(به‌شی یه‌كه‌م)
یه‌كه‌م: با سه‌ره‌تا له‌م تێزه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین: »هه‌تا سه‌رمایه‌داری زیندوو بێت ماركسیزمیش زیندوو ده‌بێت«.
له ڕواڵه‌تدا تێزه‌كه ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و قسه‌ی ده‌ڵێت گوایه “ماركس مردووه” قسه‌یه‌كی پووچه. به‌ڵام وا دیاره ئه‌مه كێشه بنەڕەتیەکە نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه چۆن “تا ئێستا سه‌رمایه‌داری زیندووه؟”
یه‌كێك له‌وه‌ڵامه‌كان ده‌شێت ئه‌مه بێت: “مه‌رج نییه شۆڕش له ماوه‌یه‌كی كورتدا ڕووبدات، ده‌شێت سه‌دان ساڵی‌تر ڕووبدات، دوای چه‌ندین هه‌وڵی یه‌ك له‌دوای یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتن”.
به‌م پێیه ئه‌وه بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ ده‌ستبه‌رداری خه‌بات نه‌بێت. ئه‌م وه‌ڵامه چه‌ند پرسیارێكیتر ده‌وروژێنێت كه كێشه ده‌خه‌نه نێو وه‌ڵامه‌كه‌وه و پێوستیان به چاره‌سه‌ر هه‌یه، بۆ نموونه: ئه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌ك شۆڕش سه‌رنه‌كه‌وت، به‌ڵكو له‌ماوه‌ی سه‌دان ساڵدا هه‌ر ڕوویش نه‌دا؟
ڕوونه‌دانی شۆڕش شتێكی خه‌یاڵی نییه، بێ ئومێدییش نییه، به‌ڵكو له‌دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ره‌وه تا ئێستا شۆڕشێكی زۆر مه‌زن له جیهاندا ڕووینه‌داوه. ڕاسته دواتر شۆڕش له چه‌ند وڵاتێكدا سه‌ركه‌وتن و ڕژێمه باڵاده‌سته‌كانیان وه‌لانا، به‌ڵام ئه‌م ڕژێمانه هه‌ر زوو بوونه‌وه ڕژێمی دیكتاتۆر و تۆتالیتا‌ر و سته‌میان به‌رهه‌مهێناوه. جگه له‌وه‌یش لێڕه‌دا ده‌كه‌وینه‌وه به‌رده‌م ئه‌م پرسیاره: گه‌ر شۆڕش چاوی له كۆمۆنیزم، یان لایه‌نیكه‌م له سۆشیالیزم بڕیبێ، ئایا ئه‌مه تایبه‌ته به وڵاتێك و شوێنێكی دیاریكراو؟ داخۆ دامه‌زراندنی كۆمۆنیزم له تاكه وڵاتێكدا، له‌م هه‌ولومه‌رجه ترسناكه‌ی دنیادا و له‌نێو ئه‌م سوپاس زه‌به‌لاح و چه‌كه وێڕانكه‌ر و ده‌زگا هه‌واڵگرییه ترسناكانه‌دا، ده‌شێت بێ كێشه و ده‌ردی سه‌ر دابمه‌زرێت و به‌رگری له خۆی بكات؟
له‌مه‌یش زیاتر گریمانه‌كه ڕابكێشین: گه‌ر كۆمۆنیزمیش دابمه‌زرێت، ئایا ده‌توانێت بمێنێته‌وه و ته‌مه‌نی له (كۆمۆنه‌ی پاریس) درێژتر بێت؟
بێگومان من ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌م بتوانین كۆمۆنیزم دابمه‌زرێنین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی هێنده‌ی كۆمۆنه‌یش بێت، به‌ڵام ئه‌م ئیراده‌ی و ئاره‌زووه هیچ له سه‌ختی پرسیاره‌كه كه‌م ناكاته‌وه، كه هیچ نه‌بێ ده‌بێ له ڕووی تیۆرییه‌وه وه‌ڵام بدرێته‌وه، چونكه وه‌ك ده‌زانین كۆمۆنیزم گه‌ردوونییه و له تاكه وڵاتێك یان چه‌ند وڵاتێكدا هیچ مانایه‌كی ئه‌وتۆی نییه، گه‌ر مانایه‌كیشی هه‌بێت ئه‌و كاته مانای هه‌یه كه له سۆشیالیزم‌دا نه‌مێنێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتگه‌ری و ده‌زگاكان و ده‌وڵه‌ت و سوپای ده‌وڵه‌تیی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، ئه‌مه‌یش له‌و دۆخه‌دا ده‌بێت كه له هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی زلهێزه‌وه په‌لامار نه‌درێت و ئیجبار نه‌كرێت بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی ئه‌م ده‌زگایانه بهێڵێته‌وه، چونكه وه‌ك ده‌زانین پاساوی به‌شێك له ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆره‌كان، پاراستنی “ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕش” و “ئه‌زموونه‌كه”بووه و هه‌یه به‌ڕووی دوژمنان‌دا.
