ئینگمار بێرگمان ١٩١٨-٢٠٠٧ داهێنەرێکی بێ وێنە بووە، فیلمەکانی، بەرهەمە شانۆییەکانی و هەروەها وەک نووسەرێکیش، کولتوورێکی دەوڵەمەندی لە دوای خۆی بۆ دونیا بەجێ هێشتوە؛ هەر خۆی سیناریۆی فیلمهکانی دەنووسی و هەژموونێکی گەورەی بەسەر سینەمای جیهانی و ریژیسۆرە گەورەکانەوە هەبووە. گەورە ریژیسۆرێکی وەک (کۆرۆساوا) باس لە کاریگەرییەکانی بێرگمان دەکات (تارکۆڤسکی) لە دیدی بێرگمانەوە گەشە دەکات و مێژووی سینەمای جیهانی بەشێکی گرینگە لە سینەمای بێرگمان.
بێرگمان وێنای مەرگ، کێشەی هاوسەرگیری، عەشقێکی پڕ لە لەرز و تا، مەسەلە خودگهراکانی مرۆڤ و گەردوونی لە کۆمیدیا و تراجیدیادا کردووە بە فیلم. لە فیلمی (چەند دیمەنێک لە هاوسەرگیری) بە شێوەیەکی چڕ و قووڵ، لەسەر بنەما سایکۆلۆژییەکانەوە، ژیانی هاوسەرگیری کۆمەلگە مۆدێرنەکەی باکووری ئەوروپا بەرجەستە دەکات. ئەم فیلمە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەرایەکی گەورە دەنێتەوە، ههزاران خێزانی پەرتەوازە، ژن و مێردەکان و هەموو کۆمەڵگە بە بنەما ئاکاری و کۆمەڵایەتییەکانیاندا دەچنەوە و لەسەر بنەما و ستراکتورە هزری/دەروونی/هونەرییەکانی ئەم فیلمەوە، بە دیدێکی ترەوە لە ژیانی هاوسەرگیری خۆیان دەڕوانن. بێرگمان خۆی بۆ چەندان جار هاوسەرگیری کردووە، لەگەڵ پێکەوەنانی هەر خێزانێکی نوێشدا منداڵی بووە، هەمیشەیش پشتی کردۆتە ژن و منداڵەکانی و ئەوەی لە ژیاندا بۆ ئەو گرینگ بووە، بەرهەمە هونەری و ژیانە هونەرییەکەی بووە.
(مرۆڤە نیگەرانەکان) ڕۆمانێکە لە نووسینی (لین ئولمان) دوا کچی بێرگمان، لە ژنە نەرویژییەکەی، واته، “لیڤ ئولمان”، که ئەکتەری سینەما و شانۆیە. ئولمان لەم ڕۆمانەیدا، باسی ژیانی خۆیی و باوکی (ئینگمار بێرگمان) و دایکی (لیڤ ئولمان) دەکات. لین ئولمان ڕۆمانەکەی لەسەر یادەوەری و بیرەوەرییەکانی خۆیی و پێوەندی بە بێرگمانی باوک و ئولمانی دایکەوە ڕۆناوە، پاڵەوانە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکەیش، کە کیژە بچووکەکەی ئەم خێزان و بنەماڵەییە، هیچ ناوێکی نییە، هەروەها دایک و باوکیش، کە لەگەڵ خۆی کارەکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمان و یادەوەرییانەن، هیچ ناوێکیان نییە و تەنها وەک باوک و دایک ئاماژەیان بۆ دەکرێت، هەرسێکیشیان، واتە کچ، دایک و باوک، مرۆڤە دردۆنگ و نیگەرانەکانن، لە کاتێکدا هەموو کارەکتەرەکانی تر ناوی خۆیان هەیە. بەم شێوەیە، نووسەر جۆرە بوارێکی لەنێوان ئەوان و ئەو چیرۆکانەی دەیگێڕێتەوە، دروست کردووە.
ئەم کیژە ئەلبومی وێنەکان هەڵدەداتەوە، هیچ وێنەیەک نییە، کە ئەم کچە و دایک و باوکی پێکەوە کۆبکاتەوە، وێنەکان بە تەنها لەگەڵ باوکییەتی یان لەگەڵ دایکی (من منداڵی باوکم یان منداڵی دایکم بووم، بەڵام منداڵی ئەوان نەبووم، ئێمە هەرگیز هەرسێکمان پێکەوە نەبووین؛ کە سەیری وێنەکان دەکەم لەسەر مێزەکە کهڵهکه کراون، هیچ وێنەیەک نییە هەرسێکمان پێکەوە کۆبکاتەوە. دایکم و باوکم و من. ئەم جۆرە وێنانە بوونیان نییە. ل١٠) ئەم جۆرە وێنانەیش یان نەبوونی ئەو وێنانەی، هەموو خانەوادەیەک پێکەوە کۆبکاتەوە، چەندان پرسیار، بە تایبەتی لە کۆمەلگەکانی ئەوروپادا دەوروژێنێت: ئێمە بۆ یەکتری هەین؟ ئەی من چیم بۆ ئەوانی تر، لە کاتێکدا ئەوان نەیانەوێت من، پێکهوه لهگهڵ ئهوان، ببینن؟ هاوکات نەبوونی ئەم جۆرە وێنانە هێماگەلێکیشن بۆ پەرتەوازەیی و تەنهاییەکی قووڵ.
