منی هیچ

Loading

هیچێكم… وەك باڵێكی وەریوی مێروو
هیچتریشم… وەك پاسەوانێك بەدیار مەرگەوە
بۆ بینینی شتە هیچەكان…

……..

 

لێرەكانێ‌…
منێكم هیچ،
لە توێكڵی تووری فساوی.
بۆگەنێكم، لە قوتووە ڕوبێكی ترشاو و،
قرپی پارووە پەنیرێكی موواوی.
هیچێكم،
لە باڵەفڕێی مێرووە سوورەكانەوە،
سەیری سروشت دەكەم.
لە تۆزی خۆڵەمێشی بە “با”دا چوودا،
بۆنی مەرگ دەكەم.
لە گەڵا وەریوەكانی پاییزەوە،
تەفسیری ڕۆح دەكەم.
*
مرۆڤێكم هیچتر لە هەموو شتێك، كە: هیچە.

گەمژەتر لە هەڵوەرینی سێوێك:
بۆ دانانی هێزێكی یاسایی هەتایی.
كەڕتر بۆ بیستنی هاواری بەردەكان.
كوێرتر بۆ دیدەنی مەزارگەی پیاوچاكەكان.
منی هیچ، نە زادگام هەیە:
تا نووری ” تەبارەكەڵڵا ” لێم بدا.
نە داوی جاڵجاڵۆكەش… شك دەبەم:
تا خۆمی تێدا حەشار بدەم و،
دوژمن بە دوامدا ڕانەكا.
*
منی هیچ… كوا ڕەشبینم؟
ـ لە كن مزگەوت… مەیفرۆش دەبینم، دەلەرزێت.
ـ لە كن دەریا… سەگ هەڵتووتاوە و دەقورسكێنێت.
ـ لە كن گوڵ… لەشفرۆش دەبینم، پێدەكەنێت.
ـ لەسەر جادە… خوێنی منداڵ دەبینم، دەڕژێت.
ـ لە چاوی مامۆستاشدا… تۆزی دەباشیر دەبینم،
دەتكێت.

*

منی هیچ… هەستم لە نێو هەستی مستێكدایە.
ڕقم لە نێو ڕقی شیعرێكدایە.
خوێنم لە نێو خوێنی مێشكدایە
فرمێسكیشم بەسەر تاڵی شانەی خۆردا
دێتە خوارێ‌ و، پندیش لە ژێر تەڕبوونی
فرمێسكمدایە.

*
منی هیچ… بە قەد قەڵافەتی چنگەپشیلە،
خۆم بە نێو تیكەكەلێنی دیوارەكاندا هەڵدەڕووسكێنم.
تا وەك بزانم: لەو دیوی دیوارەكانەوە “هیچ” هەیە؟
منی هیچ… تەماشای وەستانی قاچی قازێك و،
فڕینی كلكەسەنگینەیێك و،
پێكەنینی قەلەڕەشەیێك دەكەم.
تا وەك بزانم: دابەشبوونی ” ئەندازە” هەیە؟
منی هیچ… بەشداری دەكەم لە كوشتنی مۆریانە،
لە تۆڵەی خورانی گۆچانی پیاوەپیرەكان و،
كوونكردنی دیوارە سپییەكان.
تا وەك بزانم: فەرمانی دادوەر بۆ ” ڕۆحی بچووك ” چییە؟

*

منی هیچ، پێكەنینم بە هەندێ شاعیر دێ:
جـیاوازی لە نێوان ئاسمان و دەریادا دەكەن.
ئەستێرەیێك كە بە بۆشایی ئاسماندا ڕادەخزێ:
ئەوا تەفسیری مەرگی مرۆڤـ دەكات.
ماسییەكیش كە بە تیژی لە دەریاوە بەرەو كەنار ڕەت دەبێ:

بەهادین / گرافیک / هیچ
بەهادین / گرافیک / هیچ

ئەوا تەفسیری خۆشەویستی لەبارچوو دەكات.
ـ دەی كەوایە منم… تەنیاترین كوڕی سەراب ـ
هاوڕێی كەندەسمە و كەڵەباب.
منم، خاوەن خەیاڵترین وەحییەتی شیعری ئەوینییەت!.

*
منی هیچ… بە دوای هەموو شتەكاندا دەگەڕێم.
لە گومناوی تاریكی شەودا:
بە دوای لوورەلووری گورگی نێو دارستانەكان و،
میاواندنی پشیلەی سەر دیوارەكان و،
زەڕاندنی جاشەكەری نێو تەویلەكاندا دەگەڕێم.
دواجاریش… بە دوای تكە خوێنی
باڵندە شكەستەكان و،
قورسكەقورسكی سەگی،
بەردەام ماڵی لەشفرۆشەكاندا دەگەڕێم.