با وه‌ڵامێكی دیكه تاقیبكه‌ینه‌وه: »ئه‌و كاته سه‌رمایه‌داری ده‌ڕوخیت كه هه‌لومه‌رجی ئوبێكتی بۆ شۆڕش و دامه‌زراندنی كۆمۆنیزم، ڕه‌خسابێت و پێگه‌یشتبێت«. ئه‌م وه‌ڵامه‌یش دیسان بێ ئیشكالییه‌ت نییه. ته‌مه‌نی سه‌رمایه‌داری نزیكه‌ی سێ سه‌ده‌یه و تا ئاستێكی زۆر مه‌ترسیدار هه‌ڵكشاوه، كه ده‌توانین پێی بڵێین “سه‌رمایه‌داری دوایین” یان “سه‌رمایه‌داری وه‌حشی”. كه‌وایه كه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه ئوبێكتییه گه‌شه ده‌كات؟ كه‌ی زه‌مینه‌ی دامه‌زراندنی كۆمۆنیزم ده‌ڕه‌خسێت؟
بۆچی سه‌رمایه‌داریی تا ئه‌مڕاده مه‌ترسیداره‌یش پێنه‌گه‌یشتبوو به‌رگری به ڕوویدا زیاتر بوو، كه‌چی له ئێستادا ترسناكتر و گه‌شه‌كردووتریشه به‌ڵام به‌رگری و شۆڕش و یاخیبوون به ڕوویدا كه‌متره؟
هه‌ندێك له‌و چه‌پانه‌ی تۆزێك به‌ها بۆ سوبێكت ده‌گێڕنه‌وه، ده‌ڵێن ئه‌مه پێویستی به بوونی (سوبێكتێكی هۆشیار) و سه‌ركێشه، كه ده‌رك به بارودۆخه ئوبێكتییه‌كه و ئاسته چینایه‌تییه‌كه‌ی بكات و ناواخنیان بكاته‌وه، ئیدی له‌مه‌وه ئیراده‌ی یاخیبوون و به‌رگری تاوه‌كو شۆڕش گه‌شه ده‌كات؛ كه‌واته له پاڵ پێگه‌یشتنی هه‌لومه‌رجی ئوبێكتیدا، پێویستمان به سوبێكتێكی چالاكیشه كه ئه‌كت بنوێنێت و مێژوو بگۆڕێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سوبێكته پرۆلیتاریه‌یه. دیسان ڕه‌وایه بپرسین، بۆچی له‌م دۆخه مه‌ترسیداره‌دا ئه‌م سوبێكته لاوازه؟ بۆچی پرۆلیتاریا، وه‌ك جه‌مسه‌ره لێكدژه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داران، ناتوانێت ڕووداو بخولقێنێت و سیسته‌م قڵپ بكاته‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت وه‌ڵامی جیاواز بۆ ئه‌م پرسیارانه هه‌یه، من له درێژه‌ی وتاره‌كه‌مدا هه‌ندێك وه‌ڵامی سه‌ره‌تایی ده‌ده‌مه‌وه.
دووه‌م: بێگومان سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌هۆی گۆڕانی به‌رده‌وامه‌وه ده‌توانێت درێژه به ژیانی خۆی بدات. به بێ گۆڕان له شێوازی ئیشكردنی سیسته‌م به گشتی، له ده‌سه‌ڵات، له كه‌ره‌سته‌كان و ستراتیژییه‌كان، له شێوازی ژیان و ئاستی گوزه‌رانی چینه‌كانی تردا، ناتوانێت به‌رده‌وام بێت.
سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر یه‌ك ڕیتم و به یه‌ك شێوه ناڕوات و یه‌ك گوتار داناڕێژێت، به‌ڵكو ڕیتمی خۆی ده‌گۆڕێت، ماسكی خۆی ده‌گۆڕێت، گوتاری جیاواز هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ره‌سته‌ی نوێیش به‌رهه‌م ده‌هێنێت. سه‌رمایه‌داری له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه نه‌خه‌وتووه، به‌ڵكو سیسته‌مێكی زرنگه و زۆر باش ده‌زانێت چۆن كار ده‌كات بۆ مانه‌وه‌ی خۆی، كافكا وته‌نی »هه‌موو تاوانبارێك هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌تی ده‌رچوونی حوكمه‌كه‌ی دوا بخات«.
سه‌رمایه‌داری دانانیشێت چاوه‌ڕوانی چاره‌ی ڕه‌شی خۆی بێت، به‌ڵكو هه‌موو شتێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی بگۆڕێت و بژی. واته هه‌ر وه‌ك گه‌لگامێش. “گه‌لگامێش” به‌دوای نه‌مریدا ده‌گه‌ڕێت، گه‌شته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه مردن له‌خۆی دوور بخاته‌وه و ببێته بوونه‌وه‌رێكی جاویدان. گه‌لگامێش یه‌كه‌م كه‌سه كه خۆی ناداته ده‌ست چاره‌نوسی خۆی و چاوه‌ڕوان ناكات تا مردن بگات، پێده‌چێ سه‌رمایه‌داریی دوایین سیسته‌مێك بێت كه وانه‌كه‌ی گه‌لگامێشی به باشی هه‌ڵگرتبێته‌وه.
