سۆلۆ گیۆڤانی؛ شێوەکارێک لەنێو شەپۆکاندا


Loading

دڵشاد ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ وه‌ک شاعیرێک بناسرێت به‌ڵام نوسینی شیعریشی هه‌یه‌ و بۆخۆشم سه‌ره‌تای یه‌کتر ناسینمان له‌گه‌ڵ کوێستانیدا به‌هۆی شیعره‌وه‌ بوو.

ئه‌گه‌رچی ئێستا زۆر که‌م باسی شیعر ده‌کات، به‌ڵام کاتێک که‌ سه‌یری تابلۆیه‌کی دڵشاد ده‌که‌یت و لێی ورد ده‌بیته‌وه‌ ده‌زانیت هه‌ستێکی شاعیرانه‌ وا له‌ پشت ئه‌و ڕه‌نگانه‌وه‌ و یاری له‌گه‌ڵ بیناییدا ده‌کات.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان له‌ بواری فلیمی سینه‌ماییشدا کاری کردووه‌ و به‌شداریی له‌ چه‌ند درامایه‌کدا هه‌یه‌.

دڵشاد کوێستانی ئێستا له‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌ژی به‌ڵام ڕۆحی وا له‌ زێدی خۆی، چاوه‌کانی وان له‌ هه‌نده‌ران به‌ڵام ته‌ماشای وا لای نیشتیمان.

 

 

  • ئه‌م لێدوانه له ماڵپه‌ڕی هاوڵاتییه‌وه وه‌رگێراوه
  • دیداری: ئاكۆ كەریم

دڵشاد كوێستانی هونەرمەندێكی فرە رەهەندە، بەتایبەتی لەبواری (تابلۆكێشان‌و شیعرو سینەماو گۆرانیدا) بەرهەمی هەبوە. چەندین پێشانگای لەدەرەوەی كوردستان كردۆتەوە، لەم سەردانەی بۆ كورستان، هاوڵاتی لەسەر ئەزمونی كاركردنی و دواین كارو پرۆژە هونەرییەكانی، ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ سازكردوە.

هاوڵاتی: سەرەتای كاری هونەریت چۆن بوو؟

دڵشاد كوێستانی: هەر لەسەرەتای منداڵیمەوە لەتەمەنی 6 ساڵیەوه حەزم لەگۆرانی وتن كردوە لەقوتابخانەی گۆیژە لەسلێمانی، ‌پێش راپەڕین گۆرانیەكم بۆ تەلەفزیۆنی كەركوك تۆمار كرد، پاشان گۆرانیەكی ترم بۆ گەلی كوردستان و بەناوی (سەمای مەرگ) دوای ئەوە بەردەوام بوم لەگۆرانی وتن چەند گۆرانیەكی ترم تۆماركرد، چەند جارێكیش شیعرم نوسیوە بۆ گۆرانیەكانم و یاخود لەڕێگەی رۆژنامەكانەوە بڵاوم دەكردۆ‌تەوە‌.

هاوڵاتی: سەرەتای چونە ناو جیهانی هونەری تابلۆكێشان چۆن بوو؟

دڵشاد كوێستانی: لەتەمەنی 17 ساڵیمەوە چومەسەر هونەری تابلۆكێشان و گواستنەوەی من لەگۆرانی وتنەوە بۆ تابلۆكێشان بەهەمان شێوە حەزم لێبوه،‌ وەكو بەهرەیەك دەمتوانی كاری تێدا بكەم، چەندین تابلۆم كێشا،‌ بەڵام سەرەتا پێشانگام نەدەكردەوە، یەكەمین پێشانگام بۆ تابلۆكانم لەساڵی 1996 لەیۆنان بوو لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی تری كوردا لەو وڵاته كردمانەوە‌، دواتر گەیشتمە فەرەنسا خۆم ئامادەكرد بۆ پێشانگایەكی  گەورەتر، ئەوەبوو پێشانگایەكی گەورەم كردەوە، كە بەئامادەبونی چەندین رەخنەگری فەرەنسی و هونەرمەندو  كەسایەتی ئەو وڵاتە ئامادەی پێشانگاكە بون،‌ تابلۆكانی من ‌جێگەی دڵخۆشی بوو لەلایەن هاوڵاتیانی فەرەسیەوە دەكڕدارو دەبرایە ناو ماڵەكان.

