پێرفۆرمانس - ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز

پڕۆژەی جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو ٣


Loading

هونەرمەند ئەحمەد نەبەز

ئەحمەد نەبەز ناوی (قوربانی) لە کارەکەی ناوە و لە شێوەی ڤیدیۆی پیرفۆرمانسدا نیشانیداوە، هەر ئەمساڵ 2016 بۆ نیشاندانی لەم پیشانگایەدا، جێبەجێی کردووە. کارەکە سێ دەقە و چل و پێنج چرکە دەخایەنێت. پێش دەستپێکردنی ڤیدیۆکە بینەر چاوی بەم دەقە دەکەوێت کە هونەرمەند خۆی نوسیویەتی و پەیوەندی بە ناوەڕۆکی کارەکەوە هەیە:

( قوربانی هەڵگری پەیامێکی خوێناویە، خۆپاککردنەوەی مرۆڤە بە خوێن، پۆشینی تاوانە بە تاوانێکی تر، زیادکردنی چاکەیە بە گوناهێکی دی، لەناوبردنی ژیانی ڕاستەقینەیە بۆ ژیانە وەهمیەکانی دی).

هونەرمەند لەم دەقەیدا ئاماژە بؤ خوێن دەکات بەڵام لەبەر بواری تەندروستی و ترس لە بەکتریا و نەخۆشی، ئەو بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی جۆرە ڕەنگێکی سووری بەکارهێناوە لە جیاتی خوێن و خۆی دەربارەی ناوەرۆکی کارەکە دەڵێت: ئە و پیاوە بەخوێنی کەسێکی دیکە (لێرەدا مەبەستی ئاژەڵەکەیە) دەیەوێت خۆی لە گوناهەکانی خۆی پاکبکاتەوە.

بینەر لە ناوەراستی کارەکەدا پیاوێک دەبینێت بە چینچک لە جۆری دانیشتنی ناو حەمام دانیشتووە و هونەرمە ند چەند وشەیەکی وەکوو (قەتڵ، زینا، ڕیبا، ڕەجم، فەساد)ی لە سەر جەستەی پیاوەکە نوسیوە و چەند جارێک نوسینەکەی دوپاتکردوەتەوە.
لە تەنیشتی پیاوە نیمچە ڕووتەکە تەشتێک دەبینرێت کە ڕەنگە سوورەکەی تیایە و لەنێوان تەشتەکە و پیاوەکە، هونەرمەند سەری مانگایەکی لە سەر زەوییەکە داناوە بۆ ئاماژەدان بە سەربرینی مانگا و بەکارهێنانی خوێنەکەی. پیاوە نیمچە ڕووتەکە بە جامێک حەوت جار بە دەستی ڕاستی ڕەنگە سوورەکە لەناو تەشتەکە هەڵئەگرێت و ئەیڕێژێت بە سەری خۆیدا. ڕەنگەکە لە تەوقی سەریەوە ئەڕژێتە خوارەوە و لەگەڵ چۆڕاوەی ڕەنگەکەدا پیاوەکە دیسانەوە
بە دەستی ڕاستی لفکەیەک هە ڵئەگرێت ئینجا بە لفکەکە و بە دەستی چەپی لەشی خۆی و نووسینەکانی سەر لەشی خۆی دەسڕێتەوە و لە کۆتایدا پیاوەکە هەڵدەسێتە سەرپێی و هەوڵی سڕینەوەی جێ شوێنی نووسینەکان (قەتڵ و ڕیبا و فەساد و ڕەجم و زینا) ئەدا بەو ڕەنگەی کە بەکاریهێناوە.

