شاڵاو عه‌بدوڵا: خەوڕۆ

Loading

١

چیرۆكنوس شاڵاو عه‌بدڵا
چیرۆكنوس شاڵاو عه‌بدوڵا

ڕۆژێکی تووشە، باران لێزمە لێزمە ڕێژنەی دڵۆپەکانی دەچۆڕێنێتە نێو سینگی بێ ھەدادانی ئەم ھەردە. زەوی ڕەنگی خۆڵەمێشئاسای بریسکەداری کردۆتە قاوغ، گەڵاکان و پەڵکی گوڵەکان لە ئاست تنۆکەکانی باران دەنوشتێنەوە و ئاخێزدەدەن. ئاو ساف و بێگەرد، لەوەیە ھەرگیز قوڕی ڕۆژگار، بای گەرداوی بیابان نەیشێڵابێت و شلوێی نەکردبێت. سروشت کاژی لە خۆی ڕاماڵیووە، توێ توێ بووە، تەچەنی دەچێت، ھەرگا لە کەوڵێکی تر کەوڵاکەولڕ دەبێتەوە، ھەمدیس ڕازە سەر بەمۆرەکانی دەمێننەوە و خۆماتدەدەن. بێ مەڵامەت نییە، (ھیراکلیتۆس) شیعریانە دەیھۆنیەوە:سروشت مەیلی لە خۆشاردنەوەیە… سروشت ڕازێکە لە نیازی گزیکردن و خۆگومکرن و خۆداپۆشین و پەردەلادان، لە چاوشارکێش دایە لەگەڵ ڕەھێلی لێزمەبردووی کات.

نێڵەنێلی سۆپای دار، ترپەترپی دڵۆپگەلی بنمیچەکە. دەبوایە باگوردانەکەم  ڕامبماڵیبایە، مشتێ کام بپرژاندبایەتە سەر تەوێڵانی. چ نەچووە بچێ، چ چووە با بچێ. ئەم خانووە قوڕینە، تاقە ژوورێکە، ماگی ژوورەکانی تر فەرامۆشی ڕۆژگارانێکی دوور و گاڤگەلێکی پساوەی لە نێو دەرگاکانی کڵۆمداوە. ئەڕێ، ئەم کۆنەمارە، جێحەوانەوەی ماڵباتێکی ئاسودە و کەڤنینە بووە، شوێنچەنجەیان لە پنج بە پنجی خانووەکە خۆ دەنوێنن، لەئێستانەکینێدا لەنێو وێڵ و نەوێڵی شارگەلاندا، سەرنگوومبوونە.

لە تەک ژووری من ژوورێکی تر ھەیە، مەڵۆیەک لە کەرەستەی کۆنی ماڵی کوردەواری دەرگایان بەسەر داخراوە، لە قاتی بنەوەش گەوڕێکە لەبۆ ئاژەڵە ماڵییەکان. لەبەرامبەر دەرگای تاقە ژوورەکەم ھەیوانێکە، گۆڕکێکی ئاگری قنجی لەسەر چێکراوە. بازنەییە و ڕۆخەکانی بە چیمەنتۆ سوێنراوە، دوو شیشەی ئاسن ڕۆبردراوەتە نێو ڕۆخەکانی، تاکو بەئاسانی مەنجەڵی چێشتلێنانی بخرێتە سەر. ھەر لە گۆشەیەکی ھەیوانەکە، داربەڕوویەکی پیر و تەمەن درێژ، قەدی مەترو نیوێکە، چنگی لە خاکەکە گیرکردووە. باڵی سێبەرەکانی ھەیوانەکەی لەئامێزگرتووە، ڕەگە ئەستورەکانی بەدەرەوەن، جارجار وەک دایکێکی پیری دڵۆڤان سەر دەخەمە سەر ڕانەکانی، چیڕۆکگەلی گەڵاکانی دەژنەوم.

کۆنە خانووە قوڕینەکەم، لە ژوورووی باخچەیەکە لە دارھەنار و حەلوکە و قەیسی و گوێز و داربەڕوو و بەھێ. لەخواری خوارەوەش گەلییەکی تەسک و تروسکە، تەنگە ڕووبارێک لە نێویدا چۆڕە دەکات. لەبەرامبەریشدا تاوێڕێکی ڕک و ھەڵەموتئاسا ڕپ و ڕاست کێلبۆتەوە.

شەوان کۆلکەدارێک بۆ سێبووری لە نێو گۆڕکەکە دادەگیرسێنم، پشتم بە داربەڕووەکە ڕاگیردەکەم و ھەڵدەتروشکێم، لە کەشکەڵانی ئاسمان و ئەستێرەگەلی کشاو و ڕەونەقدار دەنۆڕم، لە ورچی گەورە و ورچی بچوک، چما خەڵک و ئەستێرەناسان ئەو ناوەیان بەسەر دابڕیون، لە خەیاڵی سەربزێوی مندا جمکە ورچێکی گەورە و بچوک شێوەناگرێ، بەڵکو وێنەی تارمایی دوو منداڵە یەکێکیان گەورەترە لە ئەویتر، سەری ڕێیان گرتووە، ھەڵتەک ھەڵتەک پێ بەپێی یەکتر ڕێدەکەن. بێن بێنە گەورەکەیان بە تیچاوێک لە بچوکەکەیان دەنۆڕێت، تاکو دڵنیابێت لە دواوەیەتی. بچکۆلەکەیان لەسەر چیچکان ھەنگاو دەنێ، پێڕۆکەیە، وەلێ خۆی گرد دەکاتەوە، چاو لەگەورەکەی دەکات، دیسان ھەڵدەخلیسکێ، خۆ کێلدەکاتەوە، بە گاگۆلکێ و ھەنگەشەلێ تێھەڵدەچێتەوە.

لایتەکە بەدەستەوە دەگرم، رووناکیەکەی ڕۆدەنێمە سەر تاوێرەکەی ئەمبەر، چەند جارێک دایدەگیرسێنم و دەیکوژێنمەوە، بڕێک چاوەنۆڕدەبم، لەپڕێک لە ھەمان ئەو جێیەی لایتەکەم ئاڕاستە کردبوو، رووناکایی لایتێکی تر دادەگیرسێت، کە ھەندێکجار کزتر یان ڕۆشنترە، ئەم گەمەیە تاماوەیەکی زۆر بەیەکەوە دەمانخافلێنێت، بەنێوەندی ئەم لایتانە بێئەوەی تەنانەت پیتێک گۆبکەین، لە قسەداین و گفتوگۆمانە، بەبێ ئەوەی یەکتر بناسین و ڕاھاتبین بە قەپۆزی یەکتر. من لەم دۆڵە، ئەو لە دۆڵەکەی تر، کەچی بەربەستێک نییە تاوه‌كو  یەکتر نەدوێنین. پێدەچێ و گریمانەدەکەم ئەو خەڵکی گوندەکەی گەلییەکەی ئەولاتر بێت، چونکی لە ھەمان ئەو شوێنەیە کە ڕۆشنایی لایتەکەی لێوە ئاڕاستە دەکرێت.

بەیانیان زوو، لە گزنگدا، کە خۆر نیگا خەواڵوەکانی ھەڵدێنێت. لە ئاسۆ دەڕوانم، لێدەگەرێم وەک بارانێکی لەسەرخۆ پەرشبێتە سەر جەستەم، گوڕوتینی کەونارای خۆییم تێدا بزێنێتەوە. مەولەوی تاوەگۆزی خۆش گوتویە:

بۆی یەخەی سەحەر پەی دەماخ دڵ
مانۆ وەنەسیم جێب جەمین گوڵ

خۆشلدەکەم، ڕاحەت، ھەناسە پەنگخواردووەکانی سروشت ھەڵدەمژم، ئاونگی سەر پەلکی گیاکان دەخەمە بەر تیرێژی نیگاکانم. گوێیەکانم ئاوەڵا دەکەمەوە، دەبا ببیەن، لە خوڕەخوڕی بەر ھەیوان، لە نسێی ئارامی دۆڵەکە، لە گزەگزی مێش و زەردەواڵە، لە گمە گمی کۆترێک دەنێو ھێڵانەکەی خپ بووە، لە تەقەتەقی چویرک کە خەریکی دار قڵیشاندنە، لەدەنگە خۆشگرەکانی سروشت: دەمێک ھەستدەکەن گوێگرێکیان ھەیە. ئاوا، شاگەشکە دەبم، سۆزدارانە ناخم مەیلڕێژ دەکەن، گرژی دەمارەکانم خاودەبنەوە، ھێز و وزەی تر لە زیندانەکانیان گڕدەگرن، کۆتەکان دەپسێنن، لە شەقەی باڵدەدەن، دێنە دەرەوە. جەستەم ڕۆدەچێتە نێو خامۆشیەک، ئیدی وزە بێسەرینەکان ڕەھا دەبن. وەک منداڵێکی لاسار ڕادەبن، کونج و کەلەبەرەکانی بوونم دەتەننەوە، باڵدەگرن لەسەر ئاوایی خاکێکی تر دەنیشنەوە و تاو دەخۆنەوە، ماوەیەکی زۆر بەو  وەتۆیە دەمێنمەوە.

