لەو شارەدا بە هەرنرخێک بێت بەڵام هەر ناهێڵن و ناهێڵن.

چەمکی حزب و سیاسەت، حزبی خەڵتوز بە نموونە….

هیچ حیکمەتێک لە خۆرا یاخود سروشتی نایاتە بوون، بەڵکو هۆکاروپاڵنەری گرنگ و حەیاتی لە پشتەوەن بۆیە دێنە بەرهەم. حیکمەتی پێکەوە ژیان و هەولدان بۆ کاری هاوبەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە لایەن کەمایەتیەکانەوە، کەمایەتی ئاینی و نەتەوەیی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشنیار دەکرێن چونکە ئەوان لە پێش زۆرایەتیەوە دەزانن کە ئەوە هاوسەنگی ژیان رادەگرێت. زۆرینە سیفەتێکی ملهوڕی تیدایە کە کەمتر عەقڵ میوانی دەبێت و ئەو چەمکانەی کەمینیەکان رەتدەکەنەوە یاخود بە هەند نایگرن. کاتێک جووەکانی عێراق و کوردستان دەیانەوێ حزبی خەڵتوز کە حزبێکی کۆنی جووکانی عێراق و کوردستانە زیندووبکەنەوە و ئاڵوگۆڕی ریشەیی بەسەردا بهێنن لەوەی هەر کەسێک لە هەر ئاین و نەتەوەیەک دەتوانێ ببێتە ئەندام تێیدا و ئامانجیش لەمە بەهێزکردنی بەرەی یەکگرتوویی رەنگاڵەیی کۆمەڵگەکەیە، بەڵام ئەمە راستەوخۆ لە لایەن حزبی هیوا رەت دەکرێتەوە و بگرە پەلاماریشیان دەدەن. ئەو حزبی هیوایەی دواتر بووە هەستەی نەتەوەیی لە ناو خەڵک وحزبە کوردیەکانی دواتری کوردستان لە باشور و رۆژهەڵات کە ئیستاش لە باشور حوکم دەکەن و لە رۆهەڵاتیش حزبی کوردی گەورەن. رەتکردنەوەی ملهوڕیانەی حزبی هیوا ئەو شەپۆلە لە هەڵە و چەوتی سیاسەتی بە دوای خۆید هێنا کە ئیستاش خەڵکی کوردستان چ بە وڵات و بە خاک و چ بە نیوەندە جۆراوجۆرەکانیەوە باجەکەی دەدەن. هەر ئەو نەوەیە لە هەستەی حزبی هیوا لەبەرامبەر شەراکەتی عەرەبدا دەست لەسەر سنگ بوون کەچی لە بەرامبەر خەڵکانی خۆیاندا، حزبی خەڵتوز، توند و تیژ بوون. لە یەکیک لە دانیشنتەکانی مفاوەزاتەکانی بەعس و کوردانی ئەو دەمی شاخدا، نەوشیروان مستەفا بە نوێنەری بەعس دەڵێ باشتر نیە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆتان رێک بکەون وەک لەگەڵ وڵاتانی تردا. مەبەستی نەوشیروان مستەفا لە خەڵکی خۆتان واتە کورد، بەڵام نەوشیروان مستەفا لە یادی دەچێت کە رۆژگارێک ئەمانیش هەمان سیاسەتی بەعسیان دەرهەق بە خەڵکانی خۆیان، کوردانی جووی خەڵتوز، پیادە کرد بەوەی رەتیان کردەوە لەگەڵیاندا کاری سیاسی بکەن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم رەمزە کوردانە کوردانی جوویان بە کورد دانەناوە و بە جوو دایانناون گوایە جوو کورد نین بەڵکو جوون، وەک ئەوەی موسڵمان بوونەکەی ئەمان مۆرکی کوردبوونی لە ناوچەوانیان دابێ. ئەو جۆرە لە بیرکردنەوە کە نەیاندەهێشت کوردانی جوو ببن بە بەشێک لە دونیای سیاسی کوردی لەو عەقڵیەتە ناسیۆنالیستیە عەرەبیەوە هاتووە کە ساطع الحصری و ئەوانی تر هێنایان. بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی عەرەبی رەگی ئاینی بەکارهێنا دژ بە جووەکانی عێراق و کوردیش هەمان عەقڵی دژەجوویی بەکارهێنا بۆیە هەر لەو دەمەوە تاکو دەربەدەرکردنیان جوویەک نەیتوانی ببی بە کاراکتەرێکی سیاسی لەو جولانەوەی سیاسی کوردیدا مەگەر ناو و ناسنامەی خۆی بگۆڕیبایە وەک سالاری مێردی سارای نەوەی باپیرە خایم.

بەشداری کردن لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ جوو بڤە بوو بەڵام بۆ کاکەیی و مەسیحیەکان کەمێک ئەهوەن تر بوو ئەویش هەر نەیاندەتوانی پێ لە بەڕەی خۆیان زیاتر رابکێشن. سەرەتای ساڵانی٢٠١٠ بوو، لەسەر لیستی یەکێتی کەسێکی کاکەیی بە ناوی گۆران ئەدهەم کاکەیی کرا بە قایمقامی هەڵەبجە. ئەو دەم هەڵەبجە نەبببوو بە پارێزگار. لە هەموو لایەکەوە، حزب و کەسایەتی و دەزگا ئیسلامیەکان و مزگەوتەکان کردیان بە هەرا گوایە جۆن دەبێ قایمقامێکی کافر- غەیرە موسڵمان ئیدارەی ئەم شارە موسڵمانە بکات، لە کاتێکدا وڵات هەمووی لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت. بە بیانووی گەندەڵی و شتی تر، فشاریان لەسەر یەکێتی دانا کە لای بدەن و ئەوەبوو هەر هەڵهات لە ولات و چوو بۆ هەندەران. گوایە لە تاو فایلی گەندەڵی و تەقە لە خۆپیشادەران هەڵهاتووە وەک لەوەی قایمقامەکانی شارەکانی تر فریشتە بن. باشە ئەمە لە ئێستادا ئاوها کراوە بە کەسێکی گەیرە موسڵمان ئاخۆ لەو دەمەدا چی بە جوویەک کراوە. بەردبارانکردنی رۆژانە جووەکان و گەڕەکی جولەکان ئەو قاودانە کەمە پڕ لە کینەی کوردە موالیەکانن کە نوقڵ و شێرینیان دەدات بە مندالە ورتکە تاکو بەرد بگرنە جوویەک گەر بەسەر شەقامەکەدا دەڕوات یاخو شەڕەبەرد لەگەڵ گەرەکی جولەکاندا بکەن و شەڕیان پێ بفرۆشن.