كه‌واته با ئه‌م خاڵه‌یش بوروژێنین كه په‌یوه‌سته به مانه‌وه و به‌رده‌وامێتی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌وه: سه‌رمایه‌داری گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و هه‌مان سه‌رمایه‌داری سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م نییه. با ئه‌و گریمانه‌یه بكه‌ین كه ڕاسته سه‌رمایه‌داری زۆر گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه به‌ڵام خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. ئه‌مه ڕوون نییه “خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كییه‌كان” واته چی؟
با بڵێین ئه‌مه‌یه: بنه‌مای ئابووری و بازاڕ، بنه‌مای ئاڵوگۆڕ و پاره، نایه‌كسانی و ناعه‌داله‌تی، سته‌م و چه‌وساندنه‌وه. به‌ڵام ئه‌مانه له‌نێو هاوكێشه‌دان. كه‌واته هاوكێشه‌كان چ گۆڕانێكیان به‌سه‌ردا هاتووه؟ په‌یوه‌ندییه‌كانی ژێرخان/سه‌رخان چ گۆڕانێكیان به‌سه‌ردا هاتووه، كه‌ره‌سته سه‌رخانییه‌كان له ئێستادا چین و چۆن كار ده‌كه‌ن؟
كاتێك ده‌ڵێین سه‌رمایه‌داری گۆڕاوه مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه كه بۆته سیسته‌مێكی دیكه، یان بۆته سیسته‌مێكی باشتر و مرۆڤدۆستتر و نه‌رمونیانتر، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، به‌و مانایه‌یه كه ئه‌گه‌رچی زاڵتر و دڕه‌نده‌تر و چاوچنۆكتر بووه، به‌ڵام نه‌رمتر و سه‌لامه‌تتر و سه‌رحاڵتر ده‌رده‌كه‌وێت. به كه‌ره‌سته‌ی نه‌رم و ورد و نه‌بینراو، چه‌وساندنه‌وه و كاره‌ساتی گه‌وره دروست ده‌كات. به گوتاری مرۆڤدۆستانه سته‌م له مرۆڤایه‌تی ده‌كات، به ناوی ئازادییه‌وه خه‌مۆكی به‌رهه‌م دێنێ و به ناوی چاره‌سه‌ره‌وه نه‌خۆشی. سه‌رمایه‌داری زۆر شتی هه‌ڵگێڕاته‌وه. به‌ناوی خۆشگوزه‌رانییه‌وه مرۆڤی ئامێریی به‌رهه‌م هێناوه، واته هه‌ر ئه‌و شته‌ی “سی ڕایت میڵز” ناوی ده‌نێت “مرۆڤی میكانیكیی دڵخۆش” . له ڕێگه‌ی ژینگه‌پارێزییه‌وه ژینگه له‌نێو ده‌بات، له‌پاڵ به‌خشینه‌وه تاڵانكاری ده‌كات، به‌ناوی مافی ئاژه‌ڵانه‌وه ژینگه‌ی ئاژه‌ڵان وێران ده‌كات. به مانایه‌كیتر، سه‌رمایه‌داری له‌ڕێگه‌ی ئه‌م دوو گوتاره سه‌ره‌كییه‌وه ئیش ده‌كات: گوتارێكی نه‌رم و سه‌لامه‌ت بۆ ئیشكردنی گوتاره ترسناك و ڕه‌قه‌كه. له‌به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م وتاره‌دا باس له هه‌ندێ ڕواڵه‌ته‌كانی ئه‌م گۆڕانه ده‌كه‌م.
سێیه‌م: گه‌ر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبێت، ئه‌ی چی ده‌رباره‌ی ماركسیزم؟ سه‌رمایه‌داری كه‌ره‌سته و شێوازی ئیشكردنی خۆی گۆڕیوه، به‌فراوانتر بووه، شێوازی نوێی كه‌ڵه‌كه‌كردنی سامان سه‌ری هه‌ڵداوه، ده‌وڵه‌تی نوێی سه‌رمایه‌داری دروستبوون كه به پله‌ی یه‌كه‌م پشت به به‌رهه‌مهێنانی پیشاسازی و كاڵا نابه‌ستن، به‌ڵكو جۆرێك “سه‌رمایه‌ی هار” سه‌ری هه‌ڵداوه كه له ماوه‌یه‌كی كورتدا پاره‌یه‌كی زۆر له ده‌ستی ده‌سته‌بژێرێكدا كۆ ده‌كاته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی به پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، به‌و جۆره‌ی له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا هه‌بوو، تێپه‌ڕیبێت.
واته مۆدێڵی نوێی سه‌رمایه‌داری هاتۆته ئاراوه كه پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی نوێ هه‌یه به كۆمه‌كی ماركس و تیۆری دیكه. ناكرێت بڵێیت ماركس پێشبینی “هه‌موو” شتێكی كردووه و ته‌نیا ماركس به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م دیاردانه‌ی بخوێنینه‌وه. بێگومان ماركس كه‌سێكی زیره‌ك بووه و هه‌ر كه‌سێكی زیره‌كیش به له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی هه‌ندێك بۆچوونی ده‌رباره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و هه‌ولومه‌رجه بۆ سه‌رده‌مه‌كانی دواتر هه‌یه. هه‌ریه‌ك له ئێمه ده‌توانین پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه هه‌ر به‌م جۆره نامێنێته‌وه و گه‌ر سه‌رمایه‌داری به‌رده‌وام بێت، پێشكه‌وتنی نوێ تۆمار ده‌كات و جیهان به‌ره‌و كاره‌ساتی زیاتریش ده‌بات.
بێگومان ماركس وردتر دۆخه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه نابێت بمانگه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هه‌موو شتێك له‌نێو كتێبه‌كانی ماركسدایه، ده‌نا وه‌ك قه‌شه‌ی نێو چیرۆكی “ده‌ریای زه‌مانی به‌سه‌رچوو”ـی “ماركیز”مان لێدێت. حیكایه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه ماوه‌یه‌ك بۆنی گوڵ له ده‌ریاوه به‌سه‌ر گونده‌كه‌دا هه‌ڵده‌كات و هه‌موو شوێنێك داده‌پۆشێت. خه‌ڵكی سه‌ره‌تا ته‌فسیرێكی ڕوونیان بۆ ڕووداوه‌كه نییه. به‌هۆی بۆنه‌كه‌وه خه‌ڵكانێكی دیكه‌یش ڕوو له‌و گونده ده‌كه‌ن، بێگومان له‌نێو ئه‌مانه‌دا ڕاهیبێكی مه‌سیحییش هه‌یه. پیاوانی ئایینی ناتوانن ته‌فسیری هیچ شتێك بكه‌ن كه نه‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ كتێبه پیرۆزه‌كانیان.