هاوڵاتی: تۆ لەوڵاتێكی سارد دەژیت بەڵام لە ‌تابلۆكانتادا رەنگی گەرم بەكاردەهێنی، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

دڵشاد كوێستانی: ئەم جۆرە كاركردنە لای من ئەوە دەگەیەنێت، راستە من لە دەرەوەی كوردستان بوم، بەڵام بەڕۆح دانەبڕاوم لێرەو هەمیشە لەتابلۆكانمدا رەنگیان داوەتە، كارەكانی من زۆربەی رۆحی بون، من بەردەوام گەشتم لەناو خۆمدا كردوه، ئەو تیشكانە‌ی لەتابلۆكان دەردەچێت تیشكی خۆر نیه تیشكێكە لەنێو خۆمدایەو، جارێكیان هونەرمەندێكی فەرەنسی پێ وتم لەنێو تابلۆكانی تۆدا خوا هەیه، ئەو رەنگانە وەكو شێوازو ستایلێكی تایبەت بەخۆمی لێهاتوە، بۆتە ‌ئەزمونێك لەكارەكانم بۆ كاركردن، رەنگی پرتەقاڵی زۆر زاڵە لەتابلۆكانم لەناو رۆحمدا دەژیت، دڵخۆشم بەوەی هەندێك جار هاوڵاتیانی فەرەنسا پێم دەڵێن كە لەڕۆژانی ساردا لەناو ماڵەكانمان بەرامبەر بەتابلۆكانی تۆ خۆمان گەرم دەكەینەوە، یان بەرامبەر خۆم دامناوە سەیری دەكەم و ئەمە لای من خۆشحاڵیە كه ‌هاوڵاتیەكی فەرەنسی بەتابلۆی ‌هونەرمەندێكی كورد وەها بڵێت.

هاوڵاتی: بەكارهێنانی ژمارە لەنێو تابلۆكاندا بۆچی دەگەڕێتەوه؟

دڵشاد كوێستانی: زۆر جار بەكارهێنانی ئەو ژمارانە‌ لا ئیرادیەو ‌هەندێك جاریش بەویستی خۆم بەكاریاندەهێنم، ئەگەر هونەرمەندێك بیەوێت كارێك بكات نوێ بێت پێویستە هەندێك كۆدو دەستەواژەی تایبەت بەخۆی ‌بێت و تەنها بەشێك لە تابلۆكێشەكان تێی دەگەن، بۆ نمونە هەندێك ژمارە بەكاردەهێنم كە پەیوەندیان بە شتی رۆحی و به ‌ناخی خۆمەوە هەیه، تابلۆ كۆمەڵێك خەڵكە هونەرمەند پێكەوە دروستیان دەكات، هونەرمەند دەبێت دنیایەكی تایبەت بەخۆی هەبێت.

هاوڵاتی: دەگوترێت لە سەردەمی گلۆبالیزمدا هونەری فۆتۆگرافی پێشی  هونەری تابلۆكێشانی داوەتەوە؟

دڵشاد كوێستانی: راستە بۆ ئێستا بەڵام هونەری تابلۆكێشان بەردەوامە لەئەوروپا، بەسەدان گەلەری بۆ تابلۆكان بونیان هەیەو بەردەوامن لەنمایشكردندان، ئیعلام پێویستی بەخێرایی هەیه،‌ تابلۆ ناتوانێت پڕی بكاتەوە،  لەڕێگەی فۆتۆوە دروست دەبێت، ‌فۆتۆگرافی خێراترەو زوتر دەگوێزێتەوە، بەڵام تابلۆ شتێكی رۆحیەو پێویستی بە‌ لەسەر خۆییهو جاری وا هەیە بۆ تابلۆیەك پێویستە چەند هەفتەیەك سەرقاڵ بیت پێوەی.

هاوڵاتی: وەكو ئاگادارین بەشداری كورتە فیلمێكت كردوە لەنوسینی پاولۆ كۆیلۆ ئەوە چۆن بوە؟