لایەنێکی تری عەقڵی سیاسی کوردانی جوو لەو دەمەدا ئەوە بوو کە پشتیوانی لە هەر دەسەلاتێکی کوردی بکەن باشترە وەک لە ئینگلیز و عوسمانلی. سەرباری ئەو ناهەمواریەی ئەوان بە دەست دەسەڵاتی شێخ و موشایەخەکانەوە دەیچێژن کەچی هەستی نەتەوەیی بوونیان ئەوەیان پێدەڵێ کە ئێمە باشترە لەگەڵ شیخ مەحمودا بین وەک لە ئینگلیز و تورک و ئەمەشیان بە حەمەلی ئەنجامدا لەوەی باجی زیاتریان دەدا بەو مەرجەی کورەکانیان نەچن بۆ فێربوونی زمانی تورکی و سەربازگەی تورکی لە کاتێکدا ئەو رەمزانەی ئێمە بە رەمزی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕ و بلیمەتیان دادەنێین خۆفرۆش و جاسوس بوون بگرە لە باشترین سەرباز و ئۆفیسەری تورکی عوسمانلی بوون و کە دەشگەڕانەوە ئیستانبوڵیان وەک بەهەشت باس دەکرد بۆ کوردە موالیەکانی خۆیان. تەنانەت لەو ئەزمون و دەستکەوتە رۆشنبیری و چاپەمەنیانەی لە ئیستانبوڵەوە فیری بوون شتێکی ئەوتۆی نەخستە سەر خەرمانی عەقڵ و مۆراڵ و ویژدانیان و بگرە تورکێکی تر بوون دەرهەق بە جوووە کوردەکانی خۆیان بەڵام لە بەرگی کوردێکی موسڵماندا. ئەەگرنا، کاتێک مرۆڤەکان دونیا دەبینن مێشک و ئاوەزیان فراوانتر دەبێ کەچی ئەوانەی ئێمە تەنها ویستوویانە کۆپی نەتەوە سەردەسەتەکانی خۆیان بکەنەوە. ئایا پیرەمیرد یان تۆفیق وەهبی و گۆران و دیلان و رەفیق چالاک و ئەوانی تر هەموویان چ عەقڵێکی سیاسی ئازادیخواز و پێشکەوتوخوازیان بۆ کوردستان هێنا جگە لە کروزانەوە و کۆپی کردنی کاروکردەوەکانی نەتەوەکانی تری وەک عەرەب و تورک نەبێ.

رەتکردنەوەی ئیسرائیل و رەخنەگرتن لە چەمکی زایۆنیزم و نەچوون بۆ ئیسرائیل و بڕیاردان لەوەی بمێننەوە لە شارەکەی خۆیاندا ئەو رەوتە سیاسیە پیشان دەدات کە جووەکانی سلێمانی عەقڵێکی تر و کوردانەتر و پێشکەوتووتریان هەبووە لە کوردە موسڵمانەکان کە غائیب بووە لە لای منەورینی ئێمە وەک ئەو ناوانەی لە یاداشتەکانی باپیرە خایم و جووەکانی تردا هاتووە. هزری سیاسی ئەو دەمی باپیرە خایم هێند باڵایە ئێستاشی لەگەڵدابێ شایەنی ئەوەیە باس بکرێ چونکە ئەو هزرانە کەم لە دایک دەبن. لە بەرامبەر گەورەترین هێزی کۆڵۆنیاڵستی ئەو دەمی دونیادا کە ئینگلیز بووە و شێخ مەحمود بە ناوی ئیسلام و شەڕی کافران دەیەوێ بجەنگێ لەگەڵیان. کات دوای بوردومانی ئینگلیزەکان دەبێ بۆ شاری سلێمانی، بیری سیاسی باپیرە خایم زۆر لە ئاستێکی بەرزدا دەبێ کە ویستویەتی بچێ بۆ لای شێخ مەحمود پێی بڵێ ” جەنابی شێخ دەستم بە دامانت و دەستەکانت ماچ دەکەم، خەیاڵت لای میللەتەکەت بێت و واز لە غەزاکردن بهێنە. لەبەر خاتری دەستەبەرکردنی بەهەشت بۆ شەخسی خۆت ماڵی کوردان لەمە زیاتر وێران مەکە.” لە یادتە “فڕۆکەکانی ئینگلیز شاریان بوردومان کرد، کردیانە وێرانە و داروبەردی ئەم شاری سلێمانیە خوێنی لێ ئەچۆڕا.” لا٢٦١