–سوپاسی خودا بكه‌ن كوڕه‌كانم، ئه‌مه بۆنی خودایه
-تۆ ئه‌مه‌ت چۆن زانی، پاپ؟
-له‌نێو كتێبه پیرۆزه‌كاندا ئه‌مه زۆر به ڕوونی باسكراوه…
فیكر پێویستی به ڕاهیب و قه‌شه و مه‌لا نییه، پێویستی به كتێبی پیرۆزیش نییه، ماركس هه‌رچه‌ندیش گه‌وره بێت ناكرێت بڵێین هه‌موو شتێكی گوتووه. گه‌روا بێ ماركس ده‌كه‌ینه ته‌خته‌خه‌وه‌كه‌ی “پروكروست”. پروكروست ئه‌فسانه‌یه‌كی یۆنانییه و كورته‌ی حیكایه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه ڕێگرێك هه‌بووه به‌ناوی “پروكروست”، هه‌ر كه‌س ڕێی لێ هه‌ڵبكه‌وتایه ده‌ستگیری ده‌كرد و ده‌یبرد له ژوره‌كه‌یدا له‌سه‌ر ته‌خته‌خه‌وه‌كه‌ی ڕایده‌كێشا، ئه‌گه‌ر درێژی كه‌سه‌كه به ئه‌ندازه‌ی ته‌خته‌خه‌وه‌كه بووایه ئه‌وا ئازادی ده‌كرد، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌متر بووایه ئه‌وا په‌ل و قاچی ڕاده‌كێشا تا به ئه‌ندازه‌ی ته‌خته‌خه‌وه‌كه درێژ ده‌بوو، ئه‌گه‌ریش كه‌سه‌كه خۆی درێژتربووایه ئه‌وا له ئاستی لێواری ته‌خته‌خه‌وه‌كه‌دا قاچه‌كانی ده‌بڕییه‌وه. ته‌خته‌خه‌وێكی له‌م جۆره له فیكردا بوونی نییه، ئه‌وانه‌یشی ماركس ده‌كه‌نه پروكروست به‌ر له هه‌ر كه‌سێك بكوژ و خه‌سێنه‌ری ماركسن.
ئه‌م مشاره‌ی كه سه‌دان فه‌یله‌سوف ده‌بڕێته‌وه به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌یان “ماركسیزمی فه‌ره‌نسییه، كه‌واته نوسخه‌ی ساخته‌ی ماركسیزمه”، “ئه‌مه‌یان پۆست ماركسییزمه، كه‌وایه لیبرالیستن”، ئه‌مه‌یان “پۆستمۆدێرنیزمه، كه‌واته ئه‌كتیڤیستن و خه‌باتگێڕ نین”، “ئه‌مه‌یان ماركسیزمی ئه‌كادیمییه، كه‌وایه له‌نێو گه‌مه‌ی ده‌زگاكاندان” و..هتد، به‌ڵام ئه‌م شاگردانه‌ی پروكروست له‌وه تێنه‌گه‌یشتوون كه به‌ره‌ی چه‌پ ده‌شێت كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م ڕه‌وتانه بێت له ساته‌وه‌ختێكی دیاریكراودا. ئیتیان بالیبار له شوێنێكدا ئاماژه به قسه‌یه‌كی خودی ماركس ده‌كات كه »كه‌س ناتوانێت به‌سه‌ر سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا باز بدات«. ماركس خۆیشی ده‌ڵێت »هه‌میشه دره‌ختی واقیع سه‌وزتره له تیۆر«. واقیعی سه‌رمایه‌داری له‌وه زیاتر گه‌شه ده‌كات كه تیۆرێك بتوانێت بۆ ئه‌به‌د ده‌ره‌قه‌تی بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ماركسیزم میراتێكی ڕه‌خنه‌یی گه‌وره‌یه له سه‌رمایه‌داری، به‌ڵام به بێ فراوانكردنی بازنه و چوارچێوه‌ی ماركسیزم بۆ گرتنه‌خۆی سه‌رجه‌م ئاراسته چه‌پڕه و ڕه‌خنه‌ییه‌كان گۆڕانكارییه‌كه‌ی گه‌وره مومكین نییه.
