سه‌خته له وتاری ڕۆژنامه‌یه‌كدا قسه له‌سه‌ر هه‌موو كورته چیرۆكه‌كانی كتێبێك بكه‌یت مه‌گه‌ر بێیت و تاكه ڕه‌هه‌ندێكی گشتی وه‌ك (فه‌زا) یا (كاره‌كته‌ر) یا (گێڕه‌ره‌وه)ی چیرۆكه‌كان وه‌به‌رچاو بگریت و خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكه‌یت كه ئه‌مه‌یش هه‌م زۆری ده‌وێت و هه‌م پێویستی به به‌دواداچوونی زیاتر ده‌بێت، بۆیه من له‌م كتێبه‌ی (گۆران ڕه‌ئوف)ـدا ته‌نیا یه‌ك چیرۆكیم وه‌به‌رچاو گرتووه كه ئه‌ویش چیرۆكی (سامی پێش پشكۆ مرد)ه كه گێڕه‌ره‌وه واته هه‌مان سامی باسی مردنی خۆی ده‌كات و له نێو باسی مردنه‌كه‌یشیدا باسی مردنی پشكۆ ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر مردنی پشكۆ نه‌بوایه بۆ ئه‌و چه‌تیوه گه‌رمیانییه، ئه‌وا بێشك مردنێك نه‌بوو به ناوی مردنی سامییه‌وه. بۆیه ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا من ده‌مه‌وێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م و یا ورته وتێك بكه‌م هه‌مان چه‌مكی مردن و پرسی مه‌رگ و كوشتنه له نێو پانتایی كورته چیرۆكه‌كه‌دا. مه‌رگی جه‌سته و مه‌رگی مه‌جازی: ناناسم، نازانم، سه‌خت ده‌بینم خۆیم نیشان ده‌دات كه ئاوازه‌كه‌ی ڕه‌نگی وه‌نه‌وشه ته‌ره‌كانی گرتووه وه‌نه‌وشه‌كان باشترین سوودیان بۆ زه‌وی هه‌یه له‌وێ كه ڕووخساری مه‌رگ سه‌وزه و ئه‌و تێنۆڕینه سه‌وزه به‌رده‌وامه‌ی مه‌رگ تووڕه‌یه به داخی نمداری سه‌ر گه‌ڵا وه‌نه‌وشه‌كان و ڕه‌نگی گڵكۆی زستان. به سه‌رنجدانه ئه‌م كۆپله‌یه‌ی شیعره جوانه‌كه‌ی (مه‌رگی جه‌سته‌كان)ـی (پابلۆ نێرۆدا)، ده‌كرێت باسی هه‌مان مردنی جه‌سته و مه‌جازی نێو چیرۆكه‌كه‌ی گۆران بكه‌ین، چیرۆكێك كه تیایدا هه‌واڵنامه‌ی مردوویێك ئاشكرا ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت “مردوویه‌كتان بینیوه دوای مردنی پیاسه بكات و سیگار بكێشێت؟ مردوویه‌ك پاش مردنی بیر له مردنی كه‌سانی تر بكاته‌وه؟ مردوویه‌ك غه‌م بۆ ئازاری له‌ده‌ستدانی دۆستانی مردووه‌كانی تر بخوات؟ دڵنیام نه‌تانبینیوه.”