کاتێک جووە عەرەبەکان لە فەرهودی عەرەبە موسڵمانەکانی بەغداد رادەکەن و دەبنە میوانی باپیر خایم ئەو رەئی خۆی ئاوها دەردەبڕێ: “رووداوەکان هەموو بە ئاراستەیەکی نادروستدا دەڕۆن، بەرەو ئاراستەیەک کە ئێمەی جوو لەگەڵ نین و هەموومان زەرەرمەند ئەبین، ئەمانە هەمووی پلانە و لە لایەن زایۆنیستەکانەوە پێشوەخت و بەردەوام کاری بۆ کراوە، و عەرەبە شۆفێنیستەکانێش بە بەرنامە تاوان ئەنجام دەدەن.” لا٢٢٧ هەر لەویدا باس دیتە سەر ئەوەی لەوانەیە لە سلێمانیش ئەو حالەتی فەرهود و دەرکردنە رووبدات. باپیرە خایم و میوانەکانیش باسوخواسی ئەوە دەکەن: جا فەلەستین لە کوێ و خەڵکی ئەم شارە لە کوێ، ئەمان حەقیان چیە بەسەر ئەوەوە حاڵی پاشەڵی خۆیان زۆر جوانە. لا٢٢٦

بارودۆخی سیاسی وڵات نەیدەتوانی رێگری لەوە بکات گەر ئەو رەمزانە هەڵویستێکی سیاسیش نا بەلکو ئینسانیان هەبوایە دەرهەق بە دراوسێ و هاوڕێ و هاوڵاتی و هاوکوردە جووەکانی خۆیان هەبوایە. عەقڵی تەسک و دیدی کورتبینیان تەنانەت نەیهێشتووە بابەتێک یان جەند لاپەرەیەک لەو رووداوانەش بنوسنەوە یاخود هەر بیکەن بە مێژوویەک و تاکو نەوەی دادێ پرسیاری ئەوە نەکات ئەرێ رووداوی دەربەدەرکردن و کارەساتی کوردە جووەکان چۆن بوو. ئاخر ماقوڵە هیچ شتێک لەو بارەیەوە نەکراوە نەنوسراوە تاکو بکرێ بە بەڵگە. ‌لەمەش واوەتر، بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیان بوون بە بەشێک لەوەی  باپیرە خایم دەڵێ: زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە سڕینەوەی کولتور و ئاسەوار و هەڵدانەوەی گۆڕی باووباپیرانماندا بەشداربوون. لا٢٠٧

زەمینەی مێژوویی…

دەزانم لێرەدا پرسیارێ زیندوو دەبێتەوە گوایە زەمینەی مێژوویی مەحوی و رەمزەکانی تری ناو رۆمانەکە ئاوها بووە کە دەبوو ئاوها هەڵوێست وەربگرن. بێگومان زەمینەی مێژوویی بنەمایەکی کۆنکرێتیە بۆ هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لە بابەتێک و دیاردەیەک، بەڵام ئایا بۆرەمزەکانی ئێمە دروستە ئەم بەراوردە؟ بێ شیک نەخێر. ئەو عەقڵیەتی خۆ بە کەمزانین و بە کەم تەماشاکردن و تەڵفیسپێکردنی کەمینەکانی نیو کوردەواری کە مەحوی و رەمزە کلاسیکیەکانی تری رۆشنبیری و ئەدەبی ئێمە هەیانبووە ئێستەش لە نێو دونیای ئێمەدا برەوی هەیە. واتە ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستیەی کە ئاین ئایدیۆلۆجیەکەیەتی، عەقڵیەتی دژە کەمینەیی و غەیرە ئیسلامی و خۆ بێ نرخکردن لە ئیستەد لە ەهر کات زیاتر برەوی هەیە. رۆژانە لە دەزگا و کەسێتیە ئاینیە جۆراوجۆرەکانەوە سوکایەتی بە یەزیدی دەکرێ بەوەی سەگن و پیسن و ئەهلی ئاگرن. رۆژانە دەبینین کە چۆن رەمزە ئاینی و قەلەمە بەدەستەکان چۆن خۆیان دەکەنە نۆکەری سەرۆکە ئیسلامیەکانی وڵاتانی دەروبەر. مەلا مەزهەر کە کەناڵی تایبەتی سەتەلایتی خۆی هەیە، لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەلێ: خاک و ئاو و ولات و داروبەرد هەمووی بە قوربانی پێڵاوەکانی “ئیمامی عومەر” بێت.

هەر ئەم عەقڵیەتەیە کە شاعیر و رۆشنبیری کورد بەشێوەی تر دەردەبڕن. هەڵوێست وەرگرتن و دەقی نوسراوی ئەدەبی لە بەرامبەر فەلەستین و دژ بە ئیسرائیلی هارەی دێ لە نیو نەوەی نوێدا. عەبدوڵا پەشێو و شێرکۆ و رەفیق چالاک و توفیق وەهبی و گۆران و …هتد ئەو چەندان نمونەی ولاتی ئێمەن کە لە زەمینەی ئیستاکێدا هەمان زەمینەی مێژوویی رەمزە کۆنەکان خراپتر دووبارەدەکەنەوە. بیانوویەک هەیە گوایە خودی نوسینی مەحوی و ئەوانی تر بە زمانی کورد لەو زەمەنەدا ئەوە بۆخۆی هەموو شتێکە هەرجەندە مەحوی، دیارە زۆری تر هەن بەڵام من  لێرەدا مەحوی وەک نموونە باس دەکەم، ملکەچ و دەست لەسەر سنگی بۆ سوڵتانی عوسمانیەکان بووە. یاخود ئاسانترین راکردن ئەوەیە بڵێی ئێمە هێشتا وەک میللەتێک نەخەمڵیوین. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەیە ئێمەی بەم رۆژە تاریکە گەیاندووە. بە پێچەوانەی ئەو دیدەوە، من دەڵێم گەر مەحوی بە کوردی نەینوسیبایە هەر هیچ حسابێکیان بۆ نەدەکرد چونکە کوردی بوونەکەی ملکەچی و رازی بوونئ کوردانی تری بە دوای خۆیدا دەهێنێ بۆ دەموجاو جوانکردنی عوسمانلیەکان لای وڵاتی کوردەواری. بابەتی میللەتێکی نەخەمڵو بووین شکۆی ئەو رەمزانە بەتاڵ دەکاتەوە جونکە ئەو رەمزانە بە فەخری میللی و نەتەوەیی دادەنڕین کەواتە بناغەدانەری کوردی نوسین و دەقی ئەدەبی نەتەوەیی ئێمەن… ئەمانە و جەندان خالی تر کە بێ بنەما دەمێننەوە کاتیک بمانەوێ بڕوبیانوو بهێنینەوە بۆ شەرعیەتدان بە بێ نرخکردنی کەمینەی کوردەواری یاخود بۆ بێ دەنگی و بێ هەلویستی بەرمابەر کارەساتی جووە کوردەکان. جا بۆیە بە لەبەرجاوگرتنی ئەو چەند خالەی سەرەوە بڕوبیانوی زەمینەی مێژوویی بنەمایەکی کۆنکرێتی نیە لەم بابەتەدا.