ھەناسەیەک ئاگری ناخم دەدەمێنێت و دەیگەشێنێتەوە. دڵم ژانی تێدەزێ، یادەوەریەکان دەمدەکەنەوە، ناوەناوە ڕەنگالەیی ئەو ھەڵماتێنانەم بیردێتەوە کە خۆم و ئەو دەمانھێنایەوە ماڵ. دانە دانە لەڕووی خۆر ڕاماندەگرتن و لێمان دەڕوانین. ئەو ھەڵمات ئەنگێوێکی کارامە بوو، ھەموو جارێک بە کۆڵێک ھەڵماتێن لەگەڵ من دەگەڕایەوە ماڵ، لەبەر ئەوەی من لە میناکی ئەو ھاوێژەرێکی باش نەبووم، ھەمیشە وەک ھەمڕازێک بڕێک لە ھەڵماتە ڕەنگالەییەکانی لەگەل بەشدەکردم. من منداڵێکی لاسار و کەللەڕەق و خۆپەرست بووم، ئەو ھەمیشە ڕەنگێک بوو لە میھرەبانی و سۆز و بەزەیی. کاتێک باوکمان کێک و پفەکی لە شار بۆ دەھێناین، پێمدەگووت: بابەیەکەوە بیخۆین، دەم و دەست کێکەکەی ھەڵدەپچڕاند و کەرتێکی دەدا بە من، وەلێ کاتێک نۆڕە دەگەیشتە من ڕێک و ڕاست ڕامدەکرد، بەتەنێ کێکەکەم ھەڵدەلووشی.

لە قوتابخانە چاوی سەراسۆیی لە من نەدەتروکاند، بینایی بە ئاگایی لەسەر من ڕۆدەنیشت تاکو سەر ڕەحلە لەتەک من دەھاتە پۆل، بە نیازی ئەو بوایە تاکو زەنگلێدان لە تەک من دەمایەوە، ئاخری بە نیگەرانی و تیچاوێکەوە پۆلەکەی بە جێدەھێشت .

ڕادەبم، لە نێو باخچەکە تەراتێن دەکەم، لەو ھەنارانە دەنۆڕم، کە ھێشتا وەرزی چرۆکردنیان نەھاتووە، تامی مزری ئەو ھەنارە درزبردووانە لە بنزمانم چێژدەکەم، کە من و ئەو بەیەکەوە دەمانخوارد. لە گوێ پەرژینەکە حەلوکەی نەگەییوو بە چڵ و چێوی دارەکان شۆڕبوونەتەوە، لە شوێن خۆم دەوەستم قەپاڵیان لێدەگرم، تامی ترش و تاڵئاراییەک لە دەممدا ھەستپێدەکەم. منداڵێکی کورتەبنەبووم، دەترسام بەسەر دارەکان ھەڵگژێم، بەڵام ئەو وەکو پەلیک بەسەر دارەکاندا ھەڵدەگژا، دانەدانە بۆی دەخستمە خوارەوە یان گیرفانەکانی پڕدەکرد، ھەر کە دەھاتە خوارەوە چنگێکی دەخستە نێو دەستم. لە دامێنی شاتووەکان بەڕێکی ڕادەخست، دەیگوت: “چاوەنۆڕبە”، لقێکی دەتەکاند، شاتووەکان دادەتەپینە سەر بەڕەکە، من دەکەوتمە سەری تا ئەو دەھاتە خوار یان ھەموویم بەجارێک حەپەلوش دەکرد، یان بەڕەکەم ڕادەکێشا تێم دەتەقاند، تا ھەموویم دەخوارد. بەوحاڵەوە، بانگیدەکرد: ” ھێی، ئاگات لە بەری بەرت بێـت، دەنا دایکم ڕاژەیەکت تێدەسرەوێنێت.

دادەوەرێمەوە، لەسەر تخوبە بەردینەکەی باخچەکەمان ڕۆدەنیشم، لەو دار و بنەدارانە دەنۆڕم کەلەو ناوە چنگیان خستووەتە نێو خاک، لە لێڕەوارێک دەچێت. لە دوورەوە قریوە قریوی قەڵەڕەشکەیەک دەبییەم، دەنگی نزیک دەبێتەوە، لە پڕێکدا لەنێو لێڕەوارەکە دەردەپەڕێت، خورپەیەک دڵم ڕادەچەنێ. یەک نا دووان، دووان نا سیان، بەڵکو پۆلێک قەڵەڕەشکە بازنەئاسا لە تەک من دەنیشنەوە، لە قیڕەقیڕ دەدەن، مۆمێک لە کوێ شک ببەم، گوێیەکانمی پێ بئاخنم؟

تا برستێک لە نێو قاچەکانمدا لە جوڵەدایە، خۆ لەسەر تخوبە بەردینەکە فڕێدەدەمە خوار، غاردەدەم، تا نێو گەلییەکە شۆڕدەبمەوە، خۆم فڕێدەدەمە نێو ڕووبارەکە. موچرکێک لە ساردایی دڵتەزێنی بوون، مووبەمووی جەستەم قیتدەکەنەوە. لە بناوانێک، کە بۆ ڕاکێشانی جۆگەل بۆ نێو کێڵگە و بێستانان بەربەستکراوە. لەسەر پشتی نەرمی ئاوەکە لێڕادەکشێم، جەستەم بە تەوژمی ئاوەکە دەسپێرم. دەنێو ئەستێلکەکە، لە چڵ و چێوی ئەو دارانە دەنۆڕم کە تائاستی ئەستێلکەکە شۆڕبوونەتەوە. تیشکی خۆر بە نێو گەڵاکان دڕی بە خۆییدەدا. گەڵایەک لێڕلێڕ بە ئەسپایی لەسەر تەوێڵم دەنیشێتەوە، پەنجەی ئەو لەسەر دەم و چاوم ھەستپێدەکەمەوە، تەزینێک دەخوسێتە نێو سینگ و ھەناوم: ئەو خۆی دەھاوێژێتە ئەستێلکەکە، لێم دەڕوانێ، خەندەیەک دەکەوێتە سەر لێوانی، دەڵێ: ئەزانم جێبەخۆناگریت، بۆ خۆ ھەڵدانە نێو ئاوەکە ختوکەتە، مخابن ناوێریت، بەڵام مەترسە، ببینە چۆن خۆم ھەڵدەدەمە نێو بناوانێ، ناشخنکێم… لە قەراغ ئاوەکە قوڵی درێژدەکات، منیش دەکشێمە دواوە، بەھەڵەداوان بۆقێک ڕاودەکات، فڕێیدەداتە بەردەمم، لەترسان لە قیژە دەدەم، ئەو دەداتە قاقای پێکەنین. لەولاتری لەسەر تاتە بەردەکە چنگ لە ئاوەکە ھەڵدەدەم.

جلەکانم دەپۆشم، تەلان بەتەلان، بەسەر ھەورازەکە ھەڵدەگژێم تاکو لەسەر پانایی بەردێکی سەرکەش، کە لەتەواوی دۆڵەکە دەڕوانێت، خۆم دەبینمەوە. تا چاو بڕ دەکات، بیناییم دیمەنگەل ببینێ، دەڕوانم. ھەموو پنجێکی چیاکان جێبرینە، برینی با و باران و لێزمە، پەلەوەر و تەڕەول، بەڵام کتومت جوانی و سەرنجکێشی چیاکان لە برینەکانیدایە، بەو ھەموو برینانەوە تۆقەڵانیان ھەر کەشە و کەچنابنەوە.

لە خوارتر داڵێک باڵەکانی درێژکردووە، خۆی شلکردووە، لەوەیە با داڵەکەی خستبێتە سەرشان، ئاوا بە بێباکی وەستاوە، بە چاوە تیژەکانی دڕ بە خاکی خوارەوەی دەکات، لەدووی نێچیرێکە .