چواره‌م: یه‌كێك له بنه‌ماكانی ماركسیزم خۆی ئه‌وه‌یه كه هه‌ر شتێك له‌نێو كۆنتێكستێكی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراودایه. به‌هاكان و چینه‌كان و فۆرماسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵات و شێوازی به‌رهه‌مهێنان و چه‌وساندنه‌وه و..هتد، له سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا و له دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراودا له‌سه‌ر شانۆی مێژوو ده‌رده‌كه‌ون و به‌هۆی پێشكه‌وتنی مێژووه‌وه له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری گۆڕانیشدان.بێگومان تیۆره‌كان و ته‌فسیر و شێوازه‌كانی ژیانیش له‌نێو هه‌مان لۆژیكدان. هیچ شتێك نییه جێگیر و نه‌گۆڕ، هیچ شتێكیش نییه كه بتوانێت به نێو مێژوودا درێژبێته‌وه و وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه.ئه‌وه‌ی هۆكاری گۆڕانكاریی شێوازی كۆمه‌ڵگه‌كان و ده‌وڵه‌ت و ڕیزبه‌ندییه‌كانه، به‌ر له هه‌ر شتێك بنه‌مای ئابوورییه، واته كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان. به‌م پێیه ئه‌وه شێوازی به‌رهه‌مهێنانه كه وه‌ك ژێرخانێكی ماتریالی كۆی لایه‌نه‌كانی تری كۆمه‌ڵگا دیاریی ده‌كات. گۆڕان له‌سه‌رخاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌یه كه له ژێرخاندا ڕووده‌دات.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بۆچوونه هه‌ر له‌نێو خودی میراتی ماركسیزم‌دا ڕه‌خنه كراوه و ده‌ستكاریی كراوه، چونكه به‌شێك له فه‌یلوسوفانی گه‌وره‌ی ماركسیست بڕوایان به‌وه هه‌یه كه سه‌رخانه‌كانیش له دۆخێكی دیاریكراودا ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌گێڕن و په‌یوه‌ندی فره‌لایه‌ن له‌نێوان سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه ژێرخانی و سه‌رخانییه‌كاندا دروست ده‌بێت. لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه كه باس له قۆناغه‌كانی گۆڕان و په‌یوه‌ندی سه‌رخان و ژێرخان بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ده‌وڵه‌ت و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانش هه‌ر هه‌موویان له مێژوودا به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕن، هیچ شتێك نییه بتوانێت خۆی له گۆڕان بدزێته‌وه. كۆمه‌ڵگه‌ی كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌گۆڕێت بۆ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی كۆیلایه‌تی، كۆمه‌ڵگه‌ی كۆیلایه‌تی ده‌گۆڕێت بۆ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی، كۆمه‌ڵگه‌ی فیودالی ده‌گۆڕیت بۆ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری، سه‌رمایه‌داریش له‌ڕێی ئه‌وه‌دایه بگۆڕێت بۆ سۆشیالیزم و ئینجا بۆ كۆمۆنیزم و كۆمه‌ڵگه‌ی بێ چین.
پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه نییه كه جیاوازییه‌كانی نێوان دوو قۆناغ، كه له‌یه‌كێكیانه‌وه گۆڕاوه بۆ ئه‌ویتریان چییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه چۆن له قۆناغێكدا كه شێوازێكی به‌رهه‌مهێنان زاڵه، گۆڕان له‌و قۆناغه‌دا دروست ده‌بێت تاوه‌كو په‌ڕینه‌وه‌كه بۆ قۆناغێكیتر ڕووبدات؟ ناكۆكییه ناوه‌كییه‌كانی یه‌ك قۆناغ چییه، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كان، ته‌نگژه‌گان و قه‌یرانه‌كان چین كه ڕێ خۆشده‌كه‌ن تاوه‌كو مێژوو قۆناغه‌كه تێپه‌ڕێنێت و بگاته قۆناغێكی تر؟
وه‌ڵامه‌كه ئه‌مه‌یه: ململانێی چینایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه شێوازێكی به‌رهه‌مهێنانی دیاریكراو تێیدا زاڵه كۆی پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات. كه‌واته به حه‌تمی له هه‌ر قۆناغێكدا ململانێ و خه‌باتێكی سه‌خت له‌نێوان چینه‌كاندا هه‌یه كه مۆری خۆی له‌سه‌رده‌مه‌كه ده‌دات. به‌ڵام با به‌م پرسیاره ئایدیایه‌ك بوروژێنین: ئه‌ی چۆنه ئه‌گه‌ر له قۆناغێكدا ململانێی چینه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر كاڵ ببنه‌وه، یه‌كێك له چینه‌كان چیتر نه‌چێته نێو ململانێكه؟ واته یه‌كێك له جه‌مسه‌ره‌كانی ململانێكه ڕازیبكرێت و چیتر نه‌یه‌وێت ململانێ بكات؟ هه‌ڵبه‌ت چین له پێناسه باوه‌كه‌یدا ئه‌و كه‌سانه نین كه هه‌لومه‌رجی ژیانیان لێك نزیكه، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه هۆشیاری چینایه‌تییان هه‌یه و خۆیان وه‌ك چینێك پێناسه ده‌كه‌ن و هاوبه‌شی و ڕێكخستنیان له‌نێوان خۆیاندا بۆ به‌رگرییكردن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و گه‌یشتن به ئامانجێك یان چه‌ند ئامانجێك دروست كردووه. ئێستا هه‌ژاران و كرێكارانی جیهان ڕه‌نگه نه‌یانه‌وێت چیتر چینێكی یه‌كگرتوو بن، ئه‌مه‌یش واته “تاڕاده‌یه‌ك” وه‌ك چین پاشه‌كشه‌یان كردووه. تۆ بڵێی هۆی ئه‌مه ته‌نیا ئایدیۆلۆژیا و هۆشیاره فریووده‌رانه‌كه‌ی بێت؟ ئه‌ی تۆ بڵێی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه بێته ئاراوه، چینه‌كه‌ی دیكه‌یش خۆیی نه‌گۆڕیبێت؟ داخۆ لایه‌نیكه‌م ستراتیژییه‌كانی ده‌ستكاریی نه‌كردووه؛ ئابووری و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ئایدۆلۆیا و زانست و ته‌كنیكی به جۆرێكی تر ڕێكنه‌خستۆته‌وه و فۆرموله‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌كردوونه‌ته‌وه؟ لێره‌دا به‌ر خاڵێكی سه‌ره‌كی باسه‌كه‌مان ده‌كه‌وین.
