فۆبیای فێمینیزم لە كوردستان

Loading

ژنی كورد ساڵانێكی زۆر دووچاری چەوساندنەوەی نەتەوایەتی  و جێندەری بووتەوە، چ وەك كورد، چ وەك ژن. دیارە ئەم پرۆسەیە دووجار ژنی لاواز كردووە. لەلایەك دەبێتە هۆی لێسە‌ندنەوەی دەسەڵات لێی، وەكو بە شێك، لە گروپێك، لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی نەتەوەیی فاشیستی وەكو عێراقدا. لەلایەكی تریش وەكو ژنێك هەروەها دووچاری جۆرێكی تریش لەچەوساندنەوە بووه ‌و هەیە. ئەویش (نەبوونی شانازیە بەخودی خۆی)، سەربەخۆیی جەستەیی، دابڕان لە هەر زانست و هۆشیارییەكی فێمینیستی، و ‌هەروەها  بە كەم سەیركردن و پەراوێزخستنی لەناو كۆمەڵگەدا.
هەرچەندە لەدوای راپەڕینی (1991)ەوە ئەم ستەمە نەتەوەییە لاچوو، بەڵام دۆخی ژنان و بێ مافی و كوشتنیان هەر بەردەوامە.
لەماوەی دەسەڵاتی خۆماڵیدا، پلە دوویی ژن لە ناو ماڵ، بە پێی دین، لە حزبی سیاسی، لە شوێنی كار، هەروەها له بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی سیمایەكی هاوبەشی ژیانی هەزاران ژنی ئەم هەرێمە بووە.
زۆرجار ژنی كورد خۆی  ئەم بە كەم زانین و پلەدوییە دەباتە نێوخۆی و ناوەكی دەكات. باوەڕدەهێنی كە ئەم لاوازەو ناتوانێت ئازاد بێت. هەركات هەوڵێك بووبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان، جا ئەگەر لەژێر ناوی فێمینیزم، ئازادی ژن، یان پرسی ژندا بوبێت. ئەوا لە كۆمەڵگەدا دژایەتی و تەنانەت گاڵتەجاڕیەكی زۆر بە تەواوی ئەم هەوڵانە كراوە ودەكرێ.
زۆرجار لەناو پارتە سیاسیەكان و زۆر جاریش لەلایەن هەندێك لە ژنان خۆیانەوە. هەندێكجاری تریش لەلایەن پیاوان و نوخبەیەكی  وەكوو نوسەر و شاعیر و هونەرمەندانی پیاوەوە.
ئەوهەوڵانەی تا ئێستا بوون لە كوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری ژنان، ناكرێ بە ئاسانی لە چوارچێوەی فێمینیزمدا پۆلێنی بكەین.
هۆكارەكانی ئەمەش دەگەڕێنەوە بۆ سەربەخۆنەبوونی ژنان و هاتنەدەرەوەی ڕێكخراوی ژنان لەمنداڵدانی  پارتە سیاسیەكان، كەخۆیان لە بنەڕەتدا كڵەبێكی( یانە) پیاوانه بوون.سەرتاپای پەیڕەوو پڕۆگرامی ئەم حزبانە لەلایەن پیاوەوە دانراوە. كەواتە ژنی كورد بەهێزنەكراوە و رێگەنەدراوە لە سەر ماف و ئازادییەكانی خۆی، تەنانەت لە حزبەكانیشدا قسەی خۆی هەبێت. دیارە زۆر دیبەیتی گرنگ لە كۆمەڵگای ئێمەدا هاتۆتە بوون لەسەر پرسی ژن.‌ ئێستا سەرەتایەكی باش هەیە بۆ ئەوەی هۆشیارییەكی فێمینیستی لای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكرێ، بەڵام گرنگە ئێمە تەرجومەی ئەو باس ودیباتە فیكریانەی كەهەیە لەئاستێكی نێونەتەوەیدا، لە كۆنتێكستی خۆماندا بگونجێنین وگرێكان بكەینەوە.
لە كوردستان تازە هەندێك باس لەسەر فێمینیزم  هەیە و هەندێك هەوڵدەدرێ بۆ ناساندنی فیكر و تیۆری فێمینیستی. لە هەمانكاتدا گرنگە لەو فۆبیایەش تێبگەین، كە بەرامبەر ئەم تێرمه هەیە‌. ئەم فۆبیایە بە تەنها لە كوردستاندا نییە، بەڵكو هەر لەسەرەتای درووستبوونی فێمینیزمەوە هەبووە. فێمینیزم چ وەك بزوتنەوە و چ وەك تێرم و تیۆرە لە ئەوروپاوە سەریهەڵداوە. گرنگە تێبگەین بزوتنەوەی فێمینیستی مۆدێرن لەئەنجامی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و پیشەسازی و سیاسیەكانی خۆرئاواوە هاتووەتە بوون.