ڕه‌هه‌ندی مردن به‌شێكه له خودی ژیان، ته‌واوكه‌ری پڕۆسه‌یه‌كی ئه‌به‌دییه، حه‌قیقه‌تێك كه كه‌س باوه‌ڕی ته‌واوی پی ناهێنێت، ته‌نانه‌ت خودی گۆرانیش كه ده‌ڵێت “بێگومان قورسه زۆر قورسه باوه‌ر به ئاشنابوونی وه‌ها مردوویه‌ك بكه‌ن!”هه‌ر ئه‌م ناباوه‌ڕییه‌یه به حه‌قیقه‌تی مه‌رگ وامان لێ ده‌كات زۆر دڵنیا بین له ژیان و به گوومان بین به كۆتاییهاتنی، هه‌رده‌م له عه‌زابێكی گه‌وره‌داین بۆ خۆدووركه‌وتنه‌وه له حه‌قیقه‌ته تاڵه‌كه كه مه‌رگه. مرۆڤ چیرۆكی پاش مه‌رگی نییه، جگه له مشتێك خورافاتی قۆڕ كه له كتێبه‌یلی به ناو ئاسمانی بۆی ماوه‌ته‌وه، بۆیه هه‌رده‌م بیر و زه‌ینمان خستووه‌ته سه‌ر چیرۆكه‌كانی پێش مه‌رگ، یا چیرۆكه‌كانی ساته‌وه‌ختی مردن و ئه‌وه‌ی گۆران له چیرۆكی (سامی پێش پشكۆ مرد) باسی ده‌كات، خه‌یاڵێكه له‌و حه‌قیقه‌ته كه به تێكهه‌ڵكێشێكی مانادارانه ڕاڤه‌ی مه‌رگی دوو كه‌سمان بۆ ده‌كات، بۆیه من هه‌ست ده‌كه‌م ڕاوی یا هه‌مان گیڕه‌ڕه‌وه‌ی نێو چیرۆكه‌كه پیاوێكی ترسنۆكه، هه‌رچه‌نده ناحه‌قیشی نییه له‌و ترسه قووڵه‌ی كه هه‌یه‌تی، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ترسنۆكه و ناتوانێت حه‌قیقه‌تی مردن قبوڵ بكات بۆیه په‌نای بۆ ئه‌ده‌بیاتیش بردووه. ئه‌وه نییه گلگامێش و ئه‌نكیدۆ به‌رده‌وام عه‌وداڵی كوشتنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ن، به‌رده‌وام به دوای ده‌رمانی نه‌مریدا ده‌گه‌ڕێن، گه‌ڕانێك كه جگه له هه‌وڵێكی سیزیفیانه هیچی تر نییه.
كاركردنی گۆرانیش له‌سه‌ر خودی گێڕه‌ره‌وه كاركردنێكی زیره‌كانه‌یه له‌سه‌ر ڕاوییه‌كی ترسنۆك كه ده‌شێك به خه‌یاڵه‌كانی خه‌ریكی ڕاڤه‌كردنی حه‌قیقه‌تێك بێت، به زمانێكی هزریانه‌ی شیرین كه “چۆن مردم؟ كه‌ی بوو مردم؟ به چی مردم؟ ئایا من به شێوه‌یه‌كه ئاسایی مردووم و ته‌واو؟! یاخود كوژراوم؟ ئه‌ی به چی كوژراوم؟” قسه‌كردن له‌سه‌ر شێوازی كوشتنی سامی گێڕه‌ره‌وه ئه‌ویش به هۆی مردنی پشكۆوه كه ئه‌وی خۆی ڕه‌هه‌ندێكی تره.. ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ك بكوژ: گه‌مه‌كردنی گۆران وه‌ك چیرۆكنووس له نێو ڕووداوه‌كان جوان و ساده‌یه، تێكه‌ڵكردنی مه‌رگی پشكۆ به گوولله‌ی وێڵی ته‌قه‌ی خۆشی كه‌به‌رده‌وام له‌م نیشتمانه زامداره‌ر نابڕێته‌وه له‌گه‌ڵ مه‌رگی خۆی به بینینی نامه‌ی كچه گه‌رمیانییه‌كه، مه‌غزا و كرۆكی چیرۆكه‌كه پێك ده‌هێنێت؟ نامه‌یه‌ك كه له دونیای مه‌جازیدا ده‌گاته ده‌ست ڕاوی (یا هه‌مان سامی)، “نامه‌ی دووه‌م! ئاااای نامه‌ی دووه‌م! نامه‌ی دووه‌م كوشتمی! من به نامه‌یه‌كی فه‌یسبووك مردم. مردنێكی كۆمیدییه؟ پێتان سه‌یر نه‌بێت، هه‌ر كه كردمه‌وه و خوێندمه‌وه مردم!” ئه‌بێت ئه‌وه‌مان قبوڵ بێت كه دونیای نوێ دونیای كوشتنی چه‌ندباره‌ی مرۆڤه، دونیا به‌رده‌وامیدانه به‌و زنجیره كوشتنانه‌ی مرۆڤ، ئه‌و كوشتانه‌ی كه ڕۆژانه دووباره ده‌بنه‌وه، ئاخر گواستنه‌وه‌ی په‌یامی (بكوژانه) له دونیای مه‌جازی و كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌كنیكی و مۆدێڕنیزاسیۆنی ئه‌وڕۆیی هێنده ساده‌یه كه كه‌م كه‌س ده‌دۆزیته‌وه ده‌ستی خوێناوی نه‌بووبێت به كوشتنی ده‌یان كه‌سی دیكه بێ ئه‌وه‌ی خۆی هه‌ستی پی كردبێت. ڕۆژانه هه‌زاران كه‌س به هۆی وشه توند و هه‌ژێنه‌ر و ڕووخێنه‌ره‌وه ده‌مرن، كه‌چی ساویلكانه ناویشی ده‌نرێت (ڕه‌خنه). جه‌سته ساغه، به‌ڵام ڕۆح هه‌پروون هه‌پروونه،
كوشتنی مه‌جازی وه‌ك نوێنگه و ڕووكاری ڕاسته‌قینه‌ی مۆدێڕنه له نێوماندا ئاماده‌گییه‌كی سه‌یری هه‌یه، ئه‌وه‌تا نامه‌ی كچێكی گه‌رمیانی سامی ده‌كوژێت هه‌رچه‌نده نامه‌كه‌یش بۆ سامی نییه!! له دونیای مه‌جازیی كوردیدا ئه‌م به ناحه‌قكوشتانه زۆر زۆرن، زۆرن ئه‌وانه‌ی كه به ڕسته‌یه‌كی كورت وه‌ك په‌ڵاسێك ته‌ختی زه‌وی ده‌بن، وه‌ك به‌ردێكی نێو گۆم ده‌كه‌ونه نێو ته‌ونی ته‌نیایی زه‌مه‌نه‌وه و ڕه‌گه‌كانیان له نه‌بوونی براده‌رێك و له نه‌بوونی مووحیبه‌تێك وشك هه‌ڵدێت و داده‌ڕزێن. په‌یامی گۆران له‌م چیرۆكه‌دا په‌یامێكی ئینسانیانه‌یه، ڕه‌نگه خۆی هه‌ستی پێ نه‌كردبێت، به‌ڵام ئه‌م چیرۆكه‌ی گۆران سه‌ره‌ڕای ساده‌ییه‌كه‌ی په‌یامێكی قووڵی تێدایه، په‌یامێك كه ناكرێت وه‌ك كوشتن و مردنی ژنان به هۆی ئاگر و له‌نێوبردنی خه‌ونی منداڵان له چوارچێوه‌ی شه‌ڕدا نادیده بگیردرێن، چونكه فه‌زای مرۆڤ ئه‌و فه‌زایه نییه كه به‌و شێوه نامه‌ردانه‌یه تێك و پێك ده‌شكێنرێت. باش بوو باسی فه‌زامان كرد، چونكه فه‌زای به‌كاربراوی نێو چیرۆكه‌كه‌یش خۆی شیاوی قسه‌له‌سه‌ركردنی زۆرتره… فه‌زا و كات و گێڕه‌ره‌وه: فه‌زای چیرۆكی (سامی پیش پشكۆ مرد) فه‌زایێكی یه‌ك ده‌سته، واته زۆر گرنگی به فه‌زا