لە شەمشەمەکوێرەکەی گوندەوە بۆ شانۆی گاڵتەگێڕ


Loading

بە بۆنەی کۆچی دوایی داریۆ فۆ-وە 

داریۆ فۆ یەکەم شانۆکار و تەنها شانۆکاریشە، کە پاداشتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتووە؛ ئەکادیمیای سوێدی سەبارەت بەم پاداشتەیش دەڵێت: (داریۆ فۆ وەکوو گاڵتەگێڕەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، سەرکۆنەی دەسەڵات دەکات و بەها دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شتانەی، کە بێبەها کراون) داریۆ فۆ تەنها ئەکتەر نییە، بەڵکو شانۆنامەنووس، ریژیسۆر، وێنەکێش، نەخشەسازی سینۆگرافیا و نووسەریشە، هەمیشە لە پرۆژەکانیدا، هەوڵی داوە شانۆیەکی سەراپاگیر نەمایش بکات.

داریۆ فۆ لە ساڵی ١٩٢٦دا لە سانگیانۆ، کە گوندێکی بچووکە لە نزیک ڤارێسە، لە دایک بووە. باوکی لە وێستگەی شەمەندەفەر کاری کردووە. کە فۆ منداڵ بووە، باوکی لە شوێنێکی دیاریکراو جێگیر نەبووە، لەبەر ئەوە ناچاربووە، بە بەردەوامی لەگەڵ خێزانەکەی لەنێوان ئەو گوندانەدا بگوێزنەوە. ژیانیش لەم گوندانەدا، هەمان ستایل و جۆری بژێوییان هەبووە و لە هەموو ڕوویەکەوە، لەیەکەوە نزیک بوون. ئەوەی ئەم گوندانەیشی لە بەشەکانی تری ئیتالیا جیاکردۆتەوە، ئەوە بوو، کە ئەم گوندانە کولتورێکی میللیی دەوڵەمەندیان هەبووە و توانیویانە بە شێوەیەکی تایبەتی گەشەی پێ بدەن. ئەم کولتوور و داب و نەریتە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەسترابوونەوە بە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانەوە. بۆ نموونە حیکایەتخوان هەبووە، کە لەنێوان ئەم گوندانەدا گەڕاوە و چیرۆکیان گێڕاوەتەوە، کە بە شێوەیەکی تەواو لەسەر بنەما کاریگەرییە گرۆتیسکەکان، لەنێوان ئەوەی واقیعە و ئەوەی ئەفسانەیە، ئەوەی ڕاستە و ئەوەی فەنتازیایە، ڕۆ نراوە. ئەم چیرۆکانە ڕۆڵ و بەهایەکی گەورەیان بۆ گەشەی ستایل و هونەری فۆ هەبووە. هەموو بەسەرهاتەکانیش لە فۆرمێکی شانۆییدا گێڕدراونەتەوە، زمانی جەستە و ئاماژە باڵا دەست بوون، هاوکات لەیەک کاتدا توانای گێڕانی چەندین ڕۆڵ و بەخێرایی لە ڕۆڵێکەوە بۆ ڕۆڵێکی تر چون، بەرجەستە دەبێت.

لەم چەند ساڵەی دواییدا یاداشتەکانی فۆ (شەمشەمەکوێرەکەی گوند) –حەوت ساڵی یەکەمی تەمەنم و چەند ساڵێکی تریش- بە زمانی سوێدی بڵاو کراونەتەوە. ئەم یاداشتانەی داریۆ فۆ، بەر لە هەموو شتێک سەبارەت بە مرۆڤ و کەش و ژینگە و ئەتمۆسفێری ئەو گوندەیە، کە تیا لە دایک بووە: گوندکەیش دەکەوێتە نزیک (لاگۆ ماگیۆرە) لە شارۆچکەی سانگیانۆ،کە نزیکە لە سنوورەکانی وڵاتی سویسراوە. ئەم ناوچانە بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە و جێگەنزرگەی هەندێک لە خواوەندە دێرینەکان بووە، هاوکات بە مەڵبەندێکی پیرۆزی حیکایەتخوان و لێبوک و گاڵتەگێڕەکانیش ئاماژەی بۆ کراوە.