یەكەم شەپۆلی بزوتنەوەی فێمینیزمی هاوچەرخ لەگەڵ سەرەتای چاخی (ڕۆشنگەری وئەقڵانیەت)ی‌ سەدەی هەژدەهەمەوە بوو. ئەم ڕەوتە پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی هێنایە بوون، دیارە زۆرێك لە پیرۆزییەكانی خستە ژێر پرسیار وگومانەوە. ئەم جۆرە بیركردنەوە و پرسیاركردنە بووە هۆی ئەوەی كە بیر لە تێكشكاندنی چین وڕێگری و سنورداریە ‌جێندەرییەكان بكرێتەوە.. ئەمە لە خۆیدا سوودی بوو بۆ چوونه ‌سەرەوەی ئاستی هۆشیاری ژن. جیاواز لەوەی كەسانێكی دیاری رۆشنبیرانی ئەو سەردەمە دانیان بە مافی ژندا نەدەنا، بەڵام ژنان خۆیان كەوتنە نوێنەرایەتیكردنی كێشەكانی خۆیان و خۆڕێكخستن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان.‌ هەروەها درووستكردنی هۆشیارییەكی فێمینیستی بە دژی سێكسیزم و هەیمەنەی موتڵەقی پیاو لە ناو بنەماڵە و كۆمەڵێك بێ مافی تر.
هەربۆیەش‌ فێمینیزم گرنگی خۆی هەبووە لە بردنەسەرەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان و بەدەستهێنانی كۆمەڵێك ئازادی. لەگەڵ ئەوەشدا بە بەردەوامی و ئێستاشی لەگەڵ بێت فیكری فێمینیزم دژایەتی دەكرێت.ڤ هۆشیار بوونی ژن لە ئاست ماف و ئازادی وخاوەندارێتی بەسەر جەستەی خۆیدا، و بوونی پێگەیەكی بەرچاو لە كۆمەڵگە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆشیاریە، كەژنانی سۆشیالیست لە كاتی شۆڕشی ئۆكتۆبەر و شەپۆلەكانی فێمینیزم لە رۆژئاوادا بەرهەمیهێناوە. ئەم دەستكەوتانە بوونە هۆی گۆڕانێكی ڕادیكاڵ لە تێڕوانینی ژن بۆ ماف و ئازادییەكانی خۆی، وەكو تاك. پرسیارێك كە دێتە ڕێمان ئێمەی ژنی كورد لە كوێی ئەم هۆشیاری یە فێمینیستیەداین؟ ئەم فۆبیایە چییە كەلەدژی فێمینیزم هەیە؟
هەروەك لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ژنی كورد لە باشوری كوردستان لە 22 ساڵی رابردوەوە توانیو‌یەتی رێكخراو بێت. زۆرێك لەم رێكخراوانە بە دەستپێشخەری پیاوان و تەنانەت پڕۆگرامەكانیشیان لەلایەن پیاوانەوە بۆ دەنوسرا…دوای ئەم هەموو ساڵە و كار وچالاكیەكی زۆر لەو كۆمەڵگەیەدا، بەڵام دەبینین پرسی ژنی كورد هێشتا لە نەبوونی فیكر و تیۆری فێمینیستی و هۆشیاری یەكی ژنانە دەناڵێنێ. جۆرێك لە چەق بەستوویی فیكری و سیاسی هەست پێدەكرێ.
دەكرێت گرفتە هەنووكەییەكانی هۆشیاری ژنانە لەم تەوەرانەدا كۆبكەینەوە:
یەكەم: ژنانێك؛ كە پرسی ژن دەكەنە بەشێك لە پرۆژەی نەتەوایەتی و رزگاری نەتەوە تێڕوانینێكی ئێجگار پیاوانەیان هەیە بۆ پرسی ژن. ئەمانە پێیان وایە ماف و ئازادی ژنان دەستەبەر ناكرێ و مەحاڵە، تاوەكو نەتەوەی كورد نەبێتە خاوەنی دەوڵەت.
