ـ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌لیس مونرۆ ـ
ئاماده و وه‌رگێڕانی: بڕوا عه‌لادین
هه‌موو ساڵێك، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵدا پێشبینی و ئاره‌زووه‌كان بۆ نوسه‌ره شایسته‌كانی ئه‌ده‌ب ده‌بنه بابه‌تێكی گه‌رمی میدیاكانی سوید و جیهانیش! له به‌ر جیاوازی چێژ و هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆڤه‌كان بۆ كاری ئه‌ده‌بی، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كولتوره‌كان پابه‌ندی بڕێك به‌های جۆراوجۆرن كه هه‌ندێكیان بابه‌تین، به‌هاگه‌لێكی تریش تایبه‌تی و ژیارین، هه‌ر بۆیه كه‌متر ڕێده‌كه‌وێت لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر دڵی هه‌مووان خۆشبكات و بتوانێت به بڕیاره‌كه‌ی، كه‌س له‌خۆی نه‌ڕه‌نجێنێت!
دیاره ئه‌مساڵیش وه‌ك ساڵانی ڕابردوو، لیستی ئه‌و شاعیر و ڕۆماننوسانه‌ی بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵی پێشنیار كرابوون ناوی گه‌وره‌گه‌وره‌ی تێدا بوو: بۆ نمونه جگه له ئه‌دۆنیس، له دیارترینیان نوسه‌ری به‌ناوبانگی هه‌نگاری (پێته‌ر ناداش) بوو كه به ڕۆمانی (كتێبی یاداشته‌كانی یاده‌وه‌ری) به‌ناوبانگه، هه‌روه‌ها خانمه نوسه‌ری بێلاروسی (سڤێتلانه ئه‌لێكسێڤیچ) كه به به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ك (جه‌نگ سیمایه‌كی ژنانه‌ی نیه)، ناسراوه، سه‌رباری بڕێك نوسه‌ری ئاسیایی كه به وته‌ی هه‌ندێك له چاودێران كه‌متر شانسی هه‌ڵبژاردنیان له‌م ساڵدا هه‌یه.
ده‌رگا ئه‌فسوناویه‌كه ده‌كرێته‌وه
وه‌ك نه‌ریته باوه‌كه‌ی خۆی، كاتژمێر 1 ی پاشنیوه‌ڕۆی به‌رواری 10 ی ئۆكتۆبه‌ری 2013، پرۆفیسۆر پێته‌ر ئێنگلوند
له‌به‌رچاوی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوسانی دنیادا، به ئارامی و جۆرێك له متمانه به‌خۆبوونه‌وه ده‌رگا ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی ئه‌كادیمیای سویدی له گامله‌ستان كرده‌وه و هه‌واڵه گه‌وره‌كه‌ی به جیهان ڕاگه‌یاند: هه‌واڵی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی ساڵی 2013 به خاتو (ئه‌لیس مونرۆ) كه یه‌كه‌م نوسه‌ری كه‌نه‌دی و سیانزه‌هه‌مین ئافره‌ته له‌مێژوی ئه‌ده‌بدا ئه‌م خه‌ڵاته وه‌ربگرێت.
ده‌كرێت بڵێیین ده‌ستنیشانكردنی مونرۆ تا ڕاده‌یه‌ك پێشبینی ده‌كرا و به لای هه‌ندێك كه‌سیشه‌وه (دانیێل ساندستروێمی به‌رپرسی كه‌لتور له رۆژنامه‌ی ـ سڤێنسكا داگبلادێت ـ بۆ نمونه) بڕیارێكی ژیرانه بوو، چونكه مونرۆ نوسه‌رێكی مه‌زنه و خاوه‌ن به‌رهه‌مێكی دیاره له مێژوی ئه‌ده‌بدا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش زۆر به‌ناوبانگه، به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه چیرۆكنوسێكی گه‌وره‌ی ئه‌مریكی وه‌ك (سینثیا ئۆزیك) مونرۆ به چیخۆفه‌كه‌ی ئه‌مریكا ناوده‌بات. هه‌ر بۆیه هه‌ستێك هه‌بوو به‌وه‌ی كه ئیدی كاتی ئه‌وه هاتوه ڕێز له كاره‌كانی بگیرێت و به چاویلكه‌یه‌كی نوێ بخوێنرێته‌وه. به‌ڵام داخۆ تایبه‌تمه‌ندێتیه‌كانی جیهانبینی ئه‌ده‌بی مونرۆ چین و پتر خۆیان له چ ژانرێكدا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن؟