نه‌دراوه، ئاخر حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها هێنده زاڵه كه فه‌زا و كاركردن و باسكردنی فه‌زاكه‌ی كاڵ كاڵ یا هه‌ر به‌ڕاستی كوشتوویه‌تی. ده‌بوو له‌م چیرۆكه‌دا گرنگی زیاتر درابایه به فه‌زا كه تا ئه‌و ڕه‌هه‌نده ڕه‌شه‌ی مه‌رگ هه‌موو چیرۆكه‌كه‌ی داگیرنه‌كردبایه، به‌ڵام ده‌شێت ئه‌مه‌یش گه‌مه‌یه‌كی دیكه‌ی گۆران بێت. كاتیش هه‌روه‌ك فه‌زا له نێو چیرۆكه‌كه‌دا زۆر حسابێكی جددی بۆ نه‌كراوه، چونكه ڕاسته‌ڕێیانه و زۆر كه‌م هاتووچۆی پێ ده‌كرێت، دیسانه‌وه ده‌ڵێمه‌وه كه گۆران زیاتر كاری له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی مه‌رگ كردووه نه‌وه‌ك فه‌زا و كات، بۆیه ته‌واو له‌م چیرۆكه‌دا كات مردووه و هه‌ر ئه‌مه‌یش وای كردووه كه كه‌سێك چیرۆكه‌كه ده‌خوێنێته‌وه هه‌ست بكات چیرۆكێكی ساده‌یه، ئاخر ساده‌بوونه‌كه‌ی به هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه نه فه‌زا و نه كاته‌كه‌ی له كه‌سی دووه‌م واوه‌تر ناچێت و ئه‌م ساده‌ییه‌ش بایی خۆی له‌تمه‌ی له چیرۆكه‌كه داوه، به‌ڵام نه‌یكوشتووه، چونكه مه‌به‌ست ده‌پێكێت و په‌یامی چیرۆكه‌كه ده‌گات، به‌مه‌یشه‌وه له‌ته شكاوه‌كانی ئاوێنه‌كه كۆ ده‌بنه‌وه و مه‌رگ دروست ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن (خۆرخه لویس بورخیس) ده‌ڵێت: ئێمه هه‌مان یاده‌وه‌ری خۆمانین هه‌مان مۆزه‌ی خه‌یاڵی دونیایێك وێنای فانی قه‌باره‌یه‌كی بێكۆتا له ئاوێنه‌ی شكاو.. جنسیه‌ت له مه‌رگدا: به‌داخه‌وه مرۆڤ هێنده دڕنده‌یه كه ڕه‌گه‌ز و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی وه‌ك مۆركێك له‌سه‌ر مه‌رگ داناوه، ئاخر له چیرۆكه‌كه‌ی گۆرانیشدا هه‌مان مۆرك ده‌بینرێت، مه‌رگی نێو چیرۆكه‌كه‌ی گۆران مه‌رگێكی نێرینانه‌یه، مه‌رگێكه له زمانێكی نێرینه‌وه به تێهزرینێكی نێرینانه به‌ڵام نه‌رم. دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌رمبوونه‌ی نه‌بوایه چیرۆكه‌كه چێژێكی دیكه‌ی ده‌بوو، ئاخر چیرۆك باڵانوێنی خودی نووسه‌ره، بۆیه ڕه‌نگه هه‌مان ڕۆحی له‌تیفی زمانی چیرۆكه‌كه په‌یوه‌سته به ڕۆحه له‌تیف و نه‌رمه‌كه‌ی گۆران خۆیه‌وه. له دونیادا بێ جیاوازی، مه‌رگی جنسیه‌تی هێنده په‌ره‌ی سه‌ندووه كه ئیتر به بیستنی چیرۆكه‌كانی مردن مرۆڤ بێز و قه‌ی له خۆی ده‌كاته‌وه.