لە نێوان نوسینی عیبری و نوسینی ‘کوردی”دا…

  جووەکان کورد نین گوایە زمانی ئەسڵیان عیبریە و کوردی نیە. لێرەدا دوو خاڵ بە پێویویست دەزانم باسی بکەم. یەکەمیان، ئەو باکگراوندە مێژووییە کە لە سەرەتای ئەم باسەوە ئاماژەم پێداوە کە کوردبوون کێیە و کێ دەتوانێ بە خۆی بڵێ کورد بەو پێودانگە مێژووییەی د. جەمال رەشید ساغی کردۆتەوە. واتە هەر قەوم و قیلەیەک لەم ناوچانەدا ژیابێ بە زمان و نوسین و فەرهەنگی کورد بووە و زمانی عیبریش یەکیکە لەو زمانانە. دووەم، ئاین دەورێکی سەرەکی هەیە لە مەسەلەی نوسین و زماندا، بۆ نموونە عەرەبی دەبی بە سەرچاوەیەک بۆ دامەزراندنی ئەلف و بیی نوێی کوردی. دیارە هیچ عەیبێک لەمەدا نیە. یابانیەکان خۆیان بە ئاشکرا دەیڵێن کە شێوەی نوسینی یابانی لە چینەوە هاتووە. واتە، هەر وەک چۆن کوردی بە ئەلف و عەرەبی دەنوسرێ بێ ەئوەی عەرەبێک بتوانێ لیی تێبگات، یابانیش بە یەکیک لە شێوەزارە چینیە مێژوویەکان دەنوسرێت بێ ئەوەی چینیەک بتوانێ لیی تێبگات.  پرسیاری من لێرەدایە کاتێک نوسینی جوو بخرێتە ژێر پرسیارەوە گوایە بە عیبری دەنوسن و کورد نین هەمان پرسیاریش با لە خۆمان بکەین بۆ بە ئەلف و بێی عەرەبی دەنوسین. ئەوسا و ئێستاش زمانی سەردەست چ ئاینی یان رۆشنبیری یان سیاسی یان تەکنۆلۆجی بێت نەتەوە ژێر دەستەکان بەوپەڕی کەماڵیەت و فشەییەوە وشە و دەستەواژەکانیان بەکار دەهێنن. بۆ مەلایەک و رۆشنبیرێک و سیاسیەک و ئایدیۆلۆجیەکێش هەر وایە. بەڵام من تەنها ئاماژە بە رەوتە رۆشنبیریەکە دەدەم کاتێک باسی مەحوی یان نالی و هتد بکرێ رۆشنبرانی ئێمە وشەی (حضرة)ی عەرەبی دەکەن بە حەزرەت. حەزرەتی نالی، حەزرەتی مەحوی گوایە ئەم وشەیە هەیبەتی خۆی هەیە و دەکرێ بە لەقەبێکی گەورە بۆ رەمزی گەورە.

بابەتێکی گرنگتر هەر سەبارەت بە زمان گرنگە باسی بکەم لەم بارەیەوە. هەورامی لەهجەیەکی کوردی نیە و زمانێکی سەربەخۆیە، کاک فەرید ئەسەسەرد نوسینێکی بە پیزی هەیە بە ناوی (هه‌ورامی‌ زمانێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه, دیالێكتێكی‌ زمانی‌ كوردی‌ نییه‌) ، هەروەها بۆ زۆرێک لە شێووەزارەکانی تری وەک لوڕی و کەڵهوڕی و گۆرانی و هەروەها زمانانی کرمانجی و بادینی. بەهەرحاڵ، ئەوەی کە من دەمەوێ بیڵێم، بە پێوەرکردنی زمانی سۆرانی یاخود کرمانجی بۆ کوردبوون و کوردی نوسین بیرکردنەوەیەک نادروست و هەڵەیە. وەک د. ئەمیر حەسەنپور دەیگوت، فاشیزمی سۆرانی، ئەوە فاشیزمی سۆرانیە کە پێی وایە هەر جۆرە نوسینێک وەک ئەمەی ئەوان نەبێ، ئەوەی کە من ئیستە پیی دەنوسم، ئەوا کوردی یان کوردی ئەسڵ نیە و فەرعە. گوایە هەردوو ئاخێوەرانی سۆرانی و کرمانجی رەگەکەن و شێووەزارەکانی تر قەد و گەلاکانین. ئەم هەلە خوێندنەوەیە لە لای کرمانجیەکانێش هەر وایە. لە یەکیک لە بۆنەکانی ولاتی کەنەدا کە بۆ پشتیوانی رۆژئاڤا سازکرابوو، لەسەر فەهرەستی بۆنەکە نوسرابوو: بە هەردوو زمانی کوردی و سۆرانی وتارمان دەبێت. ئەو کەسەی ئەمەی نوسی بوو کەسێکی بە شەهادە و رۆشنبیرێکی کرمانی بوو. لێرەوە من دەمەوێ بڵێم کە بە عیبری نوسینی جووەکان هیچ شتێک لە کوردبوون یاخود کوردستانی بوونیان کەم ناکاتەوە.