شۆڕدەبمەوە لە ڕۆخ رووبارەکە، کەپووم بە کەپووی کیسەلێک دەتەقێ، ھەماھەما گیا کاوێژدەکات. دەستدەخەمە نێو گیرفانی شەڕواڵەکەم، پریاسکەی توتن لەسەر بەردێک دادەنێم، بە لیکی نێو زارم جگارەیەک دەپێچمەوە، بە دەنکە شقارتەیەک دایدەگیرسێنم، ھەڵیدەمیسمەوە. لەرینەوەیەک خاکی یادەوەریم توێ توێ دەکات، ئەو پانیەپێی لەسەر پشتی کیسەلێک گیردەکات، کیسەڵ قاچەکانی لە زەویی دەسوێ، قنەقنی وێکەتییە و ناکارێ بڕوات، خۆی وێکدێنێتەوە، خۆی دەپەستێتە نێو قاوغەکەی. لەولاتر بێچووە کیسەلێک بەدەستەوە دەگرێ، نیشانی منی دەدات، لە پڕێکدا پەشکە ئاوێکی زەردباوی گەرم دەتکێتە سەر شەڕواڵەکەم، تومەز ئەوە کیسەڵۆکەکەمانە لە ترسانا بەخۆی دامیزتووە. ڕادەچلەکێ بە تالوکەیی شەڕوالەکەم تەڕدەکات، پاقژی دەکاتەوە. بەدەم ھەڵمیسانی دوکەڵی جگارە، لە سینگی دوکەڵە تاپۆئاساییەکە، نیگام دەنیشێتە سەر چاڵاییەک لە گوێی رووبارەکە، گەڵای زەرد داتەپی بووە سەری، لە ژێرەوەش بە حاستەم چۆڕێ ئاو لێژ دەبووە نێو رووبارەکە. قیتدەبمەوە، بە چنگەکانم گەڵا زەردەکانی سەری ڕادەماڵم، پاقژی دەکەمەوە، ئاوێکی ساف و ڕۆشن و سازگار ھەڵدەقولێ، بینی پێوە دەنێم، تا تێنوویەتی بێھەدادانی رۆحم دادەمرکێتەوە. کانیەکە چاڵاییەکە و ئاوەکەی بە نێوەندی جۆگەلەیەکی تەسک دەڕژێتە نێو رووبارەکە، پارچە ئاسنێکی ژەنگرتوو لاردەکەمەوە و ڕۆیدەبەمە نێو ڕێڕەوە ئاوییەکە. تاکو وەک شەلالێکی بچووک دەڕژێتە نێو رووبار، بەشکەم ڕێگوزەرانی ماندوو و تینوو لێیبخۆنەوە، تێنوویەتیان بشکێت. ھەستگەلێکی شادیھێن و لەبزۆکە تەواوی جەستەم شاگەشکە دەکەن. ئەو دەیزانی دەست و پێ سپیم، تەنانەت لە ئاو خواردنەوەشدا، بۆیە گشت جار پەنجەی دۆشاومژەی ئاڕاستەی ئەم کانییە دەکرد، تا تێنوویەتیمی پێبشکێنم. ئایی…. کانییەکم ژیاندەوە.

بەبزنەڕێیەکدا بەرەو ڕووی ماڵەکەم ھەڵزنام، لە ھەڵدێرەکەدا شوێنکانی من و ئەو ھێشتانەکینێ لەسەر خاکە. لقی دار، شۆرەبییەکان لەبزاودان و ھەناسە ھەڵدەکێشن، مەلێکن بێحەجمین باڵەکانیان لە خاک دەسوون، ڕۆدەچنە نێو ناخی ھەڵەتەم.

لە بەرھەیوانەکە لێڕادەکشێم، کتێب و تیانووس و پەڕەمووچ، قەڵەم و قەڵەمدانەکەم لە ھەزارپیشەیەک ئاخنیووە، حەوسەڵەم نییە سەریان بەسەردا ھەڵبدەمەوە، کەچی ناسەکنێن، تاوەتاویانە، ھەندێکجار وا ھەستدەکەم ھەزارپیشەکەم دەلەرێتەوە، یان لە شوێنی خۆی نەماوە، کتومت لەسەر جێگای خەوتنمە.

لەبۆیە ھەر لە بەرھەیوانەکە ڕادەکشێم، شریتێک دەخەمە سەر دەنگدەرەکە و بە گۆرانییەک پەرشدەبمەوە، بەخۆمەوە دەگلێم، ئاخینکەکان لە میناکی مێشەھەنگ بە ناخمەوە دەوروکێن، دەپەنمێم. ڕادەبم، ھەوڵدەدەم بەکارێکەوە ھەستە لاسار و سەرانگرێکانم بۆ چەند ساتێک لەسەر شتێک گەرابکەن، ساتمە بکەن و ئۆخژن بدەن. لەھەمانکاتدا سەردەخەمە سەر چەندان شتگەلی جوداواز، ھیچیشیان بەتەواوی ڕاناپەرێنم: بۆ خۆگەرمکردنەوەی زستان کۆتەرەدارەکان کەرتدەکەم، بە خاکەناسێک جۆگەلەکان پاکدەکەمەوە، دامێنی دارەکان دەبژێرم، بێستانەکە ئاودێر دەکەم، ڕەزەکە بنکۆل دەکەم، گیا و دڕکەکان لە ڕەگەوە ھەڵدەکێشم، پەلی زیادی قەدی دارەکان دەقرتێنم، چاوێک بە دارە موتوربەکراوەکان دەخشێنمەوە، لە دووی جۆگەلەی ئاو دەڕۆم، بناوانەکە پاکدەکەمەوە تاکو ئاو بەخوڕتر بێتە ناو باخچە، سەیری گوێزەکان دەکەم داخۆ ڕەسیون.

لە ھیکڕا، لە دامێنی داربەروویەک ھەڵدەتروشکێم، جەستەم دەخەمە سەر ئاوازی ئەو گەڵایانەی با دەیانلاوێنێتەوە، ھەست بە سروەیەکی فێنک دەکەم لەسەر پێستم، گەرماییەک خۆی لە سەرچۆکانم دەخشێنێت، گەرماییی بێھەدادانی ئەو کچۆلەیەی رۆژێکیان: لەوانەیەکدا خۆی ھەڵدایە تەک من، سەرچۆکی لە سەرچۆکی من دەخشاند. ھەمان تکە ئاڕەق لەسەر تەوێڵ، سورھەلگەڕان، گرمۆڵەبوونەم ھەستپێکردەوە، خوێنم مەیلڕێژانە و بە تاسوقەوە لە نێو دەمارەکانم لە بزاوت دابوو. چی دەبوو ئەگەر خۆم ڕادەستی ھەستی بێ ئەمان و لەرزێنەر و مەیلداری ئەو لێکخشاندنە ئارەزوو  ورووژێنەرە بکردایە؟، ئەو لەمپەرە چی بوو؟

قنجەپێ ھەڵدەستمە سەر پێیان، بە ساتەسات ڕادەکەم یان ھەڵدێم؟، لەو بەلەزی و خێراییەدا پام لە شتێک گیردەبێ، لموز و لموز بەسەر ھەردەکە دەکەوم، بۆشایی ناو لەپم دەڕنێ، جێجێ پێستی ھەڵکەنیووم. ئاوڕدەدەمەوە، پێم لە بەردێکی خڕ و لووس و خۆڵەمێشی گیربووە. من و ئەو ھەڵماتێنەمان دەکرد، نیگای کات چاوی لێتروکاندبووین، لە پڕێکدا ئاوڕمان دایەوە: شەو ڕاشکاوە، کات درەنگە. ئەو دەستی گرتم، بە تالوکەیی گەڕاینەوە ماڵ، بە پێدزکێ لە دەرگاکە خۆمان خزاندە ژوورەوە، شێوی ئێوارە ھەڵگیرابوو، باوکم لە ژوورەوە چوار مشقی ڕۆنیشتبوو. پریاسکەی توتنی لەبەردەم خۆی دانا بوو، خەریکی جگارە پێچانەوە بوو، گوێی بۆ ھەواڵەکانی رادیۆ ھەڵدێرابوو. دایکمان شەکەت و ماندوو، کڵافەی نەمابوو، لە سۆنگەی داکردنەوەی قاز و مراوی و مریشک، شێولێنان، پاکردنەوەی ماڵ، کارە بێکۆتاییەکانی ژیانی گوند، لەتەک باوک ڕۆنیشتبوو. نقەمان لە خۆ بڕی، بەختی ئێمە دەرگای ژووری خەوتن ئاوەڵا بوو، کتومت جێگەش ڕاخرابوو، خۆمان خزاندە بنجێیان. سکمان ھەڵدەلووشی، لە برسان پێلوەکانم بڕستی وەستانیان نەما، ڕازام. لە ھیکڕا، ئەو بانگی کردم و قوڵی ڕاکێشام. چوون مارمێلکە بەرەو چێشتخانە ملمان نا، چووینە سەر مەنجەڵی شێو، ڕژێنێکی ترش زابووە نێو زارمان، پامان زەویەکەی نەدەگرت لە خۆشیان. سەری مەنجەڵەکەمان ھەڵدایەوە: بەردێکی خڕ و لووس و خۆڵەمێشی لە نێو مەنجەڵکە دانرا بوو.