مامۆستای هونه‌ری نۆڤلێتی هاوچه‌رخ
به وته‌ی ئێگلوند هه‌ڵبژاردنی مونرۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ورده‌كاری و گه‌شه‌پێدانی بووه به ڕه‌گه‌زه‌كانی چیرۆك وه‌ك ته‌واوكه‌ری ئه‌و ڕێباز و ته‌كنیكه‌ی له ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخدا له چیخۆڤه‌وه دێت و ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام جیاوازیه‌كه ئه‌وه‌یه كه مونرۆ خاوه‌ن شێواز و ته‌كنیك و زمانی خۆیه‌تی و ده‌كرێت بڵێین پڕۆژه‌ی نوسینی ئه‌م له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆی وه‌ستاون، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه هونه‌ری نوسینی چیرۆك له‌گه‌ڵ ئه‌مدا ده‌گاته دۆخی ترۆپك و كه‌ماڵی خۆی. نزیكی مونرۆ له چیخۆڤه‌وه زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هاوشێوه‌یی مامه‌ڵه‌ی هه‌ردوكیان له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ر و ڕوداودا: ئه‌م دوو نوسه‌ره زیاتر جه‌ختده‌كه‌نه سه‌ر تاكه‌كه‌س، پتر ئه‌و گۆڕانكاریانه‌یان به‌لاوه گرنگه كه به‌سه‌ر تاكدا دێن و كه‌متر بایه‌خ به ڕوداو له تێكستدا ده‌ده‌ن. به وته‌ی (ئولریكا میرێس) یش كه ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بیه، مونرۆ زۆر شایسته‌یه، چونكه به‌ناوبانگه به فۆرمی نوسینه‌كه‌ی كه زیاتر ڕۆمانه له قاڵبی نۆڤلێتدا، واته ئه‌وه‌ی كه ئه‌م له 30 لاپه‌ڕه‌دا سه‌باره‌ت به چاره‌نوسی مرۆڤ پوختیده‌كاته‌وه و ده‌ینوسێت، نوسه‌رانی تر له 300 لاپه‌ڕه‌دا ده‌یبه‌خشن.
تێما‌كانی مونرۆ
هۆكاره‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ی مونرۆ زۆرن، چونكه تێما‌كانی نوسینی ئه‌م خاتونه زۆر به‌رفراوانن: سه‌رباری بایه‌خێكی زۆری به چه‌مكی پیری و تێمای ته‌مه‌ن، گرنگترینی هێڵه‌كانی مونرۆ بریتین له نوسینه‌وه‌ی ئازاره‌كانی ئه‌و ململانێ گه‌وره‌یه‌ی ژنان له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له نێوان عه‌شق و نوسین و مناڵ‌دا ده‌یگوزه‌رێنن، واته تیشكخستنه سه‌ر ژن وه‌ك كاره‌كته‌رێكی ئاڵۆز كه به زۆری گیرۆده‌ی په‌یوه‌ندی سه‌خت و دژواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیه، هه‌روه‌ها ململانێی ئاكاریانه, ململانێی نێوان نه‌وه‌كان، دووباره‌كردنه‌وه و پێداگریی له‌سه‌ر لۆكاڵیبوون و كه‌متر ڕۆچوونه ناو گه‌ردونه‌وه به گشتی: به تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنی ڕوبه‌ری بچوكبچوك وه‌ك جوگرافیا و شانۆی ڕوداوه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ش شانبه‌شانی زه‌قكردنه‌وه‌ی ئاماده‌گی و هه‌ژمونی كۆمه‌ڵگه وه‌ك ماشێنێكی ده‌نگزلی لێنه‌بڕاوه له‌ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كاندا، به‌و مانایه‌ی كه هیچ ئازادییه‌كی ئه‌وتۆیان نیه و به‌ته‌نها بوونه‌ته گیرۆده‌ی زه‌مه‌ن و هه‌لومه‌رجه كۆگه‌لیه‌كان.