پێنجه‌م: لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌م تێبینییه بخه‌مه‌ڕوو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه باوه‌ڕه گه‌وره‌ی ماركس به گۆڕان و ناجێگیری و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و باوه‌ڕه گه‌وره‌ی ماركس به مێژوویبوون و كۆنتێكستی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌چی له‌مڕۆدا كه‌سانێك ده‌یانه‌وێت خودی ماركس له‌م لۆژیكه‌ی كه وه‌ك “یاسای كۆمه‌ڵایه‌تی” دیاریكردووه، ده‌ربهێنن.
ده‌شێت كه‌سێك بڵێت ماركس باسی ماتریالیزمی مێژوویی كردووه كه هه‌موو گۆڕانه‌كان له پرۆسه‌یه‌كی دیاله‌كتیكدا ڕووده‌دات، له‌به‌رئه‌مه هه‌تا سه‌رمایه‌داری هه‌بێت ماركسیش ئه‌بێ وه‌ك خۆی هه‌بێت و له‌گه‌ڵماندا بێت و نابێت هیچ گۆڕانێكیش بیگرێته‌وه! ئه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌داریی خۆیی گۆڕی و وا له‌خۆی بكات كه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ماركسدا جیاوازیی زۆر بێت و خۆی له ته‌فسیر و خوێندنه‌وه‌كانی ماركس بخزێنێت؟ هه‌ڵبه‌ت له‌م دۆخه‌دا پێویسته خوێندنه‌وه و چه‌مكی نوێت هه‌بێت، تاوه‌كو كارته‌كان له ده‌ستتدا نه‌سووتێنرێن. مه‌گه‌ر ماركۆزه نه‌یگوت سه‌رمایه‌داریی سوودی له ماركسیزم وه‌رگرتووه؟
دیسان وه‌ڵامێكی ترمان ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن “سه‌رمایه‌داری ناتوانێت خۆی له‌و ته‌فسیرانه لا بدات كه ماركس كردوویه‌تی و خۆی له‌و یاسایانه بدزێته‌وه كه ماركس ده‌ستنیشانی كردووه”، ئه‌مه‌یش هه‌مان پۆزه‌تیڤیزمه كه پێیوایه دۆخی كۆمه‌ڵگه هه‌مان دۆخی سروشته و ناتوانێت به‌جۆرێكیتر خۆی بگۆڕێت و، یاسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش هه‌مان یاسای سروشتین كه ناكرێت گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت. وه‌ك چۆن زه‌وی ناتوانێت له ته‌وه‌ری خۆی لابدات، ئاوایش سه‌رمایه‌داریی ناتوانێت خۆی له یاساكانی ماركس لابدات. ئه‌م وه‌ڵامه پۆزه‌تیڤیستییه با هه‌ر پێشكه‌ش به‌وانه بێت كه بڕوایان به پۆزه‌تیڤیزم هه‌یه.
وه‌ڵامی ئێمه ئه‌مه‌یه: له دنیای ئه‌مڕۆی سه‌رمایه‌داریدا گۆڕانی زۆر گه‌وره ڕوویانداوه كه ناكرێت چیتر چاوپۆشی‌یان لێ بكرێت و دیسان هه‌ر ته‌فسیره كۆنه‌كان وه‌ك قه‌وان لێ بده‌ینه‌وه. سه‌رمایه‌داریی شه‌ڕی ئه‌وه ده‌كات نه‌چێته نێو گۆڕانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی مێژووییه‌وه تاوه‌كو قۆناغه سه‌رمایه‌دارییه‌كه كۆتایی پێنه‌یه‌ت و نه‌گات به سۆشیالیزم، واته سه‌رمایه‌داری ده‌یه‌وێت دیالێكتیك بوه‌ستێنێت و په‌ك بخات، یان لایه‌نیكه‌م خۆیی لێ بدزێته‌وه، ئه‌و چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی خۆی ناكات، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات بیگۆڕێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌م گۆڕانه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بپارێزێت كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی دیكه‌ی له‌نێو خۆیدا كردووه كه سیسته‌مه‌كه ده‌پارێزن و درێژ ده‌كه‌نه‌وه.گۆڕانه‌كان هێنده ساكار و بچووك نین تاوه‌كو بڵێین ته‌نیا فێڵێكی سه‌رمایه‌دارییه له دۆخێكی دیاریكراودا، به‌ڵكو له‌مڕۆدا كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی بۆ ئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه و له په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و سۆشیالیزم خۆی ببوێرێت، هه‌ر له‌نێو قۆناغه‌كه‌ی خۆیدا خۆی گۆڕیوه.