دووهەم: ژنانێك؛ كە سەر بە ڕەوتە ئیسلامیەكانن، ئەمانە بە جۆرێكی تر پرسی ژن ئیسلامیزە دەكەن و پەیوەندییەكانی جێندەر بە پێی ئایەتەكانی قورئان و حەدیس پێناسە دەكەن. واتە ژنی كورد لە دەرەوەی موسڵمان بوونیدا وەكوو خۆی بوونی نییە، دەبێت بە پێی ئەم گوتارە دینیە ژیانی كەسێتی خۆی ڕێكبخات لە پەیوەند بە پیاوەوە.
سێهەم:  ژنانی كۆمۆنیستیش؛ كە پێیان وایە فێمینیزم دژ‌ بە بەرژەوەندی چینا‌یەتی و خەباتی كرێكارانە. ژن و پیاو نابێت لەم خەباتەدا جیابن، خۆ ئەگەر چینی كرێكار شۆڕشێ كرد ئەوا مافەكانی ژنان بە شێوەیەكی ئوتۆماتیك حەل دەبن لە كۆمەڵگادا.‌ مافی ژن تەنها لە كۆمەڵگایەكی سۆشیالیستیدا دەستەبەر دەكرێ.
ئەم سێ رەوتە سیاسیەی؛ كە لە كۆمەڵگای ئێمەدا كاردەكەن بەهێز یان لاواز، و ژنانێك كەسەر بەو ڕەوتانەن لە كارو چالاكی و گوتاریاندا ئەو خەونە پیاوانەیە رەنگدەدا‌تەوە. كە تۆی ژن دەبێت چاوەڕێ بیت تا دەگەینە ئەم ئامانجه، جا دەوڵەتی نەتەوەی كورد بێت، یان خەلافەتی ئیسلامی، یان سۆشیالیزم؛ ئەوا ژنان ئێوەش ئازاد دەكرێن.
واتە ئێمەی پیاوان ئازادتان دەكەین و پاداشتتان دەدەینەوە!  بەڵام ژنان ئێوە سوپاسگوزاری ئێمەی پیاو بن كە لەدونیای  سیاسەتی پیاوانەی خۆماندا جێمان كردوونەتەوە. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، كەژنی كوردیش بێ ستراتیژ نین لەم حزبانەدا، ئەوانیش حەزبە چێژی پلە و پایه ‌و بەشداربوون لەو دەسەڵاتەی پیاواندا دەكەن.  تەنانەت ئەگەر رۆڵیان سیمبۆلیش بێت چێژ وەردەگرن.‌ هەندێكجار هەر ئەم ژنانە هۆشیارانە یان نا هۆشیارانە زۆر ‌ گورزی كوشندە دەدەن لە خەباتی ژنان.  لە رووی فیكری و تیۆرییەوە لاوازن، كۆمەڵێك كڵێشەی سیاسی دەڵێن وهەندێك كارو چالاكی ڕۆتین دووبارە دەكەنەوە. ئەمانە نەیان توانیوە هۆشیاریەكی قووڵ لەلای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكەن.
 یست و دووساڵ لەم جۆرە كاركردن و گوتاره،‌ كاتیی بەسەرچووە، ئەوەی هەستی پێدەكرێت، بۆشاییە‌كە بۆ دروستكردنی هۆشیاریەكی ژنانە. دەكرێ ئەمە وەكو شەپۆلێك لە كارو چالاكی ژنانە پۆلێنبكرێت و ئیتر سەرەتای دەستپێكردنی شەپۆلێكی تر دەبینم. ئەم جارە بە كارو تیۆر و تێڕوانینی ژنان بۆ شیكاری و تیۆریزە كردنی چەوسانەوەو پلەدووی خۆیان لە كۆمەڵگەدا. دوور لە مەوعیزە و ئامۆژگاری  پیاوانی ناو پارتە سیاسییەكان. هەربۆیەش ئەو فۆبیایەی، كە هەیە بەرامبەر بە پرسی ئازادی ژن و فێمینیزم و تەنانەت جێندەریش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە، سەرەتایەكی تازە هەیە‌ و‌ كولتورە جیاكان كاری تێدادەكەن. ژنان خۆیان لەم كێشمە كێشەدا دەبێت بزانن قازانجی گشتییان لە كوێدایە و كام فیكر و كام كامپ هەڵبژێرن. ئەم شەپۆلە تازەیە ئەركێتی تیۆریزەی هەموو لایەنەكانی ژیانی ژن بكات.‌ دەستپێشخەر بێت بۆ درووستكردنی هۆشیارییەكی فێمینیستی و ستراتیجی خەباتێك لەبەرامبەر بێ مافی ژناندا.

* ئەم گوتارە لە “هاوڵاتی”  بڵاوبۆتەوە