دڵشاد كوێستانی: ئەم كورتە فیلمە لەسەر دواین كتێبی پاولۆ كۆیلۆ دروستكراوە بەناوی (ئەلیف) رۆژێكیان لەفەرەنسا پێشانگام كردبۆوە رۆژنامەنوسێكی فەرەنسی هاتبوو بۆ روماڵكردنی پێشانگاكەم، كه ‌منی بینی شێوەی منی پێ گونجاو بوو داوای لێكردم كە بەشداری ئەو كورتە فیلمە بكەم، منیش داوای سیناریۆكەم لێكردو منیش بەدڵم بوو بەشداریم كرد، ئەوە یەكەم كاربوو بەشداریم كرد لەساڵی 2011 فلیمەكە نێرا بۆ پایلۆ كۆلۆ ئەویش بڕیاریدا فیستفالێكی بۆ رێكبخا، ئەو فلیمەش لەفیستفاڵەكەدا پلەی دوەمی هێنا. جێگەی وتنە ئەو كورتە فیلمە سێ خولەكە، باسی سەفەر دەكات و تێگەیشتنی مرۆڤ لهخودی ‌خۆی، واتە فیلمێكی رۆحیه، بڕیارە پاولۆ كۆیلۆ  ببینین، پاش ئەویش   لەكوردستان بەشداریم لەفیلمی «شیرین« كرد.

هاوڵاتی: ژمارەی ئەو پێشانگایانەی كردوتەتە‌وە؟‌

دڵشاد كوێستانی: بەردەوام هەو‌ڵم داوە تابلۆكانم لەزۆربەی وڵاتەكان نمایش بكەم، هەتا ئێستا ‌50 پێشانگام كردۆتەوە لەكوردستان‌و فەرەنساو  كەنەداو ژاپۆن و بەریتانیا و یۆنان و ئە‌ڵمانیاو چەند وڵاتێكی تر. هەروەها لەوڵاتی فەرەنسا لەسەر كارە هونەرەییەكانم، توانیومە سێ مەدالیای ئاڵتونی بەدەست بێنم.

هاوڵاتی: هونەری تابلۆكێشان چی بە تۆ بەخشیوە؟

دڵشاد كوێستانی: تابلۆكێشان ژیانی پێبەخشیم و توانیومە بەردەوام بم لەژیان، ئارامیەكی زۆری پێ بەخشیو‌م.

هاوڵاتی: دواین پرۆژەو كاری هونەریت  چیە؟

دڵشاد كوێستانی: حەز دەكەم جێگایەك بكەمەوە منداڵان فێری تابلۆكێشان بكەم و هونەری كوردی ببەینە دەرەوەو پیشانی وڵاتانی تری بدەین،  بتوانم پردێكی كلتوری دروست بكەین. لەڕاستیدا ئێستا سەرقاڵی   بەشداریكردنی كورتە فیلمێكم، كە  لەسەر ئەنفال بەرهەمهێنراوە، كە لە دەرهێنانی «سان ساراڤانە«و لەم ساڵدا بەشداری دوو فیلمی تر دەكەم‌و بەردەوام دەبم لەكاری سینەمایی. لەبواری تابلۆكێشانیش بەردەوامم‌و رۆژانە كاتێكی زۆرم بۆ تەرخان كردوە، لەكوردستان هونەرمەندی باشمان هەیە توانای كاری جوانیان هەیەو دەتوانین پێكەوە خزمەت بكەین.

 

 

کولتور مەگەزین؛ دەربارەی سۆلۆ گیۆڤانی;

دڵشاد کوێستانی (سۆلۆ گیۆڤانی) هه‌میشه‌ له‌ گه‌شتێکی بێوچاندایه‌ لەگەڵ فڵچەکەیدا، به‌رده‌وام به‌شوێن داهێنان و تایبه‌تمه‌ندێتیدا ده‌گه‌ڕێت. یاریه‌کی نه‌رم دەکات  له‌ نێوان فڵچه‌ وەشاندن  و ڕه‌نگه‌ گەرمەکاندا. کوێستانی به‌ به‌کارهێنانی ڕه‌نگه‌ گه‌رمه‌کان، کار له‌گه‌ڵ سه‌هۆڵبه‌نداندا ده‌کات. کاری کوێستانی کارکردنە لەسەر ئەبستراک بەڵام لەڕێگەی ڕەنگەکانەوە و بەتایبەت کارە زەیتیەکانی تەعبیرن لەهاڕمۆنیەتێکی ناوەکی بەڵام بەرەو دەرەوە ، بەرەو جیهان. کوێستانی  کەئیستا بە (سۆلۆ) ناسراوە فیگورێکە نەک تەنها کارەکانی بەڵکو خۆی کەلەسەر شەقام و لەکافێ و پێسانگاکاندا دەیبینیت، فیگورێکە لەنێو ڕەنگەکانی خۆیدا، سۆلۆ ڕۆحیکی جوان و هێمنە لەهەمانکاتیشدا دەنگێکی نەرم و موزیکالێکی بەتوانایە، ڕەنگەکانی دونیا هەمیشە بەدوویەوەیەتی و لێی نابنەوە..