_ پێویستە خۆت بکوژیت..،
ڕامیار مهحمود – لهندهن ٢٠١٦
بۆئەوەی لە دایک بیت…
ئەوانەی خۆیان نەکوشتووە هێشتا لە دایک نەبوون…
_ ژیانکردن بە درۆوە
گەورەترین تاوانە دژ بەژیان…
_ من لەو نوسەرانەم توانای دەربڕینم کەمە،
نە رۆژ، نە شەو، نە سروشت، هیچ دادم نادات…
_ من پێم سەیرە تا ئێستا شاعیران تورە نین ،
لە سەر ئەوەی هەموو شت زمانە…
من بە بەرەدەوامی خۆم ئەخۆمەوە و ناشنوسم..
_ دۆزینەوەی واقیع لە دەرەوەی زمانەوە ئیشی شۆڕشە
کە ڕۆژگارێکی وەهاش هاتە پێشەوە
من خۆم ئەشارمەوە…
_ ڕۆژگاری من دوور نییە تا چاوەڕێ بم
چونکە هیچ ڕۆژێک ڕۆژی من نییە…
_ شیعر بریتییە لە ئازار
ئازار هیچ پەیوەندییەکی بەزمانەوە نییە
شیعر ناوی جۆریکە لە برین
برین پەیوەندی بە زمانەوە نییە
هەر چۆنێک ساڕێژِیکەیت ئەو هەر ئەکولێتەوە…
_ زمان ڕەنگە ڕەها و هەموو شت بێت
بەڵام پاش ڕوودانی برین
زمان جگە لە نیشانەیەک هیچیتر نییە
نیشانەیەک کە ئامانج لێی ئەوەیە چۆن لە برین ڕاکەیت…
_ زمان ئەگەر دەرگای ڕاکردن نەبوایە لە برین
شارستانییەت دەمێک بوو
مروۆڤ دەمێک بوو
ساڕێژ ئەبوو…
_ ئەی تۆ ڕامیار لەو کاتانەدا چی ئەکەیت.؟
من؟
من، بێ دەنگ ئەخۆمەوەو دانیشتووم و
قاچێکیشم لە ناو تەنگەبەری زمان و قاچێکم لە دڕکەجاڕی ژیاندایە…
_ سەرباری هەموو شت
ئازار بۆ من باشە…
_ بێدەنگی بینینی تاریکییە گەورەکانە
ئەو شوێنانەی زمان نایان گاتێ…
_ شاعیران لە تاریکستاندا شیعر وەک چرا هەڵئەکەن و پیا ئەڕۆن
_ راست ناکەم بڵێم تەنیا نییم
قەرەباڵەغی ناکاتە هاودەنگی
بەلام ڕەنگە فڕین خۆشتر بێت..،
لەو بەندیخانەیەی ئەوانی تر بۆت دروست ئەکەن…
_ هاوڕێ جانتاکەت ببپێچەرەوە
بە فیڕۆ ئەچێت ڕۆحی جوامێرانە لەم بازاڕەدا…
_ خۆدی من
نوینەرایەتی ویڵ بوون و
دۆزینەوەی ونبونێکی هەتا هەتایی ئەکەم
_ من ئەبێت مرۆڤ لە دڵنیایی ونبکەم
ئەمەوێت بە رۆژی نیوەڕۆ بەر چەقۆی ڕاستیت بەم…
_ لە خوێنی برینەکانی خۆتا هەڵپەڕە
باشترە لەوەی دڵخۆشت بکەن بە درۆ..
_ بێزەحمەت ئەتوانم قسە بکەم
دڵم ڕاهاتووە خۆی بخواتەوە..
_ سەبارەت بە نوسین
گومان و لەوە نەبێت مەستم
خۆ ئەگەر لە وڵاتی خۆشم بم
گومان و لەوە نەبێت بەرزە دەماغم
ئەگین خۆ دەربڕینی من لە ناو رستەدا
هیچ قەرەبوویەکم ناکاتەوە…
_ من ڕستەم خۆشئەوێت
بەلایەنی کەمەوە ڕستەی خۆمم هەیە
لە سەر ژیانێک کە بە سەرمدا سەپاوە…
_ مرۆڤ باجی ڕێکەوت ئەدا
ناشرینترین بەخت ئەوەیە بۆت هەڵئەکەوێت
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراِست و لە کوردستان لە دایک بیت
ڕۆشنبیر بیت و تاقەتت هەبێت بۆ تۆزیک ئازادی حیز
لە بەینی مەسەلەی فیقهی بگەڕێت…
لەندەن _ جونی 2016