کارکردن لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک لە ڕێگەی هونەر

Loading

 

ئامادەکردنی: راز حسن*

ئارت پڵەس Art+ “دوو کاری هونەری نوێی گرافیتی لەسەر شەقامەکانی سلێمانی ئەنجام دا کە یەکێکیان لە گەڕەکی سەرچنارەو بە ناوی “هەسارە شینەکەما شاکارێکە نەوەک زبڵدان” و ئەوی تر لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود. کە هەریەکێکیان پەیامێکی تایبەتی دەگەیەێت.
ئارت پڵەس ڕێکخراوێکی سەربەخۆییە لە ئێستادا نەبیل موسا وەک ژینگە پارێزێک و پارێزەری ئاوی بەشی سەروی ڕوباری دیجلە لە عێراق و سەفین موحەمەد وەک دیزاینەری گرافیت سەرپەرشتی دەکەن. پێکەوە کاری گرافیتی شەقام ئەنجام دەدەن و تێکەڵی دەکەن لەگەڵ بابەتە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسەت. لەم چەند کارەی سەرەتایاندا لە لایەن ڕۆژنامەی هاوڵاتی و پارێزەرانی ئاو لە عێراق و رێکخراوی سروشتی عێراقەوە هاوکاری کراون، بەڵام نەبیل باس لەوە دەکات کە دەیانەوێت کارەکانیان فراوانتر بکەن و پەیامی گەورەتر بە خەڵکی بگەیەنن لە ڕێگەی هونەری سەر شەقامەوە بۆ ئەمەش پێویستیان بە هاوکاری زیاتر دەبێت.

یەکەم کاری گرافیتی ئەم هونەرمەندانە کە لەسەر شەقام ئەنجامیان داوە لە شەقامی شۆرشی شاری سلێمانی بوو، کۆنسێپتی کارەکە ئاماژە بە گیان لەدەست دانی پێشوەختی ٧ ملیۆن خەڵک دەدات کە ساڵانە بە هۆی پیس بونی ژینگەوە روودەدات.
لەم کارەی دواتر کە لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود ئەنجامیان دابوو نەبیل وتی، “لەم شوێنەدا بەهۆی دروستکردنی ئەندەر پاسەوە جادەکە تێکچووە و قەرەباڵغی پێوە دیارە لەبەرئەوە ویستمان شتێک بکەین کە خەڵکی بەهۆییەوە خێراییان کەم بکەنەوە لەم شوێنەدا بۆیە هەستاین بە دروستکردنی شەش دەربڕینی روخساری کە دەکرێت هەرکەسێک بەوێدا تێبپەڕێ هەست بکا کە خۆی لە یەکێک حاڵەتەکاندایە”.
نەبیل باسی لەوە کرد کە بۆ ئەو کارە مۆڵەتیان لەو کۆمپانیایە وەرگرتووە کە کاری ئەندەر پاسەکە دەکەن هەروەها قسەیان کردووە کە دوای تەواو بوونی پرۆژەکە کاری گرافیتی لەسەر دیواری ئەندەر پاسەکە بکەن.

“هەسارە شینەکەمان شاکارێکە نەوەک زبڵدان” کارێکی تریانەو لەسەر دیواری ماڵێک لە گەڕەکی سەرچنار نزیک پاک سیتی ئەنجامیان داوە. کارەکە ئامەژە بۆ پاشەڕۆی خەڵکی و زێرابەکان یاخود نەوت دەکات کاتێ دەڕژێتە ناو ئاوی پاک و ئیتر زیندەوەرانی ناو ئەو ئاوە چیتر بەرگەی ئەو هەموو پیسییە ناگرن. لە کارەکەیاندا ماسی و کیسەڵێک پیشاندەدەن کە ئەو ئاوە پیسە بەجێدەهێڵن.
نەبیل سەبارەت بەو کارە بە سولی ئۆن وێبی وت، “ئەو دیوارەی کارەکەمان لەسەر کردووە ١٠ مەتر بەرز و ١٥ مەتر پان بوو ئەمەش پێویستی بە سێ ئەسکەلە دەکرد بیدەین لە یەک کە سەرکێشیەک بوو بەڵام بەردەوام بوین و بە ماوەی مانگێک کارەکەمان تەواو کرد.”

 

 

 * سەرچاوەی  بابەت ؛  مالپەڕی سولی ئۆن وێب