پۆرترێت
ئه‌لیس مونرۆ ساڵی 1931 له ناوچه‌ی ئۆنتاریۆی كه‌نه‌دا له‌دایكبووه. دایكی مامۆستا و باوكیشی جوتیار بووه. له ته‌مه‌نێكی زوودا ده‌ستده‌كات به نوسین و بۆ بواری ڕۆژنامه‌نوسی ده‌خوێنێت، به‌ڵام درێژه به خوێندنه‌كه‌ی نادات و له 1950 دا له‌گه‌ڵ مێردی یه‌كه‌می هاوسه‌رگیری ده‌كات، تا پاشتر له 1963 دا له ڤیكتۆریا فرۆشگه‌یه‌كی كتێب داده‌نێن كه ئێستاش هه‌ر ماوه. دواتر له‌ساڵی 1972 دا له‌یه‌كتری جیاده‌بنه‌وه و پاشتر مونرۆ ژیانێكی تر هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه و له ساڵی 1976 دا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ زانای جوگرافیا ((جیرالد فریملین)) دا ده‌كات، كه ئه‌میان ساڵی 2012 به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌مرێت. مونرۆ ته‌مه‌نی 82 ساڵه و خاوه‌نی ٤ مناڵه، وه‌ك له دوا چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی سویدیدا ڕونیده‌كاته‌وه: هێند نیه كه بڕیاری داوه واز له نوسین بهێنێت، هه‌ر بۆیه خه‌ڵاته‌كه به لایه‌وه شتێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بووه و پتر وه‌ك شۆكێك وایه!
جگه له خه‌ڵاتی نۆبڵ، مونرۆ خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی تره، له‌وانه‌ش: خه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای گشتی كه‌نه‌دی له ساڵه‌كانی 1968، 1978، 1986. خه‌ڵاتی مان بوكه‌ری نێوده‌وڵه‌تی له ساڵی 2009 دا.
له‌گرنگترین كاره‌كانی:
- سه‌مای سێبه‌ره شاده‌كان، 1968
- ژیانی كچان و ژنان، 1974
- مانگه‌كانی هه‌ساره‌ی موشته‌ری، 1982
- كاره‌كه‌ره سواڵكه‌ره‌كه، 1984
- سێوه‌كه یان پڕته‌قاڵه‌كان، 1990
- ڕق، هاوڕێیه‌تی، خۆشه‌ویستی، 2001
- دیمه‌نی كاسل رۆك، 2006
- شادییه‌كی زۆر، 2009
- ژیانی ئازیز، 2012.
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مونرۆ
دیبۆرا تریسمان: ژیانی ئه‌زیز كۆمه‌ڵێك چیرۆكه ده‌رباره‌ی ژیانی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی خۆیان له كۆتی په‌روه‌رده‌كه‌یان ڕزگارده‌كه‌ن و شتێكی تر ده‌كه‌ن كه پێچه‌وانه‌ی نه‌ریته و دژه باو، ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ئه‌و یاخیبوونه‌یان له لایه‌ن پیاوه‌كانیانه‌وه سزا ده‌درێن، به‌وه‌ی كه ناپاكیان به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن و له ترۆپكی لاوازی و بێده‌سه‌ڵاتیاندا به‌جێیان ده‌هێڵن. ئه‌مه ڕوداوه‌كانی هه‌ریه‌كه له چیرۆكه‌كانی: ((جێهێشتنی مارڤلی))، ((ئه‌مه‌ندسن))، ((كوری))، ((شه‌مه‌نده‌فه‌ر)) و چه‌ند چیرۆكێكی تریشه. ته‌نانه‌ت له چیرۆكی ((په‌ناگه)) یشدا پوره‌كه باجی ئه‌و یاخیبونه كه‌م و سنوربه‌نده ده‌دات كه دژ به دیكتاتۆریه‌تی مێرده‌كه‌ی ئه‌نجامی داوه. هه‌ستده‌كه‌م سزادانی ئافره‌تی یاخی به‌لای تۆوه شتێكی حه‌تمیه و ده‌بێت ڕوبدات، بۆ؟
مونرۆ: ((ئه‌مه‌ندسن)) یه‌كه‌م ئه‌زمونی كچێكه له‌گه‌ڵ پیاوێكی زۆر خۆپه‌رستدا، جۆرێك له په‌یوه‌ندی كه كچه‌كه حه‌زی لێیه‌تی. ئه‌و په‌یوه‌ندیه بۆ ئه‌و وه‌ك خه‌ڵاتێك وایه و شایه‌نی ئه‌وه‌یه هه‌وڵی بۆ بدات، ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌ندیه‌كه به شێوه‌یه‌كی زۆر ڕیالیستیانه كۆتایی دێت، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین، كچه‌كه له جیهانی خه‌یاڵدا هه‌ر ده‌یهێڵێته‌وه و پارێزگاری لێده‌كات.
