منەکانی شیلەر لە خۆشەویستی و سیاسەتدا


Loading

(خۆشەویستی و سیاسەت)، دەقێکی نووسەری ئەڵمانی (فرێدریش شیلەر)ە ١٧٥٩- ١٨٠٥، کە لەساڵی ١٧٨٤دا، لە تەمەنی بیستوسێ سالیدا نووسیویەتی و باسی خۆشەویستی نێوان گەنجێکی نەجیبزادە و ئافرەتێکی بۆرژوازی بچووک؛ بە کورتییەکەی جیاوازی چینایەتی و خۆشەویستییەکی هەر لەسەرەتاوە قەدەخەکراو دەکات. (فێردیناند فۆن واڵتەر) کچێکی هاوتەمەنی خۆی (لویسە)ی خۆش دەوێت، باوکی فێردیناند وەزیری سەرۆکە، دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بووە کوڕەکەی عەشیقی میر، واتە خاتوو (میلفۆرد) بخوازێت. باوکی فێردیناند دەیەوێت لە ڕێگای کوڕەکەیەوە زیاتر لە میر نزیک بێتەوە و پێگه‌ی خۆی به‌هێزتر بکات، بۆ ئەمەیش ئامادەیە کوڕەکەی بکاتە قوربانی و وەک ئامڕازێک بەکاری بهێنێت. فێردیناند دژی باوکی دەوەستێتەوە و بەو هاوسەرگیرییە قایل نابێت و هەڵوێستێکی توندی دژی باوکی، پیاوەکانی کۆشک و تەنانەت میریش دەبێت. فێردیناند بە چەشنی هاملێت لەنێو خۆشەویستی، سیاسەت، ملکه‌چکردن بۆ خانەوادە و پاراستنی پێگەی خۆیدا، ڕووبه‌ڕووی ململانێیه‌کی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ و بوێرانه‌ سه‌ره‌کاریان له‌گه‌ڵدا ده‌کات. لویسە، لەم هاوکێشەیەدا، لەنێوان خۆشەویستی خۆی و فێردیناند و هەردوو بنەماڵەکەدا، دەبێتە ژولێت- ێک و قوربانییەکی ئەو سیاسەتەی، که‌ هیچ نرخ و به‌هایه‌ك بۆ هه‌ست و سۆز و که‌سایه‌تی ئه‌و دانانێت و تەنها دەبێت مل بۆ بڕیاری گەورەکان بدات. شیلەر لە پشت ئەم چیرۆکە ڕۆمانسییە تراجیدییەوە، باسی دیکتاتۆرییەت و بۆچوونێکی دڕندەئاسای سیستێمی کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتێکی ناوەندگەرایی توندڕەو، کە لەسەر بنەمایەکی وشکی مورالی مەسیحییەت و دەسەڵاتێکی تەواو بێ موراڵ رۆنراوە، دەکات. شیلەر شانۆنامەیەکی شۆڕشگێڕانەی نووسیوە و پێنج ساڵ بەر لە شۆڕشی فەڕەنسی نەمایش کراوە، هەروەها شیلەر لەم شانۆنامەیەیدا هەست بە پێویستی گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات و ئەو دونیابینییەش بۆ ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییە دەخاتە ڕوو. هاوکات ئەم دەقە شیکارییەکی ورد و سیکۆلۆژی بۆ بنەما و ستراکتوری کۆمەڵگای پیاوسالاری و ئەو ستراتیژە فرە مەودایەی خێڵ و کۆمەڵی پیاوسالاری لەسەر ڕۆنراوە، دەکات.

ئەم دەقەی شیلەر هەناسەیەکی شەکسپیری لەخۆ دەگرێت و لەنێو ئەو داب و نەریتە شەکسپیرییەوە سەرچاوەی وەرگرتەوە، بەڵام لە فۆرم و زمانێکی شیلەریدا چنراوە و مۆرکێکی ئەڵمانی گشتگری پێوە دیارە. شیلەر بە ئاگاییەوە هەستی بەو جیاوازییە گەورەیەی، لەنێوان شانۆی کلاسیکی و شانۆنامەکانی شەکسپیردا هەیە، کردبوو، ئەم تێگەیشتنەیشی دەروازەیەکی تری بۆ دیدی خۆی کردبووە و بە دەقە شانۆییەکانی برەوی دابوو بە رۆمانسیەت و سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی شەکسپیر و رۆمانسییەتێکی تراجیدی.