باوکی داریۆ فۆ، کە لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، کارمەندی وێستگەی شەمەندەفەری گوندەکەیان بووە، بەڵام وەک فۆ لە یاداشتەکانیدا باسی دەکات، گوندەکەیان هێندە بچووک بووە، هەمیشە شەمەندەفەرەکان، کە بە گوندەکەدا تێپەڕیوون، هەستییان بەم شوێنە نەکردووە و لە وێستگەی گوندەکە ڕانەوەستاون. لەم گوندەدا، چەندین حیکایەتخوان هەبوون، کە جێگای شانازی و سەرنجی هەموو گوندەکە بوون، زۆربەی ئەم حیکایەتخوانانە لەناو ئەو کەسانەدا بوون، کە کاری فووکەری شووشەی تواوەیان کردووە، ئەمەیش جۆرێک بووە لە شووشەسازی و نازناوی (شەمشەمەکوێرە)یان لێناون. ئەم نازناوەیش دەگەڕێتەوە بۆ پیشەکەیان، بە شەو کاریان کردووە و بە ڕۆژیش نووستون. هەر لە سەرەتاکانی ١٨٠٠ەکانەوە ئەم شووشەگەرانە لە هەموو ئەوروپاوە، وەک کەسانی شارەزای شووشەسازی هاتوونەتە ئەم ناوچەیە و شووشەیان توانۆتەوە، تێکەڵاویان کردووە و دواجاریش فویان پیاکردووە تا فۆرمی جۆراوجۆر وەربگرن. ئەم حیکایەتخوانە شووشەسازانە زمانێکی تایبەت بەخۆیان دروستکردووە؛ چیرۆکیان گێڕاوەتەوە، گەمەیان کردووە و گۆرانییان گوتووە. چیرۆک و چالاکییەکانی ئەم شووشەسازانە کاریگەرییەکی بەهێزیان بەسەر داریۆ فۆوە هەبووە، هەر لە ژێر هەژموونی ئەمانیشدا بڕیاری داوە، لە پاشە ڕۆژدا ببێتە ئەکتەر.

فۆ بەرلەوەی تەمەنی دە ساڵی تەواو بکات، لەم حیکایەتخوانانەیشەوە فێری ئەوە بووە سەمای دوو کەسی بکات، کە جۆرە چیرۆکێکی دێرینی لەخۆگرتووە: کچ و کوڕەکان دوو دوو بازیان داوە، بەریەک کەوتوون و جۆرە گەمەیەکی ئاویان کردووە و لە ڕوانگەی جۆرە سەرمەوقولاتێکەوە عاشقی یەکتر بوون. فۆ هەر لە تەمەنی چواردە ساڵانەوە، دەبێت بە یەکێک لەو مێردمنداڵانەی، کە لە گوندەکەیاندا بەو چیرۆکانە بەشداری کردووە (زوو بوومە جێگای سەرنجی گوندنشینەکانمان، من هیچم لە نەژاد و بنەما ئەنتیکەییەکەی ئەو چیرۆک و داستانانە نەدەزانی و وامدەزانی ئەمە هەمووی لە داهێنانی خەڵکی گوندەکەمانن) فۆ لەم یاداشتانەیدا بە ووردی باسی ئەو تەمەنەی دەکات، کە لەو گوندەدا، چۆن ئەزموونی سێکس و سەرکێشی و خەباتی ژێر زەمینی و تەنانەت بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، ئەوێکی هونەرمەند و شانۆکاریان دروست کردووە. ئەوەی ئەو لە ژیانی ڕۆژانەدا فێری دەبێت و ئەوەی ئەو لە سروشتەوە وەریدەگرێت و ئەو ئەزموونەی ئەو لێوەی فێر دەبێت، بنەمایەکی بەهێز بۆ ژیانی دواتری لە شاری میلانۆ ڕۆ دەنێت. بۆ نموونە لە ڕێگای مامۆستاکەیەوە، کە مێژووناس و ئەنترۆپۆلۆگێکی بەتوانا بووە و پرۆفیسێور بووە لە زانکۆی میلانۆ، کە فۆ لەوێ هونەر و ئەرکیتێکتور دەخوێنێت، تیا قاڵ دەبێتەوە. هەر لە ڕێگای ئەم مامۆستایەیشەوە بە داستان و ئەفسانە کلاسیکی و دێرینەکان ئاشنا دەبێت. فۆ بەشێک لە یادەوەرییەکانیشی بۆ کارەساتەکانی جەنگی جیهانی دووەم تەرخان دەکات، کە ئەو کاتە تەمەنی تەنها پانزە ساڵان دەبێت و وەکوو زۆربەی هاوتەمەنەکانی خۆی، بەهۆی ئەو جەنگەوە ناچار دەکرێن واز لە قوتابخانە بهێنن. لێرەوە قۆناخێکی نائارام لە ژیانی فۆدا دەست پێ دەکات، باوکی، کە کەسێکی دژە فاشیزم بووە، دەبێتە کەسێکی بەرهەڵستکار و لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا، وەک پارتیزانێک کار دەکات. لەبەر ئەوەی لە وێستگەی شەمەندەفەریش کار دەکات، زۆرجار سەربازە ئینگلیز و ئەمەریکییە گیراوەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لەدەستی نازییەکان هەڵهاتوون، بە نهێنی لە ڕێگای شەمەندەفەرەوە، دەگەیەنێتە سویسرا. زۆرجار فۆ لەم کارانەدا دەبێتە ڕێپیشاندەری ئەو سەربازانە و هەندێک لە سیاسیی و پەناهەندەکانیش دەگەیەنێتە سنوورەکانی سویسرا.