له چیرۆكی ((جێهێشتنی مارڤلی)) ی‌دا بڕێك مرۆڤ ده‌بینین كه به د‌وای عه‌شق و سێكس و شتی له‌و چه‌شنه‌دا وێڵن و ده‌گه‌ڕێن. ده‌بینین كه ژنه ئیفلیجه‌كه و مێرده‌كه‌ی ده‌ستیان ده‌كه‌وێت و پێی ده‌گه‌ن، له كاتێكدا چه‌نده‌ها مرۆڤ ده‌بینین كه له‌به‌ر زیاد له هۆكارێك له ده‌ستی ده‌ده‌ن و پێی ناگه‌ن. من خۆم سه‌رسام بووم به‌و كیژه‌ی كه ماڵ جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات تا به‌و پیاوه بگات كه ژنه‌كه‌ی مردوه.
له ((په‌ناگه)) دا ئێمه له‌به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی زۆر ئاشكرای ژنێكی نمونه‌ییداین، ژنێك كه خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌رێكی كاریكاتێریانه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی هه‌مان ئه‌و گۆڤارانه‌ی ژن بڕوات كه له تافی لاوی خۆیدا هه‌بوون و باو بوون. له كۆتاییدا هه‌ست به بێتاقه‌تی ده‌كات له‌و دۆخه، مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بۆ خۆیشی بزانێت كه ئه‌و بێتاقه‌تیه به‌ره‌و كوێی ده‌بات و به چی ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌ڵام چیرۆكی ((شه‌مه‌نده‌فه‌ر)) ته‌واو جیاوازه، ده‌رباره‌ی پیاوێكه كه مادام سێكس له‌مپه‌رێك نیه له‌سه‌ر ڕێگه‌ی، هه‌ر بۆیه هه‌ست به متمانه و دڵنیایی و جۆرێك له ڕازیبوون ده‌كات. پێموابێت ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه كاتێك ئه‌م لاو بووه، ئافره‌تێكی جانانه هه‌ستی بریندار كردوه، هه‌ر بۆیه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی پێكراوه كه ڕابكات و هه‌ڵبێت له‌و دۆخه.
دیبۆرا تریسمان: له چیرۆكه‌كانتدا هه‌میشه كچه‌كان برینێكیان هه‌یه كه ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌یه‌وه ببنه مایه و شوێنی سه‌رنجی ئه‌وانی دی! تاكخوازی به لای ژنانه‌وه پتر وه‌ك ئه‌نگێزه‌یه‌كی وروژێنه‌ری شه‌رم و حه‌یا ده‌بینرێت. ئایا وه‌ك خۆت زۆرت ویستوه ئه‌م به‌ربه‌سته بشكێنیت تاوه‌كو ببیته نوسه‌ر؟ ئایا بۆ ئه‌و كیژانه‌ی تری گوندی ئۆنتاریۆیش وه‌ك تۆ ئاسان و ئاسایی بوو بچنه زانكۆ؟
مونرۆ: من خۆم له‌سه‌ر دۆگم و باوه‌ڕێك په‌روه‌رده‌كراوم كه پێی وابووه خراپترین شتێك له ژیانتدا بیكه‌یت ئه‌وه‌یه كه ((پێت وابێت تۆ ژیریت)) یان شتێك بكه‌یت تا ((سه‌رنجی ئه‌وانی تر به‌لای خۆتدا ڕابكێشیت)). ئه‌ڵبه‌ته دایكم كه خوێندویه‌تی حاڵتێكی ئاوارته و شاز بووه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بنه‌مایه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه گوتراوه كه نیشانه‌كانی نه‌خۆشی پاركنسنی لێدیاره (پاركنس واته نه‌خۆشی له‌رزین سه‌ر و په‌له‌كانی له‌ش به شێوه‌یه‌كی مۆتۆریك و نه‌ویستانه). ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و بنه‌مایه زیاتر به‌سه‌ر ئه‌مه‌ی خه‌ڵكانی لادێ‌دا ده‌سه‌پێنرا و پیاده‌ده‌كرا، نه‌وه‌ك دانیشتوانی شار. من خۆم ویستومه ژیانێكی شایسته و تایبه‌تی بژیم، به زۆریش قه‌بوڵكراو بووم و به‌دڵی ده‌وروبه‌ره‌كه‌م بووم. من بیرم نایه‌ت هیچ كچێك له لادێكه‌ی ئێمه‌دا چوبێته زانكۆ بۆ خوێندن، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی ئه‌و كوڕانه‌یشی له زانكۆ خوێندویانه، كه‌م بوون. من بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ له خوێندن وه‌رگیرام، به‌ڵام له‌و كاته‌دا كوڕێك هاته داوام تا بمهێنێت و بمبات به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی خۆرئاوا، ئه‌وه‌ش شتێكی باش بوو بۆ من، چونكه به درێژایی كات ده‌متوانی بنوسم. (ئه‌مه ئه‌و شته بوو كه من هه‌ر له ماڵی خۆمانه‌وه حه‌زم لێی بوو. ڕاسته ئێمه هه‌ژار بووین، به‌ڵام هه‌میشه كتێب له ده‌ورمان بووه).