(خۆشەویستی و سیاسەت) لە تێڕوانینێکی فەلسەفییەوە پرسیارگەلێکی گرینگ، بۆ نموونە سەربەستی و بەرپرسیارێتی کەسی تاک و ئەو دەسەڵاتەی سیستێمەکان بۆ دابینکردنی یاسا و لۆژیک بەکاری دەهێنن، دەوروژێنێت. هەرچەندە ئەم دەقەی شیلەر زیاتر لە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، بەڵام ئەم پرسانە بەهەمان شێوە گرنگن و لە چەقی ڕووداوەکانی ڕۆژگاردان. بە بێ گومانیش دەتوانین بڵێن شیلەر نووسەرێکی فەلسەفی و بیرمەندێکی ڕۆشنگەر و ڕۆمانسیەتێکی تێکەڵاو بووە لە ترجیدیا و فەلسەفەیەکی خودگەرا و ئێستاتیکایەکی مۆدێرن.

یەکێک لە ریژیسۆرە دیارەکانی سوێد، کە زیاتر لە ئەڵمانیا و بە زمانی ئەڵمانی کار دەکات، ئەم دەقەی لەسەر شانۆی شار، لە دیدێکی وێنەیی و خوێندنەوەیەکی مۆدێرن و تەکنیکێکی سەرسوڕهێنەر، هاوکات ساکاردا نەمایش دەکات. پانتاییەکی فراوانی ڕەش، وێنە و ڕەنگ و رووناکی لەنێو سێبەر و تاریکی و رووناکییەکی تاریکئاسادا، چەندین تۆێژاڵی ڕەنگە تۆخەکانمان بۆ دروست دەکەن و کارەکتەر و ڕووداوەکان لەو ئەتمۆسفێرەدا هەموو بنەما تەقلیدی و داب و نەریتە سیکۆلۆژییەکان دەشکێنێت، ریتم و ستراکتورێکی وێنەیی و جودا بۆ ژینگە و کەشی نەمایشەکە دەخوڵقێنێت. به‌ کورتی، ڕێژیسۆر بیرۆکه‌ و په‌یامه‌که‌ی خۆی له‌ ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی سێبه‌ر و ڕووناکی و ڕه‌نگه‌ ئاماڵ تۆخه‌کانه‌وه‌، که‌ زیاتر زمانه‌ شانۆییه‌که‌یان تێدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه‌، جەستە و دەنگ لەنێو تاریکییەکەدا سمبۆلێکی فرە مەودا دروست ده‌که‌ن و لە وێنە شانۆییەکانی (گۆردن کرەیگ)مان نزیک دەخاتەوە.

ئەم ریژیسۆرە، تەکنیکی فیلمە ڕەش و سپییە کۆنەکان بەکاردەهێنێت و گەمە بە چەمکە میلۆدرامییەکانی دەقەکە دەکات، بەمەیش ئەکتەرەکان دەخاتە نێو گەمەیەکەوە، کە دەیانکات بە ریژیسۆری یەکتری. هەموو ئەوانەی لەسەر شانۆ ڕوودەدەن، ئەگەر شتێکی بچووکیش بن، ئەنجامێکی لۆژیکی خۆیان بە دەست دێنن، کە دەسەڵاتێکی دیار و یەکێکی نادیار، خواوەند و میرەکان، کە بنەمایەکی دیکتاتۆرئاسای بەهێزیان دروست کردووە، دەبەن بە ڕێگاوە.

سینۆگراف و ریژیسۆری ئەم نەمایشە، ژوورێکی ئێستاتیکی بۆ ئەم تراجیدیایە لەنێو هەزار و حەوسەتەکانەوە، بە ڕارەوێکی باریکی مۆدانیزمەوە دەخوڵقێنن و ڕاستەوخۆ لە فۆرمێکی ساکاردا به‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ ده‌یبه‌ستنه‌وه‌. بۆیه‌، نەمایشەکە چەندە کارێکی کلاسیکییە، هێندەیش مۆدێرنە و بە هەوای ئەمرۆ هەناسە دەدات، وەک بەرهەمێکی نوێ، بە تایبەتی لە ڕووی وەرگێڕانێکی نوێوە بۆ دەقەکە، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

وەرگێڕی دەقەکە، زمانێکی ساکار و نزیک لە خەڵکی و ژیانی ڕۆژانە و شیاو بۆ نواندنی بەکارهێناوە، توانیوویەتی تۆزی دووسەت ساڵی لێ بتەکێنێت و لە زمانێکی نوێ و شیعری و پاراودا، دایرێژێتەوە.

