دانا ڕەووف

شانۆی نەتەوایەتی


Loading

یرۆکەی دامەزراندنی شانۆیەک، کە گوزارشت لە بیری نەتەوەیەک بکات، زۆر کۆنترە لەو تەوژمە ناشونالیزمیانەی لە ساڵانی ١٨٠٠ دەکانی ئەوروپادا سەریان هەڵداوە. چەمکی نەتەوایەتی شتێک بووە گوزارشتی لە ئەدەبێکی باڵا، بە تایبەتیش لە ئاستێکی بەرزی زمان کردووە و وەکوو هێز و پێناسێکی نەتەوایەتی هەژمار کراوە. شانۆیش هەر لە دێرینەوە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا، وەک فۆرمی شانۆیەکی میللیی گەڕاون و هەموو سنوورەکانیان بەزاندوە و شانۆیان بە زمانەکانی خۆیان نەمایش کردووە. بۆ نموونە گروپە ئیتالییەکان، کە کۆمیدیاکانیان وەک بەشێکی گرینگی کلتووری لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکاندا پێشکەش دەکرد، شانۆیەکی نەتەوایەتییان خوڵقاندبوو، هەر لەم شانۆ نەتەوایەتییەشەوە هزر و بیرۆکەی شانۆیەکی سەقامگیر، خانووبەرەیەکی گەورەی شانۆیی، وەکوو دەنگێکی گرینگی کلتووری و هونەری، کە دەوڵەت دروستی کردبێت، دروست بوو.

یەکەم شانۆی نەتەوایەتیش، کە لەسەر بنەماکانی ئەم مۆدێلە دروست بووە، کۆمیدیای فرانسیسە لە پاریس، شا لودڤیکی چواردە لە ساڵی ١٦٨٠دا ئەم بڕیارە دەردەکات. ناونانی شانۆکەیش بە کۆمیدیای فرانسیس شتێکی ڕێکەوت نەبووە، شانۆکەی شا لودڤیکی چواردە دەبێت ئەو شوێنە بێت، کە زمانی فەرەنسی وەک زمانێکی فەرمی و ڕۆژانە بۆ هەموو گەلی فەرەنسی تیادا بەرجەستە بکرێت. بۆیە، ڕۆڵێکی گەورەی لە بە ستاندارکردنی زمانی فەرەنسیدا گێڕاوە. ئەکتەرەکانی ئەم شانۆیە، بەوپەری دیقەتەوە لەنێو گروپە شانۆییەکانی ئەوسای پاریس دەستبەکار بوون، هەڵبژێردراون، لە ناویشیاندا ئەکتەرەکانی مۆلییر، کە حەوت ساڵ لەوەبەر لە گروپەکەی خۆیدا کۆی کردبوونەوە.

لە ساڵەکانی ١٦٠٠ەکاندا فەرەنسا وڵاتێکی گەورە و بەهێز بووە، هەروەها دەوڵەت دوای شەڕی ئاین و تێکشکاندنی ڕاپەڕینی دەرەبەگەکان بە تەواوی سەقامگیری بەخۆوە گرتبوو، دامەزراندنی شانۆیەکی دەوڵەتیش پێویستییەکی ئەو گەشە کلتووری و ژیارییەی ئەو دەمە دەبێت. هەر لەم قۆناخەیشدا، ئەدەبی درامی فەرەنسی گەیشتبووە ئاستی ترۆپک، کۆرنی، مۆلییر و ڕاسین، نەک تەنها ئەدەبێکی بەرزی درامییان خوڵقاندبوو، بەڵکو برەوێکی گەورەیشیان بە زمانی فەرەنسی بەخشی بوو. دامەزراندنی کۆمیدیای فرانسیس دووپات کردنەوە و پێداگرییەکی بەهێزی ئەو گۆڕانکاری و گەشەیە بوو.