دیبۆرا تریسمان: له نوسینه‌كانتدا زۆر باسی ئه‌و ئافره‌ته گه‌نجانه ده‌كه‌یت كه هه‌ستده‌كه‌ن له‌ناو هاوسه‌رگیری و دایكایه‌تیدا دیل و زیندانن، ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له ژیاندا به د‌وای شتێكی تردا ده‌گه‌ڕێن. تۆیش خۆت یه‌كێكیت له‌وانه‌ی كه زوو شوتكردوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هێشتا له بیسته‌كانی ته‌مه‌نتدا بوویت كه بوویت به دایكی 2 كچ. ئایا تا چه‌ند سه‌خت بووه هاوسه‌نگی نێوان ئه‌و دوو ژیانه ڕابگریت: مه‌به‌ستم پابه‌ندی و ئه‌ركه‌كانت وه‌ك ژنێك و خولیاكانت وه‌ك نوسه‌رێك؟
مونرۆ: هه‌رگیز ئیشی ماڵ یان به‌خێوكردنی مناڵ نه‌بۆته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م نوسینمدا، چونكه من هه‌موو ژیانم هه‌ر خه‌ریكی ئیشی ماڵه‌وه بووم. مه‌سه‌له‌كه زیاتر په‌یوه‌ندی به‌و بنه‌ما شلۆق و هه‌ڕه‌مه‌كیه‌وه هه‌یه كه ده‌ڵێت گه‌ر ژنان بیانه‌وێت خه‌ریكی شتێكی سه‌یری وه‌ك نوسین بن، ئه‌وه وایان لێده‌كات ببنه كه‌سی كه‌مته‌رخه‌م له ژیانی ڕۆژانه‌دا. به‌ڕاستی من هاوڕێیشم هه‌بوون كه خه‌ریكی قسه‌ی خۆش و گاڵته و ته‌نانه‌ت خوێندنه‌وه‌ش بوون، كاتێكی خۆشمان به‌یه‌كه‌وه به سه‌ر بردوه. كێشه‌كه خۆی له نوسین خۆیدایه كه هه‌ندێك جار به شتێكی باش نازانرێت. خۆی من له دۆخێك‌دا كارمكردوه و نوسیومه كه خۆم پێشبینیم نه‌كردوه، ڕێكه‌وتیش كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه، چونكه ئه‌و سه‌رده‌مه زاڵترین پرسیار پرسیاری تایبه‌تمه‌ندێتی و شوناسی ئه‌ده‌بی كه‌نه‌دی بوو، پرسیاری ئه‌وه‌ی ((كوا ئه‌ده‌به كه‌نه‌دیه‌كه‌مان؟))، له‌و ده‌مه‌دا كه‌سانێك هه‌ستیانكرد ئه‌و هاوكاری و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ی بۆ كاره‌كانم كراون كه‌موكورت بوون، هه‌ر بۆیه ئیدی كه‌وتنه كۆمه‌ك و یارمه‌تیدانم.
دیبۆرا تریسمان: كتێبی ((ژیانی ئازیز)) چوار چیرۆك له خۆ ده‌گرێت كه تۆ پێتوایه چیرۆك نین، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ست و سۆز پتر له بیۆگرافیا ده‌چن، چونكه هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كیان تێدا نیه و له‌ڕاستیدا زۆر هه‌مه‌گیرن (یه‌كێك له چیرۆكه‌كانت ((ژیانی ئازیز)) چیرۆك نیه، به‌ڵكو پتر وه‌ك یاداشتنامه‌یه‌ك وایه كه ڕوداوه‌كانی له نیۆرك ده‌گوزه‌رێت). ئه‌م چیرۆكانه زیاتر له خه‌ون ده‌چن، خه‌ونی پچڕپچڕ و به‌شبه‌ش، هه‌ندێك چركه‌ساتی نادیار له مناڵی خۆت ده‌گێڕنه‌وه كه به باشی ئاماژه‌ت پێنه‌داون و لێیان تێناگه‌ین. ئایا له‌و یاداشتانه‌ته‌وه وه‌رتگرتوون كه له‌وه سه‌رده‌مه‌دا تۆمارت كردون؟
مونرۆ: من هه‌رگیز یاداشتم نه‌پاراستوه. مه‌سه‌له‌كه به‌ته‌نها ئه‌وه‌یه كه من زۆر شتم له یاده، چونكه زۆر زیاتر له كه‌سانی تر نوقمی ناو خۆمم.