ریژیسۆری ئەم نەمایشە، لە دیدێکی گەلێک ئێستاتیکی و تەکنیکێکی بزۆزەوە، کەل و پەل و ئەکتەرەکان، لە ڕێگای سکەیەکەوە، بەرەو ڕووی بینەران یان بە پێچەوانەوە، بۆ پشتەوەی شانۆکە، لە کاتی پێویستدا دەگوێزێتەوە. ئەم تەکنیکە تەنها بۆ بردنە دەرەوە و هێنانە ژوورەوەی ئەکتەر و شتەکانی سەر شانۆ نییە، بەڵکو گوزارشت لە تێپه‌ڕبوونی کات و گۆڕینی شوێنیش دەکات و هەمیشە سەر شانۆ لە بزاڤێکی بەردەوامدایە و کات و شوێن بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، هەروەها سمبۆلێکیشە بۆ ئەو بیرۆکەیەی، کە مرۆڤ لە ژێر دەسەڵات و موڕاڵە دینییەکاندا بووە بە بووکەڵە و بە هەموو شێوەیەک هەڵ دەسووڕێنرێت. ریژیسۆری نەمایشەکەیش، لە سۆنگەی دەق و بۆچوونەکانی شیلەرەوە ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە کۆمەڵ و بنەما کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەماکانی نایەکسانی و سەرکۆنەکردن و پێشێلکردنی مافی تاکە کەسی ڕۆنراوە و دەبێت بە توندی ڕووبەرووی ببینەوە. شیلەریش لەم ده‌قه‌یدا بە ڕاکشاوی باسی ئەو کێشە گەورەیەی نێوان کەسی تاک و کۆمەڵ یان کۆلێکتیڤ و کۆت و پێوەندەکانی ستراکتورە کۆمەڵایەتی و تەقەلا گەورەکانی مرۆڤ بۆ سەربەستی، دەکات. شیلەر لە هەموو دەقەکانیدا باسی (من)ی سەربەست دەکات، ئەو منانەی لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ دەستەبەرکردنی ویستێکی بەهێز، بۆ بەدەستهێنانی سەربەستییەکی ڕەها و تێکشکانی یاسا باوکسالاری و کۆمەڵایەتییە توندڕەوەکان. (من)ێکی پەرتەوازە لەنێوان ئیدیال و واقیعدا هەر لەسەرتای گەنجێتییەوە لە دەقەکانی شیلەردا دەردەکەوێت. شیلەر لە ڕێگای زمان، هونەر و جوانییەوە هەوڵی ڕزگارکردنی رۆحی مرۆڤی لە هەموو بنەما دەرەکی و ناوەکییەکانەوە، کە لە سەبەستی دووریخستبێتەوە، داوە.

شیلەر لە شیعر و شانۆنامە و بابەتە تیۆرییەکانیدا، هەمیشە بە دوای چەمکەکانی سەربەستیدا گەڕاوە، مامەڵەی لەگەڵ کردووە و هەوڵی تێگەیشتن و بەرەوپێشەوەچوونی داوە، تیا قووڵ بۆتەوە و بەرهەمەکانی بووە بە سەرچاوە و سرووش، بۆ زۆر هونەرمەند و فەیلەسوفی سەدەمەکەی خۆی و دوای خۆشی. ئەوەی شیلەر باسی کردووە بووە بە بەشێک، کە لای زۆر کەسی تر چەمکەکانی نێوان دوالیزم و سروشت و سەربەستی-یان تیا شیکردۆتەوە و هەوڵی تیۆرێکی تریان بۆ ئەو چەمکانە داوە.  (خۆشەویستی و سیاسەت)یش باشترین نموونەیە، کە دەستەبەری بیری ڕۆشنگەری شیلەر دەکات و لە چەمکەکانی دەسەڵات و فیودالیزمی سەدەکانی حەڤدەوە دەگەڕێتەوە بۆ شەکسپیر و سەرلەنوێ، بە شێوازی خۆی شەکسپیر دەدۆزێتەوە.

لە کۆتایدا دەتوانم بڵێم، کە ئه‌م ده‌قه‌ی شیله‌ر، به‌ڕاستی، ده‌قێکی هاوچه‌رخه‌ و له‌و بیرۆکه‌یه‌ی ده‌یگه‌یه‌نێت سنووری کات و شوێن ده‌به‌زێنێ و شیله‌ر له‌ هه‌ر شوێنێك و زه‌مه‌نێك، ئازادی مرۆڤی تیادا پێشێل بکرێت، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌قه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه‌.