 جووی کورد و جووی میللەتانی تر

جوویەکی کورد خۆی بە کورد دادەنێ و جوویەکی فارسیش خۆی بە فارس و جوویەکی ئەڵمانیش خۆی بە ئەڵمانی و ئینگلیزی بە ئینگلیزی و هۆڵەندی بە هۆڵەندی دادەنی… هتد. جوداییزم ئاینێکە و ئایدیۆلۆجیایەکە هەر کەس لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بێ دەتوانێ هەڵگری بێ جا سەرجاوەکەی لە هەر کوێیەکەوە هەلقوڵابێ. جووە کوردەکانی ئیستای ئیسرائیل چونکە لە کوردستان ژیابوون، گەر زمانی عەرەبی و فارسیشینا زانیبێ وەک چۆن زۆربەی کورد دەیزانین، ئیستاش خۆیان هەر بە کورد دادەنێن و نەوە دوای نەوەی خۆیان فێری کوردی و کەلتور و دەستوری کوردی کردووە. جلوبەرگی جووە کوردەکان هەمان جلوبەرگی کوردێکی تر بووە کە لەو ولاتەدا ژیاوە. لە هەموو جەنگەکانی ئەوروپادا هەر لە سەدەی هەژدە و نوزدەوە تاکو دوایین جەنگی جیهانی یەکەم جوویەکی روسی لەبەرامبەر جوویەکی ئەڵمانیدا شەری کردووە چونکە هاولاتی بوونیان لەو ولاتەی تێیدا دەژیان سەنگی مەحەک بووە نەک ئاینیەکەیان هەر وەک چۆن مەسیحیەکی روسی لەگەڵ مەسیحیەکی ئەڵمانیدا بە جەنگ هاتووە. کاتێک باپیرە خایم لە ناو دڵی ەئوروپاوە دێتەوە بۆ کوردستان و نایەوێ سلێمانی بەجێ بهێڵێ، یاخود لەگەڵ جووەکانی تری کوردستان دژ بە بیری زایۆنی دەوەستنەوە  و ولاتی ئیسرائیل بە هی خۆیان نازانن و کوردستان بە ولاتی خۆیان دەزانن رەمز و نوخبەکانی ئێمە، مەبەستم کوردە موالیەکانە واتە کوردە ئاینزا موسلمانەکان وەک گۆران و تۆفیق وەهبی و رەفیق جالاک و ئەوانی تر بە خۆبەخش دەچوون خۆیان گیانفیدا دەکرد بۆ فەلەستین.

ئایا فەلەستین پرسێکە وەک پرسی کورد؟

لێرەدا نامەوێ زۆر رۆ بچمە ئەم باسەوە و دەشزانم قسەوباس زۆر هەلدەگری بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بەم باسەوە هەبی یەک دوو شت دەڵێم؛ دەڵێم فەلەستین وەک کورد پرسێکی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانی گەورە نیە. بەرحەق بوون مەسەلەیەکە و پرس بوون مەسەلەیەکی تر. ئەوەی کە وای لە شاعرێکی کورد دەکرد وشەی گریاناوی و گڕاوی بۆ فەلەستین هەڵبڕێژێ و رەمزەکانی بچن خۆیان فیدای فەلەستین بکەن هیچ عیلم و خەبەرێکیان نەبووە لەسەر پرسی نەتەوەیی و سەربەخۆیی میللەتان و میللەتەی خۆیان، ئەوەی هەبووە ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستیە ئاینگەرا ئایدیۆلۆجیگەرایە بووە، بە ئیسلامی و چەپ و قەومیەوە، کە هەموانی هێناوەتە سەر هەلەکە سەما گوایە فەلەستینی ئیسلامی لە لایەن جووی ئیسرائیلەوە داگیرکراوە. ئەگەرنا، چ ئەوسا و چ ئیستاش جیاوازی لە نیوان قەزیەی کوردی و فەلەستینیدا ناکەن. من لایەنە ئینسانیەکەی فەلەستین باس ناکەم کە هەر کۆمەلە خەڵکیک لەهەر کوێیەکدا بژین دەبێ هەموو مافێکی خۆیان هەبێ بێ کەم و زیاد بەڵکو ئەو بارە مێژوویی و پێوەرە میللی و جوگرافیە نیشتمانیە لەبەرچاو دەگرم کە وادەکات پرسی کورد شتێک بێ و فەلەستین شتێکی تر. گەر هۆشیاری پێویست چ ئەودەم و چ ئیستاش لە نیو دەستەبژێری کوردا هەبوایە خۆیان نەدەکرد بە شەرمێکی مێژوویی کە دەست بەرداری پرسی خۆیان ببن و روو لە کێشەی وڵاتانی تر بکەن لە کاتێکدا ئەوە زۆر ئاسان بوو لەوە تێبگەی کە بیست و دوو دەولەتی عەرەبی هەیە بە چواردەوری فەلەستینەوە ئەوە خەمی ئەوانە نەک خەمی ئەوەڵی تۆی کورد. ئەم هزرە کۆنەپەرستیە کە سەرچاوەکەی ئایدئۆلجیای ئاینی و نەتەوەیی پەرەستی عەرەبیە ئیستاش لە نیو نوخبەی ئێمەدا برەوی هەیە بێ ئەوەی بزانن لە چ وێرانەیەکی مێژووییدا پاڵیان لێداوەتەوە.