٢

ئاخ کوڕم ئەژی، ئاخ جەرگی سووتاوم. سەرەدولکەی کوڕی جوانە مەرگم بکەم، یان دڵی پڕ لە ئازاری نیھادی ئەژی بدەمەوە. لەوێ دەمێوە نانی خێر و خۆشی لە ماڵمان تامنەکراوە، چا بەبێ شەکر دەخورێتەوە، کوندەپەپوویەک لەسەر ماڵمان نیشتۆتەوە، حەیف نازانم لە کوێ نیشتۆتەوە، دەنا خوێنی تەزیووی تژی لەئاخینکی نێو دەمارەکانمم دەکردە گۆری تروسکاییەک ئاسوودەیی لە دڵی ئەژی، ئەو نوشتەیەم بەتاڵ دەکردەوە. مخابن، ھەزار مخابن خودایە .

لە پاش ئەو چۆڕتمەی بەرۆکی گرتین، دوای چەندان ڕۆژ لە بگرە و بەردەی دادگا، گرتن و بەردانی سەردارم. (مامند) بەدەم و چاوێکی ترشەوە، گووتی: ژنێ، دەچینە شار، لەوێ نیشتەجێ دەبین… لە دڵی خۆدا دەمچرپاند: مەگین ئێمە لە شار چی شکدەبەین، ئێمە لەم ھەرد و کۆیە ڕەسیوین و وێڕاگەیشتووین، لە شاردا چی ھەیە تا سێبوریمان بداتەوە.
ماوەماوە، سەردانی خزمانی شارگەلمان دەکرد: چاوئەبڵەق و دۆشداماو دەمام لەو دەنگگەلە ناچونیەک و ناقۆڵایانە. ئەگەر شار تەنگ نەبێ بە بەری خەڵک چما زووزوو خزمانی شار بۆ گەشت و کاتبەسەربردن دەگەڕێنەوە ئەم کوێستانانە، ئەی ھەر ئەوان نەبوون دەیانگوت:”ئێمە لە ڕەگەوە ھەڵکێشراین، بەعس ئێمەیان پەستاوتە نێو گردگەلکردنەوە زۆرەملێیەکان”. دەی چۆن زاتبکەم بەم پیاوەم بڵێم: بمێنەوە، بەس نییە ئێرە بۆنی شوێنپێکانی جەرگی سوتاومانی لێماوە، وازیەکانی لە ھەزارپیشەکەدان، ھەرنا بەم ماددە و شتە ڕەقانە ھێوریەک بە دڵمان دەبەخشینەوە، چیت داوە لە تێکقژانی نێو شارگەل. بێ سێ و دوو ماڵمان پێچایەوە و پەڕیوەی شار بووین.

(مامند) خانوویەکی بەکرێگرت: دیوەخانەیەک، دوو ژووری نوستن، چێشتخانەیەک، لە نھۆمی سەرەوەش ژوورێکی لێبوو. گەڕەکەکە پێشتر گردگەلکردنەوەیەکی زۆرەملێیی بوو، ڕژێمی پێشوو بە زۆری دانیشتوانی گوندەکانی ڕاپێچابووە ئێرە، ڕژێمیش سەرنگوم بوو بوو، کەچی ئەم خەڵکە ھێشتانەکینێ لە گەڕەکەکانیان مابوونەوە، ھەڵبەت ئێمە لەو شاڵاوەی خۆمان شاردبوەوە. ئیدی لەوساوە (مامند) لە ماڵ حەجمینی نییە، یان لە نۆبەی پێشمەرگایەتییە، یان لە کرێکاری، یان لە چایخانەکان خەریکی تەقەتەقی دۆمینە، لە بن کاولاشان لەگەل ھاوتەمەنەکانی بە بەردی دامە دەودەوانێ دەکەن. کە دێتەوە ماڵیش مڕ و مۆچە، لە گۆشەیەکی ماڵ، یان لەبەربێلاییەکە ھەڵدەتروشکێ، جگارەیەک دەپێچێتەوە، ژوور قانگدەدا لە تەمی بۆ کەسکونی جگارە ھەڵمیسانەکانی.

گونتەر گراس؛ مۆزایکە نوسراوەکان _Scherbengericht
گونتەر گراس؛ مۆزایکە نوسراوەکان _Scherbengericht

(ئەژی) لە ژووری سەرەوە لە نیگا تەمگرتووەکانی باوک، ئەسرینە بێبڕانەوەکانی من خۆی چەپارە دەدا. ھەندێکجار سۆسەی ئەوە دەکەم ئەم کوڕە ئەڵێی تالوکەیە، لەسەری خۆیشی ڕادەکات، ھەر لە فڕکان و ساتەساتە. ھەنگینێ، کە بارگە و بنەمان ھێنایە شار، گەرچی لە تەمەنێکی ھەڵکشاو دا نەبوو، لێ کە ئاتاغ و قاپ و قاچاغمان ھێنایە ناو ماڵ، سەراسۆیەکی قون و قوژبنەکانی ماڵەکەی کرد، بەھێوری و غەمینی، ڕوانینێکی قەتیسماو، دەرگای تاقە ژوورەکەی نھۆمی سەرەوەی خستە سەر پشت، قەیرێک لەبەردەم پەنجەرەکە وێستا، کە ڕووی لەلای چەپی ماڵەکەمان بوو. دڵی کەسیرە و کزەڵم ژان تیک تیکەی دەکرد، بەگوێبەرخی و سڵەمینێک لە شەرم، وێستا و گوتی: دایە، ئیتر لەم ژوورە دەخەوم…دڵم ڕاچەنی، کۆڤانی دایکێکی سووتەمەڕۆ، وەک سوژنێکی گەرم داگیرساو تێوەی دەژەنیم. ئاخر بەم تەمەنە بچوکەیەوە چلۆن شەوان بەتاقی تەنێ ڕادەزێ. مۆتەکەیەک، دێوەزمەیەک، تاپۆیەک لە تاریکیی بێ نیانی شەوان نایترسێنێت، خەوی لێنازڕێنێ. ئەژی منداڵێکی لاسار و کونجوکۆڵ و جێبەخۆنەگر و نازاندی، چۆن ئێستا بەرگەی ئەم ھیشک و برینگیەی شەوانی ژوورەکەی دەگرێت. مکوڕیەکی ویستدار بەسەر و بیچمیەوە دەینواند، پێدەچوو بڕیارێکی لەو شێوەیەی دابێت، تاکو کۆڵی ئەم بارگرانییەی سەرشانی بەتەنیا لە ملبنێت. ئای ڕۆڵەکەم، بەم منداڵیەوە ئەم سوڕگومییە چییە لە یەخەت ئاڵاوە، بەھەناسە تەنگیت دێنێ.

لەوێ ڕۆژێوە (ئەژی) ھەر لە ژوورەکەی دەمێنێتەوە، ناچێتە بەر و کۆڵانان. پێش ئەم کۆستە منداڵێکی نازدیدە بوو، ھەموو بەیانیەک بەدەستەکانم قەمیس و پانتۆڵێکم لەبەریدەکرد، پێڵاوەکەیم دەسڕیەوە، کتێب و قەڵەمەکانیم بۆ دەخستە نێو جانتاکەی، بە براکەییم دەسپارد و بەرێمدەکردن. لەگەل برا گەورەکەی وێکنەدەچوون، ئەو تکای ھیچ کارێکی لە ئێمە نەدەکرد، بەخۆدا ڕاپەرموو بوو. ئیدی (ئەژی) بە جل و بەرگی یەکپۆشی قوتابخانە لەژوورەکەی دێتە خوار، ئاخێزێک لەبەردەم باوکی دەکات، پارووە نانێک قوتدەدات، گۆرەویەکانی لەپێ دەکێشێ، جوان قەیتانی قۆندەرکەی گرێدەدات وبەھەڵەداوان ڕێی قوتابخانە دەگرێت. لە ڕۆژی یەکەم (مامند)واق وڕماوانە مۆڕەی لێکرد، کە ئاوابوو، پێچێکی کردەوە و گووتی: نەشمین، ئەمە کەنگی فێری قەیتان گرێدان بووە؟”. منیش لەبەر یادگاری جگەری سوتاوم دڵم خورپەی بوو و دەمم داچەقی .