دیبۆرا تریسمان: له هه‌ر چوار چیرۆكه‌كه‌تدا دایكت ڕۆڵی خۆی ده‌گێڕێت. له دیالۆگێكیشتدا كه ساڵی 1994 قسه بۆ (پاریس ریڤیو) ده‌كه‌یت، ده‌ڵێیت: دایكم ماته‌ریاڵی سه‌ره‌كی ژیانمه. ئایا ئه‌وه ڕاسته؟
مونرۆ: به بۆچون و گریمانه‌ی خۆم دایكم سیمبولی سه‌ره‌كیه له ژیانمدا، چونكه ژیانی زۆر خه‌مگین و ناخۆش بووه و ده‌توانم بڵێم زوڵمی زۆریشی لێكردوه، لێ وه‌ك خۆی، ژنێكی بوێر و ئازا بووه. كێشه‌ی دایكم ئه‌وه له‌وه‌دا بوو كه دیویست به زۆر بمكات به كچێكی ئاسایی و زۆر ترادسیۆنالی كه‌نیسه، ئه‌مه‌ش شتێكه من هه‌ر له ته‌مه‌نی ٧ ساڵیمه‌وه دژی وه‌ستاومه‌ته‌وه و ڕه‌تمكردۆته‌وه.
دیبۆرا تریسمان: بۆ من مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو كه ده‌ڵێیت ئه‌و به‌شه‌ی كتێبه‌كه (یه‌كه‌م و دوا به‌ش) ده‌بێت كه باس له ژیانی خۆت بكات. وا دیاره به‌شێكی زۆر له چیرۆكه‌كانت پشتیان به‌و ڕه‌گه‌ز و ماتریاڵانه به‌ستوه كه زیاتر هی مناڵی و ژیانی دایك و باوكتن، بۆ نمونه ئه‌و كۆمه‌ڵه كاره‌ی له 2006 دا به ناونیشانی ((دیمه‌نی كاسل رۆك)) بڵاوتكرده‌وه له‌سه‌ر مێژوی خێزانه‌كه‌ت بونیادنراوه، وا نیه؟
مونرۆ: من له نوسینه‌كانمدا په‌نام بردۆته به‌ر هه‌موو به‌شه‌كانی مێژوی ژیانی خۆم، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی كۆتایی كه له كتێبه تازه‌كه‌مدا هاتوون، هه‌ر هه‌موویان ڕاستی ساده و ساكار بوون. ده‌بێت بڵێم ((دیمه‌نی كاسل رۆك)) ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی چیرۆكی خێزانه‌كه‌مه كه توانیومه بیدركێنم و بیگێرمه‌وه.
دیبۆرا تریسمان: كاتێك به د‌وای كتێبێكدا گه‌ڕاویت بۆت ده‌ركه‌وتوه كه له هه‌ر نه‌وه‌یه‌كی خێزانه‌كه‌تدا نوسه‌رێك هه‌ببوه. ئایا كه تۆیش ویستوته ببیت به نوسه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ت هه‌بووه، یان هه‌ستتكردوه خواسته‌كانت شتێكی ترن، واته پتر تایبه‌تمه‌ند و ناوازه‌ن؟
مونرۆ: خۆیشم به لامه‌وه سه‌یر بوو كه ئه‌و هه‌موو نوسه‌ره له خێزانه‌كه‌مدا هه‌بوون. سكۆتله‌ندیه‌كان چه‌نده هه‌ژاریش بوو بن، هه‌ر فێری خوێندنه‌وه بوون، به هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه، به ژن و پیاویانه‌وه هه‌ر خوێنه‌وار بوون. به‌ڵام من خۆم كه مناڵ بووم ئه‌مه‌م نه‌زانیبوو. ئه‌وان هه‌وڵیان ده‌دا فێری به‌رگدورینم بكه‌ن (دیاره له‌لایه‌ن پور و نه‌نكه‌كانمه‌وه، نه‌وه‌ك دایكم). بیرمه جارێك هه‌موویانم حه‌په‌ساند كه وتم: كه گه‌وره بووم واز له هه‌موو ئه‌م شتانه ده‌هێنم، ئه‌وه بوو هه‌ر وایشم كرد.