باسكردنی گولله و تفه‌نگ و شه‌ڕ و مردن به هۆیانه‌وه باسكردنێكی نێرینانه‌یه و زۆر به كه‌می باسی مردنی پیاوێك ده‌كرێت به هۆی نه‌وتبه‌خۆداكردن و گڕتێبه‌ردانی خۆیه‌وه، كه‌چی ئاقیبه‌ته‌كه‌ی هه‌ر هه‌مان مردنه، به پێچه‌وانه‌وه زۆرینه‌ی كوشتنی ژنان به هۆی مردنه‌له‌سه‌ر منداڵا و مردن به هۆی له‌باربردنی كۆرپه‌له و مردن به هۆی سوتاندن و مردن به هۆی خۆخنكاندن و مردن به هۆی سه‌نگسار و ده‌یان جۆری دیكه‌ی كوشتن. تاوانباركردنه‌كانیش زۆرینه‌ی جار ده‌درێنه پاڵ ڕه‌گه‌زی مێینه خۆیانه‌وه. بۆ نمونه گۆران نایێت بڵێت پشكۆ له ئه‌نجامی گه‌مژه‌یی خۆی مرد، به‌ڵكو به هۆی گولله‌ی وێڵی ته‌قه‌ی خۆشییه‌وه جه‌رگی دایكی له‌ت له‌ت ده‌یبَت، ته‌نانه‌ت مردنی سامی ده‌داته پاڵ كچه گه‌رمیانییه‌كه‌وه نه‌وه‌ك خه‌فه‌تی نه‌بوونی پشكۆوه كه ئه‌مه‌یش هه‌م به‌هانه و هه‌م مردنێكی ترسنۆكانه‌یه، ئاخر ڕاوی خۆی له مه‌رگ تۆقیوه، ئیتر چۆن ده‌توانێت وا به ئاسانی باسی حه‌قیقه‌تی مه‌رگ بكات. ڕاوی هێنده زاتی قسه‌كردنی له‌سه‌ر مه‌قووله و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مه‌رگی خۆی نییه، بۆیه په‌نا بۆ مه‌رگی كه‌سی دووه‌م ده‌بات كه ئه‌ویش پشكۆیه، “به‌ر له‌وه‌ی پشكۆ بمرێت.. من مردم! هاتمه سه‌ربان، سیگارم كێشا، پشكۆ مرد، گولله‌یه‌ك هات و مێشكی پژاند. بیرم له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی پشكۆ ده‌كرده‌وه، چه‌ند سه‌خته پشی (یا هه‌مان پشكۆ) له‌ده‌ست دا!! بیرم له دایكی ده‌كرده‌وه، چه‌ند قورسه كوڕه‌كه‌ی له ده‌ست دا!!” ئه‌م خۆله‌گێلیدانه‌ی راوی له زیره‌كی و دڵسۆزی نییه بۆ پشكۆ، به‌ڵكو هه‌ڵاتنه له مه‌رگی خۆی، ئه‌و مه‌رگه ڕه‌گه‌زییه‌ی كه له ئه‌نجامی مێیه‌یه‌كی گه‌رمیانییه‌وه دروست ده‌بێت. ده‌ڵێن ژن ترسنۆكه بۆیه به گولله خۆی ناكوژێت، به‌ڵام له پیاو و نێرینه به‌تایبه‌ت نێرینه‌ی كوردی ترسنۆكتر نییه، پیاوی كوردی هێنده ترسنۆكه كه باش له‌وه گه‌یشتووه ئازاری ئاگر و منداڵبوون و له‌باربردنی كۆرپه‌له به هه‌زاران جار له مردنی به گووله قورس‌تر و تۆقێنه‌رتره وگولله یه‌ك چركه‌یه و ته‌واو بۆیه هه‌میشه په‌نا بۆ تفه‌نگ ده‌بات، به‌ڵام ئاگر و له‌باربردن و زان ژان و ئازاری به‌رده‌وام و درێژماوه‌تره، بۆیه ڕاوی له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌شدا دووباره ئه‌وه‌نده ترسنۆكه مردنی خۆی نابه‌ستێته‌وه به ته‌كنۆلۆژیای بكوژه‌وه، به‌ڵكو ده‌ڵێت “ئه‌وانه‌ی كه پشكۆیان ده‌ناسی زانیان كه پشكۆ مردووه و به چی مردووه، به‌ڵام ئه‌ی من؟! كه‌س نازانێت منیش مردووم و مردووم و مردووو.” هیوام سه‌ركه‌وتنه بۆ گۆرانی هاوڕێ.