بە ڕاکەڕاک دەھاتەوە ماڵ، قۆندەرەکەی لەبن دیواری بەربێلاییەکە دادەنا، گۆرەوییەکەی لە پێدەکرد، بەدژی خوخدەی جارانی، بە زۆر دەم و چاوی دەشوشتن، کەچی دەموچاوی شوشت. پارووە نانێکی خوارد، ھەڵگژایە ژوورەکەیە، ئیدی لەوێ دەمێڕا بەو وەتۆیەیە ژیانی، خۆی پەستاوەتە ژوورەکەی، فزەی لێوەنایەت، جا چەقەچەقی ددان تەزێنی سەرما بێت، یان بڕکە بڕکی گەرما، (ئەژی) ژوورەکەی چۆڵناکات. دڵی دایکایەتیم دەرزیئاژنم دەکات، بڕە بڕە لە کونی دەرگا سۆسەی ژوورەکەی دەکەم، یان ئەوەتا خەریکی دەرز خوێندن و ئەزبەرکردنە، یانیش ھەڵماتە ڕەنگاڵەییەکانی بەدەستەوە گرتووە، لێیان دەنۆڕێت. نەیاری منداڵانی بیرماوە، نە گەمە و وازییەکانی، نە لاساری و سەربزێویەکانی. ھەمیشە ژوورەکەی ڕێک و تەمیزە، ئەگەر حەزی بێسەقامی ژنان نەبێت بۆ پاککردنەوە و گسکدان، دەنا ژوورەکەی ھەر پاکردنەوەی گەرەک نییە.

ساڵی کۆستەکە، مامۆستاکانی گوند ڕەچاوی بارودۆخی ناھەمواری (ئەژی)یانکرد، لە پۆلی دووەم دەریانچواند. لەو سۆنگەوە خۆم نەگرت بە خانەگومانی سەردانی قوتابخانەکەیمکرد، لە گوێن مامۆستاکانی: قوتابیەکی مات و بێدەنگە، لە تاقیکردنەوەکان ھەمیشە سەرتۆپە، شتاقی خوێندکارانی تر و ھاوپۆلەکانی ناکارن مل لە ملی بدەن. مامۆستاکان بە نامۆی لە قەڵەم دەدەن، چونکە تێکەڵی قوتابیان نابێت، لە سووچێک بێ فیز لە تیانووس و کتێبگەلەکانی دەنۆڕێت، وارەوارە کە زەنگیش لێدەدات ھەر لەسەر ڕەحلەکەی دەمێنێتەوە و جێی ناھێڵێت و نائومێدیەکی پەنھان باڵکێشیەتی. نەبینراوە و نەبیسراوە سەردانی حانوتی قوتابخانە بکات. لەولاتر مامۆستایەکی لاو کتێبێکی بەدەستەوە گرتبوو، چاویلکەیەکی لە چاو، قەدباریکێکی لەڕ و لاواز، ڕدێنێکی زەردباوی تەنک، قژی بەلایەکدا خوساند بوو، سۆرکەڵە بوو، قەمیسێکی بێقۆلی سپی پۆشیبوو. بەپەلەپەل سڵاوێکی کرد، منیش ستاندمەوە، دیار بوو لەڕێی ناسیاوێکەوە لە (ئەژی) پرسی بوو، لەو ناسۆریەی تووشی کوڕەکەم ھاتبوو ھایدار بوو. گوتی: ھەستێکی بەکێشی لە ئاست (ئەژی) ھەیە، ناتوانێت چاوی لێبقوچێنێت. ئامۆژگاریکردم لێیگەڕێم بەو ئاوایە بێت کە پێی ڕەحەتە ھەڵسوکەوت بکات، ئەم کوڕە ھۆکارێک پاڵیدەنێ، دەستی لێبەردە و سەرزەنشتی مەکە لەسەر ھەڵسوکەوتەکانی. لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو و گووتی: چەند جارێک ھەندێ قوتابی ناردووە، تاببنە ھاوڕێی، بەڵام تێکەڵی ھیچیان نەبووە. ئەگەر لە مەودوا داوای پارەیکرد بۆ کتێبکڕین، چنۆکی لێنەکەین و پێیبدەین.

بە تێکەڵەیەک لە ھەستی ئازار و خۆشی گەڕامەوە ماڵ، دوای ھەفتەیەک (ئەژی) بەخۆی و کتێبێک لە بنھەنگڵی گەڕایەوە ماڵ، دەم و دەست زانیم مامۆستای تایین پێیداوە.دوای ھەفتەیەک ئێوارەیەکیان ئیزنی خواست، چوو بۆ بازار، ھەندەی نەبرد گەڕایەوە ماڵ و کتێبێکی لە بن باڵ نابوو، کتومت مامۆستاکەییم بیرھاتەوە. لێ لە غەمی ئەوە دابووم: پارەی کڕینی پێبووە یان نا؟ لێمپرسی: “چۆن ئەو کتێبەت کڕی کوڕی خۆم”. گوتی:”دایە، لەپارەی پاشەکەوتە…ئیدی لە ھەنگینێوە خەرامان خەرامان کتێب ڕاپێچی ماڵەوە دەکات، ژێر قەڕەوێلەکەی و سەر پەنجەرە و کەنتۆرەکەی تەژی بووە لە کتێبی کەڵەکەکراو. ھەرچەندە من سەرەتەقێ دەرناکەم لە خەتی ڕەشی نێو کتێبان، لێ لە سۆنگەی ئامۆژگاری مامۆستا شادمانم پێیان، نەخاسمە جگەرگۆشەکەم سێبورێکیان تێدا دەبینێتەوە .

ساڵ بە ساڵ، لە قوتابخانە میدالیا و دیاریگەلیان لە پای زیرەکی و نمرەی بەرز و خوڕەوشتی بەرزی پێدەبەخشی، لێ لە کوچێکی ژوورەکە دایدەنان، پیشانی منیشی نەدەدا. من نەمدەدیتن مەگەر لەکاتی خاوێنکردنەوەی ژوورەکە نەبێـت، سەرەدەری کەڵەکەبووونی دیاریەکانیم دەکرد. ڕۆژێک لێیچوومە ژوورەوە، بە باھۆ و باڵیم دا ھەڵدا، کەچی بە نیگایەکی غەمئارا، گوتی:  دڵنیام، ئەگەر براکەم لێرەبایە، گشتی بە ئەو دەبەخشران…

*****

(مامند) ڕۆژ بە رۆژ سەر و سەکوتی دەگەچرا، ھەراسانییەک لە نووزەی دڵێکی غەمگین و توڕە و زیز کوڵمەسوور و گیپنەکانی قوپاند بوو، کولیکەکانی سەر یادەوەریەکانی دەکولێنەوە، لە مینای ڕموزنێکی زامدار، بەھەڵە و ھۆکاری بچووک دەیکات بە قاڕەقاڕ. خووی توتن کێشانیش تادێت ئەم پیاوە پتر لە قاودەدات. بەدەم ھەڵمیسانی جگارەوە بەگژ خەیاڵان ڕۆدەچێ، تاسەبارییەک ھێشتا لە ترپەترپی دڵی قوڵپەی دەکرد، ئیدی تین و تاوی گەنجی لەژێر باھۆزی پیرییەتی دابوو .

بیکاسۆ؛ ژنێک
بیکاسۆ؛ ژنێک

ساڵان تێپەڕین، (ئەژی) فراژوو بوو. لاوێکی زیتەڵ، پرچێکی قەترانی کورت، پێست ئەسمەری لێدەرچوو (لە مەیان چووەتە سەر دایکی خۆی)، دارای ھەمان گۆشەگیری و خوخدەی جارانی بوو و بە لارملی ڕێیدەکرد. ھەمیشە لە ئامادەیی سەردەقشکێن بوو لە دەرزەکانی، کەچی ئەو لاتەریکیەی دڵی منی دادەخوراند، تروسکایی ئاواتەکانمی دادەشۆڕی. ئاگام لێی بوو تا درەنگانی شەو بێدار دەبوو، لەمسەر بۆ ئەوسەری ژوورەکە ھەنگاوی خێرا و نیگەرانانەی دەنا، وەک ئەوەی شتێک تەنگی پێھەڵچنیبێت. مێزێکی کۆنینەی ماڵێکی دراوسێم بۆ لە ژوور دانا بوو، سەری دەخستەسەر پەڕی سپی دەچووە کێشمەکێش. ھەمووجاریش تێنووسەکانی دەئاخنیە ھەزارپیشەکەی. کونجوکۆڵی دڵی دایکانەییم پاڵیدەنام تەماشای تیانووسەکانی بکەم، لێ منێکی نەخوێندەوار دەیتوانی چۆن لەم خەتە ڕەساسیانە بفامرێت؟  ھەزارجار داغگیری نەخوێندەواری خۆم بووم، گەر من خوێندەواربوومایە دەمتوانی لە ختوورەکانی جگەرگۆشەکەم تێبگەم، ھەموو کتێبەکانیم موتاڵا دەکرد، بەس لە کوڕەکەم تێبگەیشتمایە. وەلێ دەرەتانێک شک نابەم، پەیکێکیش نییە بۆمی بخوێنێتەوە، بۆیە کتێبەکانی بەدەستەوە دەگرم، دەستیان پیا دەخشێنم بۆنی حوبر و کاغەز و ئاڕەقەی نێولەپی کوڕەکەم دەکەم.