ئایا کورد لێبوردە و کراوە بوون بەرامبەر بەوانی تر؟

یەکیک لەو قسەوباسانەی لە نیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری ئێمەدا زۆر جاران باس دەکرێ گوایە کورد خەڵکانێکی زۆر لێبوردە و کراوەن و ئامادەیی قبوڵکردنی ئەوانی تریان هەیە. لە راستیدا ئەمە وانیە. ئایدیای زال لیرەدا ئایدیای کوردی موالیە، کوردی ئاینزای موسڵمانە. واتە ئەو چینە لە کورد خۆی دەکات بە سەرداری ئەوانی تر و خۆی دە خاوەنی کورد دادەنێت. وەک پێشتر باسمان کرد کەس ناتوانێ بە رەهایی خۆی بەو کوردە سەردارە دابنێ کە کوردی موسڵمان دەیکات. کرانەوە و لێبوردەیی و قبولکردنی ەئوانی تر رێک لەو هزرە چینبەندی سەرکیەوە هاتووە کە زۆرینیە کوردی موسڵمانن، گوایە ئەوان، واتە ئێمەی کوردی موالی، دڵمان کراوەیە بەرامبەر بەوانی تر وەک  جوو و کاکەیی و یەزیدی و فەلە و ..هتد. کور، مەبەستم کوردی موسڵمان ئاینزا، کراوە و لێبووردە بووە لە بەرمابەر نەتەوە سەردەستەکانیدا وەک عەرەب و فارس و تورک. ئەگەرنا، لە بەرامبەر کەمینیە ئاینیەکانی تری کورددا ئێجگا بێ رەحم و دڕەندەش بوون. دەرکردن و راگواستینی جووەکان لە نیوەی سەدەی رابردوودا لە کوردستان بە بەرچاوی رەمزە مێژژوویەکانی ئێمەوە و بەو کارەساتە جەرگبڕانەی تێیدا روویانداوە، پەلاماری بەردەوامی ئیبراهیم پاشای بابان و پاشای کۆرە بۆ سەر یەزیدیەکان و کوشت و بڕ و بە جاریەکردنی کچ و ژنەکانیان، کوشتوبڕی ئاشوریەکان لە سالانی ١٩٣٠کاندا کە بە قەسابخانەی سیمێل نادەبرێت و هۆزەکوردەکان دەوری سەرەکیان هەبوو تێیدا کە سەرچآوەی بەریتانی دەڵین و شەش سەد و ئاشوریەکان خۆیان دەلێن سێ هەزار مەسیحی ئاشوریان قەتڵ و عام کرد. کوشتنی دوعای کجە یەزیدی بە دەستی یەزدیەکان گوایە لەگەڵ کوڕێکی موسڵماندا پەیوەندی بەستووە، بوو بە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کرێکارە یەزیدیەکان شارەکانی سلێمان و هەولیر بەجێ بهێڵن یاخود خۆ بشارنەوە تاکو ماوەیەکی زۆر چونکە بەرەو تەعدا و سوکایەتی دەبوونەوە لە لایەن کوردە موسڵمانەکانەوە. ئەم روودوانە و چەندانی تر ئەو مەقوەلەیە بەتاڵ دەکاتەوە گوایە “کورد” لێبوردە و بەخشندەن و قبوڵی ئەوانی تر دەکەن.

راسانێک بۆ ئیستا…

“ئیستای هەر میللەتێک مێژووەکەی دروستی کردووە.”

 نیشتمانی سارا، وەک ئەو رێژە زۆرە لە رۆمان نیە کە رۆژانە چاپدەکرێن لە وڵاتی ئێمە و زۆربەیان هیچ بایەخێکی ئەکادیمی و ئەدەبی و سەلیقەیی نوسینیان ئەوتۆیان تێدانیە. چونکە، نیشتمان سارا هەر بە تەنها بەرهەمێکی ئەدەبی جوان و پاک و بوێر و بەرز نیە بەڵکو کتێبیکە چەندان چەمک و تێگەیشتن و باسوخواسی مێژوویی و فکری هەڵگرتووە کە نەوەی تازەی دونیای ئەدبەی و رۆشنبیری ئێمە دەبێ مینەیان بکات. ئەوەی میران ئەبراهام لەو رۆمانەدا باسی دەکات راستیگەلێکن چقڵەکەی دەچێ بە چاوی هەر یەکێکماندا گەر بێتوو نەهی بکەینەوە، چونکە مێژوویەکە شوێنەوارەکەی لە هەموو ئاستێکی روحی و مادیدا بوونی هەیە و تەنها ئەوەیە خامە بەدەستەکانی ئێمە، رەمزەکانی ئەودەم بە تایبەت و ئەم دەمی ئێمە نوسینیان لەبارەوە نەکردووە چونکە خۆیان گونهکار و تاوانبار و بێ هەڵوێستباری یەکەم دەردەچوون.

هەر وەک چۆن نیلسۆن ماندێلا دەڵێ گەر دەتەوێ تورک بناسیت ئەوا رۆژێک ببە بە کورد، با ئێمەش بڵێین گەر دەتەوێ ئازاری دڵقرجاو بچێژیت ئەوا رۆژێک ببە بە جوو لەو رۆژگاری جەنگی دووەمی جیهانیەدا. ئەو ژیانەی بەسەر جووەکانی کوردستاندا هاتووە، میران ئەبراهام زۆری باس نەکردووە چونکە لەوانەبوو بە زیادەڕۆیی تەماشا بکرایە، هەر ئەوەش بەسەر جووەکانی رۆژئاودا هات. ئەرکی نەوەی ئیستایە، ئێمەیە کە دەبێ بە جەسارتەوە باسی ئەو “ئەنفالە” تەدوین نەکراوەی جووەکان کوردستان بکات و راستیە مێژووییەکان لە شوێنی خۆی دابنێنەوە. لەوانەبێ کەسێ بڵێ جا گەر بەم دیدە بێ ئەوا مێژووی رەمزە رۆشنبیری و ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێمە دەبێ هەمووی بچێتە ژێر پرسیارەوە؛ من دەڵێم بەڵێ هەمووی دەچێتە ژێر پرسیار و رەخنەی جدیەوە گەر راستگۆبین لەگەڵ خۆماندا. ئێمە غەدری مێژووییمان لە جووەکانی خۆمان کرد و بێکەس کوژمان کردن و بەر بەرچاوی خۆمانەوە هەڵماندانە لاپەرەی لە بیرکراوی مێژووەوە، بۆیە هەمان جارەنووس بەرەو رووی خۆمان بۆیەوە بەوەی غەدرمان لێکراو و بێکەس کوژکراین و فڕی دراوینەتە دەرەوەی مێژووەوە. ئێمە وەک نەوەی ئیستا دەبێ بەسەر ئەو رابردووەدا بچینەوە و لاپەرەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن و هەڵوێست وەرگرتن لەمەڕ کارەساتی مێژوویی کوردە جووەکان هەڵبدەینەوە، وەک چۆن تەواوی میللەتانی دونیا بەسەر مێژووی خۆیاندا دەچنەوە و پەشیمانی دەردەبڕن. ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دەکەن بە بنەمای ژیانی نوێیان ئێمەش دەبێ ئەوە بکەین ئەگەرنا هەر بەرەو داڕووخانی ززیاتری روحی و مەعریفی و ویژدانی و مۆراڵی رۆدەچین.