ئەم کیژە، کە لە دایک دەبێت، باوک تەمەنی ٤٨ ساڵە و دایک ٢٧، باوک هەشت منداڵی تری لە چەند ژنێکی تر هەیە و هەست بە جیاوازییەکی گەورەی تەمەن لەنێوان خۆیی و کچە بچووکەکەیدا دەکات. بێرگمانی باوك نازانێت، کە هەموو هاوینێک کچەکەی بە خۆی و به جانتاکەیەوە دێت بۆ دورگەکەی لە سوێد، باسی چی لەگەڵ بکات، ههمیشهیش چۆن دەست دەکەن بە قسەکردن، هەروەهایش کۆتایی دێت و پەیڤەکانیان چوونیهکن، ڕۆتینێکی ڕۆژانەی دووبارە، ئەوەی دەیڵێن ناگاتە هیچ ئەنجامێک و هەرگیز هیچ ناڵێن.
کیژە بچووکەکە، بۆ ئەوەی ئەم رۆتینە بشکێنێت، دەکەوێتە تۆمارکردنی چەندان دیدار لەگەڵ باوکە بە تەمەنەکەی، تا لە کۆتایدا ئەو دیدارانە بکهن بە بنەما و ستراکتورێک بۆ پرۆژەی ئەو کتێبەی دەیانەوێت پێکەوە بینووسن، کە هەرگیز ناینووسن. ئەوان دەیانەوێت، لەو کتێبە دۆکیومێنتارییەدا باسی پیربوون بکەن. کە دەست دەکەن بە تۆمارکردنی دیدارەکان، کات بەسەرچووە، پیرێتی بە تەواوی گەیشتۆتە دوا جومگەکانی جەستەی باوک: باوک هێندە پیر بووە، هیچ یەکێک لەو دیدارانە ئەنجامێکی نابێت. بێرگمان لەم ساتانەدا، لەسەر کورسی کەمئەندامان دادەنیشیت، شتی بیردەچێتەوە، وشەکانی بۆ گۆ ناکرێت، بیرەوەری و دیدگای شپرزە و پەرش و بڵاون. دیالۆگی نێوانیان شێوازی دیالۆگ لەخۆ ناگرێت، زیاتر گفتوگۆیەکی کۆمیدییە، باوک بە باشی گوێی لێ نییە، کچ پرسیارەکانی هەمیشە دووبارە دەکاتەوە و باوکیش شتێکی تر دەڵێت. لەگەڵ ئەوەیشدا دیدارەکان دەبنە بەشێکی گرینگی کتێبەکە، ڕووداوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و مەودا و مەدارێکی لۆژیکییان پێ دەبەخشێت. لەنێو بێدەنگییەکانی ئەم دیدارانەدا، پشوو، نەبوونی هێڵێکی گشتی پێوەندی و یەکەی بابەت، ریتم و مانایەکی شیعری دەدۆزێتەوە. هەر لەنێو ئەم دیدارانەدا، نووسەر بیرەوەرییەکانی دەگێڕێتەوە، وێنەیەکی تری بێرگمانمان پێشان دەدات؛ هونەرمەندێک ژیانی بەو رێسا و یاسایانە پابەند بووە، کە خۆی بەوپەڕی قووڵی و دڵرەقی و هەمەلایەنییەکەوە دایناون. بێرگمان تەنانەت ئامادەکاری بۆ مردن و شوێن و چۆنییەتی بەخاک سپاردن و جۆر و ڕەنگی ئەو گوڵانەیش، کە دەخرێنە سەر تەرمەکەی، کردوە. هەروەها دایکێک، کە بە خۆیی و بە ڕۆڵەکانی سەر شانۆ و ژیانە تایبەتییەکەی خۆیەوە سەرقاڵە. دوا دیداری نێوان ئەم باوک و کچە (بێرگمان و لین) دوو مانگ بەر لە کۆچی بێرگمان تۆمار کراوە.
-
لەوانەیە تۆ بینووسیت؟
-
کتێبەکە؟
-
ئا.