وەختایەک کچێکی ئەسمەری دراوسێمان، چاوانی لەسەر ئەو ھەڵنەدەبڕی، منیش بە حەسرەتی سرەوتنی دڵی بێ سەکنینی کوڕەکەم، لەسەر بەڕماڵ دەستی تکام لەخودا پاندەکردەوە: تاکو مرازەکانی ئەم کچە گراوییە حاسڵ بکات، کوڕیژگەی منیش دەرگایەکی ڕۆشنایی بەڕوودا واڵابکرێتەوە، چیتر زیزمەند و ژاکاو نەبێت، بەرگی ماتەمینی لێ بتارێت و دێ بڵا بابچێتە باوەشی سۆزداری کچێک.

کچەی دڵکێش، بێ ئارام لەسەر سەکۆی بەردەمی ماڵ، لەسەر بانی ماڵ، لەپەنجەرەی ژوورەوەیان لە مینای پاسەوانێکی ھۆشدار، دیدەی لەسەر دڵبەندەکەی لا نەدەچوو. کە دەچوو بۆ کتێبخانە کیژەڵ بەدوایەوە بوو، ھەستمدەکرد ھەمان کتێبەکانی ئەو دەکڕێت، چونکە ھەمیشە کتێبەکانی ھەمان ڕەنگ و تانوپۆی کتێبەکانی ئەژی بوون. لێ ڕەنگی ماتەمداری و گۆشەگیری (ئەژی) بازنەیەکی بەدەوریدا کێشا بوو، ئاستەم بوو کەسێک ئەوەندە بوێربێت و سەرچیخی بکات ھەنگاوبنێتە نێو ئەو بازنەداخراوە. منی دایکیش دەرئاوێتە نەبووم، بۆیە کچەی بەستەزمان چ دەروەستێکی نەبوو، دڵی من بۆ ئەویش ڕادەژا و حەسرەتبار بوو.

****

لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی، (ئەژی) نمرەیەکی ڕیزپەڕانەی بەدەستھێنا، بۆ ساڵی دواتر لە کۆلێژی ئەندازیاری وەرگیرا. لە شادمانیان ئەو ڕۆژە سەری بەرانێکم بڕی، کردم بە خێر، وەلێ ئەو تیکەیەکیشی لەدەم نەنا، زەردەخەنەیەکی بابردەلەش لەسەر لێوانی نەنیشت، لێبڕاوانە کەل و پەلەکانی کۆکردەوە، جانتاکەی پێچایەوە و ڕووی لە پایتەخت کرد.منیش داوداو لە پڕچی ڕەشم، سپی دادەگیرسا، پێستم چڕچ و لۆچی دایپۆشیبوو، پنکی ڕەش لەسەر جەستەم بەدیاردەکەوتن و ئیدی ڕوو لە کەندەڵان بووم .

دوای چوار ساڵ، بە ھەمان بیچم و سیمای قەتیسماو لە تاسیەبارەوە گەڕایەوە ماڵ، دایەوە ھەمان خوخدە و ڕێوڕەسمی پێشووی، بەڵام ئەمجارەیان نەخشە و خەتکێش و پڕگال، کتێبی گەورەی خوێندن ژوورەکەیان تەنیبوو، ھەڵبەتە جۆری خەتە ڕەشەکانی نێو کتێبەکان گۆڕابوون و لەوەی پێشان نەدەچوون. حەشتەبام لەبارەی ژیانی چوارساڵەی لە بەشی ناوخۆیی نەدەزانی. باوکیشی ھەنووکە خانەنشین کرابوو، لەمینای جاران کاتەکانی لەچایخانە و بن کاولاشان بەسەر نەدەبرد، بەڵکو گۆشەی مزگەوت ببوە جێئارامی (مامند)، تەسبیحێکی دەنک خڕی ڕەشتاڵەی لەنێو دەستان وەردەدا، سەری بچوبایە نوێژی نەدەچوو، پێنج شەممە و دووشەممان بە ڕۆژوو دەبوو، ھەرپێنج نوێژەکەی لە مزگەوت بە کۆمەڵ دەکرد، شەوانیش تادرەنگ سەری لەسەر بەرماڵ ھەڵنەدەگرت، شەونوێژی بەجێدەھێنان. (ئەژی) نوێژی نەدەکردن، نە من نە باوکی لە ھەمبەر ئەوکارەی دەممان نەدەکردەوە، ئیدی بۆخۆی ڕەسی بوو.

ھەرچەندە (ئەژی) خۆی دەم و دووی لەو بابەتە نەدەدا، لەگوێن کچەی دراوسێ، کە ھێشتانەکینێ گڕی ئاشقانەی لە ئاستی دانەمرکابوەوە، لەسەر ئاگر بوو، ھەر بەھەویا بوو. ئەو لە ئاستی کۆلێژی ئەندازیاری لە یەکەمین و سەردەقشکێنان بووە. کچیلەش ھەر لە شارەکەی خۆمان لە کۆلێژێک وەرگیرابوو، وەک ئەو دەیگوت:بەشی زانستە گشتیەکان، لە کۆلێژی پەروەردەی بونیات… لە ماوەی ساڵانی لە کۆلێژ خوێندنی (ئەژی) کچیلەی داغان خۆی و خێزانەکەی بە ھۆی لە مێژینەیی دەر و دراوسێیەتیمان: تێکەڵم بوو بوو، زوو زوو سەردانی دەکردم، لە کارەکانی ماڵ ھاوکاری دەکردم. ئاگاشم لێی بوو گاڤ گاڤ بە پێدزکێ خۆی دەخزاندە ژووری ئەو، لەبەر گڕی پەرۆشی ئاشقانەیی چاوپۆشیم لێدەکرد، خۆم غافڵ دەکرد.

چاوەنۆڕبووم (ئەژی) کارێک بکات، وەلێ نازانم لە چ سۆنگەیکەوە بوو ساڵی دواتر لە کۆلێژەکەی وەرنەگیرایەوە، ھەڵبەتە واتەواتی کچیلەی عەوداڵ تێنەدەگەیشتم. ھەڵبەتە کار دەست نەدەکەوت، یاخود ئەو مەیلی لەکارکردن نەبوو، ئیدی جێی لەق نەدەکرد و ھەر لە ماڵ دەمایەوە، ئێمەمانانیش لەمپەرمان نەدەخستە ڕێگەی.

لەو ساڵەدا، لە نوای مانگی سێ، ڕۆژێکیان کچیلەی دراوسێ بەسەر و سیمایەکی سوڕھەڵگەڕاو و شەرم و خێزەوە، بە ژوور کەوت، زمانی تەتەڵەی دەکرد، ھەناسە سوار بوو، زەرفێکی زەردی لە چنگ نابوو، گووتی: ” دایە، ئەمە بدە بە ئەژی”. بە پەلەپروزێ چووە دەرەوە، دەرگاکەی لەدوای خۆی پێوەدا. منیش لە ھەنگاونان ڕوو لە بازنەی تەنھایی ئەو سڵمدەکردەوە، بۆیە زەرفەکەم لەسەر مێزی ژوورەکەی جێھێشت. دوای دوو ھەفتە، ڕۆژێکیان (ئەژی) ڕووی لە باوکی کرد، ئاخێزێکی کرد و گووتی: ” باوکە، ئەم ساڵە دەچمەوە گوند و ھەواری کۆنمان”. (مامند) ئاھێکی لە جگارەکەی ھەڵکێشایەوە، ھەستاو لە نێو کەنتۆرەکە کلیلی خانووی گوندی دایە دەست، ھەمدیس ڕۆنیشتەوە و جگارەکەی تەواوکرد. ئیدی پڕزۆلە و مرزۆلەکانی پێچایەوە، ھەزارپیشەکەی لە بن ھەنگل نا، لەبەر دەرگا ئاوڕێکی دایەوە و گووتی: ” ماڵئاوا دایە”.