دیبۆرا تریسمان: ئایا له‌و سه‌رده‌مه زووه‌ی ته‌مه‌نتدا كه ده‌تنوسی هیچ نوسه‌رێكی ئه‌وتۆ هه‌بوون كه تۆ به شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه پێیانه‌وه پابه‌ند بوو بیت، یان به نمونه و پێشڕه‌وی خۆتت زانیبن؟
مونرۆ: نوسه‌رێك كه زۆر پێی سه‌رسام بوو بێتم (ئیدۆر ویلتی) یه و ئێستاش هه‌ر خۆیشم ده‌وێت، به‌ڵام هه‌رگیز هه‌وڵم نه‌داوه لاسایی بكه‌مه‌وه. ئه‌و نوسه‌رێكی زۆر باشه، زۆر باش خۆی ده‌نوسێته‌وه. قه‌شه‌نگترین كتێبی به‌لای منه‌وه ((سێوه ئاڵتونیه‌كه)) یه.
دیبۆرا تریسمان: چۆن به فۆرمی كورته‌چیرۆكه‌وه گیرسایته‌وه؟ تۆ له ناو ئه‌و، یان ئه‌و له ناو تۆدا ئارامیگرت و گیرسایه‌وه؟
مونرۆ: ساڵانێكی زۆر وام بیرده‌كرده‌وه كه چیرۆكه‌كان به‌ته‌نها مه‌شقێكن بۆ كارێكی تر، واته تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌مه نوسینی ڕۆمان. پاشتر بۆم ده‌ركه‌وت تاكه شتێك كه بتوانم بیكه‌م نوسینی چیرۆكه و به‌س، قه‌بوڵیشمكرد. هه‌ستده‌كه‌م هه‌وڵه‌كانیشم بۆ ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی شته‌كان بپه‌ستێنمه ناو چیرۆكه‌وه جۆرێكه له دڵدانه‌وه‌ی خۆم.
دیبۆرا تریسمان: زۆربه‌ی كات كه چیرۆكه‌كانت ده‌نوسمه‌وه هه‌وڵده‌ده‌م كۆپله‌یه‌ك له په‌ڕه‌ی سێهه‌مدا لاببه‌م كه هه‌ستده‌كه‌م زیاده‌یه، پاشان كه ده‌گه‌مه لاپه‌ڕه‌ی بیستوچوار بۆم ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و كۆپله‌یه زۆر سه‌ره‌كیه له چیرۆكه‌كه‌دا. ئێمه وا چیرۆكه‌كانت ده‌خوێنینه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی به نه‌فه‌سێكی زۆر درێژه‌وه نوسرابن، به‌ڵام به بۆچونی من تۆ كاتێكی زۆر به بیركردنه‌وه له بونیاد و داڕشتنی تێكسته‌وه ده‌كوژیت، به‌وه‌ی كه ئه‌م كۆپله‌یه له كوێدا دابنێیت و ئه‌وی تر بخه‌یته كوێوه.
مونرۆ: من هاتوچۆ و پیاسه‌م له‌گه‌ڵ چیرۆكدا زۆر زۆره، شتێك لێره داده‌نێم، دوایی لای ده‌به‌م، ئینجا بۆم ده‌رده‌كه‌وێت كه چیم كردوه هه‌مووی هه‌ڵه بووه و پاشتر ده‌ستده‌كه‌مه‌وه به داڕشتنه‌وه.
دیبۆرا تریسمان: ئایا نوسین به‌لاته‌وه كارێكی سه‌خته، ئه‌ی ئایا به پێی تێپه‌ڕینی كات ئاسانتر ده‌بێت؟
مونرۆ: هه‌م قورسه و هه‌م سه‌ختیش نیه. سه‌ره‌تا خۆشه كه ڕه‌شنوسی یه‌كه‌م ده‌نوسیت، پاشان ئازارچه‌شتنه‌كه له‌گه‌ڵ پێداچونه‌وه‌دا ده‌ستپێده‌كات، ئینجا سه‌رله‌نوێ نوسینه‌وه.