فۆ لەسەر شانۆ کۆمیدیا و تراجیدیا، لەیەکەیەکی تایبەتمەندی (فۆ)یدا تێکەڵاو دەکات، کە ئەکتەرەکانیشی چیرۆکەکانی ژیان و مرۆڤ دەگێڕنەوە، جۆرە خەندەیەکی پڕ لە خۆشی و هەندێک جاریش پڕ لە ژان و ئازار، بەڵام بە فۆرمێکی ئاسانی کاریگەر بەرجەستە دەکەن. ئەم کتێبەیش (شەمشەمەکوێرەکەی گوند) وێنەیەکی بەرزی ئەو مرۆڤەیە، کە لە گۆڕەپانی گوندەکەیانەوە گەشە دەکات و هەر لەوێشەوە ئەو گەشتە، بەرەو شانۆیەکی بەسەلیقەی (گاڵتەگێر) دەست پێ کات.

فۆ بە ووردی و چڕی لە داب و نەریتی گاڵتەگێرەکانی چاخەکانی ناوەڕاستی ئیتالیا دەکۆڵێتەوە، ئەنجامەکانی ئەم کارەیشی لە ساڵی ١٩٦٩دا دەقی (میستێرۆ بۆفۆ)ی لێ لە دایک دەبێت، کە گەمەیەکی کۆمیدی پڕ لە ڕاز و نیازە و یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی فۆ. فۆ وەک مەنەلۆژێک ئەم کارەی بە درێژایی مێژووی هونەری خۆی پێشکەش کردووە، هەروەها وەرگێردراویشتە سەر زۆربەی زمانە جیهانییەکان.

فۆ هەمیشە لە کارەکانیدا مۆتیڤێکی سیاسیی هەیە و هەر لە شەستەکانەوە، لە زۆربەی کارەکانیدا، بۆ نموونە (ئەو خانمەی دەبووایە فڕێبدرایەتە تەنەکەی خۆڵ و خاشاکەوە) دژی ئەمەریکا و جەنگی ڤێتنام و چەمکی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی، کارەکانی نەمایش کردووە. ئەمەریکا تا ئێستایش فیزەی بە فۆ و خێزانەکەی، نەداوە سەردانی ئەو وڵاتە بکەن. هاوکات بەرهەمەکانی تریشی بۆ نموونە (کەس دژی گیاکەی دایکم ڕانەپەڕێت) (ئێمە پارە نادەین، پارە نادەین) (تەرمێک بۆ فرۆشتن) (هەموو دزەکان بۆ دزی نایەن) … هتد لەسەر بنەما سیاسییە ڕەخنەئامێزەکان، دژ بە گەندەڵی، سەرمایەداری، چەوساندنەوە و لە تێراونینێکی چەپ و سیاسەتێکی چەپڕەوانەوە ڕۆ ناوە. فۆ دەربارەی دەسەڵاتدارانیش ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئەوانەی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، گێل نین، ئەگەرنا ئەو دەسەڵاتەیان نە دەبوو، لەم ڕوانگەیەوە، فۆ گەشەی بە فۆرم و میتودی کارەنی داوە، بۆ نموونە ئەو کۆمیدیا ڕەخنەئامێزەی فۆ کاری لەسەر دەکات، لەنێو خودی ڕەوشە شانۆییەکەوە گەشە دەکات. ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پابەندە بە شانۆی داستانئامێزەوە؛ لەوێدا کارەکتەرەکان و کەسایەتییەکان ڕەوتی نەمایشەکە بەرەوپێشەوە نابەن، بەڵکو ڕەوشەکە، تەکنیک و فۆرمە شانۆییەکە دروست دەکات.