٣

تەنگەلانی ژیان لە چاوی ئاشقێکی تەوساوی: ھەمیشە سۆزئارایە. بەنگی من بە ڕوخسارە غەمتێزاوەکانی (ئەژی)، چاوی سیاھی، بەژن زراف، پرچی ڕەش و قەرتاڵە، چاوبەباری غەمگینیەکی لە مێژینە. لە منداڵییەوە، تا ئەم تەمەنەی خایاند. ئیدی چوار نکالی ئەم گلۆڤەرە: ماڵی ئەژیە، چەقەکەی ژووی ئەژیە. ئیدی لە ھەر پارزەمینێکی ئەم گۆییە بم، کەمندکێشی ئەم ماڵەم، ئیدی لە سۆنگەی ئەوە وەیە “کونی گیراوی کۆنە شمشاڵم”، شەوانیشم لێ وێکھاتۆتەوە، تەژییە لە”خەونی ئاڵۆز و خاترەی تاڵم”. ھەراوی ئەم گەردوونە دادم نادات، بە بەری من تەنگە. یەکەمین نیگا، کۆتا نیگایە.

لە پۆلی یەکەمی ناوەندی، مامۆستا دەستی کوڕیژگەیەکی گرتبوو، بەرەو ژوور ھات وەکو قوتابیەکی زیرەک بە ئێمەی ناساند. ھەر کە ناوی ئەوی ھێنایە زمان: زرنگدانەوەیەک جەستەمی ساکاند، بەچرپەوە وەکو تامی میوەیەکی شیرین لە بنزمانم ھەستپێکرد و گووتم:(ئەژی). لە گەڕانەوەم بۆ ماڵ، لەبەر دەرگا ساتمەیەکم کرد، کوڕیژگەی پرزەلێبڕاو و مللار، لە دەرگای بەردەمی ماڵی ئێمە چووە ژوورەوە، مەڵێ تایین دراوسێی ئێمەیە. ماڵباتی ئێمە چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی وەرزی زستانەی خوێندن، ھاتبووینە ئەم خانووە.

لەوێڕا، مەراقی منداڵیم لەسەر ئەم کوڕیژگەیەی دراوسێمان کروشکەی کرد. ئیدی وەکو سیخورێکی کارامە و فەندبار ھەموو جوڵە و گەڕانێکی تۆم خستۆتە ژێر چاودێری. لە قوتابخانە، ماڵ، کتێبخانە، بۆ بەختی من تۆ زۆر ئەمسەر و ئەوسەرت نەدەکرد، بە سانایی دەتوانم بتخەمە ژێر ھاوێنەی سەراسۆییەکانم. لە قوتابخانە ھەمیشە لە دووی قۆستنەوەی ھەلێکی بەختەکی وێڵ بووم، تاکو پێبخەمە نێو بازنەی گۆشەگیریت، مخابن درزێکم شک نەدەبرد، بڵاچەی تاوگیریەکانمی تێبخزێنمە نێو بچووکی ئەو دونیایەی تۆ خودانی بوویت. ڕۆژێک سەرچیغی و کەڵەوەکێشیم کرد، ئەوکاتە لە پۆلی سێیەمی ناوەندی بووین، ھاتمە پاڵت، بە لەرزەلەرز کەوتم، بەینێکی ویست تاکو بڕستی خۆم گردکردەوە، سەرچۆکێکم لە سەرچۆکی تۆ خشاند. وێڕانەگەیشتم گەرمی ڕان و پوزم بەر تۆ بکەوێت، دەم و دەست قاچەکانت کێشایە دواوە، ھەستم بە ئاڕەقەیەکی خەست کرد لەسەر تەوێڵانت، ڕەنگت بزرکا و سورھەڵگەڕایت. لە ھەنگینێوە لەو شوێنەش ناسەکنێیت کە من تێیدا ئامادەبم. ماوەیەکی زۆر تەریقدەبوومەوە، لۆمەی بەدکاری خۆمم دەکرد، نەدەبوایە ئەو سەرەڕۆییەم بکردایە، ئەم خۆ سەرزەنشتکردنە تا ئەم دەمە لەگەڵمە و ھاوتەکمە.

دەمزانی کەی سەردانی کتێبخانە دەکەیت، لێ ھەندێکجار نەخشەی ڕۆژانەت ڕیزپەڕِی تێدەکەوت. بە ھەمەحاڵ، من ھەر سۆراغی ھەنگاوەکانی تۆم دەکرد، کە دەچوویتە کتێبخانە وەکو پشکنەرێک پێ بەپێی سەرەداوەکانی تاوانێک بپشکنێت، من لەوێ و لە دوای تۆ بووم. خۆم مەڵاسدەدا تاکو ھەمان ئەو کتێبەیی تۆ دەستتداوەتێ، منیش بیکڕم. لێ داغباری ئەو کتێبانەم تەنێ دانەیەکیان لە کتێبخانەکە دەستدەکەوت، یان کەڕەت کەڕەت لەبەر نرخی گران و گیرفان بەتاڵی نەمدەتوانی ھەمان کتێبەکانی تۆ بکڕم. لە حەسرەتان چەند بارە کتێبەکانم دەخوێندنەوە و پاتەم دەکردنەوە. یا پەیگیری ئەو کتێبانەبووم، بەر لەوەی ببینە دراوسێ تۆ کڕیبوونت. سەرەتاکان تۆ کتێبی ھەمەتەرزت دەخوێندەوە، چونکی کتێب لە کتێبخانەکان کەمبوون، دەردەست نەدەکەوتن، کتێبەکانیش چینێک گەرد و تۆزیان لەسەر نیشتبوو. لێ دواتر کتێبی دیاریکراو و دانسقەت دەبردن، لە بابەتی رۆمان و شیعر و شانۆ و کتێبگەلی پڕ لە پێچەخەمەکەی ھزری، ئەوانەی دواییان دوای سێ یان چوار جار خوێندنەوەیان ھێشتا سەرەتەقەم دەھات و لە شتاقیان نەدەفامریم. نووسەرەکانیشت پتری: دۆستۆیڤیسکی، کامۆ، گابرێل گارسیا مارکێز، کافکا بوون، لەتەک ھەندێک نووسەرگەلی بە ناودەنگی ئەوکاتەی زمانی کوردی. لە ئامادەیش فێری ئینگلیزی بوویت، ئیدی پەتەکەم پچڕا و چیتر دەستم بە کتێبەکانت ڕانەدەگەیشت. ئەگەرچی پێش چوونە کۆلێژ فێری ئینگلیزیی ببوم، بەڵام تازە سەرەداوەکان بەیەک نەدەگەیشتنەوە و تۆش لە شار نەمابوویت.

چەندین جار نەخشەم دادەڕشت تاکو لە ڕێگا بە ئەنقەست تووشت ببم، بە سیلەی چاوێکیش بێت لێمبڕۆنیت و بمبینیت. بلا درەنگ کەوتبام لەماڵ، دەرزم لە دەست چووبایە، ھەرچییەک ببیایە با ببێت.

لە دایکمەوە سەرگوزەشتەی کۆستاوی ئێوەم ژنەوت. ئەمە تیرێژێک بوو لە ژیانی نھێنیئامێز و مەتەڵئاراییت. لە پاشی چوونە کۆلێژ ئەو دەرفەتەم قۆستەوە تاکو لە دایکت نزیکببمەوە، گوێم لە سەرەدوولکەکانی ڕادەدێرا، لە سۆنگەی تۆ و دڵی دایکێکی بیماری بە سوێ ھاتوو، لە کاروباری ماڵ دەستە دەستم لەگەل دەکرد و یارمەتیمدەدا. ھیوام وایە ڕوژێک دایکت لە نیازە مەدھۆشئاراکانی من ببورێت. بە پێخشکێ دەچوومە ژوورەکەی تۆ، بۆنی قەتیسماوی سەھەندیەکانی تۆم دەکرد، پلەکانم بە بەرگی کتێبەکان، جێخەو، کەنتۆر، پەنجەرە ڕادەخوشی و قەڵەمەکانتم ڕادەمووسی. ناونیشانی ئەو کتێبانەم ئەزبەردەکرد کە ھێشتا لە ماڵ نەمبوون و موتاڵام نەکردبوون. پڕ بە سینگم بۆنم بە بەتانی و جل و بەرگە جێماوەکانتم دەکرد. گەرچی لەیەکتر دوور بووین وەلێ لەڕێی لە ھاورێیەکی کۆنی ئامادەیی، کە ھاوپۆلی تۆ بوو لە کۆلێژ، سەری ھەموو ھەواڵێکم لەبارەی تۆوە لێوەردەگرت. ھاوچوونی ژیانی منداڵی، لە کۆلێژیش بە ھەمان وەتۆیە بوویت.