 ساڵی ٢٠٠٩ ئەرمینیەکانی وڵاتی کەنەدا کۆڕێکیان سازدا لە بنکەی رۆشنبیری خۆیان دەربارەی کورد و ئەرمەن و پەیوەندیەکانیان. سێ کورد لەو کۆڕە ئامادەبوون. یەکیک لە پێشکەشکارەکانی کوڕەکە کوردێکی رۆژهەڵات بوو، و من و کەسێکی تریش وەک میوان دانیشتبووین. کوڕەکە ئیستاش لە ئەرشیفی خۆیاندا هەڵگیراوە. جگە لە هەندێ باسی تر، من باسم لەم دیدە کرد کە لەم نوسینەدا خستومەتە روو، هەر بە دوای ئەوەدا یەک دوو کەسی ئەرمەنی خەڵکانی دێرینی دیاربەکر باسیان لە هەڵویستێکی عوسمان بایدەمیر کرد. گوایە سەردانیان کردووە و سەبارەت بە رەوشی رابردوو قسەوباسیان لەگەڵدا کردووە لەوانە مەسەلەی زەوی و زاری ئەرمەنەکان. گوتیان بایدەمیر دانی بە هەموو راستیە مێژوویەکاندا ناوە و ئەو وەک خۆی ئامادەیی دەربڕیوە تەعویزی هەر مولک و زەوی و زارێکیان بکاتەوە کە لە رابدروودا لێیان زەوت کراوە. ئەم هەڵوێستە نیشانەی تێگەیشتنێکی قوڵ و هەنگاوێکی راستەقینەیی ژیانی هاوبەشانە و مرۆڤدۆستیە و لە هەر جێگەیەکی تری کوردستان گرنگە چاوی لێ بکرێ نەک هەر بەخاتری دانپێدانان و بەس، بەڵکو دەبێ ببێتە بەشێک لە مۆراڵ و بیر و ئەخلاقیاتی ئێمە بۆ ئێستامان و نەوەکانی داهاتوومان. نێوەندی رۆشنبیری و ئەهلی قەلەم و فکر و ئەدەبی ئێمەدا دەبێ ئەم بابەتە، ئەنفالی راگواستن و دەرکردن و پەلاماردانی کوردە جووەکانی کوردستان، بکەنە جێگەی قسەوباسێکی گرنگ؛ چونکە ئەو بابەتە ئێجگار دەوڵەمەندە و مێژووی ئێمە نەک هەر لەو شەرمە دادەماڵێ بەڵکو دەوڵەمەندی دەکات.

 ئەو سەرچاوانەنەی بۆ ئەم نوسینە سوودم لێ بینیون:

یەکەم: نیشتمانی سارا، رۆمان ٢٠١٩، میران ئەبراهام

دووەم: دەرکەوتنی کورد لە مێژوودا، د. جەمال رەشید، ٢٠٠٥

سێیەم: شەرمی شار شەرمی مێژوو، هەوراز محەمەد، سایتی وێژەیی ناوەخت، ٢٠٢١

چوارەم: گۆڤاری ئەلەکترۆنی تاراوگە، رەزا شوان، دوو خوشکی کوردی جووی گۆرانیبێژی لە یادکراو، ٢٠٢١

پێنجەم:  شار جەنگی جیاوازیەکان، سمکۆ محەمەد، ٢٠٢١

شەشەم: دیوانەکانی مەحوی، بێخود، سالم

 

بابەتێک لە پاشکۆدا….

سەلماندنێکی مێژوویی ئێستا بۆ نیشتمانی سارا

ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە لەم دوو سێ رۆژەدا لە کوردستان روویداوەبەڵگەیەکە خۆی بە پای خۆی دەڕوا و هاوار دەکات رۆمانی نیشتمانی سارای میران ئەبراهام رۆمانێکی کوردی پاراوی هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگەی کوردیە بە خوێن و گۆشت و بەڵگە و کاغەز و وێنە و کەشکۆڵی نوسراوی مێژووییەوە.

