لەپێناو دونیایەک بۆ میکرۆ سیاسەت

Loading

ئاوابوونی جەنگی سەراپاگیر و گشتگیر؛ لەپیناو دونیایەک بۆ میکرۆ سیاسەت  Micropolitique

 

دونیای پۆستمۆدێرنە، دونیای جوڵە بچوکەکان و گروپە بچوکەکانە، دونیای ئـاوابوونی کردەو ئـەکسیۆنی یونیڤێرساڵی و شۆڕشە گەورەو مەزنەکانە. دونیای ئـاوابوونی شۆڕشە بەتێگەیشتنەکانی سەدەی نۆزدەو بیستیش، دونیای وردکردنەوەو پارچەپارچەکردن و بە میکرۆ گروپکردنی فەزای گشتی و ژیانی گشتییە.ئـەم میکرۆ سیاسەتە، ئـەم میکرۆگروپ و کەمینانە گوزارشتن لە مۆڵتیپلیسیتێ و جیاوازی و فرەچەشنی و جۆراو جۆری گروپ و شوناس و کردەو بکەری کۆمەڵایەتی و ناکۆمەڵایەتی.

* سەردەمی شۆڕشە گەورەو سەراپاگیرەکان سەردەمی توانەوەی شوناس و ھەویەتی کەمینەو تاکەکان بوو لەپێناو ھەویەت و شوناسێکی گەورەتر. ئـێستا ئـێمە لە سەروبەندی دەرکەوتنی ئـەکتەری ڕەنگاوڕەنگ و جیاوازو ھەمە جۆرداین. ئـەو ڕوئـیایەی کە پێیوابوو لەپێناو گەیشتن بە سۆسیالیزم دەبێت وەردە ململانێی و وەردەخەبات و وردە ناسنامەکان لە وێنەی خەباتی قوتابیان و خوێندکاران و ئـافرەتان و کەمینەی ناو زمان و دیالێکت و پرسی نەتەوەو نەتەوایەتی دوا بخرێت. نەک تەنیا دواخستن، بەڵکو کۆمۆنیست و چەپی کلاسیکی ئـەو شوناس و نوێنەرایەتیکردنانەیان بە بیدعەی کاپیتالیزم دەزانی و دەبوایە لە ئـاستی تیۆری و پراتیکیشدا ڕەفز بکرابایەتەوە.

* بەھەمان شێوە بۆ ناسیونالیزم و شۆڕشی ناسیۆنالیستیش دەبوایە تەواوی ئـەو خەباتە بچوک و جۆراوجۆرەمان یان دواخستبایە یاخود بیرمان لێ نەکردبایەتەوە. نەتەوەو چینی پرۆلیتاریا ئـەو دوو حیکایەتە گەورەی ناو مۆدێرنیتین کە جۆرەھا فاشیزمی شمولی و سەراپاگیریان پراتیک دەکرد. ستەمکاریی و فاشیزم بە ناوی خەبات بۆ ڕزگاری چینی پرۆلیتاریاو نەتەوەی ژێر دەست و کێشمەکێش لە پێناو سۆسیالیزم و دەوڵەتی نەتەوەو فۆرمولەبوونەکانی نەتەوە.

* دیارە لەدونیای ئـیسلامیشدا ھەمان فاشیزمی مەزھەبی بە ناوی خەونی گەڕانەوەوی خەلافەت و یەکگرتووی ئـومەت و ئـوممەمیەتی موسوڵمانان تەوای شوناس گوتارو خەباتە بچوک و میکرۆ گروپەکانی وەک سەندیکاکان و ڕێکخراو گروپەکسنی فشار بەدرزخستنە ناو ئـومەتی ئـیسلامی و دەستی زایۆنیزم و خاچپەرستان و جوژەکە تۆمەتبارو تاوانبار دەکرا.

لێرەەوە لەدونیای پۆستمۆدێرن لە ۆێناسەیەک و لە ئـاستێکی گەورەیدا ھیچ نیتە جگە لە وردە حیکایەت و خەبات و کێشمەکێش و ململانێ بچوکەکان. (دولوز) لە بارەی چێژی بە کەمینەبوون و بەرگری و بەرھەڵستکاری کەمینەییەوە

فەیلەسوفی فەڕەنسی دۆلۆز
فەیلەسوفی فەڕەنسی دۆلۆز

چەندین ھێڵی جوانمان بۆ دەستنیشان دەکات :کەمینەکان سرک و خزن، کەمینەکان سەروکارو سەرقاڵییان لەگەڵ گروپی عەسابەیی و پارتیزانیدایە، کەمینەکان زیاتر قودرەت و مەقدیرەتی داھێنان و خوڵقاندنیان زۆرە، ئـەقەڵیەت و کەمینەکان ھەرچی خێراترە لەمسی ھێڵەکانی کەڵھاتن و بەرگری و بەرھەڵستکاریدەکەن.