فۆ یادەوەرییەکانی بە زمانێکی زیندوو نووسیوە و هەموو کتێبەکە شانۆیەکی کراوەی بەرجەستەکراوە و هەموو لاپەڕەیەکی وێنەیەکی زیندووی ئەو هونەرمەندەمان پێشان دەدات، کە هێدی هێدی لەنێو (من)ەکانەوە گەورە دەبێت، لەنێو چیرۆکەکانەوە دێتە دەرەوە و لە سەر شانۆکان بەرجەستەی تەنگەژە گەورەکانی ژیان، بە خەندە و فۆرمە گاڵتەئامێزەکان بەرجەستە دەکات. خوێندنەوەی یاداشتەکانیشی وەکوو ئەوە وایە بەدیار یەکێک لە نەمایشەکانییەوە دانیشتبیت.

فۆ دەڵێت باپیرەم، کە چیرۆکەکانی دەگێڕایەوە و دەبووە فرۆشیارێکی گەرۆک یان ماسیگرێک… هتد هەر لەسەرەتاوە خاڵێکی دەرەکی، شتێکی ڕاگوزاری، وەک ئەوەی شتێکی ڕێکەوت بێت، کە دەبووە هۆی بیانوویەک بۆ دۆزینەوەی چیرۆکەکە بەکار دەهێنا، کە وا دەردەکەوت لە دەرەوەی ویستی خۆیەوە هاتبێت و لەو ڕێگایەوە ڕادەکێشرێتە نێو چیرۆکەکانەوە. (دوای چەندین ساڵ ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە ئەم تەکنیک و شێوازە بۆ چوونە نێو گێڕانەوەی چیرۆکەکانەوە، تەکنیکێکی ئاسایی بووە لای ئەکتەرەکانی کۆمیدیای دیلارتی) ئەمەیش بۆ فۆ یەکەم وانەیەکی گەورە و بەسوود بووە، هەڵبژاردنی ئەو بنەمایەی، کە فۆرمی چیرۆکەکە، خودی گێڕانەوەکە دروست دەکات: سەرەتای چیرۆکەکە وەکوو ڕێکەوت دەربکەوێت. (ئەمە هەمان میکانیزمە، کە من تائێستا لە نەمایشەکانمدا بەکاری دەهێنم، ڕەوشێک بدۆزیتەوە، بیانووک بۆ ئەوەی لەگەڵ بینەران بکەومە گفتوگۆوە، بەر لەوەی ڕووناکی ناو هۆڵەکە بکوژێنرێتەوە. ئەمەیش جۆرە گەمەیەکە، بۆ ئەوەی بینەران پەلکێشی ناو نەمایشەکە بکەیت، ئەمانەیش بۆ ئەوەیە، کە بە تەواوی دیواری چوارەم لەنێوان بینەران و تەختەی شانۆدا لاببرێت)

