له ڕۆژی ٢٧ی ئاگۆستی ٢٠١٦ پێشانگایه‌ك كه چوارده كاری جیاواز و تایبه‌تی ئه‌بستراكتی له خۆ گرتبوو له‌مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی نمایشكرا. كاره‌كان زۆرتر كۆلاج و له ماتریاڵی جیاوازی وه‌ك فابریك، په‌رۆ، بزمار و مێتاڵ دروستكراوبوون. پێشانگاكه بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ درێژه‌ی هه‌بوو، خه‌ڵكێكی زۆر ڕوویان تێكردبوو , به‌رزنرخاندیان و له‌لای ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی پێشانگاكه‌یان كرد ئه‌م كارانه‌یان به جیاواز و تایبه‌ت هه‌ژماركرد له‌چاو ئه‌وانیتر. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و فره‌ره‌هه‌ندیه بوو له كاری هونه‌ری كه (ساهیره ئیسماعیل) به‌كاری هێنابوو له كاره‌كانیدا.
بۆ ساهیره ئه‌م پێشانگایه فرسه‌تێك بوو كه تێمای (دوو ئایدیا) بخاته به‌رچاوی ئاماده‌بووان؛
یه‌كه‌میان؛ به‌های به‌كارهێنانه‌وه‌ی په‌ڕۆ و ماتریاڵی فڕێدراو.
دووهه‌میان؛ به‌خشینی به‌ها و مانایه‌كی هونه‌ری به ڕۆڵی گه‌وره‌ی كاری ده‌ستی ژنان، كه‌له‌ماڵدا ئه‌نجامیانداوه.
له ساڵی ٢٠٠٤وه ساهیره به‌رپرسیاری به‌ڕێوه‌بردنی (گالێری ئارام)ی له ئه‌ستۆ بووه ، ئه‌و چالاكیه هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی وكولتوریانه‌ی له‌وێدا ئه‌نجامدراون زۆر كاریگه‌ریان له‌سه‌ر داناوه.
یه‌كه‌م كاری (ساهیره) ملوانكه‌یه‌ك بوه كه له مێخه‌ك دروستی كردوه و چه‌ند كارێكی تری ده‌ستی. له ته‌مه‌نێ زۆر گه‌نجیه‌وه ساهیره ئه‌م هۆبیه‌ی هه‌بوه و له‌گه‌ڵی گه‌وره‌بووه، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابوردوودا سه‌رقاڵی كاری ده‌ستی بووه له چوارچێوه‌ی ماڵی خۆیدا و به‌ته‌نها بۆ خۆی. ته‌مه‌نی دوازده ساڵان بووه كه یه‌كه‌م ملوانكه‌ی دروستكردووه و تا ئێستاش ماویه‌تی.
دواتر ساهیره ده‌گاته ئه‌و بڕیاره‌ی كه ئه‌م كارانه بكاته پرۆژه‌یه‌كی هونه‌ری و گه‌شه‌ی پێبدات. یه‌كه‌م پێشانگای خۆی كرده‌وه له گالێری ئارام له ساڵی ٢٠١٣دا كه بۆته كارێكی به‌رده‌وام و تا ئێستاش له‌ّوێدا ماوه كه كۆمه‌ڵێك كاری ده‌ستی و هونه‌ری له‌خۆگرتوه. زۆرێك له دیزاینه‌كانی نه‌ك هه‌ر ناوبانگیان ده‌ركردوه به‌ڵكو ته‌ئسیری له‌سه‌ر ئه‌وانی تر داناوه و كاره‌كانی كۆپی ده‌كرێته‌وه تا ڕاده‌یه‌ك كه كاره‌كانی به شێوازی جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه له فۆرمی جیاوازدا.
ساهیره له كاتی جیاواز‌و به كاری جیاوازی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند سه‌رسام بووه كاریگه‌ریان هه‌بووه له‌سه‌ری. بۆنمونه به هۆی مێژووی كاركردنی له (گالێری ئارام) و پێشانگه جیاوازه‌كانی كه له‌وێدا نمایشده‌كران، ڕۆڵیان هه‌بووه له‌سه‌ر كاره‌كانی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا په‌یوه‌ندی كاری له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار (ئارام عه‌لی) دا ڕۆڵێكی هێجگار گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ساهیره هه‌بووه و بنه‌مایه‌كی گه‌وره‌ن بۆ كاره‌كانی.
له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كانیه‌وه ساهیره ده‌ڵێت: بێگومان هه‌ر كارێك كه مرۆڤ ئه‌نجامیده‌دات، ژن یان پیاو بیر له به‌ره‌وپێشبردنی ده‌كاته‌وه، منیش له‌وه به‌ده‌رنیم. من به منداڵیش له ژێر كاریگه‌ری خانه‌واده‌كه‌م بووم ،كه هه‌موویان به‌رگدروو بوون. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا دۆشه‌كه‌ڵه‌ه و ده‌ستگره و گۆشه‌یان دروستده‌كرد. ئه‌م كارانه كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌رم.
له منداڵی‌دا ساهیره جلی زۆر جوان و جیاوازی بۆ بووكه‌كه‌ی دروستكردووه، له‌م ڕێگه‌یه‌وه حه‌زی خۆی ده‌ربڕیووه بۆ كاری ده‌ستی و هونه‌ر و دیزاین له ته‌مه‌نێكی منداڵی‌دا.
ساهیره خۆی ده‌ڵێت: ئه‌م كارانه زۆر له ژێر كاریگه‌ری نه‌نكیدا بوه كه كاری ده‌ستی زۆر جوانی ئه‌نجامداوه…ئه‌وه‌ی كه له یاده‌وه‌ریمدا ماوه كارێكی ده‌ستیه نه‌نه گه‌وره‌م چنیبووی، له خوری دروستكرابوو.
كاری ده‌ستی كه‌ژنان كاتی خۆیانی له‌زۆر كولتوره‌كاندا كاتی خۆیانی له‌گه‌ڵدا به‌سه‌رده‌به‌ن، بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه، به‌مانای هونه‌ێكی تایبه‌ته بۆ خۆی. به‌ڵام به‌گشتی له‌نێوه‌ندی فه‌رهه‌نگی كوردیدا، به‌های نادرێتی وه‌ك هونه‌ر ، به‌ڵكو وه‌كو پڕكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك پێداویستی ڕۆژانه و كه‌له‌پوور سه‌یرده‌كرێت، بۆ نمونه كاری چنین. به‌ڵام ساهیره ئێستا ئه‌م كارانه‌ی كه ژنان ساڵانێكی زۆره كردویانه به‌جیاواز ده‌بینێت و وه‌ك هونه‌ر سه‌یر ده‌كات و كردوویه‌تی به‌هونه‌رێك كه‌وه‌ك ڕێڕه‌وێك ده‌توانین ته‌ماشای بكه‌ین.
هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت: دونیابینی من له‌سه‌ر كاری ناوماڵی ژنانه، كه زۆرتر كاری ده‌ستیه و له ڕابوردوودا چه‌نده‌ها كاری جوانكراوه و ئێستاش من وه‌ك كارێكی مه‌زنی ئیستاتیكی پڕ به‌های هونه‌ری سه‌یریده‌كه‌م.