ده‌مه‌وێت دیسانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رنجانه بكه‌مه‌وه: چیتر سه‌رمایه‌داریی سیسته‌مه‌كه‌ی سه‌رده‌می ماركس و ئه‌نگلز و لینین نین، به‌ڵكو به ته‌واوه‌تی شتێكی‌تر په‌یدابووه كه هه‌ندێك به سه‌رمایه‌داریی پێشكه‌وتوو، یان به سه‌رمایه‌داریی دوایین، یان سه‌رمایه‌داریی وه‌حشی، یانیش به كۆمه‌ڵگه‌ی پۆست‌مۆدێرن ناوی ده‌به‌ن. له‌م گۆڕانه‌دا سه‌رمایه‌داریی نه‌رمتر و میهره‌بانتر نه‌بووه، به‌ڵكو دڵڕه‌قتر و وه‌حشیتر بووه، به‌ڵام به كه‌ره‌سته‌ی زۆر نه‌رم و میهره‌بانییانه و به‌خشندانه…گه‌ر وا نه‌بوایه، چۆنه هێشتایش ماوه‌ته‌وه؟
چۆنه سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌می لینین نه‌گه‌یشتبووه ئه‌م ئاسته له وه‌حشیگه‌رییش كه‌چی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ڕووده‌دات و له چه‌ندین وڵاتی دیكه‌یش ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌گۆڕدرێن ناوی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی به‌خۆیانه‌وه ده‌نێن، كه‌چی له‌و كاته‌وه تا ئێستا سه‌رمایه‌داریی دڵڕه‌قتر بووه و سامان چه‌ندین قات زیاتر كه‌ڵه‌كه بووه و هێزی سه‌ربازی و چه‌ك ئێجگار مه‌ترسیدارترن و توندوتیژی زۆر زیاتر بووه كه‌چی شۆڕشێكی دیكه‌ی وه‌ك ئۆكتۆبه‌ر ڕوونادات و به‌رگرییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆیش به‌ڕووی سیسته‌مه‌دا نانوێنرێت؟
مه‌گه‌ر بڕیار نه‌بوو هه‌تا چینی سه‌ره‌وه سته‌مگه‌رتر بێت و جیاوازییه‌كان گه‌وره‌تر بكات و سه‌ركوتی زیاتر بكات چینه‌كانی خواره‌وه هۆشیارتر و دلێرتر و بوێرتر بن و ئیراده‌ی شۆڕش و گۆڕانكارییان زیاتر تێیدا هه‌ڵبقوڵێت؟ هه‌ڵبه‌ت ئایدیۆلۆژیست و كڵێشه‌په‌رست و دروشمچییه‌كان هه‌میشه یان وه‌ڵامی حازربه‌ده‌ست و سواویان پێیه بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌ڵامێكی ڕاسته‌قینه‌ی پرسیاره‌كه بداته‌وه، یانیش له‌ڕێگه‌ی به‌لاڕێدابردن و گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ت و سه‌رگوزشته‌وه پرسیاره‌كه ون ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی پێیانوایه سه‌رمایه‌داریی نه‌گۆڕاوه و ماركسیش ته‌فسیری هه‌موو شتێكی كردووه و ژێرخانیش هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
ده‌شێت ته‌نیا له ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی وه‌كو “تێری ئیگڵتۆن” بوه‌شێته‌وه، كه به‌هۆی خه‌یاڵه ئه‌ده‌بییه‌وه‌كه‌یه‌وه، پێیوایه ئه‌گه‌ر ماركسیسته‌كان دووده‌یه‌ی دیكه حه‌وسه‌ڵه‌یان هه‌بووایه و پاشه‌كشه‌یان له باوه‌ڕه‌كانیان نه‌كردایه، ئێستا هه‌ردوو ئه‌مریكاكه چه‌پ دایپۆشیبوو. ئه‌مه نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ “ڕێنماییه‌كانی ماركس” (وه‌ك ئایرۆنی ئه‌مه ده‌ڵێم)، به‌ڵكو خورافه‌یه‌كیشه كه دۆخی ماتریالی و ئوبێكتییه‌كان له‌به‌رچاو ناگرێت و خۆی له میتافیزیك نزیك ده‌كاته‌وه و بۆ ئه‌م دیوه میتافیزییكه‌ی ناو میراتی ماركسیزم قوربانی به ڕۆحه ڕه‌خنه‌یی و عه‌جول و بزۆزه‌كه‌ی ماركس ده‌دات؛ ئه‌مانه به جۆرێك ده‌ده‌وێن كه وه‌ك بڵێی له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه ته‌نه‌كه‌نشینه‌كانی هیندستان و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و به‌ڕازیل و شانگهای هه‌یه، كه‌وایه هێشتا له مانچسته‌ری سه‌ده‌ی هه‌ژده‌داین.
ئه‌م به‌ڕێزانه خۆیان لێبۆته پاڵه‌وانی سه‌رده‌م و پێیانوایه ئێستا پێشه‌نگی و ڕابه‌رایه‌تی جیهان ده‌كه‌ن و هاكا زانیت به “كن فیكون”ـیك سه‌رمایه‌دارییان بۆ ڕووخاندین، ئه‌مه هه‌مان ئه‌و كرمه‌یه كه خۆیی لێ بۆته مار. یاخود هه‌مان دۆنكیشۆته كه ده‌بێته هاوشانی پاڵه‌وانه گه‌وره‌كان و جه‌نگ له‌گه‌ڵ دونیادا ده‌كات و له هه‌مووییشیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت “به‌ڵام ته‌نیا له خه‌یاڵ و وه‌همی خۆیدا”، وه‌ك میشێل فۆكۆ ده‌ڵێت: «دۆن‌كیشۆت پاڵه‌وانی خۆی بوو». دۆن‌كیشۆت كه به شمشێره دارینه‌كه‌ی و گوێدرێژه‌كه‌یه‌وه ده‌ڕوات فه‌تحی شاره‌كان بكات، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ڕووپه‌ڕی كتێبه‌كاندا هێدی هێدی ده‌چێته كه‌وڵی پاڵه‌وانی حیكایه‌ته‌كانه‌وه و بۆ خۆیشی حیكایه‌تی خۆی دروست ده‌كات، ئیتر ئه‌و شمشێره دارینه‌كه‌ی لێ ده‌بێته شمشێره تیژ و ئه‌فسانه‌ییه‌كان و گوێدرێژیه‌كه‌یشی لێ ده‌بێته ئه‌سپی تیژڕه‌و و به‌هێزی سوارچاكه‌كان.