شانۆی گەرۆک و شانۆی بووکەڵە هەمیشە سەردانی ئەم گوندەیان کردووە. فۆ بینەرێکی بەردەوامی ئەم نەمایشانە بووە و دواتر سەرلەنوێ بۆ قوتابییانی پۆلەکەیانی نەمایش کردۆتەوە، لەکاتی نەمایشەکەدا، گۆڕانکاری لە چیرۆکەکان و شێوازی پێشکەشکردنەکەدا کردووە و بە جۆرێکی تر بۆی گێڕاونەتەوە. فۆ ئامادەکارییەکی وردی لەم چیرۆکانەدا کردووە و لەگەڵ ئەتمۆسفێری پۆل و ژینگەی قوتابخانەدا گونجاندویەتی و بەم شێوەیەیش یەکەم بینەری شانۆیی لە خۆی کۆدەکاتەوە. (خەڵکی گوێت لێ بگرێت و بەشداری ئەو نەمایشە بکات، کە تۆ پێشکەشی دەکەیت، یەکەم و سەرەتای پرنسیپەکانە) فۆ دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەوەی نەمایشەکە پێشەکەش دەکات و نەتوانێت چێژ لە ئامادەبوون و هەستی بینەران وەربگرێت یان بینەران شتێک بە ئامادەبوونی خۆیان بە نەمایشەکە نەبەخشن و بەشدارییەکی ڕاستەقینەی نەمایشەکە، بۆ نموونە، لە ئەنجامی ئەو هەستە خۆش و پێکەنینەی بینەرانەوە بڵاو دەبێتەوە، نەکەن، ئەوە هیچ مانایەکی تیانییە بیر لەوە بکەیتەوە ببیت بە ئەکتەر.  چونکە مرۆڤ، کە لە بینەراندا خۆی دەبینێتەوە، ریتم، وەزن و ئاوازت پێدەبەخشێت و لەنگەری نێوان ئەکتەر، نەمایش، هۆڵی شانۆ و بینەران ڕادەگرێت.

فۆ لەم ڕووەوە، باسی فێربوون، خوێندن و بڕوانامەی هونەر دەکات و ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە مرۆڤ بە بروانامەی هونەری نابێت بە ئەکتەر و ریژیسۆر. (من خۆم لە قوتابخانە یان هیچ جۆرە ئەکادیمیایەک نەمخوێندووە، جگە لە ئەکادیمیای هونەر… بەڵام زۆر مامۆستام هەبوون… هەندێک لەوانە بەبێ ئەوەی زانیبێتم. من لەو بڕوایەدام ئەمە سەبارەت بەوە نییە، کە بخوێنیت، بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە بتوانیت پیشەکە لە مامۆستایەکەوە هەڵمژیت، لە ڕێگای توانەوە لە مامۆستایەکدا قوتابی دەگاتە پیشەکەی، نەک خوفێرکردن، بەڵکوو دزینی زانیارییەکان و هەڵمژینی) فۆ لەم ڕووەوە ئەو پرسیارە دەکات، چۆن وانەی هونەری نواندن دەوترێتەوە؟ ئەمەیش ئەو پرسیارەیە فۆ لە یاداشتگەلەکەیدا دەیەوێت وەڵامی بداتەوە؟ بۆ کەسێکی وەک فۆ، کە لەدەرەوەی قوتابخانەکانەوە فێری هونەری نواندن و ریژی بووە، باسی ئەوە دەکات، کە وەک هەموو پیشەیەکی تر، مامۆستایش لە هەوڵی ئەوەدایە، لە ڕێگای شوێنپێهەڵگرتنێکی ورد و چڕەوە پەردە لەڕووی نهێنییەکانەوە هەڵبماڵێت. ئەگەر مرۆڤ لەوەدا سەرکەوتووبێت ئەو شتانە بکات بە هی خۆی، ئەوە شتێکی باشە، ئەگەر نا هیچت بۆ ناکرێت. (من بەڕاستی هونەری نواندنم ماشیوەتەوە و لە گوێ ڕووبارەکانەوە دەستم بە گێڕانەوە کردووە. زۆر بە ئاسانی یەکەم وانەکانم لەوێووە، بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەم، وەرگرت. چیرۆکبێژەکانی  شەمشەمەکوێرە ئەوەیان فێرکردم، کە هەمیشە ئارام بم و ددان بەخۆدابگرم و بە ڕووی ئەوانەی تازە دەست پێ دەکەن کراوەبم)

سەرچاوە:

Dario Fo, Fladdermossens by. Mina forsta sju ar, och nogra till. Ordfront, Stockholm 2005