هەواڵێک ئەمشەو گوێ بیستی بووم:

سایتی وشەنێت هەواڵێکی داگرتووە کە پێرێ شەو چوار کەس دەچنە سەر گۆرستانێک لە گوندی ژاڵەناوی سەر بە شارۆچکەی دەربەندیخان. ئەو کەسانە  خاکەناز و بێڵ و کەرەستەی ترین پێ بووە بۆ هەڵدانەوەی هەندێ گۆڕ. ئەو کەسانە گومانیان هەبووە کە لەو گۆڕستانەدا گۆڕی جووە کوردەکانی سەدەی پێشووی لێیە و ویستویانە هەڵی بدەنەوە گوایە زێڕ و گەوهەر و توحفەی تێدایە. درۆکانی سەدەی رابردوو وا باو بوو کاتێک جووەکان کە دەمرن شتی گرانبەها لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر گڵەوە. ئەمە بۆ ئەو کەلتورە ئاینیەی کوردانی جوو، هەروەها جووی میللەتانی تریش، دەگەڕێتەوە کاتێک مردوویان لێ مردووە هەر بە جلوبەرگی خۆیەوە و بە هەموو شتێک کە هەیەتی یاخود کەسەکە خۆی دەیەوێ لە رۆژی ژیانئاواییەکەیدا لەگەڵ لاشەکەیدا بخرێتە گۆڕەوە. لە عێراق و لە کوردستانیش پڕوپاگەندەی عەرەبی قەومی و ئاینی پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە زێڕ و خشڵ و پارە هەیە لە ناو گۆڕی جووەکاندا و وایان لە خەڵک کرد کە گۆڕەکانیان هەڵبدەنەوە، بەڵام راستیەکەی ئەوەبوو دەیانویست ئاسەواری هیچ شوێنێک نەهێڵنەوە کە هی جووەکان بێ و هەروەها شوێنی گؤرە چۆڵ کراو و هەڵدراوەکان بکەن بە شتێکی تر بۆ چآوچنۆکی بزنسی بەکاربهێنن.

ئەم باسە میران ئەبراهام لە رۆمانی نیشتمانی سارادا بە وردەکاری باسی دەکات کە چۆن لە سلێمانی خەڵک بە کۆمەڵ شەوانان دەچوون گۆڕەکانی جووەکانیان هەڵدەدایەوە بۆ ئەوەی خشڵ و زێڕیان لێ دەست بکەوێ. ئەم دیاردە دزێوە لە نیشتمانی سارادا لە ریگەی سارای یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی ناو رۆمانە واقعیەکەی زۆر بە وردی وپڕ ئازارەوە لەگەڵ ناونیشانی گۆڕستان و گۆڕەکانەوە بە شێوەیەکی دراماتیکی ئەدەبی باس دەکات کە مرۆڤ ناتوانێ هەست و ویژدانی نەکەوێتە ژێر مەنگەنەی ئینسانی بوونیەوە. ئەو شوێنانەی کە گۆڕستانی کوردە جووەکان بوون و ئێستا کراون بە شەقام و خانوو و دوکان هەمان ئەو وتە بە ناوبانگەی سیاتڵی سەرکردەی نەتەوە بوومیەکانی کیشوەری ئەمریکامان دەهێنێتەوە یاد کە بە ئینگلیزەکان دەڵێت ئێوە تازە خاکەکەی ئێمەتان داگیر کرد بەڵام خۆتان و نەوەکانتان ئەوە باش بزانن کە ئەو خاکەی بەسەریدا دەڕۆن ئەوە خۆڵەمێشی ئیسک و پروسکی ئێمەی لە ژێردایە کە بەدەستی ئێوە لە ناوچوون. هەر بۆیە هەڵدانەوەی گۆڕەکانی جولەکە لە لایەن موسڵمانەکانەوە ئەخلاقێکی ناشیرین و دژە مۆراڵی و ئینسانی تەنانەت دژە خوایی و ئاینی خۆشیان بووە کە گۆڕ نابێ هەڵبدرێتەوە گەر هی هەر کەس و ئاینزایەک بێت.

ئەم رووداوە تازەیەی کە روویداوە لە شارۆچکەی دەربەندیخان جەخت لەسەر راستی ئەو رووداوانە دەکاتەوە کە لە نیشتمانی سارادا روویانداوە. ئەوانەشی کە قەڵس بوون بەو رۆمانە و راستیەکانی ناوی یاخود ئەو کەسانەی گومانیان هەبووە لەوەی ئەو رۆمانە لە یەک دوو رۆمانی ترەوە وەرگیرابێ وەک رۆمانەکانی “شلۆمۆ کوردی و کۆترباز” ئەم رووداوە دەیسەلمێنێ نیشتمانی سارا لە نیشتمانی باپیر و داپیر و دایک و بابی میران ئەبراهامدا روویداوە بێ ئەوەی هیچ یەکی لەو بەڵگە و وێنە و نوسراوانە بخرینە روو کە نیشتمانی سارای پێ نوسراوە.

 ئەم رووداوەی شارۆچکەی دەربەندیخان دووبارەبوونەوەی مێژوویەکە کە سەدەی رابردوو بەسەر کوردانی جوودا هات لە کوردستان، ئەم هەوالە بە زیندوو راگرتنی مێژوویەکی حاشا لێنەکراو و مۆری مێژووی لێدراوە وەک شوێنەواری ئەو قفڵ و کێلونە کۆنینەی بە دەرگای ماڵێکی جووە لێدراوە وەک لە وێنەی سەر بەرگی نیشتمانی سارادا دیارە، ئاماژەیەکی دێرۆکیە بۆ هەبوونی کوردانی جوو کە کوردی رەسەنی کوردستانن و بە زۆری زۆردارەکی کوردستانیان پێ بە جێهێشتوون و رووح کوردبوونیان هێندە پاک و بەرزە ئێستەش نەوە دوای نەوەیان لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بن، بە تایبەت لە ئیسرائیل، بە کوردی دەئاخڤن و بە کوردی ستران دەبێژن و کوردبوون بە ناسنامەی رەگەزی و نەتەوەیی خۆیان دەزانن. کورد ئاخاوتن لێرەدا لە دیدی منەوە بە مانا کلاسیکیە قەومیەکەی نیە بەڵکو بریتی لە ناسنامەی بوونی، وجودی، مرۆیی کەسێک وەک ئەوەی هەبووە و ئیستا هەیە.

ئەوەی خوارە لینکی هەواڵەکەیە:

 https://www.facebook.com/watch/live/?ref=watch_permalink&v=922627341714401

ئیدریس مستەفا

١٦ی ٣ی ٢٠٢٢