ژیانم گرێدراوی تۆ بوو، گەرچی لە ناوەندی لە وانەکانی بیرکاری و فیزیا و کیمیا کەتبووم، وەلێ لەبەر خاتری تۆ بەشی زانستیم ھەڵبژارد، کۆلێژەکەیشم سەرەڕێیەک بە تۆی دەلکاندم. زۆرجار لە ماڵەوە غایلەکان ڕاپێچیان دەکردم، بۆشایی ناو لەپی گەرمی تۆم لەسەر کوڵمەکانم و پێستم ھەستپێدەکرد. “شاپەڕی باڵی خەیاڵەکانم” سێرەیان گرتووە لە ڕۆشنایی داھاتوویەک، ئاواتگەلێکی ئامادە لە فڕین. سەدان نەخشەی ھەمەتەرز و ھەمەئاسۆ واڵادەبنەوە بەسەر دواڕۆژ، موچرکی ترسێک لە لێکھەڵبڕین ھەمیشە ئامادەیە.

بڕۆنە، بۆ دووەم جارە شیعری گۆرانیەکانی (مەریەمی ئیبراھیم پور) دەلکێنمەوە بە نامەکەم، من دەیان جار بگرە سەدان جار گوێ لە مەریەم، فەیرووزە، ئوم کەلسوم و ماجدە رۆمی ڕادەدێرم، ئەو مێینە گۆرانیبێژانەی سڵناکەنەوە، بوێرانە پڕ بە قوڕگیان ناڵەی ئاشقان، ئازاری بێدەرەتانان، چرپە پەنگخواردووەکانی نێو سینان دەڵێنەوە و ھەڵدەڕێژن. بەشکم تەماھی بکەم لە گەڵیان، ترسی چەند ساڵەم بڕەوێنمەوە لە دواندنی تۆ و پەنجەخستنە سەر زامە ئاشقانەییە لە مێژینەکانم.

ئەم تاسەگەلانەی لەو تەمەنە زووەوە دەڵیونەتە نێو ناخم، دا نەبنە دومەڵان و زوخاو و کێم. لێرە، لەم نامەیە ھەڵیان دەڕێژم، بەسە سینگ کوتان. لەبڕی سووتەمەڕِۆ، دەبا ببنە ڕەز و باخی پڕ لە وشەی سۆزداریانە، ھێشووی ڕستەگەلی تەڕ و مزر. شیلەیان بچۆڕێتە نێو دڵی تۆش. مانگەشەوێکبن لە شەوێکی تار و کەنەفتی و ماندوویی رۆحی عاشقانەم وچانێک بدات.
بمبینە، خۆشەویستم .

٤)

دواجار دەستمدابێتە ڕەشکردنەوەی کوتەکاغەز، شەوێکی زستان بوو و باران بە خوڕ دایدەکرد. لەشەوە درێژەکانی زستان: سڕبوون و خەفەتخانیەکی بێ زاخ تەوقتدەدات. چەقۆ لە ھەسان دەسووی، بەڕوو لەسەر سۆبەی دار دادەنێیت، گوێز و مێوژ و لەتکە ھەنجیر دەقوڕێنیت. ڕاکشانێکی بێمەراق لێڕادەکشێم، بێ کونجوکۆڵی، ڕامان و بزۆزی. چەند ڕۆژێک بەری لە ئەمرۆ دوکەڵێکی خەست لەگەلییەکەی ئەولاتر ھەڵدەکشا، بەمەوە زانیم نەورۆزە. سەری ھەزارپیشەکەم ھەڵدەدەمەوە، ھەڵماتە ڕەنگینەکان و وازییەکانی ئەو دەردێنم. خورپەیەک لەسەر دڵم خپ دەبێت، زەرفێکی زەرد ڕاوی نیگاکانم دەکات، دیدەم لەسەر نووسراوی سەر نامەکە دەگیرسێتەو:” ئاسکەی خۆشەویستت”. بێنی شلێر و مێلاقە پڕ بە کەپووم دەبن، غەمزە سەوداسەریەکانی کیژۆڵ وەک دەنگی دووری کەوێکی ماشقە دەبنە سروەیەک و بە فێنکاییەکەی گرژی دەمارەکانم خاودەکەنەوە.
لە ناکاو زرمەیەک خامۆشیم دەلەرێنێتەوە، فانۆسێکی بە مێخ ھەڵواسراو دەکەوێت، تەقژنێک لە زەوییەکە دێنێت. مێخی لە گەچ کوتێنراو؟. ڕۆژی (٢٨/٣)یە،(ئاسۆ) سەری لە نێو کتێب ئاخنیووە، دەرز دەخوێنێت، چەند جارێک لەبەر دەرگا بەردی تێدەگرم و بەسەرخۆیەوە نابات. جێبەخۆناگرم، بە فڕتاو کتێبەکەی لەدەست دەڕفێنم و دوام دەکەوێـت، قاقا پێدەکەنم و بە بازنەیی لە ژوورەکە ڕادەکەم، (ئاسۆ)ھاوار دەکات:” ئەژی، ئەژی، توخودا بیھێنە، تاقیکردنەوەم ھەیە، ئەژی…” دەنگی گولەیەک سرکم دەکات، دادەوەرێمەوە: کلاشینکۆفی بە مێخ ھەڵواسراو لەسەر زەویەکە کەوتووە، خوێن دیوارەکەی سواغ داوە، ئاسۆ…

بە تالوکەیی تاکو سەرەوەی ھەوارەکەمان ڕادەکەم، ھەناسەم سواردەبێت و دەبۆرژێمەوە. خۆم لەسەر کێلێکی بەردین دەبینمەوە، گوڵە برایمەیەک لەسەر گۆڕەکەی شین بووە. بە نێو توناوتونەکانی تۆپەڵە بابردەڵەکانی بیابانی یادەوەریی شۆڕدەبمەوە. زرمەی ڕاژەیەک لەسەر ڕوومەتەکانم ختوکەی ئەو دەمە دەدا: باوکم دەستی لێبەرزکردمەوە، ئاسۆ خۆی کرد بە قەڵغان بۆم، بەر کوڵمە زێڕکەفتەکانی ئەو کەوت .

لە ملێکەوە بۆ ملێکی تر، لەسەر تاتەبەردێکی ڕاستان خەودەمباتەوە: ” ئەژی، ئەژی، توخودا بیھێنە، تاقیکردنەوەم ھەیە” ڕێژنەیەک لە گوللە لە خەو بە ئاگام دێنێتەوە. چیڕە چیڕی چیڕچیرۆکان، سریوە سریوی مەلگەلی نیوەشەو دەنگیان لە دوور ڕادێت. مانگیش وەک چلچرایەک بە ئاسمانەوە ھەڵپڕوکاوە. بیناییم لەسەر گولەئەستێرەیەک ھەڵدەئەنگوتێـت: “ئەژی، گوڵەئەستێرەیەکت بۆ بگرم، دەڵێن ھەرچ ئاواتێکت لە دڵ ھەیە لێی بخوازە، چونکە خدری زیندە لەم دەور و زەمانە، وەکو سەردەمانی پێشوو نییە، تەوقەی لەگەڵ بکەیت و بە نەرمی و شلی نێولەپی بیناسیتەوە و بەری نەدەیت، تا ئاواتی خۆتی پێدەسپێریت. بەڵکو گوڵەئەستێرە بوونەتە نێردراو و پەیامبەری خدریی زیندە. گەرەک نییە دەنگت بەرزبکەیتەوە، لە نێو دڵت بە چرپە لێبخوازە”. گوڵەئەستێرە پێچێک لەدەورم لێدەدات، بە سرتەسرتەکانی ھەمان دەنگی (ئاسۆ) نازدەکەمەوە. دەڕوا، بە دوای دەکەوم، خەیاڵم چوون ئاوێکی بێگەرد، وەک ئەوەی لە ئاوێک بنواڕیت و توێژی بەرد و خیزەڵانی بنەوەی بەبێ لێڵی ببینیت، ئاوای لێھاتووە. جەستەم سووک و ماندووبونیش ماڵئاوایی لێ کردوومە. بەدوای گوڵەئەستێرە بە گژ چیاکە ھەڵدەگژێم. تەنیا ئەستێرەیەکی کلدار بە ئاسمانی یادەوەریم دەکشێ: بەیانی(٢٨/٣)یە. لە کەویەبەفران وەژوور دەکەوم و پێدەخەمە سەر دوندی چیا، لە خۆرەتاو ئاسۆ زەنگی بەیانی لێدەدات…

ته‌واو