سەد ساڵ دواتر، تەقەلایەکی لەم شێوەیە، بەڵام سنووردارتر لە سوێد، لەلایەن شاگۆستافی سێیەمەوە دەدرێت. دامەزراندنی شانۆی پادشایەتی سوێد لە ساڵی ١٧٨٨دا هەمان هزر و دیدی شانۆی نەتەوایەتی فەرەنسی هەبوو؛ شانۆیەک بۆ زمانی سوێدی و هاندانی شانۆنامەنووسانی خۆماڵی. شانۆی پادشایەتی و ئەکادیمیای سوێدی ڕۆڵێکی گەورەیان لە دەستەبەرکردنی زمانێکی فەرمی و ستانداری سوێدیدا هەبووە. ستریندبێرگ لە ساڵی ١٨٨٢دا لە ڕۆمانی (مەملەکەتی نوێ)دا بەشێوەیەکی تەنزئامێز باسی شانۆی پادشایەتی دەکات، ستریندبێرگ دە ساڵ لەوەبەر دراما نەتەوەییە گەورەکەی (ئوستاد ئولۆف) سەبارەت بە ریفۆرم و بونیادنانی وڵات لە ساڵەکانی ١٥٠٠ەکاندا دەنێرێت بۆ ئەم شانۆ پادشایەتییە و دوای هەموو هەوڵەکانی، ئوستاد ئۆلۆف، جار لە دوای جار ڕەت دەکرێتەوە.

ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە، هەر لە جەژنەکانی دیۆنسیۆس و شانۆی دێرینی گرێکییەوە، بەشێوەیەکی پراکتیکی شانۆیەکی نەتەوایەتی هەبووە. ئەو ڤیستیڤاڵە ساڵانەیە، ئەو دەقانەی تیا نەمایش دەکرا، لە میتۆلۆژیای گرێکییەوە وەردەگیران و بنەمایەکی هاوبەشی بۆ هەموو بینەران هەبووە. ئەوەی شانۆی نەتەوایەتی فەرەنسی و سوێدیش لە شانۆی یۆنان جیادەکاتەوە، ئەوەیە شانۆی گرێکی لە میتۆلۆژیاکانی خۆیانەوە کاریان کردووە، بەڵام فەرەنسی و سوێدییەکان لەسەر دیدە ئایندەییەکان و بیرەوەرییە نوێیە هاوبەشەکانی خۆیان پرۆژە شانۆییەکانیان بەرجەستە کردووە.

لە ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٧٠٠ەکاندا جۆرە شانۆیەکی بۆرژوازی، کە دیدی شانۆیەکی نەتەوایەتی هەڵگرتوە، دەردەکەوێت. لە ئەڵمانیا ئیدیالێکی هاووڵاتی بوون، هەستی بەرپرسیارێتی و بەشداریکردن لە پرسەکانی کۆمەڵدا، دەبێتە بنەمایەکی گرینگی ئەو شانۆ نەتەوایەتییەی شایانی بینینە. شانۆ جێگای ڕووبەرووبوونەوە و کۆبوونەوەیە بۆ تاووتۆێکردنی پرسە هەنووکەییەکان و بەرپرسیارێتی، ئەم هزرانەیش چەمک و تێروانینێکی نەتەوایەتی و ئەرستۆکراتییان هەبووە و شانۆیش ئامڕازێکی بە بەهای ئەو ڕۆحە نەتەوایەتییە بووە. بەڵام شانۆیەکی لەم چەشنە هەرگیز ناچێتە بواری کردەیی و جێبەجێکردنەوە و زیاتر دەبێتە وەهم و دیدێکی ئیتۆپی بۆ ڕۆڵی کلتوور.

لە روانگەی هەمان دیدەوە، لە ساڵەکانی ١٨٠٠ەکاندا جۆرێک لە خوڵقاندنی هەستێکی هاوبەشی نەتەوایەتی، کە شانۆیش ڕۆڵێکی گرینگی تیا هەبووە، هاتۆتە ئاراوە، نموونەکیش لەم تەوژمە شانۆی نەتەوایەتی نەرویژە، کە لە ساڵی ١٨٩٩دا دەکرێتەوە. نەرویژییەکان ئەم شانۆیەیان بۆ شانۆنامەنووسەکەی خۆیان (هێنریک ئیبسن) و نەوەکانی دوای ئەو دادەمەزرێنن و بە ماڵێکی گرینگی نەتەوایەتیشیان زانیوە.