هه‌ندێ نوسه‌ر زوو تووشی ئه‌م وه‌همه دۆنكیشۆتییه ده‌بن، ئه‌وه‌تا هه‌ندێك لینین ده‌خوێننه‌وه و پێیانوایه له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا ئۆكتۆبه‌رێكی تر دروست ده‌كه‌ن، تیۆر هه‌مووی هه‌رس ده‌كه‌ن و یه‌كسه‌ر ده‌ست ده‌كه‌ن و به ئه‌كت و پراكتیك. هه‌موو ئه‌و تیۆرانه‌ی كه ده‌توانن شتێكمان له‌سه‌ر دونیا پێ بڵێن زیاده‌ن، چونكه «ئه‌وه‌تا من تیۆری ماركس و لینین و ترۆتسكیم خوێندۆته‌وه و چیتر پێویستمان به هیچتر نییه»، چونكه «ته‌نیا و ته‌نیا پراكتیك گرنگه و ئه‌وه‌تا منیش پێشه‌نگتانم»!
تۆمه‌تێك كه زۆرجار ده‌درێته پاڵ تیۆر ئه‌مه‌یه “تیۆر وه‌ك ئامانج له‌خۆیدا”، واته تیۆره‌كان ته‌نیا بۆ قسه هه‌ن و بوونن له پێناو خۆیاندا و له سنووری خۆیان و وشه و نووسین و كتێب ده‌رباز نابن. به‌ڵام گه‌ر وابێت كه‌واته سه‌رجه‌م كتێبه‌كان وه‌لانێن و پراكتیكێكی ڕزگاركه‌ری گه‌ردوونی بنوێن، خۆ له ڕاستیدا هیچ میراتێك نییه ئه‌وه‌نده‌ی میراتی ماركسیزم و چه‌پ كتێب و تیۆر و بیرمه‌ندی به‌رهه‌مهێنابێت، چونكه ئه‌م میراته ده‌زانێت ته‌نیا تیۆرێك و كۆمه‌ڵێك چه‌مكی سنووردار ده‌ره‌قه‌تی واقیع نایه‌ن.
ئه‌مه پراكتیكه ساخته‌یه‌ی ئه‌م عه‌قڵییه‌ته بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات پراكتیك نییه بۆ گۆرینێكی ڕیشه‌یی دونیا، یان به‌شێك له جیهان یان ده‌سه‌ڵاتێك، گۆڕان نییه له فاشیزم و شێوازی ژیان و چه‌وساندنه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر گرنگ ئه‌وه‌یه پراكتیك بنوێنرێت و هیچیتر، به بێ ئه‌وه‌ی خودی خۆیشیان پراكتیك بنوێنن ته‌نیا له “قسه‌ی زل”ـدا نه‌بێت. پارادۆكسه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌مه ده‌كه‌ن خۆیشیان ناتوانن یه‌ك ئه‌كت بنوێنن، ته‌نیا له‌نێو نووسین و سه‌ر لاپه‌ڕه‌كان و له‌نێو ته‌ماهییه دۆنكیشۆتییه‌كه‌دا ئه‌مه ده‌كه‌ن. فۆكۆ پێیوایه یه‌كێك له غه‌مه سه‌ره‌كییه‌كانی “دۆلۆز و گواتاری” له كتێبی “ئه‌نتی ئۆدیپ”ـدا ئه‌وه‌یه كه چۆن ئه‌كرێت ببینه شۆڕشگێڕ و به‌ڵام فاشیست نه‌بین؟
چۆن ده‌توانین خۆمان له فاشیزم پاك بكه‌ینه‌وه و ئینجا شه‌ڕی سیسته‌م و سه‌رمایه‌داریی بكه‌ین؟ چۆن ده‌توانین دژی ده‌سه‌ڵات بین به بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه، دژی ده‌وڵه‌ت بین به بێ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیكه، دژی چه‌وساندنه‌وه بین به بێ ئه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی دیكه، به‌رهه‌م بهێنینه‌وه و دواجار دژی نیرۆسی سه‌رمایه‌داری بین به بێ ئه‌وه‌ی خۆمان نیرۆسی بین؟ ئه‌مه به كه‌سانی سه‌نته‌رگه‌را و ئۆرگیناڵیست ناكرێت، كه له یه‌ك كاتدا بانگه‌شه‌ی سه‌نترالیزم ده‌كه‌ن و له‌ولایشه‌وه دژی “ستالین” قسه ده‌كه‌ن، ئه‌م به‌ڕێزانه له‌وه تێنه‌گه‌یشتوون كه سه‌نتراڵیزم هه‌میشه پۆتێنشیه‌ڵی ئه‌وه‌ی تێدایه سه‌ربكێشێت بۆ شتێكی وه‌كو ستالینیزم، ئه‌مه پۆتێنشیه‌ڵێكی به‌هێزیشه. ئه‌وه‌ی كه دنیا بگۆڕیت و فاشیست نه‌بیت، ستایلی دیكه‌ی ژیان دابهێنین و شوناسی خۆت نه‌كه‌یت به گژ سه‌رجه‌م شوناسه‌كانی دیكه‌دا، شه‌ڕی سیسته‌م بكه‌یت و چێژ له “توندوتیژی” نه‌بینیت، ئا ئه‌مه خاڵێكی جه‌وهه‌رییه بۆ به‌های هه‌ر ئه‌كتێكی سیاسی. ئه‌ی پراكتیك ده‌توانێت چی بگۆڕێت؟ وه‌ڵامه حازره‌كه: سه‌رمایه‌داری ده‌گۆڕین و سۆشیالیزم و ئینجا كۆمۆنیزم داده‌مه‌زرێنین. به‌ڵام ئایا به‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی فاشیزم و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و چه‌وساندنه‌وه و نیرۆس ده‌توانین سۆشیالیزم و كۆمۆنیزم دامه‌زرێنین؟
(ماویەتی / بۆ بەشی دووهەم )