*

دەزانن منی هیچ… چیم و كێم؟
منم، سەر بە وەچەی بزمار/ لاشەیەكی تەڕی بیمار
گڵوانەی وشكی سنەوبەر/ تا زستانێكم بردە سەر
گوڵە گەنمی پووچ/ لە ژێر دەڕاسەیێكی حووج
منم سەر بە ڕیخی مانگا و گامێش/ دەوڵەمەنترین وەچە…
وەچەیێكی مێژووی سەرئێش!.

*

منی هیچ… گوێ لە ئەدای هەموو وەرزێك دەگرم.
گوێ‌ لە خشەی گەڵای پاییز دەگرم
كە چۆن لە ژێر پێی ئافرەتدا دەبێتە خاشاك .
گوێ‌ لە كرپەی بەفری زستان دەگرم
كە چۆن وڵاخدار توولەڕێ دەشكێنێت.
گوێ‌ لە سیكەی گیای بەهار دەگرم
كە چۆن باغەوانەكان دەیڕنێنن.
گوێ‌ لە چڕقەی گەرمای هاوین دەگرم
كە چۆن قەڵەم و شاعیر پێكەوە هەڵدەچن
گوێ‌ لە وەرزی پێنجەم دەگرم ـ وەرزی بەهەشت،
” كە چۆن شەڕاب بە نێو جۆگەدا چۆڕەی دێ‌ و، مەزەش لە تەنیشت.” (1)
گوێ‌ لە وەرزی شەشەم دەگرم ـ وەرزی جەهەننەم،
” كە چۆن چاوەڕێی خرتەی شەش بە شەشێكی مۆری تاوڵە دەكەم. ” (2)
*

منی هیچ… كەڵەشێرێكی پۆپڕەداری سوورم بینی ـ
دەیقووقاند و، هەڕەشەی لە هیچ پەلەوەرێكی دی قەبووڵ نەدەكرد.
سەرمازەڵەیێكم بینی… سەر بە ئەشڕافزادەكان.
كۆترێكی سپیم بینی… سەر بە ڕەنگەكان.
چەكوشی دادوەرم بینی… بە دەست پیاوە سەركردەكان.
*

منی هیچ… عەجایبم لە هەندێ‌ شت دێ‌:
ـ كە عاشقی خودا دەبم، دەسەڵات سەرم لێ دەشێوێنێ
ـ كە عاشقی ئافرەت دەبم، نێوی خودام لە بیر دەچێ
ـ كە دەچمە نێو دەسەڵات، خەڵك جوێنم پێ دەڵێ‌
ـ كە بێلایەن دادەنیشم، حكومەت ڕاوم دەنێ
ـ كە لەسەر حكومەت دەنووسم، گشت عیشقێكم لەدەست دەچێ
وەی عیشقم ڕۆ… وەی قەڵمم ڕۆ…
ئای لەو شیعرانەی كە دەینووسم و لێم بە گومانە
چۆن جارێكی دیكە ئیلهام خۆ بە باوەشی شیعرمدا دەكات؟!
كە دەڵێم: من لە نووسەرانی ئەمڕۆوە خوێندنەوە دەكەم
بۆیە شیعرم كەلەپچە دەبێ.

*

منی هیچ… ئەمشەو،
شیعرێكم پاسەوانی دزەكانە ـ
كە چۆن لە نێو دێڕەكاندا خۆ دەنووسنەوە.
شیعرێكم دروشمی ناڕەزایی گەنجەكانە ـ
كە چۆن مان دەگرن و، لە نێو چادرەكاندا دەمێننەوە.
شیعرێكم لەسەر سواڵكەرەكانی سەر شەقام و،
شێتەكانی بەردەم دووكانەكانە ـ
كە چۆن قەرەباڵغیان لە نێو كۆمەڵگەدا دروست كردووە.
ئای لەم مەرگەساتانە/ كە لە نێو دەسەڵاتی كاریزماكاندایە و،
قەت كاڵنابنەوە.
وەی پەنجەكانم ڕۆ… وەی شیعرم ڕۆ…
ئای دەبێ یاسای دادوەر لەسەر من چی بێ؟!
كە دەڵێم: من لە گەنجەكانی ئەمڕۆوە فێربووم
بۆیە شیعرم یاخی دەبێ.

تشرینی یەكەم و دووەمی ٢٠٠٧

______________________________________________________________________
(1). ئیقاعێكی ئەم دێڕە شیعرە: هی شاعیر: “خەیام”ە.
(2). ئەم دێڕە شیعرە: دەستكاری و داڕشتنەوەی دێڕە شیعرێكی “بەختیار عەلی”یە.