شانۆی نەتەوایەتی چیکۆسلۆڤاکیا لە ساڵی ١٨٨٣دا لە پراگ، دوای تەقەلایەکی بێوچان بۆ ئەوەی بە زمانی خۆیان هونەری شانۆ پێشکەش بکەن، دادەمەزرێت. زمانی ئەڵمانی زمانی فەرمی ئەم وڵاتە دەبێت، زمانی چیکی تەنها خەڵکی و بۆرژوا بچووکەکان بەکاریان هێناوە، چونکە ئەم وڵاتە لەژێر دەسەڵاتی وڵاتی نەمسادا بووە. هەر لەبەر ئەوە پرسی شانۆ دەبێتە شۆرشێکی کلتووری، بە تایبەتیش لە ڕووی زمانەوە؛ شانۆ لەم دەروازەیەوە دەبێتە پلاتفۆرمێکی فەرمی و نەتەوایەتی. هەموو وزەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، هاووڵاتیان و رۆشنبیر و چینە هۆشیارەکە، شانۆنامەنووس، ریژیسۆر، ئەکتەر، رەخنەگر، تیۆریستەکان، مێژوونووسان بەشێکی گرینگ بوون لەو شانۆ نەتەوەییە. لەبەر ئەوەی شانۆی چێکۆسلۆڤاکی تەنها دەقی شانۆنامەنووسە ئەڵمانی و نەمساوییەکانیان تیا پێشکەش کراوە، یەکێک لە کارە سەرەکییە سەرەتاییەکانی شانۆ نەتەوایەتییەکەیان ئەوە دەبێت، بەهەموو شێوەیەک رێپۆرتوارێکی خۆماڵی ئامادەبکەن. تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە پێشبڕکێ و پاداشت و چەندین ئامڕازی تریان بەکارهێناوە. بزووتنەوە نەتەوایەتییەکەی چێکۆسلۆڤاکیا، لە ساڵی ١٨٠٠ەکاندا بە یارمەتی شانۆ توانیوویانە دامودەزگا فەرمییەکان بۆ بوارە کلتووری و سیاسییەکانیشیان دابمەزرێنن، تەنانەت بەرلەوەی قەوارە نەتەوەییەکیشیان هەبووبێت. پراگ دوای یەکەم شەری جیهانی دەبێتە پایتەختی وڵاتی چیکۆسلۆڤیاکیایەکی سەربەخۆ.

بەڵام لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا، مەسەلەی شانۆی نەتەوایەتی ئەو بەهایەی نەبووە، بۆ ئەوان شەکسپیر وەک مێنۆمێنتێکی نەتەوایەتی، بەهایەکی زیاتری لە دامەزراندنی شانۆیەکی نەتەوایەتی گێڕاوە تا دواتر لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا شانۆی نەتەوایەتی ئینگلیزی لە لەندەن دادەمەزرێت.

(شانۆی ئەڵمانی) لە بەرلین ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە و دەکرێت ئەمرۆ بە هەموو پێوەرێک بە شانۆی نەتەوایەتی ئەڵمانی هەژمار بکرێت. ئەم شانۆیە لە کۆتاییەکانی ١٨٠٠ەکاندا کراوەتەوە، لەم شانۆیەدا، کە لەوەبەر ماکس ڕاینهارت کاری تیا کردووە، دەقی شانۆنامەنووسەئەڵمانییەکان: لێسینگ، گۆتە، شیللەر، بویشنەر، هاوپتمان و برێشت نەمایش دەکرێت و بە بەردەوامی لە ڕێپۆرتوارەکانیاندایە. لەگەڵ ئەوەیشدا بیرکردنەوە لە دامەزراندنی شانۆیەکی نەتەوایەتی لە ئەڵمانیا هێندە جێگای سەرنج نەبووە و ئەو گرینگییەی پێ نەدراوە؛ ئەمەیش لەوانەیە بە پلەی یەکەم بگەڕێتەوە بۆ پێگە و ڕۆڵی کلتوور و زمانی ئەڵمانی، وەک یەکەیەکی بەهێزی پێناسە و هەستی نەتەوایەتی. لەبەر ئەوە شتێکی بەڵگە نەویستیشە، کە شانۆکە بە (شانۆی ئەڵمانی) ئاماژەی بۆ دەکرێت، چونکە زمانە ئەڵمانییەکە و بەها کلتوورییە فرە مەوداکەی، هەموو چەمکە نەتەوەییەکانی گەلی ئەڵمانی لەخۆدەگرێت.

شانۆی نەتەوایەتی، لە ستراکتور و بنەما هونەری و ئێستاتیکییەکانەوە، دیدێکی بە دامەزراویکردنی شانۆیە، کە پێناسەی چەمکە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و هونەری و زمانەوانییەکان، بەشێوەیەک دەکات هەموو (نەتەوە) لەژێر چەتری ئەو بەها هونەرییەدا کۆدەکاتەوە.