دیبۆرا تریسمان: له ده‌یه‌ی ڕابردوودا دوو جار ڕاتگه‌یاند كه واز له نوسین ده‌هێنیت. كه‌چی به‌رده‌وام هه‌ر چیرۆكی تازه‌ی تۆ له نوسینگه‌كه‌م ده‌بینم. ئایا ئه‌و كاته‌ی هه‌وڵده‌ده‌یت بوه‌ستیت، چیت لێ به‌سه‌ردێت؟
مونرۆ: هه‌ر به‌ڕاستی ده‌وه‌ستم، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی ئاره‌زویه‌كی سه‌یردا بۆ ئه‌وه‌ی كه ئاساییتر بم و شته‌كان وه‌ك خۆیان به ساده و ساكاری وه‌ربگرم. پاشان بیرۆكریركی سه‌رنجڕاكێش و وروژێنه‌رم بۆ دێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان هه‌ستده‌كه‌م قسه‌كردنم له‌سه‌ر وازهێنانم له نوسین ڕاستیه، خۆت ده‌زانیت من ته‌مه‌نم 81 ساڵه، ئه‌وه‌تا ناوه‌كان و وشه‌كانم بیرده‌چێته‌وه.
دیبۆرا تریسمان: سه‌رباری ئه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان له ((ژیانی ئازیز)) دا جۆرێك له كرانه‌وه و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی تۆلێرانتیان تێدایه، كه‌چی كه‌ڵه‌كه‌بوونی په‌شیمانی و نامۆبوون له كه‌سایه‌تیه‌كانتدا تا ڕاده‌یه‌ك كۆتاییه‌كی تاڵمان پێ ده‌به‌خشن، زۆر به ده‌گمه‌ن كاره‌كته‌ری ژنه‌كانت دڵخۆشن، واته زیاتر هه‌ست به خه‌م و په‌ژاره و ته‌نیایی و به‌جێهێشتن ده‌كه‌ن. من دڵنیام ئه‌م پرسیاره ناخۆشه و بێزارت ده‌كات، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م بپرسم كه ئایا تۆ خۆت به نوسه‌رێكی فێمه‌نیست ده‌زانیت؟
مونرۆ: هه‌رگیز پێم وا نه‌بووه من نوسه‌رێكی فێمه‌نیستم، به‌ڵام بێگومان نایشزانم. من پێم وان یه هه‌موو شته‌كان ئاوا به‌و شێوه‌یه په‌كه‌وه كۆببنه‌وه. من بڕوام وایه زۆر سه‌خته كه پیاو بیت، بۆ نمونه بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم تۆ بڵێی شته‌كان چۆن بوونایه گه‌ر بهاتایه و له ساڵه خراپه‌كانی سه‌ره‌تادا به‌تایبه‌تی، من پیاو بوومایه و ئه‌ركی خێزانه‌كه‌م له‌سه‌ر شان بوایه.
دیبۆرا تریسمان: ئایا له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا ((ژیانی ئازیز)) جیرۆكێكی تێدایه كه به تایبه‌تی سۆزت زیاتر بۆی بجوڵێت؟ مه‌به‌ستم چیرۆكێكه كه له هه‌موو ئه‌وانی تر زیاتر كارت تێ بكات؟
مونرۆ: كه‌متازۆر له‌گه‌ڵ ((ئه‌مه‌ندسن)) دا هاوسۆزم و زۆر كارم تێده‌كات. باشترین دیمه‌نێكیش به‌لامه‌وه له چیرۆكی ((شكۆ)) دایه، كاتێك بێچوه (سكه‌نك) ه‌كه به‌سه‌ر گیاكه‌دا ده‌ڕوات. له ڕاستیدا من خۆم زۆر حه‌زم له‌و دوو چیرۆكه‌یه، ئه‌گه‌رچی ده‌شزانم كه نابێت ئه‌مه بڵێم.
سه‌رچاوه‌كان:
- ماڵپه‌ری گۆڤاری ئه‌ده‌ب، مه‌له‌فی تایبه‌ت به مونرۆ
http://www.litteraturmagazinet.se/alice-munro
- ته‌له‌ڤزیۆنی سوید له یه‌كه‌م دیالۆگیدا له‌گه‌ڵ مونرۆ
http://www.svt.se/kultur/bok/forsta-svenska-tv-intervjun-med-alice-munro
- گۆڤاری نیۆركه‌ری ئه‌مریكی كه ده‌قی دیالۆگه‌كه‌ی لێوه‌رگیراوه و له ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕدراوه:
http://www.newyorker.com/online/blogs/books/2012/11/on-dear-life-an-interview-with-alice-munro.html
- به‌شی كه‌لتوری رۆژنامه‌ی ((سڤێنسكا داگبلادێت))
http://www.svd.se/kultur/daniel-sandstrom-stamingen-i-novellerna-ar-oforglomlig_8604658.svd