کەمینەکان پۆتۆنسیالی بوون بەفاشیست تێیاندا زۆر کەمترو کاڵترو دورخراوەترە، کەمینەکان وەختێک لە زەمن و پانتاییەک ھەڵدەکەنرێن لەناو سەیرەورەدا پانتایی دیکە دروستدەکەنەوە.

کەمینەکان ئـەو کۆچەریانەن کە تەنیا کێشەی جوگرافیایان ھەیە نەک مێژوو، چون ھێزی ھەیمەنەکار لەڕێگەی مێژووەوە، و زیاتر ھەیمەنەی خۆی دەسەپێنێت.

کەمینەکان ئـەو قوڵپدان و فیچقەکردنانەی ئـارەزوون کە بەسەر بەربەست و بنبەستەکاندا بە ئـاستێکی ئـۆنتۆلۆژی تێدەپەرن، کەمینەکان لێرەو لە ئـێستادان وحیکایەتێکی ژینالۆژی و شەجەرەیتان نیوڕا بیدۆڕێنن. کەمینەکان حیکایەت و یۆتۆپیایان نییە، کەمینەکان ھەمیشەو بە بەردەوامی و بە ئـاسۆیی لە ناو فۆرمگۆڕیندان تا زیاترو زیاتر سرک و ڕامنەکراو بن…

ئـێستای دونیای پۆستمۆدێرن ھیچ نییە جگە لەو کەمینانەی لە ڕێگەی ئـەدەب و ئـیستاتیکاو سینەما و میوزیک و گروپی میکرۆ سیاسییەوە ھەم لە ھەڵھاتندان و ھەمیش بەرگری.

دونیای کوردی بە پلە ئـیمتیاز سەر بەمیراتی جەنگی سەراپاگیرو گشتگیرو گروپ و ھێزی گەورەدایە. ھێزەکانی ئـێمە بە ناوی چەندین ڕەوایەتی و شەرعییەت و چەقبەستوویان لە ناو میتافیزیکایی (دۆست/دوژمن) گروپ و جوڵە بچوکەکانیان مۆنۆپۆلکردووە. یاخود بڵێین ھەر لە ئـەسڵدا ئـێمە خاوەنی دونیایەکی میکرۆ سیاسی نین. دونیای ئـێمە دونیای ماکرۆ  وچیرۆک و خەباتە گەورەکانە.

بۆ نمونە (بزوتنەوەی گۆڕان) لەو شوێنەدا بە خیانەت و زیان بۆ گروپ و ھێزو جوڵە جۆراوجۆرەکان تەواو بوو، کە سەرجەم یان بڕێکی زۆریانی خستە ژێر ڕکێفی جەنگ و شەڕێکی سەراپاگیرو سەرانسەری. پێش جیابوونەوەی گۆڕان ھیزو فشاری سەندیکایی و قوتابیان و ململانێی جەندەری و بڕێکی خۆر خەبات و کێشمەکێش بوونی ھەبوو. ئـەم پرۆسەو پرۆژەی گۆڕانە وایکرد، یان دەرئـەنجامێکی وای لێکەوتەوە کەمینەو گروپ و جوڵە بچوکە یاخی و بەرھەڵستکارەکانی ناو ھێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتیش بچنە ناو بەرگری و ھێرشی سەراپاگیرو سەرانسەرییەوە.

واتە بەهۆی  بزوتنەوەی گۆڕان ئـەو کەمینەو میکرۆ کردەو جوڵانەی لە ناو دەسەڵاتی سیاسی ئـێمەدابوون دەستبەرداری کەمینەیی خۆیان بوون و چوونەوە ناو بەرەو شەڕی گەورەوە.

لەدواجاردا پرسیارەکە ئەوەیە؛  ئـایا ئێمە سەرلەنوێ دەستبکەینەوە بە ململانێ و شەڕی کەمینەیی؟!

 

تەواو

 

 

تێبینی کولتور مەگەزین: تێرم و ڕێنوس تایبەتە بەنوسەری بابەت، لەگەڵ دەستکاریەکی کەمی ئێمە .