هونەرمەند خۆی ڕەخنە لە ڕەفتاری ئەم پیاوە دەگرێت و بڕوای وایە کە ئەو پیاوە پێویستبوو بیروبۆجونی وەکوو  (قەتڵ و ڕیبا و فەساد و ڕەجم و زینا) بە زانست پاکبکردایەوە نەک بە خوێن. ئەو ئەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەو ڕەفتارە زیاتر سەر بە جەهالەتە نەک شارستانیەت. ئەمە بەشێکە لە ناوەرۆکی کارەکە کە هونەرمەند دەیەوێت بە ڕەفتاری پیاوە نیمچە ڕووتەکە و نوسینەکانی سەر لەشی و پاشان سرینەوەیان و سەری مانگا سەربراوەکە نیشانی بدات.

کاری ئەحمەد نەبەز

لە لایەن تەکنیک و مەتریاڵەوە ئەگەر هونەرمەند خوێنی بەکاربهێنایە لەجیاتی ئەو ڕەنگە سوورەی کە لە خوێن دەجێت، ئەوکات مانای کارەکە دەگۆڕدرا و لەوانەشە مچوڕکە بە لەشی بینەردا بهاتایە و بینەری توشی قێزەونی بکردایە، لێرەدا ڕەنگە سوورەکە ئەشێت وەکوو ڕەمز بۆ خوێن ببینرێت، بەمجۆرەش کارەکە ڕەهەندێکی ڕەمزیش لە خۆ دەگرێت.

بەکارهێنانی ئەحمەد نەبەز بۆ جەستەی کەسێکی دی لە دەرەوەی جەستەی خۆی بۆ کارە هونەریەکەی، ڕەهەندێکی ئۆبجەکتیڤی (مەوزووعی) بە کارەکەی بەخشیووە، واتا دوور لە دەربرینی خود وەکوو سوبجەکت، بە واتایەکی دی دوور لە ڕۆڵی جەستەی خۆی وەکوو ئامرازێک لەپێناوی کارە هونەرییەکەیدا و ئەمەیش کاریگەری هەیە لەسەر شێوە و ناوەڕۆکی کارەکە لە کۆنتێکستی هونەری پێرفۆرمانسدا.

لەم کارەی ئەحمەد نەبەزدا، هونەرمەند خاوەنی بیرۆکەکەیە بەڵام کەسێکی دیکە جێبەجێی ئەکات و لەم حاڵەتەدا، ئەم کارە لەلایەن شێوە و کارەکانی هونەرمەندی نەمساوی هاوچەرخ و سەر بە ئەکسیۆنیستەکانی ڤییەنا (هێرمان نیچ Hermann Nitsch)مان ئەخاتەوە بیر، هەرچەندە هێرمان نیچ ئەو کارانەی (کە خوێنی تیا بەکارهێناوە) زیاتر وەکوو ئەکشن کردووە، و هونەری (ئەکشن)یش خۆی لە خۆیدا لە هونەری پێرفۆرمانس جیاناکرێتەوە، بۆیە ئەم کارەی ئەحمەد نەبەزیش ئەکرێت وەک کارێکی ئەکشنیش ببینرێت.

لە کۆتایدا پیاوەکە (اڵلە و اکبر) بانگ دەکات، ئیدی بەمەش ناوەڕۆکی کارەکە ئاشکرا دەبێت کە هونەرمەند دەیەوێت بەم کارەی ڕەخنە لەو عەقڵە بگرێت کە لەجیاتی زانست و هونەر پەنا بۆ خورافات دەبات، پەنا بۆ جەهالەت دەبات، ئەم کارەش دەکرێت وەکوو کاردانەوەیەک ببینرێت بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ئێستا لە کۆمەڵگا و کولتوری ڕۆژهەڵاتی ئسلامیدا ڕوودەدەن.

کاری ئەحمەد نەبەز
کاری ئەحمەد نەبەز

پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری پێشانگا: ئاڤان سدیق.
هونەرمەندەکان : ئە حمەد نەبەز . ئاڤان سدیق . بەهجەت عومە ر . گەیلان عەبدوللە .
رە نج حیکمە ت . زاموئا داراغا.
جێگای پێشانگا : ژێرزەمینی ئە منە سوورەکە / سلیمانی.
کاتەکەی: لە 19 وە تاکو25 ی مانگی 11ی 2016.

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.