-
سەبارەت بە پیربوون؟
-
ئا.
-
وەکوو بڵێت… کتێبێک لە شێوەی دیداردا؟
-
ئەگەر تۆ بێشک دەتەوێت ناوێکی لێبنێت، ئا.
-
ئێمە پێویست ناکات هیچ ناوێکی لێ بنێینن.
-
لەوانەیە پێویست بکات، ئێمە ناوێکی لێ بنێین.
-
ئەمەیان دەتوانین دواتر بگهڕێینهوه سەری.
-
من ناونیشانێکی باشم هەیە.
-
چییە؟
-
گانی مردن لە دۆڵی ئێلددۆڕاڵد.
-
ئەها.
-
من هەمیشە ئارەزووی ئەوەم دەکرد یەکێک لە فیلمەکانم ناوبنێم گانی مردن لە دۆڵی ئێلددۆڕاڵد، بەڵام هەرگیز فلیمێکم نەکرد، لەگەڵ ئەو ناونیشانە بگونجێت. ل١٤٤
کە باوک دەمرێت، نووسەر لە پێشدا بە خاکی دەسپێرێت، دوای ئەوە خەمی لە دەستچوونی باوک هەڵدەگرێت، دوای ئەوە- کە هەندێک کاتیش دەڕوات- گوێ لە شریتە تۆمارکراوەکانی نێوانیان دەگرێت و پرۆسەی نووسینی ڕۆمانەکە دەست پێ دەکات. لین ئولمان-ی نووسەر، چ وەک منداڵ و چ وەک گەورە، هەرگیز ئەو ئامادەییەی تیانییە، لەگەڵ باوکی کێشە دروست بکات، بۆ نموونە کێشەی نەوەکان، یان کێشەی فەرزەندە و باوان، بەڵام لەگەڵ دایکی هەمیشە لە ململانێدایە، ئەو بە بەردەوامی لە ئۆسلۆ، لەگەڵ دایکی دەژی، دایکیشی هەمیشە لە گەشتە هونەرییەکانیدایە و ئەو لای کەنیزە و نهنکی و بەردەستەکانیدا بەجێ دەهێڵێت. لین تەنها لە پشووی هاویندا دێتە سوێد و لای باوکی دەژی، هەرگیز لە پایز یان زستان و هیچ وەرزێکی تری ساڵدا نەیدیووە، باوکێک هیچ تێگەیشتنێکی بۆ منداڵ و پێداویستییەکانی منداڵەکەی خۆی نەبووە، کە بە هاوینانیش لای بووە، کاتی بینینیان دیاریکراو بووە، لە ڕۆژژمێرەکەی باوکدا تۆمار کراوە کەی و لە کوێ دادەنیشن و قسە دەکەن.
ئەوەی لە چەقی گەشە و ژیانی ئەم کیژە بچووکەدایە، پیشە و کاری ئەم دایک و باوکەیە، دوو هونەرمەندی خۆویست و خودشەیدایی، کە پێویستیان بە سەربەستییەکی ڕەها هەیە بۆ خوڵقاندنی کارە هونەرییەکانیان، بەڵام هاوکات پێویستیشیان بە خێزان و خانەوادەیش هەیە، بۆ ئەوەی پێشانی دونیای دەرەوەی بدەن، کە ئەوان کەسانی کامەران و سەرکەوتوون. لین توانیویەتی وێنەیەکی ورد و ڕاستگۆی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی کەسێکی داهێنەری وەک بێرگمان-مان بۆ بخاتە ڕوو، چۆن هاوسەنگی لەنێوان ژیانی خێزانی و کارە هونەرییەکانیدا ڕاگرتووە. ژیانی ئەم کچە و گەورەبوونی لەنێوان ئەم دایک و باوکەدا، کە ژیانە هونەرییەکەیان لە پێش هەموو شتێکی ترەوە بووە، ژینگە و ئەتمۆسفێرێکی نائارام و نیگەرانیان بۆ کچەکەیان دروست کردووە، لین دەیەوێت بە زووترین کات گەورە بێت، حەزی بەوە نەکردووە منداڵ بێت، کە هەمیشە لای کەسانی تر بەجێهێڵراوە. ناونیشانی ڕۆمانەکەیش (مرۆڤە نیگەرانەکان) ئاماژەیەکە بۆ ئەم دایک و باوکە و هەروەها نووسەر خۆیشی، کە چۆن هەستێکی نیگەرانئامێز ڕەوتی ژیانیان دەبات بەڕێوە. بێرگمان دەیتوانی ئەو هەستی نیگەرانییەی خۆی، بەهۆی هەستی پێویستی کۆنترۆڵکردنی هەموو شتێکی ژیانییەوە، چارەسەر بکات.